٥\٤\٢٠٢٠
یادی شکۆی
کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا (مەسعوود محەمەد).
- لە فۆڕمی (گازندەیی و سکاڵایەک)دا -

هەڵۆ محەمەد
ئێمە
ئیمڕۆ لەبەردەم شکۆی یادی مەرگی بیرمەندێکی کورداین... کە زیاتر لە نیو
سەدە بە تاقی تەنیا، لە ھەلومەرجێکی ھێجگار ئاڵۆز و سەختی ڕۆژگاری
ململانێ سەخت و ڕادیکالەکان دا . لەدەڤەرێکی پڕ لە کێشمەکێشی خوێناوی و
لە نێو فەزایەکی دواکەوتووی بەجێماوی ھەژاردا، تەنیا بە خۆیی و قەڵەم و
باوەڕ و فیکرییەوە، لە مەیدانی کایەکانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و زمان و
نووسینی کوردیدا، تاکە شۆڕەسوارێکی بێ ڕکەبەری گۆڕەپانەکە بوو.
بیرمەندێک تەنیا باڵ دەجەنگا دژ بە لەشکرێکی بێ فەڕ ، لە خوێنەوارو
خاوەن بڕوانامە و قەڵەم بەدەست،لە ناحەزانی سەر لێشێواوی و دواکەوتوویی
لاسایکەرەوە و ڕاسپێردراوی ئێرە و ئەوێ....
بیرمەندێک مەیدانی شەڕی بە مانای - ململانێی ئەقلانی و شارستانییە دوور
لە زەبروزەنگەکەی - لە گەڵ ئەوانیتردا بۆ خۆی دیاری کرد بوو. بەڵام چ
کەسێ نەبوو لەو لەشکرەی ئاماژەمان پێدا، بە بوێرییەوە بێت و بچێتە
مەیدانەوە و زۆرانباری لەگەڵ قەڵەم و ھزری بکات.... لە خۆ ڕابفەرمووێ و
بێ و ئەم بیرمەند ڕاپێچێتە سەر شانۆ و بە دیاکۆکی بابەتی تاووتوێی پرسە
گرنگەکانی نێو پانتایی سیاسەت و ڕۆشنبیری و فیکری ئەو ڕۆژگارەی لەتەکدا
بکات.
بیرمەندێک لە ھەر پێگە و مەقام و شوێنێکدا بوو بێت، بێ شەرم و کۆکردن
لە کەس و دەسەڵاتێک ، ئەوەی زادەی ھەق و ڕاستی و کوردایەتی بووبێت، و
ویستبێتی ھەرچییەکی تر بڵێ، وتوویەتی و نووسیوێتی بێ پەروا لە بەرزترین
فۆڕمی داڕشتن و بە ھەناسەیەکی پڕ لە خاکەڕایی و زۆر بابەتی و
واقیعییەوە پێشکەشی کردووین.
ئەم بیرمەندە گەورە مامۆستا(مەسعوود محەمەد) ە( ١٩١٩ ـ ٢٠٠٢) ، کە
بارستایی کەسایەتی فیکری بارتەقای بابەتگەلێکی چڕوپڕی تژی لە پرسی
گەورە و پیرۆز لە بوونی مرۆڤ و بەھا جوانەکانە، لە ڕەھەندێکی قووڵ و
فراوانی خزمەتی کوردبوون دا.
مامۆستا مەسعوود بە کتێبە فیکرییەکانی، ناو و پێگەیەی گەورە و سەرمەشقی
بە ترۆپک و پانتایی و درێژایی « ھزر و مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتی و
فەرھەنگی» کوردبوون دا ، نەخش بووە.
ئەم بیرمەندە تا لە ژیاندا بوو، جگە لە داتاشینی تۆمەت و جوێنی بازاڕی
و ھەڵبەستی درۆ و دەلەسە و نامەردێتی حیز بە خاڵی خۆی فێرە! و دژایەتی
کوێرانە و بایکۆتی نەزانانە و ھەموو شێوازە ناشیرینەکانی تری دژایەتی،
ھیچی تری لە زۆربەی ھەرە زۆری ھاو قەڵەم و ھاو ڕۆشنبیر و ھاو
سەردەمەکانی خۆیەوە نەچنییەوە. سیاسییەکانیش لەگەڵیدا وەک پێویست بە
مروەت نەبوون. ئەم بەرە سەرلێشێواو و ناحەزە چەندی بۆیان بکرایەبا،
ڕووی لاپەڕە ڕووزەردەکانیان ڕەش دەکردەوە، بە جوێن و باسی نزم و پووچ و
بریندارکردنی کەسی مامۆستا مەسعوود.
ئەوە بڕگەیەکی خەمناکی چیرۆکی دوێنێمانە ، دەی ئەوەتا ئێستا لە سایەی
دەسەڵات و توانای خۆیی خۆمانەوە، چ بایەخدانێک بەم بیرمەند و کەسە
سیمبۆلییەکانی تری مێژوومان نییە... ھەر ئەوانە لەبەرچاو و ڕێز
لێگیراون!، کە چوونەتە ژێر چەتری حیزب و لایەنێکەوە و خۆیان چەمەلەخی
شوێنێک کردووە. لەم پرۆسەیەشدا ڕێوی کراوەتە شێر و خراپ بە باش و..ھتد.
ھیچ کام لە ئێمە ھیچ شەقامێکی سەرەکی و ناوەندی پێشکەوتووی جیھانی نەدی،
بە پەیکەری بیرمەند و ئەدیب و ھونەرمەندەکانی نەڕازابێتەوە. لە شارێکی
وەک بەرلین دا ، ناوی گۆتە بەسەر زیاتر لە ٥٥ شوێن لە شەقام و
قوتابخانەوەیە و بگرە شانۆ و پەیمانگا گەورە گەورەی فەرمی و نافەرمی
بەناوی گۆتەوە ھەیە. کەچی وەک دەزانین ناوی مامۆستا لە شارەکەی خۆی و
ناو بنەماڵە رۆشنبیرەکەی خۆی ، شاری کۆیەی ئازیزی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و
ھونەر !کۆتەڵ و پەیکەرێ بۆ گەورە زانا و فەیلەسووف و بیرمەند مەسعوود
محەمەد بەرچاو ناکەوێت.!..
ئای چ ئەفسووسە ئەم دنیای ئەقڵێت و سیاسەت و دەسەڵاتی کوردییە!؟ ئای
چەند ئازاربەخشە کوردبوون لەسایەی دەسەڵاتێکی بێ ئاگا و نابەرپرس و
دوور لە ھەستی کوردبوون دا . برالە داخۆ تۆ پێت سەیر و سەمەرە و جێی
پرسیار نییە، مەیدانی قەزافی و جەواھیری و شەقامی فڵان و فیسار لە
کوردستان ھەبێ، کەچی وەک ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی تایبەتی
بەناوی مەسعوود محەمەدە نییە، کوچە و کۆڵانێکیش بەرچاوناکەوێت، تابلۆی
ناوی ئەم بیرمەندەی لەسەر بێت....!!
ئەرێ تۆش ناپرسی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی ھێندە بێ مروەت و قێزەون و
چاو قایم و زات کوێرە؟!. چۆن دەتوانێ و بە چ ڕوویەکەوە نکۆڵی لە ھەڵاتن
و ئاوابوونی خۆر بکات؟!..وەک ئەوەی ناو و بەرھەم و ھزری مەسعوود محەمەد
پەردەپۆش دەکات. ئاخر فەرامۆشکردنی ھزر و قەڵەمێکی وەک مەسعوود محەمەد،
واتە بەھەند وەرنەگرتنی تێکڕای فیکر و ڕۆشنبیریی و مەعریفەی کوردی.
ئەمەش واتە نادیدە گرتنی چیای پیرەمەگروون و لوتکەی حەسارۆستی نیشتمان.{
٣ بەرگ نوسین لەسەر حاجی قادر و ٣ بەرگ لەسەر مرۆڤ و دەوروبەر و ٢ کتێب
لەسەر نالی و چەندان بەرھەمی تری ناوازە و بەنرخ لەسەر زمان و فیکر...
ھتد}، چۆن نرخیان بۆ دانانرێت و لە بیر دەکرێن؟!..دە پێم ناڵێن چۆن و
لە چ زەمینەیەکدا دەتوانرێ ئەم خەرمانە لە فیکر و فەلسەفە و مەعریفە
وەلا بنرێ و بازی بەسەردا بدرێت؟!..
ھەقی خۆمانە بپرسین ئەم کەمتەرخەمی و کێماسییە چ مانایەکی ھەیە و چ
پەیامێکی ترسناکی لە خۆ گرتووە؟! داخۆ ڕەوای ھەقە دەسەڵاتێکی خۆیی
لەشکرێ قەڵەم بەدەست و ھەزاران دەستگای میدیایی زەبەلاح، مەرگی کەڵە
بیرمەندێکی کورد جێی بایەخیان نییە؟!...
بیرمەندێک بە ھەموو پێوەرێک بە بیرکردنەوەی قوڵ و نووسینی بەپێز و
چڕوپڕ و زمانێکی بێ ھاوتا لە دەربڕین و داڕشتن دا، جێدەستی تاقانەی بە
سەرلەبەری مێژووی نیو سەدەی ڕابووردووی فەرھەنگ و نووسینمانەوە ھەیە.
کارێکی لەم چەشنە چەند نیشانەی بێباکی و گێلێتیی و لە خۆبایی بوونە، دە
ھێندە بەڵگەی نەزانی و ناکارامەیی و نادڵسۆزیی و خۆکوژیشە.
ئاخر مامۆستایەک بتوانێ بە زەبری قەڵەمێکی ڕووت و بێ پشت و پەناو بێکەس،
ئەم ھەموو خزمەتە بکات و شەڕی ئەو بەرەیەکی فراوانە بکات و بەرگری لە
چەمکی « کوردبوون» و بەھای « مرۆڤ» بکات، کە بەخۆڕایی و ترسنۆکانە
دەیان سەپاند بەسەریدا، دەبێ چ مرۆڤێک بوو بێت؟!.. چەند متمانەت و
باوەڕی بە خۆی ھەبوو بێت .تا چ ئەندازەیەک پشت ئەستوور و بەھێز بوو بێت،
بە قەناعەتە فیکریی و فەلسەفییەکانی؟!. چەند خۆی بە ڕاست زانیبێت...
حیکمەت و زرنگی ئەو ھەڵوێستە، ئەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەری خست ، کێ ڕاست و
کێ سەرگەردان و دوای کڵاوی بابردوو کەوت بوو.
ھەرچۆنێک بێت، مەسعوود محەمەد حەزی لە چەلەحانێ و وتی وتی و چیرۆکە
بێزراوەکانی شیر لۆ داپیرە و ئاستی نزمی بازاڕی ھەلاھەلاکراوی
رۆشنبیریی کوردی نەبوو. گەر شەڕیشی پێ فرۆشرابێت، بێدەنگی ھەڵبژاردووە.
یاخود زۆر بەدەگمەن بە ئەدەبێکی بەرزەوە وەڵامی داوەتەوە.
ئەو تەنیا یەک شەڕی بە ئاشکرا دەکرد و سەنگەرێکی ھەڵبژارد بۆ شەڕەکەی ،
کە ڕەھەندی داکۆکی کردنەکەی و بەرەکەی بۆ خێر و خۆشی گشتی بێت، بۆ
توانەوەی شەختە و ھەڵتەکاندنی دۆگماکان بێت، بۆ ژیانێک بێت مرۆڤ لەسەر
گۆی زەوی سەروەر بێت، نەک زەلیل و کۆیلە، مرۆڤ ڕەفتارە خراپەکانی
کەمکاتەوە و تای تەرازووی چاکەی قورس بکات...
سەدەی بیستەم، ئەگەر کورد ژانێکی گرتبێ، ئەوە مەسعوود محەمەد لەدایک
بووە. ئەم بیرمەندە ئەگەر ھەموو شتێکیشی نەوتبێ !، ھێندە بەرھەم و
نووسینی شاکاری دوای خۆی بۆ بەجێھێشتووین، پڕن لە وەڵامی پرسیارە
ھەستیار و مەتەڵ ئاساکان . ئەو پرسیارانەی خوێنەر ناچار دەکەن، ئەقڵ و
مێشکی بۆ بخاتە کار، ئەو پرسیارانەی پێویستە بە تێڕامان و بیرکردنەوە
ئیستیان لەسەر بکرێ. ھاوکاتیش مامۆستا بە وەڵامدنەوەی پرسیارە
ئالۆزەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چرایەکی ڕووناکی داگیرسان بۆ
ڕاماڵینی تاریکی و کەم کردنەوەی نەزانی و پاراستنی بەھای پیرۆز و
داھێنەرانەی مرۆڤ و تەختکردن و گوڵڕێژکردنی ڕێگای ژیانێکی شایستەی
ناواخن تێر بە ئازادی و پێشکەوتن و زانیاری و حەسانەوەی بە ڕوومەت.
بە درێژایی بیرکردنەوە و نووسین، مەسعوود محەمەد ھەوڵ و تەقەلایەکانی
بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵە و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەری چەواشەکراو و
بەگژداچوونەوەی درۆ و دەلەسە و بێ مانایی و ھەڵبڕینی دەستی ڤیتۆ
بەرامبەر بە ناڕاستی و ستەمەکان بووە، بە دروشمی گیان و پرنسیپ و
ئاگایی بەرز و بە فۆڕمی ڕاستی و ھەق ویستن و خۆشەویستی مرۆڤەوە.لەم
ھاوکێشە و ڕووبەرەشدا، بەشە گەورەکەی پەند و وانە و ئامۆژگارییەکانی بۆ
ڕۆڵە نەوجەوانەکانی نەتەوەکەی خۆی بووە.
ڕاستییەک ھەیە سەرووی ھەموو باسەکان دەکەوێتەوە. ئەویش بریتییە لە وەی
مەرج نییە من ھاوباوەڕی ھەر کەسێک بم و کتومت وەک یەک بیر بکەینەوە،.
ئاخر بیرمەندێک دەڵێ:(گەر دووان وەک یەک بیریان کردەوە، یەکێکیان
زیادەیە) بەڵام زۆر گرنگە چاوپۆشی لە ھەقیقەت راستی نەکرێ و بەشە ھەقی
ئەو کەسەی جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە بپارێزرێ. ناحەزە فیکرییەکانی
مەسعوود محەمەد تاک و تەرایەکی ڕێزداریان لێ دەرچێ، سەرپاکیان ھێندە
زاڵم و جەللادی سەر گیان و ئازادی بیر و ھزر و فکربوون، بە ژەھری
ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان، مافی مەسعوود محەمەدی بیرمەندیان بە ئاشکرا زەوت
دەکرد. ھەرچەند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە سەردەمێکی زۆر خاوەنی ھێز و دەسەڵات
بوون، لێ بە ھەموو ھەوڵ و چەواشەکاری و پلانگێڕیی و کڵابازییانەوە،
نەیان توانی بارستایی و قەبارەی کاریگەرێتی و ھێز و گەورەی مەسعوود
محەمەد بسڕنەوە.
بۆ ئەم یادی ١٨ ساڵ تێپەربوونە بەسەر کۆچی دواییدا، مامۆستا مەسعوود
محەمەد دا ، مەڵۆیەکتان لەخەرمانی بیر و نووسینینە ڕەنگینەکانی
تێھەڵکێش کردووە.١.٤.٢٠٢٠.
١\٤\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|