په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٦\٢٠١١

یەکێتی بەرەو کام ئایندە؟..
دوای سی و شەش ساڵ.. یەکێتی بەرەو کوێ مل دەنێ؟


راپۆرت: ستیڤان ئەحمەد


یەکی حوزەیرانی رابردوو 36 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی تێپەڕی، پرسیارێک هەنووکە و لە یادی سی و شەش ساڵەی ئەو حزبەدا دروستبووە، ئەوەیە ئایا یەکێتی بەرەو کام ئایندە دەڕوات؟. ئایا یەکێتی سەرەنجام شکست دەهێنێت لەبەرامبەر تەحەدییەکانی بەردەمی یان بەپێچەوانەوە دوای شکستەکانی جیابوونەوەی گۆڕان بەرەو سەرکەوتن دەڕوات؟. ئەم پرسیارە یەکێکە لە پرسیارە هەرە جیددییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان. پرسیارێکە پێش خودی یەکێتییەکان، هێزەکانی دەرەوە دەخوازن وەڵامەکەی وەربگرنەوە.

مێژووی یەکێتی، جیاوازیی و ململانێ.


یەکێتی کۆکتێلێک بووە لە خەت و باڵە سیاسییە جیاوازەکان، هەمیشە جیاوازیی و ململانێ خەسڵەتێکی گرنگ و بەردەوامی ئەو حزبە بوو، ئەگەر لە رەهەندێکەوە جیاوازیی بۆچوون و ململانێی خەت و فراکسیۆنە جوداکانی ئەو حزبە زیانی بە پێگە سیاسییەکەی گەیاندبێت، ئەوە بێگوومان لە لایەکی ترەوە جۆرێک لە زیندووێتی بە یەکێتی بەخشیوە و بووە بە داینەمۆی بەردەوامبوونی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا. لە ماوەی ئەم 36 ساڵەشدا جیاوازیی و ململانێکانی ناو یەکێتی بوونە هۆکاری سێ لێکترازانی گەورە لە ریزەکانیدا. یەکەم لێکترازان بۆ دەیەی هەفتاکانی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە، بە جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە دەستیپێکرد و بەچەند گێمێکی شەڕی خوێناویی کۆتایی هات. دووەم جیابوونەوەی لە دەیەی هەشتاکاندا روویدا، وەختێک بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و کۆمەڵە بڕیاریاندا لە ژێرناوی "ئاڵای شۆڕش" درێژە بە خەتی مارکسیزم- لێنینیزمی پێشووی یەکێتی بدەن، دیسانەوە ئەمەشیان رووبەڕبوونەوەی عەسکەریی تێکەوت. جیابوونەوەی سێیەمیش کە بەهێزترین جیابوونەوەیە لە مێژووی یەکێتیدا بریتییە لە ئینشقاقکردنی باڵی "ریفۆرم" و دامەزراندنی حزبێکی نوێ بەناوی "گۆڕان". ئەگەرچی ململانێی گۆڕان و یەکێتی لە سەرەتاوە لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و لە هۆیەکانی راگەیاندنەوە بوو، بەڵام بەمدواییانە بەرەو ئاقارێکی خراپ رۆیشت کە هێندەی نەمابوو بگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی.

ئەنوەر حسێن، وەک چاودێرێکی سیاسیی باس لە جیابوونەوە دەکا لە یەکێتی و پێیوایە ئەو حزبە توانیووێتی بە هەناسەیەکی دیموکراتیانە مامەڵە لەگەڵ پرسی جیابوونەوەدا بکات، ئەو نموونەی جیابوونەوەی گۆڕان بە بیر دەهێنێتەوە و دەڵێت: یەکێتى نەک هیچ کردەوەیەکى لە خۆى نیشاندەدا بەڵکو بە کارێکى ئاسایى زانى و پێیوابوو جیابوونەوە لە حزب کارێکى ئازادە و ناکرێ کێشە و گرفتى لێ دروستبێ. لەکاتێکدا لە مێژوویى چل ساڵى رابردووى خەباتى باشوورى کوردستان کەمن ئەو جیابوونەوانەى بێ کێشە رۆیشتوون و بێ توندوتیژیى و شەڕ و شۆڕ یەکلاکراونەتەوە. کە رەنگە لەشاخ وەک شار بەو گەورەییەوە هێزەکان ئینشقاقیان نەکردبێ. دیارە جیابوونەوە لەشار گرنگى تایبەتى خۆى هەیە و مانا و مەغزاکانیشى جیایە، بەڵام یەکێتى ئەمەى بەسادەیى تێپەڕاند و جگە لە کێشە و گرفتى بوارى راگەیاندن. یەکێتى گۆڕانى وەک دوژمن سەیر نەکردووە.

بەڵام بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێک لە کاردانەوەکانیدا، بریتییبوو لە لاوازکردنی پێگەی یەکێتی بەرامبەر بە هەژموونی پارتی، یان بە مانایەکی تر پرۆسەی جیابوونەوەی باڵی ریفۆرم لە یەکێتی زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەوەی پارتی ببێتە حزبی یەکەمی کوردستان لە رووی نفوز و جەماوەر و لە رووی باڵادەستی سیاسیی و قسەرۆیشتنەوە لە کۆی ئەو پێشهاتە سیاسییانەی لە کوردستاندا هاتوونەتە پێشەوە. ئێستاش یەکێتی دوای سی و شەش ساڵ لە مێژووی خۆی، لە قۆناغێکدایە دەبێت برینەکانی ئینشقاقی حزبی چارەسەر بکات، چوونکە ئەگەر کەمتەرخەمی لە بوارەکانی خزمەتگوزارییدا کێرڤی یەکێتی هێنابێتە خوارەوە، ئەوە ئیشنقاق بە تەواوەتی لاوازی کردووە.

هەستانەوەی دوای شکست.


بەشێک لە نێوەندی سیاسیی و میدیایی یەکێتی، باس لە هەستانەوەی یەکێتی دەکەن پاش شکستی پرۆسەی هەڵبژاردنی 2572009، کە یەکێک بوو لەو وێستگە گرنگانەی یەکێتی رووبەڕووی شکستێکی چاوەڕواننەکراو کردەوە. ئەگەرچی شکستی خێرا و باوەڕپێنەکراوی یەکێتی لەو رێکەوتە مێژووییەدا زادەی لێتکرازان بوو لە ماڵی یەکێتیدا، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتی پێیانوایە دوا بەدوای بەستنی کۆنگرەی سێیەم و هەڵبژاردنی حەوتی ئاداری ساڵی رابردوو، هاوکات تەواوبوونی پرۆسەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بە قازانجی دەسەڵات بە گشتیی و یەکێتی بە تایبەتی، کێرڤی سیاسیی و ئاستی نفوزی جەماوەریی حزبەکەیان بەرز بۆتەوە، بە راددەیەک دەتوانرێت ئەم پێشکەوتنە لە بارودۆخی سیاسیی یەکێتیدا بە هەستانەوەی دوای شکست پێناسە بکرێت، چوونکە مێژووی یەکێتی هیچی تر نییە جگە لە کۆمەڵێک هەستانەوە و شکستی یەک لە دوای یەک، هەروەک چۆن ئەو حزبە لە منداڵدانی شکستی 1975ەوە لە دایکبوو، ئاوها لە منداڵدانی زۆر قۆناغی سەخت و پڕ شکستییەوە سەرکەوتنەکانی یەکێتی تێدا لە دایکبووە.

ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ، پێیوایە ئەرکێکی گەورە بۆ بەرەوپێشچوونی یەکێتی لەسەر تێکڕای ئەندامانی یەکێتییە، لە پێناوی سەرکەوتنی زیاتر و چاککردنی رەوشی هەنووکەی یەکێتی، ئەو پێیوایە: جۆشدانەوەی یەکێتی لە ئاستەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە. بەرپرسیارێتیێکی دەستەجەمعییە و هەموو یەکێتییەکان لێی بەرپرسیارن، لە سکرتێری گشتییەوە تا ئەو هەڤاڵەی ئەمڕۆ شەرەفی ئەندامێتی وەردەگرێت. هەڤاڵان لە بنکەی جەماوەری یەکێتیش بەرپرسیارێتیان لەسەرشانە و رەنگە زەحمەت بێ تاسەر ئەو پاساوەمان بیخوا هەموو ئەرکەکان بۆ سەرکردایەتی بەجێبێڵین و شانی خۆمان لە بەرپرسیارێتی خاڵی بکەینەوە. یەکێتییەکان دەستپێشخەرییان پێویستە بۆ ئەوەی لە هەر بازنەیەکی خەباتدا توانا و لێوەشاوەیی خۆیان گەشەپێبدەن و لە کۆڕی ململانێی سیاسیی، لە ناو کوردستانی دیموکرات و جەنجاڵ بە حزب و ئاڕاستەی سیاسییدا، ئەم تواناو لێوەشاوەییە تاقیبکەنەوە و داکۆکی لە بەرنامە و سیاسەتەکانی یەکێتی بکەن. ئەوی سەربەرز دەبێت بەو داکۆکییە بێگومان لە ناوخۆی یەکێتیشدا بەهرەمەند دەبێت لە مافی ئاڕاستە و چاکسازیی راستەقینە لە کاری رێکخراوەییدا. ناشآ بە پاساوی ئیلتزامی رێکخراوەیی گیانی داهێنانی حزبی و دەستپێشخەریی بکوژین. هەروەک ناشآ بە بیانووی بوونی تەحەفوز لەسەر ئەم بەرنامە، یان ئەو سیاسەت، کۆششی خۆمان بۆ خزمەتکردنی یەکێتی پەکبخەین. تەحەفوز لە مەیداندا چارەسەر دەبێت و هەڵەی کاری مەیدانیش هەر لە مەیداندا راست دەکرێتەوە.

لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا، روانگەیەکی تر هەیە کە پێیوایە یەکێتی بەردەوام لە بچووکبوونەوەدایە، تا ئەو ئاستەی لە چەند ساڵی داهاتوودا، دەبێتە حزبی پلەی سێی کوردستان لە دوای پارتی و گۆڕانەوە، خۆ ئەگەر دوای مردنی مام جەلال، هەردوو باڵی یەکێتی "یەکێتی ئێستا، گۆڕان" یەکنەگرنەوە لە چوارچێوەی یەک حزبدا ئەوە بێگوومان کێرڤی یەکێتی زیاتر دێتە خوارەوە و رەنگە دابەزێت بۆ حزبی پلە چوار و پێنج، بەڵام بەهێزترین ئەگەر تا ئێستا ئەوەیە دوای مام جەلال یەکێتی و گۆڕان لە ژێر سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفادا کۆدەبنەوە. بۆیە ئەوە لە حاڵی حازردا یەکێتی بە سەرکەوتنی پاش شکست ناوزەدی دەکات بە بڕوای ئەو بەشە لە چاودێران تەنیا بانگەشەیەکی رووتی میدیاییە، ئەمەش وەک بەشێک لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبی گۆڕانی نەیار.

شکستی ئەجیندا.


رەخنەگران و نەیارانی یەکێتی هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، یەکەم شکستی یەکێتی لەو چرکەساتەوە دەستپێدەکات، کە پشت دەکاتە بەرنامە و ئەجیندای سیاسیی خۆی، ئەجیندایەک ماوەی چەند دەیە بێ پسانەوە خەباتی بۆ کردووە. سەرکردەکانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو پەیام و وتەکانیاندا باس لە شکستی یەکێتی دەکەن لە رووی ئەجینداوە، یان هەردەم ئەوە بەبیر دەهێننەوە ئەو حزبە زیاد لە سی ساڵ کادر و ئەندامانی خۆی وا فێرکرد و بارهێنا جیاوازییەکی قووڵیان لەگەڵ پارتی هەبێت و بەهەموو شێوەیەک نەیاریی سیاسەتەکانی پارتی بکەن، کەچی هەنووکە یەکێتی بووە بە کۆپییەکی پارتی، ئەمەش لە سادەترین دەربڕیندا شکستی پرۆگرامی سیاسییە،. هەرچی سەرکردەکانی یەکێتیشە ئەوە بە جۆرێک لە چەواشەکاریی لە قەڵەم دەدەن و رایدەگەیەنن یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەت و پرنسیپی فکریی خۆی وەک پێشوو بەردەوامە و هەر لەو سۆنگەیەشەوە بەشداریی هەر پرۆسەیەکی سیاسیی دەکات لە کوردستاندا.

حاکم قادر حەمەجان، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە: یەکێتی هەمان یەکێتی جارانە و هەمان جەماوەری پێشووی خۆی لەگەڵی ماوەتەوە، بۆیە دەڵێ: جەماوەرێک لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتییەوە تا ئەمڕۆ بەرەی دیموکراسی و رزگاریی نیشتمانی و مافی چارەنووسی هەڵبژاردووە لەگەڵ یەکێتی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، ئەو جەماوەرە هێز و توانا و باوەڕی داوەتە یەکێتی، ئامانجەکانی رادەستی ئەو کردووە تا بەدیبهێنێت، ئەو جەماوەرە دڵسۆزیی و خەمخۆریی و ئاڕاستەکردنی بۆ یەکێتی کردۆتە تیشکی رووناکی رێبازی سیاسەتێکی راست و دروست و هەنگاوەکانی یەکێتی بەپشتیوانی ئەو جەماوەرە رێگای سەرکەوتنی دۆزیوەتەوە. بۆیە ئەو جەماوەرەی یەکێتی کە پشتوپەنای راستەقینەی بووە بۆ سەرکەوتن و دەستەبەرکردنی سەرجەم سەروەرییەکانی مێژووی رابردووی، دەبێ نەک بە تەنیا یەکێتی لە ئاستی خەون و داخوازییەکانیاندا بێ، بەڵکو دەبێ بۆ ئایندەش بەهەمان تەوژم یەکێتی ئاڕاستە بکات و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی بێت.

لای خۆیەوە "ئازاد جندیانی" وتەبێژی فەرمی یەکێتی وەڵامی ئەو بۆچوونانە دەداتەوە کە سەبارەت بە شکست یان فەشەلی سیاسیی یەکێتی دەردەبڕدرێت و پێیوایە شکستی حزبێک لە کایە یان بوارێکی دیاریکراودا ناکاتە شکست و فەشەلی راستەقینەی ئەو حزبە لە هەموو شتێکدا. بۆیە ئەو دەڵێت: لای ئێمە فەشەلی هەر حزبێک لە فەشەلی سیاسەتێکدا کورت دەکرێتەوە. بوشی دووەم، کە سەرکردەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا بوو، لە هەر دوو دەورەی سەرۆک کۆماریی خۆیدا نەیتوانی نە هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژیی سەددام حسێن بدۆزێتەوە، نە بن لادنی بگرێ یان بکوژێ، سەرەنجام کۆمارییەکان لە هەڵبژاردندا فەشەلیان هێنا، بەڵام هیچ کەسێک پارتی کۆماری ئەمەریکای بە حزبێکی فاشل پێناسە نەکرد، ئەوە مەنتیقی هەڵسەنگاندنە نەک پێچەوانەکەی، ئەم مەنتیقە بۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاش هەروایە، بۆ نموونە لە بەریتانیا بۆ پارتی کرێکاران و پارتی پارێزگاران، لە ئەڵمانیا بۆ پارتی سۆسیال دیموکرات و دیموکراتی مەسیحییش هەروایە.

یەکێتی بەرەو کوێ مل دەنێت؟

پرسیاری جەوهەری ئەوەیە یەکێتی دوای سی و شەش ساڵ بۆ کوێ مل دەنێت؟. هەندێک جەخت لەوە دەکەنەوە تەمەنی حزبێک بەناوی یەکێتی تەریبە لەگەڵ تەمەنی کەسێک بەناوی جەلال تاڵەبانی، دیتنی تر هەیە پێیوایە یەکێتی ئەو ناونیشانەیە کە لە قۆناغی دوای تاڵەبانیدا هەموو ئەوانەش کۆدەکاتەوە ئەمڕۆ لە ژێر ناوی گۆڕاندا کار دەکەن، لە بەرامبەر ئەو دوو روانگەیەدا، بۆچوونی سێیەم هەیە و پێیوایە یەکێتی دوای تاڵەبانی پەرش و بڵاو دەبێتەوە و بەشێوەیەکی سەرەکیی دابەش دەبێت بەسەر گۆڕان و پارتیدا، زۆرینە لە ژێر چەتری نەوشیروان مستەفادا کۆدەبنەوە و کەمینەیەکیش بۆ ناو پارتی دەچن. هەر سێ بۆچوونەکەش روانگەی دەرەوەی یەکێتین، بەڵام یەکێتییەکان خۆیان بەپێچەوانەوە بیردەکەنەوە و پێیانوایە حزبەکەیان توانای نوێبوونەوە و بەردەوامی هەیە و دەتوانێت بەدەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نەوەی ئێستاوە بۆ نەوەی نوێ زیندووێتی خۆی رابگرێت و وەک ژمارەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانەکەدا خۆی بهێڵێتەوە.

سۆزان خاڵە شیهاب، پەرلەمانتاری یەکێتی پێیوایە حزبەکەی توانای خۆ نوێکردنەوە و بەردەوامیی هەیە و دەڵێت: هەر کەسێک تۆزێک بەویژدانەوە سەیری مێژووی 36ساڵەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بکات، تێدەگات ئەم حزبە وەک چۆن لەرابردوودا حزبی بەرخودان و فیداکاریی و تێکۆشان بووە، گومانی نابێت کە حزبی ئایندە و نەوەی نوێ دەبێت، حزبی سەردەم و داهێنانی نوێ دەبێت، بۆ ئەوەی ئەم حزبە بەردەوام بێت لە مەیدانی خەباتدا پێویستە سەیری ئایندە بکات و کەرەستەی بۆ ئەم خەباتە دیموکراسییەی سەردەمی نوێ هێزی لەبن نەهاتووی گەنجەکانییەتی بە رابەرایەتی و حیکمەتی گەورەکانییەتی، چوونکە ئەوان بوون ئەم رۆژگارەیان بۆ ئێمە هێنایە دی و ئێمەش لە حیکمەتی ئەوانەوە فێر دەبین و بەردەوام دەبین.

هەرواش "وەسفیە بەنی وەیس" ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ: یەکێتی هەروەک لەهەڵسانەوەی شۆڕش و تەحەدای دوژمندا داهێنەر بوو، لە بەڕێوەبردنی کاروانی خەباتیشدا خوڵقێنەر بوو، چوونکە هەمیشە چاوی بڕیبووە ئاسۆی سەرکەوتن و بڕوای بە دواڕۆژی بەرنامەکەی هەبووە، باکی بە زریانی پیلانەکان نەبوو، هەرگیز سڵی نە دەکردەوە لە کەند و کۆسپەکان، بۆیە ئێستاش بەشێکە لە حوکمڕانی کوردستان تەکانی باشتر دەدا بۆ دەستەبەرکردنی دەستکەوتی باشتر بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. یەکێتى لە شاخدا لەو هەموو تەلبەند و ئابڵوقەیەی دوژمنان رانەچڵەکێ، هەربۆیە دوای 36 ساڵ بەئاسانی ناکەوێ وەکو نەیارەکانی داو و تەڵەکەی بۆ دەنێنەوە تا هەوڵ و جموجۆڵەکانی قەتیسبکەن و گۆڕەپان چۆڵبکات.

قسەی کۆتایی ئەوەیە، ئەگەرچی هەموو لایەک چاویان لە پاشەڕۆژی سیاسیی یەکێتی بڕیوە، بەڵام ئەوەندەی دەبینرێت هێشتا یەکێتی هێزێکی بە دەست و چالاک و کاریگەرە، هەرچەندە پێشبینی بۆ ئەوەی داخۆ یەکێتی لە داهاتوو چی لێدێت و دەبێتە هێزی ژمارە چەند، کارێکی دژوارە، بەڵام راستییەک هەیە نابێت نادیدەی بگرین کە یەکێتی هێزێکە توانای مانەوەی هەیە و دەتوانێت بۆ قۆناغەکانی داهاتوو وەک حزبێکی کاریگەر لەسەر سەحنە بمێنێتەوە. بە کورتی و کوردیی هێشتا ئەستێرەی بەختی یەکێتی لە ئاسمانی سیاسەتی کوردستاندا هەر دەدرەوشێتەوە.

 

 

Shamzini79@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک