٢٥\٦\٢٠٢٤
یاریی تۆپی پێ و ڕازێک.

ھەڵۆ محەمەد
''ئای کە ئازاراوییە هەر تۆپێ بچێتە گۆڵەوە بە گۆڵ دابنرێ''.
وەک هەر وەرزشێک یاری تۆپی پێ چێژ و خۆشی و جوانی خۆی هەیە، هەربۆیە
زیاترین جەماوەری لەدەور کۆبۆتەوە.
من خۆشم یەکێکم لە تەماشاوانە سەرسەختەکەکانی هەمان وەرزش و بەهەق چێژ
و خۆشی لێ وەردەگرم..گەر کوردایەتی و گرفتاری ژیان لێ بگەڕایە، ڕەنگ
بوو لەم بوارەدا بمتوانیبا، کاروانێکی وەرزشی باش پێشکەش بکەم.
بەڵێ چێژ لە یاری بەهێز دەبینم، بە جوڵەی جوان سەرسام دەبم و هەر شەق
لە تۆپ هەڵدانێک فاکتی ئەقڵی لە پشتەوە بێت بەدەستم بێت چەپلەی بۆ
دەکوتم!
سەرسامیشم بە یاریزانانێک کە لە گۆڕەپاندا هونەری وەرزشی پێشکەش دەکەن
و شتی نائاسایی پێشکەش دەکەن. بەتایبەت بەو یاریزانانە سەرسامم کە بێ
تۆپ دەتوانن لە گۆڕەپان و یاریگەدا هاوشانی تیمەکەی خۆیان و دژەتیم
یاری بکەن. ئاخر تۆپی پێ هەر شەق لە تۆپ هەڵدان نییە ، بەڵکوو هونەرێکە
ئەقڵ و وریایی و لێزانین و توانای گەرەکە لەتەک زۆر خەسڵەت و نیشانەی
تردا ، بەڵام وەک هانز رۆمۆنیگەر دەڵێ: تۆپی پێ هاوکێشەیەکی ماتماتیکی
نییە!..
ئەوەش دەزانم کەوا وەرزش بەتایبەت تۆپیپێ چۆتە قۆناغێکەوە سیما و
نیشانەی بارزرگانی بەخۆوە گرتووە و جوانییە ڕۆحییەکانی لە زۆر کات و
شوێندا نەماوە، بەڵام دیسان جێی سەنج و حەزی زۆرینەیە.
با واز لەم چیرۆک و گێڕانەوانە بهێنین و بەبۆنەی یارییەکانی یۆرۆی
٢٠٢٤ەوە لە ئەڵمانیا، لە گۆشە نیگایەکی ترەوە سەرنج بگرمە دیاردەیەکی
زۆر تایبەت و پڕ بەهای ئەم وەزشە..
بەلا منەوە ئەو چرکەساتەی یاریزانێک بەهۆی فاوڵێکەوە بەکارتی سوور
دەکرێتە دەرەوە جاری واشە تیمێک دوو یاریزانی ڕووبەڕووی ئەم گرفتە
دەبنەوە، ئیدی یارییەکە گەرمتر دەبێ و گڕ دەگرێ.. بەڵی ئەو تیمەی بە
چارەنووس و ڕیکەوتێکی تاڵ ژمارەیان لە ١١ یاریزانەوە دەبێتە ١٠ یاریزان
یاخود کەمتر ئەودەم بە پەرۆش و وزە و رۆح بەرگریی تا هیوای بردنەوەی
یاریرییە دەجەنگ و باقی ئەو یاریزانەنە بەوپەڕی باوەڕ و هێزەوە چاو لە
هیوای بردنەوە دەبڕن و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە کە بەدەرکردنی
هاوڕێکانیان دروست بووە .. بۆ من ئەم دۆخ و دیمەنە پڕ چێترین چرکەساتی
یارین و مانایەکی تر بەو وەرزشە دەبەخشن، کە رۆح و پێداویستی کۆی تیم
پێویستی پێیەتی.
زۆرجار وابووە کە تیمی ناوبراو بەو ژمارە کەمەوە، چونکە خاوەنی رۆحێکی
بەرز و ویستێکی سەرکەوتنخواز و هاوسۆزین گەمەکە دەبەنەوە یان بەلانی
کەمەوە دەبەنەوە یان بە یەکسانی لێی دێنە دەرێ. خۆ لەخراپترین باردا
گەر بێت و تیپێکی لاواز بەرانبەر بە تیپێکی بەهێز یاری بکات، گەر
بدۆڕێش بە گران خۆی دەفرۆشێ نایەڵێ گۆڵەکەی بێتە دەرگای ئەشکەوت و
شەرمەزارییەکی بێزارکەر ڕووبەڕووی گۆڵپارێز و تیم و وڵاتەکەی بێتەوە.
خۆ ئەگەر بێت و ئەم تیمە گەمەکە بباتەوە و پەیجور بنوێنێ ، وەک زۆرجار
ئەوە ڕووی داوە، ئەوە شانازیی ئەو بردنەوەیە هەرگیز نابڕێتەوە و بە
تەختی هەنییە مێژووەوە دەمێنێتەوە..
جگە لە خەون و ئاواتی بەرزم بۆ ئەو ڕۆژەی تیپی هەڵبژاردەی کوردستان
بتوانێ بەشداریی ئەم جۆرە پێشبڕکێ نێونەتەوەییانە بکات، لێرەوەیە
زۆرجار دەمەوێ ئەم دیمەنە وەرزشییە بگوێزمەوە بۆ دۆخی سیاسی کورد و
بەراوردێک بکەم و دەڵێم: چەند گرنگ و خۆش دەبێت، گەر بهاتایە و حیزبە
کوردییەکان بەو گیانە کوردایەتییان بکردایە و لە شکشت و دۆڕانی
لایەنێکدا ئەوانی تر شوێنیان پڕ بکردایەتەوە؟!دوژمن و داگیرکەرانیان
ببەزاندایە!
ئاخر نەتەوەیەک هێندە پارچەپارچە کرابێ ئەوەندە فرە دوژمن بێت،
پێداویستی ئەقڵی و لۆژیکی و مۆڕاڵی داوای هەمان پرنسیپ و ستراتیژی لێ
دەکات..
بیرکردنەوە لەهەر شێواز و میتۆدێکی تر جگە لە دۆڕاندنی
ئابڕووچوون و ماڵکاولکەر هیچ ئاکامێکی تری لێ سەوز نابێت ، وەک ئەم
ڕاستییە زەقە لە مێژووی ئێمەدا بە چاوی کوێریشدا دەچێت.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|