١٢\٤\٢٠٢٠
یەکێ لە گەورە
بیرمەند و مێژوو نووسەکانی ھاوچەرخ بناسە.
- یوڤال نوح ھاراری -

هەڵۆ محەمەد
''پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین، ئەگەر ھیچمان
لەدەست دێت، با ئێستا و دواڕۆژ بەرەو چاکتر بگۆڕین''. (مەسعوود محەمەد).
ساڵێ زیاترە بابەتێکم لە سەرچەمکی ( ئازادی) و خوێندەوە و لەوێدا بۆ
یەکەمجار ناوی (یوڤال نوح ھاراری) وەک بیرمەند و مێژوونووس و
فەیلەسووفێکی ئیسرائیلی گەورەی ھاوچەرخ بەرچاو کەوت. ئەو چەند بڕگەیەی
بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی لیبەڕاڵی سەرنجی ڕاکێشام. ھەڕەشەی ڤایرۆسی
کۆڕۆنا، کارێکی کرد، ئەم ماوەیەی خۆ دابڕان و خزانە نێو ماڵەوەم بۆ زۆر
لە خەون و پرۆژەی نیوناچڵ و لەبەرچاو گیراوەکانم تەرخان کرد. یەکێ
لەوانە ناوی ھاراریم وەبیرکەوتەوە. لە ئینتەرنێت و یوتوبدا، کەوتمە
سۆراخی. ٣ کتێبە دیارەکەی کراون بە ئەڵمانی و بەداخەوە من دەستم پێێان
ڕاناگات. بەڵام کۆمەڵێ چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی و نووسین و کۆڕ و سەمیناریم
خوێندەوە و گوێ لێ گرت. زۆر بابەتەکان بە زمانی ئینگلیزی بوون، من
تەنھا توانیم سوود لە ئەڵمانیەکانی وەرگرم و ٥ـ٦ کاتژمێرێ گوێی لێ بگرم
و دوو بابەتیشم لەسەر خوێندەوە.
ئەمەی بەردەستان پوختە و ناوەڕۆکی ئەو تێز و بۆچوونانەی ناوبراوە و
بەندە بڕگە بە بڕگە بە تێگەیشتنی خۆم وەرم گرتووە و بەسەلیقەی خۆشم
دامڕشتۆتەوە. وەک بەرکوڵێ بۆ ناسینی ئەم مێژووناسە گەورە، کە ئیمڕۆ
باتەکانی بوونە جێی سەرنجی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و
ئەمەریکا و سیاسەمەدار و نووسەر و ئابووریناسانی جیھان.. ھاراری
بەردەوام بە ڕێگاوە بە پایتەخت و ناوەندە زانستی و زانستگەدا دا،
دەگەڕێ و بیروبۆچوونەکانی پێشکەش دەکات. گوێگرەکانی بەتامەزرۆوە ڕیگای
دوور بە نرخی زۆر دەبڕن، تا گوێیان لە تێزەکانی بێت.
بەداخەوە پێموایە لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا و میدیاکەیدا، باس و
خواستێکی تێروتەسەلەی لەسەر ئەم دەنگ و بۆچوونانەی ھاراری بەرچاو
ناکەوێ. ھیچ کام لە کتێبەکانی نەکراونەتە کوردی. لەکاتێکدا بازاڕی
چاپەمەنی کوردی، پڕ بووە لە بابەتگەل و شتی جۆراوجۆری ئەوتۆ کە لە
رەفەی ناو مۆزەخانەکانیشدا بە زەحمەت جێگایان دەبێتەوە. دیارە من ناڵێم
ئەو بابەتانە نابێ ھەبن، بەڵکو گەرەکمە بڵێم کتێبە ھەنووکەیی و گرنگ و
ورووژێنەرەکانی سەردەم لەپێشترن. دیسان بەداخەوە چاپەمەنی کوردستان
سەرەتا زۆر بە حیزبی کراوە و بۆ خزمەتی مەرامە سیاسییەکان، خەسڵەت و
سیفەتی ئایدۆلۆژی و ئایینی پێوە نراوە. ھەردوو ئاڕاستەکەش بەشێکییان بە
وەرگێڕانی سەقەت و شێواو و لەزمانی دووەم و سێیەمەوە و حیزبەکانیش بە
کەسانی ناشایستە و ناکارامە مۆنۆپۆڵیان کردووە.
Harari ٣ لە کتێبە ناودارەکانی بریتین لە : ( کورتەیەکی مێژووی
مرۆڤایەتی وەک مێژووی کۆن. مێژووی ئایندە و ٢١ وانە بۆ سەدەی٢١).
یەکێ لە بۆچوون و تێزە ھەرە سەرەکییەکانی ئەم بیرمەندە، ئەوەیە پێی
وایە "مرۆڤایەتی لەسەر لێواری مردنە". واتە چارەنووسی بەرەو کۆتایی
دەچێ . ئەویش نەک بەو شێوەیەی وەک خۆی دەڵێ: لە فیلمی ھۆڵیۆددا ھەیە،
ڕۆبۆرتێ دێ و ھەموو خەڵکەکە دەکوژێ و ئیدی دنیا تەواو". بەڵکو لە ئێستا
لەبەردەم ٣ ھەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە.
١ـ شەڕی ئەتۆم.
٢ ـ کێشەی ژینگە.
٣ ـ گۆڕانەکانی تەکنەلۆژیا.
نووسەر پێی وایە قەبارەی ئەم ھەڕەشانە ھێجگار گەورە و گلۆبالن، ھەر
بۆیە نەتەوە و دەوڵەتەکان بەتەنیا و لۆکالی ناتوانن بەڕەو ڕووی بنەوە و
پێویستە بە چەکی گلۆبال ڕووبەڕووی بوەستنەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی
لەسەر زەمینی واقیع وەک دێڤاکتۆ دەیبینین ئەوەیە، ھەنووکە سیاسەتی سەر
شانۆی جیھانی ، بەتایبەت لەنێو دیاترینیان یەکێتی ئەوروپادا، بەدیار
ناکەوێ. لەکاتێکدا ئەم یەکێتییە بۆ ئەوروپا و جیھان زۆر گرنگە لە ڕووی
ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەوە.
مێژووی سەدەی ڕابووردوو دادەنێ، بە مێژووی فاشیزم کە شەڕی نێوان نەتەوە
و دەوڵەتەکانە، لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە سەرنگوم بووە. لەگەڵ
مێژووی کۆمەنیزم، کە شەڕی چینەکانە. ئەویش لە کۆتایی سەدەکەدا داڕما و
مێژووی لیبەرالیزم کە ململانێی نێوان تاکە ئازادیخوازەکان و ستەمکارانە،
تا ئێستا ٧٠ ساڵ زیاترە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و ھەناسە دەدات. ھاراری
ڕەخنە و بۆچوونی لەسەر لیبەڕالیزم، ھەیە و پێشی وایە ھێشتا باشترین
سیستەمە. دیسان ئەم سیستەمەش ھەموو خەونەکانی نەھێناوەتە دی و جێی گشت
خواستەکانی مرۆڤی تێدا نابێتەوە و ئێستا لە دۆخێکی شڕدایە.
بەم پێیە ئاماژەکان وامان پێ دەڵێ،کە مرۆڤ نائومێد بووە بۆیەشە دەبێتە
دۆڕاوی یەکەمی ئەم پێشھاتانە. بە وتەیەکی تر تەکنەلۆژیا و قەڵەمبازە
گەورەکانی لە بواری پێشکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن
سیستەمەکانەوە ـ ھاراری پێی وایە لەسایەی ئەم پێشکەوتنەدا ستەمکاری و
دیکتاتۆری زیاتر دەبێت و زۆر خراپتر لەوەی لەسەر دەستی ھیتلەر و ستالین
و مۆسۆلۆنی و فرانکۆدا ئەنجام دراـ . بۆنموونە ئاماژە بەوە دەدات لە
چین، منداڵی قوتابخانەکان بازنێکی بایۆمەترییان لە مەچەک کراوە، گوایە
بۆ ھاوکاری فێربوون و خوێندنە، لێ لە ڕاستیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی
منداڵەکەیە. مامۆستا دەزانێ: چی دەکات ؟ کەی دەخەوێ؟ لەگەڵ کێ سەرقاڵە
و ٢٤ کاژێر چی دەکات؟ و...ھتد.ھەروەھا دەڵێ: ئەم میتۆدە لەسەر
سیاسییەکانیش ھەمان شتە.
ھاراری پێی وایە ئێستا مرۆڤ ھەرچی بکات، ھۆکەی ئەوەیە خۆی وەک جاران بە
بەختەوەر و ئاسوودە نابینێ. جاران باوەڕ وابوو، مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی
خواوەندەوە بەڕێوە دەبرێت. خواوەند پێمان دەڵێ چ باشە و چ خراپە. پاشا
و سەرۆکەکانیش لە سێبەری ئەم بۆچوونەدا ساڵانێکی زۆر خۆیان بەسەر
خەڵکدا سەپاند بوو. بە کورتی لێردا ئەقڵ و ھۆش یەخسیری دەقەکانی تەورات
و ئینجیل و قورئانە و دەرفەتی کاری سەربەخۆ و بڕیاردەر و داھێنەرانەی
نییە. دواتر کە ڕینیسانس و ھومانیزم سەریان ھەڵدا، ئەو بۆچوونە لەق و
کز بوو. مرۆڤ تێگەیشت کەوا لە خودی مرۆڤەوە دەسەڵات وەردەگرێ و خۆی
بڕیار دەدات چۆن ھەڵسوکەوت بکات. لەسەدەی ٢١ و ئایندەدا، ئەمانە
ھەموویان دەگۆڕێن و داتایزم/Dataisim جێیان دەگرێتەوە. واتە تەکنەلۆژیا
لە ڕێگای داتاکانەوە دەبێتە ھێز و سەرچاوەی دەسەڵاتی بڕیاردە بەسەر
مرۆڤ دا.
ئەم مێژوونووسە پێ بە پێی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە
مرۆڤەوە ھاتوو. ئەو ھێند سەرقاڵی رابووردوو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی
کەوتۆتە لیکۆڵینەوە و وێڵی چارەنووسی مرۆڤە لە ٢٠٥٠ و سەدەکانی
ئایندەدا. ھاراری لە کتێبی یەکەم دا چەردەیەکی لەم مێژووە بەسەر
کردۆتەوە..دواتر لە کتێبی دووەم دا Homo Deus، باسەکانی چارەنووسی مرۆڤ
لە ئایندەدا دەکات و ئەوجا بە کتێبی سێیەم ئەڵقەی باسەکەی تەواو دەکات
لە نێوان سێکوچکەی رابوورد و ئێستا و ئایندەدا. ئەو دەڵێ: ئێمە مێژوو
لە ڕێگای مرۆڤەوە دەناسین. داتا و تەکنەلۆژیا ناتوانێ مێژوومان پێ بڵێ.
ھەروەھا دەڵێ: ئێمە نە لە ڕابوردوودا ژیاوین و نە لە ئایندەشدا دەژین،
بەڵکو ڕۆڵەی ئەم سەردەمەی خۆمانین.
کاتێ نووسەر ڕۆژگار و ساڵی ٢٠٥٠ وەک نموونە دێنێتە بەرچاو، کە تێیدا
ئامێری زیرەک و تەکنیکی بایەلۆژی، ڕۆڵی ھەرە ھەرە یەکلاکەرە و
چارەنووسساز و بڕیاردەر دەگێڕن،دەڵێ: ئەوە شۆڕشی نەپساوی تەکنەلۆژیایە
بەو ڕۆژەمان دەگەیەنێ.
لە ئێستا کە نەخۆشی پەتای کوشندە ـ ئەو کاتێ کتێبەکانی نووسیوە،
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاراد نەبووە ـ برسێتی و قاتوقڕی گەورە و جەنگی
جیھانی گەورە بەسەر چووە. مرۆڤ بە زۆر ئاواتی خۆی گەشتووە و بەردەوامە
لە دەست ڕاگەیشتنی بە دەستکەوتی تردا، کەچی ھەستی ئاسوودەیی و
حەسانەوەی پێویستی نییە. ھەرچەندە ھاراری وتەنی، مرۆڤ ھەزار ھێندی
مرۆڤی جاران بەھێزترە بە پێداویستییەکانی سەردەم، کەچی نەیتوانیوە
کۆنترۆڵی تەواوی دەوروبەری خۆی بکات. یاخود ڕوونتر بڵێم مرۆڤ دەسەڵاتی
بەسەر دەرەوەی خۆیدا ناشکێ. ھەربۆیە گەرەکە ئینجا ئیستێک بکات و
بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی وڤۆکۆس بخاتەوە سەر ناوەوی خۆی و گۆڕانکاری
جەوھەری لە ناوەوەی خۆیدا ئەنجام بدات. خودی خۆی لێرەدا مەبەست جەستە و
مێشک/ ئەقڵە.
لە دیدگای نووسەرەوە، ئەم نابەختەوەریی و نائاسوودەییەی مرۆڤ و گەیشتی
بەم چارەنووسەی سەرەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەما:
١ـ دەسەڵتخوازی زیاتر. ٢ ـ بەختەوەری زۆرتر.
ئالێرەدا رۆژنامەوانێک لێی دەپرسێ: جا خۆ ئەمە کتومت لیبەڕالیزمە، بە
سیستەمە کاپیتالیزمەکەیەوە. ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ: لە لیبەڕالیزمدا
بەھرەدارەکان توانای زیاتریان ھەیە، لە خۆشگوزەرانتر بژین، ئەگەرچی لەم
سیستەمەدا بایەخ بە تاک و خێزانیش دەدرێ. حەزی دەسەڵات و بەختەوەری و
خۆشگوزەرانی و بەدەستھێنان زیاتر، کاپیتالیزمە. ئیدی مرۆڤ چی لەمە
زیاتر دەوێت؟. ھاراری دەڵێ: ئەمە ڕاستە ، بەڵام گەر خەڵک لە کاپیتالیزم
دا، ڕازی بن بەوەی پێی گەشتوون، واتە قنیات بکەن ، ئەوە مانای وایە
کاپیتالیزم دەمرێ. بەڵێ ئەمە خەسڵەتی مرۆڤە، نەک کاراکتەری کاپیتالیزم،
کاپیتالیزم ھاتووە کاری لەسەر ئەم زەمینەیە کردووە و بەردەوام دەکات.
ھاراری پێی وایە کاتێ شۆڕشی پیشەسازی سەری ھەڵدا، ھەموو دەوڵەتان
بەگەرمی پێشوازییان لێ نەکرد. تەنھا بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بە
زوویی بەرو ڕووی چوون و ھاوشانی ھەنگاویان ھەڵھێنا. دەرئەنجام دەینینین
ئەمانە پێشکەوتوون و ئەوانەی دواکەوتن، بەجێمان و نەیانتوانی وەک
پێویست خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دا بگونجێن.
ئەم یاسایە بۆ ئێستاش ھەمان شتە، ھەر وڵاتێ نەیەوێ لەگەڵ ئەم شۆڕشەی
تەکنەلۆژیادا ھەنگاو بنێ و خۆی بگونجێنێ، دوا دەکەوێ. بەواتایەکی ئەو
وڵاتانە دەبنەوە کۆلۆنی ـ وەک جاری جارانی ئەفەریقا و ئاسیاـ ئەوانەی
ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن. ئاخر ساڵی ٢٠٥٠ وەک ئێستا نابێت!. باشتر
بڵێم لە ١٠٠ و ٢٠٠ ساڵی تردا دانیشتوانی گۆی زەوی، وەک ئێستا کە لە
لایەن مرۆڤەوە داگیرکراوە، وا نامێنێتەوە. بەڵکە ھەموو دەبنە نموونە
بوونەوەرێکی سایبۆرگ لە شاری سایبۆرگCyborg Cities .
نووسەر دەڵێ: سەدەی داھاتوو، بۆ مرۆڤ ئوتومبێل و چەک و خۆراک ھێندە
گرنگ نابێت، بەڵکو جەستە و ھۆش/ مێشک ئەمانە دەبنە جێی بایەخی سەرەکی
مرۆڤ. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی بەھێزەکان و ئاقڵەکان چانسی ژیانیان
زیاتر ھەیە.
ڕۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێ: تۆ ڕۆڵی ئایین دەخەیتە دەرەوە، لە کاتێکدا
داتاکانی ئێستا پێمان دەڵێ: رۆژبەرۆژ خەڵک زیاتر روودەکاتەوە ئایین و
رێژەکەش تا ساڵی ٢٠٥٠ زۆر زیاتریش دەبێ.
ساڵی ٢٠١٠٢٠١٠ % کریستیان، ٣١,٤، موسڵمان ٢٣,٢ ، بێ ئایین١٦,٤، بودایی٧,١
، ئەوانی تر ٦,٧، جولەکە٠,٢ .
ساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەی کریستیان٣١,٤، موسوڵمان٢٩,٧ ، بێ ئاین ١٣,٢، بودایی٥,٢
ئەوانی تر٥,٥ ، جولەکە٠,٢
لە وەڵامدا دەڵێ ئایین گرنگە لێ رابین و قەشە و مەلاکان، ھەموو شت
دەبەنەوە بۆ دەسەڵات و توانای خواوەند. ئەمانە نەک ھیچیان دانەھێناوە،
بگرە بەرامبەر زۆر داھێنانی نوێ بەگومانن، وا ھەست دەکەن ھەستیان
بریندار کراوە. ئاین جاران سەرچاوەیەکی توانای داھێنان بوو، ئێستا بۆتە
پەرچەکرد، لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا. ئەوەتا ژمارەی خۆکوشتن، زیاترە
لە ژمارەی کوژراوی جەنگەکان.
لە ڕوانگەی Harariوە ئەو ئالوودەیی و ھۆگری و توانەوەی مرۆڤ لە ئامێرە
تەکنەلۆژییەکان دا، وەک Smatphon مرۆڤی سەدەی داھاتوو، دەبێتە نیوە
مرۆڤ و نیوە کۆمپیوتەری ئۆتۆماتیکی. لەگەڕانەوەدا بۆ ناوەوەی خۆمان،
سەنزۆری بایۆمەتری دەبێتە بەشێک لە جەستەمان، بەشەکەی تری بەھۆی سۆشیال
میدیاوە دەبنە سمارتفۆن. لەم ڕێگایەوە شت وەردەگرین و دەدەینەوە. بۆ
نموونە بەھۆی ئاپێکەوەApp ێکی ناو سماتفۆنەکەتەوە، دەتوانێ کاتێ بە
شەقامێکدا دەڕۆیت و مەیلی سێکست ھەیە، کەسێکت دی بە دڵت بوو.دەتوانی
بزانی داخۆ ئەویش خرۆشی سێکسی ھەیە؟١. لەم کاتەدا کەسەکە پەستانی خوێنی
زیاد دەکات و پێڵووی چاوەکانی گەورە دەبن. ئەو ئاپەی تەلەفونە زیرەکەکە
ـ سمارتڤۆنەکە ئەم کارە ئەنجام دەدات.دوای ئاڵۆرگردنی داتاکان، کۆنتاکت
لەگەڵ ئەو کەسەدا ساز دەدات،ئاخر ئەویش ھەمان سمارتفۆنی پێیە. ئەوکات
ئەگەر ئەویش مەیلی لەسەر سێکس کردن بوو، ئەوە دیدار و بە یەکگەیشتن
دێتە ئاراوە. کەواتە نە مێشک ،نە چاو، نە دەم ئەم کارەی ئەنجام
نەدا،بەڵکو داتاکان.
لە باس و نموونەیەکی تردا بۆ باندۆڕی شۆڕشی تەکنەلۆژیا لەسەر ئایندەی
مرۆڤ، دەڵێ: کاتێ تۆ ئوتومبێل دەئاژوویت و لە چوار ڕیانێکدا دەتەوێ
بەدەستی ڕاستدا، بڕۆیت، ناڤیگەیشن/ Navigation یاخود گی پی ئێس GPS،
زەنگی ھۆشیاریت بۆ لێدەدات و دەڵێ: لەوێوە مەڕۆ ، گیراوە!، ترافیک زۆرە.
ئەمەش دەیسەلمێنێتەوە کە تەکنەلۆژیا تابێت دەبێتە جێی متمانە و
سەرچاوەی زانیاری وەرگرتن،زیاتر لە ھەست و زانینی خۆمان. کەواتە مرۆڤی
ئایندە لە پرۆسەی ژیان دا بە میتۆدی خواڕەزمی ئۆرگانی Algorismus
پێویستی بە زانیاری تەکنەلۆژیایی و تەکنیکی زیاتر ھەیە، Technical
Know- how.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسی بڕیاردان و ھەڵسەنگاندن و خەمڵاندنە
ژمێریارییە خوارەزمییە دەڵێ: مەیمونێکی پاڤیان زۆر زۆری برسییەو دەچێتە
دارستانێکەوە بە دوای مۆزدا دەگەڕێ. دار مۆزێ دەبینێتەوە،تەماشا دەکات
شێری لە ژێردایە. مەیموونەکە دەکەوێتە بەردەم سەرکێشییەکی تێکەڵ لە
ئازایەتی و ترسنۆکی. بەلام مەیموونی ناوبراو لە چرکەساتێکی کەمدا دەبێت
بڕێار بدات،ئایا بچی مۆز لە دارەکە بکاتەوە؟ داخۆ مۆزەکان گەیون؟ تۆ
بڵێی شێرە پێی بزانێ؟ ئایا بەم برسێتییە توانای ھەڵاتنی لەبەردەم
کەڵبەی شێرەکەدا ھەیە؟ چەند ھەنگاوی تری ماوە بگاتە دارەکە و کۆمەڵێ
ھێنانوبردنی دیکە. مەیموونەکە ھەموو ئەم لێکدانانەوە بە ھەستی خۆی
دەکات،نەک بە کاغەز و قەڵەم، یاخود ھەژماردنی خوارەزمییەوە.
ھەرچەندە ھاراری بایەخ و حەزی زیاتر بۆ کۆمەڵایەتی و سیاسەت و
فەلسەفەیە و زۆر بە دنیای تەکنەلۆژیا و بایەلۆژییەوە سەرقاڵ نییە،لەگەڵ
ئەوەشدا شرۆڤە و لێکدانەوەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە دەکات و دەڵێ: دەبێ
خۆمان باشتر بناسین، ھەروەک سوکرات و فەیلەسووفەکانی تر داوامان لێ
دەکەن. ئیدی دەسەڵات لە خواوەند و ھومانیزمەوە دەگاتە دەست
داتایزمDataismus/، داتاکان دەبنە بزوێنەری و فەرمانمان پێ دەدەن.
ھەڵبەت ئاماژەش بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا خاڵی لاوازی ھەیە، ئەویش
ئەوەیە کە ڕۆح و ھەستی نییە، دەنا ھەموو کارەکانی مرۆڤ دەیکات ئەو
باشتر ئەنجامی دەدات.
خاڵێکی تری سەیرو سەمەرە ئەوەیە دەڵێ: مرۆڤەکانی ئایندە دەتوانن زیاتر
بژین... دەوڵەمەندەکان ماوەیەکی زۆر بە گەنجی بمێننەوە. ئەمەش نرخ و
تێچووی زۆر و گرانە.!. بەڵام ئەم دۆخە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی کێشەی
کۆمەڵاتی گەورە، چونکە ھەژارەکان ناتوانن بێدەنگ و رەزامەند بن. شایانی
ئاماژە پێدانە دنیای تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای
بایەلۆژی، مرۆڤ دەخاتە بەردەم دنیایەکی کراوە و بێ کۆتایی،بە ھەزاران
ھەزار ئەگەری کراوەوە. ڕنگە ئەکاتە کەمرۆڤ کۆنترڵێ دەوروبەری لەدەست
خۆی دەدات،ئیدی ئاماژە ترسناکەکان سەرھەڵ بدەن. ئەوە نییە ھاراری دەڵێ:
سێ شت وا دەکەن براوەی ئایندە لە ڕێگایانەوە مەیسەر بێت: باشترکردنی
جیناتەکان، ئەمەش شتێکی زەحمەت نییە. لە ڕووی تەکنیکەوە سایبۆرگ خۆمان
باشتر تەیار بکەین و ببینە نیوە ئامێرێک و بەکارھێنەرانی زیرەکی
دەستکردەوە.
دواجار دوو مەرجی سەرەکی باس دەکات، کەپێویست و کاریگەرن بۆ مرۆڤی
ئایندە:
١ـ تێگەیشتن لە بایۆلۆژیا. ٢ ـ توانای بەکارھێنانی کۆپیوتەر.
لە وەرامی پرسیارێکی لۆژیکیدا،ئایا دڵخۆشی لەو ژیانەی سەدەی ئایندە،کە
مرۆڤ پێی دەگات بژیت؟ دەڵێ: گرنگترین پرسیار مەسەلەی " پەرۆش و خەمباری
و ئازاچەشتنە". سەدەئ٢١ بە ھۆی ئەو شتانەی باسمان کرد،یەک جۆر
ئایندەمان ناداتێ، بەڵکو ئاسۆی جۆراوجۆرمان لەبەردەمدا دەکاتەوە...لەسەر
خۆمان وەستاوە، چۆن ڕەفتار دەکەین. ئایا شۆڕشی تەکنەلۆژی ئەم پەڕۆش و
ئازارچەشتنە گەورە دەکات، یاخود بچووکی دەکاتەوە؟ با نموونیەک لەسەر
ئاژەڵ بھێنمەوە کە دەزانین گیانلەبەرانی وەک مانگا و مریسک و بەراز، چ
ئازار و قوربانییەک دەچێژن. ئێمە دەزانین کایەی بازرگانی و شیرەمەنی و
گۆشت ملیاردەھا پارەی تێدەچێ. ھەر یەک لەو ئاژەڵانە بە خەرجییەکی زۆر
بۆ گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن. تەکنەلۆژی بایەلۆژی دەتوانێ ئەم پەڕۆشە
گەورە بکات و ئەو ئاژەڵانە بە خێراترین شێواز ئالیک بدات،تا گۆشتی
زۆرتر بە زووترین کات بگرن و قازانج زیاتر بەدەست بھێنن. چا ئەو
ئاژەڵانە چ ئازار و ناڕەحەتییەک دەچێژن بۆ خاوەن کۆمپانیاکان ھیچ گرنگ
نییە. بەڵام دیسان لە ڕێی تەکنەلۆژی بایەلۆژییەوە دەتوانرێ،خانەیەکی
گۆشت بەخێو بکرێ ھێندەی گۆشتی ستێکێک Stek و بخورێت. کەواتە پێویست
ناکات بۆ خواردنی ستێکێک گایەک بەخێو بکرێ و سەر ببڕدڕێ،بەڵکو لەم
ڕێگایەوە ئەنجام بدرێ. پێش چەند ساڵێ پارچەیەک ستێکی دروستکراو بە
٣٠٠,٠٠٠$ دۆلار بوو، ئێستا بە دەوری ١١$. لە ئایندەدا دەکرێ خواردنی
مەکدۆناڵ ھەرزانتر بفرٶشرێ.
بەڕێزان، ئەمە پوختە ئەو تێز و بۆچوونانەی ھارارین، کە لە زۆربەی ڤیدیۆ
و چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. لێرەدا ئاماژە بەو ھەڕەشە
و مەترسییانە دەبێ بکرێ، کە دەرکەوتنی چین وەک زلھێزێکی زەبەلاحی
ئابووری و تەکنەلۆژی نوێ ، سەرچاوەی بەشێکی ئەو ترس و ھەڕەشانەیە کە
ھاتوونەتە بەردەم مرۆڤ.
چونکە کۆمەڵگای تەندروست ئەوەیە، لە رووی سیاسییەوە خاوەنی سیستەمێکی
دیموکراسی بێت، بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە. لە ڕووی ئابووریشەوە دەرفەتی
بازاڕی ئازاد فەراھەم بکات و مرۆڤەکان لە سایەیدا خۆشگوزەران و
بەختەوەر بن. دیارە ئەوەش ڕاستە کە مرۆڤ ھێشتا لە تێکوشاندایە بۆ
گەیشتن بە بەختەوەری کۆتایی. ئەمەش واتای وەستانی ژیانە...مرۆڤ
دەستەوسان دەبێ و لە داھێنان دەکەوێ. بۆیە مانەوەی زەمینەیەکی فراوان و
بە ڕوومەت بۆ ململانێ و پێشبڕکێکان بە تەندروستی زۆر پێویستە.
من پێم وایە لیبەڕالیزم لەگەڵ ئەوەشدا ھەنووکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و
ھەڕەشەی گەورە بۆتەوە، دیسان تا ئێستا سەرباری کەموکوڕییەکانیشی، ـ
دەکرێ و پێویستە چاکتر بکرێن ـ باشترینە کە مرۆڤ پێی گەشتووە. ھاراریێ
ددان بەم ڕاستییەدا دەنێ و ھێنری کیسنجەریش لە دوا وتاریدا بەبۆنەی
مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، داوا دەکات لە ئەمەریکا بە ھەموو ھێز و
توانای خۆیەوە پارێزگاری لە لیبەڕالیزم بکات.
ئەم تێزانەی ھاراریش وەک گەلێک لەوانەی پێش خۆی، ھەر لە چوارچێوەی
ھیپۆتێزەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەوەش ڕاستە لە ھەنووکەدا شۆڕشی
تەکنەلۆژیا بە ھەموو تەوژم و ھێزی خۆیەوە سەرکردایەتی مرۆڤ بەرەو جیھان
و گەردونێکی زۆر سەیر و نادیار دەکات.
من دەڵێم گەر مرۆڤ وەک بوونەوەر لەم ژیانەدا دەستەوسان کرا، ئەوە ھەموو
چەمک و تێگەیشتن و شێوازەکانی ژیان سەرەوبن دەبنەوە و دەبێتە حەشر و
قیامەتە گەورەکە.مرۆڤ تا ئێستا بە کردەوە باش و خراپەکانییەوە، باڵا
دەستی و سەروەری بەسەر دەوروبەری خۆیدا ھەبوو. دەکرێ بەردەوام کار بۆ
چاکردنی ھەڵە و کەموکوڕییەکان بکەین،لێ ناکرێ مرۆڤ بکرێتە کۆیلەی
ئاغاگەلێکی تر. گەر بەو وێستگەیە گەشتین ھەرچی ترسناک و نادیارە مرۆڤ
دەبێت خۆ بۆ ئاماد بکات.
کەواتە پێویست و گرنگە ھەر ھەنگاوێکی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و
پێشکەوتن،ھەیە و دێتە پێشمان، گەرەکە ھاوشانی وردی ھەنگاوەکانی مرۆڤ
بێت و بە سوودی بەرژەوەندییەکانی تێکڕای مرۆڤایەتی کۆتایی بێت. نەک
دەستەوتاقمێکی بەھرەمەند و دەوڵەمەند و جەستە بەھێز و چاوچنۆک و زاڵم
ھەموو دەسەڵات و مافێکیان ھەبێت جیھان دادۆشن. بە دوا وتەی مامۆستا
مەسعوود محەمەد " لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە،مرۆ لە
بوونێکدا لابەری و تەنھا غەریزە تیایدا فەرمانڕەوا بێ". دەست لەم
بابەتە ھەڵدەگرم. ئاخر کورد وتەنی: ئەم ھەوریرە ئاو زۆر دەخوا.
بە ھیوای ئایندەیەکی تژی لە ئازادی بۆ نەتەوەکان و بێ چەوساندنەوە و
دادۆشین و خۆشی و ئارامی و داھێنانی نوێ و ژیانێکی پڕ لە ڕوومەت و
دادپەروەرانە بۆ تاکی مرۆڤ.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|
       |