٧\٧\٢٠١٣
یادەوەرییەکانی ١٨ی
ئازار،
ڕۆژی ساڵیادی کۆمونەی پاریس و شوراکانی کوردستان.
ھەژێن
ھەرچەندە من لە ڕۆژانی ڕاپەڕین و سەردەمی سەرھەڵدان و تێکشکانی "بزووتنەوەی
شورایی کوردستان”دا، لە ھەرێمی کوردستاندا نەبووم، بەڵام بەجۆرێک لە
جۆرەکان بەشێکبووم لەو بزووتنەوەیە. کاتێک کە تێکشکانی بزاڤی چەکداری و
ئاوارەبوون ئێمەی کردە پەنابەری نێو ئۆردووگەکانی وڵاتانی دەوروبەر،
بواری زۆرتر ئاشنابوونم بە بزووتنەوەی جەماوەریی و خەباتی جەماوەریی و
شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەخسا و بە دابڕانم لە بزاڤی چەکداریی، ئاسۆیی
بیرکردنەوەم فراوانتر و خوێندنەوەم بۆ مێژووی بزووتنەوە جۆرا و جۆرەکان
پەرەیسەند و ھەلم بۆ ڕەخسا، کە لەو بارەوە بۆچوونی تایبەتی خۆم بەپێی
تێگەییشتن و پێگەییشتنی خۆم، پەرەپێبدەم.
وەھا سەرەتایەک بوو، بوو بە ھاندەرم بۆ کارکردن و چالاکی لەنێو
پەنابەران و بانگەوازکردن بۆ پێکھێنانی شورای سەربەخۆیی پەنابەرانی
خۆیان و پوچەڵکردنەوەی ھەوڵی بەکرێگیراوان و شوراکانی کۆماری ئیسلامی
ئێران، کە بە ئاشکرا و نھێنی لە ڕێگەی ڕەوتە ئیسلامییەکانی نێو
ئوردووگەکانی پەنابەراندا، کۆماری ئیسلامی دەیسەپاندن و دەیکردنە
دەمراستی خەڵکی. ھەرچەندە ھەوڵ و کۆششی من و ھاوڕێکانم بەرەنجامێکی
ئاوای بەدەستەوەنەدا، بەڵام ھیچ کات تا کاتی گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی
کوردستان، دەستبەرداری پاگەندە و ھەوڵدان بۆ وەھا شورایەک نەبووم و
ھاوکاتی پاگەندەکردنم بۆ ڕێکخراوە و یەکێتی جەماوەریی کرێکارانی
کورەخانە و کیشاوەرزی، بەردەوام کارم لەسەر ھوشیاریی کەسەکانی دوروبەرم
لەبارەی بزووتنەوەی جەماوەریی و کارایی سەربەخۆبوونی و ڕۆڵی لە
بەدیھاتنی داخوازییەکانی پەنابەراندا، دەکرد.
گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی کوردستان، ھاوکاتی دەنگدانەوەی ڕەخنەکانی ئیرەجی
ئازەرین [ئەندامی فراکسیۆنی کۆمونیزمی کارگەریی نێو پارتی کۆمونیستی
ئێران (حکا) و دواتر یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کۆمونیستی کارگەریی
ئێران (حککا) و پارتی کۆمونیزمی کرێکاریی عیراق (حککع)] بوو. ئەودەم
تەواوی لایەنگرانی ڕەوتی کۆمونیزمی کرێکاریی، بە ھەموو ھێز و
توانایانەوە، لە ھەوڵی خۆتەکاندن لە تۆزوگەردی ڕۆژانی ڕاپەڕین بوون و
ڕاپەڕینیان تا ڕادەی بەگاڵتەگرتن و بە چەتەگەریی چواندن و لە باشترین
باردا خۆیان واتەنی بە "ھەڵچوونی تاڵانگەرانەی جوتیاریی" دەچواند و
ھەموویان بەپێچەوانەی ئێستاوە، کە خەریکی نۆرەبڕێیکردن و خۆکردنە ڕۆڵەی
ڕاپەڕین و قارەمانسازیین، کەوتبوونە نکۆڵیکردن لەوەی کە بەشدار یا
لایەنگری وەھا ڕاپەڕینێکی سەربەخۆی جەماوەریی بووبن. تەنیا یەک شت
نکۆڵییان لێنەدەکرد، ئەویش ھەوڵدان و پاگەندەیان بوو لە ڕۆژانی پاش (ڕاپەڕین)دا
بۆ شورا کرێکارییەکان، ھەرچەندە ئەوەش بە ھەمان ورە و لێبڕاویی
ئەوسایانەوە نەبوو، پارادۆکسی شانازیی ڕۆژانی ڕاپەڕین و پەشیمانی و
ڕەدووکەوتنی ڕەخنە ئایدیۆلۆجییەکەی (ئیرەجی ئازەرین)، بووبووە باری
گرانی سەرشانیان و لە شەڕەدەندووکی سکتاریستییان لەتەک لایەنگرانی
شورای خەڵکیدا، زمانی کولکردبوون.
بەڵام بۆ من، کە پێناسە و لێکدانەوەی خۆمم بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی ھەبوو،
ھەگیز بەدەم ئەو سووکایەتی و گاڵتەکردنانەوە پێنەکەینیم، کە ڕاپەڕینیان
بە تاڵانی و ڕاورووت دەچواند و ھەرگیزیش جوتیارییبوونی ھیچ ڕاپەڕینێکم
بە کەمیی نەزانی و وەک ئەوان جوتیارانم بە ناشۆڕشگێڕ ناونەبرد. ھەر لە
دووەمین ڕۆژی پەیوەستبوونم بە ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمونست)ەوە، ھەستم بە
جیاوازیی بۆچوونم، بەتایبەت لەمەڕ ڕاپەڕین و لێکدانەوە دوور لە
کەتوارییەکانی (ئیرەجی ئازەرین) لەتەکیاندا کرد، لێرەا ناچمە نێو
قوڵایی ئەو بابەتە، چونکە لە [یادەوەریی و ئەزموونەکانی ڕۆژانی
چەپایەتیم]دا فراوانتر لەو بارەوە ڕوونکردنەوە دەدەم.
پاش داخستنی بنکەی ڕەوتی کۆمونیست و پووچەڵبوونەوەی بڕیاری ڕەوکردنی
ھەموو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بۆ ھەندەران، بۆنە و ساڵیادەکانی ٨ و ١٨ی
ئازار و یەکی ئایار و ....تد بوونە سەکۆیەک بۆ پاگەندەی ڕێکخراوەیی و
ئایدیۆلۆجی. پاش شکستی بزاڤی شورایی و داخستنی بنکەکانی ڕەوتی کۆمونیست،
یادی ١٨ی ئازار دووەمین مەراسیم بوو، کە چەپی دەھێنایەوە ڼێو مەیدان و
بە کۆمەڵگەی دەناساندەوە. بۆ من یادی (کۆمونەی پاریس)، شتێکی تازە و
نائاشنا نەبوو، ھەموو ساڵێک لەتەک ڕادیۆ کۆمەڵە و لە ڕێی بەرنامە
تایبەتەکانی لەو ڕۆژەدا، ئاشنای بەسەرھات و ڕووداوەکان و ئەدەبیاتی ئەو
ساڵیادەبووم، ئەوەی کە بۆ من نوێ بوو، ھەم بەشداریکردنی چالاکانەی خۆم
بوو لەو ساڵیادەدا و ھەم بەشدارییکردنم بوو لە یادی "بزووتنەوەی شورایی"
ھەرێمی کوردستاندا، کە دەیتوانی بەجۆرێک خۆزگە و ئەفسووسەکانم بۆ
بەشداریکردن لەو بزووتەنەوەدا، کەتواریی بکاتەوە. بەو بۆنەوە،
حەزمدەکرد لەو ڕۆژەدا بە ھەموو بوونێکمەوە، توانا و وزەم بۆ ئەو یادە
بخەمەگەڕ.
١٨ی ئازاری ١٩٩٢ سلێمانی.
بە وەھا ئامادەییەکەوە، بەشداری یادی ١٨ی ئازار؛ ساڵیادی "ڕۆژی کۆمونە"
و ساڵیادی "بزووتنەوەی شورایی" لە کوردستانم کرد. ئەو کات ئەزموونی
چالاکی و ئامادەکارییمان زۆر کەم بوو، پاش مەراسیمی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی
جیھانی ژنان، ئەوە دووەمین مەراسیم بوو، کە ئامادەکاریمان بۆ دەکرد،
دابەشکار و جیاکردنەوەی دەستەکانی ئامادەکاریی لەئارادانەبوو،
ھەندێکمان خەریکی پاگەندە و ئامادەکردن و زیادکردن و بڵاوکردنەوەی
پلاکارت و بانگھێشتکردنی جەماوەر بوون، ھەندێکی دیکەش خەریکی
ئامادەکردنی شانۆیی و سروود بوون و ئەوانی دیکە وەک پیشەی ھەمیشەیی
ڕێکخراوەی ڕامیاریی خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ وتاردان.
من ھەم لە گروپی سروودوتندا ھەبووم و ھەم لەبەر نەخۆشبوونی ھاوڕێیەک لە
پرۆڤەی شانۆییەکەدا بەشداربووم. ھەروەھا پێش ئامادەکاریی مەراسیمەکە،
سەرنووسەری یەکێک لە گۆڤارەکانی ئەو دەمە، داوای وەرگێڕانی شانۆنامەی [
"نە بۆ دەنگدان / نا بۆ ڕیفراندۆم"، نووسینی بێرتۆڵد برێشت]ی لە زمانی
فاسییەوە، لێکردم و منیش پاش ماندووبوونێکی زۆر و وەک یەکەمین
وەرگێڕانی دەقی فارسی، تەواومکرد، بەڵام بەداخەوە، ھەرچەندە دواتر
بەناوی خۆیانەوە بڵاویانکردەوە، بە منیان گوت "وەرگێڕانەکەت چاک نییە".
ئەگەر بە باشی لەبیرممابێت، وابزانم ھەر ئەو دەقە شانۆییە بوو، کە تیپە
شانۆیییەکە [بەداخەوە دڵنیانیم، کە ئایا تێپی شانۆی ئایار بوو یا تیپی
شانۆی نینا] بۆ یادی ١٨ی ئازار پرۆڤەی دەکرد.
بەڵێ ئەو ڕۆژە بۆ من، ھاتنەدی خەونێکی دێرین بوو، کە لە سەرزەمینی
ڕاپەڕینی ٧ی ئازاری ١٩٩١دا لەو ڕۆژەدا دوا پەیام و سروودی کۆمونارەکانی
پاریس بە گوێی ھاوچینەکانمدا بچرپێنین و لە یادی "بزووتنەوەی شورایی
کوردستان"دا ئەو دەنگانە بێننەوە سەرشانۆ. ڕۆژێک، کە ھەرگیز وێنە و
یادەوەرییەکانی چۆنیەتی کارکردن و لەخۆبردوویی ئەو ڕۆژانەی ھاوڕێیان و
نادەربەستی و وێناکردنی ناکەتوارییانەی ئەم ڕۆژانەم بەیەکەوە بۆ
کۆناکرێنەوە. وێڕای
یادەوەرییە خۆشەکانی ئەو ڕۆژە، دەنگبڕان و
برینداربوونی دەنگەژیـم لە کاتی وتنی سروودی "ھاوڕێیانی گیانبەختکروو ؛
بەڕێزە گیانبازیتان "، کە بەھۆی زاڵنەبوونی ھاوڕێکانی تەنیشتمەوە بەسەر
ھۆنراوە و ئاوازەکەیدا، ناچاربووم، بۆ پڕکردنەوە و بەرزکردنەوەی دەنگی
ئەوان، من فرەتر دەنگھەڵبڕم، ئەمە بووە ھۆی تێکچوونی دەنگەژێم بۆ
ھەمیشە.
بەڵێ ئەو ڕۆژە دڵخۆشی و ورەبەرزیی و بوژانەوە باڵی بەسەر گشت ئەو
ھاوڕێیانەدا وەک یەک جەستە و یەک دەنگ و یەکخواست کێشابوو، ئەوانەی کە
ئەمڕۆ وەرەمی پارتایەتی سەراپایانی تەنیوە و کردوونی بە ھەزار و یەک
پارچەوە و ھەر چەند کەسێکیان لە بەرامبەرکێی دەسەڵات و
ناوبانگخوازانەدا، پارت و ڕێکخراو و گروپێکیان قوتکردووەتەوە و کەس
ئامادەی گوێگرتن لە کەسی دیکە نییە و ھەر کەسە خەریکی دەبەنگنیشاندانی
بەرامبەرەکەیەتی، کە لە ڕاستیدا ئەگەر دەبەنگییەک لە ئارادابێت، ئەوا
تەنیا ئەو سکتاریزم و دەسەڵاتخوازییە پارتییەیە، کە باڵی بەسەر ھۆش و
بیرکردنەوەی زۆربەیاندا کێشاوە و ھاوڕێیانی دوێنێی کردووەتە دوژمنی
سەرسەختی ئەمڕۆی یەکدی.
ڕۆژگارێک کە کۆمونیستخوازەکان، پارتی پۆڵایینیان نەبوو و بەسەر کۆمەلێک
ڕێکخراو و دەستە و کۆڕ و کۆمەڵی جیاوازدا دابەشبووبوون، ھەمووان لە
بەرەیەکەدا وەک بۆچوونە جیاوازەکانی ئاوەزێک و بوونێک (جەستەیەک/ کەسێک)
دەردەکەوتن، بەڵام ئەمڕۆکە پاش ئەوەی کە بە فەرمانی سەرووی خۆیان لە
پارتێکدا توانەوە، بوونە خاوەنی دەرزەنێک پارتی لەیەکچوو بەڵام تینووی
خوێنی یەکدی. کاتێک وێنەکانی پاش تەواوبوونی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٢
دەھێنمەوە پێشچاوم، کە ھەمووان سەرەڕای جیاوازیی بۆچوون و تێڕامانیان،
بەڵام لە کەشێکی ھاوڕێیانە و زانیارییخوازانەوە خەریکی مشتومڕبوون،
بەداخەوە ناتوانم بۆ ھیچ کەسێکی بسەلمێنم، ئەو کەسانەی کە لەوێدا بوون،
ھەر ئەوانەن، کە ئەمڕۆ لە کایەی پارت و لیدەرچیەتی و ھەڵپەی پلەوپایە و
ناوبانگدا تا بینەقاقا نوقمی کولتوور و بیرکردنەوەی بۆرجوازییانە بوون
و لەبری ڕەتکردنەوەی سەروەریی بۆرجوازی کورد، گلەیی لێدەکەن و خەریکی
ئامۆژگارییکردنینی، کە چۆن سەرۆکی باش و میرایەتی باش و پارتی باش و
پارێزەری دێمۆکراسی پارلەمانی و سەروەریی یاساکەیان بن!
١٨ی ئازاری ١٩٩٣ ھەولێر.
لە ھەولێر بەپێچەوانەی سلێمانییەوە، وەک پێشینەی مەراسیمەکانی پێشووتر،
بەر لە مانگێک کەوتینەخۆ و بانگەوازمان بۆ کۆبوونەوەی گشتی گشت چالاکان
و بەشداری و پێکھێنانی کۆمیتەی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٣ی ھەولێر کرد،
وەک ھەموو جارێک ھاوڕێیانی ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی دیکە (ڕەوتی
کۆمونیست و یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کرێکاری و سەرنجی کرێکار) و
ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی وەک ھاوڕێیانی یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی
ئاوارەکان و ھاوڕێیانی کانونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ و دەستە و کۆڕ
و کۆمەڵەکانی دیکە و تاکە سۆشیالیست و نزیکەکانی ئەو ڕێکخراو و کۆڕ و
کۆمەڵانە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بەشدارییانکرد، لە ھاوڕێیانی بەشدار [
ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان)، جەمال چاوشین، عەبدولراحمان مەولوود، گۆران
عەبدوڵڵا، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئەحمەد پاشا، دلێر، ئارام عەلی،
جەعفەر عەلی، ناڵە حەسەن، ھیوا، بەختیار، بەخیتیار (کرێکاری کارەبا)،
سۆران کەریم، ھیوا کەریم، رێبوار میدحەت، مامە کەریم، کاوە حەسەن، من و
کۆمەڵێکی دیکە ھاوڕێ] بەداخەوە تەنیا ناوی ئەمانەم لەبیرماوە. لەم
کۆبوونەوەدا بەپێی ئامادەیی و خۆبەخشیی کەسەکان دابەشکار کرا و
لێژنەکانی ئەنجامدانی کارەکان پێکھێنران و ڕۆژی کۆبوونەوەی
سەرپەرشتیکارانی لێژنەکان دیاریکران و ھەر لێژنەش سەرخەتی کارەکانی خۆی
دەستنیشانکردن.
ئەگەر بەھەڵەدانەچووبم، ئەو دانیشتنەمان لە بنکەی کانوونی ھونەر و
ئەدەبیاتی شەبەنگ واتە شوێنی پڕڤەی تیپی شانۆی مژدە یا لە بنکەی یەکێتی
بێکاران، ئەنجامدا. وەک جارەکانی دیکە، من کەوتمەوە لێژنەی ھونەری و
لێژنەی پاگەندە و بڵاوکردنەوەی پلاکارت و ڕاگەیاندن، ھەروەھا وەک
نوێنەری لێژنەی خۆجێی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست، لەبەرئەوەی ڕێکخراوەکەی
ئێمە بەشی ئاشکرای ھەبوو، گرتن و مۆڵەتوەرگرتنی ھۆڵ بۆ مەراسیمەکە بە
ئێمە سپێردرا و منیش ئەو داواکارییەی کۆمیتەی مەراسیمەکەم بە نوێنەری
بەشی ئاشکراوی ڕێکخراوەکەمان لە ھەولێر گەیاند و ئەویش لەوە دڵنیای
کردمەوە، کە بێخەم بم و ئەوە کاری ئەوە و زوو ئەنجامیدەکات و نامەی
مۆرکراو بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگەی ئاساییش، ئامادەدەکات و بەخۆی
جێبەجێیدەکات.
ھەرچەندە ناکۆکی بیرکردنەوە و بۆچوون و شێوازی کار و ھەڵسوکەوتمان
لەتەک ڕێکخراوەکانی دیکەدا، جیاواز بوو و سووکە گومانێکم لەوە ھەبوو،
کە کارەکە ئەنجامنەدات، بەڵام لەولاشەوە بڕوام بەخۆم دەھێڼا، بە خۆمم
دەگوت "بڕواناکەم تا ئەو ڕادەیە کار و پرسە گشتییەکان و کارە
ھاوبەشەکان بکاتە قوربانی ناکۆکی کەسیی و بۆچوونی کەسیی".
ئێمە ئەندامانی لێژنەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ کارەکانمان ئەنجامدان و ھاوڕێ
ئازاد ئاڕمان ئۆتۆمەبێلەکەی خستبووە پێناو ئەنجامدانی کارەکانمان و
بەخۆیشی ھاریکارمان بوو. لەو ڕۆژانەدا نزیکایەتی و ھاوڕێیەتییەکی وەھا
باڵی بەسەر پەیوەندی ھەندێکماندا کێشابوو، کە بۆ کەسانی دەرەوەی ئەو سێ
ڕێکخراوە، ئاساننەبوو، بزانێت کێ لە کام ڕێکخراوەدا ئەندامە و جیاوازیی
ڕێکخراوەییمان چییە. بەتایبەت نێوان ئێمە ھاوڕێیانی (حەوزەی شققە)
لەتەک ھاوڕێیانی یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کرێکاری (ئارام عەلی)، سەرنجی
کرێکار (جەعفەر عەلی و بەختیاری کرێکاری کارەبا) و ھاوڕێیان ئازاد
ئاڕمان و جەمال چاوشین و ھاوڕێیانی گیانبەختکردوو شاپوور و قابیل و
کۆمەلێک خوێندکاری زانکۆ، ھێندە گەرموگوڕ بوو، وەک خێزانێکی گەورەمان
لھاتبوو. پەرتووکفرۆشییەکەی ئێمە سەرەتا بەرامبەر ئاساییش و بەردەم
قەڵا و دواتر بەرامبەر سینەما کریستاڵ، بووبووە بنکەی کۆبوونەوەی گشت
چەپەکان و یەکدی بینینیان.
ڕۆژی ١٨ی ئازار، کاتێک کە بە ئۆتۆمەبێلەکەی ھاوڕێ (ئازاد ئاڕمان)،
کەرەستەکانی مەراسیمەکەمان بردنە ھۆڵی ڕۆشنبیریی جەماوەر، لەوێ
پاسەوانی ھۆڵەکە پێیگوتین، ئێمە ئاگادارنەکراوین و بەبێ مۆڵەتی ئاساییش
بۆتان نییە مەراسیم بکەن. قسەیەکی ئاوا وەک فیشەکێک بوو، بە
ھەموومانەوە نرا، ئەم، لەوی دەپرسی و ئەو، لەمی دەپرسی "چۆن مۆڵەت
وەرنەگیراوە" و " ئەو دەیگوت، مەگەر ئێمە یەکەمجارمانە مەراسیم بکەین،
بۆ شتی وانەبووە" و ھەمووشیان ڕووی دەمیان لە من دەکردەوە " مەگەر
بڕیار نەبوو، تۆ ئەو کارە ئەنجامبدەیت". منیش ھەرچەند لە کۆبوونەوە
ھەفتانەییەکانی پێشووی مەراسیمەکەدا لەوە ئاگادارم کردبوونەوە، کە
لیپرسراوەکەمان بەڵێنی داوە بەخۆی ئەو کارە ئەنجامبدات و بە منی گوتووە
"پێویستناکات، تۆ خەیاڵی خۆت بەوەوە خەریکبکەیت و من ئەو کارە
ئەنجامدەدەم". دیسانەوە درامەوە بەر ڕێژنەی پرسیار "مەگەر ئێوە لە
لێژنەی خۆجێی ھەولێر و بەشی ئاشکرای ڕێکخراوەکەتاندا پێکەوە کارناکەن و
چۆن لە کارەکانی یەکدی ئاگادارنین؟" دیسانەوە ناچاربووم بڵیم ھاوڕێیان،
بەداخەوە من ماڵی ئەو ھاوڕێیە نازانم لەبەرئەوەی تا ئێستاکە بۆ ئێمە
ئاشکرا نییە، ھەرچندە بەخۆی لێپرسراوی بەشی ئاشکرای ڕێکخراوەکەکانە!
پاش ماوەیەک چاوەرێ ماینەوە، دواجار ناچاربووین، [ئەگەر بەباشی
لەبیرممابێت] ھاوڕێیەک لەتەک ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان بە ئۆتۆمەبێلکەکەی
چوون بۆ ماڵی لێپرسراو و لەوێوە چووبوونە ئاساییش و ھاتنەوە و لێپرسراو
و مۆڵەتەکەیان لەتەک خۆیان ھێنا. لەم ساتەدا کە ئەوان ھاتنەوە، نزیکەی
٢٠ خولەکی بۆ ئەو کاتەی، کە بۆ دەستپێکی مەراسیمەکە دیاریمانکردبوو،
مابوو. ھەرچۆن بوو، بە پەلەپەل، وەخۆ کەوتین و مەراسیمەکەمان بەرپاکرد.
ھاوڕێی لێپرسراو بە پێکەنێکی دەستکردەووە وتی "خۆ دیتان بەبێ من ھیچتان
بۆ ناکرێت"، لەو کاتەدا سەیرێکی منی کرد و ھاوڕێیانی بەشدار لە
کۆمیتەکەدا لەوە تێگەییشتن، کە ھاوڕێی لێپراسراو ئامانجدارانە وەرگرتنی
مۆڵەتەکەی دواخستووە و بە منیان گوت " ئەگەر بمانزانیایە، بەرامبەر بە
تۆ ناکۆکی ھەیە، ئەوا بەخۆمان داوای نامەی مۆرکراوی ڕەوتمان بۆ
وەرگرتنی مۆڵەتەکە لێدەکرد و تووشی ئەم دەردیسەرییە نەدەبووین".
بۆ من، ئەم مەراسیمە دوو ئەزموونی تێدابوو، یەکەم قسەکەی ھاوڕێ (ئـ..
ح-ک) ئەندامی بەشی ئاشکرای ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست لە سلێمانی بۆ
سەلما، کە دەیگووت "ئەگەر دەتەوێت گویگ لێبگرن و بە پلەیەکی بەرزتر
بگەیت، پێویستە دەست بەکڵاوەکەتەوە بگریت". منیش لەو کەسانە بووم، کە
کڵاوێکم نەمابوو تا دەستیپێوەبگرم، دووەم، ئەوانەی ھەڵپەی پشت
مایکرۆفۆن و بەردەم کامێرایان بوو، بە ھەموو شێوەیەک دەیانویست چتبوونی
خۆیان بسەلمێنن. ھەڵبەتە ئەم کارە، سەرەتای دژایەتیکردنی من بوو، لە
زۆربەی چالاکییەکاندا و دواتر لە مەراسیمی یەکی ئایاری ١٩٩٣دا تاڕادەی
دژایەتی و گەرپێفرۆستن و دەرپەڕاندن، ناچاریانکردم بەرەو ئاکرێ ملی
ڕێگە بگرم. ھەروەھا بەرگرتن بە بەرپاکردنی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی
منداڵان کە لە ساڵی ١٩٩٣دا، پێشنیار و ئیدەی من بوو، لەلایەن لێپرسراوی
بەشی ئاشکرای ڕێکخراوەکەمانەوە، کە ڕێکخستنی شارەکانی ڕەوتی کۆمونیست
ڕەزامەندی لەسەر دابوو و ھەروەھا بەرگرتن بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی
ناڕەزایەتی بەرامبەر سووتاندنی پەتووکخانەی ڕاپەڕین لە ڕانیە، کە
نزیکەی ٥٠ کەس لەسەر بانگەوازی ئێمە [ھاوڕێیانی شوقە و ھاورێ ئازاد (بژار)
بەناوی لێژنەی خۆجێی ھەولێری ڕەوتی کۆمونست، بەیاننامەی سزاوارکردن و
بانگەوازمان بۆ کۆبوونەوەی گشت ئازادیخوازانی ھەولێر دەرکردبوو و
کۆبوونەوەکەمان لە گڵکەند بەرپاکرد. دواتر لە گێڕانەوەی
یادەوەرییەکانمدا بەناوی [یادەوەریی و ئەزموونەکانی ڕۆژانی چەپایەتیم]،
بە وردی دەچمە سەر زۆر بابەتی دیکەی شاراوەی ئەو ڕۆژانە.
خوێنەری ھێژا، ئەمە کورتەی
یادەوەرییەکانی من بوون، لەمەڕ مەراسیمی
ساڵیادی کۆمونەی پاریس و بزووتنەوەی شورایی؛ ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ و ١٩٩٣.
دەکرێت زۆر لایەنی دیکەی ئەو چالاکییانە و ھەڵویستگیرییەکانی ئەودەمە،
بۆ ھاورێیانێکی دیکە سەرنجڕاکێشتر بووبن و بەو ھۆیەوە لە یاداوەیی مندا
تۆمار نەبووبن یا لەبیرم نەمابن، مایەی دڵخۆشییە، ئەگەر ھاوڕێیانی
بەشدار و جالاکی ئەو ڕۆژانە قۆڵی لێھەڵماڵن و لەتەک ئێمەدا
یادەوەرییەکانیان بەشبکەنەوە. داوایلێبوردن دەکەم، کە لە ھەندێک جێگەدا
ناچاربووم، زیاتر لەسەر شتەکان بوەستم یا ڕۆشنکردنەوەی زیاتر بدەم،
تاوەکو بتوانم وێنایەکی ڕۆشنتر بخەمە بەرچاوی ئەو خوێنەرە ئازیزانەی،
کە لەو ساتەدا ئامادە و بەشدارنەبوون و ئاگایان لەو پرسانە نەبووە.
ھەروەھا ئەو کاتیش وەک ئێستا من دژی پلەوپایەی ڕێکخراوەیی بووم و وەک
سەرەتاییەک (مەبدەئێک) ڕەتمدەکردەوە و ڕەتیدەکەمەوە و ئەندامبوونم لە
لێژنەی خۆجێی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیستدا، تەنیا لەبەر داواکاریی و
سووربوونی ھاوڕێیانم [مامە کەریم، ڕێباز، ڕێبوار میدحەت، سۆران کەریم،
ھیواکەریم، سیروان عەلی (ئەندامانی حەوزەی شوقە)] ڕازیبووم. بەداخەوە
بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئەو ھاوڕێیانەوە، نەک ھەر ڕازیبوونی من، نەبووە
ھۆی باشترکردنی پەیوەندی ئێمە لەتەک لێپرسراوی بەشی ئاشکرای ڕەوت لە
ھەولێر و ڕێکخستنی نھێنی شارەکان، بەڵکو بووە ھۆکاری توندوتیژبوونەوەی
دژایەتی دوو ھاوڕێی ڕێکخراوەیمان بۆ من، کە لە دەرەوەی ئاپارتمان (شققە)کەی
ئێمە دەژیان.
____________________________
•
بۆ خوێندنەوەی یادەوەرییەکانی ٨ی ئازار؛
رۆژی
جیهانیی ژنان، کرتە
لەسەر
ئەم بەستەرە بکەن:
www.emrro.com/yadeweriyekanir.htm
١٦ی ئازاری
٢٠١٣
ماڵپهڕی ههژێن
|