په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

یاداشتی لێکگه‌یشتن له‌نێوان حکومه‌تی سوید و حکومه‌تی عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌کان.
 

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی


هه‌ر وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن که‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ستیان کردوه‌ به‌ هێرشێکی به‌رفراوان بۆ سه‌ر پانابه‌ران و به‌رده‌وام خه‌ریکن به‌ زۆره‌ ملێ ڕه‌وانه‌ی عێراق و کوردوستانیان ده‌که‌نه‌وه‌ ، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هێرشه‌دا هه‌ردوو ( حکومه‌تی عێراقی و حکومه‌تی کوردوستان ) ئینکاری ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ هاوکاری وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌که‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و ماندوبوونی ( فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی و چه‌ندین ڕێکخراوی ئینسانی و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ی کوردی ) ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌م دوو حکومه‌ته‌ نه‌ک هه‌ر هاوکاری ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه نین به‌ڵکو ئه‌ندازیار و نه‌خشه‌سازی ئه‌م تاوانه‌ن ده‌رهه‌ق به‌ په‌نابه‌ران ، هه‌زاران ئینسان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئارامگایه‌ک که ‌ژیانی تێدا بکه‌ن سه‌دان ناڕه‌حه‌تی و نه‌هامه‌تیان به‌سه‌ر هاتووه‌ .

 

 ‌که‌چی ئێستا ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ( عێراق و کوردوستان ) ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بێگوێدانه‌ هیچ پڕنسیبیه‌کی ئینسانی و حقوقی په‌لکێشی وڵاتێکیان ده‌که‌نه‌وه‌ که‌بۆته‌ مه‌یدانی ئینسانکوژی و شه‌ڕی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی و تایفی ،( حکومه‌تی عێراقی ) ته‌نها به‌نرخی کردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌یه‌ک و ناوه‌ندێکی نوێنه‌رایه‌تی ئاماده‌یه‌ ته‌واوی توانای خۆی بخاته‌ خزمه‌تی گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ،( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستانیش ) بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی کۆمپانیاو شه‌ریکاته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی بدات که‌ کوردوستان ئارامه‌و ئه‌توانن سه‌رمایه‌گوزاری بکه‌ن ، ئاماده‌یه‌ هه‌موو به‌ندوبه‌ستێک له‌سه‌ر حیسابی په‌نابه‌ران ئه‌نجام بدات ،( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ) ده‌یه‌وێت به‌ گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ئه‌و پێوه‌ره‌ پیشان بدات که‌به‌هۆی ئارامی ناوچه‌که‌و که‌شی گونجاو بۆ ژیانی خه‌ڵکی کوردوستان ئه‌وه‌تا وڵاتانی ئه‌وروپا خه‌ریکن په‌نابه‌ران ده‌گێڕنه‌وه‌ ، (حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان) به‌ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای فڕۆکه‌خانه‌کانی بۆ گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ، هه‌ڵوێستی کۆتایی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگاو په‌نابه‌ران ڕاگه‌یاند ، تاکاربه‌وه‌ گه‌شت که‌( ووته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان )( جه‌مال عه‌بدوڵا ) ڕایبگه‌یه‌نێت که‌ئه‌وان ناتوانن ڕێگری بکه‌ن له‌ به‌کار نه‌هێنانی فڕۆکه‌خانه‌کان بۆ نه‌گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ، چونکه‌ ئاسمانی کوردوستان تاکو ئێستا به‌ده‌ست هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکاوه‌یه‌و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن ، ئیتر ئه‌م لێدوانانه‌ ئه‌وه‌ی ئاشکرا کرد که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئاماده‌ نییه‌ به‌ر بگرێت به‌گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و ئاماده‌ نییه‌ ساده‌ترین به‌رگری له‌ مافه‌کانیان بکات ، ده‌سه‌ڵاتدارانی( عێراق و کوردوستان ) به‌رده‌وامن له‌ یاسایی کردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و خه‌ریکن چه‌ندین ڕێکه‌وتنامه‌ ئیمزا ده‌که‌ن بۆ ئه‌م کاره‌ دژی ئینسانیه‌ .

 

ڕێکه‌وتنامه‌ی نێوان ( حکومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن هوشیار زێباری و حکومه‌تی سوید له‌لایه‌ن نیکلاس ترۆڤی ) له‌ ( 2 ی شوباتی ) ئه‌مساڵدا له‌شاری ( به‌غداد ) ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست که‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ چه‌نده‌ به‌ده‌م ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی عێراقه‌وه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ده‌م داواکاری و خواسته‌کانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌وه‌یه‌ که‌ ‌تا ئێستا مافی په‌نابه‌ریان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ، هه‌رکه‌س ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌ بخوێنێته‌وه‌ به‌ ووردی هه‌ست ده‌کات چه‌نده‌ فریوده‌رانه‌ نوسراوه‌ و چه‌نده‌ هه‌وڵ دراوه‌ وشه‌و بڕگه‌ی لاستیکی به‌کار بهێنرێت بۆ چاوبه‌ستی په‌نابه‌ران و ڕای گشتی ، ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی ته‌واو دژی ئینسانی ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ ده‌رده‌خات ، به‌کار هێنانی وشه‌ی ( خواستی ئازادانه‌ ) یه‌ له‌ ڕێکه‌وتنامه‌که‌دا ، ئه‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌ی ( ئازادانه‌ ) چ مانایه‌کی هه‌بێت بۆ که‌سانێک ژیانیان له‌ لێواری مه‌رگێکی شێنه‌یدایه‌ و ، دابڕانی ده‌یان ساڵ له‌ ئازیزو خۆشه‌ویستانیان به‌رده‌وامه‌ و هه‌تا ئێستاش چاره‌نووسیان وه‌ک ئه‌و به‌له‌مه‌ وایه‌ که‌ له‌ ده‌ریایه‌کی گه‌وره‌دا به‌بێ خاوه‌ن به‌پێی خواستی شه‌پۆله‌کان ڕێگا ئه‌کات ، ئه‌بێت ( گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادانه‌ ) چ مانایه‌کی هه‌بێت بۆ په‌نابه‌رانێک که‌ له‌ که‌مپه‌کاندا ڕۆژانه‌ ‌هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر ژیانی مه‌مره‌و مه‌ژییه‌یان و به‌ر‌ده‌وام ( پاره‌ و ئاو کاره‌با و هاتوچۆیان ) سانسۆری ده‌خرێته‌ سه‌رو کار به‌وه‌ گه‌شتووه‌ ( ئیمزا کردن له‌ پۆلیس ) بۆته‌ دیارده‌یه‌کی سه‌پێنراو به‌سه‌ریاندا .

 

په‌نابه‌رانێک که‌ سه‌دانیان له‌ که‌مپه‌کاندا تووشی نه‌خۆشی ده‌رونی بوون و به‌ ڕۆژ ده‌خه‌ون و به‌شه‌و جگه‌ره‌ ده‌کێشن ئاخو ( گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادانه‌ چ مانایه‌کی هه‌بێت ) له‌و‌ ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ی که‌ ( هوشیار زێباری ) له‌گه‌ڵ ( نیکلاس ترۆڤی ) ئیمزای کردووه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابینرێت گه‌ر ‌بۆ یه‌کجاریش بێت ( هوشیار زێباری ) داوای یان باسی ئه‌وه‌ بکات که‌ مافی په‌نابه‌ری بدرێت به‌و که‌سانه‌ی که‌ تاکو ئێستا مافی ڕه‌سمی په‌نابه‌ریان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافێکه‌‌ له‌و ئینسانانه‌ی که‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان جێگایه‌کیان بۆ ژیان هه‌ڵبژاردووه‌ ، به‌ڵام بۆ ( حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ) وه‌رگرتنی ئیمتیاز و کۆمه‌ک و به‌ڕه‌سمی ناساندنی هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێستای ( عێراق ) ئه‌گه‌ر به‌ نیوه‌وناچڵیش بێت ، ئه‌بێت سه‌رجه‌م په‌نابه‌ران ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن که‌ ئه‌م ( ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌ ) سه‌راسه‌ری ( عێراق ) ده‌گرێته‌وه‌ به‌ ( کوردوستانیشه‌وه‌ ) بۆیه‌ ده‌بێت که‌س به‌م ( ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌ ) دڵخۆش نه‌بێت که‌ ئه‌و ناگرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ( په‌نابه‌رانی خه‌ڵکی کوردوستان ) کێشه‌ی په‌نابه‌ران له‌ ئه‌وروپاو وڵاتانی تر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ( حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ) چ زه‌مینه‌یه‌ک ده‌ڕه‌خسێنن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان که‌ نه‌یان ڕه‌خساندووه‌ ، به‌ڵکو په‌نابه‌ران کێشه‌ی نه‌بوونی مافی په‌نابه‌ری و ژیانێکی ئاسوده‌و ئارامیان هه‌یه‌ ، کێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مناڵانه‌ی که‌ ئه‌وان جێیانهێشتن شیریان ده‌خواردو ئێستا ته‌مه‌نیان ( 15 ساڵه‌ ) به‌دیداری یه‌کتر شادببنه‌وه‌ له‌ جێگایه‌ک که‌ خۆیان پێیان خۆشه‌ ، نه‌ک ده‌یان پیلانیان بۆ بکێشن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ( عێراق و کوردوستان ) ئه‌م هه‌نگاوانی ( حکومه‌تی عێراق و کوردوستان ) وه‌ڵامی جیدی تری ده‌وێت ، چونکه‌ ( ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته‌ ) به‌‌ ئاشکرا بوون و ڕاگه‌یاندنی ( به‌ندوبه‌ست و ڕێکه‌وتنامه‌کانیان ) هێرشیان بۆ سه‌ر په‌نابه‌ران و گێڕانه‌وه‌یان ، چۆته‌ قۆناغێکی تازه‌و پێویستی به‌ پیلانی تازه‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تازه‌و خۆ ئاماده‌کردنی تازه‌ی هه‌یه‌ .

 

 یه‌کڕیزی په‌نابه‌ران و ئاماده‌یان بۆ به‌رگری له‌ مافه‌کانیان به‌ پشتیوانی ( فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی و ده‌یان کۆڕو کۆمه‌ڵی ئینسانی و میدیا و کۆمه‌ڵه‌ی کوردی ) ده‌توانێت ئه‌م پیلانانه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ، بۆ ده‌رخستنی ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌یان ئه‌زموون له‌به‌رده‌ستدایه‌ ، بۆ بینینی ( ڕێکه‌وتنامه‌که‌ی نێوان حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی سوید ) سه‌یری ( ڕۆژنامه‌ی ) ژماره‌ ( 201 ) ی ڕۆژی ( پێنجشه‌ممه‌ ) ی ( 17 / 4 / 2008 ) بکه‌ن.
 


20 / 4 /2008
hidayat_malaali@yahoo.com