١٢\٤\٢٠١٢
یاداشتنامەی
مانگرتووان گەیەنرایە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمڕۆ کاتژمێر ٣,٣٠ ی پاش نیوەڕۆی رۆژی چوار شەمە ١١ی نیسان , شاندێکی
کەمپینی پشتگیری لە مانگرتووانی باکوری کوردستان کە پێک ھاتبوو لە ((
کەریم چۆمانی , نەجیبە عومەر , عەلی مەحمود )) بە نوێنەرایەتی
مانگرتووانی بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێری
پایتەختی ھەرێمی کوردستان , یاداشتنامەی مانگرتوانیان گەیاندە
نوێنەرایەتی یۆنامی لە ھەرێمی کوردستان , شاندەکە لە لایەن رێزدار
سۆکۆل کۆندی بەرپرسی نووسینگەی ھەرێمایەتی لە ھەولێر و رێزدار عەزیز
بەرزنجی بە گەرمی پێشوازیکران ,بەرپرسی نووسینگە زۆر بە وردی گوێبیستی
داواکاریی مانگرتوان بوو کە لە یاداشتنامەکەدا لە خوارەوە ھاتووە,
ھاوکات باسی پەلاماری مانگرتوان لە لایەن پۆلیسی ھەولێرەوە کرا ,
بەڕێزی بەڵێنی دا یاداشتنامەی مانگرتووان بگەیەنێتە ئەو شوێنەی لە
یاداشتنامەکەدا داوا کراوە .
یاداشتنامەی مانگرانی ٦ رۆژەی بەردەم بارەگای
نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر.
بەڕێز: نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگای نوێنەرایەتی لە ھەرێمی کوردستانی
عێراق.
ئێمە کە نوێنەری کۆمەڵێک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی سەربەخۆ
لە چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی و پارێزەری مافی مرۆڤین لە ھەرێمی
کوردستان, لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان, لە شاری ھەولێر
پایتەختی ھەرێمی کوردستان, بۆ ماوەی ٦ رۆژ لە ٧ی نیسانەوە تا ١٢ی نیسان
دەستمان داوەتە مانگرتن, بۆ پشتیوانیکردن لە داواکاریەکانی زیاتر ٢٠٠٠
مانگرتووی زیندانەکانی تورکیا, کە ماوەی ٥٨ رۆژە دەستیان داوەتە
مانگرتن ,ھاوکات ١٥ سیاسەتمەداری دیکەی کورد لە ١ ئازارەوە لە مانگرتنی
بەردەوامدان, بەھۆی مانگرتنەوە ژیانی ئەو مانگرتووانە تا ئاستی
مەترسیدار خراپبووە, داواکارین لە بەڕێزتان پشتیوانی بکەن لە
داواکاریەکانمان کە ھاوکات داواکاری سەرجەم مانگرتووانە لە تورکیا و
ئەوروپا, کە بریتین لە :
١- بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و پەیمانامە جیھانیەکان لە
پاراستنی زیندانیانی سیاسی, مامەڵە لە گەڵ زیندانیانی سیاسی لە تورکیا
بکرێت .
٢- قەدەغە کردنی چاوپێکەوتن لە گەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە گەڵ
پارێزەران و کەس و کاری لە لایەن دەسەڵاتی تورکیاوە ھەڵبگرترێت, کە
ماوەی ٢٦١ رۆژە دیداری تایبەتی ئەو لە گەڵ پارێزەرو کەسوکاری لێی
قەدەغە کراوە,داواکارین رێگا بە چاوپێکەوتنەکانی بدرێت و رۆڵی خۆی لە
کۆتایی ھێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد لە تورکیا
بگێڕێت .
٣- بارو دۆخی ژیانی خراپی ناو زیندانەکانی تورکیا چارەسەر بکرێت .
٤- ئازاد کردنی زیاتر لە ٧٠٠٠ زیندانی, کە بەشێوەی رەشۆِکی لە لایەن
ھێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە بە تاوانی سیاسەتکردن گیراون, کە لە ناویاندا
ژمارەیەک منداڵ ھەیە.
٥- داواکارین رۆڵ بگێڕن لە کۆتایی ھێنان بە شەڕ لە تورکیا و کپکردنی
تفەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا, بە پێی پەیماننامەکانی
نەتەوە یەکگرتوەکان .
کۆمیتەی پشتیوانی لە مانگرتوانی باکوری کوردستان
ھەرێمی کوردستان-ھەولێر
١٢\٤\٢٠١٢
|