په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٢\٢٠١٠

یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان یاسای زیندانکردن و نان بڕینە!

سه‌لام عه‌بدوڵا  


سەرۆکی هەرێم یاسای خۆپیشاندانی ئیمزاکرد، بەڵام من نە ئیمڕۆ و نە سبەی پابەندی نابم،"خوا" ئەو یاسادانەرە کۆنەپارێز و ترسنۆک و ماستاوچییانە بگرێ کە بە تەڵەکەیان، سەرۆکی هەرێمیان عه‌یبدار و ئەزموونەکەشیان شەرمەزارکرد.

 
ئەو شەوە کە حکومەتی سەنکسار و شەلاقی ئیسلامی، خەریکی خۆئامادەکردن بوو بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی (سلیمان فەتاحیان)، ئێمەش لە ناوەڕاستی شاری خانەقین لە دژی ئەو وەحشیگەرییە بە ئەشکگرتن، ناڕەزایەتیمان دەربڕی. بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە، تەنها ئاگاداری بەرپرسی یەکەی ئیداریمان کرد.


ئایا ئێستا دەتوانین بە گوێرەی یاسای خۆپیشاندان ئەم کارە بکەین؟!


ئەگەر سبەی تیرۆریستە مەزهەبییەکان هێرشێکی دڕندانە دژ بە پەرلەمان یان بارەگای حزبێک یان بەڕێوبەرایەتییەک ئەنجامدا، ئەوا ناکرێ چاوەڕوانی بێ حیکمەتی بڕگەی2لە ماددەی 3و بڕگەی2 لە ماددەی 4 ی یاساکە ببین و لە کەس مۆڵەت وەرناگرین تا لە دژی وەحشیگەرییەکە ناڕەزایەتی دەرببڕین و نموونەو حاڵەتی تری زۆر هەیە بۆ سەرپێچیکردنم لەو یاسایە.


هەندێ جار بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک، کات زیاتر لەهەر فاکتەرێکی تر، رۆڵی سەرەکی دەبینێ و بە چاوەڕوانی 48کاتژمێر، بەهاو کاریگەرییەکەی لەدەستدەداو ئامانجەکەی بە هیچ یەکسان دەکات. ئەم خاڵەش لە ئاساکە لەبەرچاو نەگیراوە.


بەگشتی یاسای خۆپیشاندان بەوشێوەیە کە داڕێژراوە، نەک تەنها رێگری لە ئازادی، بەڵکو نانبڕیشمان دەکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەر دەڵێم: مەرحەبا زیندانەکانی وڵاتە ئازادەکەم!


لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، وەک هاوڵاتییەک بە پێویستی دەزانم سەرۆکی هەرێم کارێکی ژیرانە بکات و لە بەرفراوانکردنی کەشوهەوای ئازادییمان بەشداری بکات و لەم بوارەدا پشت بە یاساناسگەلێک ببەستێت کە لایەنگری ئازادی کوردستانیان بن، نەک کەسانی موحافزکارو ترسنۆک!


هیچ کەس حەزی لە لە زیندانکردن نییەو وەک"خواپێداوەکان"یش گیرفانیشمان پڕ نییە تا بتوانین سزای دیاریکراو بدەین، بەڵام با سەرۆکی هەرێم دڵنیا بێت لەوەی کە بە پەیڕەوکردنی ئەو یاسایە سەدان کچ و کوڕی کوردستان رووبەڕووی زیندانکردن دەبن. ئایا ئەمە مەبەستی یاسا دەرکردنە لە کوردستانە ئازادەکەمان؟!


ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا