یاداشته‌کانم له
باکووری عێراق.
نووسینی: تاپۆ
وه‌رگێڕانی:
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین
بایه‌زیدی
- به‌شی یه‌که‌م
-
(May 9، 2009 - 04:37) -
سکرتێری گشتی پێشوی (DEP) یاشار کایا ده‌ڵێ "ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان،
یه‌کێتی ئه‌وروپا، عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردستانی عێراق پێداگرن له‌سه‌ر
ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆکه پێی گه‌یشتون. کار له‌سه‌ر پلانێک ده‌کرێ و
پرسی په‌که‌که به‌گه‌رمی له سه‌ر مێزه. ئیتر هه‌مو شتێک کۆتایی پێدێ.
سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کدارانه‌ی کورد دوایین قۆناغه‌کانی تێده‌په‌ڕێنێ. رێگه‌ی
هه‌ره باش بۆ په‌که‌که وازهێنانی بێمه‌رجه له چه‌ک..."
هه‌ولێر.
نیوه شه‌وی چوارشه‌ممه، فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌تاتورک. فڕۆکه‌که‌مان له
نشینگه که‌وته ڕێ و خێراییه‌که‌ی زیاتر کرد. به‌تورکی و ئینگلیزی
ئاگاداری ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆن و ئامێره ئه‌لکترۆنییه‌کانمان
بکوژێنینه‌وه.
ئه‌و هاوڵاتیه‌ی له کورسیه‌که‌ی ته‌نیشتمان دانیشتوه، گوێی به‌م شتانه
نابزوێ. ته‌له‌فۆنه‌که‌ی هه‌روا به گوێچکه‌یه‌وه گرتوه و وادیاره ده‌ئاخفێ.
له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ماندا هێمنی زاڵ ده‌بێ و ژنێکی جوان سه‌ره‌تا به
تورکی و ئینجا به ئینگلیزی ئاگاداری ده‌دات. ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم سه‌ری هه‌ڵده‌بڕێت.
"فه‌قیره کابرا باش تێناگات. چی ده‌بو له فڕۆکه‌کانی هه‌ولێردا
ئاگادارکردنه‌وه به کوردیش هه‌بوایه.."
فڕۆکه‌که‌مان ته‌ژییه له کارسازانی تورک که له‌پێناو ئیشدا رو ده‌که‌نه
باکوری عێراق. یه‌کێکیان ده‌رمانفرۆشه، له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ده‌چێته هه‌ولێر،
بێگومان له‌پێناو فرۆشتنی که‌ره‌سته و ده‌وا و ده‌رمانه‌کانیدا.... ئه‌وی
تریان ده‌یه‌وێ شانسی بازرگانی خۆی تاقی بکاته‌وه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت یه‌که‌مجاره
پێ ده‌نێته ئه‌و ده‌ڤه‌ره.
خێرا له کۆنتڕۆڵی په‌ساپۆرت تێده‌په‌ڕین. ژنه کارمه‌نده‌کان دوانیان
په‌چه‌یان پۆشیوه و دوانیان سه‌ریان روته.
به‌دیوارێکه‌وه دو ریکلامی گه‌وره هه‌ڵواسراون:
"به‌خێر بێن بۆ کوردستان! بانکی بیبلۆس"
"ڤێلا هه‌ره خۆشه‌کانی کوردستان له گوندی ئه‌مریکی!..."
ناوی ئۆتێله‌که‌شمان ئه‌مه بو؛
"رۆته‌ردام سیتی هۆتێل."
کازیوه‌ی به‌یانی، گه‌نجی پێشوازیکه‌ر سه‌رنجی نامیق دوروکانی هاوڕێم
راده‌کێشێ.
کابرایه‌کی به‌نگلادێشییه!
سه‌ره‌تا به کوردی قسه ده‌کات. پاش ئه‌وه‌ی له فڕۆکه‌خانه ئه‌و ئه‌فریقیانه‌مان
بینی که کاری بارهه‌ڵگریان ده‌کرد ئێستاش ئه‌و به‌نگلادێشیه سه‌رنجمان
راده‌کێشێ که شاره‌زای زمانی کوردییه.... ئایا باکوری عێراق ده‌وڵه‌مه‌ند
ده‌بێ؟.... یاخود ئه‌وه کورده‌کانی عێراقن له ئیش راده‌که‌ن و ده‌وڵه‌ت
ناچار ده‌بێ ئه‌و ئیشانه بگرێته ئه‌ستۆ؟
"شته‌کان زۆر سه‌یر ده‌گۆڕدرێن"
یه‌که‌مجار ساڵی 1974 هاتمه هه‌ولێر. ئه‌و کات له به‌غدا به‌عسی
دیکتاتۆر حکومه‌تی ده‌کرد. چه‌ندین ساڵ به سه‌ر ئه‌و رۆژانه‌دا تێپه‌ڕین
و ساڵی 1992 له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی که‌نداودا پاش ئه‌وه‌ی باکوری عێراق
که‌وته ژێر چاودێری ئه‌مریکیه‌کانه‌وه، که هاتمه هه‌ولێر، هه‌مو شوێنێک
کاول ببو. له‌بیرمه، له ئۆتێلی شیرین پاڵاس که ئێستاش هه‌ر ماوه‌ته‌وه
داوای خاولیمان کرد، پێیان گوتین "خاولیمان نییه، چارشێڤتان پێ بده‌ین."
ده‌مه‌وبه‌یان له ژوره‌که‌م هاتمه ده‌ر و گه‌نجه به‌نگلادێشیه‌که‌ی
کارمه‌ندی پێشوازی پاسۆردم پێده‌دات بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌نته‌رنێت...
شۆفێره‌که‌مان که ناوی ئازاده خه‌ڵکی باشوری رۆژهه‌ڵات واته ده‌وروبه‌ری
شیرنه‌خ و سلۆپییه، چه‌ندین ساڵ له‌وه پێش هاتۆته هه‌ولێر و لێره نیشته‌جێیه،
له‌ژیانی خۆی رازییه، ده‌ڵێ؛
"کاکه، شته‌کان زۆر سه‌یر گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت."
ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌م هه‌ڵکرد. کوردستان تیڤی، زاگرۆس تیڤی، رۆژ تیڤی،
کورد یه‌ک، کۆمه‌ڵه، کوردسات.... نزیکه‌ی بیست که‌ناڵی کوردی هه‌بون که
له باشوری رۆژهه‌ڵاتی خۆشمان به‌ئاسانی ده‌کرێ بینه‌ریان بیت.
هه‌واڵمان پێده‌گا؛
به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه، فڕۆکه‌کانی جه‌نگی تورکیا، ده‌وروبه‌ری
چوکورجاو هه‌رێمه‌کانی زاپ ـ ئاڤاشین ـ باسیانی نزیک سنوری عێراقیان
به‌بیانوی بونی که‌مپه‌کانی په‌که‌که بۆردومان کردوه.
نوێنه‌ری عێراق چه‌تینه‌ر چه‌تین به ئێن تیڤی راگه‌یاند "له یه‌کی
ژانوییه‌وه ئه‌مه دوهه‌م جموجوڵی ئاسمانییه". له‌وه ده‌چێ ئۆپه‌راسیۆنێک
بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده سه‌ربازه‌ی له‌سێگۆشه‌ی لیجه ـ کولپ ـ‌گه‌نچ
و هه‌روه‌ها ده‌ڤه‌ری شه‌مدینلی له به‌ره‌به‌یانی رۆژی چوارشه‌ممه‌دا
شه‌هید بون.
ئایا "شوێنکه‌وتنی گه‌رماوگه‌رمه" له به‌ژایی؟
تۆ بڵێی؟
پێڤاژۆی لێبوردن بۆ په‌که‌که
هاوینی رابردو وێڕای سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆگان هاتینه به‌غدا. له‌میانه‌ی
ئه‌م دیداره‌دا، په‌یمانی رێککه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراق مۆر کرا.
به‌ڵام ئه‌م رێککه‌وتنه هێشتا له‌لایه‌ن به‌غداوه ئه‌رێ نه‌کراوه. سه‌باره‌ت
به باکوری عێراق "شۆپاندنی گه‌رموگه‌رم" به‌هۆی حوکمه‌کانه‌وه وه‌ستاوه
و په‌ڕله‌مانی عێراقیش چاوه‌ڕێ ده‌کات.
ئایا په‌که‌که له چیاکان دێته خوار؟
به‌ره‌و گوێچکه‌م ده‌چه‌مێته‌وه و ده‌ڵێ:
"ژه‌نه‌ڕاڵێکی تورکیا له‌م کاتانه‌دا له هه‌ولێره."
به‌رده‌وام ده‌بێت:
"راوێژکاری میت ئه‌مره تانه‌ر له‌م یه‌ک دو ساڵه‌ی دواییدا چوار جار
هاتۆته هه‌ولێر، له هه‌مو سه‌فه‌ره‌کانیشیدا چاوی به مه‌سعود بارزانی
که‌وتوه."
په‌که‌که له‌باکوری عێراق چی به‌سه‌ر دێت؟
قۆناغی لێبوردن بۆ په‌که‌که....
ئه‌نقه‌ره پێویسته چی بکات؟..
له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:
"ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌شاخه‌کان هاتونه‌ته خوار 3822 که‌سه... ئه‌مانه
له هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک نیشته‌جێ بون و کار ده‌که‌ن. قۆناغی
لێبوردن ده‌کرێ له‌مانه‌وه ده‌ست پێ بکات."
یه‌که‌م مژاری قسه‌کانمان له‌هه‌ولێر له‌سه‌ر هاتنه خواری په‌که‌که‌یه
له‌چیاکان. له‌مباره‌وه پرسیارگه‌لی وه‌ک لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان
پێویسته چی بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی جیا
بکرێته‌وه، سه‌ره‌تا پێویسته چ هه‌نگاوێک بنرێ، ده‌خرێنه به‌ر باس و
گفتوگۆ.
دوێنێ به‌یانی له‌گه‌ڵ فه‌ردا جه‌میل ئۆغڵو قسه‌مان کرد که نزیکه‌ی
پێنج ساڵه وه‌ک ژنه کارکه‌رێکی تورکیایی له هه‌ولێر ده‌ژی و نه‌وه‌ی
ماڵباتی جه‌میل ئۆغڵو یاخود جه‌میل پاشایه له‌ماڵباته به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک
کورد و هه‌ره ره‌سه‌نه‌کان.
ده‌ڵێ "چیتر مرۆڤه‌کان نایانه‌وێت یه‌کتری بهاڕێنن، به‌ڵکه ئاشتیان ده‌وێ."
پاشان به‌مجۆره به‌رده‌وام ده‌بێ:
"به‌شێوه‌یه‌کی زۆر قه‌به له‌ڕوانگه‌ی تورکیاوه، یه‌کێک له ئه‌ندامه‌کانی
بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورد، به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان په‌یوه‌ندیی به شاخ و په‌که‌که‌وه
هه‌بو. گشت دایکێک ده‌یه‌وێ کوڕه‌که‌ی ببێته پیاو. ناوی لێده‌نێن
لێبوردن یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، گرنگ نییه، گرنگ هاتنه خواره له
چیاکان. له‌پێناو ئه‌مه‌دا پێویسته زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی گه‌ره‌نتی
بکرێ. با مرۆڤه‌کان له چیاکان بێنه خوار، بچنه‌وه وڵاتی خۆیان، بۆ ناو
باوه‌شی بنه‌ماڵه‌کانیان. به‌درێژایی ته‌مه‌نم، لانیکه‌م هه‌ر پێنج
ساڵه و شه‌ڕێکم به چاو بینیوه، به‌سه ئیتر."
ئه‌م قه‌یرانه کۆتایی دێت؟
یاشار کایا پانزه ساڵه له مه‌نفا ده‌ژی.
سه‌ره‌تای ساڵانی 1990 سه‌رۆکی گشتی ده‌پ بوه. خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ی
"ئویزگور گونده‌م" بوه له ئه‌سته‌نبوڵ و یه‌کێک بوه له نوسه‌ره به‌رده‌وامه‌کانیشی.
سه‌رۆکی "په‌رله‌مانی کوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات" بوه. ساڵی 1994
ناچار بوه له تورکیا رابکات و په‌نای بردۆته ئه‌ڵمانیا.... ئێستا ژیانی
له‌نێوان کۆلن و هه‌ولێردا تێده‌په‌ڕێ.
دوێنێ نیوه‌ڕۆ له‌ماڵه‌که‌ی خوێداو له هه‌ولێر وتوێژمان له‌گه‌ڵ یاشار
کایادا ئه‌نجامدا. کایا گوتی "ئویزگور گونده‌م 18 ساڵ به‌رده‌وام بو له
چاپ و بڵاوکردنه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا 24 ته‌رممان ناشت، ته‌رمی په‌یامنێران
و نوسه‌رانی رۆژنامه‌که...". مو‌سا عه‌نته‌ر و "تاوانی بکه‌ری نادیاری"
به‌بیر هێنایه‌وه.
دواتر هاتینه سه‌ر باسه سه‌ره‌کیه‌که‌مان.
وازهێنان له‌چه‌ک...
یاشار کایا ره‌خنه له په‌که‌که ده‌گرێت و داکۆکی له‌وه ده‌کات ئیتر په‌که‌که
به بێ دانانی پێش مه‌رج واز له‌چه‌که‌کانی بێنێ.
له‌درێژه‌دا ده‌ڵێ:
"ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان، یه‌کێتی ئه‌وروپا، عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارێتی
کوردستانی عێراقیش پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆکه پێی گه‌یشتون.
کار له‌سه‌ر پلانێک ده‌کرێ، پرسی په‌که‌که له‌سه‌ر مێز تاوتوێ ده‌کرێ.
ئیتر ئیشه‌کان کۆتای‌یان پێدێ. رێکخراوه نهێنیه‌کان و خه‌باتی چه‌کداری
چیتر ڕۆڵیان نه‌ماوه. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کدارانه‌ی کورد دوایین قۆناغه‌کانی
تێده‌په‌ڕێنێ. رێگه‌ی هه‌ره راست بۆ په‌که‌که وازهێنانی بێ مه‌رجیه‌تی
له چه‌ک.."
یاشار کایا هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
کار له‌سه‌ر هه‌ندێک شت ده‌کرێ، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌که له توندوتیژی و چه‌ک
پاک بکرێته‌وه... له‌ناکاو ده‌بینین نۆ سه‌رباز شه‌هید کراون... له‌لایه‌کی
تره‌وه، له بۆستانجی، کۆمه‌ڵێک روداو دێنه ئاراوه. ئیتر پێویسته واز له
چه‌ک بهێنرێت. کێ زۆربه‌ی کاره‌کانی ئه‌وی تر ده‌گرێته ئه‌ستۆ، کێ که‌سێکی
تر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و شوێنه‌ی پێی خۆشه؟ ئه‌مه قه‌یرانه."
ئایا ئه‌م قه‌یرانه کۆتایی دێت؟
سبه‌ینێ به‌شی دوهه‌می یاداشته‌کانم له‌باکوری عێراق له هه‌ولێره‌وه
پێشکه‌ش ده‌که‌م
...
پانزه ساڵه له مه‌نفایه
یاشار کایا پانزه ساڵه له مه‌نفا ده‌ژیت. ئێستا ژیانی له نێوان کۆلن و
هه‌ولێردا تێده‌په‌ڕێ.
یاشار کایا ره‌خنه له په‌که‌که ده‌گرێت و داکۆکی له‌وه ده‌کات په‌که‌که
ئیتر به بێ دانانی پێش مه‌رج چه‌که‌کانی دابنێ.
وێنه‌کان: نامیق دوروکان
فه‌ردا جه‌میل ئۆغلو له وه‌چه‌ی جه‌میل پاشایه که کۆکی ماڵباته‌که‌یان
کورده، ئه‌و ده‌ڵێ "ناوی لێبوردن بێ یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، گرنگ نییه،
ئه‌وه‌ی گرنگه دابه‌زاندنیانه له‌چیاکان." مه‌سعود بارزانی یه‌که‌مین
وانه‌کانی لای مامی فه‌ردا جه‌میل ئۆغڵو بینیوه. (وێنه‌ی لای راست).
دیالۆگمافی سه‌رجه‌م نووسراوه‌کانی ناو ئه‌م وێبلاگه پارێزراوه. بۆ په‌یوه‌ندی:
bayezidi.s@orangemail.ch
- به‌شی دوهه‌م -
(May 10، 2009 - 02:20) -
عوسمان ئۆجه‌لان؛ ئیتر کاتی دابه‌زین له چیاکان
هاتوه.
عوسمان ئۆجه‌لانیش له گه‌ڵ ئه‌وه دایه کێشه‌ی کورد له توند‌و تیژی و چه‌ک
جیا بکرێته‌وه... به‌ڵام ده‌ڵێ "لوتکه‌ی کاره‌کان لێبوردنه. پێویسته
لێبوردنێک رابگه‌یه‌نرێ که جیاوازی دانه‌نێ. ده‌ڵێن 200 تا 250 کادیری
سه‌رکردایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه ده‌هێڵنه‌وه. وا نابێ. چونکه ئه‌وانه‌ی
گوێ به کادیره لیده‌ره‌کان و سه‌رکردایه‌تی ناده‌ن ته‌نها 1% یان 2%
ده‌بن. ئه‌وانی تر دیسان له‌شاخ ده‌مێننه‌وه و دانابه‌زن."
کۆیه، باکوری عێراق
ساڵه‌کان خێرا تێده‌په‌ڕن. پێموابێ ساڵی 1994 بو. دیسان له‌سه‌ر ئه‌م
ڕێگه‌یه‌ی ئێستامان، له‌و شه‌قامه‌ی ناوی مادام میته‌رانه به‌ره‌و گردی
هه‌یبه‌ت سوڵتان ملمان پێوه نابو. هه‌ندێک سه‌روتر له دو لاوه به‌ره‌و
سنوری ئێران ده‌ڕوات. لای چه‌پ قه‌ندیله.
ئه‌و چیایانه‌ی په‌که‌که تیایدا جێگیر بوه....
ئێمه ئه‌و کات به‌ره‌و راست بامانداوه، رۆیشتینه که‌مپی "زه‌لێ" که دوا
به‌دوای ساڵی 1992 په‌که‌که‌ی داڵده داب‌و بارانێکی به‌خوڕ ده‌باری و
باهۆزێکی توند هه‌ڵیکردبو.
ئۆتۆمبیلی قاچاقچیه‌کان وه‌کو ئه‌ڵقه‌ی زنجیرێک هێدی هێدی له‌چیاکان ده‌هاتنه
خوار و به وێنه‌ی مارێک پێچاوپێچ ده‌خوشین، گوتمان "خوا ئه‌قڵیان پێ
بدات."
دوێنێ به‌یانی هه‌وا زۆر خۆش بو.
به‌هار له هه‌مو شوێنێک بڵاو ببۆوه.
هه‌ینی، رۆژی پشوو بو. له به‌ر ئه‌وه‌ی هاوکات بو له گه‌ڵ یه‌کی مه‌ی،
خه‌ڵک به ماڵ و مناڵه‌وه له‌ده‌شت و ده‌ر بڵاو ببونه‌وه و له سه‌یران
بون.
کۆیه مه‌مله‌که‌تی جه‌لال تاڵه‌بانییه. سه‌رۆک کۆماری ئێستای عێراق که
کورده له‌م شوێنه له دایک بوه و لێره‌ش گه‌وره بوه. به به‌رده‌م ئه‌و
زانکۆیه‌دا تێده‌په‌ڕین که جه‌لال تاڵه‌بانی له زێدی خۆی دروستی کردوه.
به‌دوای ئه‌و ئۆتۆمبێله ده‌که‌وین که له‌ده‌سپێکی کۆڵانه‌که چاوه‌ڕێمان
ده‌کات و ده‌چینه ماڵه بچوکه‌که‌ی عوسمان ئۆجه‌لان که حه‌سارو باغچه‌یه‌کی
بچوکی هه‌یه. پێڵاوه‌کانمان داده‌نێین و له‌ژوری پێشوازی داده‌نیشین.
ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی هه‌ڵکراوه.
سی ئێن ئێن تورک دیمه‌نه‌کانی یه‌کی مه‌ی له‌مه‌یدانی "تاکسیم" نیشان
ده‌دات... له باس و خواسی فوتبۆڵه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م. له گه‌ڵ عه‌بدوڵا
ئۆجه‌لانیشدا سه‌ره‌تا هه‌ر ئه‌م باسه‌م هه‌ڵگیرساندبو. ئاوریلی ساڵی
1993 له بار ئه‌لیاسی ده‌ربه‌ندی "به‌قاع" به‌درێژایی شه‌و باسه‌که‌مان
له سه‌ر ئه‌مه بو.
عوسمان ئۆجه‌لانیش لایه‌نگری "گالاتا سه‌رای"ه.
"ئایا کاریگه‌ری کاکه له سه‌ر برای بچوک؟"
"نه‌خێر. هۆکارێکی سه‌ره‌کی که کورده‌کانی کردۆته لایه‌نگری گاڵاتا سه‌رای،
ره‌نگه‌کانی ئه‌و یانه‌یه‌یه. هێمای زه‌رد و سور و زه‌مینه‌ی سه‌وز.
ئایا زه‌رد و سور و سه‌وز ره‌نگی کورده‌کان نییه..؟"
عوسمان ئۆجه‌لان ساڵی 1958 له‌دایکبوه.
دو مناڵی کوڕی هه‌یه به ناوه‌کانی فه‌لات و فورات. یه‌کیان چوار ساڵ و
ئه‌وی تریان دو ساڵ و نیوی ته‌مه‌نه.
"زۆر دره‌نگ بوی به باوک."
پێده‌که‌نێ:
"له‌ناو په‌که‌که د‌ا هاوسه‌رگیری تاوانێکی گه‌وره‌یه و وه‌ک گوناهێک
سه‌یری ده‌کرێ. ساڵی 2003 له په‌که‌که دابڕام. دواتر زه‌ماوه‌ندم کرد و
مناڵمان بو."
لێی ده‌پرسم:
"چۆن بو له په‌که‌که دابڕای؟"
"له به‌ر سێ هۆکار له په‌که‌که دابڕام"
یه‌ک به‌دوای یه‌ک خاڵه‌کان ده‌ژمێرێت و کورت و پوخت ده‌یانهێنێته زمان.
"سێ هۆکاری هه‌بون.... هۆکاری یه‌که‌م؛ ئیتر پێداگریم له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرد
که ده‌بێ په‌که‌که دۆستایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان
به ده‌ست بێنێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوم له ئێران و سوریا دور بکه‌وێته‌وه.
هۆکاری دوهه‌م، له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوم ده‌بێ له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی
گشتی سیاسی کورد وه‌ک پ‌د‌ک به سه‌رۆکایه‌تی بارزانی و پی ی‌و که‌ی به سه‌رۆکایه‌تی
تاڵه‌بانی له شه‌ڕدا نه‌بێ به‌ڵکه بگاته رێککه‌وتن. هه‌روه‌ها ده‌مویست
له ناو په‌که‌که د‌ا، مافه تاکه‌که‌سیه‌کان وه‌ک هاوسه‌رگیری و موڵکیه‌تی
تایبه‌ت په‌سه‌ند بکرێن."
"که‌ی به‌م ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتن؟"
"ده‌توانم بڵێم ساڵی 1991. به‌ڵام ساڵی 1993 خستمه رۆژه‌ڤی رێکخستنه‌وه."
"چی روی د‌ا؟"
"حه‌شر رابو. پێیان گوتم خیانه‌تکار، خۆفرۆش، سیخوڕی ئه‌مریکا، سیخوڕی
پارتی و یه‌کێتی."
دوا بڕیاریش له‌سێداره‌دانی مه‌رجدار بو.
سێ ساڵ زیندان...
ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا پێداگری له‌سه‌ر بۆچونه‌کانی نه‌کردایه و
په‌ره‌ی پێ نه‌دابا، ئه‌وا له سێداره رزگاری ده‌بو. سه‌رئه‌نجام، ساڵی
1997 بڕیاری له‌سێداره‌دانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، عوسمان ئۆجه‌لان جارێکی تر،
وێڕای ئه‌و ریفۆرمانه‌ی له مێشکی دابون، گه‌ڕایه‌وه لوتکه‌ی په‌که‌که
..
ساڵی 1999 ئاپۆ قۆڵبه‌ست ده‌کرێ، له‌نێوان ساڵی 1999 بۆ 2003، پێڤاژۆی
ئیمرالی له ناو په‌که‌که د‌ا ده‌ست پێده‌کا. عوسمان ئۆجه‌لان له‌و
قۆناغه‌دا که‌سێک بوه به کرده‌وه په‌که‌که‌ی به‌ڕێوه بردوه.
له‌مباره‌وه ده‌ڵێت:
"له‌پێڤاژۆی ئیمرالیشدا لایه‌نگری کۆتایی هێنان بوم به‌شه‌ڕ. هه‌میسان
ده‌مگوت نابێ شه‌ڕ بکه‌ین و پێویسته سیاسه‌ت بمه‌شێنین.. به‌هۆی ئه‌وه‌ی
800 کادیری شاخ کێشه‌ی ته‌ندروستی، ته‌مه‌ن و کێشه‌ی خۆگونجاندن له گه‌ڵ
شاخیان هه‌یه، با بیانکه‌ینه مه‌ده‌نی و له چیاکان دایانبه‌زێنین.
داوام کرد وه‌ک سامپاتیزان له‌ناو گه‌لدا جێگیر بن. ئاپۆ و ئه‌ندامه
دامه‌زرێنه‌ره‌کانی په‌که‌که، ئه‌و کات پێشنیاره‌کانی منیان ره‌ت کرده‌وه،
گوتیان ئه‌مه واتای پاکتاوکردنی په‌که‌که ده‌گه‌یه‌نێ... بیرۆکه‌ی
ریفۆرم په‌سه‌ند نه‌کرا..."
"په‌که‌که له‌ناو ناچێ"
"ئایا په‌که‌که ناگۆڕدرێت؟"
"نه‌خێر ناگۆڕدرێ. تورکیا ده‌وڵه‌تێکه زۆر باش به‌مه ده‌زانێ. جیا له‌وه‌ش،
ئه‌مڕۆکه 95%ی هێزی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی کورد لایه‌نی په‌که‌که ده‌گرێ.
هه‌مو گه‌لی کورد ده‌زانێ، په‌که‌که به سه‌رۆکایه‌تی ئاپۆ ئه‌و گه‌له‌ی
هێنایه مه‌یدان. له‌به‌ر ئه‌مه 95%ی خه‌ڵک پشتگیری لێده‌کا... راستیه‌کی
تریش هه‌یه: په‌که‌که ته‌واو نابێ! ئه‌گه‌ر جار جاره به ره‌سمی ده‌وترێ
ئه‌مساڵ په‌که‌که له‌ناو ده‌به‌ین یان ساڵێکی تر، ئه‌وا فڕی به
ڕاستیه‌وه نییه."
"بۆچی؟"
"په‌که‌که هێزێکه خۆی له سه‌ر پێ راده‌گرێت. ئه‌گه‌ر له‌تورکیا ته‌نگاو
بێت له‌ئێران هێز کۆ ده‌کاته‌وه، گه‌ر له‌ئێرانیش ته‌نگاو بێ له عێراق،
ئه‌گه‌ر له عێراقیش شتێک رو بدا له‌سوریا، له‌وێش نه‌بو له ئه‌وروپا
به‌رده‌وام ملیتان کۆ ده‌کاته‌وه، کۆیشی کردۆته‌وه. جگه له‌مه، ئه‌و هه‌رێمه‌ی
تیایه‌تی زۆر به‌رفراوانه، جوگرافیای کوردستانیش هه‌موی چیایه."
"که‌واته چی رو ده‌دات؟"
"به‌ڵێ له‌مێژه سه‌رده‌می شه‌ڕ و چه‌ک به‌سه‌ر چوه. ئیتر کاتی دابه‌زین
له چیاکان هاتوه! په‌که‌که ناتوانی به‌مجۆره به‌رده‌وام بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر
له‌سیاسه‌تدا ئه‌ڵته‌رناتیڤێک بۆ په‌که‌که دروست نه‌بێ، ئه‌وا پاکتاو
نابێ."
"باشه چۆن ئه‌م زه‌مینه‌یه پێکدێت؟"
"سه‌ره‌تا پێویسته لێبوردن ده‌ربکرێ، رێگه‌ی تری نییه. لوتکه‌ی هه‌نگاوه‌کان
لێبوردنه. پێویسته لێبوردنێک بێ له به‌رچاو گرتنی جیاوازی رابگه‌یه‌نرێ.
ئێستا ده‌ڵێن 200 تا 250 کادیری سه‌رکردایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه ده‌هێڵینه‌وه.
وا نابێ. چونکه ئه‌وانه‌ی گوێ به کادیره لیده‌ره‌کان ناده‌ن ته‌نها 1%
یان 2% ده‌بن. ئه‌وانی تر هه‌مویان له‌شاخ ده‌مێننه‌وه. دانابه‌زن. هه‌نگاوی
یه‌که‌م لێبوردنه، ئه‌مه خاڵی بنه‌ڕه‌تییه. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا
رارایه."
قسه زۆره له گه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان...
به‌شه سه‌رنج راکێشه‌کانی تری قسه‌کانی، له نوسینه‌کانی دواترمدا به‌کار
دێنم. عوسمان ئۆجه‌لان له گه‌ڵ ئه‌وه دایه کێشه‌ی کورد له چه‌ک و
توند‌و تیژی جیا بکرێته‌وه. ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه تورکیا و خه‌ریکی
سیاسه‌ت بێ.
به‌شی سێهه‌م سبه‌ی له‌باکوری عێراقه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێ....
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی میللیه‌ت
- به‌شی سێیه‌م -
(May 15، 2009 - 16:26) -
"به‌بڕوای من دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان ئه‌گه‌رێکی لاوازه. په‌که‌که
چه‌که‌کانی دانانێ. رێکخراوێک که سی ساڵ له چیاکان بێ... ده‌بێ زۆر شت
گه‌ره‌نتی بکرێن... پێیان بڵێن غروریان خه‌وشدار ناکرێ، بڕوایان پێ
بێنن به‌م شتانه بۆ ئه‌وه‌ی بێنه خوار... به پێچه‌وانه‌وه ئه‌سته‌مه...
کاک حه‌سه‌ن، خۆ بۆ سه‌یران و سه‌فا رویان نه‌کردۆته چیاکان."
هه‌ولێر.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌کی مه‌ی که‌وتینه رێ. شاخ و ده‌شت و دۆڵ سه‌وز
ده‌نوێنێ، به‌هار به هه‌مو شوێنێکه‌وه دیاره. به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕوێن.
لای راستمان ئابیده‌ی ئه‌نفاله.
کاره‌کانی به‌ره‌و دوایی ده‌ڕوات. گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌نفالیش دروست
ده‌کرێ. له سه‌ر گردێکی به‌رز، که هه‌ر که‌س ده‌توانێ بیبینێ.
ساڵی 1988 به‌عسی دیکتاتۆر له‌باکوری عێراق 182 هه‌زار کوردی له هه‌ڵمه‌تێکی
پاکتاوی ره‌گه‌زیدا کوشت. گۆڕی ژماره‌یه‌کی زۆریان ته‌نانه‌ت ئێستاش بێ
سه‌رو شوێنه. گونده‌کان سوتێنراون و مرۆڤه‌کان به‌زۆره‌ملێ کۆچیان
پێکراوه.
هه‌شت هه‌زار که‌س له عه‌شیره‌ی بارزان له‌شه‌وێکدا ده‌کوژرێن. له
کاتی ئه‌و قه‌تڵوعامه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه، ژنانی "بارزان"، زێدی مه‌سعود
بارزانی ئێستاش ره‌شپۆشن.
باشه، بۆچی ئه‌نفال؟ ده‌ڵێن "له قورئاندا سوره‌یه‌ک هه‌یه به ناوی ئه‌نفال،
گێڕانه‌وه‌ی له‌ناو بردن..."
خێراییه‌که‌مان که‌م ده‌که‌ینه‌وه.
له پێشه‌وه‌مان جموجوڵێک هه‌یه. یه‌ک دو چادری بچوک و هه‌روه‌ها شانۆێه‌ک
که له‌دار و ته‌خته دروست کراوه. له سه‌روی شانۆکه، له نێوان دو ته‌خته‌دا،
ره‌نگی زه‌رد، سور و سه‌وز زاڵه و پۆستێری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش هه‌ڵواسراوه.
دو ته‌کنیک کار خه‌ریکی چاککردنی ده‌نگه‌کانن. له‌م نێوانه‌دا مۆسیقایه‌کی
سرود ئاسا، کچه بچکۆله‌کان ده‌خاته سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین.
له ئۆتۆمبێل دێینه خوار.
ته‌نانه‌ت هه‌ستیشمان پێناکه‌ن، هه‌ڵده‌په‌ڕن. گه‌نجێکی خوێنگه‌رم دێته
پێشه‌وه. به تورکیه‌کی رێکوپێک سڵاومان لێده‌کا. چوار ساڵ له‌مه‌و پێش
له باشوری رۆژهه‌ڵاته‌وه هاتۆته هه‌ولێر و له زانکۆ به‌شی سۆسیۆلۆژی ده‌خوێنێ.
ده‌ڵێ؛
"زۆربه‌ی به‌شداربوان له که‌مپی مه‌خموره‌وه هاتون. له‌و دو که‌مپه به
هه‌زاران کوردی تورکیا ده‌ژین که ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان له باشوری رۆژهه‌ڵاته‌وه
کۆچیان کردوه. هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌نجانه‌ش هه‌ن که له تورکیاوه هاتون و
له زانکۆی هه‌ولێر درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن. بێگومان له گه‌ڵ کورده‌کانی
عێراقیش..."
ده‌سه‌ڵاتی کوردی گوشار دێنێ
کێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئاهه‌نگه‌یان رێکخستوه؟
پچدک.
پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان... پارتی یاسایی په‌که‌که‌یه له
عێراق. ده‌یه‌وێ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی داهاتو بێ له باکوری
عێراق، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیان لێنه‌کردون.
پچدکه‌ش توند وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه:
"کاندیده‌کانی ئێمه قه‌بوڵ ناکه‌ن، ئێمه‌ش به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌شدار
ده‌بین."
به‌مشێوه‌یه فام ده‌کرێ:
په‌که‌که و داموده‌زگا یاساییه‌کانی بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به مانه‌وه‌یان
بده‌ن، ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ته‌نگاو ده‌که‌ن.
گوتی:
"زۆر ناخایه‌نێت، پێشمه‌رگه‌کانی پ‌د‌ک هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ئێره، یان هه‌ر
هیچ نه‌بێ پۆستێره‌کانی ئاپۆ لێده‌که‌نه‌وه."
باشه په‌که‌که له چیاکان داده‌به‌زێ؟
ئایا په‌که‌که واز له چه‌ک دێنێ؟
ئایا کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی داده‌بڕێ؟
سێ رۆژه له باکوری عێراقم.
ئه‌م پرسیارانه رۆژه‌ڤی سه‌ره‌کیی منیان پێکهێناوه.
قسه‌کانی ئازاد سه‌رنج راکێشن؛
"کاک حه‌سه‌ن پێموایه دابه‌زینی په‌که‌که له شاخ ئه‌گه‌رێکی لاوازه. چه‌ک
دانانێن. رێکخراوێک که سی ساڵ له شاخ مابێته‌وه... ده‌بێ گه‌ره‌نتی زۆر
شت بکه‌ن، ده‌بێ پێیان بڵێن هیچ زیانێک به غرورتان ناگات و بڕوایان
پێدێنن به‌م شتانه بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌زن، ئه‌گینا ئه‌سته‌مه. خۆ بۆ گه‌شت
و گوزار رویان نه‌کردۆته ئه‌و شاخ و داخه... "
یه‌کێکی تر ده‌ڵێ:
"کاکه بڕوانه، راسته کۆتایی به‌م قۆناغه هاتوه و ئیتر به چه‌ک ناگه‌یته
هیچ شوێنێک. به‌ڵام به‌وه ته‌واو نابێ که بڵێن وه‌رن و واز له چه‌ک
بێنن. ده‌بێ دڵنیایان بکه‌نه‌وه جارێکی تر نایانخه‌نه گرتوخانه‌کانه‌وه؛
ده‌بێ وه‌ڵامی داواکارییه‌کانیان له مه‌ڕ فه‌رهه‌نگ و ناسنامه بده‌نه‌وه."
سه‌ری دێنێته پێشه‌وه؛
"کاکه بڕوانه، بێگومان له ناو په‌که‌که‌شدا ئه‌و که‌سانه هه‌ن که ده‌یانه‌وێ
له چیا دابه‌زن. راستیه‌کان ده‌بینن. به‌ڵام هه‌روا به ئاسانی ناکرێ.
په‌که‌که ئێستاش رێکخراوێکی به‌هێزه. پشتگیری کردن له په‌که‌که ته‌نها
بریتی نییه له‌و دو میلیۆن ده‌نگه‌ی درا به ده‌ته‌په.... په‌که‌که زۆر
له‌وه له پێشتره ته‌نیا له سه‌ر کورده‌کانی تورکیا کاریگه‌ری هه‌بێ..."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ؛
"چه‌ک و چیا بۆ په‌که‌که بونه‌ته شێوازێکی ژیان. ئێستاش ئه‌سته‌مه
وازهێنان له‌مه‌و دابه‌زین له چیاکان. جگه له‌مه‌ش، ده‌وڵه‌تی تورکیا
گه‌ره‌نتیان پێ نادات."
"په‌که‌که سامانێکی زۆری هه‌یه"
هاوڵاتیه‌کی تر بۆچونی سه‌یری هه‌بو:
"ئه‌گه‌ری وازهێنانی په‌که‌که له چه‌ک؟ لاوازه. په‌که‌که سامانێکی زۆری
هه‌یه... له‌وانه‌شه خۆ له 10 میلیار دۆلار بدات... له عێراقه‌وه تا
تورکیا له‌ده‌روازه‌کانی سه‌ر سنوری وه‌ک حاجی عومران، که‌له‌ڕه‌ش،
خنێره و .... شه‌وانه نزیکه‌ی 1.5 میلیۆن دۆلار باج کۆ ده‌کاته‌وه."
یه‌شار کایاش ده‌یگوت:
"لێبوردنێکی گشتی پێویسته. ده‌کرێ 150 ـ 100 کادیری سه‌ره‌کی ره‌وانه‌ی
وڵاتانی سکاندیناوی بکرێن. ده‌بێ لێبوردنێک بێت زیان به به‌هاکان نه‌گه‌یه‌نێ.
له بیرتان نه‌چێ، ئه‌وان بۆ سه‌یران رویان نه‌کردۆته چیا. سه‌ریان هه‌ڵدا
چونکه مافی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگیان ده‌ویست. له گه‌ڵ لێبوردن
پێویسته رێگه له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی سڤیل خۆش بکرێ. به‌ڵام په‌که‌که‌ش
پێویسته بێ دانانی پێش مه‌رج واز له چه‌ک بێنێ، چونکه چه‌کدانان قسه هه‌ڵناگرێ.
هه‌تا کێشه‌ی چیا چاره‌سه‌ر نه‌بێ و لێبوردن ده‌رنه‌کرێ، ناتوانین بگه‌ینه
هیچ شوێنێک."
وه‌ک هه‌قایه‌تی جوجه‌ڵه مریشکه‌که....
ده‌نگی به‌سۆزی ژنێک له رادیۆوه دێت. "ئازاد"یش راده‌گه‌یه‌نێ "کاکه،
خۆشه‌ویستیه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه. ده‌ڵێ لاوم به‌ڵام وه‌ک پیرێک ده‌مرم."
"سه‌خته هاوڕێ سه‌خته"
ئایا دابه‌زین له چیاکان ئاسانه؟
له‌لایه‌که‌وه شێوازی ژیانی په‌که‌که... له‌لایه‌کی تریشه‌وه شێوازی ده‌وڵه‌تی
تورکیا... وه‌ک پێشینیان ده‌ڵێن، به‌تاڵه و بۆم پڕ نابێ، پڕی ده‌که‌م
لێم وه‌رناگرێ.. له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک قسه‌م کرد.
که‌سم نه‌بینی گه‌شبین بێ. دوێنێش که له زێدی جه‌ڵال تاڵه‌بانی، کۆیه،
له گه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان وتوێژم ده‌کرد هه‌مان روانگه‌ی هه‌بو. پرسیارم
لێکرد سه‌باره‌ت به‌و پێداگرییه‌ی ئه‌و که تورکیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی په‌که‌که
بکه‌وێته قۆناغی واز له‌چه‌ک هێنان، ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تا لێبوردنێکی
ریشه‌یی رابگه‌یه‌نێت و ئه‌و لێبوردنه کادیره لیده‌ره‌کانی چیاش بگرێته
خۆ.
"ئایا گه‌شبینن؟ تۆ بڵێی ئه‌نقه‌ره لێبوردنێکی له‌مجۆره رابگه‌یه‌نێ؟
ئاخۆ حکومه‌ت نیاز و ئیراده‌یه‌کی سیاسیی وه‌های هه‌یه، ده‌توانی هه‌یبێ؟"
راشکاوانه وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌می نه‌دایه‌وه.
له چاوه‌کانمی روانی وه‌کو بڵێت ئه‌سته‌مه.
به‌ڵام له‌م کاته‌دا، نیگام له گه‌ڵ نیگای خزمێکیان تێکئاڵا که بزه‌ی
له سه‌ر لێو بو و گوتی "سه‌خته هاوڕێ، سه‌خته". گرێ هه‌مان ئه‌و
پرسیاره‌یه:
پرسی دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان و لێبوردن چی به‌سه‌ر دێ؟
- به‌شی چواره‌م -
(May 20، 2009 - 01:56) -
قه‌ڕه‌یڵان؛ هیوامان به ئاشتی هه‌یه.
موراد قه‌ڕه‌یڵان که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که ده‌ڵێ "سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان
بێده‌نگ بکرێن. که‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی تر. با وه‌ک ده‌سپێک له
ناو خۆماندا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه ده‌ست پێبکه‌ین... له ڕێگه‌ی
چه‌که‌وه نا به‌ڵکه له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه ئه‌م ئیشانه راپه‌ڕێنین" قه‌ڕه‌یڵان
بۆ پرۆسه‌ی دیالۆگ به گوێره‌ی پێویست، پێشنیاری میکانیزمێک ده‌کات
پێکهاتو له که‌سایه‌تیه ژیره‌کان، و ده‌ڵێ "له به‌رده‌م قۆناغێکی گرنگ
داین! ساڵی 1993 ده‌رفه‌تێک بۆ ئاشتی ره‌خسا، له کیس چو. با ئه‌مجاره‌ش
وای لێنه‌یه‌ت. ئیتر نامانه‌وێ خوێن بڕژێ."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق
په‌که‌که ساڵانێکی دورو درێژه له چیاکانی قه‌ندیل به‌ڕێوه ده‌برێ. وه‌ک
ده‌ڵێن "سه‌رۆکایه‌تی له ئیمڕالییه"، به‌ڵام ئێستا که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که،
موراد قه‌ڕه‌یڵان له چیاکانی قه‌ندیل ده‌ژی.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردو له گوندێکی داوێنی قه‌ندیل له ناو ماڵێکدا که دو
ژورو بن میچێکی نه‌وی هه‌بو، بۆ ماوه‌ی چوار کاتژمێر موراد قه‌ڕه‌یڵانم
دواند.
ئه‌و شوێنه بنکه‌ی په‌که‌که نیه، به‌ڵام به گوێره‌ی ئیفاده‌ی ئه‌وان سه‌ر
به "هه‌رێمی په‌که‌که"یه. هه‌روه‌ک به‌ره‌و شوێنه‌که‌شمان ده‌ڕۆیشتین
که به چیا و دیمه‌نی سه‌رنج راکێش ده‌ور درابو، ئه‌و کوڕ‌و کچانه‌مان
بینی چه‌کیان له شاندا بو و ئاشکرا بو که په‌که‌که‌یین.
موراد قه‌ڕه‌یڵان یه‌کێک له پێنج که‌سه‌کانی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی
وێڕای دو جێگری سه‌رۆک هات که یه‌کیان "بۆزان ته‌کین"ی خه‌ڵکی "بۆزۆڤا"ی
سه‌ر به ئورفایه.
ساڵی 1980 قۆڵبه‌ست کراوه و پاش بیست ساڵ مانه‌وه له گرتوخانه، ساڵی
2000 روی کردۆته چیا.
جێگر سه‌رۆکه‌که‌ی تر، "سۆزدار ئا‌ڤێستا"یه که ناوی راسته‌قینه‌ی "نوریه
که‌سبیر"ه. ناوبراو کاتێک له هۆڵه‌ندا ژیاوه، دادگایی کراوه و له‌و سه‌روبه‌نده‌ی
راده‌ستکردنه‌وه‌ی بۆ تورکیا له رۆژه‌ڤدا بوه، رایکرد‌وه و هاتۆته چیا.
سێهه‌مین که‌س که له گه‌ڵ موراد قه‌ره‌یڵان هاتبو ناوی ئه‌حمه‌د ده‌نیز
و به‌رپرسی میدیا و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کانی په‌که‌که بو.
رێپێوانێکی شه‌ش کاتژمێری
رێگاکه‌مان به‌ره‌و قه‌ندیل کاتژمێر شه‌شی به‌یانی له هه‌ولێره‌وه ده‌ستی
پێ‌کرد. سێ ئۆتۆمبیلمان گۆڕی. کاتژمێر 12 گه‌یشتینه گوندێکی داوێنی قه‌ندیل.
سه‌ره‌تا به تاکسی خۆمان که ئازاد لێی ده‌خوڕی، هه‌تا رانیه‌ی نزیک
سنوری ئێران رۆیشتین. له ته‌نیشتم نامیق دورکان هه‌بو. له‌ڕانیه
ئۆتۆمبیله‌که‌مان گۆڕی و له چیامان د‌ا.
جۆش و خرۆش ده‌ستی پێ‌کرد. ده‌چوینه شوێنی سه‌ره‌کی روداوه‌کان...
له هه‌مانکاتدا رێپێوانێکی هه‌ناسه بڕ به ناو جوانیه‌کانی سروشت، ئه‌و
گوڵه شلێره‌کان له بن داره‌کان سه‌ریان هه‌ڵدابو، به‌ناو گوڵ مێلاقه‌ی
ئاڵ ئاڵ، دار گوێز و دار هه‌ناره‌کان و هه‌روه‌ها که‌ندو داڵی بی بن د‌ا.
جێپی قاچاقچی که ده‌ستکردی ژاپۆن بو به سه‌ر ڕێگه‌ی خاکی به‌ردیندا که
ئه‌و لای تری هه‌ڵدێر بو به‌ره‌و چیا هه‌ڵده‌زنا و کاتێک که له چیاکه
ده‌هاتینه خوار رۆحم هاتبوه سه‌ر زارم.
هه‌ر وه‌ک ساڵی 1994 که دیسان له قه‌ندیل رۆژێکی ناخۆشی پاییز به‌ره‌و
زه‌لێ له سه‌ر سنوری ئێران رۆیشتم که که‌مپی په‌که‌که‌ی لێبو. هه‌روه‌ها
مانگی نیسانی ساڵی 1993 له ده‌ربه‌ندی به‌قاعی لوبنان له شارۆچکه‌ی
بار ئیلیاس که له ژێر کۆنترۆڵی سوریا داب‌و و من 24 کاتژمێرێک له‌وێ
چاوم به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان که‌وت.
وێنه کێشان قه‌ده‌غه‌یه!
به‌ناو ئه‌و ئاوه د‌ا که له زناره‌کانه‌وه به خوڕ ده‌هاته خواڕ، به
ئۆتۆمبێله‌که‌مان تێپه‌ڕین.
چه‌کداره‌کانی په‌که‌که رامانده‌گرن.
دوابه‌دوای گۆڕینی ئۆتۆمبێله‌که‌مان هه‌میسان ده‌که‌وینه رێ. ئینجا له
ناو ماڵێکی گونددا پشو ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانمان جێبه‌جێ
بکه‌ین. مۆبایله‌کانمان ده‌کوژێنینه‌وه و له‌و شوێنه به جێیان دێلین،
دوایی درێژه به رێگاکه‌مان ده‌ده‌ین.
شه‌ش کاتژمێر ده‌خایه‌نێ.
رۆژی شه‌ممه کاتژمێر 12 موراد قه‌ڕه‌یڵان له ناو ماڵێکی گونددا
پێشوازیمان لێده‌کا.
قه‌ره‌یڵان گوتی "پێموابێ ئه‌مه یه‌که‌مین جاره دێن بۆ ناو په‌که‌که."
ئه‌گه‌ر زه‌لێ و چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ ئۆجه‌لان له به‌قاع حساب نه‌که‌م،
وایه.
به موراد قه‌ره‌یڵانم گوت؛
"به ناسنامه‌ی رۆژنامه‌نوسیمه‌وه لێره‌م. له هیچ شوێنێکی تورکیاوه نه‌نێردراوم
و هه‌ڵگری هیچ په‌یامێکیش نیم. با فکرێکی وات به مێشک نه‌گا. وه‌ک
رۆژنامه‌نوسێک هاتوم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌که‌که چۆن
بیر ده‌کاته‌وه."
ئه‌مه‌شم گوت:
"تکایه با ئه‌م چاوپێکه‌وتنه نه‌خرێته کامێراوه. ئێمه‌ی رۆژنامه‌نوس له
بری ئه‌وه‌ی ببینه مژاری ده‌نگوباسی خه‌ڵک، هه‌واڵ ساز ده‌که‌ین."
قه‌ڕه‌یڵان؛
"ته‌نها بۆ ئه‌ڕشیڤ پێنج - شه‌ش ده‌قه‌ی به کامێرا وێنه ده‌گرین."
ئه‌وان ته‌سجیلی خۆیان و نامیق ته‌سجیله‌که‌ی ئێمه‌ی له سه‌ر مێزه‌که‌ی
به‌رده‌ممان دانا و ده‌ستمان به وتوێژه‌که‌مان کرد.
یه‌که‌م قسه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان ئه‌مه بو؛
"ئامانجمان پڕوپاگه‌نده نییه.. هیوامان به ئاشتی هه‌یه. له به‌ر ئه‌مه
بڕیارمان د‌ا وتوێژ له گه‌ڵ تۆ د‌ا بکه‌ین..."
په‌یامی ئه‌رێنی
قه‌ڕه‌یڵان په‌یامگه‌لی ئه‌رێنی د‌ا. به‌گشتی نه‌رێنی نه‌دوا.
گوتی "سه‌ره‌تا پێویسته چه‌که‌کان رابگیرێن. هیچکه‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر
که‌سێکی تر." له‌پێناو دیالۆگدا، میکانیزمێکی شه‌فافی پێشنیار کرد و به‌مجۆره
به‌رده‌وام بو؛
"له‌به‌رده‌م قۆناغێکی گرنگ داین." ئاماژه‌ی به‌وه کرد به راگه‌یاندنی
ئاگربه‌ستی ساڵی 1993، ده‌رفه‌تێکی گه‌وره له کیس چو. به‌ڕای قه‌ره‌یڵان،
به هۆی ئه‌وه‌ی بۆشاییه‌ک له ئیراده‌ی سیاسی له ئارا داب‌و و حکومه‌ت
کێشه‌که‌ی حه‌واڵه‌ی سوپا کردبو، ئه‌و هه‌له نه‌قۆزرایه‌وه. پاشان گوتی؛
"با ئه‌مجاره ده‌رفه‌تی ئاشتی له کیس نه‌ده‌ین."
به‌رده‌وام بو؛
"چیتر نامانه‌وێ خوێن بڕژێ. چونکه چه‌نده‌ش ساڵ تێپه‌ڕ بن، دیسان دێینه‌وه
سه‌ر هه‌مان خاڵ. به‌مجۆره له تورکیا خوێن ده‌ڕژێ. به شێوازی سه‌ربازی
په‌که‌که له ناو ناچێ، 25 ساڵ ئه‌مه تاقیکرایه‌وه به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێکی
نه‌بو."
قه‌ڕه‌یڵان هیچ باسی ئه‌وه‌ی نه‌کرد که ئاخۆ ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی له یه‌کی
حوزه‌یراندا راگه‌یه‌نراوه، دیسان به شێوه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه درێژ ده‌کرێته‌وه
یان نا و گوتی؛
"سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن."
"واته چه‌که‌کان دانانرێن؟"
قه‌ڕه‌یڵان: چه‌کدانان قۆناغی پاش ئه‌مه‌یه... سه‌ره‌تا پێویسته چه‌که‌کان
بێده‌نگ بکرێن. هیچکه‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی تر. سه‌ره‌تا له ناو
خۆماندا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌مه بکه‌ین... له رێگه‌ی چه‌که‌وه نا به‌ڵکه
له رێگه‌ی دیالۆگه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، با له گه‌ڵ یه‌کتری له دیالۆگ
دابین."
قسه‌کانی پێده‌بڕم:
"چۆن ده‌کرێ؟ لایه‌نێک ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌که‌ی تریش په‌که‌ک بێ؟ ئایا
ئه‌مه رو ده‌دا؟"
میکانیزمێک له پیاوه ژیره‌کان
ئه‌و میکانیزمه‌ی قه‌ڕه‌یڵان باسی ده‌کات، ئاوایه:
"له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن... پاشان قۆناغی
دیالۆگ دێ... شوێنی دیالۆگه‌که‌ش ئیمرالییه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه په‌سند نه‌کرێ،
ئه‌وا ئێمه شوێنی دیالۆگه‌که ده‌گرینه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش قه‌بوڵ نه‌کرێین،
ئه‌وا پێویسته ئیراده‌یه‌کی سیاسی هه‌ڵبژێردراو بێته ئاراوه. (لێره‌دا
باسی ده‌ته‌په ناکات، به‌ڵام کاتێک من ناوی ده‌هێنم به ئاماژه‌ی سه‌ر
پشتگیری ده‌کا.).. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بو، ئه‌و کات له شوێنێک ده‌بێ
کۆمیسیۆنێکی هاوبه‌ش بێته دامه‌زراندن که کۆمه‌ڵێک مرۆڤی ژیر له‌ده‌وری
یه‌ک کۆ بکاته‌وه. میناک "ئیلته‌ر تورکمه‌ن"، باڵوێزو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی
پێشوو یاخود که‌سانی وه‌ک ئێوه کۆ ببنه‌وه، میکانیزمێکی هاوشێوه بکه‌وێته
گه‌ڕ و ده‌ست به کاره‌کانی بکا.... له پێناو دیالۆگدا ده‌بێ ده‌وڵه‌ت
ئه‌و میکانیزمه وه‌ک به‌رده‌نگ قه‌بوڵ بکا...."
ئینجا موراد قه‌ڕه‌یڵان به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ؛
"بۆچی نه‌بێ؟ بۆ میکانیزمێکی ئاوا دانه‌مه‌زرێت؟"
کاتێک پرسیاری کۆسپه‌کانی به‌رده‌م دا‌مه‌زراندنی ئه‌و کۆمیسیۆنه ده‌که‌م،
قه‌ڕه‌یڵانیش ده‌پرسێ:
"ئایا ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌دی ناکرێ؟... ئایا بۆشایی سیاسی هه‌یه؟...
سه‌رۆک وه‌زیرانی ساڵی 2005 له کوێیه؟"
"ئێمه‌ش به‌داخه‌وه‌ین بۆ شه‌هیدبونی ئه‌و ده سه‌ربازه"
له‌قه‌ڕه‌یڵانم پرسی؛
ئاگربه‌ستێکی یه‌کلایه‌نه‌تان راگه‌یاند و ئاشکراتان کرد که چالاکی ئه‌نجام
ناده‌ن و تا یه‌کی حوزه‌یران ئه‌م ئاگربه‌سته درێژ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌ی
ئه‌و ده سه‌ربازه چین که له‌م رۆژانه‌دا له دیاربه‌کرو هه‌کاری له ئه‌نجامی
هێرشه‌کانی په‌که‌که‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا؟
یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی وه‌ها بو:
"ئێمه‌ش به داخه‌وه‌ین."
دوایش قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره به‌رده‌وام بو؛
"ئه‌مه پلانێک نه‌بو له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه دارێژرابێ. بڕیاڕێکه له
ئاستی هه‌رێمی و به ده‌ستپێشخه‌ری هێزه‌کانی ئه‌وێ پێکهات. ده‌بینن که
سه‌ربازه‌کان به ده‌شت وه‌ر بون و هه‌ست ده‌که‌ن که خه‌ریکی ئه‌نجامدانی
ئۆپه‌راسیۆنێکن و بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن ده‌ست ده‌که‌نه‌وه. مین ده‌ته‌قێننه‌وه.
ئێمه‌ش به‌داخه‌وه‌ین."
- به‌شی پێنجه‌م
-
(May 23، 2009 - 23:57) -
قه‌ڕه‌یڵان؛ ئیتر په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه.
موراد قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره باس له گۆڕانکارییه‌کانی ناو په‌که‌که ده‌کات
"په‌که‌که به نیسبه‌ت رابردو رێبازێکی ژیرانه‌تری گرتۆته به‌ر. بۆ
نمونه سه‌ره‌تا داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مه
هی رابردو بو. یانی چیتر "جیاخواز" نییه. ده‌مانه‌وێ کورده‌کان له
چوارچێوه‌ی سنوره‌کانی کۆماری تورکیادا به یه‌کسانی و ئازادی بژین. ده‌مه‌وێ
رونی بکه‌مه‌وه که ئه‌مه تاکتیک نییه. قۆناغی دورکه‌وتنه‌وه له
جیاخوازی و سه‌ربه‌خۆیی ساڵی 1993 و 1999 له ئیمڕالی ده‌ستی پێ‌کرد.
پاڕادیگما گۆڕاوه."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردو له ماڵێکی دو هۆده‌یی و میچ نزمی گوندێکی بناری
قه‌ندیل له وتوێژه چوار کاتژمێرییه‌که‌مدا له گه‌ڵ موراد قه‌ڕه‌یڵان که‌سی
یه‌که‌می ناو په‌که‌که، په‌یتا په‌یتا هه‌وڵم ده‌دا بابه‌تێک بخه‌مه
رۆژه‌ڤه‌وه؛
وازهێنانی په‌که‌که له چه‌ک....
داکشانی په‌که‌که له چیاکان...
قه‌ڕه‌یڵان جارێکیان گوتی:
"بڕوانن، ئێمه شێت نه‌بوین له‌و شاخانه بده‌ین، یان وه‌ک هه‌ندێک که‌س
ده‌ڵێن بۆ سه‌یرانیش رومان نه‌کردۆته چیاکان."
که باس دێته سه‌ر دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان، بزه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێز
له سه‌ر لێوه‌کانی قه‌ڕه‌یڵان ده‌نیشێ، وه‌ک بڵێی هه‌روا ئاسانیش نییه
و بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌م قۆناغه پێویسته ئیشی تر ئه‌نجام بدرێن.
کاتێک ته‌نگاویش ده‌بو ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ی نیشان ده‌دا:
"که ده‌ڵێن با په‌که‌که واز له چه‌ک بێنێ، قسه‌یه‌کی پوچه. له‌وه ده‌چێ
فیشه‌کێک بنێن به بۆشاییه‌وه. ئه‌وه چه‌کیشمان دانا، له کوێ‌یان
دابنێین؟ چۆن و لای کێ؟ زه‌مینه‌کانی چه‌کدانان چین؟ هه‌روا بڵێی چه‌ک
دانێن، هیچ مانایه‌کی نییه. سه‌ره‌تا با دابنیشین، دیالۆگ بکه‌ین."
"رێبازێکی ژیرانه‌ترمان گرتۆته به‌ر"
موارد قه‌ڕه‌یڵان پێی وایه به ناوزه‌دکردنی په‌که‌که وه‌ک "رێکخراوێکی
تیرۆریستی"، مرۆڤ به هیچ شوێنێک ناگات. په‌که‌که له هه‌مانکاتدا ره‌نگدانه‌وه‌ی
حه‌سره‌ت و خه‌ونه‌کانی کورده له به‌ر ئه‌مه‌شه پشتگیری لێ ده‌کرێ.
پاشان ده‌شڵێت:
"چیتر په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه."
له‌وه‌ڵامی پرسیارێکمدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کان چین، ئه‌م
وه‌ڵامه‌ی دامه‌وه؛
"په‌که‌که به گوێره‌ی رابردو رێبازێکی ژیرانه‌تری گرتۆته به‌ر. بۆ
نمونه سه‌ره‌تا داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرد. ئه‌و
قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاند. یانی چیتر جیاخواز نییه. ده‌مانه‌وێ له چوارچێوه‌ی
سنوره‌کانی تورکیادا، کورد به یه‌کسانی و ئازادی بژین. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش
رون بکه‌مه‌وه که ئه‌مه تاکتیک نییه، قۆناغی دورکه‌وتنه‌وه له جیاخوازی
و سه‌ربه‌خۆیی ساڵی 1993 و 1999 له ئیمڕالی (ئه‌و ساڵه‌ی ئۆجه‌لان ده‌ستگیر
کرا و به زیندانی هه‌تا هه‌تایی حوکم درا. ح. ج) ده‌ستی پێ‌کرد.
پارادیگما گۆڕا."
"چۆن گۆڕاوه؟"
"ئێمه ئیتر باسی "کوردستانێکی ئۆتۆنۆم و دیموکرات" ده‌که‌ین. مه‌به‌ستمان
له‌م ئۆتۆنۆمییه، فیدڕاسیۆن نییه. ئامانجمان ئه‌وه نییه جارێکی تر
سنوره‌کان بگۆڕدرێن. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رییه‌ک نییه زیان به پێکهاته‌ی
یه‌کگرتویی ده‌وڵه‌ت بگه‌یه‌نێ. به‌ڵکه یاسای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی
خۆجێی ده‌گۆڕێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی به هێز ده‌کا."
"ئێمه‌ش کاری خراپمان کردوه"
پاش ئه‌م قسانه موراد قه‌ڕه‌یڵان، جارێکی تر پێداگری له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته
کرد که دوێنێش بڵاومان کرده‌وه "سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان بێده‌نگ
بکرێن!"
"ئه‌ی پاشان؟"
"پاشان نۆره‌ی مافه که‌لتورییه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ناسنامه‌ی کورد و
(پڕۆژه‌ی سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی) دێت که هه‌ندێک که‌س وه‌ک لێبوردن باسی
لێوه ده‌که‌ن. ئه‌مه مژارێکی دو لایه‌نه‌یه. لایه‌نێک وه‌ک ده‌سپێکه‌ری
شۆڕ‌شی چه‌کداری... لایه‌نێکیش که سیاسه‌تی نکۆڵی لێکردنی په‌یڕه‌و
کردوه.... ئه‌مانه وێرانکارییان به‌دواوه بوه... دژی ئێمه کورد ده‌وروبه‌ری
17 هه‌زار تاوانی بکه‌ری نادیار ئه‌نجامدراوه.. دیاره ئێمه‌ش هه‌ندێک
که‌موکوڕیمان له کرده‌وه‌دا هه‌بوه. له‌به‌ر ئه‌مه ناوی ده‌نێین پڕۆژه‌ی
سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه شتێکی دولایه‌نه‌یه. بنه‌مای ئه‌م پڕۆژه‌یه
لێبوردنی دو لایه‌نه‌یه. پێکهاتنه له سه‌ر ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی که ره‌نگدانه‌وه‌ی
پێکه‌وه ژیانی دڵخوازانه‌یه."
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت؛
"هه‌مو داخوازیمان ئه‌وه‌یه، کورده‌کان ئازادانه فه‌رهه‌نگی خۆیان بژین."
"ده‌شێ کۆنفرانسی کورد بناغه‌کانی چاره‌سه‌ری دابمه‌زرێنێ."
سه‌رنج راکێش بو.
که له‌و ماڵه بن میچ نزمه‌ی گوندێکی بناری قه‌ندیل وتوێژم له گه‌ڵ
موراد قه‌ڕه‌یڵان ساز ده‌کرد، دو ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی
په‌که‌که، بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئا‌ڤێستا هیچ نه‌ده‌په‌یڤین.
جارێکی تر مژاری هاتنه خواری په‌که‌که له چیاکان و چه‌کدانان دێنمه
گۆڕێ. ئه‌مجاره‌یان په‌یوه‌ندیدار به کۆنفرانسی کورد به‌کورتی ده‌پرسم؛
"به به‌شداری کورده‌کانی سه‌رجه‌م وڵاتان له هه‌ولێر، کۆنفرانسێکی پان
ـ کورد ساز ده‌کرێ و تیایدا بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی په‌که‌که ده‌کرێ چه‌ک
دابنێ؛ له سه‌ره‌تاوه سیناریۆکه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دا که په‌که‌که ده‌چێته
قۆناغی چه‌کدانانه‌وه. چاوه‌ڕوانیه‌کی له‌مجۆره خوڵقا. به‌ڵام پاشان
کۆنفرانسه‌که بۆ وه‌رزی پاییز دوا خرا. ئایا ئێوه وه‌ک په‌که‌که
هۆکارێک بون بۆ ئه‌م دوا که‌وتنه؟"
موراد قه‌ڕه‌یڵان هاوڕایه که کۆنفرانسی کورد فه‌زایه‌کی وای خوڵقاندوه.
لێره‌دا به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه باس له رۆڵی سه‌رۆک کۆماری کوردی
عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌کا به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ئاماژه به گرنگی
کۆنفرانسی کورد ده‌کا و به‌رده‌وام ده‌بێ:
"له‌سه‌ره‌تا د‌ا بیرۆکه‌ی به‌ستنی کۆنفرانس بیرۆکه‌ی ئێمه بو. به‌ڵام
ئه‌م پێشهاته‌ی دوایی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوکه‌وته‌کان
دروست بن، ده‌کرێ کۆنفرانس رێگه خۆشکه‌ر بێ بۆ چاره‌سه‌ری. نابێ له
بیریشمان بچێ هیچ واتایه‌کی نابێ ئه‌گه‌ر کۆنفرانس داوای چه‌کدانان له
په‌که‌که بکات."
"ئۆزال سه‌ری به پرسی کورده‌وه دێشاند"
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که موراد قه‌ڕه‌یڵان ئه‌م پرسیاره‌ی لا دروست بوه:
"ئایا هه‌میسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان؟"
به تایبه‌ت ساڵی 1994...
بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی کت‌وپڕ له باشوری رۆژهه‌ڵات ته‌قیه‌وه... قه‌ڕه‌یڵان
ده‌پرسێ؛
"ئایا حکومه‌ت وه‌ک سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان دیسان شته‌کان ده‌خاته‌وه
ئه‌ستۆی سوپا؟"
قه‌ره‌یڵان باس له لایه‌نه‌کانی ئه‌م پرسیاره ده‌کاو به کورتی ده‌ڵێ؛
"ساڵی 1993 ئۆزال مرد و ده‌رفه‌تی ئاشتی له‌ناو چو. ئۆزال سه‌رۆکێک بو
کێشه‌ی کوردی ده‌بینی و له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنیدا هه‌وڵی جدی ده‌دا.
ساڵی 1993 ئۆزال مردو ساڵی 1994 به‌ڕاستی ساڵێکی سه‌یر بو. (موراد قه‌ڕه‌یڵانیش
وه‌ک عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان پێی وایه تورگۆت ئۆزال تا دوا راده رۆڵێکی ئه‌رێنی
هه‌بوه له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد د‌ا. ح.ج) ئایا دیسان وه‌ک ساڵی
1994 هێرشه‌کان ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه؟ هه‌ست به کۆمه‌ڵێک شت ده‌که‌ین،
به‌ڵام لێیان دڵنیا نین. گه‌لۆ حکومه‌تی ئه‌ردۆگان کێشه‌کان حه‌واڵه‌ی
سوپا ده‌کا و جارێکی تر خوێن ده‌ڕژێ؟ ئێوه چۆن ده‌فکرن؟"
"سوپاش چاوه‌ڕوان ما..."
موراد قه‌ڕه‌یڵان هه‌وڵده‌دا قۆناغی پاش 29ی مارس شیبکاته‌وه.
باسی ئه‌وه ده‌کا که له سه‌ره‌تاوه سیناریۆیه‌کی وا نوسرابو که ده‌ته‌په
له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگی که‌م به‌ده‌ست دێنێ، ته‌یپ ئه‌ردۆگان زۆر
متمانه‌ی به خۆی هه‌بو، به‌ڵام دواجار خه‌یاڵه‌کانی تێکشکان، چونکه ده‌ته‌په
هه‌م له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا و هه‌م له ژماره‌ی شاره‌وانیه‌کاندا سه‌رکه‌وتنی
به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کا که له‌م سیناریۆیه‌دا سوپا رۆڵی سه‌ره‌کیی
هه‌بوه و به‌رده‌وام ده‌بێ؛
"به‌ر له 29ی مارس سیناریۆیه‌کی پاکتاوکردن نوسرا. سیناریۆی دابه‌زینی
ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی ده‌ته‌په.... به‌ڵام راستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بو.
زستانێکی هه‌ره ئاراممان له‌ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵی رابردودا تێپه‌ڕاند.
سوپا تا 29ی مارس چاوه‌ڕێ مایه‌وه. سوپاش توانی چاوه‌ڕێ بمێنێته‌وه...
(به ته‌وسه‌وه ئه‌م رسته‌یه‌ی هێنایه زمان. ح.ج) بۆچی له قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا
سوپا هه‌ڵمه‌تی نه‌هێنا؟ به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئێمه هیوادار بوین...
هه‌ندێک هێمای چاره‌سه‌ری ده‌رکه‌وتن... پێمان وابو قۆناغێکی نوێ ده‌ست
پێده‌کا که سوپاش ده‌گرێته خۆ. به داخه‌وه وا نه‌بو. هه‌ر رۆژێک پاش
هه‌ڵبژاردنه‌کان، واته 30ی مارس، هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاویش
نه‌بێ، سوپا هێرشی ده‌ست پێ‌کرد.... رۆژی 14 نیسانیش دژی ده‌ته‌په ئۆپه‌راسیۆنیان
ئه‌نجامدا. ئه‌گینا ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئێمه‌ی به ئاشتی و
دیموکراسی ئومێده‌وار کرد."
ئه‌ردۆگانی 2005 له کوێیه؟
له‌و وتوێژه چوار کاتژمێریه‌ماندا، قه‌ره‌یڵان بۆ چه‌نده‌مین جار روی
قسه‌کانی کرده ئه‌ردۆگان.
لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆگانی له مانگی ئاگۆستی 2005 له دیاربه‌کر هێنایه‌وه
بیر. له‌و قسانه‌یدا ئه‌ردۆگان گوتبوی "کێشه‌ی کورد کێشه‌ی ئێمه‌یه؛
له‌م روه‌وه ده‌وڵه‌ت که‌موکوڕی هه‌بوه و سه‌رڕاستیان ده‌کاته‌وه."
پیاوی ژماره یه‌کی په‌که‌که، باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئه‌مڕۆکه هیچ شوێنه‌وارێک
له‌و قسانه نه‌ماوه‌ته‌وه و بۆ چه‌نده‌مین جار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م
خاڵه کرده‌وه؛
بۆشایی ئیراده‌ی سیاسی...
دوایی قه‌ڕه‌یڵان گوتی:
"ناتوانم به‌چاوێکی ئه‌رێنیه‌وه بڕوانم. چونکه سه‌ره‌تا ده‌رهه‌ق به
کێشه‌ی کورد ئیراده‌یه‌کی سیاسی له ئارا د‌ا نییه. نه‌بونی ئیراده کێشه‌یه‌کی
زۆر جدییه. ئه‌مڕۆکه ته‌نانه‌ت ژه‌نه‌ڕاڵه‌کانیش شتی جیاواز ده‌ڵێن. به‌ڵام
ئیراده‌ی سیاسی له کوێیه؟ ئه‌و سه‌رۆکه‌ی ساڵی 2005 ئه‌و قسانه‌ی ده‌کرد،
چی به‌سه‌ر هات؟ چی لێهات ئه‌و کاته‌ی له ساڵی 1994د‌ا شاره‌وانی گه‌وره‌ی
ئه‌سته‌نبوڵ بو و هه‌رچه‌ند ئه‌رکی ئه‌ویش نه‌بو به‌ڵام راپۆرتێکی له
پێناو چاره‌سه‌ری پرسی کورد بۆ پارته‌که‌ی به‌رز کرده‌وه؟
"ئیدی شه‌ڕی چه‌کداری وه‌ک پاراستنی ره‌وا به‌کار دێت"
قه‌ڕه‌یڵان ده‌ڵێ په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه و سه‌رنج بۆ سه‌ر
گۆڕانکارییه‌کانی ناو په‌که‌که راده‌کێشێ. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ به
میدیاکانمان گوت وه‌رن له ئێمه‌وه له په‌که‌که تێبگه‌ن. رونیشی ده‌کاته‌وه
که شێوازه‌کانی خه‌بات گۆڕانکارییان به‌سه‌ر د‌ا هاتوه.
له‌مباره‌وه به کورتی گوتی:
"ئێمه په‌که‌که‌ی ده ساڵ له‌مه‌وپێش نین. ئیدی به‌شێوازی کلاسیک هه‌ڵسوکه‌وت
ده‌گه‌ڵ خه‌باتی چه‌کداری ناکه‌ین. هێڵی پاراستنی ره‌وامان گرتۆته به‌ر.
قورسایی ده‌ده‌ینه چالاکی جه‌ماوه‌ری، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و تێکۆشانی
سیاسی. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا چی له 6 هه‌تا 7 هه‌زار مرۆڤی چه‌کدار ده‌که‌ن؟
له‌ڕوی قازانج کردنیان و گه‌ره‌نتی پاراستنی ره‌واوه.... ئێمه نامانه‌وێ
که‌س بکوژرێ. ئه‌و چوار ساڵه له شه‌ڕێکی سنوردار داین. وه‌ک ساڵانی
1993 و 1994 نییه. له ناوچه سه‌خته‌کان، ئه‌گه‌ر هێرشیان بکرێته سه‌ر،
خۆیان ده‌پارێزن."
"کۆنتڕۆڵمان به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌که‌ی قوتابخانه‌شدا نه‌بو"
له‌کۆتاییدا قه‌ڕه‌یڵان ده‌ڵێ؛
"دوای قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 29ی مارس ئه‌گه‌ر جارێکی تر شه‌ڕمان به‌سه‌ر
د‌ا بسه‌پێ ــ گه‌رچی ته‌نانه‌ت نامانه‌وێ بیریشی لێ بکه‌ینه‌وه ــ
روداوه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌د به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دژوارتر ده‌ژینه‌وه،
له‌لایه‌ن هه‌ردو لامانه‌وه. نامانه‌وێ وه‌ها شتێک رو بدا. به‌ڵام
ئاماده‌کاریشمان هه‌یه. ده‌رئه‌نجامی نه‌ویستراو له‌وانه‌یه بێته
ئاراوه. ئێمه شتێک له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵ ئه‌نجام ناده‌ین." له‌سه‌ر
باسی زیان نه‌گه‌یاندن و نه‌کوشتنی که‌سانی بێ‌تاوان و ئه‌نجامنه‌دانی
چالاکی جگه له پاراستنی ره‌وا، قه‌ڕه‌یلان ئاماژه به ته‌قینه‌وه
سامناکه‌که‌ی به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌کی مناڵان ده‌کات له دیاربه‌کرو ده‌ڵێ
"زۆر کارێکی هه‌ڵه بو. ئێمه‌ش په‌سندمان نه‌کرد. له‌ده‌ره‌وه‌ی
کۆنتڕۆڵی ئێمه رویدا."
پیاوی ژماره یه‌کی په‌که‌که له‌سه‌ر ئه‌مریکای ئۆباما‌و په‌یوه‌ندییان
له گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان چۆن بیر ده‌کاته‌وه؟ سه‌رنجی ده‌رباره‌ی
فه‌تحوڵڵاچیه‌کان چۆنه؟ ئایا په‌که‌که به بێ مه‌رج چه‌ک داده‌نێ؟ سه‌باره‌ت
به ئێران و حزبوڵا چی ده‌ڵێ؟ دوایین بانگه‌وازی بۆ حکومه‌ت چییه؟
- به‌شی شه‌شه‌م
-
(May 27، 2009 - 14:35) -
قه‌ڕه‌یڵان ره‌خنه له یه‌کێتی ئه‌وروپا به گشتی و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا
به‌تایبه‌تی ده‌گرێ. ده‌ڵێ هه‌ر دوک وڵات نایانه‌وێ تورکیا له یه‌کێتی
ئه‌وروپادا ببینن؛ له به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و دو وڵاته یاری به چاره‌سه‌ری
پرسی کورد ده‌که‌ن. قه‌ڕه‌یڵان ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کرێ
و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وام بن، هه‌زاران قسه و بیانویان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی
ئێوه نه‌که‌ونه ناو یه‌کێتی ئه‌وروپاوه. باس له مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن
و زۆر شت ده‌ڵێن. تورکیا ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ ناخوێندرێته‌وه...." هه‌روه‌ها
سه‌باره‌ت به سه‌رۆکی نوێی ئه‌مریکا ده‌ڵێ "دڵنیا نیم له‌وه‌ی داخۆ
ئۆباماش وه‌ک بوش هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، واته بێ چاره‌سه‌ری هه‌ڵده‌بژێری
یان نا. خۆزیا ئه‌مریکای ئۆباما به دڵ چاره‌سه‌ری سیاسی بوێ.. نازانم
ده‌یه‌وێ چی بکات. ئه‌مریکا ده‌توانێ رۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بێ له چاره‌سه‌ری
کێشه‌کاندا.... "
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق.
موراد قه‌ڕه‌یڵان که‌سی ژماره یه‌که‌می په‌که‌که ساڵی 1956 له
دێهاتێکی سه‌ر سنوری سوریا له دایک بوه. له (گازی عه‌نتاب) خوێندنی
باڵای ته‌کنیکی ته‌واو کردوه. سه‌ره‌تای هه‌فتاکان که هێشتا خوێندنی
ناوه‌ندی ته‌واو نه‌کردبو، له ژێر کاریگه‌ری ده‌نیز گه‌زمیش و قۆناغی
12ی مارسدا ده‌بێته چه‌پگه‌را.
له باسی ئه‌و ساڵانه د‌ا ئه‌وه‌شی پێوه زیاد ده‌کا؛
"دواتر کێشه‌ی کوردمان له پاش خۆمان بینی."
له میانه‌ی وتوێژه چوار کاتژمێرییه‌که‌مدا له گه‌ڵ موراد قه‌ڕه‌یڵان له
گوندێکی بناری قه‌ندیل لێم پرسی؛
"ئه‌گه‌ر بانگه‌وازێکتان بۆ حکومه‌تی ئه‌ردۆگان هه‌بێ، به پێی ریزبه‌ندی
ژماره به کورتی ده‌ڵێن چی؟"
وه‌ستا، بۆ ماوه‌یه‌ک قسه‌ی نه‌کرد.
چاوی بڕیه دو له پێنج ئه‌ندامه‌که‌ی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که
بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئا‌ڤێستا. چوه سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی تر. سه‌ری به
نیشانه‌ی قازانجکردنی زه‌مه‌ن هێنا و برد و پاشان یه‌که یه‌که خاڵه‌کانی
هێنایه زمان. ئه‌مانه له ده‌فته‌ری خۆمه‌وه ده‌گوازمه‌وه:
1. حکومه‌ت نابێ جارێکی تر کێشه‌که راده‌ستی سوپا بکات. ده‌توانین چه‌که‌کان
له کێشه‌ی کورد ده‌ربهاوێژین. ده‌بێ ده‌وڵه‌تیش هه‌ستیارانه جموجوڵ بکا.
2. به گوێره‌ی رابردو، سوپا هه‌ندێک گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتوه، به‌ڵام
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، له سیاسه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیدا که‌موکوڕی به‌دی
ده‌کرێ.
3. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هه‌ندێک کرانه‌وه به خۆیه‌وه ببینێ، ئێمه‌ش چی
پێویست بێ، ده‌یکه‌ین. خۆزیا هه‌نگاوێکی به‌رز ده‌کرده‌وه.
"کۆکوژی سیاسی دژ به ده‌ته‌په ئه‌نجام ده‌درێ"
4. ئێمه به‌رپرسیارانه هه‌ڵوه‌سته ده‌که‌ین. سه‌رۆکمان هێشتا له زیندان
دایه. هه‌روه‌ها چوار هه‌زار ئه‌ندامی په‌که‌که له گرتوخانه دان. ئه‌مه‌تان
له بیر نه‌چێ.
5. ئێمه شان به‌شانی هه‌ڵبژاردنه‌کان چاوه‌ڕێ بوین، نه‌رمبونه‌وه بێته
ئاراوه، به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌ی رویدا. له دژی ده‌ته‌په ئۆپه‌راسیۆنیان
ئه‌نجامدا و گوشاریان بۆ هێنا. ئه‌مه "کۆکوژییه‌کی سیاسی"یه. نابێ وا
بێ. له کاتێکدا، ئێمه له چاوه‌ڕوانی نه‌رمبونه‌وه‌دا چالاکیه‌کانمان
راگرت و تا 1ی حۆزێران ئاگربه‌ستمان راگه‌یاند... په‌یامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی
29ی مارس دیموکراسییه.
6. باشبوغ ده‌ڵێ بۆ له‌ناو بردنی په‌که‌که ئه‌مساڵ شانسێک خوڵقاوه. که
ده‌ڵێ کۆنژۆکتۆره ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که له‌بارن،
چاو له راستیه‌کان ده‌نوقێنێ. ئێمه ده‌ڵێین سیاسه‌ت. بڕوانن، سه‌ره‌ڕای
شۆکی ساڵی 1999 (قۆڵبه‌ستکردنی ئۆجه‌لان. ح.ج) په‌که‌که له سه‌ر پێ
مایه‌وه. ئیتر په‌که‌که له‌ناو ناچێ. چونکه په‌که‌که هه‌م له شاخ و هه‌م
له ناو گه‌لدا هه‌یه. (دوای پشویه‌کی کورت به‌رده‌وام ده‌بێ) یانی چی؟
ئێستا ئه‌مریکا ده‌توانێ ئێمه له چیاکان دابه‌زێنێ؟
"یه‌کدڵی، به‌ڵێ تۆزێک یه‌کدڵی...."
7. گرتنه به‌ری سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی کورده‌کان شکستی هێنا. هه‌روه‌ها
سیاسه‌تگه‌لی له‌ناوبردنی په‌که‌که‌ش سه‌رکه‌وتو نه‌بون. په‌که‌که له‌ناو
نه‌چو.
8. ئێستا ده‌رفه‌تێک ره‌خساوه بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه. هه‌لومه‌رج له‌بار
بوه. با ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست نه‌ده‌ین. با قۆناغێکی دیکه‌ی شه‌ڕ
دروست نه‌بێ، با قۆناغی ئاشتی بێ. سیاسه‌تی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به بێ
چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌وڵاتانی هه‌رێم به‌زیانی تورکیا
ته‌واو ده‌بێ. تورکیایه‌ک که کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر کردبێ، ده‌بێته
پێشه‌نگ له‌ناوچه‌که‌دا. له‌پێناو ئه‌مه‌دا، سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی
پێویسته.
9. وه‌کچۆن ده‌ڵێن یه‌کدڵی (Empathy)... به‌ڵێ هه‌ندێک یه‌کدڵی! ئیتر
با نه له‌سه‌رباز بکوژرێ و نه له ئێمه‌ش.
10. ئه‌و ده‌سته‌ی درێژمان کردوه با له بۆشاییدا نه‌مێنێته‌وه.
ئه‌مه بو بانگه‌وازی موراد قه‌ڕه‌یڵان.
که ئه‌م بانگه‌وازییه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌نقه‌ره ده‌کرد، ئاماژه‌ی به
دوایین کۆبونه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسی سه‌رئه‌رکانی سوپا ژه‌نه‌ڕاڵ باشبوغ
کرد، ئه‌وان له چیا، به سه‌رنجه‌وه له رێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه کۆبونه‌وه‌که‌یان
شۆپاندبو. قه‌ڕه‌یڵان به ته‌وسه‌وه گوتی "دواجار باشبوغیش ئێمه‌ی به
مرۆڤ له قه‌ڵه‌مدا. ئه‌وه‌نێ گوتی "تیرۆریستیش مرۆڤن."
گوێم له قه‌ڕه‌یڵانه و له گۆشه‌یه‌کی ده‌فته‌ره‌که‌م ده‌نوسم؛ که‌سی یه‌که‌می
په‌که‌که هه‌مو جارێ ده‌ڵێ "سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد پرس به ئێمه ده‌کرێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بێ، ته‌نها له ڕێگه‌ی ئێمه‌وه چاره‌سه‌ر
ده‌بێ." به یه‌که‌وه گرێدانی په‌که‌که و پرسی کورد دێته مانای "هێرشکردن
بۆ سه‌ر په‌که‌که، ده‌رهاویشتنی په‌که‌که بۆ ده‌ره‌وه‌ی بازنه و چاره‌سه‌رنه‌کردنی
کێشه‌ی کورد.
"فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا پێداگری له سه‌ر بێ چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن"
قه‌ڕه‌یڵان له‌و ڕوانگه‌وه ره‌خنه له یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌گشتی و فه‌ره‌نسا
و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی ده‌گرێ. ده‌ڵێ هه‌ر دوک وڵات نایانه‌وێ تورکیا
له‌ناو یه‌کێتی ئه‌وروپادا ببینن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و دو وڵاته
پێداگری له سه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌هێشتنه‌وه‌ی پرسی کورد ده‌که‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی تورکیا موراد قه‌ڕه‌یڵان ده‌ڵێ؛
"فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا نایانه‌وێ تۆ له یه‌کێتی ئه‌وروپا د‌ا ببینن.
بۆیه‌ش نایانه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ببێ. ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌ر
نه‌بێت و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وام بن، ئه‌وان زۆر شت هه‌یه بیڵێن بۆ
ئه‌وە‌ی تۆ نه‌که‌ویته ناو یه‌کێتی ئه‌ورپاوه. بۆ نمونه مه‌سه‌له‌ی
مافه‌کانی مرۆڤ دێننه گۆڕێ. تورکیا ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ شیته‌ڵ ناکرێ.."
ئه‌مه یه‌کێتی ئه‌وروپا، تۆ بڵێی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان چۆن بێت؟
"دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئۆباما ده‌یه‌وێ چی بکا"
قه‌ڕه‌یڵان گوتی؛
"با بزانین سه‌رۆک ئۆباما چی ده‌کا؟ ئه‌مریکای بوش رۆڵی نه‌بو له چاره‌سه‌ری
کێشه‌ی کورد د‌ا. له‌ڕاستیدا له په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌دواوه، ئه‌مریکا
سیاسه‌تی بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی گرتۆته به‌ر. ئه‌مه وه‌ک کارتێک دژ
به‌تورکیا به‌کار دێنێ. له‌لایه‌کی تره‌وه ئیسرائیلیش قازانجی له چاره‌سه‌رنه‌کردن
دایه. به‌مجۆره تورکیا پێویستی به ئیسرائیل ده‌بێ. تورکیا پێویستی به
فڕۆکه‌ی (هیرۆن)ی ئیسرائیل ده‌بێ (تورکیا له ڕێگه‌ی ئه‌و فڕۆکه بێ
پیلۆتانه‌ی له ئیسرائیلیان ده‌کڕێ، به سه‌ر ئاسمانی قه‌ندیلدا ده‌فڕن و
ئامانجه‌کانی په‌که‌که ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. ح.ج) له‌هه‌رێمه‌که‌دا،
ئێر‌انیش نایه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بێ... له به‌ر هۆکاری هاوشێوه...
هه‌مویان گه‌ره‌کیانه کێشه‌که بێ چاره‌سه‌ر بمێنێته‌وه."
"ئۆبامای ئه‌مریکا چی ده‌کا؟"
"دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئۆباماش وه‌ک بوش ده‌کات یانی درێژه به سیاسه‌تی بێ
چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه ده‌دات یان نا؟ خۆزیا ئه‌مریکای ئۆباما له‌دڵه‌وه
هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردن بدا.. نازانم چی ده‌کا. ئه‌مریکا ده‌توانێ رۆڵێکی
به‌رچاوی هه‌بێ." هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "با کێشه‌که له‌ناو خۆماندا چاره‌سه‌ر
بکه‌ین. رێبه‌رێکی باش له‌تورکیا ده‌توانێ له‌ماوه‌ی بیست و چوار
کاتژمێردا کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکات."
"سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت کوردیش قه‌ده‌غه بو"
دو پرسیارم له قه‌ڕه‌یڵان کرد.
پرسیاری یه‌که‌م به‌کورتی ئه‌مه بو؛
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که له ساڵی 1984 له ئه‌روح و شه‌مدینلی هێرشی چه‌کداری
ده‌ست پێنه‌کردبا، ئه‌م هه‌مو خوێن و رۆندکه نه‌ڕژایه، ئایا بزوتنه‌وه‌ی
سیاسی کورد به شێوازه ئاشتیخوازه‌کانیه‌وه ئه‌مڕۆکه به‌هێزتر نه‌ده‌بو؟"
وه‌ڵامی قه‌ڕه‌یڵان:
"نه‌خێر. به ئه‌گه‌رێکی زۆر کورده‌کان له‌ناو ده‌چون... له بیرتان نه‌چێ
سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵه‌کانیشدا ئاخاوتن به‌کوردی قه‌ده‌غه
بو. کورده‌کان ده‌ترسان له ماڵی خویشیان به‌کوردی قسه بکه‌ن. سه‌رهه‌ڵدانی
چه‌کداری ژان و ئێشی گه‌وره‌ی به‌دواوه بو به‌ڵام ئه‌مه قۆناغێک بو،
قۆناغی ده‌رکه‌وتنی راستی کورد له گۆڕه‌پانی تورکیا. مامۆستا ئیسماعیل
بێشکچی، هه‌رچه‌ند ئێستا له‌گه‌ڵ ئێمه‌شدا نییه، سه‌باره‌ت به قۆناغی
ئه‌روح و شه‌مدینلی ده‌ڵێ "گولله‌یه‌ک بو روه‌و جه‌سته‌ی ته‌سلیمکاری
کورد ته‌قێنرا."
"ئه‌گه‌ر بێمه‌رج واز له چه‌ک بێنین هه‌مو شتێک خراپتر ده‌بێ"
دوهه‌مین پرسیارم ئه‌مه بو؛
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که بێ دانانی هیچ جۆره مه‌رجێک چه‌که‌کانی دابنێ، له
چیاکان دابه‌زێ، ئایا به‌قازانجی کورد نییه و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد
به‌هێزتر ناکات؟"
موراد قه‌ڕه‌یڵان له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ؛
"بڕوا ناکه‌م. بڕوانن، ده‌ته‌په ئه‌م هه‌مو ده‌نگه‌ی ده‌سته‌به‌ر کرد و
به‌شداری په‌رله‌مان بو به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیران ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵ
ناکا. باشبوغ ده‌ڵێ نایانناسم. له لایه‌کی تره‌وه باشبوغ ده‌ڵێ لایه‌نگری
مافه تاکه‌که‌سیه فه‌رهه‌نگیه‌کانم و دژی مافه هه‌ره‌وه‌زییه‌کانم. ئه‌گه‌ر
ئێمه بێ ئه‌وه‌ی شتێک رویدابێ، واز له چه‌ک بێنین، به نیسبه‌ت ئێمه‌وه
هه‌مو شتێک خراپتر ده‌بێت."
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی میللیه‌ت
- به‌شی حه‌وته‌م
-
(May 29، 2009 - 01:33) -
له‌وه‌ڵامی پرسیارێکمدا سه‌باره‌ت به فه‌تحوڵاچیه‌کان، قه‌ره‌یڵان گوتی
"فه‌تحوڵاچیه‌کان ده‌یانه‌وێ له ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا سه‌قامگیر بن،
بۆیه نزیکی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان بونه‌وه. ئاوا به‌هێز بون. دیاره له
ئه‌مریکاش یارمه‌تی وه‌رده‌گرن. ئه‌مریکا فه‌تحوڵاچیه‌کان ده‌خاته
به‌رده‌م جیهانی ئیسلام.. ئه‌وان به دروشمی "ئێمه‌ش دژی په‌که‌که‌ین،
ئێمه‌ش لایه‌نگری ده‌وڵه‌تین" له‌ناو ده‌وڵه‌ت د‌ا جێگه‌ی خۆیان
کردۆته‌وه. له‌باشوری رۆژهه‌ڵات هه‌ن به‌ڵام ژماره‌یان زۆر نیه. ده‌چنه
ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له‌ناو چینی پۆلیس و مامۆستایان‌دا
بڵاو بونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ناو ئه‌و که‌سانه‌شدا په‌ره‌یان سه‌ندوه
که سه‌باره‌ت به ئایین گه‌رم و گوڕن. با وای دابنێین په‌که‌که ته‌نگاو
بوه یاخود له‌ناو چوه. ده‌زانن له هه‌رێمه‌که چی ده‌قه‌ومێ؟ باشوری
رۆژهه‌ڵات ده‌بێته ناوه‌ندێک بۆ پاشڤه‌ڕۆیه‌تی."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق.
له‌باکوری عێراق هه‌م تاڵه‌بانی و هه‌م بارزانی له‌به‌رده‌م رۆیشتنی
رۆژنامه‌نوسان بۆ قه‌ندیل واته له‌به‌رده‌م په‌یوه‌ندیی میدیاکان به
په‌که‌که‌وه ده‌بنه ئاسته‌نگ.
له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردو که
به‌ره‌و چیای قه‌ندیل ده‌ڕۆیشتین، هه‌وڵمانده‌دا خۆمان له بازگه‌ی
کۆنتڕۆڵی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی و پارتی
دیموکراتی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی بشارینه‌وه.
له‌هه‌ندێک شوێن پێناسی رۆژنامه‌نوسیمان نیشان نه‌دا. مه‌کینه‌ی
فۆتۆگرافیمان شارده‌وه. له‌نزیک سنوری ئێر‌انیش ئۆتۆمبێله‌که‌مان گۆڕی
و سواری جیبی قاچاقچیانی کورد بوین که په‌که‌که بۆی ئاماده کردبوین.
به‌شێک له‌سه‌فه‌ره‌که‌مان به‌ره‌و چیای قه‌ندیل له‌ڕێگای قاچاغه‌وه
بو.
قاچاغچیه‌کان له‌ناوچه‌ی رانیه گه‌یشتنه هه‌رێمی ژێر ده‌سه‌ڵاتی
په‌که‌که. بێگومان له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌م پاره وه‌رده‌گرن و هه‌روه‌ها
پێویستیه لۆجستیکیه‌کانی په‌که‌که به‌وان جێبه‌جێ ده‌کرێ. به‌ڵام
له‌هه‌مانکاتدا ئاشکرایه ئاسایشیان له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه ده‌پارێزرێ.
پرسیاره‌کان:
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ واشنگتۆن و ئه‌نقه‌ره تا
چه‌ند ده‌توانن په‌که‌که گۆشه‌گیر بکه‌ن؟ تا چ راده ده‌توانن بێ
کاریگه‌ری بکه‌ن؟ یان با بڵێین ئایا ده‌توانن په‌که‌که له چیاکان بێننه
خواره‌وه؟
له‌رێگه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه هه‌وڵمدا له‌قسه‌کاندا هه‌م نیازی
هه‌ولێر و هه‌میش موراد قه‌ڕه‌یڵان ده‌ربخه‌م.
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که بڕوا به‌خۆ هاته گۆ؛
"ئه‌گه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی دژی ئێمه بکه‌ونه جموجۆڵ، زیان به خۆیان
ده‌گات."
ئه‌گه‌رێکی وه‌ها هه‌یه؟
"بارزانی زه‌خت له په‌که‌که ده‌کا، به‌ڵام...."
ویستی بارزانی و تاڵه‌بانی بۆ گوشارخستنه سه‌ر په‌که‌که له‌باکوری
عێراق له‌پێناو قایلکردنی واشنگتۆن و ئه‌نقه‌ره حاشا هه‌ڵنه‌گره. له‌م
چوارچێوه‌یه د‌ا له هه‌ندێک لایه‌نه‌وه به تایبه‌ت له‌لایه‌ن پارتی
دیموکراتی کوردستانه‌وه زه‌خت له په‌که‌که ده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌م
گوشارانه سنوریان هه‌یه و پێوانێکی دیاریکراو تێناپه‌ڕێنێ. چاودێرێک
پێی وتم:
"ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی تورکیا، جارێکی تر له ناوچه‌که د‌ا رێگه
له‌به‌رده‌م دۆگمابونی په‌که‌که خۆش ده‌کات."
به‌کورتی:
کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کورد له باکوری عێراق دژ به په‌که‌که سنورێکی
دیاریکراوی هه‌یه. هه‌ر دو لایه‌نیش هه‌ست به‌مه ده‌که‌ن. جگه له‌مه
وه‌ک ده‌ڵێن ئیتر زه‌مه‌نی "کورد به‌کورد به‌کوشت دان" به‌سه‌ر چوه.
با ئه‌مه‌ش له قه‌ڵه‌م نه‌که‌وێ:
په‌که‌که له‌ماوه‌ی ساڵانێکی درێژدا، له‌ناو کورده‌کانی عێراق ریشه‌ی
داکوتاوه.
ئه‌وه‌ی له قسه‌کانی موراد قه‌ڕه‌یڵان سه‌رنجی راکێشام ئه‌وه بو کاتێک
له سه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی قسه‌ی ده‌کرد، بڕوا به خۆ و
به‌دڵنیاییه‌وه ده‌دوا.
له هه‌مانکاتدا سه‌مپات بونی جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌شارده‌وه. نازانم له
زاری ده‌رچو یان نا، به‌ڵام جارێکیان له میانه‌ی قسه‌کانیدا ئاوای گوت:
"مام جه‌لال، زۆر باش نهێنی و داخوازیه‌کانی ئه‌نقه‌ره ده‌درکێنێ. وه‌ک
کۆنفرانسی کورد و مه‌سه‌له‌ی چه‌کدانانی په‌که‌که...."
ئه‌مریکا و فه‌تحوڵا چیه‌کان
پرسیارم له موراد قه‌ڕه‌یڵان کرد سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی په‌که‌که
له‌گه‌ڵ تاقمی فه‌تحوڵڵاو چالاکییه‌کانیان له باشوری رۆژهه‌ڵات.
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که فه‌تحوڵڵاچیه‌کانی بۆ هه‌زم نابێ. به‌م
پرسیاره ده‌ستی به قسه‌کانی کرد "بۆچی ئه‌م سێ چوار ساڵه‌ی دوایی
هێرشیان کرده سه‌ر ئێمه؟" پاشان به‌رده‌وام بو و گوتی "فه‌تحوڵڵا
چیه‌کان ده‌یانه‌وێ بکه‌ونه ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌وه. به‌م مه‌به‌سته
نزیکی ئاکه‌په بونه‌وه. خۆیان به‌هێز کرد. دیاره له‌لایه‌ن
ئه‌مریکاشه‌وه پشتگیری ده‌کرێن. ئه‌مریکا فه‌تحوڵاچیه‌کان ده‌خاته
به‌رده‌م جیهانی ئیسلام.. ئه‌وان به دروشمی "ئێمه‌ش دژی په‌که‌که‌ین،
ئێمه‌ش لایه‌نگری ده‌وڵه‌تین" له‌ناو ده‌وڵه‌ت د‌ا جێگه‌ی خۆیان
کردۆته‌وه. له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ مه‌ترسی نه‌بن به‌ڵام له‌داهاتودا
مه‌ترسی دروست ده‌که‌ن.... له‌باشوری رۆژهه‌ڵات هه‌ن به‌ڵام ژماره‌یان
زۆر نیه. ده‌چنه ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له‌ناو چینی پۆلیس و
مامۆستایان‌دا بڵاو بونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ناو ئه‌و که‌سانه‌شدا
په‌ره‌یان سه‌ندوه که سه‌باره‌ت به ئایین گه‌رم و گوڕن."
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که سه‌رکوت بکرێ کاریگه‌ری ئێران له باشوری رۆژهه‌ڵات
په‌ره ده‌ستێنێ"
ئه‌م قسانه‌ی قه‌ڕه‌یڵان سه‌رنج راکێش بون:
"مه‌حاڵه په‌که‌که سه‌رکوت بکرێ. به‌ڵام با وای دابنێین، په‌که‌که
سه‌رکوت کراو له‌ناو چو. ده‌زانن له‌ناوچه‌که‌دا چی رو ده‌دا، باشوری
رۆژهه‌ڵات ده‌بێته ناوه‌ندێک بۆ پاشڤه‌ڕۆیه‌تی... له‌مڕوه‌وه ئێران
هه‌وڵدانی هه‌یه. ده‌یه‌وێ بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان وه‌ک
ئه‌ڵته‌رناتیڤێک په‌ره پێ‌بدا. له‌ڕاستیدا (ژیته‌م)، حزبوڵای دروست
نه‌کرد، به‌ڵکه ئه‌مه کاری ئێران بو."
له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا قه‌ڕه‌یڵان گوتی:
"ئێران دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدام بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی حزبوڵا
نه‌که‌ین..."
روداوێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه.
له‌ناوچه‌که‌دا گه‌مه له‌ناو گه‌مه‌دا ده‌کرێت.
بۆ نمونه ده‌گوترێ:
"کورده‌کان له‌ناوچه‌که‌دا هێزێکی عیلمانین... له‌م روانگه‌یه‌وه
له‌یه‌کێتیه‌وه بگره تا پارتی و له‌وێشه‌وه بۆ په‌که‌که،
ئه‌ڵته‌رناتیڤیان له‌ناوچه‌که‌دا لایه‌نه ئیسلامیه‌کانن. ئه‌گه‌ر
سه‌رنج نه‌درێته ئه‌م خاڵه، چۆن ده‌کرێ سبه‌ی له‌باشوری رۆژهه‌ڵاتی
تورکیا تاقمێکی شیعه‌ی رادیکاڵ له‌ژێر چاودێری ئێران‌دا په‌ره
نه‌ستێنن؟"
"له گه‌ڵ جه‌میل بایک هیچ جیاوازیه‌کمان نییه"
وه‌ک ناوبڕێک له قه‌ڕه‌یڵانم پرسی:
"درز که‌وتۆته ناو لوتکه‌ی په‌که‌که‌وه. گۆیا تۆ و جه‌میل بایکی
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی پێک نه‌هاتون. ئێوه لایه‌نگری
چه‌کدانانن له کێشه‌ی کورد د‌ا و له پێناو ئه‌مه‌دا ده‌ڵێن په‌که‌که
چه‌ک دابنێ.. له‌به‌رامبه‌ردا جه‌میل بایک پارێزگاری له هێڵی (شاهین)
کردوه و گوتویه‌تی هیچ له کۆماری تورکیا چاوه‌ڕێ ناکرێت..."
هه‌ر سی ئه‌ندامی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که موراد قه‌ڕه‌یڵان،
بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئا‌ڤێستا له یه‌ک کاتدا چاویان بڕیه چاوی یه‌کتری
و پێکه‌نین.
منیش بۆ به‌رده‌وامی قسه‌کانم گوتم:
"ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق له
ئه‌سته‌نبوڵ بو. له گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێکی تورکی رۆژنامه‌نوسی خۆی له
سه‌ر خواردن ئه‌م مژاره‌ی کردبۆوه...."
قه‌ڕه‌یڵان یه‌کسه‌ر پرسی:
"ئایا خودی تاڵه‌بانی بڕوا به‌مه ده‌کا؟"
گوتم نازانم.
قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره هاته ئاخاوتن:
"له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ جومعه هیچ جیاوازیه‌کمان نییه له بۆچوندا. ئێمه به‌و
نازناوه بانگی جه‌میل بایک ده‌که‌ین. سی ساڵی ره‌به‌قه له گه‌ڵ هه‌ڤال
جومعه به یه‌که‌وه‌ین، سی ساڵه له ناو تێکۆشانێکی هاوبه‌شداین. هیچ
جیاوازییه‌کمان نییه."
به‌رپرسیاری روداوی بۆستانجی له‌قه‌ندیل په‌روه‌رده‌ی بینیوه
ده‌رباره‌ی روداوه‌که‌ی (بۆستانجی) پرسیارم له قه‌ڕه‌یڵان کرد. ئه‌و
روداوه‌ی تیایدا ئۆرهان یڵماز کایا لیده‌ری رێکخراوی باره‌گای شۆڕشگێڕی
له ئه‌نجامی هه‌ڵکوتانی پۆلسی بۆ سه‌ر شوێنه‌که‌یان مرد و پرسیم
په‌یوه‌ندی نێوان په‌که‌که له گه‌ڵ ئه‌و رێکخراوه چۆنه؟
به‌کورتی ئه‌مه وه‌ڵامی قه‌ڕه‌یڵان بو:
"من له‌قۆناغی ناوه‌ندی له‌ژێر کاریگه‌ری ده‌نیز گه‌زمیش، سه‌رۆک
(مه‌به‌ستی ئۆجه‌لانه، ح.ج) و ماهیر چایان رێگای چه‌پم هه‌ڵبژارد. بۆیه
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه سۆزمان هه‌بو بۆ ئه‌و رێکخراوه چه‌پانه‌ی له پێناو
ئیده‌ئاله‌کانیان ئاماده‌ن گیانیان به‌خت بکه‌ن. ئه‌وانیش رو له ئێمه
ده‌که‌ن. نزیکه‌ی شه‌ش مانگ لێره مانه‌وه. گوتیان له‌لایه‌ن شێخ
به‌دره‌دینه‌کان، ده‌نیزه‌کان و ماهیره‌کانه‌وه هاتون.
په‌روه‌رده‌یه‌کی سه‌ربازیمان پێدان و رۆیشتن. به‌ڵام شێوازه‌کانیان به
شێوه‌یه‌کی دروست تاقی نه‌کرده‌وه. به‌تایبه‌ت له شوێنێکی وا که‌ڵه‌که
کردنی ئه‌م هه‌مو چه‌ک و چۆڵه، کارێکی هه‌ڵه‌یه."
سه‌یره.
له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ده‌چنه چیای قه‌ندیل، چونکه خۆیان به چه‌پ ده‌زانن.
له‌ناو ریزه‌کانی په‌که‌که په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازی ده‌بینن و
ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی "میللیه‌ت"
- به‌شی هه‌شته‌م
-
(May 30، 2009 - 16:53) -
"سه‌ره‌تا با چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن، که‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر ئه‌وی
تر!" ئه‌مه بو قسه‌ی موراد قه‌ڕه‌یڵان... ئایا سه‌قامگیرکردنی هێنده ئه‌سته‌مه؟
له‌پێناو ئه‌مه د‌ا پێویسته په‌که‌که پاشه‌کشێ بکات و له‌گه‌ڵ سوپا نه‌که‌وێته
پێکدادانه‌وه. به‌ده‌ردی تاڵه‌بانی ده‌ڵێ "په‌که‌که ئاگربه‌ست راده‌گه‌یه‌نێ
به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێویست دور ناکه‌وێته‌وه. له‌شوێنی وا ده‌مێنێته‌وه
که هه‌ر جارناجارێ له گه‌ڵ سوپا ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بێ." هه‌رچی موراد قه‌ڕه‌یڵانه
پێی وایه "ئێمه بڕیاری راگرتنی چالاکییه‌کانمان ده‌ده‌ین و پاشه‌کشێ ده‌که‌ین،
به‌ڵام سوپا هه‌روا هێرشمان ده‌کاته سه‌ر. له وه‌ها دۆخێک‌دا ناچارین
خۆمان بپارێزین." ئه‌م ره‌وشه به‌کوێ ده‌گات؟ گه‌ر به‌کورتی بیبڕینه‌وه:
پێویسته هه‌ر دو لا بوه‌ستن! قامکیان له‌سه‌ر ماشه‌کان لابه‌رن.
هه‌ولێر.
بناری چیای قه‌ندیل... شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردو پاش وتوێژی چوار
کاتژمێریمان له گه‌ڵ که‌سی ژماره یه‌کی په‌که‌که موراد قه‌ڕه‌یڵان به‌سه‌ر
چیا سه‌رسه‌وز و به‌ناو دارستانه‌کاندا به‌ره‌و خوار بوینه‌وه.
خوڕه‌و هاژه‌ی جۆباره‌کان ده‌بیسترا.
کوڕان و کچانی په‌که‌که به ده‌وروبه‌رماندا تێده‌په‌ڕن و به‌مه‌راقه‌وه
لێمان ده‌ڕوانن...
له‌م نێوانه‌دا ده‌وه‌ستین و رێگه به کامیۆنێک ده‌ده‌ین تێپه‌ڕ بێ. له‌پاش
کامیۆنه‌که‌وه پانزه ـ بیست کچێکی په‌که‌که‌یی ده‌بینین که گۆرانی ده‌ڵێن.
هه‌ندێکیان ده‌ستمان بۆ راده‌وه‌شێنن. به‌مجۆره ده‌ڕۆن و له‌ناو
چیاکان‌دا ون ده‌بن.
نامیق دورکان کامێراکه‌ی ئاماده ده‌کا، به‌ڵام وێنه‌کێشان قه‌ده‌غه‌یه.
داخی خۆی ده‌رده‌بڕی و ده‌ڵێ "ده‌ی کاکه، لێگه‌ڕابای وێنه‌ی ئه‌م
کامیۆنه‌م گرتبا و به‌گه‌وره‌یی له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا بڵاومان
ده‌کرده‌وه."
ئه‌و گه‌نجه‌ی له (سامسون)ه‌وه روی له‌قه‌ندیل کردبو
له‌شوێنێک ده‌وه‌ستین.
له‌سه‌ر سنوری هه‌رێمی په‌که‌که....
ئه‌و دو قاچاغچیه له‌وێن که به‌یانی زو له رانیه‌وه هاتون بۆ ئه‌وه‌ی
له‌شاخ بمانبه‌نه‌وه. له‌قه‌راغ ئاوێکی به‌خوڕ حه‌وت هه‌شت په‌که‌که‌یی
بۆ خاتر خواستن ریزیان به‌ستوه.
یه‌کێکیان زۆر گه‌نجه، هێشتا موی ردێنی ده‌رنه‌که‌وتوه.
کڵاشینکۆفه‌که‌ی به شانی خۆێه‌وه هه‌ڵواسیوه که شتێک له خۆی بچوکتره.
له‌سامسون، له‌قۆناغی دواناوه‌ندی وازی له خوێندن هێناوه و روی کردۆته
شاخ... یه‌کێکی تریان له (کۆنیا)وه هاتوه.
به ناو شاخ و داخه‌کاندا ده‌ڕۆین.
ده‌پرسێ "با هه‌مو رۆژێک ئه‌و شاخانه بۆردومان بکه‌ن، چی رو ده‌دات؟"
که ئه‌م دێڕانه ده‌نوسم قسه‌کانی سه‌رئه‌رکانی پێش‌و، ژه‌نه‌ڕاڵی
خانه‌نشین "یه‌شار بویوک ئانیت"م له ئه‌نته‌رنێت به‌رچاو ده‌که‌وێ که
له‌به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی سی و دوهه‌مین رۆژ گوتبوی "ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر هه‌مو هێزه چه‌کداره‌کانی تورکیاش بڕۆن، قه‌ندیلیان بۆ خاوێن
ناکرێته‌وه."
ئایا ئه‌ردۆگان مێزه‌که ده‌کوتێ؟
له‌کاتێکدا جیبی قاچاغچیه‌کان هه‌ڵته‌ک هه‌ڵته‌ک رێگه‌ی ده‌بڕی، ئه‌م
پرسیارانه یه‌که یه‌که هوروژم بۆ مێشکم دێنن.
ئایا په‌که‌که‌ش ده‌گۆڕدرێ؟
ئایا ده‌کرێ بڕوا به په‌که‌که بهێنرێ؟
هه‌لی ئاشتی ره‌خساوه؟
چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن؟
ته‌یپ ئه‌ردۆگان، سوپا....
بۆخۆم له‌خۆم ده‌پرسم:
"له‌تورکیا هه‌مو شته‌کان ده‌گۆڕدرێن، ته‌نانه‌ت په‌که‌که‌ش ده‌گۆڕدرێ،
ئایا ئه‌وه ته‌نها ده‌وڵه‌ته گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت؟"
له‌ڕاستیدا نا، له‌ناو ده‌وڵه‌ت، سوپا و حکومه‌تیشدا له‌مێژه جموجوڵ
هه‌یه. ئه‌و تێڕوانینه تا دێ بڵاو ده‌بێته‌وه که چیتر به چه‌ک بڕ
ناکه‌ین و په‌که‌که به چه‌ک له‌ناو ناچێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌روه‌ها به پێویست ده‌بینرێ که په‌که‌که‌ش کۆتایی
به رێبازی چه‌ک و توندوتیژی بێنێ...
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش له‌ناو ده‌وڵه‌تدا قاڵب و که‌سایه‌تی وا به‌دی
ده‌کرێن که ده‌ربازکردنی ئه‌مانه و به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک پێنگاڤی
رادیکاڵ ئه‌سته‌م ده‌نوێنێ.
به‌ساڵانه پرسیاره هاوشێوه‌کان دوباره ده‌بنه‌وه:
گه‌لۆ ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه؟
بڕیاردانی سیاسی به‌دی ده‌کرێ؟
وه‌ک حیکایه‌تی کوێره‌ماره‌که....
هه‌موان ده‌پرسن:
ئایا سوپا قایل ده‌بێ؟
پرسیار و پرس ئا لێره له‌دایک ده‌بن.
به‌ڵام دو پرسیاری تر گرنگ هه‌یه:
یه‌که‌م، سیاسیه‌کان به‌نیازن؟
دوهه‌م، ئایا چاوگه و ئیلهامێک له ئارا دایه؟
کاتێک له‌قه‌ندیل ده‌هاتینه خوار ئه‌مه‌م به خه‌یاڵدا هات، ئایا ته‌یپ
ئه‌ردۆگان ئه‌گه‌ر بزانێ کێشه‌کان له کوێ گیریان کردوه،
به‌پێداگرییه‌وه مێزه‌که‌ی به‌رده‌می ده‌کوتێ و پڕۆفایلی سه‌رۆکێکی
پێشه‌نگ پێشکه‌ش ده‌کات؟
ئاگربه‌ستی دولایه‌نه
"سه‌ره‌تا با چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن، که‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی
تر"
وا ده‌ڵێ موراد قه‌ڕه‌یڵان....
ئایا جێبه‌جێکردنی زۆر مه‌حاڵه؟ له‌پێناو ئه‌مه‌دا پێویسته په‌که‌که
له‌مه‌یدانه‌که د‌ا نه‌مێنێ و له‌و شوێنانه پاشه‌کشه بکات که ده‌زانێ له
گه‌ڵ سوپا روبه‌ڕو ده‌بێته‌وه.
ئه‌مه خاڵێکی گرنگه.
ئۆکتۆبه‌ری 2007 سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له به‌غدا پێمی
گوت "په‌که‌که ئاگربه‌ستی باش راده‌گه‌یه‌نێ به‌ڵام به گوێره‌ی پێویست
پاشه‌کشێ ناکات. له‌شوێنی وا جێگیر ده‌بێت که هه‌ر جارناجارێ
ده‌سته‌ویه‌خه‌ی سوپا ده‌بێته‌وه." له‌مباره‌وه موراد قه‌ڕه‌یڵان
ره‌خنه له‌سوپا ده‌گرێ "ئێمه بڕیاری راوه‌ستاندنی چالاکییه‌کانمان
ده‌ده‌ین و پاشه‌کشێ ده‌که‌ین، به‌ڵام سوپا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ له
سه‌ر هێرشه‌کانی. له‌وه‌ها دۆخێک‌دا ناچارین خۆمان بپارێزین"
له‌ڕه‌وشێکی ئاوادا پێویسته چی بکرێت؟
گه‌ر به‌کورتی بیبڕینه‌وه؛
پێویسته هه‌ر دوک لا بوه‌ستن!
قامکیان له‌سه‌ر ماشه‌کان لابه‌رن.
ئه‌م مژاره به‌هاری ساڵی 1993ش له گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی
په‌که‌که له‌ڕۆژه‌ڤدا بو. ئه‌و کات دیمیرێل له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆک
وه‌زیران به منی گوت:
"کابرا ئاگربه‌ستی راگه‌یاندوه، ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه
بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ک دابنێن، به‌ڵام به تانک و تۆپ ده‌چینه سه‌ریان.
پێویسته باش بیر بکه‌ینه‌وه."(*)
مانگی ئاوریلی 1993 جه‌لال تاڵه‌بانی پاش ئه‌وه‌ی له شام چاوی به
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان که‌وتبو، به‌په‌یامێکی ئاوا هاتبوه ئه‌نقه‌ره:
ده‌بێ سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منیه‌کانی تورک له‌گه‌ڵ ئاگربه‌ست خۆیان
بگونجێنن؛ ئه‌گه‌ر شتێک له‌گۆڕێیه به‌ناوی ئۆپه‌راسیۆنی به‌هار،
پێویسته بوه‌ستێنرێ؛ له‌داهاتودا لێبوردنێکی گشتی رابگه‌یه‌نرێ،
له‌پێناو چاره‌سه‌ری سیاسیانه چه‌ندین که‌ناڵی جۆراوجۆری دیالۆگ
بکرێنه‌وه...(**)
ساڵی 1993 ئۆجه‌لان ئه‌م په‌یامه‌ی د‌ا.
نێوه‌ڕاستی مانگی ئاوریلی 1993 له‌چاوپێکه‌وتنێکمدا له ده‌ربه‌ندی
به‌قاع، ئۆجه‌لان په‌یامێکی هاوشێوه‌ی پێدام. دروست له‌و سات و
ئانه‌دا، له ناوچه‌ی بینگۆل 33 که‌س شه‌هید بون که هێشتاش چۆنیه‌تی
روداوه‌که رون نه‌بۆته‌وه ـ به‌ڵام به گشتی دان به‌وه داده‌نرێ که
کرده‌وه‌که له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه ئه‌نجام دراوه. به‌مجۆره
ئاگربه‌سته‌که هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هه‌ر له‌و کاتانه‌ش د‌ا سه‌رۆک کۆمار
ئۆزال مرد: له‌باشوری رۆژهه‌ڵات گۆمی خوێن دروست بو: به‌داخه‌وه
ده‌وروبه‌ری 17 هه‌زار تاوانی بکه‌ری نادیار رویان د‌ا و ناوچه‌که
بێمافی گه‌وره و سوسورلوک و ته‌نانه‌ت ئه‌رگه‌نه‌کۆنی به خۆیه‌وه بینی.
ئیراده هه‌بێ، چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌بن
له‌وتوێژه‌که‌ی قه‌ندیلماندا موراد قه‌ڕه‌یڵان چه‌ند جار ئاماژه‌ی به‌و
ده‌رفه‌تانه کرد که له‌پێناو ئاشتیدا له کیس چون و ئاگربه‌ستی ساڵی
1993ی هێنایه‌وه یاد.
16 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کاته‌دا تێپه‌ڕیوه....
ئۆجه‌لان قۆڵبه‌ست کراو ئێستا له ئیمرالییه.
به‌ڵام په‌که‌که له‌ناو نه‌چو و هێشتاش له سه‌ر چیاکان درێژه
به‌مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دا.
به‌ڵام پێموایه ده‌یانه‌وێ دابه‌زن و جارێکی تر ده‌کرێ ده‌رفه‌تێکی
ئاشتی بێته ئاراوه. له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م وه‌ڵامه‌کانی قه‌ڕه‌یڵان و
ئه‌و په‌یامانه‌ی هه‌وڵیدا بیانگه‌یه‌نێته ئه‌نقه‌ره، نیشانه‌ی
دابه‌زین له‌قه‌ندیلیان پێوه بو.
له‌گه‌ڵ ساڵی 1993 لێکچونیان هه‌یه.
ئایا به‌ڕاستی چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن؟
تۆ بڵێی ئاژاوه‌گێڕی دروست نه‌بێ؟
زۆر دور نه‌ڕۆین، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش له (ماردین) کۆکوژیه‌کی سامناک
ئه‌نجامدرا، جه‌رده‌وانه‌کان دانیان به‌وه دانا هێرشه خۆیناوییه‌که‌یان
جۆرێک داڕشتوه که په‌که‌که تێوه بگلێ.
باشه، هه‌نگاوی یه‌که‌م ده‌بێ چی بێ؟
بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان...
هێنده ئه‌سته‌مه؟
ئه‌گه‌ر هه‌ردولا ده‌ستیان له‌سه‌ر ماشه‌ی تفه‌نگه‌کان هه‌ڵگرن،
چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن.
خاڵی گرنگ لێره‌دا ئیراده و بڕیاردانه.
ئه‌مانه هه‌بن، چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌بن.
وا دیاره، له ناو هه‌ر دو لادا، که‌سانی لاگری شه‌ڕ هه‌ن. پێویسته
له‌به‌رامبه‌ر ئاژاوه‌گێڕی ئه‌واندا وشیاری هه‌بێ، له قۆناغێکی ئاوادا،
ئه‌مه خاڵی هه‌ره هه‌ستیاره.
به‌ڵێ، ده‌بێ ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نرێ.
په‌که‌که زیاتر پاشه‌کشێ بکا.
سوپاش هێرشیان نه‌کاته سه‌ر!
پوخته‌ی مه‌به‌ست:
ده‌ست له‌سه‌ر ماشه ئاماده نه‌بن!
موراد قه‌ڕه‌یڵان له‌قه‌ندیل به‌منی گوت "به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان
زستانێکی ئاراممان به‌سه‌ر برد که ئه‌مه له 25 ساڵی رابردو د‌ا نمونه‌ی
نه‌بوه، که‌واته سوپاش ده‌توانێ چاوه‌ڕێ بمێنێته‌وه."
ئایا له‌م پێناوه‌دا، پێویسته ئه‌نقه‌ره ئیراده‌ی سیاسی له‌خۆی نیشان
بدات؟ به‌گوێره‌ی ئه‌و زستانه‌ی ئارامه‌ی له بیست و پێنج ساڵی رابردودا
هه‌مانبو، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی چاوه‌ڕێکردنی سوپا، ئیتر بۆچی ئه‌م
قۆناغه درێژ بێته‌وه؟
به‌ڵێ بۆچی؟
ئه‌گه‌ر چه‌که‌کان نه‌ته‌قێن و ئاگربه‌ستێک دروست بێ، ده‌شێ له‌م
نێوانه‌دا کۆمه‌ڵه میکانیزمی تر بکه‌ونه گه‌ڕ، له‌وانه‌یه قۆناغی
دیالۆگ ده‌ست پێ بکا....
覧覧覧覧覧覧覧-
* حه‌سه‌ن جه‌ماڵ، کورده‌کان، زنجیره کتێبی دۆغان، 2003، ل 64.
** هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل 66.
- به‌شی نۆیه‌م و
کۆتایی -
(May 31، 2009 - 15:03) -
هه‌ولێر.
دواجار هاتمه کۆتایی یادداشته‌کانم. ده‌مه‌وبه‌یان له‌سه‌ر
کۆمپیۆته‌ره‌که‌م دانیشتم. چی بنوسم و چۆن کۆتایی پێ بێنم؟
ده‌یان شت له مێشکمدا دێت و ده‌چێ. وه‌ک هه‌میشه تێبینیه‌کانم له
ده‌فته‌ره‌که‌مدا یادداشت کردوه. دیاره هه‌ندێک هیلاک بوم.
ئێستا ئه‌و شتانه‌ی له مێشکمدا که‌ڵه‌که بون، ده‌مه‌وێ به‌شێوه‌یه‌کی
ئه‌قڵانی و شه‌فاف بیانهێنمه زمان. به‌ڵام چۆن؟
سه‌ره‌تای شه‌سته‌کان له‌ئه‌نقه‌ره له‌به‌شی زانسته سیاسیه‌کانم
ده‌مخوێند. مامۆستاکانی ئه‌و قۆناغه‌مان وشه‌ی کوردیان هیچ نه‌بیستبو و
له وانه‌کانی سیاسه‌ت، سۆسیۆلۆژی و مێژویی تورکیادا به هیچ شێوه‌یه‌ک
وشه‌ی کورد تێنه‌ده‌په‌ڕی و نه‌مانده‌خوێند.
چونکه کورد بونیان نه‌بو... ته‌نها تورک ده‌ژیان.
ده‌وڵه‌ت ئه‌مه‌ی ده‌گوت.
ساڵ هات و چون و ژیان فێری کردم کوردیش هه‌ن.
به‌ڵێ، کوردیش هه‌بون. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان کێشه‌ی کورد بونی نه‌بو.
ته‌نانه‌ت که باسی کێشه‌ی کورد ده‌کرا یه‌کسان بو له گه‌ڵ خیانه‌تکردن
به نیشتمان. ده‌وڵه‌ت نکۆڵی له ناسنامه‌ی کوردی ده‌کرد به‌ڵام
له‌به‌رامبه‌ریدا که‌س فزه‌ی لێوه نه‌ده‌هات. بابه‌تێکی وا له رۆژه‌ڤی
سیاسه‌تدا نه‌بو.
له 27ی مه‌ی، 12ی مارس، 12ی سێپته‌مبه‌ر و سه‌رجه‌م ئه‌و ساڵانه‌ی
له‌لایه‌ن سوپاوه به‌ڕێوه بران، هه‌مو له حاست ئێش و ئازاری
رۆشنبیرانی کورد بێده‌نگ بون.
له‌م ڕوانگه‌وه به‌تایبه‌ت دوای 12ی سێپته‌مبه‌ر، منیش وه‌ک
رۆژنامه‌نوسێک به‌گوێره‌ی پێویست ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی خۆم دروست
به‌جێ نه‌هێناوه.
ساڵی 1984 هات.
مانگی ئوت له ئه‌نجامی هێرشێکدا، په‌که‌که له ئه‌روح و شه‌مدینلی
ده‌رکه‌وته مه‌یدان. چه‌ندین ساڵ پاش ته‌قاندنی ئه‌و فیشه‌کانه،
به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له به‌ڵگه‌نامه فه‌رمیه‌کانی ده‌وڵه‌تدا وه‌ک
بیست و نۆهه‌مین سه‌رهه‌ڵدانی کورد باس له‌و روداوه نه‌ده‌کرا.
سیاسه‌تمه‌داره‌کان به‌تیرۆر وه‌سفیان کرد و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.
پێیان گوتن ئه‌شقیا و کۆکی کێشه‌کانیان نه‌بینی.
له‌م نێوانه‌دا غه‌م و په‌ژاره‌ی گه‌وره دروست بو. سیاسیه‌کان
به‌رده‌وام ئه‌ده‌بیاتی "روناکی ئه‌وسه‌ری تونێل"یان به‌کار هێنا،
به‌ڵام نه توندوتیژی ته‌واو بو و نه په‌که‌که‌ش....
ساڵانی 1984 و 1985 دێنمه‌وه بیر.
له‌و ساڵانه‌دا له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌ی (جمهورییه‌ت)د‌ا،
زیاتر روانگه فه‌رمی و کڵیشه‌ییه‌کانی ده‌وڵه‌تم ده‌نوسیه‌وه. پێموابو
ئه‌رکی ریسواکردنی "تیرۆر و توندوتیژی" به جێ دێنم. به‌ڵێ، په‌که‌که
وه‌ک شێوازی سیاسه‌ت، چالاکی تیرۆر و توندوتیژی په‌سند کردبو و له
کوشتندا جیاوازی نه‌ده‌خسته نێوان زارۆک و پیر و که‌سانی سڤیل له‌گه‌ڵ
سه‌رباز.
بێگومان ئه‌م سلۆگانه هی ئاپۆ بو:
"با بکوژین و ببینه ده‌سه‌ڵاتدار!"
په‌که‌که به ده‌رکه‌وتنی بۆ سه‌ر چیاکان و چه‌ک هه‌ڵگرتنی
له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت وه‌ک رێکخراوێک یاساکانی پێشێل کردبو و تاوانی
ئه‌نجامدابو. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، تێکۆشانی ده‌وڵه‌ت دژی په‌که‌که
"ڕه‌وا" و "به‌رهه‌ق" بو.
له‌مباره‌وه زۆر شتم نوسی.
به تێپه‌ڕبونی زه‌مه‌ن فێری شتێک بوم. ته‌نها گوتنی تیرۆر، رێکخراوی
تیرۆریستی و سه‌رۆکی تیرۆریستان به‌س نه‌بو. کێشه له کوێ د‌ا بو؟
پێویسته له چ رێگه‌یه‌که‌وه بۆ کێشه‌کان بچین؟ چونکه په‌که‌که جۆرێک
"ئه‌نجام" بو. هۆکاری راسته‌قینه "کێشه‌ی کورد" بو. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر
له‌م مه‌سه‌لانه تێبگه‌م به باشوری رۆژهه‌ڵات (باکوری کورستان، و) و
باکوری عێراقدا گه‌ڕام. به‌تایبه‌ت سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌د
له‌ئه‌نجامی گه‌ڕان له‌ناو جوگرافیای کوردستان و دیاسپۆڕای کوردی
له‌کێشه‌ی کورد و مێژو و فه‌رهه‌نگ و ژان و ئازاره‌کانیان گه‌یشتم.
ئه‌وان ساڵان پارته کوردییه‌کان داده‌مه‌زران. داده‌خران. به‌ڵام
تابلۆکه ده‌گۆڕدراو سه‌رله‌نوێ رێبازه‌که درێژه‌ی پێده‌درا. هه‌پ (HEP)
بو به ده‌پ (DEP)، هاده‌پ (HADEP) بو به (DEHAP). دواجار ده‌ته‌په
(DTP) هاته مه‌یدان. سیاسه‌تی کوردی کۆتایی نه‌هات و په‌ره‌ی به
پێشکه‌وتنه‌کانی د‌ا. واته له‌لایه‌که‌وه هه‌ڵوێسته کڵێشه‌ییه‌کانی
ده‌وڵه‌ت و له‌لایه‌کی تره‌وه خودی ژیان.... وشه‌گه‌لی وه‌ک
تیرۆریستانه، تیرۆریست، سه‌رۆکی تیرۆریستان، خیانه‌ت به نیشتمان
به‌رده‌وام له‌سه‌ر زار بون، به‌ڵام په‌که‌که‌ش له‌ناو جه‌ماوه‌ری
کورددا ره‌گی داده‌کوتا. له‌ئه‌نجامی گه‌ڕاندا ئه‌م راستیه‌م بۆ
ده‌رکه‌وت.
دوای چه‌ندین ساڵ په‌یم به‌م راستیه‌ش برد؛
هه‌ڵبه‌ت کورده‌کان هه‌مویان په‌که‌که‌یی نین، هه‌ن ئه‌وانه‌ی
په‌که‌که‌یان خۆش ناوێ، به‌ڵام جیاکردنه‌وه‌ی په‌که‌که و کێشه‌ی کورد
لێکتری، کارێکی سانا نییه. هه‌روه‌ها به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم ئه‌گه‌ر
په‌که‌که له به‌ر چاو نه‌گیرێ، زه‌حمه‌ته کێشه‌ی کورد له‌ڕێگایه‌کی
ئاشتیانه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت.
به‌ڵێ، په‌که‌که رێکخراوێکی چه‌ک به‌ده‌ست بو. توندوتیژی و تیرۆریشی
وه‌ک شێوازێکی سیاسه‌ت په‌سند کردبو. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تاوانبار بو.
له‌به‌رامبه‌ریشیدا تێکۆشانی ده‌وڵه‌ت دژی په‌که‌که "ره‌وا"و
"به‌رهه‌ق" بو.
به‌ڵام به‌دوپات کردنه‌وه‌ی ئه‌مه، کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌بو، چاره‌گه
سه‌ده‌یه‌که ته‌واو نه‌بوه.
له‌لایه‌که‌وه شه‌هید ده‌درا و جه‌رگ ده‌سوتا. ده‌وڵه‌تیش له
په‌ره‌پێدانیاندا، هه‌ڵه و چه‌وتی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوه... ئه‌م
هه‌ڵانه‌ش دڵی دایکانی کوردی پارچه پارچه کرد و ده‌کا.
جا مه‌سه‌له‌که ئاوایه.
دوێنێش وا بو، ئه‌مڕۆش هه‌ر وا ده‌بێ.
زۆر به‌کورتی:
ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کورد له‌م وڵاته‌دا به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر
بکرێ، ده‌بێ په‌که‌که و ده‌ته‌په پشتگوێ نه‌خرێن. له‌م روانگه‌وه
ده‌کرێ وه‌ک وانه‌یه‌ک سه‌یری 29ی مارس بکه‌ین. چونکه ده‌توانین بڵێین
ئاکه‌په له‌باشوری رۆژهه‌ڵات له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا "ده‌ستی
سوپا"یشی له‌پشته‌وه بو. بۆ نمونه تا 29ی مارس ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام
نه‌دراو هێرش نه‌کرایه سه‌ر په‌که‌که.
سیناریۆیه‌کی به‌مجۆره نوسرا.
له‌به‌شی یه‌که‌مدا ده‌ته‌په ده‌نگێکی که‌م به‌ده‌ست دێنێ و ده‌دۆڕێنێ.
له‌به‌شی دوهه‌مدا، بێگومان په‌که‌که له باکوری عێراق له‌لایه‌ن
تورکیا، ئه‌مریکا و ده‌سه‌ڵاتی بارزانییه‌وه ته‌نگاو ده‌کرێ و له‌ناو
چونی ده‌خرێته رۆژه‌ڤه‌وه.
سیناریۆکه به‌مجۆره بو.
به‌ڵام ده‌ته‌په شکستی نه‌هێنا و به پێچه‌وانه‌وه سه‌رکه‌وت. ژماره‌ی
شارە‌وانییه‌کانی ده‌ته‌په که‌متر نه‌بۆوه و زیاتر بو. په‌که‌که‌ش
له‌مڕووه گرنگی به ده‌ته‌په د‌ا. ئه‌مجاره خه‌یاڵی ته‌یب ئه‌ردۆگان
سه‌باره‌ت به ده‌نگی کورد تێکشکا.
ئێستا ده‌بێ چی بکرێت؟
ئایا ده‌کرێ به‌شی یه‌که‌می سیناریۆکه جێبه‌جێ بکرێت؟ سنوره‌کانی
جێبه‌جێکردنی وه‌ها سناریۆیه‌ک ده‌بێ کامانه بن؟ تا چه‌ند ده‌گاته
ده‌رئه‌نجام؟
داواکاری من زۆر راشکاوانه‌یه:
با چه‌که‌کان بێده‌نگ بن!
هه‌روه‌ک پێش قۆناغی 29ی مارس که له‌ماوه‌ی 25 ساڵی رابردودا زستانی
هه‌ره ئاراممان به‌سه‌ر برد، ده‌بێ له‌مه‌و دواش چه‌که‌کان بێده‌نگ
بکرێن. وه‌ک له وتاره‌که‌ی دوێنێمدا ئاماژه‌م پێدا، ده‌بێ په‌له‌پیتکه
له‌سه‌ر ماشه‌کان هه‌ڵبگیرێن. هه‌ردولا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری
ئاژاوه‌گێڕی "شاهین"ه‌کان وشیار بن و به‌شێوه‌یه‌کی جدی میکانیزمه‌کانی
دیالۆگی پشت په‌رده جێبه‌جێ و ئۆرگانیزه بکه‌ن.
|