١٢\٤\٢٠٢٠
یەکێکی دیکە بۆ
سەرۆک وەزیرانی عێراق!

ئهحمهد رهجهب
نووسەری شاری سنقری کرماشان مەنسور یاقوتی لە چێرۆکێکدا ئەڵێت: (یک
نانخور دیگەر) واتە یەک نانخۆری دیکە باس لە دایکبوونی کورپەیەک ئەکات
لە خێزانێکی ھەژارو نەدار کۆمەڵێک مناڵیان ھەیەو لە عێراقیشدا یەکێکی
تر ھات بە ناوی مستەفا عەبدئەللەتیف مشەتەت ئەلغریباوی ــ کازمی.
بەڵێ ، محەمەد تەوفیق عەلاوی و عەدنان خدر ئەلزورفی لەلایەن سەرۆک
کۆمار راسپیردران بۆ پرستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و یەک لە دوای یەک
ھاتن و زوو ماڵئاواییان کردو ئەمرۆ مستەفا کازمی راسپیردا بۆ ئەو بۆستە
و، یەکسەر لە بەغداو شارەکانی ناورەراست و خوارووی عێراق لەلایەن
خۆپیشاندەران لە سەر دیوارو تەنەکەو ستونی کارەبا وێنەی کازمی
ھەڵواسراو لە سەریان نووسیوە : مرفوچ ــ رەفزەو نامانەوێت و رەتی
ئەکەینەوە و، لە بەغداو شارەکانی تر خۆپیشاندان دژ بە کازمی کرا.
لە ستەلایەتی خۆپیشاندەران : ێدی التحریر { دەنگدانەوەی ئازادیکردن}
دروشم دژ بە کازمی بەم شێوەیە بەرزکرایەوە: بەرێز سەرۆک کۆمار بەرھەم
ساڵح، تۆو حزبەکانی پشکپشکێنەی روخساردێزو گەندەڵ تاکەی لە سەر
راسپاردنی کەسانی گومانلێکراو بێ تواناو ئەوانەی لەلایەن ئێمەوە رەفزو
رەتکراونەتەوە بەردەوام ئەبن ؟ ، ئەم کارەی ئێوە کات کوشتنەو درێژەدانە
بە حکومەتی کاربەرێکەری عادل عەبدوالمەھدی بکوژی خۆپیشادەران و خەڵکی
راپەریوو، پێویستە کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەرو دەستپاک لە دەرەوی
حزبەکانی ناوچەی سەوز راسپێرن.
بە وتەی خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەریو مستەفا کازمی پیاوی دووسەرەیە:
چڵکاوخۆری ئەمریکایەو لایەنگری ئێرانەو، بەوە تومەتباری ئەکەن دەستی لە
کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەھدی موھەندس ھەبووەو ، دزێکی گەورەیەو بە
ھۆی دامەزراندنی کارمەندانی گەندەل لە سەر دەروازە سنوورییەکان خۆی
دەوڵەمەند کردووەو، دەستی خوێناوییە بە کوشتنی خۆپیشاندەران و بەرپرسی
دەزگای سەرکوتکەری موخابەرات بووەو، خاوەنی چەندین ناسنامەیە لە
بریتانیاو ئەمریکا.
ئێمە داواکارین - ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق - پێش ھەموو شتێک
ھەڵبوەشێتەوە چونکە زوربەی نوێنەران دزو فێڵبازو گەندەڵن و، کۆتایی بە
سیستەمی پیشکپشکێنەی تایفەگەری چەپەڵ بێنن بە ھەموو دامودەزگاکانی کە
پەیوەندە بە ئێران و میلێشیاکانی وەک: حزبوڵلای عێراقی، عەسایبی
ئەھلوحەق، نوجەبا کە ھەموویان کۆپی پاسداران و سوپای ئێرانن.
زۆر جار بەرھەم ساڵح ناوی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران
ھێناوەو ئەو حزبانەی ئەمرۆ پشتگیری لێئەکەن تا دوێنێ دژی بوون و بەڵام
وەک دەرکەوت لە مێژەوە کار بۆ ئەوە ئەکەن شیعەکان یەک بگرن و بە یەک
دەنگ مستەفا کازمیبەربژێر بکەن و، خۆشی ژێر بە ژێر پەیوندی بە
لایەنەکان کردووە بە تایبەت کوردو سوننەو داوای پشتگیری کردووە بۆیە لە
ناکاوو کتوپر: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و محەمەد
حەڵبوسی بەناوی سوننەکان نامەی پشتگیرییان ناردو ھەروا ھەموو بلوکەکان
( کوتلەکان ) ی پەرلەمانی عێراق نامەی پیشگیرییان ناردو، مەسعود
بارزانی و لاھور شیخ جەنگی لە رێی تەلەفونەوە پەوەندیان بە کازمی کردو
پیشتگرییان پیشانداوەو، لە ناو ئەو کەسانە لە رێورەسمی راسپاردنەکە
کازمی ئامادەبوون بەعسسیەکانی زەمانی سەدام حوسەێن ئەبینران.
دیارە ھاتنەکەی عەلی شەمخانیئەمنیداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی
ئێران و، ھاتنەکەی سەردار سەرتیپ پاسدار ئیسماعیل قائانی فەرماندەی
ھێزی قودس و کومەڵە ئەفسەرەکەی ئێران بێ مەرام نەبوون و لەمرۆدا ئێران
ھەناسەیەک ئەدات چونکە کەنترۆڵکردنی عێراقی لە دەستدابوو، ئاواتی
حزبەکانی یاوەری فەتح و سائرون و دەوڵەتی یاسا و ئەوانی تر ھاتەدی و
ئێران توانی نێچیرێکی خاوەن خەیروبەرەکەت بە ئاسانی راو بکات ! ، عێراق
بۆ ئێران وەک سییەکان وایە بۆ ھەناسەدان وسوودوەرگرتن لە رووی ئابووری
و سەربازی و ئاسایش و سیاسی و، ئەزانن ( سییەکان) لە گەل کۆرۆنا لە
شەردایە.
مستەفا کازمی بە پشتگیری حزبە شیعەکان و کوردو سوننە لەلایەن سەرۆک
کۆمار بەرھەم ساڵح راسپیردراوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و، وا دیارە
چانسی زۆری ھەیە و ئەبێت ئەم کارانە ئەنجامبدا:
ــ چارەسەری بارودۆخی عێراق لە ھەموو روویەکەوە : ئابوری وسەربازی و
سیاسی و، کارکردن بۆ ھێنانەوەی پارەو سامانی دزراو.
ــ دۆوینەوەی بکوژانی زیاتر لە ٦٠٠ و بریندارکردنی زیاتر لە ٢٥٠٠٠ بیست
وپێنج ھەزار ھاوڵاتی و، بکوژەکان بدرێنە دادگا.
ــ ئازاد کردنی ھەرچی گیراو زیندانی ھەیە ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکان
بوونە قوربانی دەستی ئەمن وئیستخبارات و سوپا و ھێزی دەرەکی.
ــ قەرەبووی بریندارەکان بەتایبەت ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکان ئیفلیج و
سەقەت بوون.
ــ بەرژەوەندی گەڵ لە سەرووی ھەموو شتێکەوە بێت و، نابێت ھیچ شتێک لە
گەل بشارێتەوە و، گرنگ کاری ژێر بە ژێرو رێککەوتن نییە بەڵکو دەستپاکی
و ئەنجامدان و جێبەجێ کردنی ئاواتەکانی ھاوڵاتیانە.
ــ چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و بەسیەتی شاندو
شاندکاری و، ئەوەی مافی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە دابین بکرێت بە
پێی یاساو ھەموو راستییەکان بەتایبەت نەوت و گاز بخرێنەروو.
ــ نەھێشتنی میلیشیاکان و چەککردنیان و سزای تاوانبار ئەوانەی بە
فەرمانی بەرپرسەکانیان خۆپیشاندەرەکانیان کوشت بدرێن بە دادگا کە بە
پلەی یەکەم ئەمانەن: عەسایب ئەھل ئەلحەق، بزوتنەوەی ئەوفیاء، بزوتنەوەی
سەربازانی ئیمام ، بزوتنەوەی نوجەباء، کتیبەکانی سەید الشھداء،
کتیبەکانی ئیمام عەلی، لقەکانی عاشورا، لقەکانی خوراسانی و حزبوڵلای
عێراقی وھێزی تری ئیسلامی تۆقینەر.
ــ لێپیچینەوە لەگەڵ سەرانی حزبەکانی دەسەڵات بکرێت دەربارەی دزین و
گەندەڵی و، ریسوا بکرێن و سزا بدرێن.
ــ سیستەمی پشکپشکێنەو گەندەڵی بنبر بکرێن و کەسانی بی تواناو تەمەڵ و
بەرتیلخۆر سزا بدرێن و دوور بخرێنەوە.
٩\٤\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|