٢٤\٤\٢٠٢٠
یەکەمایەتییەکان
لە سەردەمی کۆرۆنادا.

ریچرد ۆڵف* |

ئامادەکردن و
نووسینی: سالار حەمەسەعید |
(ریچرد ۆلف) بەم شێوەیەی خوارەوە باس لە
یەکەمایەتییەکان دەکا کە هەر ئێستا لەم بار و رەوشەی ئێستای ڤایرۆسی
کۆرۆنا دا دەبێ یەکەمایەتییەکان چی بن، ئەو شتانەی کە نەکراوە و
دەبێ بکرێن وە رێگەچارە چیە لەم بار و رەوشەدا.
ریچرد ۆلف پێیوایە:
یەکەمایەتیی یەکەم:
کە ئەوانەی یەکەمایەتییان هەیە یەکەم ئەوانەی کە لە ریزی پێشەوەی
رووبەڕووبوونەوە دان و لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا مامەڵە دەکەن
لەوانە پەرستار و کارمەندانی تەندروستیی و چاودێرەکان کە دەبێ هەموو
ئامرازەکانی خۆپاراستنیان بۆ دابین بکرێ و تاقیبکرێنەوە و پشکنینی
بەردەوامیان بۆ بکرێ نەک یەک جار بەڵکو هەموو رۆژێک تا دڵنیابین لە
ساغیی و تەندروستیی ئەوان بەپلەی یەکەم.
یەکەمایەتیی دووەم:
ئەو کەسانەی کە خواردنمان بۆ دابین دەکەن دەبێ تاقیبکرێنەوە و بشکندرێن
و بە بەردەوامیی کە ئەمەیان نەکراوە کە دەبووا بکرێ. چونکە ئەم کەسانە
کە خواردن دابین دەکەن دەگونجێ ڤایرۆسەکەمان بۆ بگوێزنەوە و تووشمان
بکەن. ئەگەر بە بەردەوامیی نەپشکندرێن ئەوا ناکرێ دڵنیابین لە
خواردنەکان کە پاگژن و نەخۆشیی بڵاوناکەنەوە. نەک تەنیا یەک جار بەڵکو
بە بەردەوامیی و هەموو رۆژێک.
یەکەمایەتیی سێیەم:
شۆفیری لۆری و بارهەڵگرەکان تا شۆفێری فریاکەوتن و شۆفیری تاکسی و پاس
و شەمەندەفەر ئەمانیش دەبێ تاقیبکرێنەوە و بشکندرێن و بەشێوەیەکی
بەردەوام.
دوای ئەوە هەموو ئەمانەی کە ناوبران دەبێ کەلوپەلی پێویستی
خۆپاراستنیان پێ بدرێ لە دەمامک و دەستکێش و پاگژکەرەوە.
دەبێ کرێکاران و پزیشکان و پەرستاران مافی ئەوەیان هەبێ کە ئازادانە را
و بۆچوونی خۆیان دەربڕن و رەخنە لە کەموکوڕییەکان و کەمتەرخەمییەکان
بگرن نەک وەک ئەوەی لە ئەمەریکا روودەدا کە رێگە نادرێ بە کرێکاران و
پەرستاران ئازادانە رەخنەبگرن لە سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە
مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنانەت لە کارکردن رادەگیردرێن یان
دەردەکرێن و رێگەیان پی نادرێ لەگەڵ میدیاکاندا وتووێژ بکەن.
دەبێ خەڵک تەواوی خەڵک مافی ئەوەیان هەبێ تەواوی زانیارییەکان وەربگرن
لە بارەی نەخۆشخانەکانەوە و بار و رەوشی تەندروستیی هەروا نەخۆشخانەکان
ئازادانە دەربارەی کەموکورتییەکانیان قسەبکەن کە چیان هەیە و چیان
نییە.
ئەم شتانە کە تا ئێستا نەکراون لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە کە
نەمانتوانیوە بەڵکو لەبەرئەوەیە کە لە سیستەمێکدا گیرمانخواردوە کە
پێیدەڵێن سەرمایەداریی چونکە ئەوان دەیانەوێ بیدەن بە گوێماندا کە
تەنها شتێک دابیندەکەن کە قازانجی ئەوانی تێدابێ ئەگینا لە بیری
تەندروستیی و ساغیی خەڵکەوە نین. دابینکردنی شتومەکی تەندروستیی و
پزیشکیی نەخۆشخانەکان و خۆئامادەکردن بۆ وەها پەتایەک یا ڤایرۆسێک
کارێکی قورس و گران نییە. ئامادەکردن و داکردنی ئەو کاڵایانە کارێکی
سەخت نییە، بەڵام - بەڵامێکی گەورە - داکردن و هێشتنەوە و بەرهەمهێنانی
ئەو کاڵایانە لە رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بەو پەتا و نەخۆشییە
سوودمەند و پڕ قازانج نییە. لەبەرئەوە کێشەی سەرمایەداریی نییە کە
کۆمەڵگا چۆن رووبەڕووی وەها پەتایەک دەبێتەوە، پێیوایە کە وردە وردە
کۆمەڵگا لەگەڵیدا دەست و پەنجە نەرمدەکا ئەوە کێشە نییە و لە ئەنجامدا
پاش تێپەڕبوونی کات (ڤاکسین)ێک بەرهەم دێنێ کە لە کاتی خۆیدا قازانجێکی
بێ ئەژمار لە بەرهەمهێنانی ئەو دەرمان و (ڤاکسین)ەوە وەدەستدێنێ، ئیتر
گیان لەدەستدانی چەندین هەزار یا ملیۆن لە مرۆڤەکان ئەوە جێگەی سەرنج و
گوێپێدانی سەرمایەداریی نییە.
____________________________________________________
* ریچرد
ۆڵف: ئابوورییناسی مارکسیی و پرۆفیسۆری
ئابووریی لە زانکۆیەکانی ئەمەریکا.
٢٣\٤\٢٠٢٠
ماڵپەڕی سالار حەمەسەعید
|