په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠١٠

یاداشتنامەیه‌ک ده‌رباره‌ی کردنه‌وه‌ی زانکۆی گه‌رمیان.


بەرێز وەزیرى خوێندنی باڵا..

دواى ئەوەى خەونی کردنەوەى زانکۆى گەرمیان لەلایەن رێزدار سەرۆکی حکومەت و هەوڵەکانی ئێوەوە کرایە واقیع ، کێشەى ئەو کەسەى پۆستی سەرۆکایەتی زانکۆکە ئەگرێـتە دەست بووە مایەى گفتوگۆ و نیگەرانی ئەو کەسانەى کە پێشتر پەرۆشى کردنەوەى ئەم زانکۆیە بوون . ئەوەبوو چەند ڕێکخراوێکی NGO ى ناوچەى گەرمیان بەهاوکارى ژمارەیەکى بەرچاو خوێنکارى زانکۆ و پەیمانگا هەستان بە سازدانی راپرسیەک لەناو خوێندکاران و کۆمەڵێک لەمامۆستایانی کۆلیژەکانی ناوچەى گەرمیان ، ئەنجامی راپرسیەکە ئەوەى دەرخست کە لەناو خوێندکاران و مامۆستایانیشدا نیگەرانی و ترسێکی زۆر هەیە لەوەى بەرێز ( د. بەهرۆز جاف ) راگرى پێشوى کۆلیژى پەروەردەى کەلار ببێـتە سەرۆکی زانکۆى گەرمیان . بێگومان ئەو ترس و نیگەرانیەیش کە بەرامبەر دانانی (د. بەهرۆز ) هەیە بێ هۆنیە ، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە ناوبراو ئەزمونێکی شکستخواردوی لە راگرایەتیکردنی کۆلیژى پەروەردەى کەلاردا هەبووە ، هەر لە بێزارکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و خراپ مامەڵەکردن لە گەڵ خوێندکاران و چاندنی تۆوی دووبەرەکی و بێمتمانەیى لەنێو مامۆستایان و خوێندکاراندا ، هەروەک ئاگاداریشین لیژنەى پەروەردە و خوێندنی باڵاى پەرلەمانی کوردستان بە وردی ئاگادارى گیرۆدە بونی کۆلیژەکە بوون بە دەست ئەم بەڕێزەوە و راپۆرتێکی وردیان بۆ ئەو مەبەستە ئاراستەى وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە ...


بەڕێزان : دوا هەڵوێستی کاندیدەکەى پۆستی سەرۆکی زانکۆى گەرمیان هەڕەشەى کوشتن و رفاندن بووە لە چالاکوانێکی بوارى ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگاى مەدەنی ، تەنها لەبەر ئەوەى بەشدار بووە لە ئەنجامدانی راپرسیەکەدا ، لێرەوە جێى خۆیەتی بپرسین کادیرێکی پەروەردەیى کە هەڵوێستی لەو شێوەیەى لێ بوەشێتەوە ، ئەشێت چ بەشداریەکی هەبێـت لە بونیادنانی ئەو زانکۆیەى چەندین ساڵە گەرمیانیەکان خەونی پێوە ئەبینن .هەر بۆیە داواکارین لەبەرێزتان لە دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆى گەرمیاندا رەچاوی ئەو ترس و نیگەرانیانە بکەن کە لەناو خەڵکی گەرمیاندا بەرامبەر ئەم کاندیدەى پۆستەکە هەیە و هەوڵ بدەن کەسێکى بۆدامەزرێنن لە ئاستی خولیا و ویسته‌کانی وەزارەتەکەى بەڕێزتان و خوێندکاران و مامۆستایانی زانستدۆستی ناوچەکەیشدا بێت .


ناوی ئەو ڕێخراوانەى یاداشتەکەیان واژۆ کردووە:


1- کۆمەڵەى خوێندکارانی کوردستان – لقى گەرمیان .
2- یەکێتی گشتى قوتابیانی کوردستان – لقى گەرمیان .
3- رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانى کوردستان - لقى گەرمیان .
4- یەکێتی لاوانی دیموکراتی لە کوردستانی عێراق - لقى گەرمیان .
5- رێکخراوی قوتابیانی کوردستان ناوەندی گەرمیان .
6- کۆمەڵەى ئافرەتانی کوردستان - لقى گەرمیان .
7- کۆمەڵەى پەیامی گەرمیان .
8- رێکخراوی مامۆستایانی پیشەیى - لقى گەرمیان .
9- گروپی بەگژاچونەوەى گەندەڵى لە گەرمیان .
10- گروپی گەنجانی بوێر .