١٧\٨\٢٠١٨
یەکێتیی گشتی
ئەدیب و نووسەرانی عێراق
خەڵاتی رێزلێنان
پێشکەش بە شاعیری ناوداری کورد "ئەحمەد دڵزار" دەکا.

دلێر ئیبراهیم
لە
درێژی سەردانی شاندی باڵای یەکێتیی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عێراق، بۆ
ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی خەڵاتی رێزلێنان و
بەرزنرخاندنی پۆلێک لە ئەدیب و شاعیر و داھێنەرانی بواری ئەدەب و وێژەی
کورد، خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە شاعیری گەورەی گەلەکەمان "ئەحمەد
دڵزار" کرا.
لەو میانەشدا شاندێکی باڵای یەکێتیی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عێراق، کە
پێکھاتبوو لە "حوسێن جاف" جێگری یەکەمی ئەمیندارو "سەعد جەمیل فەتتاح"
ئەندامی دەستەی گشتی یەکێتیی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عێراق، بە
ئامادەبوونی "سۆران عەبدولڕەحمان" سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان
و "عەبدولڕەحمان فەرھادی" سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد و
ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەدیب و رۆشنبیران، خەڵاتی رێزلێنانی جەواھیری
لەلایەن حوسێن جاف جێگری ئەمینداری گشتی یەکێتییەکە پێشکەش بە ئەحمەد
دڵزاری مەزن کرا، بۆ بەرزنرخاندنی رۆلی بەڕێزیان لە بواری ئەدەب و
رۆشنبیریی.. ھەروەھا چەپکە گوڵی یەکێتیی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عێراقی
پێشکەش کرا.
لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا "سۆران عەبدولڕەحمان" سەرۆکی کۆمەڵەی
چاپخانەکانی کوردستان، ستایشی ئەم بەسەرکردنەوەیەی یەکێتیی گشتی ئەدیب
و نووسەرانی عێراقی کرد بۆ رێزلێنان لە ئەدیب و نووسەرانی کورد،
بەتایبەتیش ھەڵبژاردنی "ئەحمەد دڵزار"ی مەزن کە تەمەنی ٩٩ ساڵی
تێپەڕاندووە، ھەمیشە رۆلێکی داھێنەرانەی ھەیە لە بوارەکانی ئەدەب و
ھونەر و رۆشنبیریی کوردیدا و مانگی رابردووش لە ئاھەنگێکدا بە سپۆنسەری
چاپخانەی شەھاب و کونسوڵخانەی گشتی فەڵەستین لە ھەرێمی کوردستان دوا
کتێبی خۆی بەناوی "ھەڵبژاردە شیعرییەکان" بڵاوکردەوە، ھەروەھا
کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەرە.
"سۆران عەبدولڕەحمان" سوپاسی یەکێتیی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عێراقی
کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییەو پێشکەشکردنی خەڵاتی رێزلێنان بە شاعیری
ناوداری کورد "ئەحمەد دڵزار"، دواشی لە وەزارەتی رۆشنبیریی ولاوان و
لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ رێزلێنان لەم کەڵە
شاعیرە مەزنە شەقامێکی بەرچاو یان قوتابخانەیەکی بەناو بکرێت و
مۆزەخانەیەکی تایبەتیش بۆ خستنەڕووی قۆناغەکانی ژیانی بکرێتەوە، بۆ
رێزلێنان لە رۆلی مێژووی ئەم کەسایەتییە مەزنەی گەلی کوردستان.
شایانی باسە "دڵزار" ناوی تەواوی "ئەحمەد مستەفا محەمەد"ە، لە ٨ی
کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە شاری کۆیە لەدایکبووە.
ھەولێر
dler20022@gmail.com
|