٢\٤\٢٠١٦
یەکەم ساڵیادی
کۆڕەو و یادەوەرییەک.

ئیسماعیل تەنیا
کۆڕەو خواست و ویست و یەکدەنگی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان بوو
بەرامبەر بە ناڕازیبوون و ڕەتکردنەوەی جارێکی تر ژیان لەسایەی
دیکتاتۆریەت و ڕژێمێکی تۆتالیتاری نموونەی ڕژێمی بەعس یان سەدام
حوسێندا.خەڵک سەرەڕای نەبوونی و نادیاری ھێڵەکانی داھاتووی
ژیان،سەرەڕای نەبوونی زەبت و ڕەبت و بڵاوبوونەوەی دیاردەی چەکداری
وسەرھەڵدانەوەی کۆنەقین و گیانی تۆڵەکردنەوە لە سایەی حوکمی بیست ڕۆژەی
بەرەی کوردستانیدا،وێرای ئەمانەش؛نەبوونی ئاوو کارەباو پێویستیەکانی
ژیان بەگوێرەی پێویست،ئینجا ژیانی خۆبەڕێوەبردن و ئازادی نەگۆڕیەوە بە
جارێکی تر گەڕانەوە بۆ سێبەری مۆتەکەی ترس و ڕەوینەوە لە سێبەرەکان و
حوکمی مەرگ و سێدارە.سەدای کۆڕەوی یەک ملیۆنی،بووە ھۆکارێک بۆ ناسین و
بردنەپێشی دۆزی کورد لە مەحفەلە نێودەوڵەتیەکان و ڕاکێشانی ھەست و سۆزی
ئینساندۆستانەی شەقامی جیھانی،زۆر بەتایبەتیش ھی ئەوروپاو
ڕۆژئاوا.لەسایەی ئەم کۆڕەوە مەزنەدا،ھێلی پاراستن و بەرقەراربوونی
ئاسایشی(٣٦)،بۆ خەڵکی کوردستان دابین کرا.چیدی لێنەگەڕان ڕژێمی سەدام
بەکەیف و ماشای خۆی،کەی ویستی،ھێرش و پەلامارەکانی خۆی دەست
پێبکات.ھێلی (٣٦)،بووە کۆتێک بۆ دەسەڵاتەکەی.ھەر ئەم ھێڵەش بووە خاڵی
دەستپێکی نزیکبوونەوەی مەرگی ھاتا ھەتایی.
لەیەکەم ساڵڕۆژی ئەم یادەدا،سەرەڕای نەبوونی سادەترین پێویستیەکانی
ژیان و دڵنیا نەبوون لەچارەنووسی داھاتوودا،یەکێتی نووسەرانی کورد لقی
ھەولێر،لەدەستپێشخەریەکی ناوازەدا،کە داینەمۆو داڕێژەری بیرۆکەکەش
ھەردوو ھاوڕێیان؛مومتاز حەیدەری و تاریق جامباز بوون.بڕیاردرا
بەشێوەیەکی جیاواز،یادی یەکەمین ساڵڕۆژی ئەم کۆڕەوە
بکرێتەوە.سەرەتا،یەک دوو ڕۆژ پێشتر، پلانەکە داڕێژرا.بۆ
بەشداریکردن،ئاگاداری ھەموو ئەندامەکان کرا.وتاری یەکێتی
نووسەران،نووسرا. بەیانێک کە بریتی بوو لەداوا کردن لە نوێنەری نەتەوە
یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،کە زێتر بەھانای ویستو خواستەکانی
خەڵکی کوردستانەوە بێن،نووسرا.سەرلەبەیانی،کاتژمێر حەوتی ڕۆژی(٣١/١/١٩٩٢)،وەک
بیرھێنانەوەیەک بۆ کۆژانی سەختی زێد بەجێھێشتن و دژواری ڕێگاو بەپێ
ڕێکردنی کۆڕەوی ساڵێک پێشتر، پاس(ئۆتۆبوس)ێکی گەورە، ئامادەو بەکرێ
گیرا. ئەندامانی بەشداربوو، بەگوێرەی ژمارە زۆریان،بەداخەوە؛ئەوەندە
ئامادەی بیرھێنانەوەی ئەم یادە نەبوون.بۆ بیرھێنانەوەو دەمەزەرد کردنی
یادەوەرییەکان،نەخاسمە دوو ھاوڕێی بەشداربوو لە یادکردنەوەکەدا،ئێستاکە
لەژیاندا نەماون و چوونەتە ژیانێکی تری ئەبەدییەوە، ئەویش؛ ھاوڕێیان
پارێزەرو ڕۆژنامەنووس فیکرەت عیزەت و خالید جوتیاری نووسەرو
فۆلکلۆریست،بوون.ئەوانەی بەشداری یادەکەو ڕێڕۆیشتنەکە بوون بریتی بوون
لە؛مومتاز حەیدەری،تاریق جامباز،سەید مەولود قادر بێخاڵی،ئیسماعیل
بەرزنجی،سەعدوڵا پەرۆش،سەلاح عومەر،ئیسماعیل تەنیا،نەوزاد عەلی
ئەحمەد،دلشاد عەبدوڵا،ھاشم سەڕاج، جەلال بەرزنجی،خالید جوتیار،فیکرەت
عیزەت.خاڵی دەستپێک ھەولێرو خاڵی دیماھی، تانکە سووتاوەکانی نێوان کۆڕێ
و شەقڵاوە،بوو.بە (بوس)،بەڕێکەوتین.لەھەورازو لۆفەکانی ھاوینەھەواری
پیرمام، دابەزین.تا گەیشتینە سەنتەری پیرمام،بەپێ ڕۆیشتین.لەوێوە سواری
(بوس)،بووینەوە تا کۆڕێ.لە کۆڕێوە تا تانکە سوتاوەکان،جارێکی تر بەپێ
ڕۆیشتین.ئەم ڕێڕۆیشتن و یادکردنەوە،بووە جێگای سەرنج و تێڕامانی
ڕێبواران و دانیشتوانی پیرمام و کۆڕێ.لەڕێگادا،تووشی مامۆستا سەعد
عەبدوڵا ھاتین کە لە شەقڵاوەوە دەچووە ھەولێر.ئەوکات ئەندامی مەکتەبی
سیاسی حزبی سۆسیالیستی کوردستان، لێپرسراوی لقی ھەولێری حزبی ناوبراو
بوو.لەلامان ڕاوەستاو بە زەردەخەنەیەکەوە دەستخۆشی لێکردین.
لەسەر تانکە سووتاوەکان،کە ببووە سیمبوڵی قوربانیدان و بەرخودانی گەلی
کوردو بەزینی یەکجارەکی ڕژێم،وتاری لقی ھەولێری یەکێتی
نووسەران،خوێندرایەوە.چەند وێنەیەکیش،وەک یادگاری گیرا.وا بزانم
کەوتنەلای ھەردوو ھاوڕێیان؛مومتاز حەیدەری و تاریق جامباز.پاش
نیوەڕۆیەکی درەنگ گەیشتینەوە شاری ھەولێر.یەکسەر چووینە بارەگای یوئێن
و بەیان و داخوازینامەکەمان تەسلیم کردن. بە تەسلیم کردنی
بەیاننامەکە،ڕێوڕەسمەکەش کۆتایی ھات.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا،نەمری و جاویدانی بۆ
گیانی ھاوڕێیان؛خالید جوتیارو فیکرەت عیزەت و سەعد عەبدوڵلا.سڵاویش بۆ
بەرخودان وکۆژانەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و ستەمدیدەی کوردستان.بەھیوای
ئەوەی کە لەساڵڕۆژی داھاتووی کۆڕەودا،لە کوردستانێکی ئازادو سەربەخۆی
پڕ لەنازو نیعمەت،یادێکی مەزنی شایان بە شکۆی ئەم قوربانیدانە،بکەینەوە.
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|