په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٨\٢٠١٤

راگەیاندن:

یاسای رێکخستنی خۆپێشاندان دەگەڕێتەوە پەرلەمانی کوردستان.

 
بەڕێزان:
- سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
- سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان
- ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان
- راى گشتى

دوای دەرچوونی یاسای رێکخستنی خۆپێشاندان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتى زۆرى خەڵکى کوردستان و رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و داکۆکیکاران لە مافەکانى مرۆڤ، سەبارەت بە هەمواری یەکەمی یاساى ژمارە ١١١ى ساڵى ٢٠١٠ى رێکخستنى خۆپیشاندان، کە چەندین کەلێن و کەموکورتى یاسایی تێدایە بەبێ رەچاوکردنى ئەو بنەما راستەقینانەى کە دەبوو یاساکەى لە پێناودا دەربکرایە، چاوەڕواندەکرا یاساکە لەسەر بنچینەى پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکان هەموارى یەکەمى بۆ بکرایەتەوە، بەداخەوە هەر لە دەرکەوتەکانى سەرەتاى هەموارکردنەوەى ماددەکانى یەکەم و دووەمدا بەربەست و رێگرى نوێ لە بەردەم خۆپیشاندان و رێگاکانى ناڕەزایی دەربڕین لە کوردستاندا چەسپێندراوە، ئەوە بوو ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەوانەی پەرلەمانی کردووە و واژۆی لەسەر نەکرد.


خولى چوارەمى پەرلەمانى کوردستان بە دەرکردنی سێ یاسای تەوافقی ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆی داهێنا کە پیمان وایە سەرۆکی هەرێم دەبێت رەتیان بکاتەوە، چونکە دەبوو بە پشتبەستن بە بڕیارى ژمارە ٥ى ساڵى ٢٠١٣، پەرلەمانی کوردستان راوێژی زیاتری لەگەڵ رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و پسپۆرانی ئەکادیمی و شارەزا بکردایە.


ئێستا لە دوای واژۆ نەکردنی سەرۆکی هەرێم و ناردنەوەى یاساکە بۆ پەرلەمان ئەرکە لەسەر پەرلەمان کە هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندان بە شێوەیەک دەربکات کە گونجاو بێت لەگەڵ پرنسیپە نێودەوڵەتیەکان و چەسپاندنی مافە سەرەتایەکانی مرۆڤ.


بۆیە ئێمە داخوازییە بنەڕەتییەکانمان وەک ئەوەى لە ساڵانى رابردوو سەبارەت بە ئامانجى هەموارکردنەوەى یاساکە خستبووە روو، جارێکى تر دەیخەینەوە بەردەم بەرپرسیارێتى یاسایی و ئەخلاقى و مێژوویی ئێوەى بەڕێز، بۆئەوەى لەکاتى هەموارکردنەوەى یاساکەدا بچەسپێندرێت:


یەکەم: خۆپیشاندانی لەناکاو وەک جۆرێک لەخۆپیشاندان لەیاسای رێکخستنى خۆپیشانداندا جێگیربکرێت چونکە نەبوونى ئەو جۆرە خۆپیشاندانە لەیاساکەدا کەلێنێکی زۆر گەورە لەو یاسایەدا بەرجەستە دەکات و بەشایەتی هەموو لایەکیش زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانەی لەماوەى رابوردودا لەهەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون زۆربەیان لەمجۆرە خۆپیشاندانە بوون و هیچ کۆمەڵگەیەکیش نییە لە دونیادا ئەمجۆرە خۆپیشاندانەى تێدا نەبێت، هەربۆیە گرنگە لەیاساى رێکخستنى خۆپیشانداندا بناسێنرێت و ئەو رێوشوێنە مەدەنیانەش دیاریبکرێن کەپێویستە لایەنى پەیوەندیدار لەکاتى روودانى ئەمجۆرە خۆپیشاندانەدا بیانگرێنەبەر کەخۆى لەپاراستنى خۆپیشاندەراندا دەبینێتەوە.


دووەم: جگە لە گۆڕینى هێزى پۆلیس بە هێزى چالاکییە مەدەنییەکان، ئەو هێزەى ئەرکى پاراستنى خۆپیشاندانەکانى لەئەستۆدایە دەبێت ئەم هێزانە راهێنراوبن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشانداندان و لەکات و شوێنى خۆپیشاندانەکاندا ئامادەبن بەمەبەستى پاراستنى خۆپیشاندەران و دەبێت ئەم هێزە بێچەک و ئاشتیپارێز بێت و تەنها لەکاتى روودانى پشێویى و ناچاریدا دەتوانن ئەو ئامرازانەى بەرگرى و رووبەڕووبوونەوە بەکاربهێنن کەپێیانە، وەک (قەڵغان، دارى پلاستیکى، فیشەکى پلاستیکى، سۆندەى ئاوپڕژێن و گازى فرمێسک رژێن) بە پێی ستاندارتی نێودەوڵەتی.


سێیەم: مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی تاکەکەسى وەک مافێک لە یاساکەدا بچەسپێندرێت، هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەى ژمارەى ئەو نوێنەرانەى ئاگادارینامە پێشکەش بەلایەنى پەیوەندیدار دەکەن.


چوارەم: مافى ئاگادارکردنەوە بدرێت بە دامەزراوەیەکی مەدەنی نەوەک سەربازی و ئەمنی لە کاتى ئەنجامدانى خۆپیشاندانى سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان یاخود لە یەکە ئیداریەکان و بخرێتە دەست یەکەى کارگێڕى.


پێنجەم: دوورخستنەوەى یاساکە لە هەر دەستەواژەیەکى لاستیکى کە تەفسیرى جۆراوجۆر بۆ یاساکە هەڵبگرێت لە ئایندەدا وەکو هاتووە "کاتێک خۆپیشاندان دەبێتە هۆى پەکخستنى دامودەزگا حکومییە بنەڕەتییەکان وەکو خزمەتگوزارى و هاتوچۆى گشتى و چالاکییە ئابوورى و بازرگانییەکان ئەوا پێویستە کۆتایى پێبهێندرێت".


شەشەم :دووپاتی ئەوە دەکەینەوە بەرپرسیارێتی روودانی هەر زەرەرو زیانێک، چ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بێت یان هێزەکانى پۆلیسەوە، بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسییە و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و داواکارانی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیش وەک هەر بەشداربوویەکى تر مامەڵەی کەسییان لەگەڵدا بکرێت و بەرپرسیارێتی گشتی روودانی زەرەرو زیان نەخرێتە ئەستۆیان، چونکە لە رابردوودا داواکارانی خۆپێشاندان سزادراون و دەستگیرکراون بەتایبەت لە خۆپێشاندانەکانی بەردەم کونسوڵگەری ئێران و چالاکیەکانی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان.


لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کە:


یاسایەکی روون و هاوچەرخ و مۆدێرن بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان روویەکی گەشی ئەزموونی هەرێمی کوردستان نیشاندەدات و سەرەتایەکى یاسایى گونجاو دەبێت بۆ ناسینى خۆپیشاندان وەک مافێکى سروشتى و دەستووریى هاوڵاتیان و رێگە خۆشکەریش دەبێت بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان و پاراستنی مافی هاوڵاتیان لەپیادەکردنی ئەو مافەیانداو لەهەمانکاتدا هاوکاری دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دەکات بۆ ئەوەی بەشێوازێکی هاوچەرخ مامەڵە لەگەڵ خۆپیشانداندا بکەن و ئەو بیرۆکە کۆن و تەقلیدیانەش سنووردار دەکات کە خۆپیشاندان وەک کردارێکی ئاژاوەگێڕیی ناوزەد دەکەن، بەتایبەتیش کۆمەڵگەی کوردی لەدوای چەندین ساڵی دیکتاتۆریەت و بێ بەشبوونیان لەپیادەکردنى مافە سروشتییەکانیان وایلێکردوون کە تامەزرۆی یاسایەک بن کە جێبەجێکردنی ئەو مافانە و هەموو مافە مەدەنی و دیموکراسییەکانی دیکەیان بۆ دەستەبەر بکات.

 


دەستپێشخەریی رەوتی ناڕەزایەتییەکانى خەڵک
٢٥\٨\٢٠١٤

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک