په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٢\٢٠١٢

یادت و یادەوەریتان بەرز و زیندوو، ئەکرەم حەمەئەمین (ئەکرەمی حەپسە).


زاھیر باھیر      


لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا، ڕۆژی ١١/١٢/١٩٨٠، ڕۆژی وەیشومەی پایز و گەڵاڕێزانی یەکە ‌یەکەی گەڵاکانی تەمەنی لاوێتی ئەکرەم، بوو، ڕۆژی کۆستکەوتنی دڵی من و دڵی دەیان ھاوڕێ و دۆست و ناسیا و خێزانی ئەو بوو، ڕۆژی کۆتایی و دواساتی دیداری ‘ئاواز’ و ‘ سەنگەر’ و ‘ ڕۆزا’ و ھەموومان، لەگەڵ ئەو بوو. ئای چ ڕۆژێک بوو، چ قەدەر و ڕێکەوتێک بوو، چ کارەسات و بەدبەختییەک بوو بۆ لەدەستدانی تەمەنێکی تری لاوێتی، بۆ لە لێدانخستنی دڵێکی گەورە ‌و پڕھیوا.

تۆ چاوەڕوانی ئەوەت نەدەکرد ئا بەو ئاسانییە بکەویتە داوی دەسەڵاتەوە، ئا بەو بێئەنجامییە، بەبێ شەڕی دەستەویەخە، بەبێ بەرگری لە خۆکردن و لەپێناوی ھاوڕێیانت، بکەویتە دان و داوی مەرگەوە، چونکە تۆ ترس لە گیانتا نەبوو، ڕاڕایی و بەستەڵەک لە بیروباوەڕتا نەبوو، پەلە پەلی و ھەڵەشەیی لە ڕەفتار و کردارتا نەبوو. ھاوڕێم تۆ کەسێکی زۆر کامڵ و بەپشوو بووی، مێشکت زۆر کراووە ‌و بەردەوام لە گۆڕاندا بووی، گەرچی لە یەک دنیا و لەناو یەک بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەژیاین، بەڵام تۆ بە چەندەھا فرسەخ لە پێش من و ھەر ھەموومانەوە، بووی.

ھاوڕێم، چەند ساڵێکە گەلێک لە ھاوڕێیان و دۆستان و برادەران، بەھۆی ئەوەی کە من ھاوڕێیەکی گەلێک نزیکی تۆ بووم، چەندەھا جار داوایان لێکردوم کە یادێکت بکەمەوە. بەڵام من ئەو مافەم بەخۆم نەدەدا وەک کەسێکی زیندوو، کە ئەم ژیانە ڕامدەکێشێت و منیش ئەو ڕادەکێشم، ئەم ژیانە تیری سەرزنشتیم تێدەگرێت، جامی ژاری شەرمەزاریم پێدەچێژێت، ناڵێـم ھەموو ڕۆژێک و ھەموو شەوێک، ھەموو ساتێک ھەموو کاتێک، تۆم لە یادە، ئێوەم لە یادە، بەڵام ھەر کات بیرەوەری، ھەر کات یادی تیاچوونی یەکێکیتان دێتە پێشەوە، ھەر کات گەر بۆ ساتێکی کورتیش بێت بیرەوەییەکانتان بەبیر خۆم، بھێنمەوە، ھۆن ھۆن دڵۆپی فرمێسکی لە بن نەھاتووم، لە تاریکایی شەومدا لە ڕوناکی ڕۆژمدا، دانە دانە، یەک بە یەک، دەیانھۆنمەوە، دیسانەوە یادتان دەکەمەوە، دیسانەوە نە جارێک و نە دە جار و نە سەد جار، بەڵێن و پەیمانی کۆنم کە دابووم پێتان، نە لە ئێستا و نە لە داھاتووشدا دڵنیابن، کە ناپاکی ناکەم لێتان. ئەو ڕێگایەی کە ئێوە گرتتانەبەر و دنیای ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیستیتان تێدا دەبینییەوە، منیش ھەر وەکو ئێوە، پاش ئەم ھەموو ساڵانە بەدواییدا وێڵم، ڕێگای جیا و کاروانە ڕێگای تری، لەگەڵ ھاوڕێیانی تردا، بۆ دەکێڵم، بۆ دەگرم.

من و ھەندێک لە کۆنە ھاوڕێکانی تریشتان، کە بە پەنجەی دەست دەژمێررێین، ھەرچی بکەین، ناتوانین ئەوە بکەین کە ئێوە کردتان. ناتوانین ئەوە ئەنجام بدەین، کە ئێوە داتان، ئێوە ژیانی خۆتان لە دەست دا و ئێمە لە ژیانی خۆماندا خۆشی دەبینین، ئێوە ژیان غەدری لێکردن و بەعس و کارەساتی تر، ھەر بە گەنجێتی ژیانی لێسەندنەوە، مۆمی تەمەنی ژیانی لاوێتیتانی کوژاندنەوە. پاشەڕۆژ و شوێنپێی ڕەوتی ژیانی ئێوەی کوێرکردەوە، سیرەی باوکایەتی، خۆشەویستی بۆ فرزەندایەتی، سۆز و یادی باوکایەتی بۆ مندالەکانتان، کوڕایەتی بۆ باوک و دایکتان، برایەتی بۆ برا و خوشکانتان، سۆز و میھرەبانی و دڵسۆزی و بەخشندەیی و لە خۆبوردوویی و گیانبەخشێتیشی، بۆ دۆست و ھاوڕێیانتان، سڕییەوە. منیش لە چ شەرمەزارییەکدا دەژیم، کاتێک کە ئێوە ئەوە چارەنووستان بوو، ئەمەش چارەنوسی ئێمە، بۆیە دەڵێم ‌ ھیچ وەختێک ناتوانم ئەو قوربانییەی کە تۆ دات، کە ئێوە داتان، من بیدەم.

تۆ، ئێوە بە پێوەری ئەو سەردەمە ھەڵۆیەکی بەرزەفڕ بوون، کەسانێکی مەزن و پاک بوون، لە سەردەمی عەولەمەدا نەدەژیان، ئێوە تێکەڵی پارە و موڵک و پلەو پایە نەبووبوون، دوی بەدواچونی بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان و ئەوانەی سەرەوە ھیچیان نەکەوتبوون، لە کۆمەڵگەیەکی وەکو ئێستە گەندەڵدا نەدەژیان. ئاخر، گیانەکەم من چۆن بتوانم یادی تۆ بکەمەوە، من چۆن بتوانم لە یادی ئەوانی تریشدا...

* ھاوڕێ’ تاھیری حەمە مراد: کە گەنجێکی دڵگەرمی لە خۆبڕاو، لە ئامێزی خێزانێکی چەوسساوەدا، چاوپشکوتوو، گۆشکراو. ئەو ھەر زۆر بە گەنجی گیانی لە دەستدا، لە دوای لەتیف و زاھیر ،کۆستێکی تریشی بۆ خێزانەکەی و ھەموومان بەجێھێڵا.

* ھاوڕێ ‘عەزیز’ (ریاچ البکری): ئەو کەسەی کە نە بیابانە لە چاو ونبووەکانی خوارووی ‘وڵات ‘ نە شاخ و داخە سەر‌کەشەکانی ناوچەی قەرەداخ دەیگرتە خۆی، ئیدی ھێدی ھێدی بۆ کاروباری ڕێکخراوەیی ملی ڕێگای پایتەختی تیرۆر، پایتەختی دیکتاتۆر، گرتە بەر، لە ناو پارکێکدا گیرا، دوای نۆ مانگ ئەشکەنجە لە سێدارە درا، گیان و ڕۆح و بیری بەرزی ئەمیش تێکڵاو و ئاوێتەی ڕۆح و گیان و بیری لەتیفی حەمە مراد و کەمال نامیق و ھەزارەھای تر، کرا.

* ئاشتی’ بەکر شێخ نوری: ئاخر کەسەکەم من چۆن شێوەتم لەبیر بچێت، چۆن پێکەنینی وننەبووی سەر لێوەکانتم لە یاد بچێت، تەنانەت لە دوا ساتەکانی پێش قەنارەدانیشتا تۆ ھەر پێدەکەنیت و ھیوات دەبەخشییەوە، تۆ وانەکانی خۆڕاگری ئەشکەنجەی ژێر دەستی جەلادەکانت بۆ ھەمومان دەگێڕایەو‌ە.

* شەماڵ- ئەمین پۆڵا’ حەمەئەمینی حاجی شێخ عەلی: ئێستاش پاش ئەم ھەموو ساڵانە، کە ناوی تۆ دێتە سەرزاران ، کە یادی تۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی جاران، بۆ ڕۆژژمێری ئەو سەردەمەی ژیانم، لە ناخمەوە، لە دڵمەوە، بە کوڵ دەگریم ، یادی مشتومڕی کۆتایی نەھاتووی سەردەمی عێراقێتی و کوردستانیبوونی نێوانمان نوێ دەبێتەوە ، ئێستاش لەبیرمە ھەر دەڵێی دوێنێە ھەر کە لە مشتومڕ ماندوو دەبوویت، جغا‌رەیەکت پێدەکرد و بەو ڕووە شیرین و خۆشەتەوە دەتووت بەسە مردوت مرێ زاھیر، سیاسەت بەسە ، ھەر نەبڕایەوە، قسە و لێدوان بەسە، ‌دە نوکتەیەکم بۆ بگێڕەوە. لە بیرمە، دوا بینین و دوا دیدارمان لە ئاوایی شێخ مستەفا، لە قەرەداخ، بوو، دوای ئەو جارە یەکرتیمان نەبینییەوە، ئیدی لێدوان و مشتومڕمان نەکردەوە، کاتێک کە ھەواڵتم زانی، مەرگی ناوادە، کونەبەبووەکانی ئینزال و خۆفرۆشەکانی خۆمان، لە بن دارێکدا لە بن درەختێکدا بەبرینداری، بە دەستی چەپەڵیان، ڕۆحی تۆیان بە ئاسمانی ئازادی و بەرگری لە کوشتن و بڕین و چەوساندنەوە، شاد کرد.

* فەھمی قەرەداخی: کەسەکەم تۆ ڕۆژنامەنووس و نووسەر بووی، تۆ یەکێک لە چاونەترسەکانی سەردەمی خۆت بووی، تۆ ھەم خاوەنی بیر و بۆچوونی خۆت و ھەم بۆ شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەش، مامۆستا و کانی بیر و ھۆش بووی، تۆ کەی وەختی سەرنگوون کردن و تیاچونت بوو، تۆ کە زۆر دەمێک نەبوو، ھاوسەرگیریت کردبوو، تۆ کە تازە بەھرەی ‘بیری نوێت’ بۆ ھاتبوو. بەڵێ ئەزیزەکەم ھەر ئەمانە بوون، ھەر لەبەر ئەمانە بوو، کە دەستی چەپەڵی ئەشکەنجە و تیرۆر یەخەی گرتی، بەرەو شوێنی نەزانراوی ھەمیشەیی بردی.

* ھاوڕێی لاوم ‘کامۆ’ بەکر شێخ ئیسماعیل دێلێژەیی: تۆ گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بووی، تۆ ئومێد و ھیوای نەک خێزانێک بەڵکو ھی ڕێکخراوێک، بزوتنەوەیەکیش بووی، تۆ لاوێکی ھەڵکەوتوو بە ئارام و بە پشوو، ھەرگیز .. ھەرگیز تۆ ترس لە چاوەکانتا دیار نەبوو. من دەزانم جەلادەکانت لەبەر ئەو چاوانەت کە چاڵاوگەی بوێری و زیرەکی و وریایی لە خۆیدا مەڵاس دابوو، لە بەر ئەو دڵە گەورەی نەک ھەر خۆی گەورە و ورەدار بوو، بەڵکو گەورەیی و ورەیشی دەبەخشییەوە. بەڵێ خۆشەویستم گەرچی جەلادەکانت نەیانتوانی تەنھا وشەیەکت لێوەرگرن، سەرچاوەی نامەکەت پێبدرکێنن و تاکە قسەیەکیشت پێببزڕکێنن، بەڵام لەبەر ھێز و تینی چاوەکانت، لەبەر خۆڕاگری خۆت و گەوەرەیی بیروباوەڕت، چاریان نەما، ھێزیان نەما، دەبووایە نۆ ڕۆژ ئەوپەڕی ئەشکەنجەی تۆیان بدایە، دەبووایە... دەبووایە ‌ھەر بییانکوشتیتایە، دەبووایە لە نۆ ڕۆژدا، ھەر تیرۆریان بکردیتایە.‌

* ئازادی حەمەی مەلا: ئازاد گیان منیش وەکو گەلێکی تر، ئێستاش نازانم چۆن گیانی نەمرت لەدەستدا، من نازانم ھاتنەوەت بەرەو شار، بە ئارەزووی خۆت بوو یاخوود موئامەرەیەک بوو، لێتکرا. ھاوڕێم بمبەخشە کە وادەڵێم، چونکە ئەو سەردەمەی کە ‌ تۆ گیانت تیایدا لەدەست دا، کە تۆ قوربانیت بە لاوێتی و ھەموو شتێکی خۆت دا، ڕیزەکانی " شۆڕش و شۆڕشگێڕەکان" بە ھێمنی و لەسەرخۆێی، چەکەرەی دروستبوونی بۆچوونی جیا و بیری جیایان، پێ قبوڵ نەدەکرا، ئازادی ڕا و ئازادی ئازادیبوونیان، پێ ھەزم نەدەکرا.

* ھاوڕێ ‘ تاھیر’ ێدیق سەعید: ھاوڕێم کە من تۆم بەجێھێشت ڕووم لە ھەندەران کرد، نەمدەزانی کە جارێکی تر نە من دەبیستم لە تۆوە ‌و نە تۆش لە منەوە، نەمدەزانی ژیان وەکو ئەوانی تر، بەڵام بە چەشنێکی تر، لە من و لە بەشێکی بزووتنەوەکەت دەسینێتەوە. ھاوڕێم دوای ماڵئاوایی من لێتان، دنیا گۆڕا، ڕاپەڕین لەبری ‌ھێنانی نان و ئازادی بۆتان، کەچی برسێتی، شەڕی یەکترکوژی، دوژمنکوژی خستە سەر خوانتان. تۆش وەکو سەدەھای تر ھەم وێڵی ئازادی و ھەم وێڵی نان، ملی ڕێگاتان گرتەبەر بەرەو ھەندەران، ئەفسوس سەد ئەفسوس لە جێی ئەوەی ھەواری کۆچەری و غەریبی خۆتان لە یەکێ لە وڵاتانی بێیانە ھەڵدەن، کەچی جەستە و بیرو ھۆشتان بوو بە خۆراکی ماسی و گیانلەبەرە ‌ئاوییەکان.

* جەمالی عەلی فایز: تۆ یەکێک لە برادەرە ھەرە نزیکەکانی ئەکرەم بوویت، تۆ دراوسێ و ھاوڕێ و کەس و خێزانی ئەو بوویت، تۆ خەمخۆر و مشورخۆری ‘حەپسە’ و خێزانی حەپسە بوویت. تۆ ھیچ گوناحێکت نەبوو، تۆ ھیچ تاوانێکت نەبوو، کەچی دەستی بەدکاری ڕۆژگار، دەستی نەگریسی کولتووری تۆڵە، تۆی لە ھاوڕێیانت و خێزانت و ھەموومان کرد، گیانی نەمری تۆی، جەستەی ساردەوەبووی تۆی، بەرەو ھەواری مردووان، بەڵام بە لاشە نەک بە گیان، بەڕێ کرد.

* ئەحە سوور: مامۆستا ئەحمەدی زاوات، ئەی ئەو کەسەی کە لە خۆبەخشیندا وێنەت کەم بوو، ئەی ئەو مرۆڤەی کە لە کەڵکگرتن و یارمەتیدا، لە جەسوری و لەخۆبوردندا بۆ برادەرانت بۆ خێزانی ‘حەپسە’ چەشنت کەم بوو، ئەی ئەو کەسەی تاکو مابووی پشت و پەنای یەکەمی ‘ماجد’ و ‘ ئاواز’ و ‘ سەنگەر’ و ‘ڕۆزا’ بووی. ئازیزم تۆ کەسێ بووی لە ھەموومان زیاتر لە سەردانەکانی زینداندا ئەکرەم دڵی بە تۆ دەکرایەوە، گۆرانی "بارانە"ت بۆ دەگوت و نوکتە ‌و قسەی خۆشت بۆ دەگێرایەوە، خەمەکانی ئەوت پێدەڕەواندەوە. چ خەبەرێکی دڵتەزێن بوو، چ نیوەڕۆیەکی تاریکە شەو بوو، کە لەم دوورەوە، کە لەم وڵاتی غوربەتەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ئەکرەمێکی ترم بەرگوێ کەوت، کۆچی تۆ بوو، کۆچی ئەحە سوور، بەدەستی ڕەبۆ و نەخۆشی دڵ، چ خەسارێک، چ کۆستێکی گەورە بوو.

* سیروان: ئەشرەف نامیقی ھاوڕێ و ھاوڕات، ئەو کەسەی کە کون لە جەرگیا نەبوو، ئەو ھاوڕێیەی تەنانەت بۆ ساتێکیش ھەرگیز بێورە و نائومێد نەدەبوو، ئەو ھاوڕێیەی ھەرچی پێی بڵێیت لە ژیانیا کە ھەیبوو، بۆ ھاوڕێ و ھاوەڵانی، خاوەنی نەبوو. ھاوڕێ دێرینەکەم تۆ کەسێکی دڵسۆز و بەھیمەت بوویت، جێگای بڕوا و کانی نھێنی و متمانەی گەلێکمان بویت. ئای کە ڕۆژێکی پڕ لە ئێش و ئازار بوو، کاتێک کە ھەواڵی مردنی تۆ، ھەواڵی تیاچوونی تۆ، چنگی شوومیان لە بیناقاقەی من گیرکرد، بەجارێک نەک جەستەمیان بەڵکو بیر و ھۆشیشمیان، یەخسیرکرد. من چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد کە مەرگ فرسەتی خافڵگیرانەی خۆی بێنێ ئا بەو زووییە، تۆ لە ئێمە ھەموومان بکات. ھاوڕێم ئێستاش تێناگەم مەرگ چۆن توانی بە بەرزی باڵاتا، بە کێوی بڵندی ورەی بیر و بڕواتا، ھەڵزنێ و ھەڵزنێ و کارەساتێک بقەومێنێ، لەو تەمەنەدا کە ھێشتا زووبوو، زۆر زوو بوو، تۆ (مان) لێبفڕێنێ. ئەی مەرگ، ئەی بێبەزەیی، تۆ چۆن توانیت ئەشرەف لە ئێمە بکەیت، تۆ چۆن توانیت ‘بێگەرد’ بێھاوسەر، تاراو ئاڵا و و بڕوا و ئەوانی تریش ، بێباوک بکەیت. تۆ ھێشتا لە ژیاندا زۆرشت مابوو کە بیانکەیت، گەلێک ھیوا مابوون کە پێیان بگەیت، بەڵام داخی گرانم مەرگی لەناکاو بێوەخت ڕێگای نەدایت، بە چەشنێکی تر بەرەو دیداری ( کەمالی ) بەڕێکردیت.

ئاخر ئەکرەم، تۆیەک ، ئێوەیەک کە لای من ئەمە پایە ‌و جێگاتان بێت، من چۆن بتوانم بەچەند دێڕێک یادتان بکەمەوە، من چۆن بتوانم بە چەند لاپەڕەیەک خەباتی سەروەرێتیتان بگێڕمەوە، من چۆن بتوانم لە ئاستتاندا بەو شەرمەزارییەمەوە، سەربەرز بکەمەوە.

من دڵنیام نە تۆ و نە ئەوانی تریش لە یادتاندا و بە یادکرنەوەتان دڵی نەمرتان سوکنایی نایەت، بیری بەرز و ھیوای نەمری ئامانجی سۆشیالیستییانەتان بە ئاکام نایەت. ئەوەتا ئەزیزەکەم تۆ لە دوانامەدا کە لە شەوی لەقەنارەداندا، لە زینداندا، بۆ منت نارد، تەنھا ئەوەندەت دەوێت نە شتێکی تر کە دەڵییت:

" ھاوڕی گیان ....... ئەو ڕۆژەی کە حزبە مەزنەکەی پڕۆلیتار دروست ئەبێت ئەگەر زانییان شایانم ئەوا شەرەفی ئەندامیم بۆ بگێڕنەوە چونکە ئەوە ئەو پەڕی مایەی بەختیاریم ئەبێت ...........
مناڵەکانم ، سەنگەرو ڕۆزا لە ناحیەی فکریەوە ئامانەتن لای ئێوە و ناحیەی مادی ئێوە ھەقتان نەبێت......
ھیوادارم ڕۆژێ لە ڕۆژان خێزانەکەم ھاوڕێ یەکی چاک بیھێنێ.........
سەرکەوتنتان لە پێناوی بنیات نانی حزبی مارکسی لینینی دا ئەو پەڕی ئاواتمە
ڕیگام بەن بۆ ئاخرجار بڵێم ھاورێتان اکرەم ١٠ لەسەر ١١ /١٢/٨٠ موسڵ"

ھاوڕێم جێگای داخە، سەد جار داخە،‌ کە ژیان مۆڵەتی نەدایت تاکو بەچاوی خۆت بیبینیت، کە ئەو حیزبە مارکسی-لینینی (یانە) ‌ی کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر، بەڵی یەکجار زۆری وەکو تۆو ھاوڕێیانی تریش لە سەرانسەری جیھاندا، ھەر بەچەشنی تۆ ، بوونە قوربانی ڕیگای ئەو، بوونە قوربانی بۆ بە دەسەڵات گەیاندنی ئەو. بەڵام نە تۆو، نە ئەوانەشی بوون بە قوربانی وەکو تۆ ، نە ‌ ئێمەی زیندوو‌ش ، کەسمان لەو کاتەدا نەماندەزانی ، ئەو حیزبە مارکسی-لینینی (یانە) چ لە دەسەڵاتداو چ لە دەرەوەی دەسەڵات ، چ کارەساتێکیان دروستکرد، چۆن ڕێگایان لە بزوتنەوەی سوشیالیستی و سوشیالیزم گرت، ئەوان مەترسییەکی زۆر گەورەتریان لە سەر بزوتنەوەکەو خودی سۆشیالیزم دروستکرد. بەشێک لەوانەی کە دوێنی شۆڕشگێڕ بوون، دواتر بوون بە جەلاد، بەشێکی زۆریشیان کە دوێنی نەدارا بوون، کرێکار بوون، ئەمڕۆ بوون بە پارەدار، سەرمایەدار.

لە کۆمەڵگەی ئەو کاتەی کوردستاندا، لە نێوانی سییاسەتی ڕەشی حیزبەکاندا، لە سەر‌دەمی گەرمی تیرۆر و گیانی تۆڵەسەندنەوەدا، لەو بارودۆخە دژوار و ناھەموارەدا، کە سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی شەخسی، باری لاری خۆی، ماجەرای ڕق و کینەی لەبننەھاتوی شومی خۆی، لە ھەموو سەنگەر و بارەگایەکی چەکدارانی بزوتنەوەی کوردی، کوردایەتی، ھەڵدابوو، مێشکداخراوی و بیرتەسکی و لێتێنەگەیشتنی باری کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆجی بەشی ھەرە زۆری سەرکردە ‌و بەرپرسانیان بوو. لە کاتێکدا کە کار ھەر لەوەدا نەوەستا کە دووژمنەکانیان، ئەوانەی کە دۆستان و ئەندامانیان لە دەمەوە دەدان، بەرەو ئەنگوستی شەوی تار و ڕەشی گۆڕ دەبران، بەڵکو کەسانێکیش لە ناوەندی خۆیان، دەرەوەی خۆیان، بەڵام پاک و دڵسۆز، گیانبەختکەر و جگەرسۆز، کە فیکر و بۆچوونیان لەگەڵ بزوتنەوەی ئەو سەردەمەدا نەدەھاتەوە، بەر تەور دەدران، پاکۆ دەدران.

بەڵی ھاوڕێم تەنانەت تۆ لەو کاتەشدا لە سەرجەمی ھەموو ئەمان ھوشیارتر بوویت، لە بازنەی ئەو نەرێتە، ئەو کەڵچەرە دواکەوتووە، تۆ بەدوور بوویت. تۆ دەمێک بوو پێشی ئەو سەرکردە ‌و بەرپرسانەت، دابوبووە، تۆ دێرزەمانێک بوو گیانی تۆڵەی شەخسیت، ڕەتکردبووەوە. ئەوەتا لە ھەمان شەودا، لە ھەمان زینداندا، کە نامەکەی منت تێدا نووسی، نامەیەکیشت بۆ پورزاکەت و ھاوتەمەنی منداڵیت، ھاوخەباتی ساڵانێکت، مستەفا چاوڕەش، نووسی، کە کۆپییەکەی لای منە، دەڵێیت:

" چاوەکەم مستۆ گیان ...................... ئەوەش بزانە من تۆڵەسەندنی شەخسی بە شتێکی عەشایرانە ئەزانم و بڕوام پێی نییە لەبەر ئەوە بیر لەو مسەلەیە مەکەرەوە......" ‌

لە نامەیەکی تریدا بۆ ئێمە ، بەداخەوە کە بەرواری لەسەر نییە. پاش ئەوەی کە باس لەوە دەکات کە چاوەڕوانی ھەندێک شت دەکەن کە بڕیارە ئەو شەوە پێیان بگات، کە گەر پێیان بگات ھەوڵی ڕاکردن دەدەن و ئەگەری زۆریش بۆ ڕزگاربوونیشیان ھەیە، گەر دەریش نەچن ئەوە خۆ ھەر ئەوان ئیعدام دەکرێن، دەڵێت:

" بەھەرحال ئەوەی پێویستە پێتان بلێم ئەوەیە کە بەلای منەوە ھەمو بیرکردنەوەیەک لە تۆڵەسەندنی شەخسی شتێکی ساکارانەوە توانا لەدەستدانە..‌..جائێوە ئەگەر ئەتانەوێ تۆڵەی من بکەنەو ئەو بەوشێوەیە ئەبێت کە تائەتوانن برەو بە تێکۆشانتان بدەن دژی رژیمی فاشستی و ھەمیشە لە خەباتدا بن بۆ بنیات نانی ئەو رێک خراوە مارکسیزم-لینینزمەی کە تاکە ریگای سەکەوتنی چینی مەزنی کریکارەو ئەویش بەوەی کە ھەرگیز لە خۆفێرکردن و دراسەت کردن نەکەون و پەیوەندیتان ھەبێت لەگەڵ رێکخراوەکانی ترداو ھەوڵدان بۆ قەناعەت پێ کردنیان بەرێبازی راستەقینەی مارکسیزم-لینینزم و ھەرگیز بە چاوی کەم تەرخەمی سەیریان مەکەن ....چوننکە من بروام ھەیە دروست بونی ئەو حزبە مەزنە تەنھا بەیەک لاپێک نایەت، بەلکو بەیەکگرتنی مارکیسزم-لینینزمە راستەقینەکانی ناو ئەو گروپ و ریکخراوانە پێک دێت بیگومان دروست بون و گەشەکردن و بەھێزبونی ئەو حزبە مەزنە گەورەترین تۆڵەیە بۆ منیش و ھەم‌و ئەوانەشی لەریگای بیروباوەری مارکسیزم-لینینیزمدا تێکۆشاون قوربانیان داوە.
ئاواتی سەرکەوتنتان ئاخرشتێکە لەپەتا ئەتاسێت"

من لە سەرەوە ، بە لێکدانەوەی خۆم یا بە تێڕوانینی خۆم ، نەمدەگوت ئەکرەم بە چەن فرسەخێک لە پێش ئێمەوە بوو. بڕوانە چی دەنووسێت لە نامەیەکدا، کە چاوەڕوان ناکات چیدی ئێمە بە دیداری ئەو شاد ببینەوە یا ئەو بە دیداری ھەموومان شاد ببێتەوە، بەڵام دڵنیایە لە نامەکەی، کە پەیامەکەی، دەگەیەنێت. ئەو زۆر بە یەقینەوە ڕای خۆی دەڵێت و وەکو ھاوڕێیەکیش ئەوەی کە ھیوای پێیەتی و ئەوەشی کە بەڕاستی دەزانێت، دەیدرکێنێت کە ئەو حەقەتە تاڵەیە کە گەلێک لەناو ئێمەدا و سەرجەمی لاکان و گروپەکانی تریش، باوەڕ و تێڕوانینیان وەکو ئەو نەبوو، بۆیان ھەزم نەدەبوو. ئەو بەگوێماندا دەچرپێنێت، چونکە ئەو بەو سادەیەی خۆی، کە گیانی لەخۆبایی بوونی تیادانەبوو، گیانی خۆپەرستێتی تێدا ونبوو، ئەو حەقیقەتەی دەزانی، دەیزانی کە گەر " پارتی مارکسیزم – لینینیزم بتوانێت سەر‌کەوتن بەدەست بێنێت" مەحاڵ بوو بەتەنھا ئێمە یا لایەنێکی تر بتوانن، دروستی بکەن، بۆیە پێ لەسەر: یەکگرتن و یەککەوتن، بەیەکەوە ھەڵکردن، گیانی مەغرورێت و خۆ بە فەیلەسوفزان، لە خۆ بەدوورگرتن، دادەگرێت، کە ئەو‌ەش تاکە زەمانەتی ‌ نەک ھەر دەستەبەری یەککەوتنی چەند گروپێکە بەڵکو زەمانەتی مانەوەی ھەموو دۆستایەتی و برادەرایەتی و ھاوڕێیەتیەکیشە.

تۆ ھەر لە تەمەنی زۆر لاوێتیتەوە کەسێک بوویت وەکو گەنجینە وابووی بۆ خانەوادەت، بۆ ھاوسێت، بۆ برادەرەکان و ھاوڕێت. کاتێکیش کە تێکەڵی سیاسەت و حیزبایەتی بوویت، لەوێشدا سامانێکی گەورە بوویت بۆ حیزب، بۆ ھاوڕێکانت، جێگای بڕوا و نھێنییەکی زۆر و بەنرخ بوویت، کەسێک بویت کە بۆ حیزب و ھاوڕێکانت شایانی ھەموو شتێک بوویت. بۆیە بەلامەوە سەیر نەبوو، کە لە ‌کاتی مەرگی چاوەڕوان نەکراوتدا، لە کاتی پەتی پواویی قەنارەی ملتا، ھەر لەو کات و ساتە ‌و دواتریش ‌گەلێک لایەن، گەلێک حیزب ویستیان خۆیان بکەنە خاوەنی تۆ، سەرمایەی سییاسی دروست بکەن لە کەسایەتی و شۆرەی ‌تۆ. بەڵام ھاوڕێم تۆ خۆشت دەتزانی و ھاوڕێیانی تۆش و ئێمەش ھەموومان دەمانزانی، کە تۆ لەو کاتەوەی کە فامت کردۆتەوە، لە ڕیزی کاروانی ڕزگاری جەماوەری بەشخوراو و چەوساوەدا خێمەی خۆتت ھەڵدابوو، لە ڕێپێوانی ملوێنەھا گیانبەخشانی ھەمان ڕێگای تۆ، لێرە، لەھەموو شوێنێکی تر، لە ڕیزی پێشەوە ئاڵای شەکاوەی سۆشیالیزمت، بەدەستەوە و لە شەکاندنەوەدا، بوو.

ئەوان بە نەیاران و دۆستان و برادەرانی کۆن و ئیستە لە قاڵبدراوی فکرێکی تردا،‌ ھەرچی دەڵێن با بیڵێن، چۆنێک بوختان دەکەن با بیکەن، ئامێزی ھەر شوێنێکت بۆ دەکەنەوە تاکو لە خۆیت بگرێت، با ئاوەڵای کەن، بەڵام تۆ ھەتا دوا ھەناسەی سەرەمەرگت، ھەتا دوا چرکەی لە یەکنانی پێڵووەکانت، فیکر و ھۆشت نەگۆڕیوە، بەرگی کوردایەتیت نەپۆشیوە، سروودی کوردایەتی و کوردچێتی پەردەکانی گوێچکەتی، نەبڕیوە. بۆ ڕاستییەکان، دەبا ھەر با خۆت بە شاھید بگرم، کە ھەر لە ھەمان نامەی کە بۆ مستۆت ( مستەفا چاوڕەش)ت نوسیوە و دەڵێیت:

"چاوەکەم وانەزانی کە من لەم دواییەدا ھەر خەریکی کاسبی بوم و وازم لە تێکوشان ھێنابوو......نەخێر من ھەر لەوڕۆژەوەی کە لە قیادەمەرکەزی وازم ھێنا تاکو ئەمڕۆ ھەمیشە پەیوەندی و جولانەوەم ھەبوەو بڕوایەکی بێ پایانم ھەبوە بەتێکۆشان لە پێناوی دروست کردنی پارتی مارکسیت-لینینستی راستەقینەدا و بێگومانیشم ئەو پارتە مەزنە ‌ ھەر دروست ئەبێت و ھەر ئەو پارتەشە کە سەرکردایەتی تێکۆشانی جەماوەری گەل ئەکات بۆ ھەستان بە شۆڕشی پرۆلیتاریا لە عیراقدا... برام ئەگەرچی من لەژێر ئازارداندا وتومە کە من پەیوەندیم بە مێگفی وە ھەیە و لە جەماعەتی ئەوانم بەڵام بزانە کە من ھیچ کاتێک بروام نە بەیەکێتی نیشتمانی ھیەو نە بڕوام بەو حرەکەیە ھەیە کە ئێستا ئێوە لە پێناویدا خۆتان ئەدەن بە کوشت.
تەنھا ڕیگایە کە شایانی قوربانی دان بێت ڕێگای مارکسیزم –لینینیزمە" ‌

تۆ نەک ھەر لە نامەکەی کە بۆ ‘مستۆت’ نوسیوە کە ئەویش و ئێمەشت، لەوە ئاگادار کردۆتەوە، تەنانەت لە نامەکەی " بۆ دوو منداڵە خۆشەویستەکەم" کە ھەر لە ھەمان شەودا بووە، بۆ ئەوانیش ھەر لەسەر ھەمان شت، پێدادەگریتەوە. ئەوەتا دەڵێیت:

" منداڵە نازدارەکانم ئێستا تەمەنم ٣٥ ساڵە لە ساڵی ١٩٦٠ وە تا ئێستا یانی بۆ بیست ساڵ ئەچێت من لە ڕیزی جوڵانەوەی شوڕشگێڕیدا و بەتەحدید لەڕێگای پیرۆزی مارکسیزم-لینینیزمدا تێکۆشاوم و ھەرگیز بەخلیم نەکردووە لەپێشکەشکردنی بەنرخترین شت ئەویش کە گیانمە، لە پێناوی ئەو بیرو باوەڕەداو بەرزکردنەوەی ئەو ئاڵا مەزنەی مارکسیزم."

نامەکەی ئەکرەم بۆ منداڵەکانی، سەنگەر و ڕۆزا، ھەر نامەیەکی ھەواڵدەر یا ڕاگەیەنەر نەبووە، نامەیەکیش نەبووە کە تێیدا جگەرگۆشەکانی بلاوێنێتەوە، تەنانەت ئەوەش نەبووە کە بۆ بەجێنەگەیاندنی ئەرکی باوکایەتی بۆیان، بژی بۆیان یا ژیان بۆ ئەوان، پۆزش (ئیعتیزار) بھێنێتەوە. ئەو لە نامەکەیدا فەرمانیان پێدەکات، کە ئەوانیش دەست بەکاربن، دەست بەچەک بن، چەکی خۆڕۆشنبیرکردن و خۆپەروەردەکردن. ئەو دەیویست سەنگەر و ڕۆزاش ڕێگاکەی ئەو بگرن، وەکو خۆی باری لاسەنگی کرێکاران و چەوساوەکانی عێراق و جیھان، ھەڵبگرن. بڕوانە لە درێژەی نامەکەیدا، پێیان دەڵێت:

"‌خۆشەویستەکانم کاتێ ئەم نامەیە ئەخوێننەوە کاتێکی زۆر بەسەرچووە بەسەر شەھیدکردنی باوکتانا، ناتوانم تەقدیری ئەو کاتە بکەم ، بەڵام بێ گومانم لەوەی کە بۆ ئێوەش مەجالێکی فراوانی تێکۆشان و ئیستشھاد دەمێنێت و تا ئەو کاتەش ئێوەی خۆشەویست نایەنە سەر سفرەی حازر، بزانن لەو کاتەی ئێوە دروستبوون من ھەموو ئامانجێکم ئەوەبوو کە بەشێوەیەکی واپەروەردەتان بکەم کە ھەمیشە ئامادەبن و وشیارانە بۆ تێکۆشانێکی سەخت لەپێناوی مەزنترین چین و ڕاسترین بیروباوەڕی مەزنی مارکسیزم-لینینزم ................. داواتان لێئەکەم کە ھەموو کات ھەر بخوێننەوە و بنووسن و بیربکەنەوەو بڕواتان ھەبێت بەبیروباوەڕی ڕاستەقینەی مارکسیزم-لینینزم".


__________________________
پەراوێز:

تکایە تێبینی ئەوە بکە کە دەقی نامەکانی ئەکرەم بەبێ ھیچ دەستکارییەک، ھەروەکو خۆی گوازراوەتەوە ‌ سەر ئەم نوسینە.


ئاشتی ، بەکر شێخ نوری، برای ھۆمەر قەرەداخی: ئاشتی یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی مەفرەزە سەرتاییەکانی کۆمەڵە لە قەرەداخ. ئاشتی لە دێی قارەمان لە قەرەداخ لە رۆژی ٢٦/٢/١٩٧٨دا گیرا.
دوایی برا بۆ ھیئە خاسە لە کەرکوک لەوێ ئەشکەنجەیەکی زۆر زۆریان دا، ھەمو نینۆکەکانیان دەرھینا، سەری ھەمووی جێگای سووتان و شکاوی بوو، بەڵام ئازایانەو قارەمانانە خۆی ڕاگرت. لە شەوی ١٧ لەسەر ١٨ مانگی ٦ ی ساڵی ١٩٧٨ لە موسڵ لە سێدارە درا.


‌ھاوڕێ، تاھیری حەمەمراد: برای لەتیفی حەمەمراد بوو. لە مانگی ئازاری ‌ ساڵی ١٩٧٨ دا قیادەی مەرکەزی ویسستیان کارێک ئەنجامبدەن بۆ بەدەستھێنانی چەند ھەزار دینارێک، بەڵام لەلایەن یەکێک لەو کەسانەوە کە بەتەمابوون کارەکە بکەن،‌ پێشتر ئاسایشی سلێمانی ئاگەدار کردبوو. ' ھاوڕێ' و برادەرێکی تریان کەوتنە کەمینەکەوە، برادەرەکەی توانی بەدەم تەقەوە خۆی ڕزگار بکات، بەڵام ھاوڕێ بەدەم تەقەوە بریندارکراو ‌ بە برینداری گیراو ھەر لەو ساڵەداو دواتر لە موسڵ لە سێدارەدرا. ھاوڕێ یەکێک بوو لە بەندییە قارەمانەکانی ھەیئەی تەحقیق و بەندیخانەکان کە توانی لە ژێر فشاری ئەشکەنجەی وەحشیانەدا خۆی بگرێت و ھیچ کەسێک لەدەمەوە نەدات.


لەتیفی حەمەمراد: یەکێک بوو لە ئەندامە جەسورو چاونەترسەکانی قیادەی مەرکەزی، لە" دەستەی ھەڵپژان و بەیەکادان لەگەڵ بەعسییەکاندا" . لەتیف لە بەغداد دادەنیشت ، کە عەزیز ڕلحاج تەسلیم بە حکومەت بووەوە ناوی خەڵکێکی زۆری لە ھاوڕێیانی حیزبەکەی ھێنا ، یەکێک لەوانە لەتیف بوو گیراو بێسەروشوێنکرا و نەبینرایەوە.‌ ئەوەندەی من بزانم لەتیف لە مانگی نیسانی ١٩٦٩ گیراو ئیدی نەبینرایەوە.


• فەھمی قەرەداخی: برای نوسەرو ڕۆشنبیرو پسپۆڕ لە بواری پەرەوەردەو پێگەیاندندا ، ھاوڕێم فوئاد قەرەداخی (یە) . فەھمی قەرەداخی نوسەرو ڕۆشنبیر بوو ، پەیامنێری ڕۆژنامەی ھاوکاری جاران بوو، کەسێکی چالاکی بەگوڕ بوو لە شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەدا، کارمەندی فەرمانگەی ( الچمان الاجتماعی ) بوو لە ھەولێر رۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ دەستگیرکراو ئیتر بێسەروشوێنکراو نەبینرایەوە.

ئەحەسوور، مامۆستا ئەحمەد: زاواو ھاوڕێی ئەکرەم بوو ، کەسێکی یەکجار دڵسۆزو نزیک بوو بەماڵی حەپسە. بەداخەوە لە ڕۆژی .٠١/١١/١٩٩٥ بە نەخۆشی دڵ و ڕەبووە کۆچی دوایی کرد.


شەماڵ، ئەمین پۆڵا، مامۆستا حەمەئەمین: ڕابەری سیاسی مەفرەزە سەرەتاییەکەی کۆمەڵە بوو لە قەرەداخ. ‌ لە گەڵ مەفرەزەیەکی ترو کۆمەڵێک برادەری تردا لە دێی میریاسی قەرەداخ دەبن، نەیانزانیبوو کە خەبەریان لێدراوە بۆیە بەدەم تەقەکردن و خۆڕزگارکردنەوە، شەماڵ بریندار دەبێت و لە بن دارێکدا بەجێدەمێنێ و دواتر سەربازو خۆفرۆشەکان بە برینداری دەیکوژن.


ئازادی حەمەی مەلا: ئەندامی کۆمەڵە بوو بەڵام زۆر نزیک و دۆست بوو بە عێراقییەکان. لەگەڵ مەفرەزەیەکدا دێتە شارەوە، لە گەڕاندنەوەیاندا لە کەمینێکدا کە بۆیان دادەنرێت، ئەم بریندار دەبێت و دواتر گیانی لە دەستدەدا. گەر لە یادم بێت مانگی مارتی ساڵی ١٩٨١ بوو.


عەزیز، ریاچ ڕلبکری: ھاوڕێیەکی عەرەب بوو ، ھەم نوسەرو ھەم شاعیریش بوو. سەردەستەی مەفرەزەکەی قیادەی مەرکەزی " وەحدە ڕلقاعیدە" بوو کە لەگەڵ فازیلی مەلا مەحمودو چەند ھاوڕێیەکی تردا لە قەرەداخ بوون. پاش ماوەیەک مەفرەزەکە ھەڵوەشایەوە و ھاوڕێ عەزیز گەڕایەوە بۆ بەغداد بە پەساپۆرتێکی لو‌بنانییەوە ،لەوێ خۆی شاردەوە ھەتا ڕۆژێک لە پارکێکدا دەبرێت بۆ مەرکەزێکی پۆلیس و ئیدی لەوێوە دەنێررێت بۆ تەحقیق و لێکۆڵینەوە. عەزیز بێسەروشوێنکرا، دواتر ‌ لە موسڵ لە سێدارە درا ،‌ بەڵام قارەمانانە خۆی ڕاگرت و ھیچ ھاوڕێیەک لەسەر دەستی ئەودا نەگیرا، تەنانەت نەش چووە ژێر ئەوەی کە پەساپۆرتەکەی قولابییە، ساختەیە.


کامۆ، بەکر شێخ ئیسماعیل دێلێژەیی برای ھاوڕێی زۆر دێرینم، ئیبراھیم کاکەحەمەیە لە سوید، گەنجێکی زۆر ھێمن و بەتواناو ئازا بوو. ئەم ھاوڕێ یە سەر بە گروپی (کار) گروپی مارکسی-لینینیەکانی عێراق بوو. بە ھۆی نامەی ھاوڕییەکەوە کە بە پۆستدا بۆی چوو بوو گیراو ‌ مودەی ٩ ڕۆژ لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆر دڕندانەدا، خۆی گرت و ناوی ھیچ کەسێکی نەدا، بەڵام گیانی خۆی لە ھەڕەتی گەنجێتیدا، لەدەستدا.


تاھیر ، ێدیق سەعید: ھاوڕێیەکی کەرکوکی بوو سەر بە گروپی (کار ) بوو لە ساڵی ١٩٩٧ ڕێگای ھەندەرانی گرتەبەر ، بەڵام بەداخەوە لە کاتی سەفەر کردنیدا لەگەڵ چەند کەسێکدا لە تورکیاوە بەرەو یۆنان،لە ڕۆژی ٠٣/٠٥/١٩٩٧ لە پەڕینەوەیاندا لە دەریای Aegean ‌دا لە نێوانی تورکیاو یۆنان ھەر ھەموویان خنکان و لاشەکانیشیان بوو بە خوۆراکی گیانلەبەرە ئاوییەکان.


جەمالی عەلی فایز: دانیشتوی گەڕەکی ێابونکەران، نزیک بەماڵی حەپسە. ھاوڕییەکی نزیکی ئەکرەم بوو ھەروەھا زۆر نزیکیش بوو لە خێزانی حەپسەوە. بەداخەوە بە بیانوی تۆڵە سەندنەوەوە لە ١٧/٠٧/١٩٩١ لە ڕێگای بەغداد کوژراو گیانی لە دەستدا.


کەمال نامیق: خەڵکی دێی سسێوسێنانی قەرەداخ بوو لە ساڵی ١٩٣٩ دا لە دایک بووە. لە پەنجاکاندا کادیری حیزبی شیوعی بووە، لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاخی بەمۆ لەگەڵ ھەندێک پێشمەرگەی تری حیزبدا لەلایەن ھێزی پ.د.ک دەگیرێت و دەنێررێت بۆ ماوەت دوای ٨ مانگ ئازاد دەکرێت. یەکێک لە کۆمۆنیستە وریاو بەجەرگەکان، بووە، لە ساڵی ١٩٦٦ ماوەیەک لە نوگرەسەلمان بەند دەکرێت. دیسانەوە لە ساڵی ١٩٦٨ دا دەگیرێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی ھیچی لەسەر نادۆزرێتەوە بەردەدرێت. کە عەزیز ڕلحاج تەسلیم بە حکومەت بووەوە لەناو ئەو خەڵکانەی کە ناوی ھێنان ناوی کەمالیشی ھێنا، کەمال لە ڕۆژی ١١/٠٤/١٩٦٩ لە بەغداد دەگیرێت و بەرەو قەسر ڕلنھایە دەبرێت، ئەویش وەکو گەلێکی تر لە ھاوڕێکانی بێسەروشوێن کراو نەبینراوایەوە.


سیروان، ئەشرەف نامیق، برای کەمال نامیق، ھەر لە تەمەنی زۆر لاوێتییەوە تێکەڵاوی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی عێراقی بووە. لە کەرتبوونەکەی حیزبی شیوعی عێراقیدا ئەو وەکو کەمالی برای قیادەی مەرکەزی ھەڵبژارد. لە ساڵی ١٩٧٢ وە پەیوەندی بە ڕێکخراوی مارکسی-لینینی کۆمۆنیستیەکانی عێراقەوە کرد. بەشێکی زۆری ئەم گروپە لە کۆمەڵە لە سەر ناکۆکی کوردستانی بوون و عیراقی بوون ، جیابووبوونەوە. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی گروپی (کار). دوای ھەڵوەشاندنەوەی کار ئەو لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی تردا گروپێکی تریان دروستکردو بەبەردەوامی چوخت و چالاکو بەگوڕ بووە لە ناو ھەموو ئەو گروپانەی کە ئیشی لەگەڵیانداکردوە. بەداخەوە ئەشرەف لە رۆژی ٠١/٠٣/٢٠٠٧ دا بە نەخۆشی دڵ گیانی لە دەستدا.


زاھیری حەمەمراد: برای لەتیف و تاھیر بوو، ھەر لەتەمەنێکی گەنجێتیەوە بوو بە پێشمەگەو ، گەر لە یادم بێت لە شەڕێکی نێوان پێشمەرگەو ھێزی حکومەتدا لە شاخی ئەزمڕ لە کۆتایی شەستەکاندا ، گیانی لەدەستدا.


دیسەمبەری ٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک