په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠٢٢

یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، چۆن دامەزرا؟


عەلی مەحمود محەمەد  


یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، کە سەرەتا ناوی "یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال"ـی لێنرابوو و پاشان لە کۆنفڕانسی دامەزراندن ناوەکەی گۆڕدرا، بیرۆکەیەک بوو لە ماوەی (٥ مانگ و ٥ ڕۆژدا) ھاتە بەرھەم.. کە دەستەیەکی ئامادەکاری شەش کەسی، بێی ھیچ پاڵپشتیەکی مادی و حیزبی بە توانای خودی، توانیان بیھێننە بەرھەم.
ئەم رێکخراوە لە چرکەساتی دەستکرد بە ئامادەسازی بۆ دامەزراندنی لە (١٣/٦/٢٠٢١) تا سازدانی کۆنفڕانسی دامەزراندن لە (١٨/١١/٢٠٢١)، ھەشت کۆبونەوەی ئامادەسازی ئەنجامدا، کە پێنج کۆبونەوەی بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.. لەگەڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە (٢٥/٩/٢٠٢١) لە شاری ھەڵەبجە.
ھاوکات وەک لە یەکەم نامەی دەستەی سێی کەسیەکەی یەکەم کۆبونەوەی دامەزراندن "کە ئاڕاستەی نوسەرانی بواری جینۆساید کراوە"، ھاتووە؛"دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید.. زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەکە واپێویست دەکات، کە تواناکانی ئەم توێژە لە نوسەرانی بواری جینۆساید، لە چوارچێوەی رێکخراوێکی پیشەیی رێکبخرێتەوە".
ئەگەرچی یەکەم کۆبونەوەی کرداری لە (١٣/٦/٢٠٢١) بۆ دامەزراندنی ئەم رێکخراوە دەستی پێکرد، بەڵام لە چەند ساڵی پێشووتر چەند ھەولێکی ھاوشێوەش لەلایەن کۆمەلێک نوسەری دیکەوە نرابوو، بەڵام ئەو کۆبونەوانە نەگەیشتبوون بە ئەنجام.

یەکەم کۆبونەوە و دانانی بەرنامەکان.


رۆژی (١٣/٦/٢٠٢١) ھەر یەک لە (شێخ سدیق ئەحمەد و عەلی مەحمود و ھێمن حەسیب) لە کتێبخانەی دیالۆگ لە شاری کەرکوک دانیشتنێکیان سازدا و تێیدا تاوتوێی بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخراوێکی پیشەیی تایبەت بە نوسەرانی بواری جینۆسایدیان کرا.
دیارە پێشتر ئەم بیرۆکەیە لە نێوان خۆیاندا واتا (شێخ سدیق ئەحمەد و عەلی مەحمود و ھێمن حەسیب) چەندجارێک تاوتوێی کرابوو، بەڵام یەکەم دانیشتن و دانانی بەرنامە بۆ دەستکردن بە کارکردن لە ڕۆژی (١٣/٦/٢٠٢١) ئەنجامدرا.
لە کۆبونەوەی ئەم دەستە سێی کەسیە، سێی بەرنامەی کار دانرا، کە بریتی بوون لە:
یەکەم: بە شێوەیەکی سەرەتایی ناوی یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆساید دیاری بکرێت.
دووەم: گروپێک لە ئەپلیکەیشنی (واتس ئاپ) دروست بکرێت و ھەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بانکھێشتی گروپەکە بکرێن بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەکە، بۆ ئەو مەبەستە (ھێمن حەسیب) راسپێردرا.
سێیەم: نامەیەک بنوسرێت و ئاڕاستەی تەواوی نوسەران بکرێت، بە مەبەست ئاشناکردنیان بە پڕۆژەکە.
چوارەم: چەند خاڵێکی سەرەتایی وەک مەرجی ئەندامبوون دیاری کرا، کە بریتی بوون لە:
١ـ ھەر نووسەرێک دوو کتێبی لە بواری جینۆساید ھەبێت.
٢ـ ھەر ئەکادیمیستێک کە تێزی دکتۆراکەی یاخود ماجستێرەکەی لەسەر جینۆساید بێت.
٣ـ سەرنووسەر و بەڕێوبەری گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە ئەنفال و جینۆساید.
لە دوای ئەو دانیشتنە، یەکەم ھەنگاوی کردەیی لە ڕۆژی (١٤/٦/٢٠٢١) بە دروستکردنی گروپێکی واتس ئاب لە نوسەرانی بواری جینۆساید دەستی پێکرد و پاشان نامەیەک بە ناوی چوار کەس (شێخ سدیق ئەحمەد و عەلی مەحمود و ھێمن حەسیب و لەتیف فاتیح فەرەج)، ئاڕاستەی نوسەرانی بوارەکە کرا.. ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەیە:

نامەیەکی کراوە بۆ نووسەرانی بواری جینۆساید
پڕۆژەی (یەکێتی نووسەرانی بواری جینۆساید) بۆچی؟


لە نیو دووەمی سەدەی رابردوو، گەلی کورد لەسەر دەستی ڕژێمەکانی عێراق، رووبەرووی چەندین شاڵاوی پاکتاوی رەگەزی و نەژادی و کۆمەڵکوژی و کیمیاباران بۆتەوە، کە دەرئەنجامی ھەموو ئەو تاوانانە لە بەرەگێکی یاساییدا بە (تاوانی جینۆساید) لە یاسا و پەیماننامە نیودەوڵەتیەکاندا پێناسەکراوە.
وەک ئاشکرایە... لە دەرئەنجامی ئەو تاوانانە و لێکەوتە و دەرھاویشتەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، توێژێکی خەمخۆر لە نووسەرانی کورد، ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاریی و بەڵگەکەکان لەسەر تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد و بە دیکۆمێنتکردنیان لە ئەستۆ گرت.. دەرئەنجامی ئەم ھەواڵانەشە چەندین کتێب و توێژینەوەی بەرھەمداری لە بواری تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بەرھەمھێنا... کە وەک ئەرشیفێکی گرنگ بۆ داھاتوو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان... دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید، کە دەتوانین سەرەتاکەی بۆ پاش ڕاپەرینی بەھاری (١٩٩١) وەربگرین.. ئەمڕۆ نووسین لە بواری جینۆساید تایبەتمەندی وەرگرتووە و نووسەرانی ئەو بوارەش تایبەتمەند بوونە.. کە زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەکە واپێویست دەکات ھەموو تواناکان لە چوارچێوەیەکی رێکخراوێکی پیشەیی بە چەشنی یەکێتی نووسەرانی کورد و رێکخراو ئەکادیمیستە تایبەتەکان رێکبخرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە کە لە خوارەوە ناومان ھاتووە، ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەکەین، بە ئامانجی خستنەڕووی دامەزراندنی رێکخراوێکی پیشەیی کە ببێتە کۆکەرەوەی تەواوی نووسەران و توێژەرانی بواری تاوانەکانی جینۆساید بە ناوی (یەکێتی نووسەرانی بواری جینۆساید) لە کوردستان.
ئازیزان... ئامانج لە بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخراوێکی پیشەیی تایبەت بە نووسەرانی بواری جینۆساید لە کوردستان..بریتیە لە:
یەکەم: کۆکردنەوەی تەواوی تواناکانی ئەم بوارە لە رێکخراوێکی پیشەی بە ئامانجی زیاتر بەرەوپێشبردنی نووسین لە بوارەکە.
دووەم: نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە وەک ھەر بوارێکی تر، مافی خۆیانە کە لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کۆببنەوە، کە ببێتە داکۆکیاری ماف و کارەکانیان.. بە تایبەت کە زۆرێکیان ژیانی خۆیان بۆ نووسین لە بواری جینۆساید تەرخان کردووە.
سێیەم: بەرجەستەکردنی ھەوڵەکان و کارکردن بۆ نوێگەری لە نووسین لەم بوارەدا و رووچونە زیاتری لایەنی نووسین لەم بوارەدا.
چوارەم: دانانی بناغە بۆ درێژەدان بە بواری نووسین لە بواری تاوانەکانی جینۆساید لە نێو نەوەی داھاتوو.
پێنجەم: کارکردن لەسەر داڕشتنەوەی ستایل و بنەمای نووسین لە بوارەکەدا ھاوشێوەی بوارەکانی تر.
ئەمە و دەیان خاڵی تر، ئامانجی خستنەڕووی بیرۆکەی دامەزراندنی (یەکێتی نووسەرانی بواری جینۆساید)ـە.
ھاوکات بۆ ھەموو لایەکیش ئاشکرای دەکەین، کە بە ئەمە تەنھا بیرۆکەیە و بڕۆژەیەکی کۆتایی نییە، بەڵکو قابیلی ھەر گۆڕانکاری و فراوانکردنە.. لە کۆتاییدا ھیوادارین خەمخۆرانە ئەم نامەیە قبوڵ بفەرموون و پێکەوە کار بۆ ئەم ئامانجە بکەین.
ئامادەکارانی پڕۆژە:
١- شێخ سدیق
٢- عەلی مەحمود
٣- ھێمن حەسیب
٤- لەتیف فاتیح فەرەج

* ھەنگاوەکانی دواتر
دوای (١٠) ڕۆژ لە کارکردن و گۆڕینەوەی راوبۆچوون لە نێو گروپی (نوسەرانی بواری جینۆساید) لە واتس ئاپ، کە ڕۆڵی بەرچاوی ھەبوو لە دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە، ڕۆژی (٢٤/٦/٢٠٢١) کۆبونەوەی دووەم، بە شێوەی ئۆنلاین لە رێگەی بەرنامەی (ZOOM) ئەنجامدرا و ھەر یەک لە (عەلی مەحمود، ھێمن حەسیب، دکتۆر ئیبراھیم مەلا زادە، فاتیح سەنگاوی، ئیبراھیم ھەورامانی) بەشدارییان تێیدا کرد و ھەر یەک لە (شێخ سدیق و لەتیف فاتیح فەرەج) بەھۆی سەفەکردنەوە نەیانتوانی بەشداری بکەن.
لەم کۆبونەوەدا چەند بەرنامەی کارێک دانرا، دیارترینیان:
یەکەم: ھەر یەک لە (شێخ سدیق و عەلی مەحمود) راسپێردران، پەیوەندی بە نوسەرانی بوارەکە بکەن.
دووەم: (ھێمن حەسیب) راسپێردرا ڕەشنووسی پەیڕەوێکی ناوخۆ ئامادە بکات و دواتر لەلایەن (فاتیح سەنگاوی) پێداچونەوەی بۆ بکرێت.
سێیەم: بڕیاردرا ڕۆژی (١/٧/٢٠٢١) کۆبونەوەیەکی تر بە شێوەی ئۆنلاین سازبدرێت.
لە دوای ئەم کۆبونەوە، لە ڕۆژی (٣٠/٦/٢٠٢١) واتا شەش ڕۆژ لە دوای کۆبونەوەی دووەم، ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ خرایە بەردەم نوسەرانی ئەندام لە گروپ.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاردرا بوو ڕۆژی (١/٧/٢٠٢١) کۆبونەوەیەکی تر سازبدرێت، بەڵام بەھۆی ئیلتزاماتی دەستەی ئامادەکاری پڕۆژەکە، کۆبونەوەکە دواخرا.. پاشان لە کاتژمێر (٩) شەوی (١٢/٨/٢٠٢١)ـی کۆبونەوەیەکی دیکە ئەنجامدرا و لە کۆبونەوەکەدا، ژمارەیەک بڕیاری نوێ دران، دیارترینیان؛ دیاریکردنی دەستەی دامەزراندن، کە سەرپەرشتی پڕۆژەکە بە شێوەی ھەمیشەیی بکەن.. ئەمەی خوارەوە، کۆنووسی کۆبونەوەی سێیەمە:

کۆنووسی کۆبونەوەی سێیەم و بەرنامەی کار.


شەوی پێنج شەممە (١٢/٨/٢٠٢١)، بۆ جاری دووەم بە شێوەی ئۆنلاین کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا.. تێیدا جارێکی تر تاوتوێی پڕۆژەی (یەکێتی نوسەرانی بوار جینۆساید) کرا بە بەشداری (شێخ سدیق ئەحمەد، عەلی مەحمود، ھێمن حەسیب، فاتیح سەنگاوی، ئیبراھیم ھەورامانی، رێکار مزوری).. لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە:
یەکەم: دەستەی دامەزراندن دیاریکرا لەم بەڕێزانە (شێخ سدیق ، ھێمن حەسیب، لەتیف فاتیح فەرەج، ئیبراھیم ھەورامی، فاتیح سەنگاوی)، کە بە شێوەی ھەمیشەیی سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکەن.
دووەم: پێداچونەوە بە ڕەشنووسی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی ئامادەکراو.
سێیەم: ئامادەسازیکردن بۆ سازدانی کۆبونەوەیەکی فراوان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، کە سەرجەم نوسەرانی بواری جینۆساید بانگێشت دەکرێن و کۆبونەوەکە لە مۆنۆمێنتی شەھیدان لە ھەڵەبجە سازدەدرێت.
چوارەم: کۆبونەوەیەکی مەیدانی لە ڕۆژی چواشەممە (٢٥/٨/٢٠٢١) لە مۆنۆمێنتی ئەنفال ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ئامادەسازی بۆ کۆبونەوەی گشتی.
بۆ ئەو مەبەستە ڕەشنووسی پەیڕەوی ئامادەکراوە، جارێکی تر لە گروپ بڵاودەکرێتەوە، تا سەرجەم بەڕێزانی ئەندامانی گروپ راو بۆچووی خۆیان بخەنەڕوو….لەگەڵ زێردا.

کۆبونەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ
ئەم کۆبونەوەیە بە دووەم کۆبونەوەی مەیدانی دادنرێت لە دوای یەکەم کۆبونەوە لە (١٣/٦/٢٠٢١) و ھاوکات بە یەکەم کۆبونەوەی دەستەی دامەزراندن دادەنرێت، کە لە کۆبونەوەی ئۆنلاینەکەی ڕۆژی (١٢/٨) بڕیاری لەسەر درابوو.
لە کۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک ھەنگاو و بڕیار گیرانەبەر، دیارترینیان ناوی پڕۆژەکە لە (یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆساید گۆڕدرا بۆ یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال)، ئەمەی خوارەوە دەقی کۆنووسی کۆبونەوەکەیە:

کۆنووسی لیژنەی ئامادەکاری دامەزراندنی
(یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆساید و ئەنفال)

ڕۆژی چوارشەممە (٢٥/٨/٢٠٢١)، کاتژمێر (١١) بەیانی، کۆبونەوەی دەستەی دامەزراندنی (یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆساید و ئەنفال) بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (شێخ سدیق ئەحمەد - مامۆستا فاتیح سەنگاوی - لەتیف فاتیح فەرەج - ھێمن حەسیب - ئیبراھیم ھەورامانی)، بەڕێز (عەلی مەحمود)، بە ھۆکاری سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات نەیتوانی بەشداربێت.. لەم کۆبونەوەدا (ھابیل حاجی ئەحمەد) وەک بەڕێوبەری مۆنۆمێنت بەشداری کۆبونەوەکە بوو.. لە کۆبونەوەکەدا ئەم ھەنگاوانە گیرانەبەر:
یەکەم: پێداچونەوە بە ڕەشنووسی بەیڕەو وپڕۆگرامی ئامادەکراوە کرا بە لەبەر چاوگرتنی سەرجەم تێبینی و پێشنیار و رەخنەکان کە لە گروپی واتس ئاپ خرابونەڕوو... ھاوکات بەڕێز (لەتیف فاتیح فەرەج) راسپێردرا، ڕەشنووسی دیباجەیەک ئامادە بکات.
دووەم: ھەر یەک لە بەڕێزان (لەتیف فاتیح فەرەج - شێخ سدیق ئەحمەد)، راسپێردران، پارێزەرێک لە سنوری پارێزگای ھەولێر دیاری بکەن، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە دامەزراندنی رێکخراوەکە.
سێیەم: بڕیاردرا بە بانگەوازکردنی سەرجەم نوسەرانی بواری جینۆساید و توێژەرانی ئەم بوارە، کە پەیوەندی بکەن بەم ھەنگاوە بە مەبەستی یەکخستنی تواناکان.
چوارەم: بڕیاردرا ڕۆژی (٢٥/٩/٢٠٢١) دەستەی دامەزراندن لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی، پڕۆژەی یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی رابگەیەنێت و ھەر لە ھەمان ڕۆژ کۆبونەوەیەکی دیکەی دەستەی دامەزراندن بە ئامادەبوونی ژمارەیەک نووسەری بواری جینۆساید بەڕێوەبچێت.
پێنجەم: ناوی پڕۆژەکە لە (یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆساید بگۆڕدرێت بۆ یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال).
شەشەم: لە کۆبونەوەی (٢٥/٩)، بڕیار بدرێت لەسەر کات و شوێنی سازدانی یەکەمین کۆنفڕاسی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید.
حەوتەم: (ھێمن حەسیب) ڕاسپێردرا، کە پەیوەندی بە چەند کەسێکی شارەزا بکات، بۆ ئامادەکردنی لۆگۆی رێکخراوەکە..
لە دوای ئەم کۆبونەوەیە، ھەنگاوەکان و گفتوگۆکان لە نێو گروپی واتس ئاپ، زیاتر گەرم وگۆڕتر بوون و ژمارەیەکی زیاتر نووسەران لە گروپەکە بەشدارییان کرد.

کۆبونەوەی (١٨/٩)
بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ کۆبونەوەکەی شاری ھەڵەبجە و کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە، شەوی (١٨/٩/٢٠٢١) دەستەی دامەزراندن، بە شێوازی ئۆنلاین کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا.. ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیار و کۆنووسی کۆبونەوەکەیە:

کۆنووسی کۆبونەوەی دەستەی دامەزراندن
بە شێوەی ئۆنلاین
کاتژمێر (٩)ـی شەوی (١٨/٩/٢٠٢١)، لیژنەی ئامادەکار کۆبونەوەیەکی ئۆنلاینی ئەنجامدا و تێیدا ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
یەکەم: پێداچونەوە بە دیباجە ئامادەکراو لەلایەن (لەتیف فاتیح فەرەج) بۆ پەیڕەوی ناوخۆ کرا.
دووەم: گروپێکی تایبەت بە دەستەی دامەزراندن لە واتس ئاپ دروست بکرێت.
سێیەم: تاوتوێی ئامادەسازییەکان بۆ کۆبونەوەکەی (٢٥/٩/٢٠٢١) و کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەکە لە ھەمان ڕۆژدا کرا.
چوارەم: مەرجی ئەندامێتی لە دوو کتێبەوە کەمکرایەوە بۆ یەک کتێب و مەرجی وەرگێڕی کتێبەکانی بواری جینۆسایدیش زیاد کرا.

کۆبونەوەی ھەڵەبجە
وسازدانی کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی

ڕۆژی (٢٥/٩/٢٠٢١) سێیەم کۆبونەوەی مەیدانی لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە سازدرا و تێیدا لە ھەموو ڕووەکانەوە تاوتوێی پڕۆژەکە.. ئامەی خوارەوە دەقی کۆنووسی کۆبونەوەکەیە:

کۆنووسی کۆبونەوەی ھەڵەبجە.


کاتژمێر (١٠) بەیانی ڕۆژی (٢٥/٩/٢٠٢١) کۆبونەوەی دەستەی دامەزراندن، بە بەشداری پێنج نوسەری دیکەی بواری جینۆساید ئەنجامدرا، کە بریتی بوون لە (شێخ سدیق - عەلی مەحمود - لەتیف فاتیح فەرەج - م. فاتیح سەنگاوی - ھێمن حەسیب - ئیبراھیم ھەورامانی - مەلا شاخی - محەمەد ساڵح تۆفیق - ئیبراھیم محێدین - دانا ھەڵەبجەیی) و تێیدا بڕیاردرا:
یەکەم: لە مانگی (١١) کۆنفڕانسی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال سازبکرێت.
دووەم: شاری کەرکوک دیاریکرا بۆ سازدانی کۆنفڕانسەکە، بەو پێیەی شارەکە چەقی پرۆسەی جینۆساید بووە و لە دوای رووداوەکانی (١٦ـی ئۆکتۆبەر) رووبەرووی شاڵاوێکی بەفراوانی تەعریب بۆتەوە.
سێیەم: لیژنەیەکی مەیدانی بۆ ئامادەسازی کۆنفڕانس لە (شێخ سدیق و ھێمن حەسیب) پێکھێنرا، بەو پێیەی دانیشتووی شاری کەرکوک و (عەلی مەحمود)ـیش دیاریکرا کە ھاوکارییان بێت.. دەسەڵاتی تەواو درایە ئەم لیژنە بۆ ھەموو کارێک.
چوارەم: لە کۆبونەوەکەدا، بڕیاردرا لیستێک لە نوسەرانی بوارەکە ئامادە بکرێت، کە بانگھێشتی کۆنفڕانس بکرێن.
پێنجەم: لێژنەیەک پێکھێنرا لە (لەتیف فاتیح فەرەج، شێخ سدیق، محەمەد حمە ساڵح تۆفیق، عەلی مەحمود، فاتیح سەنگاوی، ئیبراھیم ھەورامانی) بۆ پێداچونەوە بە لیستی ئەندامانی کۆنفڕانس، کە (ھێمن حەسیب) وەک ئامادەکاری لیستەکە ھاوکارییان دەبێت.
پاشان لە ھەمان ڕۆژدا لە پاش کۆبونەوەکە، کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە سازدرا و تێیدا پڕۆژەکە بۆ رای گشتی خرایەڕوو و دەقی بانگەوازەکە خوێندرایەوە.. کە کەناڵەکانی ئامادەبوو بریتی بوون لە (گەلی گوردستان ـ ماڵپەری شارپرێس ـ کەرکوک تیڤی ـ ماڵپەری ئێستا ـ کوردسات نیوز ـ ماڵپەڕی رۆژنیوز ـ جەماوەر نیوز ـ ماڵپەری وێستگە ـ کەناڵی زاگرۆس ـ کەناڵی سپێدە ـ رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان)... ئەمەی خوارەوە دەقی بانگەوازەکەیە، کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە خوێندرایەوە.

بانگەوازێک بۆ
نووسەرانی بواری جینۆساید
پڕۆژەی دامەزراندنی (یەکێتی نووسەرانی بواری جینۆساید).


لە نیو دووەمی سەدەی رابردوو، گەلی کورد لەسەر دەستی ڕژێمەکانی عێراق، رووبەرووی چەندین شاڵاوی پاکتاوی رەگەزی و نەژادی و کۆمەڵکوژی و کیمیاباران بویەوە، کە دەرئەنجامی ھەموو ئەو تاوانانە لە بەرەگێکی یاساییدا بە (تاوانی جینۆساید) لە یاسا و پەیماننامە نیودەوڵەتیەکاندا پێناسەکراوە.
وەک ئاشکراشە... لە دەرئەنجامی ئەو تاوانانە و لێکەوتە و دەرھاویشتەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردستانی، توێژێکی خەمخۆر لە نووسەرانی کورد، خەمخۆرانە و خۆبەخشانە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد و بە دیکۆمێنتکردنیان لە ئەستۆ گرت.. دەرئەنجامی ئەم ھەوڵانەشە، چەندین کتێب و توێژینەوەی بەرھەمدار لە بواری تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بەرھەمھێنا... کە وەک ئەرشیفێکی گرنگ بۆ داھاتوو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان... دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید، کە دەتوانین سەرەتاکەی لە دوای ڕاپەرینی بەھاری (١٩٩١) وەربگرین.. ئەمڕۆ نووسین لە بواری جینۆساید تایبەتمەندی وەرگرتووە و نووسەرانی ئەو بوارەش تایبەتمەند بوونە.. کە زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەکە واپێویست دەکات ھەموو تواناکان لە چوارچێوەیەکی رێکخراوێکی پیشەیی و ئەکادیمیستی رێکبخرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە کە لە خوارەوە ناومان ھاتووە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ڕای گشتی و نوسەرانی بواری جینۆساید دەخەینەڕوو، بە ئامانجی خستنەڕووی دامەزراندنی رێکخراوێکی پیشەیی کە ببێتە کۆکەرەوەی تەواوی نووسەران و توێژەرانی بواری تاوانەکانی جینۆساید بە ناوی (یەکێتی نووسەرانی بواری جینۆساید) لە کوردستان... کە ئامانجەکانی بریتی دەبن لە:
یەکەم: کۆکردنەوەی تەواوی تواناکانی ئەم بوارە لە رێکخراوێکی پیشەی بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی دۆسیەی جینۆساید.
دووەم: برەودان بە بواری نووسین و توێژینەوەی زانستی لە بواری دۆسیەکانی جینۆساید و پێشێلکاری مافی مرۆڤ.
سێیەم: پرسی جینۆسایدو ئەنفال بکرێتە پرسێکی جیھانی و بە نوسین و توێژینەوە بەشداری ھەموو کۆنگرە و بۆنە مرۆییەکان و مافی مرۆڤ و چۆنێتی دەربازبوون لە جینۆساید بکات.
چوارەم: ھەوڵدان و کارکردن بۆ ئەوەی ئەم رێکخراوە لەگەڵ رێکخراو و ئەنجومەنە ھاوشێوەکانی خۆی لە وڵاتان پەیوەندی گرێ بدات.
پێنجەم: نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە وەک ھەر بوارێکی تر، مافی خۆیانە لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کۆببنەوە، کە ببێتە داکۆکیاری ماف و کارەکانیان.. بە تایبەت کە زۆرێکیان ژیانی خۆیان بۆ نووسین لە بواری جینۆساید تەرخان کردووە.
ئەمە و دەیان خاڵی تر، ئامانجی خستنەڕۆی بیرۆکەی دامەزراندنی (یەکێتی نووسەرانی بواری جینۆساید)ـە.
لە کۆتاییدا ھیوادارین خەمخۆرانە ئەم نامەیە قبوڵ بفەرموون و پێکەوە کار بۆ ئەم ئامانجانەی سەرەوە بکەین.


بەشداربووانی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەکە:
١- شێخ سدیق
٢- عەلی مەحمود
٣- لەتیف فاتیح فەرەج
٤- م. فاتیح سەنگاوی
٥- ھێمن حەسیب
٦- ئیبراھیم ھەورامانی
٧- رێکار مزوری
٨- مەلا شاخی
٩- محەمەد ساڵح تۆفیق
١٠- ئیبراھیم محێدین
١١- دانا ھەڵەبجەیی

کۆبونەوەی
لیژنە دیاریکردنی ئەندامانی کۆنفڕانس.

کاتژمێر (٣) پاش نێوەڕۆی ڕۆژی (١٤/١٠/٢٠٢١) لیژنەی دیاریکردنی ئەندامانی کۆنفڕانس لە ناوەندی ڕۆشنبیری رەھەند لە سلێمانی کۆبونەوە، بە بەشداری (ھێمن حەسیب، شێخ سدیق، محەمەد حمە ساڵح تۆفیق، عەلی مەحمود، فاتیح سەنگاوی، ئیبراھیم ھەورامانی) و پێداچونەوە بە لیستی ئەندامانی کۆنفڕانس کرا و (١٢٣) نوسەر و ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوانی بواری جینۆساید پەسەندکرا بۆ ئەندامێتی کۆنفڕانس.

کۆبونەوەی لیژنەی مەیدانی
لیژنەی مەیدانی کە لە کۆبونەوەی ھەڵەبجە پێکھێنرا لە (شێخ سدیق و ھێمن حەسیب و عەلی مەحمود)، بەو پێیەی دانیشتووی کەرکوک و کۆنفڕانسی دامەزراندن لە کەرکوک ساز دەدرێت، ڕۆژی (١٩/١٠/٢٠٢١) کۆبونەوەی خۆی سازدا و بەرنامەکان بۆ سازدانی کۆنفڕانس دیاریکرد..دیارترینیان: یەکەم: بە مەبەستی دابینکردنی بودجەیەکی پێنج ملیۆنی، نامەیەک بە ناوی شەش ئەندامەکەی سەرەکیەکی دەستەی دامەزرێنەر (شێخ سدیق و ھێمن حەسیب و عەلی مەحمود، لەتیف فاتیح فەرەج، ئیبراھیم ھەورامانی، فاتیح سەنگاوی) بنوسرێت بۆ ئەم لایانەی حکومەت: (سەرۆکایەتی ھەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، وەزیری ڕۆشنبیری).
دووەم: ڕۆژی (١٨/١١/٢٠٢١) دیاریکرا بۆ سازدانی کۆنفڕانس.
سێیەم: بڕیار لەسەر تەواوی کارە لۆجستیەکانی تر وەک دیاریکردنی ھۆڵی کۆنفڕانس و بەرنامەی کۆنفڕانس درا.

بۆچی کۆنفڕانس دواخرا:


لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو ڕۆژی (٦/١١/٢٠٢١) کۆنفڕانس بەڕێوەبچێت، وەک لە کۆبونەوەی ھەڵەبجە بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەھۆی نەتوانرا بودجە دابین بکرێت، کۆنفڕانس دواکەوت بۆ (١٨/١١/٢٠٢١).
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت، لە ڕۆژی (٢٠/١١/٢٠٢١) نامەکە گەیەنرایە ھەموو لایەنەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی بودجەی کۆنفڕانس، وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە، ھەر لە ھەمان ڕۆژ وەزیری ڕۆشنبیری ئامادەیی بۆ دابینکردنی بودجەکە دەربڕی و دوای داواکردنی دەرخستە، نوسراوێکیان بە ژمارە (٢/٣/٥٢٩٣) لە ڕۆژی (٣/١١/٢٠٢١) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد بۆ خەرجکردنی بودجەکە، بەڵام بەھۆی روتیناتی زۆری لە وەزارەتی دارایی رەزامەندییەکە دواکەوت.. کە وەزارەتی ناوبراو پاش (٢٨) ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس لە ڕۆژی (١٥/١٢/٢٠٢١) بە نوسراوی ژمارە (١٣٢٢٣) ڕەزامەندی دەربڕی.. کە دواتر لەسەر داوای دەستەی دامەزراندن، وەزارەتی رۆشنبیری بە نوسراوی ژمارە (٣٠) لە (٣/١/٢٠٢٢)، داوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕی بودجەی تەرخانکراوییان کرد، چونکە لە لایەنێکی دیکەوە، بودجەی کۆنفڕانس دابینکراوە.
لەو ماوەیەدا کە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی دەکرا بۆ خەرجکردنی بودجەی کۆنفڕانس، دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی (٨/١١/٢٠٢١) ڕەزامەندییان لەسەر گرتنە ئەستۆی خەرجی کۆنفڕانس دەربڕی و بڕی پێنج ملیۆن دینار بۆ کۆنفڕانسەکە خەرج کرا.

کۆتا کۆبونەوە:


ڕۆژی (٨/١١/٢٠٢١) لیژنەی دامەزراندن بە ئامادەبوونی ھەر شەش ئەندامەکە، دوایین کۆبونەوەی خۆی بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجامدا و تێیدا ژمارەیەک بڕیار دەرکرا:
یەکەم: پەسەندکردنی کۆتا لیستی ئامادەکراو بۆ کۆنفڕانس کە پێکھتاتبوون لە (١٢٣) ئەندام.
دووەم: بڕیاردرا لەسەر پێشکەشکردنی قەڵغانێکی رێزلێنان بە (ھێمن حەسیب) لە ناو کۆنفڕانس، لە بەرانبەر ماندوبوون و رایکردنی بەشێکی زۆری کارەکان.
سێیەم: بەرنامەی کۆنفڕانس پەسەندکرا و بەرنامەکان دابەشکرا، بەمشێوەیە:
ڕـ شێخ سدیق ئەحمەد، وتاری کۆنفڕانس بە زمانی کوردی پێشکەش بکات.
ب ـ فاتیح سەنگاوی ـ وتاری کۆنفڕانس بە زمانی عەرەبی پێشکەش بکات.
ج ـ ھێمن حەسیب، بە وتەبێژی کۆنفڕانس دیاریکرا.
د ـ عەلی مەحمود، پێشکەشکردنی وتارێک و پێدانی قەڵغان بە ھێمن حەسیب.
ھـ ـ ھەر یەک لە (عەلی مەحمود ـ لەتیف فاتیح فەرەج ـ ئیبراھیم ھەورامانی) دیاریکران، بۆ بەڕێوبردنی دانیشتنی تایبەت بە کۆنفڕانس.
چوارەم: لیستی میوانان بۆ بەشداری لە دانیشتنی کردنەوەی کۆنفرانس پەسەندکرا.. کە لە (١٢٠) حیزب و دەزگا و رێکخراو و کەسایەتی پێکھاتبوون.

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی دامەزراندن:


کاتژمێر (١٠)ـی بەیانی ڕۆژی (١٨/١١/٢٠٢١)، لە ھۆڵی (گۆڵدن تایم) لە شاری کەرکوک، کۆنفڕانسی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال دەستی بە کارەکانی کرد، کە لە سێی دانیشتن پێکھاتبوو.
دانیشتنی یەکەم: دانیشتنی کردنەوەی کۆنفڕانس بە ئامادەبوونی ئەندامان و میوانانی کۆنفڕانس بەڕێوەچوو، کە تێیدا شێخ سدیق ئەحمەد وتاری کۆنفڕانسی خوێندنەوە.. بڕوانە وتاری کۆنفڕانس.
پاشان وتاری کۆنفڕانس بە زمانی عەرەبی لەلایەن فاتیح سەنگاوی خوێندرایەوە و بە دوایدا (عەلی مەحمود) وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەیدا بە ئامانجی دەستەی دامەزراندن لە پێشکەشکردنی قەڵغانی رێزلێنان بە (ھێمن حەسیب).. بڕوانە دەقی وتارەکە.. بە دوایدا قەڵغانی رێزلێنان لەلایەن عەلی مەحمود پێشکەش بە (ھێمن حەسیب) کرا.
ھاوکات خوالێخۆشبوو (د. مارف عومەر گوڵ) وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی دەستەی دامەزرێنەری کرد بۆ گرتنە ئەستۆی ئەم کارە پیرۆزە.
دانیشتنی دووەم؛ بە بەشداری (٦٣) ئەندام لە کاتژمێر (١١.٣٠) دەستی پێکرد و دانیشتنەکە لەلایەن (عەلی مەحمود ـ ئیبراھیم ھەورامانی ـ لەتیف فاتیح فەرەج) سەرپەرشتی دەکرا.. لەم دانیشتنە، کۆمەڵێک بڕیار پەسەندکرا:
یەکەم: سەرەتا وتوێژ لەسەر ناوی رێکخراو کرا، دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان، ناوەکە گۆڕدرا بۆ (یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان).
دووەم: شەش لۆگۆی پێشنیار کراو خرایە بەردەست ئەندامانی کۆنفڕانس، کە لە دەرئەنجامی دەنگدان، لۆگۆی ئێستا پەسەند کرا.
سێیەم: پرسی بارەگای سەرەکی رێکخراو خرایە بەرباس و دوای وتوێژی، بە دەنگی ئەندامان، بڕیاردرا کە بارەگای سەرەکی لە شاری ھەولێر بێت.
چوارەم: سەبارەت بە پەیڕەوی ناوخۆ، ئەندامانی کۆنفڕانس لیژنەیەکی (١١) کەسیان دیاریکرد، کە لە ماوەی مانگێکدا پێداچونەوە بە تەواوی ڕەشنووسی پەێڕەوی ناوخۆ بکەن و دەسەڵاتی تەواو درا بە ئەندامانی لیژنەکە.. کە پێکھاتبوون لە (بەکر حمە حوسێن ـ د. مارف عومەر گوڵ ـ ھێمن حەسیب ـ عومەر حاجی عنایەت ـ محەمەد حمە ساڵح تۆفیق ـ لەتیف فاتیح فەرەج ـ ئیسماعیل ھەنارەیی ـ تاریق کارێزی ـ مەلا شاخی ـ فاتیح سەنگاوی ـ عەبدولرحیم حەسەن ـ ستارە عارف)
دانیشتنی سێیەم: لە کاتژمێر (٢.٣٠) نێوەڕۆی ھەمان ڕۆژ دەستی پێکرد و دانیشتنەکە تایبەت بوو، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی باڵا.
دانیشتنەکە بە سەرپەرشتی ھەر سێی پارێزەر (چیا ئەیوب خورشید ـ نەوزاد ستار رەفیق ـ ھەردی ئیبراھیم شەریف ـ عامر ئەسعەد غەریب) بەڕێوەچوو و سەرەتا دەرگای خۆکاندید کرایەوە و (١٥) کەس خۆیان کاندید کرد.
پاشان پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەچوو، کە بە شێوەیەکی ئاشکرا ونھێنی ئەنجامدرا، دواتر دەست بە ژماردنی دەنگەکان کرا و ئەم بەڕێزانە سەرکەوتن:
١ـ لەتیف فاتیح فەرەج
٢ـ سالار مەحمود
٣ـ فاتیح سەنگاوی
٤ـ عەلی مەحمود
٥ـ ھێمن حەسیب
٦ـ چنار نامیق
٧ـ حەسۆ ھورمێ
٨ـ ئیسماعیل ھەنارەیی
٩ـ گوڵناز عەزیز
١٠ـ ئیبراھیم ھەورامانی
١١ـ بەکر حەمە حوسێن

پاشان ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژێردراو، ھەر یەک لە (سالار مەحمود) بە سەرۆک و (فاتیح سەنگاوی) بە جێگر و (چنار نامیق) بە سکرتێری (یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان) دیاریکرد.

بەلاغی کۆتایی کۆنفڕانس:


کاتژمێر (٣)ـی پاش نێوەڕۆی ڕۆژی (٢١/١١/٢٠٢١) لە مۆنۆمێنتی ئەمنە سورەکە لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژێردراو، کۆنفڕانێسکی ڕۆژنامەوانی سازدرا و بەلاغی کۆتایی کۆنفڕانس پێشکەشکرا.. بڕوانە دەقی بەلاغەکە.

دەقی بەلاغی کۆتایی کۆنفڕانسی دامەزراندنی
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان:

ھاونیشتمانیانی بەڕێز .. نوسەران و شارەزایان .. ئەندامانی کۆنفراس
سڵاوێکی گەرم.


رۆژی (١٨)ـی نۆڤەمبەری (٢٠٢١) لە شاری کەرکوک کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەئامادەبوونی چەندین نوسەرو شارەزایی بواری جینۆساید و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بەسترا.. ھەمان رۆژ کۆنگرە بەسەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی ھێنا.
بە پێویستی دەزانین روونی بکەینەوە، کە بیرۆکەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەڵام دواجار یەکەمین کۆبونەوەی بەکرداریکردنی بیرۆکەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیە لە (١٣/٦/٢٠٢١) لە کەرکوک لە نێوان (شێخ سدیق ئەحمەد ـ عەلی مەحمود ـ ھێمن حەسیب) بەڕێوەچوو و دواتر ھەردوو کۆبونەوەی سازدراو لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە لە پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید، زەمینەی سازدانی یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندن بوو لە کەرکوک.
کۆنگرەی دامەزراندن، بە ئامادەبوون و بەشداری (٦٣) ئەندام، گۆڕینی ناوی یەکێتێەکەی لە (یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال) بۆ (یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان)، و ھەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردن و سپاردنی پرۆژەی پەیڕەو و بەرنامەی کار بە لیژنەی شارەزایان بۆ پیداچونەوە و دواتر پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردن و لیژنەی پیداچونەوەوە، کارەکانی کۆنگرەی بەسەرکەوتووییی کۆتایی پێ ھێنا.
مەبەست لە سازدانی کۆنگرەکە لە کەرکوک بۆ بایەخدان بوو بەو شارەی کە چەندین جار تووشی پەلاماری کۆمەڵکوژی و کاولکردن و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی مەترسیدار بۆتەوە.. بەتایبەت کە لە ئێستادا ماوەی چوار ساڵە، رووبەرووی سیاسەتێکی نوێی بە عەرەبکردن و راگواستنی گوندە کوردییەکان بۆتەوە..ئەگینا ھەموو کوردستان و دۆسیەکانی جینۆساید جێی بایەخی کاری یەکێتیەکە دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆنگرە ئەم راسپاردانەی بە دەستەی بەڕێوبردن سپارد:
یەکەم: یەکێتی نوسەرانی جینۆساید، یەکێتی ھەموو قەڵەمێکی بەپەرۆشی بواری ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و کۆمەڵکوژیە. کار بۆ کۆکردنەوەی ھەموو تواناکانی ئەو بوارە دەکات و وەک چەترێکی گشتگیر بۆ پرۆژەی نوێ و کاری بەکۆمەڵ و تاک پاڵپشت و ھاوکار دەبێت.
دووەم: سازدانی کۆڕو کۆنگرە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەبەشداری پێکردنی شارەزایانی بیانی و ناوخۆیی و بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بەناساندنی جینۆسایدی کوردستان.
سێیەم: دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی بواری جینۆساید و ناوەندە ئەکادیمیەکان و دەزگاکانی پشتیوانی مافی مرۆڤ.
چوارەم: ھاندانی ناوەندەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەبایەخدان بەم کەیسە نیشتمانی و چارەنوسسازەی گەلی کوردستان بەھاندان بۆ توێژینەوەو جێکردنەوەی لە پرۆگرامەکانی خوێندن و فێرکردن.
چوارەم: کۆکردنەوەی بەڵگە و بەدیکۆمێنت کردنی ھەموو سەرجاوەیەک پەیوەست بێ بەجینۆسایدی کوردەوەو پاراستنیان لەناوچوون و بەکارھێنانیان بۆ چالاکی و ناساندن و مانەوە.
پێنجەم: ھاوکاریکردنی ھەردوو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پابەندکردنی حکومەت بە رێکاری یاسایی بۆ زیندوو راگرتنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردستان و گەلانی عێراق.
شەشەم: دەرکردنی بڵاوکراوەو وەرگێڕانی نوسین دۆکیۆمێنتی تایبەت بەجینۆساید بۆ سەر زمانە بیانیەکان.
حەەتەم: ھاندانی ھەردوو حکومەتی عیراق و ھەرێمی کوردستان بۆ فەرامۆش نەکردنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردستان و گەلانی عیراق.. ساڵانە بوجە تەرخان بکرێ بۆ مۆنۆمێنت و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و مەزاری قوربانیان و ژیانی کەسوکاری قوربانیان.
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە ھیواوە دەڕوانێتە بەدەنگەوە ھاتنی ھەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ کاری پێکەوەیی و داوای بەدەنگەوە ھاتنی راستەوخۆی دامەزراوەکانی حکومی و ناحکومی دەکەین بۆ ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش و قەرەبوکردنەوەی ئەو ساڵانەی بەکەمتەرخەمی تێپەڕین و دەست لەناو دەست بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی کە کۆنگرە بە دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی کۆنگرەی سپارد.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
٢١/١١/٢٠٢١

پاشکۆی یەکەم:


دەقی وتاری دەستەی دامەزرێنەر بۆ کۆنفڕانس
کە لەلایەن شێخ سدیق ئەحمەد خوێندرایەوە

بەڕێزان... ئامادەبووانی ئازیز
نووسەران و توێژەرانی بواری جینۆساید
نوێنەرانی پارتە سیاسەکان
کەسایەتیەکان و ڕۆژنامەنووسان..

لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە، گەلی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمەکانی عێراق، رووبەرووی شەپۆلێک لە شاڵاوی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی و نەژادی و راگواستن بۆتەوە، کە دیارترینیان (تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانیەکان و کوردانی فەیلی و کێمیابارانی سێوەسنان و پرۆسەکانی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن و .... ھتد)، کە ھەموو ئەو تاوانانە لە بەرەگێکی یاساییدا بە (تاوانی جینۆساید، تاوانی دژە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) لە یاسا و پەیماننامە نیودەوڵەتیەکاندا پێناسەکراوە.. کە بەداخەوە تاھەنووکە ئەو تاوانانە بەرانبەر بە گەلی کوردستان بەردەوامی ھەیە، کە دوایین تاوانی جینۆساید بەرانبەر بە گەلی کوردستان، جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بوو، کە لە ساڵی (٢٠١٤) لەسەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ئەنجامدرا.. ھاوکات دەستپێکردنەوەی پرۆسەی شاڵاوی بە عەرەبکردن لە سنوری پارێزگای کەرکوک و قەزای دوبز بە پاڵپشتی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق بە ئامانجی داگیرکردنی گوندە کوردنشینەکان.
بەڕێزان... وەک ئاشکرایە لای ھەمووان.... لە دەرئەنجامی ئەو تاوانانە و لێکەوتە و دەرھاویشتەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردستانی، توێژێکی خەمخۆر لە نووسەرانی کورد، خەمخۆرانە و خۆبەخشانە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیارییەکانیان لەسەر تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد و بە دیکۆمێنتکردنیان لە ئەستۆ گرت و ئەم ھەوڵانەشە چەندین کتێب و توێژینەوەی بەرھەمداری لە بواری تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان بەرھەمھێنا... کە وەک ئەرشیفێکی گرنگ بۆ قۆناغی داھاتوو گرنگی خۆی ھەیەو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان... دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید، کە دەتوانین سەرەتاکەی لە دوای ڕاپەرینی بەھاری (١٩٩١)ـەوە وەربگرین.. ئەمڕۆ نووسین لە بواری جینۆساید تایبەتمەندی وەرگرتووە و نووسەرانی ئەو بوارەش تایبەتمەند بوونە.. کە زەرورەتی قۆناغەکە واپێویست دەکات ھەموو تواناکان لە چوارچێوەیەکی رێکخراوێکی پیشەیی و ئەکادیمیستی رێکبخرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەک دەستەیەک لە نوسەران و توێژەرانی ئەم بوارە، ماوەی شەش مانگە، دەست پێشخەرییەکەمان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەک بە ناوی (یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال) کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبونەوە و ھەنگاو و رێکارمان گرتەبەر و گفتوگۆمان لەگەڵ نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارەش کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا کۆتا ھەنگاومان بریتی بوو لە سازدانی ئەم کۆنفڕانسە، تا لە کەش وھەوایەکی ئازاددا، تەواوی نووسەرانی ئەم بوارە گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر دامەزراندنی رێکخراوەکەیان بکەن و لە کۆنفڕانسدا متمانە بە دەستەیەک ببەخشن، کە ھەنگاوەکانی داھاتووی ئەم رێکخراوە بگرێتە ئەستۆ.
دەمانەوێت ئەوەش روون بکەینەوە، کە ئێمە دەزانین یەکێتیی نووسەرانی کورد لە کۆتای ساڵانی شەستەکانەوە دامەزراوە و مێژووییەکەی پرشگندارو پڕ لە خەباتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بینیووە و ئێمە خۆمان بە بەدیلی یەکێتیی نووسەرانی کورد نازانین، بەڵکو دەمانەوێت ھاوپشت و ھاوکاری یەکتر بین بۆ خزمەتی نوسین، کە ئەدەب و ڕۆمان و شیعر پایەیەکی گرنگە بۆ گوزارشت کردن لە تڕاژیدیاکان.
ھەروەھا سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کە ئەزمۆنێکی باشی لە رێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەری ودواتر کردنەوەی خۆێندنی لە زانکۆ و پەیمانگاو ... تا دوایی، کە ڕۆژنامەگەری ڕۆڵی باشی بینیووە لە بە دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆساید.
بۆیە ھەموومان دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، کە پێکەوە دەتوانین کاری باش و ھەنگاوی باش بنێێن بە ھەماھەنگی.
ئامادەبووانی بەڕێز... دامەزراندنی رێکخراوێکی پیشەیی کە ببێتە کۆکەرەوەی تەواوی نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە بە ناوی (یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال) لە کوردستان، ئامانجەکانی بریتین لە:
یەکەم: کۆکردنەوەی تەواوی تواناکانی ئەم بوارە لە رێکخراوێکی پیشەی بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی دۆسیەی جینۆساید.
دووەم: برەودان بە بواری نووسین و توێژینەوەی زانستی لە بواری دۆسیەکانی جینۆساید و پێشێلکاری مافی مرۆڤ.
سێیەم: پرسی جینۆسایدو ئەنفال بکرێتە پرسێکی جیھانی و بە نوسین و توێژینەوە بەشداری ھەموو کۆنگرە و بۆنە مرۆییەکان و مافی مرۆڤ و چۆنێتی دەربازبوون لە جینۆساید بکات.
چوارەم: ھەوڵدان و کارکردن بۆ ئەوەی ئەم (رێکخراوە) لەگەڵ رێکخراو و ئەنجومەنە ھاوشێوەکانی خۆی لە وڵاتان پەیوەندی گرێ بدات.
پێنجەم: نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە وەک ھەر بوارێکی تر، مافی خۆیانە لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کۆببنەوە، کە ببێتە داکۆکیاری ماف و کارەکانیان.. بە تایبەت کە زۆرێکیان ژیانی خۆیان بۆ نووسین لە بواری جینۆساید تەرخان کردووە.
لە کۆتاییدا وەک دەستەی دامەزراندن، سوپاسی تەواوی ئامادەبووانی ئەم کۆنفڕانسە دەکەین و بە ھیواین نوسەرانی بواری جینۆساید و ئەنفال، وتوێژێکی چڕ و بەسوود لە خزمەتی ئەم پڕۆژەیە بکەن، بە ئامانجی سەرکەوتن و سەرخستنی کۆنفڕانس.
دەستەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال:
١- شێخ سدیق
٢- عەلی مەحمود
٣- ھێمن حەسیب
٤- م. فاتیح سەنگاوی
٥- لەتیف فاتیح فەرەج
٦- ئیبراھیم ھەورامانی

پاشکۆی دووەم:

وتەی عەلی مەحمود تایبەت
بە رێزلێنانی دەستەی دامەزرێنەر
بۆ (ھێمن حەسیب)
ئامادەبووانی بەڕێز.. ئامادەبووانی خۆشەویست.. ھەموو لایەک بەخێر بێن
دیارە ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبوینەتەوە بۆ کارێکی گرنگ و نیشتمانی و مێژوویی، کە ئەویش دامەزراندنی رێکخراوێکی گشتگیرە بۆ تەواوی نوسەرانی بواری جینۆساید.
وەک ئاشکرایە لە ماوەی (٣٣) ساڵی رابردوودا، چەندین نوسەرمان ھەبوو، حەقی ئەوەیان ھەبوو، زیاتر لە جارێک ڕێزلێنانیان بۆ بکرێت، لە پێشی ھەموویان شەھید ڕەئوف ئاکرێی، کە یەکەمین کتێبی لە بواری جینۆسایدی ئەنفال نووسیووە تایبەت بە ئەنفالی بادینان، ھەروەھا د. مارف عومەر گوڵ، کە بەڕێزیان ئەمڕۆ لەگەڵمان لەم کۆنفڕانسە بەشدارە، لە پێش ڕاپەرینی (١٩٩١) دەستپێخەری کرد و کتێب و بابەتی لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد نووسی، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی نوسەران، کە لە بواری نووسینی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالدا دەستپێشخەری باشیان کردووە، وەک رەحمان خانی و کاک عومەری حاجی عینایەت و کاک عەبدوڵڵا کەریم مەحمود و نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا و کاک مەلا شاخی، کە گوند بە گوند دەگەڕا، تا قۆناغی ئەنفالی چواری دیکۆمێنت کرد، ئەگەر ناوەکان بژمێرین، زۆر زۆرن.
بەڵام ئێمە لە ماوەی شەش مانگەدا، کە دەستمان بە پڕۆژەی دامەزرندانی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال کرد، کۆڕێکی کە لەگەڵمان بوو، بە تەمەن لە ھەموومان گەنجتر بوو، شەو و ڕۆژ کاری دەکرد بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە و کۆنفڕانسەمان سەرکەوتوو بێت، ئەویش کاک ھێمن حەسیب بوو.. کە زۆر لە خۆبردووانە و زۆر چالاکانە، شەو و ڕۆژ ئیشی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە دەکرد.. بۆیە ئێمە بە دەستەی دامەزرێنەران و ئامادەکارانی ئەم کۆنفڕانسەوە، رێزلێنانێکمان بۆی ئامادەکردووە، چونکە شایەنی ئەوەیە زیاتری بۆ بکرێت.
ھەروەھا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، یەکێکی تر لەو گەنجانەی لە ساڵانی رابردوو لە کارەکانمان لە بوارر جینۆساید لەگەڵمان بوو، شەھید سۆران مامە حەمە بوو، کە لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گۆڕەکەی دادەێین.
لە کۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز بە ھیوایان بە پاڵپشتی ھەمووان، کارەکانی کۆنفڕانس، سەربخەین.

پاشکۆی سێیەم:

وتاری خوالێخۆشبوو
د. مارف عومەر گوڵ
بەڕێزان ئەم کاتەتان باش...
زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم، کە ئەمڕۆ لێرەدا لە خزمەتاندا قسە دەکەم، بە ڕاستی قسەکردن لەسەر بابەت و بواری جینۆساید زۆر گرنگە، چونکە پەیوەندی بە ژیانی رابردوو و ئێستا و داھاتووی میلەتەکەمانەوە ھەیە.
ئەگەر زیادەڕۆیی نەبێت لە حزوڕی بەڕێزتان، کە بڵێم من من زۆر زوو دەستپێخەر بووم لە ساڵی (١٩٩٨)ـەوە کە ھەر ئەنفال دەستی پێکرد، دەستم کرد بە نوسین و کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر جینۆساید.. پاشان چومە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و لە ساڵی (١٩٩٠) یەکەم کورد بووم، کە نامەی ماجستێرەکەم لەسەر جینۆسایدی کورد بوو.. کە پاشتر بە کتێبێکی سەربەخۆ پێنج جار چاپکراوە و ئێستاش خۆشبەختانە بۆ جاری شەشەم چاپ دەکرێتەوە.
بە ڕاست کارکردن لەسەر جینۆساید، ھەم نەفەسێکی دوور ودرێژی دەوێت، ھەم قوربانی و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت... کارێکی زۆر باشە کە ئەم کۆمەڵە بەڕێز و لە خۆبردووانە دەستیان کردۆتە ناو دەستی یەک و ئەم پڕۆژەیان دامەزراندووە و ئێمەشیان بانگێشتمانیان کردووە بۆ ئەم کۆنفڕانسە.. تا قسەیەک بکەین و پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە بکەین.
پێش ھەموو شتێک دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە، یەکەم؛ چۆن ئەم پڕۆژەیە سەردەخرێت، دووەم؛ بە ڕاستی پشتگیریکردنی پڕۆژەکە بۆ خۆی زۆر گرنگە.. بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەگەرنا ئێمە ئەمڕۆ ھەموو شتێک تەواو بکەین و دوای شتێکی ئیفلیج و نەبەکام دروست ببێت.. بۆیە ئەمە دەڵێم، چونکە من ئەزمونێکم ھەیە، ھەم لە ناو دەزگا رەسمیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەم لە دەرەوە، چونکە بە ڕاستی زۆر لە لیژنە و گروپ و رێکخراوانەی لە بواری جینۆساید دامەزراون، ماوەیەک توانیویانە کار بکەن و کاری زۆر باشیش بکەن، بەڵام دوای بەبێی پشتگیری ماونەتەوە، بەبێی دارایی ماونەتەوە، بەبێی ئاوڕدانەوە ماونەتەوە، بۆیە ناچاربوونە ھەر یەکە بە لایەکدا بڕۆن.
نامەوێت ساردبونەوەیەک دروست بکەم بەم قسانەم، چونکە سەرجەم کۆڕ و کۆبونەوەکان لە ئەنجام دڵسۆزی و لەخۆبردوویی پێکھاتووە.. بۆیە زۆر زۆر گرنگە، کار لەسەر ئەوە بکرێت، کە ئەمڕۆ دەستەیەک دیاری بکرێت، دەستەیەک بێت، کە بتوانێت ئەرکی بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژەیەی ھەبێت.
ھەروەھا کۆمەڵێ تێبینیم لەسەر ڕەشنووسی پەێڕەوی ناوخۆی ئامادەکراو و کارنامەی کۆنفڕانس ھەیە، کە لە کاتی بڕگەکانی تری کۆنفڕانس دەیخەمەڕوو و نامەوێت کاتی زیاتر لە ئێوەی بەڕێز بگرم.
بۆیە جارێکی تر من خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم و ھیوادارم ئەم کۆبونەوەیە بتوانێت ئەو دەستەیە ھەڵبژێرێت، کە بتوانێت بەردەوام بێت.. دەیڵێمەوە بەردەوام بێت، چونکە ئێمە ئەزمونێکمان ھەیە بە ئێوەی بەڕێزیشەوە، کە لە زۆر شوێن پڕۆژە دروستکراوە و نەتوانراوە بەردەوام بێت.
جارێکی رێز و حورمەت خۆشەویستیم بۆ ئێوەی بەڕێز ھەیە و زۆر سوپاستان دەکەم.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک