٣\١٢\٢٠١٣
یادەوەریی ستەم و
خیانەتی پێشمەرگە پۆشەکانی یەکێتی و پارتی،
لەگەڵ چەند وردە
یادەوەرییەکی هەمەچەشن.

هیوا رەش
تا تۆزقاڵێک وەفام تێدا مابێ بۆ خوێنی شەهیدان لە ڕاستی گوتن و ئاشکرا
کردنی خیانەتکاران بێ دەربەست و بێ منەتم، بۆیە ئەمجارەیان چمکێکی
زانراو لەو خیانەتانە هەڵدەدەمەوە کە دەیانزانم.
لای هەمو کەس ئاشکرایە سەرکەوتنی نامەردانەی بەعس لە شەڕی نابەرامبەر و
کۆکوژی گەلەکەمان و بەکار هێنانی چەکی کیمیاوی لە بەرامبەر هێزی
پێشمەرگە چۆن دوژمنی جڵەوکێش کردبو بۆ بوغرایی، لە بەرامبەردا هەندێک
خوێڕی نێو ڕیزەکانی یەکێتی و پارتی کە ئێستا هەندێکیان کراونەتە
پاڵەوان، بە سەرشۆڕیی و کەڵبەی سووریان بە خوێنی پێشمەرگە شیوعییەکان
چوونە سەر خوانی فاشییەکان و گەوادییان لە نیشتمانپەروەریی لا پەسەندتر
بوو، بۆ نموونە:
آ - تاوانباری خاین و خۆفرۆش (سەڵاح شینە) کە لەو سەردەمەدا سەرتیپی
یەکێتی بوو، لە پەنای دۆستایەتی و پێشمەرگایەتیدا و لە هەلی
نامەردانەدا چەندین کادیر و پێشمەرگەی شیوعی لە ناوچەی هەولێر شەهید
کرد و بێ شەرمانە خۆی خزاندە نێو باوەشی ئاغاکانیەوە و لە شاریشدا وەکو
کەمتیاری تینوو بە خوێن لەگەڵ خوێڕییە خۆفرۆشەکانی دەوروبەریدا
کەوتبوونە وێزەی خەڵکی سڤیل و بێ دەسەڵاتی گوندە رووخاو و بێداڵدەکان،
لەوانەی شەهیدیان کردن:
١- شەهید کانەبی گچکە.
٢- شەهید دکتۆر عادل.
٣- شەهید ڕزگار و بەوپەڕی داوای لێبوردنەوە کە ناوی شەهیدەکانی دیکە
نازانم.
ئەم تاوانبارە لە خیانەت هەڵکێشراوە لە دواییدا وا بزانم لەبەر
پشتئەستووریی خۆی بە بەعسییەکان تووشی بوغرایی هاتبوو و لە
دەمەقالەیەکیدا لەگەڵ هەندێ جاشی تر لە نزیک کۆڕێ کوژرا.
ب - تاوانبارانی بە خیانەت زاخاو کراو (بورهان و تەحسین) کە پارتی بوون
و لە ژێرەوە پەیوەندییان بە جاشخائنێکی (تەحسین شاوەیس)ەوە کردبوو، سێ
تاوانی گەورەیان ئەنجام دا:
١- لە بان جەباری شەهیدان (قاسم عەرەب و فازڵ و هەڵمەت)یان شەهید کرد .
٢- لە لایەکی ترەوە سێ پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شەهیدان (
کامیل و شامیل و عەزیز)یان شەهید کرد.
٣- لە دەڤەرێکی دیکەوە شەهیدان (هەڵۆی سەید عەلی جەباری و فازڵ و
کەسێکی تر)یان شەهید کرد، تا ئێستا هەڵۆی لاوی شیوعی گۆڕ ونە.
ج - تاوانێکی دیکەی قێزەونی نامەردانە و ناجوامێرانەی بەرچنی
خیانەتکارانی چەکدار لە ڕیزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی لە لایەن
(هێمنەڕەش)ەوە تۆمار کرا کە ئەو دەمە سەرتیپی یەکێتی بوو، لەم تاوانە
دەگمەن و بێوێنەیەدا لە گەرمیانی سوتماکدا، شەهیدان (مولازم سەعد،
سەلام قەڵامیکایلی، دڵشاد عەرەب و چیا) کرانە دیاری خوانی فاشیستەکان
لە لایەن تاوانباری ناوبراو و دەستە و تاقمەکەیەوە.
جگە لەمانەش لە چەندین ناوچەی دیکەدا چەکداری وڵاتفرۆش لە ژێر پەردەی
وڵاتپارێزییەوە خۆیان مەڵاس دابوو بەڵام دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا ژەهری
نامەردییان بڕێژنە جەستەی پێشمەرگەوە، بۆ نموونە:
د - من سەرپەرشتی مەفرەزەیەک ( عەلی مەحمود - قاسم نۆکانی - سەرەی مام
سەعید تورکمانباغی - جەمال گوڵمکەوەیی و چەند هاوڕێیەکی تر)ی ناوشوانم
دەکرد، دنیا وێران ببوو، کەس بە فریای کەسەوە نەبوو، ئێمەش دڵمان
نەدەهات خەڵکی جێبهێڵین، کوناوکون و بە ئیختیفا لە ناوچەکەدا
مابووینەوە، مخابن لە پەنای دۆستایەتی و لە لایەن نزیکەی ١٠٠ چەکداری
شێری شێنەیی و ڕیوی دژوارییەکانەوە بە فەرمانی ئیستیخباراتی چەمچەماڵ
هەوڵی ڕادەست کردن بە زیندوویی یان بە مردوییمانیان درا بوو لە
هەڵەتەکانی گوندی گوڵمکەوەی سەر بە چەمچەماڵ، وریایی خۆمان و پەشۆکاویی
ئەوان تاوانەکەیانی کردە بڵقی سەر ئاو و پێیان ئەنجام نەدرا.
لە ئاکامی ئەو تاوانانەی دوێنێ ناخۆشتر دۆخی ئەمڕۆیە، دوو حیزبی سیخناخ
لە خاین و بەزیو و کۆنەجاش و کۆنەبەعسی، دەسەڵاتدارن و سەرانی حیزبی
شیوعیش وێڕای ئەو هەمو قوربانیی و خۆڕاگریی و قارەمانێتییەی
هاوڕێکانیان، ئێستا لە بن دەست و پێی پارتی و یەکێتی چاوەڕوانی پلە و
پۆست و پارەن و لەو ڕێگەیەوە فوویان پێ بە زوڕنادا دەکەن، دەیانکەن بە
راوێژکار و وتەبێژ و تەپڵکوت و پینەچی گەندەڵیی و ناعەدالەتی.
چەند وردە
یادەوەرییەکی هەمەچەشن.
١- لەگەڵ شەهید سەعدون عەرەب لە هەولێرەوە بەرەو ڕانیە دەچووین، من
ئۆتۆمبیلەکەم لێدەخوڕی و لە زاڵگەی - هیزۆپ - زرتەبۆزێکی ئیستیخبارات
هاتە پێش و لێمانی پرسی: (من جماعة حجی عبد) (حجی عبد، ئامۆزای سەدام
بوو، وەرەقەی ڕێگەپێدانی ئەو لە بازاڕ بە پارە دەکڕدرا و زۆر کەس بە
تاتبەتی قاچاغچییەکان سوودیان لێ دەبینی)، منیش هاتمە وەڵام و بە
پێکەنینەوە گوتم: (لا واللە احنە من جماعة حجی عزیز - مەبەستم هاوڕێ
عەزیز محەمەد بوو)، ئەویش زۆر بە جوانیی بە ڕێی کردین و گوتی: (یا هلا
بکم تفضلوا).
بێگومان هەر نەشیدەزانی (حجی عزیز) کێیە و چ کارەیە؟! کە لە زاڵگە
دەرچووین هاوڕێ سەعدون گوتی: ئەو دینەت بسوتێنم ئەوە چیت گوت؟ رۆژێک دێ
دایکمان بە گان دەدەی.
٢- لەگەڵ شەهید سەعدون عەرەب لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر دەگەڕاینەوە،
لە زاڵگەی دوکان ڕایان گرتین، هەرگیز نەمبینیبوو داوای ناسنامە لە
شۆفێریش بکرێ، ئەو جارەیان داوای ناسنامەیان لە هاوڕێ سەعدون و منی
شۆفێریش کرد، کابرای زاڵگە بردیە ژورەکەی خۆیانەوە و ئێمەش هەر لە ناو
ئۆتۆمبیلەکەدا چاوەڕێ بوین و تەگبیرمان لەو بارە نائاساییە دەکرد و بە
هاوڕێ سەعدونم گوت: وریا بە لە جامەکەی پێشەوە هەڵت نەدەمە دەرەوە،
بڕیارمان دا ئەگەر بڵێن : انزلوا ، یەکسەر بێی پێدا دەنێین و دەردەچین
، غەشیمی من لەوەدا بو گێڕەکەم دابوە نمرە چوار ، پێم وابو بەو گێڕە
دەرچم ئیتر ئۆتۆمبیلەکە باڵ دەگرێ و دەفڕێ و دەرباز دەبین ، نەمدەزانی
هەستان بەو گێڕە ئەستەمە و لە زۆر حاڵەتدا ئۆتۆمبیلەکە خامۆش دەبێ،
بەوەی باش بو کابرا کە گەڕایەوە بە داوای لێبوردنەوە ناسنامەکەی دایەوە
پێمان و (فەرموو - تفضلوا)ی لێمان کرد و ئێمەش بە شێنەیی زاڵگەکەمان
جێهێشت.
٣- لەگەڵ ئەحمەد شاهین دا چوین بۆ سەردانی ماڵیان، باوکی دوای دانیشتن
و بەخێر هێنانێکی زۆر هەر لە من ڕا دەما، لە دواییدا خۆی پێ نەگیرا و
گوتی: ئەحمەد کوڕم ئەم برادەرە کێیە؟
ئەحمەد گوتی: هاوڕێ فڵانە (ناوێکی گوت ئێستا لە سەر خەیاڵ نیم چ ناوێکی
گوت).
دوای کەمێکی دی و بە گومانەوە پرسیەوە: دەزانم فڵانە، ئاخر چ کارەیە؟
ئەحمەد گوتی: هاوڕێی خۆمانە.
دوای دەمێکی دی دووبارە پرسییەوە: دەزانم هاوڕێی خۆتانە بەس نابێ بزانم
کێیە و کوڕی کێیە؟
ئەحمەد گوتی: حیزب دەزانێ.
دوای کەمێکی دی باوکی گوتی: ئەحمەد کوڕم دەزانم حیزب دەزانێ ، ئەی نابێ
منیش بزانم کێیە؟
ئەحمەد گوتی: ئینجا تۆ لۆ بزانی؟ چ پێویست دەکا بیزانی؟
بابی گوتی: کوڕم کوو پێویست ناکا؟ ئاخر ئەگەر داکتی گا، نابێ ئەمنیش
داکی بگێمەوە.
هەمومان بە کۆرس قاقایەکی خۆشمان لێدا.
٤- ئەم بەروارەم بیر ناچێتەوە چونکە بە بۆنەی راوەستانی جەنگی عێراق -
ئێران ٨\٨\١٩٨٩
بوو، لەگەڵ ئەحمەد شاهین لە بەغدا پێکەوە چووین بۆ - ساحة الاحتفالات -
کە بەو بۆنەیەوە بەعسییەکان ئاهەنگیان دەگێڕا، ئێمەش هات بە سەرماندا و
روومان لەوێ کرد تا بزانین چی دەگوزەرێ؟ لەوێ بووین کاتێکمان زانی سەام
هات بۆ ئەوێ، لە پێشوازیی دیکتاتۆردا هەزاران عەگال بە ئاسماندا
هەڵدەدران و هێشتا نەدەکەوتە زەوی ئەوەندەی تر هەڵدەدرانەوە، کارێکیان
بۆ سەدام کرد نەبێتەوە.
لە گەڕانەوەماندا ئەحمەد شاهین گوتی: هیوا دەزانی ئێمە زۆر کەرین؟
گوتم: بۆ؟
گوتی: خۆ دیوتە ئەو خەڵکە چ لۆ ئەو سەگبابەی دەکەن؟
گوتم: خەڵک هۆشیار نییە.
گوتی: دە گوی بخۆ پێت وایە بە دوو قون هەڵپچڕاوی وەکی ئەمن و ئەتو
دەڕووخێندرێ؟
هەر لەو ڕۆژەدا و لە گەڕانەوەماندا چووین بۆ
مەیخانە، دوای خواردنەوەیەکی زۆر گەنجێکی عەرەب هات بۆ لامان و بە
ئەدەبەوە سڵاوی لێکردین و پرسی ئێوە کوردن؟
گوتمان: بەڵێ.
زۆری لێکردین بچینە سەر مێزەکەی ئەوان دانیشین و پێکەوە بخۆینەوە، وازی
نەهێنا و دڵیمان نەشکاند، خۆمان کەمێک مەست و لەوێ مەستتر بووین.
ئەوەی لە خەیاڵما بێ ئەوان چوار کەس بون ، سەر مێزەکە پڕ لە مەزە و مەی
بو ، لە دەمەتەقێکانماندا ئەمە گوزەرا:
گوتیان: خەڵکی کوێن؟
گوتمان: هەولێر.
یەکێکیان گوتی: (غەزوان)ی پورزام لەوێ شەهید کرا.
پرسیمان: چۆن؟
گوتی: لە کۆلێژ سەرۆکی لیژنەی ئیتیحادی بوو شیوعییە موخەڕیبەکان گرتیان
و بردیان و ڕەمییان کرد.
ئێمەش: وێڕای هاوبەشی غەمی خۆمان بۆی قسەکەیمان پشتڕاست کردەوە و تێمان
گەیاندن ئەو دەمە ئێمە ( فورسان - جاش ) بوین و زۆر هەوڵمان دا ڕزگاری
بکەین بەڵام بێهودە بوو، ئەوان کەوتبونە جنێو بە شیوعییەکان و ئێمەش
بۆمان دەسەندنەوە، بەڵام ناوەناوە بە دەم جنێوەوە مەدح و پیاهەڵدانی
هاوڕێیانیشمان تێهەڵکێش دەکرد و دەمانگوت ئەو موخەڕیبانە زۆر ئازا
بوون، بەو ژمارە کەمەی خۆیانەوە ئێمە بە هێزی پڕ چەک و تەیارەشەوە
دەرەقەتیان نەدەهاتین، ئەوانیش قسەکانمانیان دەسەلماند، گەنجەکە لە
کاتی هەستاندا دامانگیرمان ببوو دەبێ سەردانی پوری (دایکی غەزوان)
بکەین، چونکە ئەو زۆر مەمنونە لە ڕۆڵی فورسانەکان و خۆشی دەوێن و
هەمیشە باسی (مەردایەتی) یان دەکا.
٥- لەگەڵ نەجات دا چوین بۆ یەکێک لە گەراجەکانی هەولێر تا ئۆتۆمبیلەکەم
بشۆم، کرێکارەکان ناو ئۆتۆمبیلەکەیان پاک دەکردەوە، یەکێکیان هات بۆ
لام و گوتی: مامۆستا دەمانچەکەت لە دەشبوڵەکەیدایە (دەمانجەیەکی
میکاریۆفم پێ بو لە دەشبوڵی ئۆتۆمبیلەکە دامنابو)، پێم گوت: با لەوێ
بێ، وریای بە دەمانچەی حیزبە.
ئەو بەسزمانانە نەیاندەزانی کام حیزب دەڵێم، بە ڕەفیق حیزبیمان
تێگەییشتن، هێندە ئۆتۆمبیلەکەیان پاک دەشۆری خەریک بو بۆیاغەکەی لێ
بکەنەوە.
٦- کاتژمێر لە نێوان ١١ بۆ ١٢ ی شەو بوو، مەستی بینینی هاوڕێیەک بوم،
چوم بۆ گەڕەکی ڕۆناکی و لە ماڵ مام فەتاح و نەمهێشت خۆشی بگٶڕێ و هەر
بە پیجامەکەیەوە هاوڕێ نەجاتم لەگەڵ خۆمدا برد، زۆر تیژڕۆ ئۆتۆمبیلەکەم
لێدەخوڕێ، لەسەر ڕێی هەولێر کەرکوک کۆمەڵێک چەتەوڵی چەکدار بە
چەکەکانیانەوە هاتنە ناوەڕاستی شەقامەکە و لەبەر ڕوناکی لایتەکان
دەرکەوتن و بە چەکەکانیان ئاماژەی وەستانیان بۆ کردم، منیش تا گەییشتمە
لایان بە تۆبزی ئۆتۆمبیلەکەم گرتەوە و لە ئاستیاندا وەستام ، یەکێکیان
هاتە پێشێ و ئەوانی تریش بە دەورماندا دابەش بوون، پرسی : مامۆستا لۆ
هێندە پەلەی؟
منیش بە دەم پێکەنینەوە گوتم: قوربان جادە چۆڵە و خۆشم پەلەمە.
گوتی: لۆ کێندەر دەچن وا پەلەی؟
گوتم: مار و مندار لە سەردانی مارە خزمانن لە نۆهەت و دوو، تەلەفۆنیان
لۆ کردم لە دویان بچم بیانهێنمەوە.
گوتی: فەرمو بەس بڕەک لەسەرەخۆ بئاژۆ.
گوتم: بەسەر چاو.
لەو گفتوگۆیەی نێوانمان وا بزانم نەجات بورابۆوە، کە بەڕی کەوتین گوتی:
وەڵا حەرامە پیاو ڕەفاقەتیشت بکا.
چوین و هاوڕێکەمان بینی و گەڕاینەوە.
٧- لە بەغدا بە پیادە لەگەڵ سروود بەرەو شوقەکەمان دەگەڕاینەوە، لە
کاتی پەڕینەوەمان لە جادە ئەو پێش من پەڕییەوە و من دواکەوتم، کە
پەڕیمەوە ئەو فرسەخێک لە پێش منەوە دەڕۆییشت، ئۆتۆمبێلێکی سوپەر مۆدێل
١٩٨٥ ی نپ و نوێ کە هی پیاوە دەسڕۆییوەکان بو بە تەنیشتمەوە ڕایگرت و
سڵاوی لێم کرد و منیش سڵاوەکەیم سەندەوە و کەوتە پرسیاری سۆراغی
بەنزینخانە، بە عەرەبییە شەق و شڕەکەی خۆم تێمگەیاند کە ئەو فەرعەی
دواوەی کە جێی هێشت بەنزینخانەی لێیە، ئەو مەوزوعەکەی گۆڕی و پرسی:
(یبین انت مو من بغداد؟).
گوتم: (لا).
گوتی: (انت کردی؟).
گوتم: (نعم).
گوتی: (من وین؟).
گوتم: (من سلیمانیە).
گوتی: (سلیمانیە حلوە).
گوتم: (کلش، بس مو مثل بغداد).
گوتی: (ای بغداد احلی، بس یبین انت جای لبغداد للونسە).
گوتم: (لا مو شرط).
گوتی: (ترید تتونس؟).
گوتم: (اذا اکو، خیر من اللە).
گوتی: (تتونس ویای؟).
بە سەرسوڕمانەوە گوتم: (ویا من؟).
گوتی: (ویای، والله والله اریحک بشکل ماشایفها بحیاتک، حتی انطیک
فلوس).
چمەز کابرا حیزە و حەجمانی نەماوە و واز ناهێنێ، بۆیە ناچار لەوە زیاتر
نەوەستام و جێمهێشت.
سروود لەو وەستانەی من زۆر پەست ببوو، هەزار و یەک حیسابی ئەمنیی دەکرد
، بۆیە بە توڕەییەوە گوتی: هاوڕێ گیان بۆچی لەگەڵ ئەم سەگبابانە
دەوەستی، ئەمانە هەمویان موخابەراتن.
بە پێکەنینەوە پێم گوت: ئێ کوڕە خۆ شۆڕش هەر چەکداری نییە، موخابەرات
گاینیش هەر شۆڕشە.
٨- لەگەڵ هاوڕێ سرووددا لە بەغدا لە شوقەیەکدا بوین ، جاری وا هەبو
دەمویست وەکو هاوکار ئیشێکی لەگەڵدا بکەم نەیدەهێشت ، دەستم دەبرد گسک
بدەم و ناو ژورەکان بەاڵم ، لیێ دەستاندم و دەیگوت: داینێ تۆ نایزانی
ئێستا ئەم ناوە هەموی دەکەی بە تەپ و تۆز، یان دەچوم قاپ بشۆرم، رێگەی
نەدەدام و دەیگوت : وازیان لێ بهێنە خۆم دەیانشۆم تۆ هەر بە
چەورییەکەوە دەیانهێڵیتەوە ، جاروباریش دەمویست پشویەکی پێ بدەم و
دەمگوت: چێشت لێ دەنێم .
دەیگوت: هەمو کەس نازانێ چێشت لێ بنێ ، عەزیەت مەکێشە خۆم لێی دەنێم.
ڕۆژێکیان گەڕامەوە بۆ شوقەکە زۆرم برسی بوو، سروود خەریکی چێشت لێنان
بوو، منیش یەکسەر چومە تەنیشتیەوە سەرقاپی مەنجەڵێکم هەڵدایەوە، توند
دەستی گرتم و لەقاندی و گوتی: بە پەلە داینێوە.
گوتم: یا حافیز چی بووە؟
گوتی: قیمەی غیزائیە (قیمە الغذئیة)کەی دەڕوا.
گوتم: کوڕە من وا لە برسا دەمرم، گۆلکێکی وەکو من چوزانێ قیمەی غیزائیە
چیە؟
٩- چووم بۆ سەردانی ماڵی مام فەتاح کە ئەوانیش بە خێزانی ئیختیفا
بوون،، دایە کافیەی هاوسەری مام فەتاح هەر کە بینیمی یەکسەر خەریک بو
باوکەڕۆ دەست پێ بکا و گوتی: کوڕە هیوا بە قوربان ، ئاخر بۆ وا دەکەی ،
حیزبی شیوعی کەسی تێدا نیە تۆ نەبێ؟ هەمو کەتنەکان تۆ دەیکەی.
گوتم: بۆ، ئاخر چی بوە با بزانم؟!
بەسەر بادانەوە گوتی: ها، یەعنی نازانی؟
گوتم: چی بوە چی؟
گوتی: ئەو زابت (ضابط)ەت بۆ کوشت، ناترسی لە خۆت، ئەگەر بگیرێی کێ
فریات دەکەوێ؟ منیش هەرچەند پاکانەم کرد و پاساوم هێنایەوە بێ سوود
بوو، قەناعەتی نەدەکرد، لە دڵی خۆمدا گوتم: یاخوا چاوت دەرچێ بەس ناوت
دەرنەچێ.
١٠- ماڵی مام ساڵحیش لێیان قەومابوو، بە خاوخێزانەوە لە ماڵی مام فەتاح
خۆیان شاردبۆوە، دایە فاتمی هاوسەری مام ساڵح خەریکی نوێژ دابەستن بوو،
لەو کاتەدا لە ڕادیۆوە گۆرانییەکی (عبدالحلیم الحافظ - قارئة الفنجان)
کە من زۆر حەزم لێ بوو پەخش دەکرا، بۆیە دەنگیم زیاد کرد، دایە فاتمیش
لەسەر بەڕماڵەکەوە گوتی: هیوا گیان کزی بکە با نوێژەکەم لێ تێکنەچێ،
منیش هەر لە خۆمەوە ناوێکم گوت: ئەمە شێخ فڵانە قوڕئان دەخوێنێ، من
لەبەر تۆ زیادم کرد، لەسەر بەڕماڵەکە دەیان جار گوتویەتی: خوایە تۆبە
وامزانی گۆرانییە، پێش ئەوەی نوێژەکەی دابەستێتەوە گوتی: هیوا گیان
تۆزێ زیادی کە، دەنگی زۆر حەنینە.
١١- بواری کچی مام ساڵح منداڵ بوو، لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ بازاڕ، توشی
مەفرەزەی موشتەرەکە بوم لەسەر ترافیک لایتی چوار ڕێیانی عەینکاوە، خۆم
شلوێ نەکرد، زو دەستم برد بۆ گیرفانم و جگەرەیەکم دەرهێنا و گرتمە
دەستمەوە، کە لە مەفرەزەکە نزیک بومەوە سڵاوم لێکردن و گوتم: زەحمەت
نەبێ ئاگرتان پێیە؟ یەکێکیان دەستی برد بۆ گیرفانی و جگەرەکەی بۆ
داگیرساندم و منیش جگەرەم پێشکەشیان کرد وەریان نەگرت و سوپاسی
یەکترمان کرد و جێمهێشتن، گوتیان: یاخوا بەخێر بێی مامۆستا.
کەمێک دور کەوتینەوە بوار پێی گوتم: کاکە، کاکە، سەدام بزانێ ئەو
جاشانە جگەرەیان بۆ پێشمەرگە داگیرساندوە هەر دەیانکوژێ.
١٢- بە دیلیی و بە برینداریی کەوتمە بەردەستی ئیستیخبارات و دوای ئەوەی
حوکم درام، دایکم بۆ زیندان هات بۆ لام، یەکەم مواجەهەم بو خەڵکێکی زۆر
هاتبون، دایکم شەفاعەتی بۆم دەخواست و دەیگوت: بە خوا ئەم کوڕە هیچی لە
هیچدا نیە خوا بیانگرێ بە خۆڕایی گرتویانە، منیش بە پێکەنینەوە گوتم:
دایە عەیبە سومعەم لەکەدار مەکە، ئەو هەموو ساڵە خەباتەم بۆ دەدەیتە
دەم باوە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|