په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠٢٣

یارۆ ئەوشۆ شەوگارەکی گەلەک تووشە!

دارا خونچە       


یەک لە پێوەرە گرنگەکانی فەرهەنگی یەکسانییخوازیی و ئازادییخوازیی هەڵوێست وەرگرتنە لە بەرانبەر چەوساندنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هەر گەلەک.. چون هیچ جۆرە چەوساندنەوەک لەوێ جێی نابتەوە، واتە بێدەنگیی لەو پرسە نەک هەر ئەو فەرهەنگە دەخاتە ژێر پرسیار و گومان بەڵکە ئاستی مرۆڤبوونی هەڵگری فەرهەنگەکەش دادەبەزێنی، لەبەرهەندێ داکۆکییکردن لە فەلەستینییەکانیش وەک پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەیان (نەک داکۆکییکردن لە حەماسی دڕندەیی ئیسلام و پارت و رێکخراو و جڕوجامشتە دەسەڵاتدار یان دژبەرەکانی دیکەی فەلەستین) هەمیشە ئەرکی سەرشانی هەموو یەکسانییخوازان و ئازادییخوازانە.

ئەو شەڕە دژەمرۆیی و پڕ لە دڕندەییەی نێوان دەسەڵاتدارانی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی عەرەبەکانی ئیسرائیل و یەهوودییەکانی ئیسرائیلەوە نییە و بێجگە لە کوشتوبڕ و کاولکاریی و تێکدانی ژیان و گوزەران و ئاسایش و ئاوارەبوون و لەدەستدانی پێشکەوتنە ژیارییەکانی هەردوو گەل هیچ سوودەکی نییە، ئەوە تەنێ یەک شەڕی جیهانییە لە نێوان جەمسەرە ناکۆکەکانی سیستەمی سەرمایەداریی لە پێناو وەدستهینانی هەژموونی چەوسێنەرانەی ئابووریی و رامیاریی نێوان خۆیان کە لە رێی دەسەڵاتدارە سەرکوتکەرەکانی ئیسرائیل و فەلەستن و دنەدانی هەستی کەونەپەرستیی دینیی و رەگەزپەرستیی خەلکە سادە و ساکارەکە و لەخشتەبردنیان بەڕێوەیدەبەن.

هەڵوێست وەرگرتنی خەڵکی کوردستان و لایەنگرتنی لە لایەکی شەڕەکە تەنێ زیانگەیاندنە بە گەلانی فەلەستین و ئیسرائیل و بەشدارییکردنە لە کاولکاریی جەنگ.. هاوکاتیش لەبەرئەوەی هیچ هێز و قەوارەکی سەربەخۆی نییە هیچ کاریگەرییەکی نابی لەسەر کۆتاییهینان بەو شەڕە دژەمرۆییە.. لەبەرهەندێ ئەوەی پێویستە تەنێ ئەوەیە دوور لەو شەڕە و هەر شەڕەکی دیکەی دەسەڵاتدارانی هەردوو لا لایەنگیریی لە مافە نەتەوەیی نیشتیمانیی و مرۆییەکانی خەڵکی فەلەستین بکەین بە دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی خۆشیانەوە.. هاوکاتیش داکۆکیی لە خەڵکی ئیسرائیل (نەک دەسەڵاتدارانیان) بکەین کە بتوانن دوور لە شەڕ و بە ئارامیی لەسەر خاکی خۆیان بژین (نەک لەسەر خاکە داگیرکرایەکانی فەلەستین).

هەڵبەتە گەلانی کوردستان بە شێوەکی گشتیی (بێجگە لە هەندێک خەڵکی رەگەزپەرست و دینیی) هەمیشە بەو جۆرەی لە سەرێ ئاماژەم پێیدا هەڵویستی خۆیان دەربڕیە.. لێ هەرگیز رۆژەک لە رۆژان نەماندیت گەڵانی فەلەستین و ئیسرائیل لایەنگریی لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیی و مرۆیی خەڵکی کوردستان بکەن و لە بەرانبەر داگیرکارییەکان هەڵوێستەک دەرببڕن! ئایە ئەو هەموو کارەساتانە نابینن کە بەسەر گەڵانی کوردستان دێن:

هەر لەو هەشت نۆ ساڵەی بەریی چەندین کارەساتی کەمەرشکێن و گورچکبڕیان تەنێ لەسەر ئەوە وەسەرهانین چونکێ ویستیتمان ئەمەش سایلی گەلانی دی بە پێی فەرهەنگی مێژووکردی خۆمان چ وەک مرۆڤبوونمان چ وەک نەتەوە بژین و سەرەنجام بە دەنگی زوڵاڵی زاگڕۆژییانە (زاگرۆسییانە) گۆرانیی دڵخوازی خۆمان بچڕین:
لە کۆتاییەکانی ٢٠١٥ ویستمان سووڕی ژیان و گوزەرانی هەزاران ساڵەی ئاکنجیانی سووری ئامەدی باکووری نیشتیمان بگەڕێنینەوە سەر دۆخی رەسەن و ئاسایی خۆی.. لێ داعشییە عوسمانییەکانی ئیسلام و کەمالیستە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکان سووریان لە خوون سۆرهەڵگەڕاند..
لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ کەرکووک خۆی راپچکاند و سەرچۆپیی زەماوەندی سەربەخۆیی باشووری نیشتیمانی گرت و لە گشتپرسییەکی بێ وێنەدا هەمووان گۆتیان ''ئەرێ.. سەربەخۆیی کوردستان''.. لێ داعشییە شیعەگەرییەکانی ئیسلام و عروبە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە ئاگر و ئاسن و گڕیانتێبەردا..
عەفرین سەرقاڵی ئەوە بوو رەگی سەربەخۆخوازیی پتر بە ناخی نیشتیماندا شۆڕبکاتەوە و وەک دەروازەی کرانەوە بە رووی جیهان خۆی دابمەزرێنی.. لێ لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ بە رووخاندنی پەیکەرەکەی کاوەی ئاسنگەر و داگیرکردنی لە لایەن داعشییە عوسمانییەکانی ئیسلام و دەستە و گرۆیە چەکدارە چەتەکانی سووریا چڵە زەیتوونەکانی ئاشتییان هەڵپاچی و نێوچەکەیان لە گێژاوی شەڕی داگیرکاریی و رەگەزپەرستیی نوقمکرد..
لە پاش ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ شۆڕشی ژینا (ژن.. ژیان.. ئازادیی) لە رۆژەڵاتی نیشتیمانەوە بریسکەی دا و زۆربەی شار و نێوچەکانی ئێرانیشی لە رۆشنایی خۆی وەرپێچا.. لێ داعشییە ئاخوندەکانی ئیسلام و فارس و عەجەمە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکان لە رەشبگیرییەکی سەرکوتکەرانە لە ماوەی ساڵەکدا بە هەزاران خەڵکیان خەڵتانی خوون کرد..

 

 

لە راستییدا هیچ پێویست ناکا هەڵوێست لە گەلانی ئیسرائیل و فەلەستین بخوازین چون ئەوان زۆربەی زۆریان بێجگە لەوەی بە دین و رەگەزپەرستیی داغان بوونە بە هۆی بە جیهانییکردنی کێشەکەیان و وەکاربردنیشیان لە لایەن هەژموونی دژە مرۆییانەی ململانێی جەمسەرە ناکۆکەکانی نێو سیستەمی هاروهاجی سەرمایەداریی بڕستی ئەوەیان لێبڕایە هیچیان لێ چاوەڕوان بکرێ.. تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش پێویست ناکا لەوە بدوێین ''مافەکانی مرۆڤ'' و ''دیموکراسی'' و ''شارستانیەتی سەردەم'' لە بەرانبەر ئەو کارەساتانە و چەندینی دیکە نقەیان لێوە نەهات چونکێ لە نێوەرۆکدا پڕوپووچن و نە ئەو توانایەیان هەیە نە خۆشیان دەیانەوێ هیچ هەڵوێستەک بنوێنن.. هەر لە نێو ئەو شەوگارە زۆر تووشەشدا سەرجەم رامیاربازیی نێودەولەتیی گڕناگەی لە نیشتیمانەکی پتر لە ٥٠ ملیۆن کەسیی داگرتییە و بە هیچ جۆرەک رێ نادا تەنانەت یەک پارچەشی بە سەربەخۆیی بگا و هەمیشە زۆر بێ شەرمانە و رێک بە پێچەوانەی مافی چارەنووسی گەلان جەخت لەسەر یەک پارچەیی هەر یەک لەو وڵاتە بە تۆبزیی داسپەێندرایانە دەکاتەوە کە کوردستانیان داگیرکردیە.. جا لەبەرهەندێ خۆخەریککردن بە پرس و کێشەکانی جیهان کە هیچ کاریگەرییەکمان نابی لەسەریان تەنێ گاڵتەکردنە بە خۆمان.. باشترین هەنگاو و چارەسەر هەر ئەوەیە پشت بە هێز و توانستەکانی میللەتەکەی خۆمان ببەستین تا کۆتایی بە چەوسانەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دەهینین.. ئیدی گەلانی کوردستانیش دەستیان پتر ڤاڵا دەبی تا بە هەماهەنگیی دەگەڵ گەڵانی دیکەی جیهان لە رێی خەباتی چینایەتی و وەدەستهینانی زۆرترینی ماف و ئازادییە کۆمەڵاتییەکان سیستەمی سەرمایەداریی (ئەو سیستەمەی گەلانی کوردستان و تێکڕای جیهانی تووشی ئەو شەوگارە تووشە کردیە) ژێرەوژوور بکەن.
 

یارۆ ئەوشۆ

شەوگارەکی گەلەک تووشە

     نەکەی یەک چرکەش چاولێکنێی هەناوەکەم..

بست بست بەژنی تاریکایی باڵا دەکا

هەڵت هەڵدێر.. زەنەک زەنوێر

                یەک یەک پێشوازییمان دەکەن

ئەستێرەکان پۆل پۆل وەرین

مانگیان دزی پەردەی ئاسمانیان هەڵبڕی

      شەوگارەکی گەلەک تووشە

      نەکەی یەک چرکەش چاولێکنێی نازدارەکەم..

یارۆ دەزانی ئەو کۆشکە بەرز و باڵا و مەرمەڕییانە

            ئەو خاکوخۆڵە بە بڕست و کانزاییانە

                   کە ئەمن و توو لێی بێ بەشین

                     خوون و ئارەقە و ئەسرین و

                          رەنجی کۆشانی خۆمانە

           لێ ئێستاکە لە دوڕ پیسیی نغرۆ بوونە

یارۆ تکایە هۆشیار بە

              وریابه گوڵیان بۆن ‌نه‌که‌ی

توخنی بزگوڕیان نه‌که‌وی

       بۆنی دین و دابونەریت

       بۆنی جودایی نەژاد و

                   هەڵاواردنی رەگەز و

       بۆنی دڕن و

          رشانه‌وه‌ی ته‌کنیک و دۆلاریان لێدێ

یارۆ ئەوشۆ

شەوگارەکی گەلەک تووشە

   نەکەی یەک چرکەش چاولێکنێی هەناوەکەم..
(چەند کۆپلەیەک لە هۆنراوەی ''شەوەڕەش'' بە دەستکارییەکی کەمەوە، ئەیلوولی ١٩٩٢، هەولێر).


١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک