په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠١٣

یەکەمین خۆشەویستیى.
مرۆڤ دەتوانێت ئیمانى لەبیر بکات بەڵام هەرگیز ناتوانێت یەکەمین خۆشەویستیى لەبیر بکات کەپەرستگاى ئیمانیەتى.


بەنگین پیرۆت نورى   


"کورەکەم لە عیشقى ژنان دوورى بکە، واز لەو خۆشى و بەختەوەریە کاتى و ژەهراویە بێنە." ئەوە قسەى ئەو باوکەیە کە نایەوێت کورەکەى ئاَلودەى ژەهرى شیرینى عەشق ببێت،کە ڕۆمانى "یەکەمین خۆشەویستى " چیرۆکى ئەو دڵدارانەمان بۆ دەگێرێتەوە یەکەم جار ئەفیۆنى عەشقیان کێشاوە.


ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت مرۆڤ دەتوانێت هەموو ئەو شتانە لەبیر بکات کە هەى بوون و لەدەستى چوون،بەڵام هەرگیز ناتوانێت یەکەمین نیگا و یەکەمین موچڕکى یەکەمین عەشق لەبیر بکات کە لەدەریاى بێ بنى خۆشەویستى نقومى بووە. مرۆڤ دەتوانێت ئیمانى لەبیر بکات،بەڵام بۆ یەک چرکەش هەرگیز ناتوانێت یەکەمین خۆشەویستیى لەبیر بکات کەپەرستگاى ئیمانیەتى.مرۆڤ دەتوانێت خۆى لەبیر بکات،بەڵام ناتوانێت ئەو کەسە لەبیر بکات خۆشى دەوێت.


مرۆڤ دەتوانێت ماوەیەک بەبێ نان و ئاو بژیت،بەڵام هەرگیز ناتوانێت بۆ ئەبەد تا سەر دەخاتە سەر گۆرى مەرگ بەبێ خۆراکى خۆشەویستى بژیت.


مرۆڤ دەتوانێت بەرگەى پڕ ئێش ترین ئازارى جەستە بگرێت پاشان بۆ هەتایە ئەو ئازارە لەبیر بکات،بەڵام هەرگیز ناتوانێت تاڵ و شیرنى یەکەم خۆشەویستى لەدڵى دەر بهێنرێت کە بەناو دەمارەکانیدا بڵاو بوونەتەوە.کەواتە مرۆڤ ئەو کاتە مرۆڤێکى عاشقە هەروەک "زینائیدا"ى شۆخ و شەنگ ووتى عەشق ئەوەیە:غروورى من تێک بشکێنێ و لەنێوى بەرێ".


خۆزگە ئەم رۆمانە نەمخوێندبایەوە و هەر لەسەر ڕەفەى کتێبخانەکەمدا تۆزى لەسەر نیشتبا و بەدیارى لە وەرگێرى بەڕێز کاک "محمود عومەر حەمە" وەرم نەگرتبا، ئەگەر دەشمزانى "ئاسیا"کەى من و چیرۆکى من لێرە لەناو ئەم پەرتوکەیە و ئەو گڕەى لەژێر خۆڵەمێش خامۆش ببوو،جارێکى تر گرم تێبەردەداتەوە و یەکەمین ئاخى یەکەم خۆشەویستیم دەکولایەوە،هەرگیز ئەم ڕۆمانەم نەدەخوێندەوە،ئێستا منیش وەک"ن" ئەو زامەم دواى چەند ساڵ کولایەوە و دەڵێم خۆزگە بەو کچە نەم دەووت خۆشم دەوێیت کە خۆشم دەویست،ئاخ بەڕاستى ئاخى یەکەم عەشق و وەبیرهێنانەوەى ئەو ڕابردوە کەلێک بەسوێییە.


ئەوەى ئەم ڕۆمانانە لە ڕۆمانەکانى تر جیا دەکاتەوە،بوونى چیرۆکە لەناو چیرۆکى ڕۆماندا،واتا لەچیرۆکى ناو ڕۆمانەکەدا چیرۆکێکى تر هەیە کە کارەکتەرێکى ناو ڕۆمانەکە دەیگێریتەوە،پێشم وایە تێکەڵ کردنى چەند چیرۆکێک لەگەڵ چیرۆکى ناو ڕۆمانەکە تام و چێژى ڕۆمانەکە خۆشتر دەکات و هێنانەوەى خوێنەرە بۆ ناو ڕۆمانەکە نەک دابڕانى،هەروەک ئەوەى "گاگین"لەبارەى خۆى و "ئاسیا"دەیگێرێتەوە. یان بوونى چیرۆک لەناو چیرۆکدا، یاخود گێڕانەوەى چیرۆکێکى تر لەدەمى کارەکتەرێکدا وەکو بەردەستە کۆنەکەى باوکى گاگین "یاکیف".بەڵام بوونى چیرۆکێکى تر لەناو چیرۆکى ڕۆمانەکە کە پەیوەندیان بە رووداوەکانى یەکترەوە نیە،ڕۆمانەکەى دابەشکردوە بە دوو چیرۆکى جیاواز لەناو یەک ڕۆماندا،خوێنەر ئەو کات هەست دەکات دوو چیرۆکى جیاوازن کە چیرۆکى دووەمى خوێندەوە چونکە لەچیرۆکى یەکەمدا نازانرێت روداوەکانى ناوچیرۆکەکە کام سەردەمەیە نوسەرى ڕۆمان ئیڤان تورگنێڤ باسى دەکات.لەدواى لەلاپەرە"٨١" چیرۆکێکى تر کە باس لەکەسانى تر دەکات و لەناو ڕۆمانەکەدا جێیى کراوەتەوە،دەست نیشانى کات و ساڵ و سەردەم و وڵاتەکەشى کردوە.بۆیە ئەم دوو چیرۆکە هیچ پەیوەندیان بەیەکەوە نیە،دەبوایە وەرگێر بەنوسینى پێشەکیەک باسى ئەوەى بکردایە کە ئەمە رۆمانێکە دوو چیرۆکى جیاواز لەخۆ دەگرێت.دەبوایە کورتەیەک لە ژیانى نوسەرى ڕۆمانەکە یان نوسینێک کە لەسەر ئەم ڕۆمانە نوسراوە وەرکێر، وەرى بگێرایە. لەلاپەرە"٦"یش نوسراوە "ئاخ گەنجێتى.بە چ شتە گەلێک کە خۆ بەدەستەوە نادەیت و نادۆڕێنى؟ " نەدەبوایە لە کۆتایى ئەم ڕستەیەدا نیشانەى پرسیار"؟" هەبوایە چونکە ئەو پرسیار ناکات،ئەو ڕستەیەک دەڵێ و ویستویەتى تەواوى بکات. هەروەها لەلاپەڕە "٣٦"یش دەبوایە نوسرابا "لەگەڵم دێتە دەرەوە" نەک بنوسرێت "لەگەڵم بێتە دەرەوە" چونکە ئەو میوانى گاگینە و گاگینیش وەک عورفى میواندارى دەبێ لەگەڵى بچێتە دەرەوە،بەپێى عادەتى میواندارى خانەخوێ داوا لە میوان ناکات لەگەڵى بچێتە دەر بەڵام میوان داوا لەخانەخوێ دەکات ئاسایە کە لەگەڵى نەیەتە دەرەوە. سەبارەت بە ناوى "زینائیدا " "زینائیدام" بەم شێوەیە هەر جارە و بە جۆرێک ئەم ناوە بەرچاو دەکەوێت بۆیە هێشتا نەمزانى کامە ناوە،ئەو ناوەیە کە کارەکتەرەکەى پێ بانگ دەکرێت،ئایا :زینائیدام" یان "زینائیدا"؟


بگێڕەوە جگە لەوەى چیرۆک خوانى ڕۆمانەکەیە،خۆشى چیرۆکى هەیە لەسەر خۆى بیگێرێتەوە نەک هەر رووداوى ڕۆژانەى کەسانى تر بکات بە چیرۆک.هەروەها ئەوەى زیاتر خوێنەر ئاوێتەى ڕۆمانەکە دەکات باسکردنى جوانى سروشت و پاکى ئەو ژینگەیەیە کە ڕۆمان نوس بۆ سروشتى و شارى"ز" و "ل" و رووبارى "ڕن" کێشاویەتى.یان ئەوەى پتر ڕۆمانەکەى خۆشتر کردوە جۆرى زمانى وەرگێڕانەکەیە ئەوەندە کورداندویەتى هەر حەز دەکەى بیخوێنیتەوە.


لێرەوە دەستخۆشى لەوەرگێر کاک مەحمود عومەر حەمە دەکەم هیوادارم و ئومێد دەکەم بەوەرگێڕانى بەپێز تر کتێبخانەى کوردى دەوڵەمەند بکات.

___________________________
رۆمانى "یەکەمین خۆشەویستى" نووسینى "ئیڤان تورگنێڤ" وەرگێڕانى لە فارسییەوە "مەحمود عومەر حەمە" دەزگاى وەرگێڕان - هەولێر ٢٠١٢.

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک