په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١٣

    یەک چەپکە نیگەرانیی!

دارا خونچە

یەک ماچ.. سەت ماچ.. هەزاران ماچ

                          خەریکە ماچ لەبنم دەینی!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز ماچی هیچ کەس ناکەم 

    نەوەک رۆژەک ماچەکانم لە کورتیی دەن؛

    بەشی کولمان و لێوان و بەرگەردەنی یارۆم نەکەن!  

    *     *     *

هەر رۆژ وە جۆرەک پێشمەرگەم

           زۆر جار پێش وەی گوللە بگا خۆم لادەدەم!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز نابم وە پێشمەرگە

    نەوەک رۆژەک یەک گوللەی زۆڵ دەروەستم بێ؛

                یارۆم نەتوانی وە بێ من بیگوزەرێنی!

    *     *     *

ئەز خۆم دەزانم یارۆی خۆم

       چەندە ئەمنی خۆش گەرەکە و چەند دڵ ناسکە!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز ناچمە لای دختۆران

    نەوەک رۆژەک دەرد و نەخۆشییەک رووم تێکا

    وە دزیی یارۆم تیکەنەوە و

    پێش وەی هیچی پێ بێژن؛

                       خورپە بگری و گیانی دەرچی!

    *     *     *

بابی دووانم؛ دوو قشتیلە

      داکێ ببینن.. دۆتە و براکەی هەردووک بخوازن!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز ناخوازم ببمە باب

    نەوەک رۆژەک یارۆم بێچووەک بخاتەوە؛

                      وە خۆی نەچی و شەرمەزار بم!

    *     *     *

زۆر جار لە گەشت و دەو ئاوان

         هەر وە راونان.. راویان نایمە و رام کرایمە!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز بێ یارۆم ناوێرم

بچەمە کەناری هیچ دەریا و دەو ئاوەکی

    نەوەک رۆژەک تیترواسکەک..

    کەنارییەک.. پەپوولەیەکی باڵ نەخشین...

    لەسەر سینگم بنیشتەوە و داگیرم کا

               یارۆم وە بێ نیشتمان و سەرگەردان کا!

    *     *     *

خەو لە زۆر تشت وەدوای خستم

هەر خەویش بوو گەللەک شیعری تەڕی کوشتم..

خەریکە خەو زێرکم دەبا

            زۆر تشتی دیم لە دەست بدا.. وێرانم کا!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز نانووم

    نەوەک رۆژەک ئاسایشەک

    یان سیخوڕەک یان دەروێشی دینەک.. پارتەک

    دزە بکا و بێتە سەرمان؛

             یەکمان لە باوەشی یەکمان بدزی و بڕوا!

    *     *     *

ئەز خۆم چێژی دابڕانم زۆر چێشتییە

           هەر خۆم دەزانم چەند سەخت و گورجکبڕە!

ئیدی ئەمن.. هەرگیز یارۆم جێناهێڵم

لە هەر کونج و لە کێندەر بی.. ئەزیش لەوێم

    نەوەک رۆژەک لە حەژمەتی 

    لە یەک دووریی و دابڕانمان؛

                  دەگەڵ ئاخ و ئۆفانیدا تەواو ببی!  

    *     *     *

خۆ نووسینیش دوو ئاراستە و

           دوو ئاوات و دوو ئامانج و ئەنجامی هەس!

ئیدی ئەمن.. هیچ چیڕۆک و هیچ هۆنراوەیەک نانووسم

    نەوەک رۆژەک روو وەرگێڕمە ستایش و

    ببمە دەرباری دیوانان؛

          یارۆ و ئەو حەمکە جوانییانەی لەبیر بکەم!

 

١١\١٢\٢٠١٣ لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک