٧\٣\٢٠١١
یەکەمین
بهرپرسیهتی لە ئەستۆی گەل خۆیدایە
که لەبەردەم
سەرۆکێکی نەزاندا بێدهنگ و ملکهچه.

زمکان عەزیز
قەزافی سەرۆکی لیبیا لە لێدوانێکیدا دیموکراسیەتی بە ( زعیم والکراسی )
پێناسە کرد و ماناکەشی والێکدایەوە کە زەعیم ھەمیشە لەسەرکورسیەکەیەتی
.
ئەڵبەت ترس و سڵەمینەوەی لیبیەکان لە کتێبە سەوزەکەی قەزافی ھەمان ترسی
کتێبی قورئانە لای خەڵکی ئیسلام کە لە ناوەڕۆکیشدا کتێبە سەوزەکەی
قەزافی خاڵیە لە مەعریفە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم
پیاوە چل ساڵێکە پێشەوای عەقڵێتی ئەو ووڵاتەیە و تا ئێستاش ھەر ماوە .
سەرکردەکانی کوردیش لەسەر کورسیەکەی قەزافی قینج و قوت دانیشتون و
کتێبی سەوز ئەنوسنەوە. کتێبە سەوزەکانی دەسەڵاتی کورد زۆرن لەوانە
کتێبی سەوزی پەرلەمان و کتێبی سەوزی حوکومەت و کتێبی سەوزی نەمانی کورد
کوژی نێوان دوو پارتەکەی تاڵەبانی و بارزانی و کتێبە ھەرە گەورەکەش کە
تا ئێستا بۆیان تەواو نەبووە و ھەرگیز تەواو نابێت کتێبی سەوزی ژمارە
سەد و چلە .
مادەی ژمارە سەد و چلی دەستوری عیراقی لای دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەمان
ھاوشێوەی کتێبە سەوزەکەی قەزافیە ، جیاوزیەکەش ئەوەیە کە قەزافی
کتێبەکەی ھێناوەتە بەرھەم و ترسی لەناو دڵی لیبیەکاندا چاندووە بەڵام
مادەی سەدوچل ئەو تارماییە ترسناکەیە کە دەسەڵاتداران بە بیانوی ناسکی
و نالەباری بارودۆخەکە و چاوەڕوانیەکی بێھودەیی و بێ کۆتایی بەو مادەیە
سەرکوتی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان ئەکەن .
دانانی دەستور و چاکسازی لە یاساکانی دەستوری ووڵاتانی دنیادا ماوەکەی
لە شەش مانگ تێپەڕ ناکات و لە دوای دانانی دەستوریش ئەرکی جێبەجێکردنی
یاساکان ڕاستە و خۆ دەستپێئەکات .
لە عێراقیشدا دوای دانانی دەستور ھەموو مادەکان کەم و زۆر کاریان
پێکراوە ، تەنھا مادەی سەدو چل نەبێت کە ئێستا پەرلەمانی عێراقی لە
ھەوڵی ھەڵوەشانەوەیدایە لەبەر ئەوەی ئەو مادەیە لە قازانجی نەتەوەیەکە
سەرکردەکانیان خەریکی کارو کاسپی خۆیانن و ئەرکە نەتەوەییەکانیان
بیرچووەتەوە .
لە کۆبونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی شاری کەرکوک پێش چەند ڕۆژێک نێچیرەڤان
بارزانی بە ناوی خۆی و دەسەڵاتی کوردەوە خەڵکی شارەکەی دڵنیا کردەوە کە
کەرکوک موڵکی کورد و عەرەب و تورکمانە و ھاتنی ھێزی پێشمەرگەش کە
لەدەرەوەی شار بارگەیان خستووە تەنھا بۆ پاراستنی شارەکەیە لە بشێوی و
ئاژاوەگێڕی .
نێچیرەڤان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانەوە یەکێک بووە لە
سەرکردە دەرکەوتووەکانی ناو دەسەڵات و بە ناوی ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەی
نێوان ھەردوو پارتی سەرەکیەوە دووجار بووەتەوە بە سەرۆکی حوکومەتی
ھەرێم ، ئەو ڕۆژە ڕووگەشی و دڵخۆشی بە نێچیر بارزانیەوە لە
لێدوانەکانیدا نیشانەی ئەوە بوو کە تازە زانیبێتی کەرکوک شارێکی تری
کوردە و تەنانەت لە ھەردوو جارەکەی کابینەی حوکومەتەکەیدا کەرکەک لە
ھەموو ڕویەکەوە پشتگوێخرا بوو لەگەڵ گوێنەدانە مادەی سەدوچل و ھەموو
پرەنسیبە نەتەوەییەکانی تری خەڵکی بێچارە و مافخوراوی کورد ، دوا بە
دوای بیست ساڵ حوکمی دەسەڵاتی کورد و ھەشت ساڵ ڕزگار بونی شاری کەرکوک
تازە نێچیر خیتابی ئەوە ئەدات با ئیتر ھەموو پارتەکانی کورد لە کەرکوک
پێکەوە دانیشتنی ھەمیشەییان ھەبێت و یەگرتوو و یەک دەنگ بن .
ھەر یەک لە تاڵەبانی و بارزانیش لە چاوپێکەوتن و لێدوانەکانی ئێستا و
پێش ئێستاشیان بۆ دۆسیەی کەرکوک لە میدیا جیھانی و ناوچییەکانەوە
کەمتریان لە بانگەوازەکەی نێچیرەڤان نەکردووە و ئەوەندەش لە پێناو
کەمکردنەوەی دەسەڵاتی یەکتر کاریان کردووە بۆ خزمەتگوزاری
کەمایەتیەکانی عەرەب و تورکمان لە شارەکەدا ئەوەندە کاریان بۆ خەڵکە
دەربەدەر و سەرلێشێواوەکەی کورد لە کەرکوکدا نەکردووە ، ئەوەش بوویە
ھۆی سەرکەوتنی لیستی ئەلعێراقیە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی کەرکوکدا .
وەزیری پێشمەرگەی دەسەڵاتی کورد لە قوڵایی ھێزەکەیەوە دانی بەوەدا نا
کە ئەو شارە جێنشینی کورد و عەرەب و تورکمانە و ھاتنی پێشمەرگە وەک
پەرژینێکی قایم و ئەستور ئەو شارە لە گێرەشێوان ئەپارێزن . دڵنیاشی
کردەوە کە بە خۆی و ھێزەکەیەوە ئامادەن لە ژێر چاودێری ھێزی عێراقی و
فەرمانی دەوڵەتی عێراقیدا بن تا ئەو کاتەی شڵەژانی شار لە بشێوی ئارام
ئەبێتەوە .
دەنگی سوپاکەی کورد ئەیسەلمێنێت کە مافی دەسەڵاتی کورد لە کەرکوکدا
تەنھا پاسەوانێتیە و ھەرچی لە بڕیاری سیاسی و جوگرافی و ستراتیجێتی
نەتەوەیی ھەیە کاری بەغداد و پەرلەمان و دەسەڵاتی عێراقیە .
خاکی جوولەکەکان لە مێژوودا کە بە ناوی ئەرزی کەنعانەوە بوو لە
ئیسرائیلی ئێستا زۆر گەورەترە و بەشێک لە خاکی لوبنان و سوریا و
ئەردەنیشی لەسەرە کەچی فەلەستینیەکان لە دوای وەرگرتنی مافی چارەنوس
داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ئەکەن و پێیان لەسەر قودسیش داگرتوە و بە
پایتەختی خۆیانی ئەزانن ، بە مەرجێک مانای فەلەستین خۆی لە خۆیدا واتە
جوولەکەستان .
مێژووش کڵێشەی خاکی کوردی سەلماندووە و ئێستاش بە پێی مادەی سەد و چلی
دەستوری عێراقی وەک جوگرافیا و نفوس کەرکوک و ھەموو ناوچە دابڕاوەکانی
تر ئەگەڕێنەوە ژێر باڵ و دەستی ھەرێم و کەرکوکیش ئەبێتە پارێزگای
چوارەمی کوردستان.
کەچی لە ھەڵوێست و لێدوانەکانی نێچیر بارزانی و وەزیری پێشمەرگە و
ھەردوو سەرۆکە کوردیەکەش کە تاڵەبانی و بارزانین دەرئەکەوێت کە بە تەنگ
کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی ترەوە نین و پاڵپشتی بڕیاری پەرلەمان و
دەسەڵاتی عێراقین .
سەربازە ئەمەریکیەکان لە ناوچەکانی کەنداوی عەرەبی و عێراقدا بە ھۆی
گەرمی ناوچەکەوە کە پێی ڕانەھاتون چاویلکەی ڕەش بەکاردێنن و لە کاتی
فێنکی و سەرماشدا چاوەکنیان بەرەڵای ناو ڕووناکی ڕۆژ ئەکەنەوە .
لە چەند ڕۆژێکی پێشودا مەحمود سەنگاوی کە سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتمانی
کوردستانە بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە لەبەردەم سوپاکەیدا بە لێداونێکی
سەربازی ھەڕەشە ئامێزەوە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی پارتەکەیەوە دەستوری
عێراقی ھەڵتەکاند و لای خۆیەوە ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆی ھەڵکرد ،
خیتابەکەی سەنگاوی دڵی خەڵک و خاکی کوردستانی ڕاچڵەکاند ، ئەوەی ئەو
ووتی دەسەڵاتی ھەرێمی شەرمەزار کرد . خیتابەکەی مەحمود لای سەرۆکی
یەکەمی کە تاڵەبانیە خەونێکی شاعیرانەیە و لای بارزانی سەرۆکی دووەمی
گفتێکە لە کورەزا پێنج ساڵیەکەی وەرگرتووە و ھەر بە ئەویشی ڕاسپاردووە
. دەنگۆی ئەوەش ھەیە مەحمود سەنگاوی لە لایەن پارتیەوە سزای ئەو
لێدوانەی وەرگرتبێت .
کاتێک دەسەڵاتدارانی ھەرێم توشی ئیفلاس بوونی سیاسی ئەبن لەبەردەم
سکاڵا و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان عەقڵێتی حیزبیان بۆ بەدیھێنانی
دەسکەوتەکان ئیفلیج ئەبێت و خێرا ھەرێم و پەرلەمان و حوکومەت و کەرکوک
و مادەی سەد و چل بە بیانو دێننەوە و ئەچن بە گژی تووڕە بونی خەڵکی
کوردستاندا ، ئەوەش لە بیری خۆیان ئەبەنەوە ئەو ھەموو ساڵە دەسەڵاتی
ھەرێم خۆی دەسبەرداری کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر بوون و لە
شۆڤێنەکانی ناو دەسەڵاتی عێراقی زیاتر بانگەشەی عێراقیەتی کەرکوک و
ھەموو بەشە دابڕاوەکانی تری کوردستانیان کردووە .
لە تەقینەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی ووڵاتانی عەرەب لە
بەردەم دیوارە ئاسنینەکەی دیکتاتۆرێتدا کە ئێستا کوردستانیشی گرتۆتەوە
دەسەڵاتی کورد عەقڵ و تاکتیکی سیاسی لەدەست داوە و پلانێکی واش لە
ئارادا نیە کە شپرزییەکانیان کۆبکەنەوە واتە عەقڵێتێکی سیاسی یەگرتوو
نیە لە نێوان ھەردوو پارتی دەسەڵاتداری کورد لەبەردەم ئەو ئاستەنگیانەی
دێتە کایەوە لە پێشەلکاریەکانی مافی ئینسانی کورد و بەدینەھێنانی
پەیمانەکانیان بۆ خەڵک و گەناندنی لەشی کوردستان بە گەندەڵیەکانیان
چیتر توانایان نەماوە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان ڕزگار بکەن ، ھەموو
سەرکردەکان لای خۆیانەوە دان بە گەندەڵیەکاندا ئەنێن و بە بێ تاوان
خۆیان پیشان ئەدەن ئاخر ئەوە لە بێدەنگی و ملکەچی خەڵکەوەیە پەتای
گەندەڵی پێی ناوەتە ناو ھەموو ماڵێکەوە تەنانەت لە خیتابی دەسەڵاتەوە
دەرئەکەوێت خەڵک خۆی بەرپرسیارە لە بڵاوبونەوەی پەتای گەندەڵی .
یان وەک قەزافی سەرۆکی لیبیا سەرکردەکانی دەسەڵاتی کوردیش بە زمانی
فیشەک دیموکراسیەت بە (زعیم والکراسی) ئەخەنە مێشکی خەڵکەوە.
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|