په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

الاتحاد العام للاجئین العراقیین
فیدراسیونی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
INTERNATIONAL FEDERATION OF IRAQI REFUGEES-IFIR

_______________________________________________________________________
 

یاداشت نامەیەک بۆ پەرلەمانتارەکانی سویسرا.


بەریزان پەرلەمانتاری سویسری:


سڵاوێکی گەرم.....


بەناوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقییەوە، لە ڕێگەی ئەم نامەوە دەمەوێت نارەزایەتی توندی خۆم ئاراستەی حکومەتی سویسرا بکەم، بەهۆی ئەو بریارو کە وەزارەتی کاروباری سویسرا داویتی لە 04-05-2007 ناوچەکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی بە ناوچەیەکی ئارام ناساندووە . گوایە لەم هەرێمەدا توندوتیژی گشتی نیە و پەنابەران دەتوانن بگەڕێنەوە ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارولیکدانەوەیەکی ئاوا جگەلەوەی هیچ بناغەیەکی ڕاستی نییە ، هاوکات کراوەتە بەهانەیەک بۆ شانخالی کردنەوەی حکومەتی سویسرا لەبەرامبەر بەو بریارنامە نیودەوڵەتیانەی کە دەیان ساڵە پەسەندتان کردوەو یەکێک لە شانازیەکانی کارنامەی ئینسانی ئەم وولاتە ناسراوە کە پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵی جنیفی 1951 هەروەها جارنامەی مافی مرۆڤە .


ئەم هەڵویست و سیاسەتەی حکومەتی سویسرا بەکردوە هەرەشە لە ژیان و چارەنووسی هەزاران پەنابەری کوردی عێراقی دەکات . تەنانەت حکومەتی سویسرا هەر بەمەوە رانەوەستانەوە کاری گەیاندوە بە شوینێک کە هەزاران پەنابەری تری عێراقی و یا پەنابەری خەڵکی ووڵاتانی تری لە مافی کارکردن و مافی خۆیندن و بەهرەمەندبوون لەگەلێک لە بیمە کۆمەلایەتیەکان بێ بەشکردوە .


کە دیارە ئەمە دواین ئیستگەی هێرشکردنە سەرپەنابەران نیە ، بەڵکو ناچاریان دەکەن بەوەی کە لە کەمپە گشتیەکانیان بترنچینن و بە تەواوی مانا لە کۆمەڵگای سویسرایان دابرن و دیارە ئەم سیاسەتەش بۆ خۆی کاردانەوە ئاکامی زیانباری تر بەدوای خۆیدا رادەکێشی کە سەرەتایترینیان بەهیزکردن و پەرەدانە بە راسیزم و نژادپەرستی .


هەرلێرەشدا دووبارە دەمەوێت بەناوی سەرجەم ئەندامانى فیدراسۆن و تەواوی پەنابەرانی عێراقی کەلەوڵاتانى ئەوروپا ژیان دەکەن و هەروەها بەناوى کەسوکاری پەنابەرانى کوردەوە کەلە کوردستانەوە لەگەڵ فیدراسیۆن پەیوەندىیان گرتووە، نارەزایەتى و نیگەرانی وخۆمان بەرامبەر بەم سیاسەتە حکومەتی سویسرا دەرببرین.


بەرێزان !


خوتان ئاگادارى هەواڵەکانى رۆژانەى نیو رۆژنامە و تەلەفوزیونەکان هەن کەچ کوشتارو و کارەساتێک لەسەر خەڵکى عێراق و کوردستان بڵاو دەکەنەوە. ئەم کارەسات و رووداوانەش لەدواى شەرى یەکەمى کەنەداوەوە وبەدریژایى 17 سالە درێژەى هەیە و هەمووشیان بەرهەمى سیاسەت ولەشکرکێشى ئەمریکا و هاوپەمانانیەتى کە وڵاتانى ئەوروپا لەپشتى راوەستاون. ئاشکراشە کەرووتیکردنى خەڵکی عێراق و کوردستان بۆ دەرەوەى وڵات و هەڵبژاردنى ژیانى ئاوارەیى وپەنابەریتى ریگاچارەیەکى ناچاری بووە. ئەم راستیەش راستەوخۆ بەرهەمى جەنگ و داگیرکارى و کوشتار و میلیتارزمێکە کە ئەمریکا بەسەر خەڵکی عیراقدا دای سەپاندووە و ژیانی ملیۆنەها ئینسانى گیرۆدەى کارەسات و محنەتیکى گەورە کردووە کە لەنیویدا رۆژ نییە دەیان ئینسان ژیانى لەخۆێن هەڵنەکێشرێ.. سەرهەڵدانى شەروکێشمەکیشی ئاینی و تایفی و نەبوونى یاسا و دەوڵەتێک کە لەعێراق و کوردستان پاریزگارى کۆمەڵایەتى وئاسایش بۆ خەڵکەکەى دابین بکات، تیرۆر و کوشتن و ئینسان دزین، تا سەرکوت و ئیعدام وخۆداسەپاندی دەیان رەوتی مەزهەبی تایفی.. لەپاڵ لێشاوى بیکاری و نەبوونى خزمەتگوزارى کۆمەڵایەتى.. بەشێوەیەک کە هیچ سیمایەکی مەدەنی لە کۆمەڵگای عیراقدا بەدی ناکرێ. بە پێ ئەو ئامارانەى کە لەمیدیا جیهانیکاندا بڵاوکراوەتەوە نزیک بە 4 ملیون لە خەڵکی عیراق بە هەموو جین وتویژەکانیەوە ئاوارەی وولاتەکانی وەک سوریا و ئەردەن و لوبنان و میسرو تورکیا و وولاتانی ئەوروپا بوون وئێستاش لەوپەری بارى سەخت و نەهامەتیدا دەژین. لەراستیدا خەڵکی عیراق چیتر ناتوانن لەبەرامبەر هەموو ئەم باروودۆخانەی نیو سەختی ژیان و نەبوونی ئەمنێت و داگیرکاری خۆیان رابگرن و ناچار دەکرێن بەوەى کە ولات بەجى بهێڵن و ژیانی پەنابەریتی هەڵبژیرن.


ناو بردنی کوردستان بە ناوچەیەکی ئارام لەبنەرەتەوە هیچ راستیەکى لەپشتەوە نیە وتەنها تەبریریکە بەدەستى دەوڵەتانى ئەوروپا ولەوانەش دەوڵەتى سویسرا تا لەرێگایەوە سیاسەتى دپیۆرتى پەنابەران و گێرانەوەى بەزۆریان پەیرەوى لیبکەن. ئەمە جگەلەوەى شانخالکردنەوەیەکە لەبەرپرسیاریتى ئەم دەولەتانە لەبەرامبەر هەموو ئەو ئاسەوارانەى کەلەئاکامی جەنگ و داگیرکار ئەمریکادا بەسەر سەرى خەلکى عێراق وکوردستاندا داسەپیندراوە، هاوکات باز هەڵدانە بەسەر هەموو ئەو بیمافى و نەهامەتیانەى کە خەڵکى کوردستان لەماوەى 17 ساڵى ژیر سایەى دەسەلاتداریتى ئەحزابى کوردیدا تەحەمولیان کردووە. دوو ئەحزابی سەرەکى کە لەکوردستاندا بەپشتیوانى سیاسەتى جەنگى ئەمریکا لەناوچەکەدا خوى راگرتووە، بەدەوری خۆی کوردستانیان لە ناجێگیری و نادیارى و سەرگەردانیەکى ئاشکرادا راگرتووە ئەگەر تووندو تیژی گشتی نەبێت ئەوا بە تاکید ئاسایش و ئارامی گشتیش نی یە ، لە کوردستان نە دەوڵەتێک لەئارادایەدا کەخەڵکى کوردستان لەمەترسى دەستدرێژى دەوڵەتانى ناوچەکە لەوانە ئێران و تورکیا و لەشکرکیشى رۆژانەیان بپارێزى، وە نە سیستەم و دەسەڵاتیکى مەدەنى لەسەر کارە کەمافو ئازادی یەکان وپێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵکی کوردستان دابین بکات. دەسەڵاتێک کە لە گەندەلی و فەسادی ئیداری و کۆمەلایەتی غەرق بووە، رۆژانە دەستدریژی بیسنورى هەیە بۆ سەرمافەکانی خەڵکی کوردستان و رۆژانە لەهەوڵی زیندانیکردن وبێ سەروشۆین کردن و راونانی خەڵکی نارازی ونەیارە بەو دەسەڵاتە. تەقەکردن لەخۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵکو پێشیلکاری بەرامبەر بە مافەکانی ژنان منداڵان، تا دەگات بە بەردەبارانکردنی ژنانو ژن کوشتن و ئیغتسابکردنی ژنان لە لایەن بەرپرسیارەکانی ئەم دوو حزبەوە بۆتە مۆدێک کە تەنانەت دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان و لە جیهاندا ناتوانن بەردەپۆشی بکەن و ئەم بێ مافیەی ژنان بشارنەوە.تووندکرنەوەی سەرکوتی سیاسی و نارەزایەتی بەرهەقى جەماوەرى و گرتن و راونانى هەڵسوڕاوانء رێکخەرانى خۆپیشاندانەکان و دەستگیرو زیندانى کردنیان .. .. ئەمانە نمونەیەکى چکۆلەیە لەدەسەڵاتى سەرکوتگەرى لە کوردستان وفاکتۆرێکە کە نائارامیى کۆمەڵایەتى لەکوردستاندا دەسەلمێنن و دەیهێڵنەوە. رۆژنامەنووسان دەرفینرێن بەبێ هیچ پرۆسەیەکی یاسای ورەوانەی زیندانەکان دەکرێن. ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەى لایەنگرى لەخواستى بەرهەقى خەڵک بکەن لیدەدرێن و سەرکوت دەکرین وئازادى هەڵسورانى سیاسیان لیقەدەغەدەکرێ.. تەنانەت راپۆرتی رەسمی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و رێکخراوى هۆمەن رایت ووچ لەسەر ئەم راستیانە شایەتیان داوە و گۆشەیەک لەنائەمن بوونى کوردستانیان بڵاوکردۆتەوە. هەموو ئەم واقعیەتانەش هۆکارێکن کە تا ئێستاو رۆژانە پاڵ دەنى بە دەیان و سەدان گەنج و لاوە بەهەڵهاتن لە کوردستان و روووکردنە ژیانى ئاوارەیى و پەنابەریتى.


بۆیە ئێمە داواکارین لە رێگی ئێوەوە فشار بخەنەسەر حکومەتی سویسرا و ئەو بریارە هەڵبوەشێنەوە و بە چاوێکی ئینسانییەوە لەو کێشانە بروانن و مافی پەنابەری بدەنە پەنابەرانی کوردی عێراقی و ئەم زەخت زۆرە لەسەر پەنابەرانی کوردی عێراقی هەڵگرن ،لەو بارەیەشەوە ئامادەین لەنزیکەوە هاوکاری بکەین لەسەر کەیسەکانی پەنابەران و کێشەکانیان بتان بینین و یارمەتی بدەین بۆ هەر زانیاریەکی زیاتر.


لەگەڵ رێزمدا
دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
9-1-2008

تێبینی:ئەم نامەیە لە رێگای ئەندام پەرلەمانی شاری زوریخ و حزبی سەوز ئاراستەی پەرلەمانتارەکانی سویسرا دەکرێ...
_______________________________________________________________________

PO.BOX1575 ،ILFORD،IG1 3BZ، LONDON.UK www.csdiraq.com www.federation.org
Tel:0044:07856032991