Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 


یاسایەک کە ئازادى کارکردنمان فەراهەم نەکات .. ڕەتکراوەیە.

 

 

گروپى ڕاچەنین
 


پارلەمانى کوردستان ..
حکومەتى هەرێمى کوردستان ...
ڕۆژنامەوانان ...


زۆر بەنهێنى و لە کاتێکدا تەواوى ڕۆژنامەنووسان سەرقاڵى گواستنەوەى هەواڵەگەرمەکانى سەرسنوور و ناوخۆ و جیهانن و لەوپەڕى غافڵیدا " سەندیکاى ڕِۆژنامەنووسانى کوردستان " دوا کۆبوونەوەى خۆى لەگەڵ لیژنەى ڕۆشنبیرى پەرلەمان لەمەڕ " پڕۆژەى یاساى کارى ڕۆژنامەگەرى " ئەنجامدا و ئێستا پڕۆژەکە لە بەردەم دوا قۆناغى بوون بە یاسایەتى کە ئەویش پەسەندکردنێتى لەلایەن ئەندامانى پەرلەمانەوە .
ئەوەى مایەى ڕەخنەى زۆرى ئێمەى ڕۆژنامەنووسانە گوێنەدانى بەردەوامى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانە بە نوێژى هەستیار و کاریگەرى ڕۆژنامەنووسان ، بەردەوام قسەمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەبووە و دووپاتمان کردۆتەوە کە ناکرێت یاسایەک بۆ کارى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستان دەربچێت و لە سەردەمى ئازادى کوردستان و گرتنەبەرى سستمى دیموکراسى دا بە ئەندازەیەکى زۆر ئازادى کارى ڕۆژنامەنووسى تێدا نەپارێزراوبێت .
کاک زیرەک کەمال ى سکرتێرى سەندیکاکە ڕایگەیاندووە کە" 90%ى پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندى ڕۆژنامەنووساندایە " ئەمە واتاى ئەوەیە کە سەندیکا دان بەوەدا ئەنێن کە پڕۆژەکەیان بە جۆرێک پێشکەشى پەرلەمان کردووە کە 10%ى پڕۆژەکە دژى بەرژەوەندى ڕۆژنامەنووسان و ڕەوشى ڕۆژنامەگەرییە ، لە کاتێکدا کە سەندیکا خۆى پڕۆژەکەى نووسیوە!ئەمە جگە لەوەى کە سەندیکا دوا ڕەشنووسى پڕۆژەکەى بە ڕۆژنامەنووسان ڕانەگەیاندووە و نازانین مەبەستیان لە شم شاردنەوەیە و ئەم شێوازى کارى ژێر پەردەییەیان لەچى ؟ چۆن دەبێت جۆرە کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکى ئاوا گرنگ لەمەڕ یاساى ڕۆژنامەگەریى داخراوبێت و سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان لەچى دەترسان کە کۆبوونەوەکە کراوە و شەفاف بێت !؟
ئێمە هەموولایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ئازادى کارى ڕۆژنامەنووسیمان دەوێت و ئەم بەڵێنەشمان لە تەواوى دەسەڵاتى سیاسى و ئیدارى کوردستانەوە پێ دراوە و ئەوەى دەیخوازین بە یاسا ناساندنى ئازادییەکانى کارى ڕۆژنامەنووسییە ، هەرچ یاسایەکیش دەربچێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ بەندەکانى جاڕنامەى گەردوونى مافەکانى مرۆڤ و مافە مەدەنی و ئازادییەکانى ڕا دەربڕین ئەوا مایەى ڕەتکردنەوەیە و هەوڵى گۆڕین و هەموارکردنى دەدەین .
لێرەوە داوا لە پەرلەمانى کوردستان دەکەین کە پەلە لە پەسەندکردنى پڕۆژە یاساکە نەکەن و ئەوان خەمخۆرتر لە سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان بتوانن گوێ لە قسە و تێبینى و پێشنیازى ڕۆژنامەنووسان بگرن ، بە ئومێدى دەرچواندنى یاسایەک کە ئازادى کارى ڕۆژنامەگەریى فەراهەم بکات و ڕەوشى ڕۆژنامەگەریى کوردیمان بەرەوپێشتر بەرێت .
دواش لە تەواوى ڕۆژنامەنووسان دەکەین کە بە وردى و لە نزیکەوە چاودێرى ئەم پێشهات و گۆڕانکارییانە بکەن و لێنەگەڕێن لە غافلگیریدا سەندیکا چارەنووسییان دیاری بکات .