په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٣\٢٠١٥

یادی کرێکارێکی ئافرەت لە خرۆشانە جەماوەرییەکەی ئاداری ٩١ی خەڵکی کوردستان.

حوسێن ساڵح     


ئەوەی نوسیومە بەسەرھاتێکی واقعی ئافرەتێکی کرێکارە لەیادی ٢٣ساڵەی خرۆشانە جەماوەریەکەی ئاداری ٩١، ئەم یادە بۆ ئەم کرێکارە و ھەزاران کەسی ھاوشێوەی ئەو کە توشی چ کارەساتێ بوون و چیان لەو قوربانیدانە دەست کەوتوە، وە دوای ٢٣ساڵ لەحاکمیەتی حیزبەکانی کوردایەتی توشی چی دەردو نەھامەتیەک بوون، دیارە ھەم یادەوەریەکی خۆشە، وەھەم یادەوەریەکی ناخۆشە، بەتایبەتی ئەوانەی لەم ڕۆژانەدا ئازیزەکانیان لەدەست داوە یان خۆیان توشی کارەسات ھاتوون وکەمئەندام بوون، نەسرین یەکێکە لەوئینسنانەی کەساڵی ٩١بیرەوەریەکی تاڵی ھەیە لەگەڵ رۆژانی دوایی کە بەپێویستم زانی ئەم یادە بنوسمەوە.
ئەم یادە پێویست بەوەدەکات کەبگەڕێمەوە بۆ ڕۆژانی سەردەمی بەعس بەوجۆرە دەتوانم یادەکە بگەیەنم و حەقی پێبەم.


نەسرین سەرەتای ساڵی ٨٠ باوکی لەدەستدا و بەناچاری بۆ بژێوی خۆی وخانەوادە کرێکاریەکەی ڕووی لەکارگەی جگەرە وپوختە کردنی سلێمانی کرد و لەوێ واتەساڵی ١٩٨٢ دەستی بەکارکردن کرد تاساڵی ١٩٨٧.


دیارە حکومەتی ڕەفتار فاشتی بەعسیش ھەر بەتەنیا ئیعدام وکوشتن و برینی بەکۆمەڵی نەدەکرد وەکو ئەنفال و کیمایی باران، ھەربەوەوە لێنەدەگەڕا کەچۆن کرێکارانی لەمەیدانی کاردا دەچەوسانەوە و ھەروەک چۆن لەسەردەمی شەری ئێران و عێراقدا سەعاتکاری زیادە کاری پێ دەکردن بەناوی (مجھودحربی) بەڵکو دەبوایە سەرجەم کرێکاران و کارمەندان ئیمزای بەعسی بونیان بکردایە و ئامادەبونایە بۆکۆبوونەوەکان "ڕێپێوانەکان و ھەمووبۆنەکان"، دیارەبەشێک لەکرێکاران کرانە جەیشی شەعبی و دەبران بۆجەبھەکان، بۆیە نان و کارکردن و ژیان کردن لەلایەن بۆرژوازی بەعسەوە بەبارمتە گیرابوو دەبوایە ھەمووخەڵک تەبەنی لەم سیاسەتە بکەن.


دیارە خەڵکی کوردستان سەرەڕای نەفرەت و ناڕەزایەتی قوڵیان لەوڕژێمە گۆربەگۆڕە و دانی قوربانی زۆریان، ئەوەندەی بۆیان کرابێ ملیان بەم سیاسەتە نەداوە، بەڵام دواجار ئەم سیاسەتە داسەپاوە و بەشێکی بەرچاو لەخەڵک بەناچاری ملیان پێ داوە بۆدرێژەدان بەژیانیان.


نەسرین ێاڵح دوای ھێنان و بردن و چاوسورکردنەوە لێی لەلایەن ڕەفیق حیزبیەکانەوە، دوای ئەوەی ھاورێ کرێکاریەکانی کەپێیان وت بابە خۆت نان براو مەکە، بەڵام نەسرین ئەودەم سەرەڕای ئەوھەوڵوێستەی ئەندامی ھیچ پارتێکی سیاسی نەبوو، بەڵام ئەوکارەی بەناڕەوا دەزانی و دەیوت ئەوە دەچێتە خزمەتی بەعسەوە، نەسرین لەمانگرتنە گەورەکەی کارگەی جگەرە بەشداری کردکە چەندین ژن تیا ئەشکەنجەدران واتە لەساڵی ١٩٨٢. ھەربۆیە سەرەنجام ساڵی ١٩٨٧ ماڵ ئاوایی لەکار و ھاوڕێکانی کرد. ساڵی ٩١ لەجەنگی کەنداودا کاتێک ھاوپەیمانان بەبیانووی داگیرکردنی کوێت و چەکی ئەتۆمی بەدەستی ڕژێمی بەعسەوە وە توانیان دەوڵەتی بەعس داروخێنن، ئەمە بووە فرسەت بۆخەڵکی کوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراق، ھەربۆیە لەبەریەک ھەڵوەشانی بەعسیش ڕێگای دا بەخەڵکی کوردستان تاخرۆشانی جەماوەری بکەن و ڕق ونەفەرەت و توڕەیی دەیان ساڵەی خۆیان برژێنن بەسەر ئەوڕژێمەدا و توانیان لەکوردستان وەدەری نێن، ئەم وەزعە بۆ نەسرین و خەڵکی کوردستان جێگەی دڵخۆشی بوو، بەڵام ئەمە ڕوداوو بوو کە ڕویدا نەک بەئامەدەیی و ڕاپەڕینیی خەڵک و شۆرشیان، ئەم ڕووداوانە کەنیزیکەی مانگێکی خایاند ھەزاران کەس گیانیان لەدەستداو ھەزاران کەسیش برینداربوون، ڕۆژی ٧-٣ کەخرۆشانی شاری سلێمانی بوو پەلاماری دام دەزگاکان دران بەڵام ئەوڕۆژە نەتوانرا ئەمنەسورەکە بگێرێ کەزۆرێ لەئەمن و پیاوەکانی ڕژێم دواسەنگەریان بوو، ھەربۆیە ڕۆژی دووەم لە ٨مارس ڕۆژی جیھانی ژنان شار پاککرایەوە و ئێوارەکەی کۆتایی ھات، سەدان زیندانی سیاسی چەپ و کۆمۆنیست ئازادی خواز لەمەرگ ڕزگاریان بوو، وەلەئامێزی کەسوکار و خەڵکی شاردا بەشەوق و شادیەوە خۆیان بینییەوە. ھەرئەوڕۆژە بەیانیەکەی زوو ئەمنە سورەکە کەوتە ھاوەن بارانی گەرەکەکان، ماڵی نەسرین یەکێک بولەوماڵانە بەداخەوە نەسرین خەریکی ئیشو کاری ناوماڵ بوو لە بەرمەتبەخی ماڵیان، لەپرھاوەنێک نەسرینی برد بەئاسماندا و لەناو چڕو دوکەڵدا ونبوو لەولاشەوە خوشک وبرازایەکی برین داربوو، ئەم کارەساتە وەکو بڵێی بەعس لەئاخرڕۆژەکانی تۆڵەیەکی تری لێ بکاتەوە بەداخەوە ئەم کارەساتە نەسرینی گەیەندە کەناری مەرگ، کەدواجار قاچێکی برایەوە وە زۆربەی جەستەی دوای چەندین ساڵ دوای ئەوەی چەندین شارو ووڵاتی کرد بۆچارەسەری برینەکانی، دوای چەندین ساڵ ئێش و ئازار و دەردەسەری و نەبوونی بێکاری، دوای ئەوەی کەم ئەندام بوو، ئامادەبوو بەوحاڵەوە بچێتەوە کارگە و نێو ھاورێکانی ووتی ئیتر بەعسیش نەماوە کەس ناتوانێ داوای بەعسی بونم لێ بکا دەسەڵاتی خۆمانە، نەسرین وەکو زۆربەی خەڵکی کوردستان ستەمی نەتەوایەتی وای لێ کردبوون خۆش خەیاڵبن بە دەسەڵاتی کوردایەتی و بەحوکمەتی خۆیانیان دەزانی پێیان وابوو خەونەکانیان دێتەدی، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە ئەم بزووتنەوەیە ئەوەی نیشاندا کە دەسەڵاتی خۆماڵی تەنیا ئیعدام ناکا، بەڵام ئەتوانێ نەک وەکو حوکمەتی بەعسی دکتاتۆر، بەڵکو وەکو دەسەڵاتی میلشیایی و عەشیرەتی حوکمرَانی بکەن ئەمە جیاوەزیەکەی بوو، بەڵام ھەر بەمیکانیزمی بەعس بەدرێژایی ئەم چەندساڵە نان وکاروژیانی خەڵکیان بەبارمتە گرت، دیسانەوە بەتەسکیەو ئەندام بون کار لە دامودەزگاکاندا بەدەست دەکەوت، واتە خەبات وتێکۆشانی خەڵکی کوردستان و ستەمێک کەلەوان دەکرا ئەرزشێکی نەبوو، دەبێ خەڵکی کوردستان بچنە خزمەتی سیاسەتەکانی ئەم حیزبانەوە، واتە خەڵکی کوردستان بەعسیان وەدەرنا، بەڵام نەیان توانی دەسەڵاتێک بھێنەکایەوە کەڕەنگ دانەوەی ئیرادەی ئەوان بێت، بەمانەی دەسەڵاتدارێتی خەڵکی کوردستان کە ھاوڵاتیبوون بنەماکەی بێت، ئەم ئەلتەرناتیڤەیە دەتوانێ خەونەکان بێنێتە دی نەک بە پێچەوانەوە.


نەسرین دوای ھێنان و بردنێکی زۆر دواجار لەڕێی دۆستێکی دەست ڕۆیشتوو دامەزرایەوە ئەگینا شمولی نەدەکرد، وەپێیان دەوت بۆ وازت ھێناوە لە کارەکەت، بەڵگەت چییە خۆت وازت ھێناوە وە ئەم ھەڵوێستەیان بەرز نەدەنرخاند کەسێک کە چون دووجار بۆتە قوربانی، تا دواجار ٦ساڵی خزمەتی بەعسیان بۆ ھەژمار نەکرد سەیر لەوەدایە ھەزاران کەس لە بەعسی سەرەڕای ئەوەی بەر لێبوردن کەوتن کە من دژی ئەوە نیم، بەڵام بەشێک لەوانە دەبوایە سزابدرێن کە ئەنفالیان کردوە، خەڵکیان کوشتوە و ئازارداوە بەڵام لەدەسەڵاتدان و موچەی خەیاڵی وەردەگرن و یان خانە نشینن بوون و وەکو خەڵکی شۆرشگێر دەناسرێن و لە ھەموشتێ بەھرەمەندن، بەڵام ئەم دەسەڵاتە مافی کارکردنیشی بەکرێکاران ڕەوا نابینێ دووساڵێکە کارگە کارێکی وای نەماوە کارمەندەکانی بەشێکی خانەنشین کردوە بەشێکی تر خراونەتە سەردام و دەزگاکانی تر واتە لەکرێکاری بەرھەم ھێنەوە بونەتە کارگوزار، وە بەشێکی زۆرکەم لەکارگەکەدا ماونەتەوە، لەم نێوەدا نەسرین جارێکی تر بێنەوبەردەیان پێکردەوە و توشی کارێکی قورسی کارگوزاریان کرد کە لەتوانای ئەودانەبوو، دوای ھەوڵێکی زۆر گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی.


ئێستا نەسرین وھاوچارەنوسەکانی خەمێکی تریان بۆ زیادبووە ئەویش نەدانی موچەو دواکەوتنی بۆ چەند مانگێک، چیرۆکی نەسرین تەواونەبووە لەسایەی ئەم دەسەڵاتدا و بەڵکو نەسرین وتەواوی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەناو تراژیدیا و میحنەتیا دەژین وخەونەکانیان نەھاتۆتەدی، لەیادی خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا کە دەکرێ بڵێن خاڵێکی پرشنگدارە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا نە شۆرش بو نە ڕاپەرین.

 


٧\٣\٢٠١٥
yahhhh@live.de
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک