په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٤\٢٠١١

یەکێکیان هەڵبژێرن: تێڵا، نوێژ یان ئەقڵ؟!


سەلام عەبدوڵا   


ئایا پێویسیتمان بە کوشتن، تیرۆر، لەشکرکێشی، بەرد، چەقۆ هەبوو؟. هەموو ئەو بەڕێزانە بە کەمتر لە پارێزەری عەیار24ی مافی مرۆڤ قبووڵ ناکەن، بەڵام لە کردەوەدا سەلماندیان، لە بەرامبەر یەکتری پیلانگێڕ، بوختانچی، گەڕ و کوێر و ڵاڵن!


من"دڵنیام"لەوەی کە هەرچۆن سەرۆکی هەرێم و عیراق هیچ پەیویەندیەکیان بە جەنگی ناوخۆ نەبووە، ئێستا"ئاگایان لە پێشێلگیرییەکان نییە"، بۆیە بە شایەنی نازانن بۆ ناو خەڵک دابەزن. لەوانەیە پێیان بڵێن ئەگەر ئەو کارە بکەن، لە هەیبەتیان کەمدەبێتەوە، بەڵام نازانن چەندە لەسەر کورسی دابنیشن و تەنها گوێ لە موستەشارە تێرو بەچاوتەسکەکانیان بگرن، ئەوەندەی تر لە مانا و روح و تامی و خوێی ژیان(خەڵک)، دووردەکەونەوە.


گێژی دەسەڵات بەهیچ شێوەیەک نە خزمەت بە خۆیان و نە بە باری ئاسایش و ژیانی خەڵک دەکات. توندوتیژی و لەشکرکێشییەکە هەر بە بەرژەوەندی لایەنە ئیسلامییە"ئاشتیخوازەکان"، جاش و موستەشار و موستەفیدەکان دەشکێتەوە و پەیڕەوی دەکەن...هەر هەموو هێزەکان تووشی گێژی بوون و، بە دەسەڵاتی گێژ، نانی بە کرامەت بۆ هەژاران دابین ناکرێ.


جەماعەتی مەلا کرێکار، رێبین و بەختیار.


تۆمەت بەو رەشبیرانە ناکەم ئەگەر بە راستڕەویان بزانم و هەر خوێنەرێک دەتوانێ بەباشی لە نووسینەکانیاندا ببینێ چۆن سەرسامن و پشت بە نووسەرو فەیلەسوفە فاشیست و کۆنزەرڤاتیفەکانیان بەستووە، وەک(نیتشە، شتراوس، هایدەگەر، سلۆدەردایک...هتد).


فەیلەسوفی ئەڵمانی(فرانس میرینگ) لە بارەی نیتشە دەڵێ: (نیتشە....فەیلەسوفی کۆمەڵایەتی سەرمایەدارییە....تێگەیشتنە مێژووییەکەی وەحشی و دڵڕەقانەیە... تێکستەکانی پڕن لە رق و قینەی دژ بە سۆسیالیزم و دژی هەموو جۆرە ناڕەزایی دەربڕینەکانی گەلە، چونکە باوەڕی بەوە هەبوو: ئەوەی دەسەڵاتی دەوێ، دەبێ خزمەتچیشی بووێ).


بۆیە هیچ سەیر نییە ئەو رەشبیرانە کوتومت وەک ئیسلامییەکان(ان الله خیر الماکرین) لێدوان بدەن. مەلا کرێکار لە گفتوگۆیە کە لە سایتی ووردبین بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ: (ئەمما مەسەلەی هاندانی خەڵکی تا دەنگ بە بزوتنەوە بدەن، هەر هەمان خوێندنەوەمە بۆ ئیسلامیەکانیش کە بۆ عەلەمانیەکان هەمە .. چۆن لە بازنەی عەلەمەنیاکاندا پێم زەروورییە جەمسەری تری هێزی سیاسی و عەسکەری غەیری پارتی و یەکێتی وەک لیستی گۆڕان دروست ببێت، لە ئیسلامیەکانیشدا پێم زەروورییە کە بزوتنەوەی ئیسلامی گەشە بکاتەوەو ببێتە جەمسەرێکی ئیستیقتابی ووزەی بەشێکی تری ئیسلامییەکان .. ئەو کاتە یەکگرتوو یان کۆمەڵ لافی پێشڕەوێتی رابوونە ئیسلامیەکەمان لێ نادەن ! هەست دەکەن جەمسەری دیکەش هەیە).


درۆی شاخداری و مەلا کرێکار و مەلا عەلی:


هەر لەو دیمانەیە، مەلا کرێکار لەبارەی دەستلەکارنەکێشانی سەرۆکی لایەنێکی شکستخورەوە، دەڵێ(لەمەشدا عەلمانی ئاوی رشتووەو ئیسلامی پێی تێناوە). ئەمە کوێرەوەری و نەزانییە، ئاخر تۆ بڵێی یەکێک لە خەلیفە زۆرو زەوەنەکان پەیامبەری ئیسلام ئامادەییان تیا بووە لە شکستی یان تاوانکاری(بۆ نموونە تاوانی مەعاویە)، ئامادە بوون دەست لە کار بکێشنەوە؟! ئیسلامێیەکان خۆیان لە هەر کەسێکی تر یەکتر دەناسن. کرێکار بەخۆی لەبارەی ئەمیری ئیسلام دەڵێ(...مامۆستا عەلی باپیر بۆ پازدە هەزار دۆلاری نێچیرڤان بارزانی شەڕی هەنارەی بۆ پارتی دژی یەکێتی کردو خۆشی کلاشینکۆف بەدەست و جامانەی سووری بەستبوو !!).


هەروا لەبارەی جاشایەتی بۆ وڵاتان، کارێکار دەلێ: (باڵی مامۆستا عەلی باپیر کە ئێرانیزمەو باڵی نەهزەکان کە ئیخوانیزمی رێبزرەو باڵی سەلەفیەکانی کاک دڵشاد کەلاری کە لە موعاناتی زۆرتردان).


ئەوەی لەو بۆچوونانە پڕسەیروسەمەرە، ئەو فرقەو حزب و لایەنە ئیسلامییانە باسی ئازادی دەکەن . لە هیچ وڵات و سەردەمێکی دەسەڵاتی ئیسلامی، ئازادی نەبووە و نییە، نازانم چۆن دەوێرن باسی ئازادی بکەن بەو شێوەیە کە مرۆڤایەتی چاوەڕوانییەتی. ببوورن ئازادی ئیسلامی هەبووە: ئەزموونی" کۆماری ئیسلامی تەوێڵە و بیارە"!


"ئەڵڵاهو ئەکبەر".


رستەکەی رێبین هەردی و سوێندی مەلا کامەران و بۆنی سیاسەتی"حەکیمانە"ی گۆڕان و رەشبیرە کورد نەزانەکان لە میسرەوە دێت: خیرەت ئەلشاتر(جێگری رێبەری گشتی ئەخوان)، وتی: ئامانجی جەماعەت بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و فەرمانڕەوایی جیهانە-رۆژنامەی قودسی عەرەبی-). جەماعەتی گۆڕان لەناو پەرلەمان و لە کەناڵەکەیان بوون بە پارێزەری بێتام و لەزەتی ئیسلامییەکان(هاکا ئەندام پەرلەمانەکەیان، هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان وەک دەرگای سەرا بکەن بە مزگەوت!)، وەک بڵێی کێشەی سەرەکی هەژارەکانی کوردستان(ئیهانە کردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام)ە! ئاخر ئەوە کەی ئەرکی ئەوانە؟ ئیسلامییەکان کەم مزگەوت و مەلا و زانا و لایەنگریان هەیە تا بلیمەتەکانی گۆڕان بەرگریان لێ بکەن! چارەنووسی هەژارانی کوردستان بەدەست گەندەڵکاران و باوەشی گەرمیان بۆ جاش و موستەشارەکان و بازرگانە گەورەکان لەلایەک و لەلاکەی تر زەبروزەنگی ئیسلامی و راسترەوەکانە. نە یەکەمەکەیان پەنا بۆ گفتوگۆو دیالۆک و دەستپیبَشخەری دەبات، نە دووهەمەکەیان بەرەو دنیای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی دەمانبەن.


بەرپرسیارێتی چەپ.


گێژی ئەو لایەنانە تەنها بەشێکە لە کارەساتەکە، ئەی چی لەبارەی کورتهێنان و نابەرپرسیارییەتی هێزە چەپەکان بڵێین؟ ئیمڕۆ لە هەر کاتێکی تر زۆر بە روونی پەراوێزیمان لەبەرچاوەو دەبێ بەبێ موجامەلە و بەوپەڕی رەقییەوە رەخنە لەخۆمان بگرین، ئاخر بەرپرسەکان هەر وا راهاتوون، هەرچی هەڵە هەیە دەخەنەی ئۆباڵی ئەوانی تر. نەخێر دەبێ لێپرسینەوە بکرێت و هەزار پرسیاری جددی بورووژێنین. بۆچی نەمانتوانیوە ببن بە قسەکەری چینەکەمان؟ کێ بەرپرسیارە؟ چی بەو گروپانە بڵێین کە بوون بە شەریکی دوژمنانمان؟ بۆچی بەرەی لایەنی کەممان نییە؟ بۆچی رۆڵمان لەم بارودۆخە نزیک بە سفرە؟ چارەسەر چییە؟ کێ دەستپێشخەری دەکات؟ ئەگەر من بەرپرسی هەر حزبێکی چەپ بم، ئەوا بەهۆی ئەنجام نەدانی ئەرکە رۆژانەکان و لەبەر ئەم شکستییە شەرمئاوەرە، دەستبەجێ دەستلەکار دەکێشمەوە.


تێڵا، نوێژ یان ئەقڵ؟!


چارەسەر چییە؟! برادەرێکی قۆشمەم هەیە، وتی: باشترین چارەسەر ئەمەیە:

 

1- مەلاکان بۆ مزکەوت بڕۆن و لەوێ خەریکی خوداناسی خۆیان ببن.

2- تێڵابەدەستەکان بۆ لای ماڵ و منداڵی خۆیان بگەڕێنەوە با لەوە زیاتر حەیای خۆیان و بەرپرسەکان نەچێ.

 

بە کورتییەکەی: هۆی سەرەکی راپەڕین و ناڕەزایەتییەکان بریتییە لە گرانی بازاڕ، گەندەڵی و قووڵبوونی جیاوازییە چینایەتییەکان و"براو هاونیشتمانە جاشە و موستەشارە بەڕێزەکانمان"و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە وەک لە جاڕنامە جیهانییەکەی هاتووە، بۆچی ئەو هەموو ئوستاد و بیرمەندو پیاوچاک و تەکنۆکرات و خەباتگێرو دەیان رێکخراوی مەدەنی و ئاشتیخوازانە ناتوانن زمانی هاوبەشی دیالۆک، گفتوگۆ بدۆزنەوە؟!


ئیمڕۆ دەبێ کۆمەڵگە یەکێک لەم سێ ئامرازانە هەڵبژێرێ: تێڵا، نوێژ یان ئەقڵ؟!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک