په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١١

یاداشتنامه‌ی دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى.


بەڕێزان:

- سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان.
- سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان.
- سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

زیندانییانى سیاسیى ، ئەو توێژە خۆبەختکەرەن کە بە شەهیدى زیندو ناودەبرێن و بەوپەڕى لێبوردەییەوە بە گژ سیستمى حوکمى ئەشکەنجە و مەرگى فاشیستەکاندا چونەتەوە ، لە خەباتدا پێشەنگ و سەرقافڵە بون ، لێ ئەمڕۆ لە خراونەتە پەراوێزەوە و ئاوڕى جدییان لێنادرێتەوە ، هەروەکو ئاگادارن زیندانییانى سیاسیى عێراق بە کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات بەسەر کراونەتەوە و بە یاساش ئەو مافانەیان بۆ پارێزراوە ، یاساى ژمارە (٤)ى تایبەت بە زیندانییان لە ساڵى 2006 ەوە لە بەرژەوەندى زیندانییە سیاسییەکانى عێراقى فیدراڵ لەکاردایە و بە شانازییەوە لێیان دەڕوانن ، بەڵام زیندانییانى سیاسیى کوردستان دواى هەوڵ و تێکۆشانى زۆر کە جگە لە قەرەبوکردنەوەى ساڵانى مافخوراویى ڕابردویان ، چاوەڕوانى زیاتریش دەکرا بۆ ئەوەى یاسایەک لە هەرێمى کوردستاندا دەربچوێنرێت لە سەرووى یاساى ژمارە (٤)ى عێراقیشەوە بێت ، کەچى وێڕاى درەنگکەوتنى ، بە پێچەوانەوە بە پڕ کەموکوڕییەوە پێشوازیى لە دەستەبەریى مافەکانیان کرا !

ئێمەى ( دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ) ، دەرگایەکى دەزگاپەیوەندیدارە ( حیزبى و حکومى ) یەکان نەماوە نەیانکوتین بۆ گێڕانەوەى مافى زەوتکراوى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ، چەندین چالاکى مەدەنیى هێمنانە ( خۆپیشاندان ، مانگرتن ، ڕێپێوان ، یاداشت و سکاڵا ) مان گرتۆتە بەر و دەنگى ناڕەزایەتى و بێزاریى زیندانییە سیاسییەکانمان بە شێوازى جۆراوجۆر گەیاندۆتەلایەنە بەرپرسەکان ، تەنانەت پرۆژەیەکى گەڵاڵەکراوى ئامادەشمان خستۆتە بەردەم سەرۆکایەتى پەرلەمان و هیوادارین بەهەند وەربگیرێ و بەمەبەستى وەدەسهێنانى مافى زیندانییە سیاسییەکان کارى لەسەر بکرێ و سوکنایى بەخش بێت بۆیان ، مخابن تا ئێستا بە غەمساردییەوە مامەڵەى لە تەکدا کراوە و وەڵامێکى ئەوتۆمان دەسنەکەوتووە شایەنى ئاستى خەبات و بەڕەنگاربونەوەى ڕابردووى زیندانییە سیاسییەکاندا بێت !

لێرەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین هاوکار و پشتیوان بن لە بەرقەرار کردنى یاسایەک هیچ نەبێت بە لایەنى کەمەوە هاوشێوەى یاساى ژمارە (٤)ى عێراق بێت و هەمان ئەو دەسکەوت و پاداشتانەى بۆ زیندانییەکى سیاسیى عێراق فەراهەم دەکرێت ، لە هەرێمى کوردستانیشدا زیندانییە سیاسییەکان پێى شاد ببن ، چونکە بە سۆنگەى ئەشکەنجەى بەعسییەکانەوە جگە لەو ڕۆڵە بوێرانەیەى بە نەبەردییەوە لە پێناوى پیرۆز ڕاگرتنى ناسنامەى گەل پەتى قەنارەیان هەڵبژارد نەک ملکەچى و چۆکدادان ، لە هەمان کاتدا سەدان هاوڕییان ئێستا ماون و دوچارى جۆرەها نەخۆشى دەرونى و کەمئەندامیى و گرفتى کۆمەڵایەتیى هاتون و لە گوزەرانێکى ناخۆشدا ژیان بەسەر دەبەن ، دابینکردنى مافەکانیان کەمێک لە غەمى کەڵەکەبوى سەرشانیان کەمدەکاتەوە ، بۆ ئەمەش بەڕێزتان بڕیاربەدەستن و دەتوانن بەم ئەرکە نیشتمانى و نەتەوەییەتان پەیامى دڵسۆزیتان بگەیەننە ماڵى تاریک و خوانى بەتاڵى خانەوادەى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان .

بۆ پێشەوە بەرەو کوردستانێکى ئازاد و دادپەروەرانەتر.


دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى
٢٤\١١\٢٠١١

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک