٢١\٤\٢٠١٣
یادی (٢٢ ساڵەی
رۆژنامەگەریی حیزبیی) لە یادی (١١٥ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی)!

دارا خونچە
بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، بیست و دوو ساڵ وەسەر
میدیای حیزبیی کورستان رەت دەبی، خەباتی نووسەران و رۆژنامەنووسانی
ئازاد لە پێناو ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک هەر خەباتەکی دیکەی خەڵکی
کوردستان لە پێناو ئازادییەکان - کە لە بەهاری ١٩٩١
هەموویان پێکەوە بە شێوەی تەقینەوەکی سەراسەریی خۆیان نواند و رژێمی
بەعسیی فاشیستیان راماڵی - لە لایەن حیزب و لایەنە خێڵەکیی و
میلیشیاییەکانی کوردستانەوە پووچەڵ کرایەوە و مۆدێلی بەحیزبییبوونی
میدیای کوردییان وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپاند و بە هەزاران کەسیان
لەسەر دەربڕینی وشەی ئازاد کارکەنار و نانبڕا و دەربەدەر و زیندان و
فەلاقە و گوللەباران و تیرۆر کرد.
هەرچەندە هەر لە سەرەتاوە هێندەک دەستپێشخەریی لە پێناو دانانی بەردی
بناغەی رۆژنامەگەریی ئازاد ئەنجام دران - کە ''رۆژنامەی ئەمڕۆ'' رۆڵی
یەکەمی لەو دەستپێشخەرییە دیت و چەند ژمارەیەکی لە ساڵی
١٩٩٤ و لە هەولێر بە شێوەی ناحیزبیی و ئازادانە دەرکرد - بەڵام
ئەو کۆششانە وەک ئەزموونەکی زۆر قورس هەر زوو لە نێو هەژموونی میدیای
حیزبیی و لە لایەن حیزبە بە هێزەکانەوە بەوپەڕی توندییەوە دژایەتیی
کران، پاشانیش سیاسەتبازان بە هاوکاریی (بە ناو رۆشنبیران)ی سەر بە
دەسەڵات و حیزبەکان بۆ ئەوەی بە تەواویی ئەو ئەزموونە پەک بخەن.. جگە
لەوەی لە ژێر زەبری پەراوێزخستن و نابڕین و ترس و تۆقاندن بەشەکی
زۆریان لە نووسەران و رۆژنامەنووسان کڕی چەند بڵاوکراوەیەکی وەک گوڵان
و هاوڵاتی و ئاوێنە و... هتدیێشیان بە ناوی میدیای ئازاد و ئەهلیی
دەرکرد و تا رادەکی زۆر نووسەران و رۆژنامەنووسان و تەنانەت
خوێنەرانیشیان پێ لەخشتە بردن.. ئیدی کە ئەو پیلانە دژ بە ئازادییەیان
سەریگرت ئەوە سەردەمانەکە زۆر بە بێ شەرمانە و هەر بە ناوی میدیا ئازاد
و سەربەخۆوە چەندین کەناڵی میدییایی حیزبییان (وەک خەندان و هەولێر و
رووداو و سبەی و ئەڤڕۆ و ''زاگرۆس'' و ''کەی ئێن ئێن'' و ''سپێدە'' و
''ئێن ئاڕ تی'' و... هتد) دامەزراندییە کە سەرلەبەریان لە سەر بودجەی
دزیاریی میللەت بەڕێوەدەچن و راستەوخۆش لە لایەن حیزب و لایەنەکانەوە
سەرپەشتیی دەکرێن!
بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، (١١٥)
ساڵ وەسەر یەکەمین رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕی، رۆژنامەکانی کوردستان بە
تێکڕای کەناڵە میدیاییەکانی دیکەشەوە لە باری هەنووکەیاندا هێندە
حیزبیی و دوور لە راستیین بە هیچ جۆرەک جێگەی بڕوا نین لەکن خوێنەران
تەنانەت سیاسەتبازە کۆلەوارەکانیش - کە هەر خۆیان خاوەن و هەڵسوڕێنەری
سەرلەبەری کەناڵە میدیاییەکانن - کاتەک ناتوانن دان وە قسەیەکی راست
دابنێن دەبێژن: ''ئەوە پڕوپاگەندەی میدیاییە''!!! لەبەرئەوە تا ئەو
رۆژنامانە بەو جۆرەن.. زۆر باشترە لە یادی هەر ساڵەکی رۆژنامەگەریی
کوردیدا ببێژین: (رۆژنامەگەریی کوردی کە بەو شێوەیە تەنیا لە
بەرژەوەندیی تەسکی دەسەڵاتداران و حیزبەکان کار دەکەن؛ با بیگۆڕین و
بیکەنە ''یادی رۆژنامەگەریی حیزبیی'')!
٢١\٤\٢٠١٣
- لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|