٣١\١٢\٢٠١٥
یادی رۆژی سینەمای
جیهانیی لە ھۆڵی سینەمای سەردەم کرایەوە.
دەزگای
چاپ و پەخشی سەردەم و بەڕیوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلیمانی بە
مەبەستی زیاتر برەو دان بە چێژی بینین لای بینەران و نمایشکردنی فیلمە
بەرھەمھاتووە کوردییەکان ، بەبۆنەی یادی رۆژی جیهانیی سینەما و
کردنەوەی ھۆڵی سینەمای سەردەم لەکاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژی ٢٨/١٢/٢٠١٥،
لەتەلاری سەردەم لەشاری سلیمانی ئەو یادەیان پیرۆزکرد.
بەئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و
ھونەرمەندان و نووسەران و جەماوەرێکی بەرچاوو دیاری شاری سلێمانی ھۆڵی
سینەمای سەردەم کرایەوەو بەڕیوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانیش ٦شەش
فیلمی کورتی دەرھێنەرانی کوردی نمایشکرد.
سەرەتای دەستپیکی یادەکە بە بەخێرھێنانی ئامادەبووان و خولەکێک وەستان
بۆ گیانی شەھیدانی کوردستان دەستی پیکرد ، پاشان وتەی دەزگای چاپ و
پەخشی سەردەم بۆ یادی سینەمای جیهانیی لەلایەن سەرۆکی دەزگای سەردەم (ئازاد
بەرزنجی) خوێندرایەوە و بەڕێزیان تیشکیان خستە سەر یادەوەری بینین و
بینەری فیلمە سینەماییەکان لەرابردوداو باسی لەھەبوونی گرنگی سینەما
کرد و پاشان تیشکیان خستە سەر ھەوڵەکانی دەزگای سەردەم لەچاپکردنی
سەرچاوەی نووسین لەبواری سینەماو شانۆ کردنەوەی ھۆڵەکەیشیان بەلایەنێکی
تری خزمەتکردن بەسینەما خستەڕوو.
دوای ئەوە بەڵگەفیلمێک نمایش کرا دەربارەی مێژووی دروست بوون و کارو
چالاکییەکانی (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم)کە لەلایەن فیلمساز (خەسرەو
حەمەکەریم)کاری دەرھێنانی بۆ کرابوو.
دوابەدوای نمایشی فیلمەکە وتەی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی
بۆ یادی سینەمای جیهانیی لەلایەن (ئـازاد سـەوزە)خوێندرایەوە و ئەو
ووتی (١٢٠ساڵ لەمەوبەر لەنێو ئامێرێکی ئەفسوناویدا شەمەندەفەرێک
لەوێستگەیەکی پاریس وەستا، لەو ساتەوەختەدا ئەوەی ئاسایی نەبوو
ھەناسەسواری بینەرانی ئەو روداوەبوون کەھەستیان دەکرد خەون دەبینن ،
ئەوان بینەری یەکەمین نمایشی فیلم بوون ، ئەوانەی لەوێ بوون ، بینەری
یەکەم ترپەی دڵی سینەماو ھەستپێکەری دەستپێکی ھەناسەدانی ژیانکردنی
ھونەری حەوتەم وون . ) پاشان لەدرێژەی وتەکەیدا ئاماژەی کرد
بەجوانییەکان و گرنگی سینەما لەنێو ژیانی کۆمەڵگەدا و لەکۆتاییدا
ئاماژەی دا بەوەی کە(ئەم ھونەرە ، جیھانێکە توانامان دەداتێ
بیربکەینەوە لەئاکارو رەفتارەکانمان لەمانا بەخشین بەژیان و گەوھەری
بوون ، سینەما لەئاگاییدا رێگەمان دەدات خەون ببینین بەنەخشەرێژی بۆ
ئایندەو جوانکردنی ھیواو ھومێدەکانمان.
ھەموو شارو شارۆچکەو گوندێک پێویستی بەسینەمایە بۆئەوەی لەنێو ھۆڵە
تاریکەکانیدا لەگەل شەپۆلی تیشکەکانی فیلمدا مرۆڤەکان ئاوەزو
تێفکرینیان رووناک ببێتەوە و ھەموان ئاوێزانی رەنگە ئاوێزەییەکەی فیلم
ببن ، قوڵ ، گەلێک قوڵ رۆچنە نێو خەیاڵ و تێفکرین و ئەندێشەیان
فراوانکەن بۆ دۆزینەوەی راستیەکان و پەیبردن بەوەی رویداوەو ئەوەی
روودەدات . لەم نیشتیمانەدا بۆ ئێمە ئەم شتانە زۆر پێویستن خاک ، ئاو ،
ھەوا ، لەگەل سینەما.).
دوای وتەکەی ( ئازاد سەوزە) کارەکانی نمایشکردنی فیلمەکانی یادی
سینەمای جیهانیی دەستی پێکرد بەمجۆرە:
١. نمایشکردنی فیلمی (زەوی ونبووان) سیناریۆ و دەرھێنانی : ھەوراز
محەمەد.
٢. نمایشکردنی فیلمی ( دیلی شەترەنج) سیناریۆو دەرھێنانی : سرووشت
عەبەرەش.
٣. نمایشکردنی فیلمی( سانتاکلوس) سیناریۆو دەرھێنانی : ئاکۆ عەزیز
میرزا.
٤. نمایشکردنی فیلمی ( سەھۆڵاو) سیناریۆو دەرھێنانی : جەلال ساعدپەناە.
٥. نمایشکردنی فیلمی ( مایکرۆفۆن) سیناریۆو دەرھێنانی : کەریم غەفوور
(کەریمۆک).
٦. نمایشکردنی فیلمی ( ئاپارتمانی مێروولەکان) سیناریۆو دەرھێنانی :
تۆفیق ئەمانی.
دوای تەواوبوونی نمایشی فیلمەکان یادەکە کۆتایی ھات و چالاکییەکە بووە
جێگەی رەزامەندبوونی ھونەرمەندان و ئەدیبان و ئامادەبووان.
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
بەڕیوەبەرایەتی ھونەری
سینەمای سلیمانی
azadsawza@yahoo.com
|