١\٥\٢٠١٢
یاداشتنامەیەک و روونکردنەوەیەک لە بارەی رووداوەکەی خانەقین.
یاداشتنامە.
بۆ:
- وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان
- رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنانی لە کوردستان
- رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ
- کەناڵەکانی راگەیاندن
جەنگێکی رەگەزانە باڵادەستە و دەبێتە ھۆی زەوتکردنی جنسی کچان و ژنان و
بڵاوکردنی ڤیدیو و وێنەکانیان، کوشتنی ژنان بەناو"پاراستنی شەرەف"،
بەکارھێنانی زەبروزەنگ لەلایەن باوک، برا و مێرد و ئەو جۆرە
ھاوسەرگیرییانە کە ئەقڵ و ھەستی کچان پێشێلدەکەن. ئەو جەنگە بەرھەمی
ئەقڵ و فکری پیاوسالارییە و قوربانییەکانی ھەمیشە لە رەگەزی مێینەن.
بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، ئێمە وەک رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی
مەدەنی دژ بە تاوانی زەوتکردنی(ن.م، تەمەن١٥ساڵ) لەلایەن(ە.د) و
بڵاوکردنی کرتەی ڤیدیوی تاوانەکەی لەبەردەم دادگای خانەقین
گربووینەتەوەو داواکارین:
١- تاوانبار(ە.د) و ئەوانی ئەم جۆرە تاوانە ئەنجامدەدەن، بە ئاشکرایی
دادگایی بکرێن.
٢- ژیانی ھاوڵاتی(ن.م) و ھەر کچێکی تر کە بەم شێوە دڕندانەیە رەفتاری
لەگەلدا دەکرێت، بپارێزرین و لە سەنتەری تایبەت بەم جۆرە قوربانییانە
لەلایەن دەروونناسان خزمەت بکرێن.
٣- سزای قورس دژ بەو کەسانە دەربکرێ کە ھەر جۆرە کرتەی ڤیدیویی و وێنەی
کچان و ژنان بۆ شکاندنی کەرامەتیان یان بۆ ھەڕەشەکردن و قۆڵبڕین،
بڵاودەکەنەوە.
٤- رێگرتن لە چارەسەرکردنی ئەو تاوانە لە دەرەوەی دادگا.
٥- دامەزراندنی لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی لە خوێندنگاکان,
٦- کردنەوەی سەنتەری پاراستنی کچان و ژنان لە قەزای خانەقین.
٧- تەرخانکردنی ژمارە تەلەفۆنێک بۆ قوربانیانی ئەم جۆرە تاوانانە و
بڵاوکردنی لە کەناڵەکانی راگەیاندن.
٨- رێکخستنی خولی ھوشیارکردن دژ بە ئەقڵ و ھزری سێکسیزم.
لێژنەی بەرگریکردن لەبەرژەوەندییە گشتییەکان،
رێکخراوی ماردین، قوتابخانەی کوردستان، ناوەندی چارەسەرکردن و
بەرێوەبردنی کێشەکان، ئامادەیی پیشەسازی خانەقین، سەنتەری راگەیاندنی
ژنان، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان، رێکخراوی
گوڵەکانی خانەقین، حیزبی ئایندەی کوردستان، تیپی مۆسیقای خانەقین،
سەنتەری مرواری، ریکخراوی کارکردن لەپێناوی ئاشتی، رۆژنامەی رۆژی نوێ.
٢٩\٤\٢٠١٢
- خانەقین
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
روونکردنەوەیەک لە بارەی راگەیاندنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
ھەولێر لە بارەی (رووداوەکەی خانەقین).
١- لە راگەیاندنەکەیان ھاتووە: (مەبەست لەو کارە تەنھا زڕاندنی
ناوبانگی کورد بووە لە ناوچەکە).
لەم بارەیەوە دەڵێین:
ا- ئێمە خۆمان دانیشتوی ناوچەکەین و کوردین و
لەناو خەڵک ناسراوین و سەددان چالاکی و نووسین و ھەوڵ دووباتی ھەوڵمان
دەکەن بۆ بەرزراگرتنی کەرامەت و کەسایەتی دانیشتوانی ناوچەکە بە ھەموو
پێکھاتەکانیەوە.
ب- دیاردەی زەوتکردنی سێکسی یەکێکە لە دیاردە قیزەوەنەکانی ھەرە
کۆنەکانی ئەقڵ و فکر و دەسەڵاتی باوکسالاریی و ھیچ پەویەندی بە ناوچە،
نەتەوە، وڵات و مەزھەبەوە نییە. ئەم تاوانە لە سەرتاسەری جیھان بە
جەلەولا و خانەقینیشەوە روودەدەن. جەلەولا ناحییەیەکە سەر بە قەزای
خانەقین.
٢- لە نووسراوەکەیان ھاتووە: (ئەو کارە دوورە لە راستییەوە و ھیچ کەسێک
لەو کرتەیەدا بە زمانی کوردی قسە ناکەن.)
ئێمەش پێمانوایە: لە کرتەکە بە ھیچ زمانێک قسە ناکرێ، بەڵام
تاوانبارەکە(ە.د)کوردە و پیشەکەی وێنەگرە لە شاری جەلەولا و
قوربانییەکەش کوردە و ناوی(ن.م)ە.
٣- زۆر شەرمە بۆ نوێنەرانی رێکخراوگەلی بەناو مەدەنی پاش بینینی کرتەکە،
بنووسن(ھیچ رووداوێک رووینەداوە کە دەستدرێژی کرابێتە سەر ھیچ تاکێکی
کورد یان بە پێچەوانەوە، ھیچ تاکێکی کورد دەستدرێژی نەکردووەتە سەر کەس).
لەم بارەیشەوە دەڵێین: لاقەکردنی کچێکی ١٥ساڵانە و بڵاوکردنی، بە ھەموو
پێوەرێکی یاسایی یان ئەخلاقی و رۆژنامەگەری، دەستدرێژی سێکسییە و ھەر
بەم ھۆیەشەوە تاونبار لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ
دەرکراوە و لە زیندانە.
ئامانجی ھەموو لایەک سەروەری یاسایە و لەم کەیسە یاسا بە ئەرکی خۆی
ھەستاوە، کەچی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەولێر گومان لە سەروەری
یاسا دەکەن!
لەراستیدا ئێمە پەشوکاوین لە ھەڵویستی ئەو رێکخراوانە، چونکە دوا
قسەیان ئەوە بوو کە پشتوانیمان لێدەکەن، بەڵام بە ھەڵویستەکەیان،
دەسەڵاتی ھەزاران ساڵەی ئەقڵ و فکری باوکسالاری رەنگیداوەتەوە!
لێژنەی بەرگریکردن لەبەرژەوەندییە گشتییەکان
٢٩\٤\٢٠١٢
خانەقین
|