١٠\٥\٢٠١٤
یادەوەریی
کاتژمێرەکە!

نەهرۆ
ئەو زۆر حەزی لە کاتژمێر بوو، چ وەک دیمەن
لە دەستی بکا، چ وەک ئامرازێک بۆ کات زانین، وەک هەموو خەڵک
کاتژمێرەکەی لە دەستی چەپی دەکرد! دوا کاتژمێری سەر دەستی خۆی پێشکەش
بە باوکی کرد، دوای ئەوە بە ماوەیەکی کەم باوکی مرد، کەچی یەکی لە
براکانی ئەو کاتژمێرە وەک یادگارییەک هەڵگرتووە!
ئەو برایەی کە کاتێ خۆی هاتبوو بۆ لای بۆ سەردان، ئەمیش کاتژمێرێکی
تازە وەک دیاری بۆ کڕیبوو، ئێستا ماوەیەکە بێ کاتژمێرە، هەمیشە چاو بە
ریکلامە دا دەخشێنێ، چاو خشاندن بە ریکلامە ئارامی یەکی دەروونی بە
مرۆڤ دەبەخشێ، لەبەر ئەوەی کاڵاکان عەرز کراوەو لەهەمان کاتدا
نرخەکانیشی دیاریکراوە، جگە لە چاو خشاندن بە ریکلامە ئەو جاروبار
دەچوو بۆ بازاری شەممە، لەوێ شت و مەکی هەرزان دەست دەکەوت ! دوو
کاتژمێری کۆنەی لەوی کڕێ بەڵام هیچیان ئیشی
نەدەکرد، بۆیە لە ماڵەوە داینان، لەدڵی خۆیدا بریاری دا چی دی کاتژمێر
و کەرەستەی ئەلکترونی لە کونە نەکرێ، لەبەر ئەوەی ئایندەیان دیار نییە،
ئیدی بەردەوام هەموو رۆژێ ریکلامەی بۆ دەهات تا رۆژێکیان چاوی بە
ریکلامەیەک کەوت کاتژمێری تیا بوو، نرخەکەشی بۆ نیوە داشکێنرا بوو،
کاتژمێرەکە لە رەنگی زێڕ بوو، زنجیرەکەشی لە هەمان ڕەنگ بوو، بۆ رۆژی
دوایی ئەدریسی دوکانەکە لە رێگای ئەنتەرنێت لە گوگڵە دۆزییەوەو چوو
هەمان کاتژمێری کڕی بەسەد دۆلار لەکاتێکدا نرخی پێشووی ٢٠٠ دۆلار بووە،
زۆر خۆشحاڵ بوو کە بوو بە خاوەن کاتژمێری خۆی، لەوە خۆشتر کاتژمێرەکەی
کەلەندەری تیا بوو، رۆژەکانی هەفتەو بەرواری دیاری دەکرد بەڵام دوای
ماوەیەک لە دەستی کرد کەلەندەرەکەی رێک نەبوو بۆیە بریاری دا
بیگەرێنیتەوە بۆ خاوەن دوکانەکە و پێ گوت کەلەندەرەکەی هەڵەی تیایە من
ئەم کاتژمێرەم ناوێ، خاوەن دوکانەکەش لە وەڵام دا گوتی وەریناگرمەوە،
هەر لەوی دەستکاری کەلەندەرەکەی کردو پێ دایەوە، ئەویش ملی رێگای ماڵی
گرتەبەر، گەرچی کاتژمێرەکە لەپشتی نووسرا بوو دژە ئاوە بەواتای ئاوی تێ
ناچێ بەڵام کە ئاوی پێدەکەوت ناو شووشەکەی دەبوو بە هەڵم، بۆیە بریاری
دا لەکاتێ دەست شووشتن و مەلە کردن لەدەستی نەکا ! گرفتێکی تری
کاتژمێرەکە ئەوە بوو زوو، زوو باتریەکەی تەواو دەبوو، کاتێ دەیویست
باتریەکەی بگۆرێ بە زەحمەت قەپاغەکەی پشتی دەکرایەوەو تێ دەخرایەوە
بۆیە ناچار لای وەستای کاتژمێر باتریەکی
دەگۆرێ، ماوەیەک پێ چوو ئەو وەستای کاتژمێرە
دوکانەکەی داخست! رۆژ هات و چوو کاتژمێرەکەی لەبەر چاو کەوت، حەزی
دەکرد جەستەی هیچی پێوە نەبێ نە زنجیری مل نە کاتژمێر، دەیویست بۆ
ماوەیەک جەستەی رەها بێ، بۆیە کاتژمێرەکەی لە ماڵەوە داناو پاش ماوەیەک
باتریەکەی مرد و وەک جەستەیەکی مردووە کاتژمێرەکە لەو گۆڕە کەوتبوو،
ئەو چەند سنووقێکی بچکوڵانەی هەبوو لە پاکەت و قوماش دروستکراوە، یەکی
لەو سنووقانەی تەرخان کردبوو بۆ کاتژمێرەکان و کامیراو شتی ورد،
بەواتایەکی دی کاتژمێرە مردووەکان، ئەو زۆر ورد بین بوو کاتێ لە
شتەکانی بێزار بووایە فرێ نە ئەدا وەک هەندی کەس بەڵکو لە شوێنی
تایبەتی خۆی قایمیان دەکرد بۆ رۆژی خۆی، رۆژێک کە زەوقی بووایەو چاو بە
ئەرشیفی کۆنی شت ومەکەکانی بخشاندایە!
ماوەیەک بوو تەلەفونی سمارت شارم کەوتبووە بازارەوە، ئەو چوو دانەیەکی
لێکڕی، لەماڵەوەش دوو کاتژمێری قەد دیواری هەبوو دانەێیکیان هەڵواسیبوو
دانەکەی تر وەک یەدەک هەڵیگرتبوو، لەدەرەوە پشتی بە کاتژمێری موبایلەکە
بەستبوو، لەماڵەوەش چاوی لەسەر کاتژمێری قەد دیوارەکە بوو یان چاوی
لەسەر کاتژمێری کومپیوتەرەکەی بوو لەکاتێ کراوەیی دا، کاتێ هاوینان و
زستان کاتژمێر پاش و پێش دەخرا ئەو زۆر نیگەران بوو دەبوایە کاتژمێری
قەد دیوارەکە بگۆرێ بەڵام کاتژمێری کۆمپیوتەرەکەوەو موبایلی سمارت
شارمەکە ئۆتۆماتیکی دەگۆردران!
دوای ماوەیەک بیری کردەوە ئەو خەڵکە کە کاتژمێر لەدەست دەکەن، پێش
ئەوەی بۆ کات زانین بێ، بۆ جوانی لەدەستی دەکەن، ئەو پێ وابوو مەچەکی
بە کاتژمێر دیمەنێکی سیحراویی هەیە بە
تایبەتی مەچەکی ئافرەت ! بۆیە بریاری دا چاو بە
کاتژمێرە کۆنەکانی بگێڕێ، لە نێویاندا کاتژمێرە رەنگ زێڕینەکە
سەرنجی راکێشا، هەڵیگرت و چوو بۆ مەغازەیەکی گەورەی کەرەستە کە هەموو
شتی بەنرخی گونجاو تیا دەست دەکەوێ تەنانەت باتری کاتژمێریش بەڵام دەبێ
باتریەکە خۆت بیگۆری، بە پێ ژمارە باتریە کۆنەکەیان پێ ئەدەی ئەوان
یەکیکی تازەی ناو پاکەتت بۆ دێنن، دەبێ خۆت کاتژمێرەکە بکەیتەوەو
باتریەکە تێخەیت و قەپاغەکەی بقوپێنی بەسەریا!
باتریەکەی تێخست وەک جاران چرکە، چرک دەستی پێکرد بەڵام کاتێ دەیویست
قەپاغەکەی داخا، دانەئەخرا، داوای یارمەتی لە یەکی لەکارمەندانی ئەوێ
کرد، ئەویش چەند هەوڵێ دا بۆی تێنەخرا، بەناچاری کاتژمێرەکەی هینایەوە،
بەبێ ئەوەی قەپاغەکەی پشتی داخرابێ کەچی کاتژمێرەکە لەسەر ریتمی خۆی
بەرێک و پیکی ئیشی کرد، ناچار کاتژمێرەکەی بۆ ماوەیەک لەماڵەوە دانا،
بیری کردەوە بە لیمی ئاسن قەپاغەکەی پێوە بنووسێنێ، یان هەر بەبێ قەپاغ
لە دەستی بکا بەڵام ئەو بۆچوونانەی بە هەوڵی پووچگەرانە هاتە پێش چاوی،
ناچار کاتژمێرەکە لە سنووقە تایبەتیەکەی دانا ئەم جارەیان وەک
جەستەیەکی زیندووی قەپاغ دانەخراو!
تەلەفونی بۆ برادەرەکەی کردو پێگوت، ئاخۆ لەم شارە
وەستای کاتژمێر نییە، ئەویش گووتی، نازانم بەڵام بگەرێ دەست
دەکەوێ، ئەویش زۆر چاوی گێڕا، دوکانی کتژمێری
نەدۆزییەوە بۆیە بیریکردەوە باشترین رێگا لە رێگای ئەنتەرنێتەوە لە مام
گۆگڵە بپرسی، لە گۆگڵەی پرسی کومپانیای چاککردنەوەی کاتژمێر و ژمارە
تەلەفونەکەیان دۆزییەوە، یەکسەر زەنگی بۆ لێدان، ئەنسەرماشین وەڵامی
دایەوە دیار بوو شەممە بوو کارمەندان لەوێ نەبوون، بۆ رۆژێ دوو شەمم
زەنگی بۆ هەمان ژمارەی لێدا، کابرایەکی میهرەبان وەڵامی دایەوە، پیگوت
ئێوە کاتژمێر چاکدەکەنەوە، ئەویش گوتی بەڵی بەڵام کاتژمێرەکەت گرفتەکەی
چی یە ؟ ئەویش گوتی باتریەکەم گۆریوە بەڵام قەپاغی پشتەوەی بۆم تێ
ناخرێتەوە، گوتی کاتژمێرەکەت مارکەکەی چی یە؟ ئەویش چاویلکەکەی لە
چاوکردوو سەیری کردو گوتی (روتینا)یە، پیاوە میهرەبانەکە لە وەڵام دا
گوتی بەداخەوە ئێمە ئەو مارکەیە چاک ناکەینەوە بەڵام دەزانم چ دوکانێک
ئەو مارکەیە دەفرۆشی، بچوو بۆ لای ئەو دوکانە، ئەدریسی دوکانەکەشی پێدا!
ئەویش بیری کەوتەوە کە پێش چەند ساڵێك ئەو کاتژمێرەی لە کوێ کڕیوە،
رۆژێکی تایبەت تەرخان کرد بەمەبەستی سەردانی ئەو دوکانە، کە چووە نێو
دوکانەکەوە دوو کیژوڵەی جوان لە پشتی میزەکەوە راوەستا بوون، چەند
کریارێک لە ژن و لە پیاو لەوی ئامادە بوون، دیاربوو جگە لە کاتژمێر،
زنجیرو ملوانکەوگوستیلەی زێڕیان دەفروشت، کە نورە هاتە سەر ئەو،
ئافرەتەکە پێگوت چی یارمەتی یەکت پیویستە، ئەویش گوتی لە راستی دا پێش
چەند ساڵێك ئەم کاتژمێرەم لێرە کڕیوە بەڵام کە ویستم باتریەکەی بگۆرم
ئێستا قەپاغەکەی پشتی بۆم تێ ناخرێتەوە، کچەکەش بەدەم پێکەنینەوە گوتی
تۆ نازانی دەبێ باتری لێرە بکرێ و بیگۆڕی، ئەویش گوتی تازە باتریم
کڕیوە ئەگەر دەکرێ قەپاغەکەی تێ کەیت ! کچەکەش یەکسەر چوو بۆ لای
مەنگەنەیەکی بچووک، دوو پارچە ئاسنی خڕ بە قەوارەی کاتژمێرەکە
لەسەروبنی مەنگەنەکە خست و کاتژمێرەکەی لە نیوانیان دانا، دیار بوو
دەستی مەنگەنەکە سپرینگی تیا بوو، فشاری دا، بە پیکەنینەو گوتی ئەوە
تیم خست، ئەویش بە گەشکەوە پێگوت رۆژیکی خۆش، کچەکەی وتەکانی ئەوی
دووبارە کردەوە!
لە دوکانەکە هاتە دەرەوە بۆ جاریکی تر کاتژمێرەکەی لە دەست کردو چەند
جارێک بۆ مەچەکی خۆی روانی، لەبەر خۆیەوە دەیگوت، مەچەکی بە
کاتژمێر جوانە، مەچەکی بە کاتژمێر
نایابە! ئیدی نوقمی قەرەباڵغی نێو خەڵکەکە بوو!
٩\٥\٢٠١٤
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|