٢\٩\٢٠١٣
یاخیبوونى رەها لە
رۆمانى (راستییە درۆزنەکان)ى (گۆران رەئوف)دا!
دانا کەمال
ئەلبێر
کامۆ فەیلەسوف و نوسەرى فەرەنسى لەبارەى یاخیبونەوە دەڵێ: مرۆڤ کاتێک
یاخى دەبێت وەڵامێکى نەرێنیانەى(نەخێر) پێیە، بەم پێیەش شتەکانى
چواردەورى خۆى پێ قبوڵ نییە و دەیەوێت بەو دونیایەى تێیدایە بڵێت (نەخێر،
نا)... هەڵبەت ئەوکاتەى مرۆڤ نیشانەى نەخێر بۆ جیهانێک بەرزدەکاتەوە،
لەهەمان کاتدا نیشانەى بەڵێ بۆ جیهان و دونیایەکى تر بڵند دەکات، جا
گەر ئەو یاخیبونە یاخود ئەو بارە نەرێنییە، یاخیبونێکى فیکرى بێت، یان
یاخیبونێک بێت لە داکەوتەکانى ژیان، یاخود زەنگى نەخێر بێت بۆ عەشق یان
یاخیبونێکى سیاسیانە و شۆڕشئامێزانەبێت..هتد، ئەوا لەهەمو بارەکانى
یاخیبوندا هۆکارێکى تاقانە و بەهێز هەیە، ئەویش رەتکردنەوەى شتێکە لە
ئاست شتێکى تردا، قبوڵ نەکردنى دونیایەک لە ئاست دونیایەکى تردا، بەڵام
تەواوى جۆرەکانى یاخیبون لە بازنەیەکدان یاخود لە ژێر ناونیشانێکدان کە
ناوى (ژیان)ە!
گەر وردتر سەرنج بدەینە ئەو ڕستەیەى کامۆ دەبینین مرۆڤ کاتێک توشى
یاخیبون دەبێت کە وەڵامەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان نالۆژیکین و
وەڵامگەلێکن کە مرۆڤ تواناى ڕازیبونیانى نییە، ئیدى ئەو چرکەیە سەرەتاى
بێهودەییەکى قوڵە لەو دونیایەى لێى یاخییە، ئیدى سنورێک نامێنێتەوە
لەمابەینى خۆى و ئەو دونیایەى یاخیبونەکەى بەرەوڕو دەکات، چونکە لەو
بارەدا ئیدى خودى یاخیبون دەبێتە بەشێکى فراوان لە مرۆڤ، دەبێتە
تێکەڵەیەک لە مرۆڤ و نەخێر!
ئەوەى جێگەى سەرنجە لە نێوان یاخیبونى ڕەها و یاخیبونى میتافیزیکى، ئەو
خاڵەیە کە وەک جۆرێک لە قوناغبەندى شتەکان ڕودەدەن، هەرئەوەى کە مرۆڤێک
گرفتى لەگەڵ واقیع دا هەیە و ناتوانێت مامەڵەیەکى تەندروست بکات و
کردارەکانى نامۆن لە ئاست ئەو دەوروبەرى تێیدایە، ئەمە خاڵێکى زۆر
بنەڕەتى مرۆڤبونى خۆى و هاوکات یاخیبونیشە، چونکە ئەوکاتەى مرۆڤ
دەیەوێت خودى خۆى بێت، ئیتر دەسپێکى یاخیبونەکان دەستپێدەکات، ئیتر
سەرەتاى شۆڕشە ناوەکییەکانى خۆیەتى، ئیتر لەهەوڵى گۆڕینى پێناسە و
ناسمانەى ئەو شتانەیە کە بەریان دەکەوێت، بەتایبەت دواى ئەو ساتانەى کە
مرۆڤ ناویان دەبات ژیانکردن، دواى ئەو ئەزمونەى لەبەرەنجامى خودى ئەو
دونیایەوە دروست دەبێت کە تێیدا یاخیبونەکەى دەکات.
سادقى هیدایەت چیرۆکنوسى گەورەى ئێران، لە چیرۆکى زیندە بەگۆڕ دا
دەڵێت:هەموان لە مەرگ دەترسن و من لە ژیانى لاسارى خۆم! ئەم گوزارشتەى
هیدایەت یاخیبونە لە ژیان، بەواتا زۆر قوڵ و فەلسەفییەکانى، جۆرێکە لە
پەڕینە و هەڵهاتن لە شتێک کە ناوى خودى ژیانە، وەرگرتنى مەرگە و
رەتکردنەوەى ژیانە! لێرەدا دەگەینە ئەو خاڵەى کەتێیدا بەر وەڵام
دەکەوین لە بێ وەڵامیدا! بەر هیوا دەکەوین لە بێهیوایدا! ئەویش ئەوەیە:
ئەوکاتەى مرۆڤ یاخی دەبێت لە خودى ژیان خۆى، دەسپێکە بۆ پەڕینەوەى لە
ژیانێکەوە بەرەو ژیانێکى تر کەناوى مەرگە! خاڵى پچڕانى تەواوى بونى
مرۆڤە بە بون خۆیەوە، ئەو چرکەساتانەیە کە مرۆڤ وەک بونێک تواناى
دەستخستنى وەڵامەکانى نییە، تواناى هۆکارگەلێکى لۆژیکى نییە بۆ مانەوەى
لە ژیان، ئەمە لەیەک کاتدا هەم بێهودەییە لە ژیان هەم دۆخێکە دەکرێت
وەک جۆرێک لە سکشت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، ئەوکاتەى مرۆڤ بێهوا دەبێت لە
تەواوى ئامانج و خەونەکانى ئیتر پەنادەباتە بەر جۆرێک لە یاخیبون ئەویش
ئەو یاخیبونەیە کە کامۆ نیشانیکردوە بە یاخیبونى ڕەها!
ئەوکاتەى مرۆڤ ناگاتە وەڵامى پرسە جددییەکانى لەئاست ژیاندا، ئیتر
گومان بەجۆرێک باڵادەست دەبێت، زۆرکات بۆ دڵنیابون لە گومانەکانى دژى
ژیان، بە تەنها خودى ئەزمونکردن لەئاست ژیاند، جەختکردنەوەیەکى
ئەقڵانییە بۆ یاخیبون لە ژیان، بۆیە ئەو چرکەساتەنە، تەنانەت کتێبە
ئاسمانییەکانیش ناتوانن گومانە قوڵەکانى مرۆڤ بڕەوێننەوە کەوەک پرس
هەیەتى لەئاست ژیاندا! چونکە مرۆڤ بونەوەرێکى بەسروشت یاخییە، جاگەر
بێت و بەر پرسیارە بێ وەڵامەکانى بکەوێت، ئیتر بەسییەتى بۆ یاخیبونى
لەئاست ژیاندا!
لە یاخیبون گرنگتر خاڵى دروستبونى یاخیبونە، یان ئەو هۆکارانەیە کە
وادەکات مرۆڤ لەئاست یاخیبونەکاندا توشى رامان و پرسیاربێت، یاخود ئەو
یاخیبونانە کامەن کە پاش تێپەڕینیان، وامان لێدەکات پرسیاربکەین، وامان
لێدەکات بەدواى خاڵ و دەستپێکى نەخێرییەکانیدا بگەڕێن، بگەڕێن بەشوێن
ئەو نەخێریانەدا کە بۆ کام دونیا کردویەتى؟ یان بەواتایەکى تر لە کام
دونیا یاخیبوە، یاخود ئەو بیانوانەى کامەبون کە پێش یاخیبونەکەى
هۆکاربون بۆ ئەوەى یاخی نەبێت؟ دەکرێت لە مابەینى ئەم باسەدا و گرێدراو
بە رۆمانى ڕاستییە درۆزنەکانەوە بەر وێنەیەکى ترى یاخیبون بکەوین، یان
بەر ئەو بیانوە خۆشەویستانە بکەوین کەوەک هۆکارگەلێکى لۆژیکى مرۆڤى
یاخى خۆى پێ فریودەدا!
ئەوەى گرنگ بێت لێرەدا تیشکى بخرێتە سەر، یاخیبونى ڕەهایە وەک چەمێک
لەو چەمکانەى لەنێو ڕۆمانى ڕاستییە درۆزەکاندا بەریدەکەوین، ئەم ڕۆمان
لە دوتوێى (203) لاپەڕەدایە و ساڵى 2009 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، بەدەر لە
تەکنیک و زمانى گێڕانەوە و ئەو بارە دەورنییە ئاڵۆزەى ڕۆماننوس زۆر
بەوردى و پیشەییانە کاری تێداکردوە، کە خوێنەر لەکاتى خوێندنەوەیدا
دەبێت زۆر دەرونگەراییانە لەم ڕۆمانە بڕوانێت، ئەگینا هەر لەسەرەتاوە
دەستبەردارى دەبیت و دایدەخەێت، چون لە کۆتاییەکانى ڕۆمانەکەدا بەر ئەو
راستییە دەکەوین کە خودى حیکایەتخوان نەخۆشە! نەخۆشییەکى قوڵى دەرونى،
بۆیە دەبێت خۆمان وەک خوێنەر لەهەموڵى یەکخستى ڕودا و بەریەککەوتنى
چەمکە ئاڵۆزەکانى نێو تێکستە بدەین، من بۆخۆم باوەڕموایە ڕۆماننوس زۆر
کارامەییانە توانیویەتى چرکە بە چرکە لە هەوڵى دەرخستنى پەیامە
قوڵەکانى ڕۆمانەکەیدا، هەڵبەت ئەمە بۆ ئەو خوێنەرەى دەیەوێت دەورنیانە
بەر ئەم ڕۆمانە بکەوێت، چونکە گەر وەک ڕۆمانێکى گشتى لە دونیاى ئەم
ڕۆمانە بڕوانین، ئەوا ڕەنگە بەتەواوى خوێنەر بێزاربکات، بەڵام گەر
پەروەردەیەکى خوێندنەوەى دەرونگەراییانەمان بۆى هەبێت، ئەوا وادەکات
خوێنەر لە بارە گشتییەکەى رۆمانەکە تێبگات و بەچێژەوە بەشوێن کۆد و
فیکرەى بنەڕەتى ڕۆمانەکەدا وێڵ بێت.
بەدەر لەو فەزا دەرونییەى ڕۆماننوس کارى تێداکردوە، بۆئەوەى لە فیکر و
واتا قوڵەکانى ئەو چەمکانە بگەین، کەلەم ڕۆمانەدا وەک خوێنەر
بەریاندەکەوێن، ئەوا پێویستیمان بە تێگەیشتنى هەندێ چەمکى فەلسەفییە،
بەر لەخوێندنەوەى ڕۆمانەکە، بۆ نمونە تێگەیشتن لە چەمکى یاخیبون،
تێگەیشتن لە عەشق وەک چەمکێکى ناواقیعى! تێگەیشتن لەو ڕەهەندە
دەرونیانەى مرۆڤ لە نبەڕەتدا هەیەتى و ناتوانێت وەک پێویست دەریانخات...
چونکەى بە خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە بەر پێناسەگەلێکى نوێ دەکەوین بۆ
تەواوى ئەو چەمکانەى لەنێو ڕیشەى ڕۆمانەکەدا بونیان هەیە، بەتایبەت
عەشق وەک گرێدراوێکى تایبەت لە ژیانەوە و یاخیبون وەک کردەیەکى دواى
کۆتایى بیانوەکان!
ڕۆماننوس بۆئەوەى پەیامى فەلسەفى خۆى بگەیەنێت، کەسایەتییەکى هێناوە
وەک سەنتەرى ڕوداوەکان بەکارى دێنێت، مرۆڤێک کە خاوەن قەیرانێکى قوڵى
ژیانکردنە و خوێنەر ناتوانێت بڕیاى پاڵەوانى ڕۆمانەکەى بۆ دەربکات،
هەڵبەت ئەمە لەو کاتەدایە کە تێکەڵییەکى پێگەیى بەهێز هەیە لەنێوان دو
کاراکتەرى نێو ڕۆمانەکە، ئەویش (ئازار و هەناسەى سپى)یە، بەڵام بۆ ئێمە
کە باس لە یاخیبونى ڕەها دەکەین، دەکرێت ئازار وەک سەنتەرى ڕوداوەکان
بێت و جۆرێک لە پاڵەوانبونى تێدابێت...
هەناسەى سپى و ئازار وەک دو کەسایەتى یاخى نێو ڕۆمانەکە دەردەکەون،
بەڵام هەر لەسەرەتاوە تێدەگەین، جیاوازییەکى زۆر قوڵ هەیە لەنێوان ئەم
دو کەسایەتییەدا، ئەویش قوڵبینى ئازارە بۆ عەشق و بۆ ئەو ژیانەى بەواتا
قوڵەکان لێى یاخییە، ئازار یاخیبو لە هەمو شتەکان، یاخیبو لە تەواوى
واقیع، یاخیبو لە تەواوى ئەو بەرکەوتانەى وەک مرۆڤێک لە ژیانێکى
دیاریکراودا بەریان دەکەوێت، لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێت:"پێویستە
جەوهەرى ژیان بگۆڕێت، ئەو یاسایانەى مرۆڤەکان دایان ڕشتوە بۆ ژیانکردن
نەمێنێت، کۆمەڵێک یاساى پاک هەڵبکۆڵن" لا150.. لەم دەستەواژە و
پەیڤانەى ئازارە وە وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانى نێو ڕۆمانەکە،
بەر یاخیبون دەکەوین لە خودى ژیان بەڵام لە گۆشەنیگایەکى واقیعیانەوە،
کە کاریگەرى فەلسەفەیەکى تایبەتى لە پشتە، ئەو بێزارە لەو جۆرە
ژیانکردنە، باوەڕیوایە ژیانکردن بەو چەشنە خۆفریودانە و یاساکان
یاساگەلێکى ساختە و ڕوکەشین، بەڵکو ئەو باس لە ژیانێک دەکات کە تێدا
بۆخۆمان وەک مرۆڤ یاسا لەنێو ژیان خۆیدا هەڵکۆڵین، هەڵکۆڵین دەلالەتە
بۆ قسەکردن لەسەر یاساگەلێکى زۆر قوڵبینانە، لەئاست هەمو بوندا. ئازار
یاخیبونەکەى بەتەڵخى باس لێوەدەکات، ئەو ئامانجییەتى جەوهەرى ژیان
بگۆڕێت کەئەمە خواستێکى فەلسەفى قوڵى فەیلەسوفانەیە و جۆرێکە لە مەحاڵ،
کە لە ڕوئیاى بەشێکى زۆر لە فەیلەسوفاندا بونى هەبوە... بۆیە ئازار
بەدەر لەوەى باس لە یۆتۆپیایەکى مەحاڵ دەکات بۆ ژیان، هاوکات لە هەوڵى
دروستکردن یان پەرەپێدانى فاکتەرێکى زۆر واقیعیانەدایە بۆ مانەوە و
بەردەوامیدان بە ژیان.
ڕۆماننوس بەم پەیامانەى دەیەوێت بڵێت مرۆڤ لە بوندا یەک شتەو خواستى
بنەڕەتى هەمو ئینسانەکان یەک شتە، ئەویش گەیشتنە بە دونیایەکى جیاواز و
تایبەتتر لەم ژیانە واقیعییەى هەمو مرۆڤایەتى تێدایە، ئەو دەیەوێت بڵێت
مرۆڤێکى سادە یەکسانە لەگەڵ فەیلەسوفێک! بەمەرجێک کە قوڵبوبێتەوە بەنێو
خۆیدا و گەیشتبێتە خاڵە بنەڕەتییەکانى مرۆڤبونى خۆى، ئەمە وەک بارە
گشتییەکەى پەیامى ڕۆماننوس، بەڵام گەر بگەڕێینەوە بەژیان و ڕوداوەکانى
ژیانى ئازاردا، بەر سەختترین بیانو دەکەوێن بۆ مانەوە، ئەویش ئیشکردنە
لەسەر عەشقێک کە هەمو بونى ژیانى دراوەتەپاڵ، لەم خاڵەدا بەر سەرکێشى و
بەسروشت یاخیبونانەى مرۆڤ دەکەوین، کەوەک ئەوەى لە ژیانیدا قومارێک
بکات، دێت و هەمو واتا پوچەکانى ژیان کە لە ڕێگەى ئەزمونکردنەوە پێى
گەیشتوە، دەیداتە پاڵ کردەیەکى مرۆییانە کە لەنێو فەزاى ئەم ڕۆمانەدا
پتر وەک بیانویەک وەهایە، ئەویش عەشقە بەو واتایانەى ئازار باسی
لێوەدەکات، کەواتا گەلێکى تایبەت و زۆر دانسقەن لە عەشقدا، هەڵبەت
ئازار کەباس لەو عەشقەى خۆى دەکات، دیسانەوە بەر جۆرێکى تر لە عەشق
دەکەوین، کە هەگیز لەو واقیعەى تێیدایە بەریناکەوێت، بۆیە خودى ئەو
بیانوەشى کە دەیەوێت وەک مرۆڤێک ئیدامە بە ژیانى یاخیانە و
قەیراناویانەى خۆی بدات، بەجۆرێک لە جۆرەکان مەحاڵە! وە دیسانەوە ئەو
وەسف و خەسڵەتانەى دەیداتە پاڵ ئەو جۆرە لە عەشق وەک ئەدگارگەلێکى
مەحاڵ دەردەکەون، یان گەر باس لە دەرەنجامى بەرکەوتەکانى ئەو عەشقە
بکەین، کە ئازار خۆى وەک گریمانەکانى پێش قومار باسى لێوەدەکات
دیسانەوە بەم ژیانە ڕیالیستییە نامۆیە!
ئازار لەکاتى گفتوگۆکانى نێوان خۆى و هەناسەى سپى یدا کەباس لە ژیان
دەکات، زۆر ڕەشبینانە و بێهودەیانە دەدوێت لەبەرامبەر ژیاندا، بۆیە
ئێمە وەک خوێنەر بەر پوچبینییەکى زۆر قوڵ دەکەوین لە ئەندێشەى ئازاردا،
بەڵام ئەوەى مابێتەوە بۆ ئەو کەلە ژیانکردن بەردەوامە بونى عەشقێکە کە
وەک بەڵگەى مانەوەى لەژیان و بەڵگەى سەلماندنى پوچى ژیان تەماشاى
دەکات، ئەویش گەڕانە بەدواى کەسایەتییەکى نەبینراودا، گەڕانە بەشوێن
عەشقێکدا کە لە واقیعدا هەرگیز ئەزمونى نەکردوە، بەڵام ئاشناى تەواوى
بونییەتى، لێرەدا بەر دژبەرییەکى واتایى دەکەوین، کە پەیوەندى بە خەیاڵ
و تێڕوانینەکانى ئازارەوە هەیە... ئەوەى جێگەى سەرنجە، مانەوەى
ڕوداوەکانى ڕۆمانەکەیە بە پیشتبەستن بەیەک هۆکار ئەویش سەلماندنى بون و
نەبونى عەشقەکەى ئازارە، کەوادەکات خوێنەر قوڵبێتەوە بەنێو ڕستە و وێنە
ئەدەبییەکانى ڕۆمانەکەدا، کە ئێمە نامانەوێت لەبارەى تەکنیک و زمان و
بارە ستاتیکییەکەى رۆمانەکەوە بدوێین. ئازار لە یەکێک لە ڕستەکانیدا و
لەو نامەیدا کەبۆ هەناسەى سپى نوسیوە، دەڵێت:"هاوڕێم هەناسەى سپى،
پێویستە بڵێم ئەو عەشقەى پڕ بەتەمەنم چاوەڕێى بووم، ئێستا لێى بێگومانم
کە بونى نییە!!! هیچ نەبوو جگە لە دەستکردى خەیاڵى خۆم" لا202، ئەوەى
وەک بەرەنجامى پەیامى فەلسەفى ڕۆمانەکە بۆمان دەردەکەوێت لەپاش گەیشتن
و نزیک کەوتنەوە لەم ڕستەیە، ئەوەیە تێدەگەین ئازار چ مرۆڤێکى یاخییە و
کام جۆرەیە لە یاخیبوان، تێدەگەین ئازار عەشقەکەى کەوەک گرەوى ژیانکردن
و خۆسڕینەوە داینابوو، تەنها بۆ فریودانى هەندێک وەسوەسەى مرۆییانەى
خۆی بوو، ئەگینا مەحاڵبونى ئەو جۆرە لە عەشق بۆ ئەو واقیعەى ئازار وەک
تەواوى مرۆڤەکان تێیدا دەژیا جۆرێک بوو لە داوایەکى کۆمیدى! لەبیرمان
نەچێت ئەو نامەیەى ئازار بۆ هەناسەى سپى نوسیبو، نامەیەک بوو کەلەپاش
خۆکوژییەکى جێیهێشتبوو! هەربۆیە لەو چرکانەى نێو ڕۆمانەکەدا بەتەواوى
مانا بەر ئەو جۆرە لە یاخیبون دەکەوین کە ئەلبێر کامۆ نیشانەى کردوە بە
یاخیبونى ڕەها، ئەو یاخیبونەى ئیدى مرۆڤ تاقە هۆکارێکى بەدەستەوە
نامێنێت کە وەک بیانویەک ژیانى خۆى پێ بەردەوام بکات، ئازار لەو پەڕى
بێ هیوایدا مەرگى بە فریادڕەسى هیوا زانى، ئەو بەرلەوەشى بگاتە ئەو
ئەنجامە لە عەشقەکەى، یاخیبو لە تەواوى ئەو واتایانەى دەدرانە پاڵ
ژیان، وەڕسبو لە هەمو بیرنراوەکانى واقیع، بۆیە لەگەڵ دڵنیابونى لە
پوچێتى عەشقەکەیدا، سەفەردەکات بەرە و جیهانێکى تر، کە جیهانى مردوان و
خۆکوژانە!
ئەوەى لەم خۆکوشتنەى ئازارەوە تێدەگەین ئەوەیە، ئەو بەرلەوەى بەجۆرێک
لە جۆرەکان توشى شکست بێت لەئاست بەرکەوتەیەکى ژیاندا، خۆى لەخۆیدا
مرۆڤێکى یاخی و نائومێدبوو، بەڵام دواتر کە دەگاتە پلەى بێهودەیى لە
عەشقەکەیدا یاخیبونەکەى قوڵتردەبێتەوە، لێرەدا هەم دۆخى یاخیبون و هەم
دۆخى شکست دەبنە یەک شت، تێکەڵەیەکى قوڵمان بۆ دروستدەکەن لە یاخیبون.
گەر وردبینەوە لە خۆکوژییە واقیعییەکانى مێژووى مرۆڤایەتى، ئەوا کەم
نین ئەو خۆکوشتانەى وەک ئازار بون و ئازار وەک ئەوان بوە، هەر لە
خۆکوشتنەکەى (هیسکلیف)ەوە کە بەو هیوایە خۆیکوشت کە مەرگ تێپەڕێنێت و
بگاتە دۆزەخ! یاخود خۆکوژییەکەى سادقى هیدایەت کە بەماناى تەواو،
بێزاربوو لەو شتەى پێى دەڵێن ژیان! یان گەر لە خۆکوژییەکەى رۆمان گارى
وردبینەوە کە بۆئەوەى پیر نەبێت خۆى دەکوژێت، ئەمە بەدەر لە ڤێرجینیا
وۆڵف کە بەردەوام دەیوت: دەنگێک بانگم دەکات! تا دواجار گیرفانەکانى
پڕدەکات لە بەرد و خۆیدەخنکێنێت! بەواتاى تەواو خۆکوشتن ئەو پەڕى
یاخیبونە و یەک جار ئەزمون دەکرێت لە ژیاندا، خۆکوشتن ئەو پرسیارەیە کە
تەنها بەخودى کردەکە دەتوانین پەی ببەین بە واتاکانى!
بۆئێمە ئەوەى جێگەى بایەخ بێت لەم ڕۆمانەدا، وێناکردنى ئەو چەمکە
قوڵەیە بەشێوەیەکى زۆر هونەریانە، کەوا لەخوێنەر دەکات بگەڕێت بەشوێن
واتاى نوێ لە یاخیبوندا و لەهەوڵى کردنى ئەو پرسیارانەدا بێت کە تا ئەو
چرکانە نەیکردون... دیوێکى تر لەم ڕۆمانەدا کە ڕۆماننوس زۆر بەوردى
کاری تێداکردوە، قسەکردنە لەسەر نائومێدى و مرۆڤى نامۆ، کەئەمە بۆخۆى
وەک خوێنەر توشى جۆرێک لە ماندوبونمان دەکات، ئەویش تێکەڵاوبونى چەند
دۆخێکى وشک و ماندوکەرە، وەک خودى یاخیبون و وێناکردنى مرۆڤى نامۆ و
نائومێدى و بیرکردنەوەى مرۆڤ گەلەێک کە سنورى واقیعان تێپەڕاندوە،
وێناى مرۆڤێکى ماند و جەنجاڵمان بۆدەکەن، لەهەمان کاتدا بە پێوەرەکانى
واقیع ئەمانە مرۆڤگەلێکن کە نەژیاون! بۆیە گەر لە پەیڤەکانى ئازارەوە
تەماشا بکەین، دەبینین ئەو ژیانى دابەشى دوو جیهانکردوە، ئەویش جیهانى
ئاڵۆزییەکان و جیهانى سادەیى بوو، کە ئەم دو ناوەى وەک کۆد بەکاردەهێنا
بۆئەوەى لە تێڕوانینەکانى خۆى وێنابکات لەبارەى بونەوە!
شیلەر لەبارەى یاخیبونەوە دەڵێت:"یاخیبون مرۆڤ دەهەژێنێت، وا لە مرۆڤ
دەکات بازبدات بەسەر خودى خۆیدا" بەڵام لە گرێدراو بەم باسەوە دەکرێت
بڵێن، وەزیفەى ئەدەب بازدانە بەسەر ئەو سنورانەشدا کە ناتوانین بە
واقیعى پێیدا تێپەڕین، هەرئەوەى لە ڕۆمانى ڕاستییە درۆزەکان دا بەرى
کەوتین، ئەو یاخیبونە ڕەهایەى لە ڕوداوەکانى کەسایەتى ئازارەوە پێیدا
تێدەپەڕین، جۆرە بازدانێکە بەسەر داکەوتدا کە هەرگیز مرۆڤ وەک کردەیەکى
واقیعى تواناى ئەوەى نییە، سنورەکانى پاش مەرگ کەشف بکات، بەڵام لەم
ڕۆمانەدا دەگەینە ئەودیو مەرگ و زۆر لۆژیکیانە ڕۆماننوس توانیویەتى وا
لەخوێنەر بکات تا دواساتەکانى ڕوداوەکان بڕوات و بەچێژەوە وشە بەوشە
تێپەڕێنێت، گەر بگەڕێینەوە سەر هەمان بابەت کە هێنانەوەى عەشقە وەک
بیانویەک بۆ مانەوە، ئەوا لەم ڕۆمانەدا توانراوە زۆر هاوسەنگانە
کاربکرێت لەو دۆخە دەرونییەى کەسایەتى ئازار بەرجەستەى دەکات بۆمان،
ڕۆماننوس کە پاش ئەو هەمو ماوەیە کاراکتەرێک دەهێڵێتەوە و لەژیان
بەردەوامە لەکاتێکدا بەتەواوى مانا یاخییە لە هەمو بون، بەدەر لەو
عەشقەى باسیدەکات، تۆ وەک خوێنەر هەست بە ماندوبون ناکەى لەوەى کە ئەمە
کەسایەتییە بەدواى چیدا وێڵە؟! وە ئەوکاتەشى کە ئازار خۆکوژى دەکات،
دیسانەوە بۆ خوێنەر لە بارێکى هاوسەنگانەى چێژى ستاتیکیدایە، چونکە وەک
لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدا ڕۆماننوس توانیویەتى زۆر دەرونگەراییانە
مامەڵە لەگەڵ کەسایەتى و ڕوداوەکاندا بکات... گەر سەیرى ئەو نامەیە
بکەین کە ئازار لەپاش خۆکوژییەکەى بۆ نزیکترین هاوڕێى بەجێدێلێ ئەوا
زێدەتر لەو قوڵبینییەى تێدەگەین کە بۆ عەشقەکەى هەیبووە، وەک لەیەکێک
لە دێڕەکانیدا دەڵێت:"ئەو کەسایەتییە نمونەییە دانسقەیە، داتاشراوى
خواستەکانم بوو، دەمویست لە کەسێکى کەدا بەدیبکەم و ناوى بنێم
(تەواوکەرى خۆم) ئەو خۆشەویستییە مەزنەى خۆمى پێببەخشم" لا202،
ڕۆماننوس لە ڕێگەى ئەم نامەیەوە هەم جەخت لەسەر بۆچونەکانى ئازار
دەکاتەوە، هەم وەک هونەرى ڕۆماننوسین دەتوانێت بەشێکى زۆر لەو
چاوەڕوانییەى خوێنەر بۆ ڕوداوەکان هەیەتى هاوسەنگ بکات.
ئەوەى مابێتەوە بۆئێمە ئەوەیە، گۆران ڕەئوف هەرچەندە نوسەرێکى لاوە،
بەڵام توانیویەتى بەشێوەیەکى پیشەییانە و زۆر هونەریانە مامەڵە لەگەڵ
نوسینى ڕۆماندا بکات، بەتایبەتى ئەم ڕۆمانە کە بەگشتى لەبارەى زۆر
بابەتى ئاڵۆز و قوڵەوە قسەدەکات، گۆران ویستویەتى لە ڕێگەى ئەم
ڕۆمانەیەوە ئاشنامان بکات بە جۆرێکى تر لە یاخیبون، یاخود لەبارەى
پێناسەکانى یاخیبونى ڕەهاوە شتى نوێمان بۆ کەشف کات، کە ئێمە وەک
خوێنەر لە نێو ڕۆمانى ڕاستییە درۆزنەکاندا بەریدەکەوین، کە ئەویش
تێکەڵکردن و گرێدانى چەند چەمکێکە پێکەوە و قسەکردنە دەربارەى عەشق وەک
باگراوەندى بەردەوامى ژیانى یاخیبویەک!
_________________________________
ژێدەر:
• مرۆڤى یاخى، ئەلبێر کامۆ، وەرگێڕانى ئازاد بەرزنجى.
• ڕۆمانى راستییە درۆزنەکان، گۆران ڕەئوف.
• چەپکێک لە شیعرەکانى ژاک پڕێڤر، وەرگێڕانى فەرهاد پیرباڵ.
• چەند وێستگەیەکى فیکرى و ئەدەبى، وەرگێڕانى ئازاد بەرزنجى.
• کیرکە گۆڕ نیتچە سارتەر، پۆل ستراتێرن، وەرگێڕانى ئازاد بەرزنجى.
• سادقى هیدایەت لەناو تۆڕى عەنکەبوتدا، زمناکۆ بورهان قانع.
• نەمرى بۆ عەشق و مەرگ بۆ ژیان، گۆران ڕەئوف، گۆڤارى کۆچ ژمارە (١٣).
• خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانى ڕاستییە درۆزنەکان، هێمن عوسمان عەبدوڵڵا،
ڕۆژنامەى ئاڵا.
• ئیمیل سیوران،لوتکەی رەشبینیی، عومەر جەلال، سایتى دەنگەکان.
danakamal792@yahoo.com
|