یاخیبوونه‌که‌ى عومه‌ر.
سه‌ردار عه‌بدوڵا
خه‌ڵکى نا هه‌قیان نه‌بوو! چونکه زۆر ده‌مێک بوو له و ده‌ڤه‌ره‌دا که‌سێکى ئازا و جه‌ربه‌زه‌ى وه‌ک ئه‌و هه‌ڵنه‌که‌وتبوو، هه‌ر له به‌ر ئه‌مه هه‌موو خه‌ڵکى گوند شانازییان پێوه ده‌کرد. هه‌ر که‌سه و بۆخۆى چیرۆکێکى هه‌ڵبه‌ستراوى دروست ده‌کرد، تا خوى گرێبداته‌وه به خێزانه‌که‌ى عومه‌ره‌وه. یه‌کێک خۆى ده‌کرد به کوڕى خاڵى و یه‌کێکى تر به ئامۆزاى بڕبڕه‌ى پشتی، یه‌کێکى تر که بۆى نه‌ده‌کرا چیرۆکێکى له چه‌شنى ئه‌وانى تر هه‌ڵبه‌ستى؛ فیشاڵى ئه‌وه‌ى ده‌کرد که گوایه له‌گه‌ڵ عومه‌ر شیریان خواردووه و براى شیرى یه‌کترن. هه‌رچى منداڵانى ئاواییش بوو، تفه‌نگ و چه‌کیان له دار دروستده‌کرد و یارى شه‌ڕه‌تفه‌نگیان ده‌کرد، بزێوترین و زاڵترین منداڵى نێوانیشیان خۆى ده‌کرد به عومه‌ر، هه‌ر به بڕیاڕى ئه‌ویش ئه‌وانى تر ده‌کران به پۆلیس یاخود چه‌کدارى ژێرده‌ستى ئه‌و. دایکه پیره‌که‌ى، که پشتى له‌ژێر کارى سه‌ختى ده‌ره‌وه و ماڵدا چه‌مابووه‌وه؛ نانى که‌وتبووه ڕۆنه‌وه. کچانى ئاوایى ئاویان بۆ ده‌هێنا و ئیشی ماڵیان بۆ ده‌کرد و زوو زوو بۆ سفره‌ى پڕ ڕه‌ونه‌ق ده‌عوه‌تیان ده‌کرد. برا و ئامۆزاکانى عومه‌ر، که له منداڵییانه‌وه ژێرده‌سته‌ى منداڵانى ئاوایى بوون و زۆرجار کوته‌ککارى به‌شیان بوو، سه‌رده‌مى زێڕینیان ده‌ستى پێ کرد؛ حیسابی له عومه‌ر که‌متریان بۆنه‌ده‌کردن و چه‌قوکێشانى ئاواییش ماستاویان بۆ سارد ده‌کردنه‌وه! خه‌ڵکى، هه‌میشه ئازایه‌تى و چالاکییه چه‌کدارییه‌کانى عومه‌ریان به زیاده‌وه گه‌وره ده‌کرد. شه‌وێک، مه‌فره‌زه‌که‌ى عومه‌ر داى به سه‌ر بنکه‌ى پۆلیسى ناوچه‌که‌دا و له ئه‌نجامدا پۆلیسێک به سووکى برینداربوو، بۆ سبه‌ینێى ئه‌و ڕۆژه هه‌واڵه‌که‌یان وه‌ها گه‌وره کرده‌وه، کردیانه ده‌یان کوژرا و بریندار، چونکه به ئه‌قڵى خه‌ڵکیدا نه‌ده‌چوو، عومه‌ر خۆى له قه‌ره‌ى چالاکیه‌ک بدات که، دوژمن زیانى که‌مى لێ بکه‌وێت. وره‌ی به‌رگرى، تا ده‌هات زیاتر له نێو خه‌ڵکى ئه‌وێدا ته‌شه‌نه‌ی ده‌کرد. نیشتمانپه‌روه‌ره‌کان، هۆکه‌یان بۆ قاره‌مانێتى و جه‌ربه‌زه‌یى ئه‌و ده‌گه‌ڕانه‌وه.؛ تا ئه‌و نه‌هاته مه‌یدان، که‌سێک بیرى له چه‌ک هه‌ڵگرتن له دژى حوکومه‌ت نه‌کرده‌وه. ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌مێک بوو بێده‌نگییه‌کى کوشنده دایگرتبوو، پیاوانى حکومه‌ت لاقه‌ى شه‌ره‌فى پیاوانیشیان بکردایه که‌سێک نه‌ده‌هاته وه‌ڵام! هه‌موو سه‌ریان تا ئاستى ناوگه‌ڵیان شۆڕده‌کرد، خه‌ڵکى ته‌نیا بیریان لاى پاره‌په‌یداکردن بوو، هه‌موو سه‌رقاڵى قاچاخچێتى نیوان سنووره‌کان بوون..به‌ڵام سوپاس بۆ عومه‌ر که نه‌یهێشت له‌وه زیاتر شه‌ره‌ف تیداچێت و گۆمى بێده‌نگى به ته‌واوى شڵه‌قاند! * * * * * * له سه‌ربانى ئه‌و مه‌قه‌ره دوو ژوورییه‌ى نیوان چیا عاسى و سه‌خته‌کانى سه‌ر سنوور، عومه‌ر هه‌میشه ده‌هات و ده‌چوو وه‌ک ئه‌وه‌ى کێچ که‌وتبێته که‌وڵییه‌وه، به سه‌یرکردنى قه‌ده‌م لێدانه‌کانى سه‌ر ئه‌و سه‌ربانه بچووکه، مرۆڤ تووشى سه‌ره گێژه ده‌بوو. ناهه‌قى نه‌بوو! چونکه ماوه‌یه‌ک بوو فه‌رمانى پێ کرابوو که ده‌ست له چالاکى چه‌کدارى هه‌ڵبگرێت؛ به هۆى ده‌ستپێکردنى گفتوگۆى نێوان رژێم و حیزبه‌که‌ى. ئارامگرتن بۆ ئه‌و سه‌خت بوو، چونکه له لایه‌ک ئیمانی له‌سه‌ر ته‌ق وتۆق پته‌وکردبوو، له لایه‌کى تر هه‌ستى ده‌کرد که خه‌ڵکى به لێکه‌وتوو و ترسنۆکى ده‌زانن.. له گه‌ڵ درێژه‌کێشانى ڕۆژه‌کانى گفتوگۆدا، عومه‌ر زیاتر ئارام ده‌بووه‌وه، هاتووچۆى سه‌ربانى مه‌قه‌ڕیشى وه‌ک جاران نه‌مابوو! کونجى ژوورى تاریک و شێدارى گرتبوو. هه‌میشه له ڕووناکى چراقووتیله‌که راده‌ما، هیچ یه‌کێک له هاوڕێکانى نه‌یان ده‌توانى زه‌فه‌ر به ناخى به‌رن و ئه‌و ده‌یان پرسیاره بخوێننه‌وه که وه‌ک بزمار زوو زوو له مێشکى هه‌ڵده‌چه‌قین: له ده‌روونه‌وه خۆی به خۆی ده‌گوت؟ ــ به‌ڕاستى، ئه‌م ئازایه‌تییه‌ى خێرنه‌دیوێکى وه‌ک من له کوێوه هات؟! ــ من، بۆچى و له داخى کێ، چه‌کم هه‌ڵگرت ؟! ــ گفتوگۆ و تفه‌نگى شانم، چه‌ند له حه‌ز و نیاز و داواکارییه‌کانى من و ئه‌وانه‌ى وه‌ک منى نه‌گبه‌تن؛ به ئاکام ده‌گه‌یه‌نێت؟! ــ داخى هیچ نه‌ی کوشتووم: ئه‌م گفتوگۆ نهێنى و ژێر به ژێرانه نه‌بێت، بۆچى هیچمان پێناڵێن، ده‌بێت به سیخوڕ و زۆڵمان نه‌زانن ؟!! ــ بۆچى، رادیۆى حیزب باسى ده‌رده‌سه‌رى سایه‌قه نه‌گبه‌ته‌کان و حه‌ماڵه قوڕبه‌سه‌ره‌کان ناکات؟! * * * * * * یه‌کێک له هه‌ڤاڵه شارییه‌کانى، که دواى ته‌واوکردنى قوتابخانه و خوێندنه‌وه‌ى ته‌واوى مێژووى کورد، بڕیارى خه‌باتى دابوو، هه‌میشه به شێوه‌یه‌کى ئه‌ده‌بى و شاعیرانه له ته‌ک هه‌ڤاڵه‌کانیدا ده‌ئاخه‌فت و هه‌موو له پرسیاره قورسه‌کانى هه‌ڵده‌هاتن. ئه‌و ده‌یویست بزانێت، هۆى چه‌ک هه‌ڵگرتنى هه‌ر یه‌ک له هه‌ڤاڵه‌کانى له‌به‌ر چیه؟ ئه‌و به‌دواى زانینى ته‌واوى هۆکاره‌کانه‌وه بوو؛ تاکوو بتوانێت به ئاسانى شۆڕشگێڕى ڕاسته‌قینه دیاری بکات! وه‌ڵامى هیچ یه‌ک له هه‌ڤاڵه‌کانى به دڵى ئه‌و نه‌بوون، چوونکه له سه‌ره‌تاوه، هه‌موو هۆکارى ڕزگارى گه‌ل و خۆشه‌ویستیی نیشتمانیان بۆ چه‌کهه‌ڵگرتنیان ده‌هێنایه‌وه، پاشانیش ده‌رده‌که‌وت هه‌ندێک به هۆى کێشه‌ى تایبه‌تى خۆیانه‌وه ڕوویان له شاخ کردووه. ئه‌و کاتێک له شار بوو، به چاوى خۆى حاجییه‌کى منداڵبازى بینى، که بۆ کڕینه‌وه‌ى شه‌ره‌فى خۆى، چۆن چۆنى خۆى له ده‌ستى پۆلیسه‌کان ڕاده‌پسکاند و پڕ به گه‌رووى هاوارى ده‌کرد: بژى کورد.. بژى کوردستان!" ئه‌و توانى، داستانى چه‌کهه‌ڵگرتنى ته‌واوى هه‌ڤاڵه‌کانى، جگه له عومه‌ر بزانێت. هه‌موو خولیاى بووه زانینى نهێنیه‌کانى ژیانى ئه‌و، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دۆستایه‌تى و هاوڕێیه‌تیشی له ته‌ک گه‌رم بوو، به‌ڵام عومه‌ر ئه‌و کێوه سه‌خته بوو که، گرتنى ئاسان نه‌بوو! ئاماده نه‌بوو، هیچ زانیاریه‌ک بدرکێنێت! هه‌لسوکه‌وتى ڕۆژانه‌ى عومه‌ر، قینى ئه‌ستورى له رژێم و سیاسه‌ته‌کانى، گومانى له شۆڕشگێڕێتى ئه‌و نه‌هێشتبۆوه. به پێى بۆچوون و کتێبه‌کانى هه‌ڤاڵه‌که‌شى، هۆى چه‌کهه‌ڵگرتنى عومه‌ر له هه‌ستێکى نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه بوو، به دووریشى نه‌ده‌زانى که‌سێکى چه‌پڕه‌و بێت و نه‌یه‌وێت خۆى ده‌ربخات. ئه‌و له‌و بڕوایه‌دا بوو، عومه‌ر له‌و جۆره که‌سانه نیه که، به هۆى دوژمنایه‌تى و خۆ قوتارکردن له یاسا، هه‌ڵهاتبێت، یان دواى شووکردنى ده‌زگیرانه‌که‌ی سه‌ری هه‌ڵگرتبێت و له‌وه زیاتر چاوی به‌رایى نه‌هێنابێت که دابنیشێت و قۆڵی ده‌زگیرانه‌که‌ی له قۆڵى یه‌کێکى تردا ببینێت. بێده‌نگى ئه‌و دواییانه‌ى عومه‌ر له خۆڕا نه‌بوو! بێده‌نگى و قڕوقه‌په‌که‌شى ببووه جێگه‌ى پرسیار و سه‌رسوڕمانى هه‌مووان!! * * * * * * نامه‌یه‌کى پێچراوه له شاره‌وه بۆ هه‌ڤاڵه ڕۆشنبیره‌که‌ى، سه‌رى داوى ئه‌و نهێنییه‌ى ده‌رخست، که ده‌مێک بوو عومه‌رى دووره‌په‌رێز، نه‌یده‌ویست بیاندرکێنێت.. نامه‌که، ئه‌وه‌ى تیدا نووسرابوو که:"عومه‌ر شۆڤێرى مینیوبوس بووه و له هێڵى شار کاریکردوه." هاتوچۆى عومه‌رى گوندنشین بۆ شار، نیشانه‌ى پرسیار و سه‌رسوڕمانى لاى هه‌ڤاڵه‌که‌ى پێکهێنا: "ده‌بێت عومه‌ر سه‌ر به حوکومه‌ت نه‌بووبێت؟!..نا گوێى شه‌یتان که‌ڕبێت.. که‌سێکى ئاوا دڵسۆز، هه‌رگیز نابێت دوژمنان به لاڕێیدا به‌رن! ئه‌ى باشه بۆچى والێکه‌وت، ئه‌م گرێیه پێویستی به‌کردنه‌وه هه‌یه؟!" * * * * * * نامه‌ى دووه‌میش، له پاش ماوه‌یه‌کى کورت له شاره‌وه به قه‌باره‌ى نووشته‌یه‌کى ئه‌بوودووجانه به‌ڕێکخرا، ئه‌م نامه‌یه به ته‌واوى په‌رده‌ى له ڕووى گومان و نهێنییه‌کان هه‌ڵماڵى: "عومه‌ر، کوڕێکى لاوى زه‌حمه‌تکێشى دێهاتی بوو، هه‌ر زوو بژێوى ماڵ و خێزانى که‌وته سه‌رشان. پاش چه‌ندین ساڵ کریکارى و کۆلکێشان توانى بارگیرێک بکڕێت و ده‌ستبداته گواستنه‌وه‌ى شتومه‌ک بۆ ئه‌ودیوى سنوور. له‌و ماوه‌یه‌دا توانى هه‌ندێک پاره پاشه‌که‌وت بخات..پاشان بیریکرده‌وه که ڕێچکه‌ى ژیانى خۆى بگۆڕێت، حه‌زیکرد بچێته شار و بارگیره‌که‌شى بکات به ئوتۆمۆبیلێک. پاش وه‌رگرتنى هه‌ندێک قه‌رز و قۆله و فرۆشتنى بارگیره‌که‌ى، توانى مینیبوسێکى کۆنى مۆدیل به‌سه‌رچوو بکرێت. مینی‌بوس، هیوایه‌کى گه‌وره‌ى خسته دلێه‌وه، پێیوابوو دواى ساڵێک کارکردن، گواستنه‌وه‌که‌ى بۆ شاریش مسۆگه‌رده‌بێت. مینی‌بوس، چه‌ندى په‌یداده‌کرد ده‌بوو به زیاده‌وه بکریته‌وه به قوڕگیدا.. ڕۆژ نه‌بوو بێ کێشه ڕێ بکات. به‌هۆى خراپى پاترییه‌که‌یه‌وه به‌یانیان به پاڵ ئیشیده‌کرد، له‌به‌ر ئه‌وه ناچار بوو هه‌میشه به قه‌دپاڵى گردێکه‌وه ڕایبگرێت یاخود برا و خوشک و دراوسێکانى وه‌خه‌به‌ربهێنێت، تا پاڵێکى پێوه‌بنێن. له هه‌ورازه‌کاندا هه‌میشه مه‌کینه‌که‌ى ده‌یکوڵاند. دووکه‌ڵى گازى سووتاو چه‌ند ده‌چوو به گه‌رووى ئاسماندا، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌چوو به گه‌رووى نه‌فه‌ره‌کانیدا.. به هۆى ئه‌م هه‌موو ناله‌باریانه‌وه، پیره‌مینیبوس له ناو خه‌ڵکیدا به عه‌نچه ناوى ده‌رکرد. کاتێک، له تێرمینال نۆبه‌ى عه‌نچه‌که‌ى ئه‌و ده‌هات، سه‌رنشینه شاره‌زاکان که پێشتر به عه‌نچه سه‌فه‌ریان کردبوو خۆیان ده‌دزیه‌وه و وا خۆیان ده‌رده‌خست که نیازى سه‌فه‌ریان نیه. چاوه‌ڕێى مینیبوسى دواتریان ده‌کرد، ده‌وه‌ستان تاکو به نه‌فه‌رى تر کورسییه‌کانى پڕده‌بوو. ڕۆژێکى بارانى، عه‌نچه ئاخنراوبوو له نه‌فه‌ر به‌ره‌و شار. هێشتا نیوه‌ى ڕێگه‌که نه‌بڕابوو؛ لێزمه‌ى باران به‌خوڕ دایکرد. له بنمیچه‌که‌وه ورده ورده دڵۆپه ده‌ستى پێ‌کرد و ئاو به سه‌روگوێلاکى نه‌فه‌ره‌کاندا ده‌هاته خوارێ. یه‌کێک له نه‌فه‌ره قۆشمه‌کان وتى: - کاکه عومه‌ر، بانى ئۆتۆمبیله‌که‌ت پێویستى به گیڕان هه‌یه، له‌وه ده‌چێت ئه‌مساڵ کات که‌م تێکردبێ و نه‌تگێرابێت؟! نه‌فه‌رێکى تر له دواوه هه‌ڵیدایێ: ــ براى شۆڤێر تۆ جگه له جه‌ک، ده‌رنه‌فیز، پلایس و حه‌بل.. پیویستیشت به بانگردێنیکى باشیش هه‌یه بۆ گێڕانى بانى ئۆتۆمبیله‌که‌ت! ئه‌م قسانه ئازاریان زۆر زیاتربوو له ئازارى گولله، به‌ڵام بێده‌نگى گه‌لێک سوودى له وه‌ڵامدانه‌وه زیاتر بوو! عومه‌ر، خۆى ئاماده‌کرد بۆ یه‌کێک له هه‌ورازه سه‌خته‌کان، پێى له گازه‌که قه‌پاتکرد، به‌مه‌ش دووکه‌ڵ له‌هه‌ر چوار لاوه هێرشى کرده ژوورێ. نه‌فه‌ره‌کان ده‌ستده‌که‌ن به کۆکه کۆک. گه‌نجێک هه‌ڵسایه سه‌رپێ و وتى: ــ براڕۆ خنکاین، کاکى برا تۆ نه‌فه‌رت پێیه نه‌ک مێش و مه‌گه‌ز وا به‌م دوکه‌ڵه خه‌ریکى قه‌لاچۆمان ده‌که‌یت. هیچ کات، عومه‌ر به‌م جۆره سوکایه‌تى قبوڵ نه‌کردبوو، وا خه‌ریکه ده‌بێته بنیشته‌خۆشه‌ى ژێردانى خه‌ڵکى، به‌لام چى بڵێت؟! نان له قوڕگى شێردایه، ده‌یزانى که ئه‌و خه‌ڵکه‌ش مافى خۆیانه و له خۆڕا واناکه‌ن، هه‌ربۆیه ناچاربوو دان به‌خۆیدا بگرێت و بێده‌نگى هه‌ڵبژێرێت. له ناو قه‌دى هه‌ورازه‌که، عه‌نچه مانده‌گرێت، ناچار به شان و بازووى هه‌مووان سه‌ریده‌خه‌ن، به هۆى خراپى تایه‌کانییه‌وه چه‌ند جارێک له وه‌رگه‌ڕانیش نزیک ده‌بێته‌وه. کاتێک نزیکى شار ده‌بێته‌وه تایه‌یکیشى په‌نچه‌رده‌بێت.. پاش به‌ڕێکردنى چه‌ند سه‌عاتێک له ترس و هیلاکى، به دوعا و ته‌سبیحاتى پیره‌ژن و حاجییه‌کان، عه‌نچه ده‌گاته تێرمیناڵى شار. سه‌رنشینه بێچاره‌کان که به جلى پاک و خاوێنه‌وه سوارببوون، به‌ڵام ئێستا له ئاواره یاخود یه‌خسیرى هه‌ڵاتووى جه‌نگ ده‌چن، خه‌ڵکى که ده‌یان بینی، پێیان پێده‌که‌نین! خه‌مى عه‌نچه، تا ده‌چوو زیادى ده‌کرد، پێکه‌نینى سه‌رلێوانى له بیر برده‌وه، گیرفانى به‌تاڵى به دیارى هێنا، ئاڵۆزى ڕووى کرده ژیانى ساده‌یى و قسه خۆشه‌کانى له‌بیربرده‌وه..له‌و ڕۆژه به‌دواوه، قسه‌کانى عومه‌ر زیاتر له قسه‌ى که‌سێکى سیاسى ده‌چوو. ئه‌و هه‌موو ساڵه له کارى تاقه‌تپرووکێنى بێئه‌نجام، کارێکى هه‌روا ئاسان نه‌بوو! ئه‌و شار و گوندى لێ ببووه دوو دۆزه‌خ، یه‌کێکیان گه‌وره‌و و ئه‌وى تریان بچووک. بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگاى ده‌ربازبوون؛ هه‌میشه پرسیاره‌کان مێشکیان ده‌وروژاند، له دڵی خۆیدا ده‌یوت: ــ ده‌بێت کێ، هۆى سه‌ره‌کى ئه‌م هه‌موو به‌دبه‌ختییه‌ى من بێت؟! ــ کام رێگا بگرم، بۆ رزگاربوون له ده‌ست ئه‌م هه‌موو نه‌گبه‌تییه؟! عومه‌ر، ته‌واوى به‌دبه‌ختییه‌کانى خۆى ده‌خسته ملى حکومه‌ت، به ئاشکرا و بێ سڵه‌مینه‌وه جنێوى به یاسا و بڕیاره‌کانى ده‌وڵه‌ت ده‌دا.. ده‌وڵه‌ت بڕیارى دابوو، که کاتى هاوینه له ته‌واوى وڵات‌دا به‌ڕێوه بچێت و هه‌موو میلى کاتژمێره‌کانیان سه‌عاتێک به‌رنه پێشه‌وه، که‌سى سه‌رپێچی که‌ریش سزابدرێت، به‌ڵام عومه‌ر هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو به کاتژمێرى هاوینه بچێت به‌ڕێوه و کاتژمێره‌که‌ى ده‌ستى هه‌میشه له سه‌ر کۆنه‌که بوو، به (سه‌عاته نوێ) که‌شى ئه‌ووت: (سه‌عاته‌که‌ى سه‌دام). زۆر جار، له ترافیکه تاقانه‌که‌ی مه‌رکه‌زی شار نه‌ده‌وه‌ستا و له سوورى ده‌دا؛ هه‌ر بۆیه چه‌ند جارێک له لایه‌ن پۆلیسى ڕیگاوبانه‌وه گیرا و عه‌نچه‌شیان بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له دیداری ڕیگا و بان بێبه‌ش کرد. * * * * * * عه‌نچه، دواى پشته‌سه‌رنانی چه‌ند ڕۆژێک لاى میکانیک به خۆیى و سه‌رنشینه‌کانییه‌وه له شار ده‌رده‌چێت و ملى ڕێگه‌ى چیاکان ده‌گرێته‌وه‌به‌ر. له یه‌که‌م بازگه ده‌کوژێته‌وه، عومه‌ر له رقاندا چاوه‌کانى سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، داده‌به‌زێت و له پشتى عه‌نچه‌که چه‌کوشێک ده‌رده‌هێنێت به نیازى ئه‌وه‌ى بیرازێکى باشى پێ بکات، دووسێ چه‌کوش ده‌گه‌یه‌نێته جام و لاته‌نیشته‌کانى. به تووڕه بوونه‌وه و له کاتى چه‌کوش وه‌شاندنه‌کانیدا به عه‌نچه ده‌ڵێت: - شانست هه‌یه سه‌گباب، که پیکه‌که‌م پێ نیه! به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به تکا و رجاى خه‌ڵکه‌که، عه‌نچه‌ى له ژێر ده‌ست ده‌رده‌هێنن. هه‌رچۆنێک بێت به پاڵ عه‌نچه‌ى بریندار ده‌خرێته‌وه ئیش. ئه‌مه کۆتایى کوێره‌وه‌رییه‌که نه‌بوو! عه‌نچه ده‌گاته داوێنى چیاکان، ماندوێتى هه‌ناوى ده‌بڕێت. گه‌ر زمانى هه‌بووایه سه‌د تکاو ڕجای ده‌کرد به‌شکه‌م ده‌ستبه‌رداری بن و فڕێیبده‌نه سکرابخانه‌یه‌ک و بۆ خۆى سه‌ری لێ بنێته‌وه. هه‌قى بوو! چونکه ئه‌و له که‌رێکى پیر ده‌چوو که، تاکوو ده‌تۆپێت کاری پێ بکه‌ن و له یه‌خه‌ى نه‌بنه‌وه. له ناوقه‌دى هه‌ورازه‌کاندا سه‌رنشینه‌کان داده‌به‌زن، کاتێک ده‌گه‌نه هه‌ورازى سه‌ختتر، ناچارن هه‌نگێزیشی بده‌ن و پاڵیشى پێوه‌نێن.. سه‌رنشینه‌کانیش به ده‌ردى عه‌نچه ده‌چن، ئیتر هیوایه‌ک نامێنێت که عه‌نچه بیان گه‌یه‌نێته مه‌نزڵ. عومه‌ر، گڕ له ناوچاوى ده‌بارێ..هه‌موو ئه‌و ده‌رد و ئازارانه‌ى که عه‌نچه کردویه‌تییه دڵى له‌و ساته‌دا بیر دێته‌وه: ئه‌و ڕۆژه‌ى له شه‌قامێکى ته‌ختى شاردا که عه‌نچه پێویستى به پاڵ بوو، دوو خێره‌ومه‌ند له پشته‌وه خه‌ریکى پاڵنان بوون، به‌ڵام عومه‌ر بۆ هاوکارى ئه‌و دووانه ناچاربوو دوو ریبوارى خێره‌ومه‌ندى تریش بانگ بکات، به‌ڵام ئه‌م دوانه‌ى دوایى به بێئه‌وه‌ى ئاگایان له دووانه‌که‌ى پێشه‌وه بێت له پێشه‌وه ده‌ستیانکرد به پاڵنان؛ به‌مه‌ش عه‌نچه له شوێنى خۆى چه‌قى به‌ست و نقه‌ى بۆنه‌کرد. له هه‌موو لاوه قاقاى پێکه‌نین له هاتووچۆکه‌رانى ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى شه‌قامه‌که به‌و دیمه‌نه کۆمیدییه به‌رزبووه‌وه. عومه‌ر ئاره‌قه‌ى شین و مۆرى ده‌رکرد. ئه‌و، نه‌یویست له‌وه زیاتر ببێته گاڵته‌جار و خه‌ڵکى له سه‌ر حسابى ئه‌و پێبکه‌نن.. عه‌نچه، خه‌ریک بوو مێشکى ده‌خوارد. ده‌بێت کارێک ئه‌نجام بدات! کاتی بڕیاردان هات، گاڵۆن و سۆنده‌یه‌کی له پشته‌وه ده‌رهێنا، سۆنده‌که‌ى خسته تانکییه‌که و گاڵونیکى پڕ گازۆیلى ده‌رهێنا و سه‌روچاوى عه‌نچه‌ى به جوانى پێشت. چه‌رخه‌که‌ى ده‌رهێنا، یه‌کێک له سه‌رنشینه‌کان که زانی عومه‌ر به نیازى سوتاندنى عه‌نچه‌یه، پیشنیارى ئه‌وه‌ى کرد؛ که به نیوه قیمه‌ت عه‌نچه‌ى لێ هه‌ڵبگرێته‌وه، به‌ڵام عومه‌ر ده‌ڵێت: ـ من گوناهى ئاوا چۆن ده‌که‌م، من ده‌مێکه ورگم له زووخاوی ئه‌م عه‌نچه لۆتییه ماڵاماڵه، با که‌سێکى تر وه‌ک من به ناچاری زووخاو نه‌نۆشێ. روو ده‌کاته نه‌فه‌ره‌کان و ده‌ڵێت: ــ ئێمه له وڵاتێک‌دا ده‌ژین که هه‌مووى نه‌وت و کانزایه، که‌چى ناتوانین هیچ شتێکى باشمان هه‌بێت.. من له هه‌موو نه‌وتى ئه‌م وڵاته ئه‌م گاڵونه گازویله‌م به‌رکه‌وتووه؛ ئه‌ویش بۆ سووتانى ئۆتۆمبیله‌که‌م! عه‌نچه، له نێو گڕ و دوکه‌ڵى خه‌ست ون ده‌بێت و له‌و ڕۆژه به‌دواوه ڕوخسارى عومه‌ر له شار و گونده‌که‌ى خۆى له چاوان ون ده‌بێت."
sardar2@spray.se
|