٨\١٠\٢٠١٢
بەیاننامە:
یاسای
پیرۆزییە ئاینییەکان راگرن.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان داوا لە پەرلەمانتارانی
کوردستان دەکات دەنگ بە پرۆژە یاسای پێشنیارکراوی پیرۆزییە ئاینییەکان
لە پەرلەمانی کوردستان نەدەن و یاساکە راگرن، راشیدەگەیەنێت یاساکە دژی
ئازادییەکان و بەھاکانی مافی مرۆڤ و یاسای کاری رۆژنامەنووسی ھەرێمی
کوردستانە.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داھاتوو ٨/١٠/ ٢٠١٢ پەرلەمانی کوردستان لە
دانیشتنی ژمارە ١٠ی ئاسایی خولی گرێدانی یەکەم، ساڵی چوارەم لە خولی
سێیەمیدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای پیرۆزییە ئاینییەکان بکات.
یاسای پێشنیار کراوی پیرۆزییە ئاینییەکان لە لایەن لیژنەی کاروباری
ئاینی پەرلەمانی کوردستان پێشنیار کراوە، کە تیایدا بە پێچەوانەی یاسای
کاری رۆژنامەنووسی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ رۆژنامەنووس بە بڕێکی زۆری پارە
و راگرتن و داخستنی کەناڵی راگەیاندن و زیندانیکردن سزا دەدرێت.
لە کاتێکدا لە ماددەی ٩ی یاسای رۆژنامەنووسی بە ٧ خاڵ و ٤ بڕگە سزاکانی
تایبەت بە "سوکایەتیکردن بە بیرو باوەڕ و رێو رەسمە ئاینییەکان"
ھەروەھا "سوکایەتیکردن بە سیمبول و پیرۆزییەکانی ھەر ئاین و ئاینزایەک
و لەکەدار کردنیان" روونکردۆتەوە و سزاکانیشی دیارکردووە. جگە لەوەی
ماددەی ١٠ ی ھەمان یاسا تایبەتە بە ناوەڕۆکی تەواوکاری ماددەی ٩و
بڕگەکانی.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان داوا لە پەرلەمانتارانی
ھەرێمی کوردستان دەکات "دەنگ بە یاساکە نەدەن و رایگرن، چونکە ناوەڕۆکی
یاسای پیرۆزییە ئاینییەکان مەترسییەکی گەورەییە بۆ سەر ماف و
ئازادییەکان و پێچەوانەی ناوەڕۆکی یاسای کاری رۆژنامەنووسی ھەرێمی
کوردستان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە"
سەنتەری میترۆ دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و
لیژنەکانی لە دەستدرێژی و مەترسییەکانی سەر رۆژنامەنووسان
چاوەڕوانیدەکرد، "لە بری ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ کۆت و بەندکردنی
بیرو رای ئازاد و رۆژنامەنووسان، لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون لە
سەرپێچیکاران بکەن و بۆ لێپرسینەوە بانگھێشتی پەرلەمانی کوردستانیان
بکەن"
______________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە
بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان. ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە،
نوسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە، ئەم رێکخراوە، لە ھەرێمی کوردستان،
نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە
نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
سەنتەری میترۆ
٦\١٠\٢٠١٢
- سلێمانی
rahmangarib@yahoo.com
|