یەکگرتوو لەگەڵ
گورگ گۆشت دەخوا و لەگەڵ مەریش شین دەکا!

بەشدار عهلی
ئەم رۆژانە راگەیاندنەکانى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بە شێوەیەکى
بەرنامە بۆ دارێژراو، رەخنە و گلەیى و نارەزایەتیەکانیان تۆختر
کردۆتەوە لەبەرامبەر(گەندەڵى و بێ مافى و نایەکسانیەکانى)دەسەڵاتدارانى
کوردستان ،بە کورتیەکەى پێمان دەڵێن( ئەو نارەزایەتیە قوڵەى لە نێو چین
و توێژەکانى خەڵکدا بەدیدەکرێت،ئێمە رێبەرایەتى دەکەین و ئەو ژیانەى
خەڵک شایەنى قبوڵ نیە و پێویستە بگۆردرێت و بۆ جێگرتنەوەشى تاکە
هێزى(بێ خەوش) ئەوە یەکگرتووى ئیسلامى هەیە و وەرن لەگەڵمان بن!).
هەر کەسێک ئەگەر ئاگادارى وەزعیەتى کوردستان نەبێت و لە نزیکەوە بە کار
و کردەوە و سیاسەتى یەکگرتوو ئاشنا نەبێت،ئەو زمانەى یەکگرتووى ئیسلامى
ببیستێت کەئیستا تەبلیغى پێ دەکەن و دەیانەوێت خۆیان بکەن بە نوێنەرى
هەزارەها خەڵکى نارازى،راستەوخۆ وادەزانێ ئەو حیزبە فریادڕەسە و خاوەن
پرۆژە و بەرنامەیە بۆ دەرکێشانى خەڵکى کوردستان لەم وەزعیەتە
مەینەتبارە،ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانەتیەک ئەگەر بە قازانج و گۆڕینى
وەزعیەتى خەڵک تەواو نەبێت!لە دەرەوەى ئەو حکومەت و پەرلەمانەیە(کە
ئەوان بە گەندەڵ و هیچ کارە وەسفى دەکەن)،خاوەنى باشترین بەدیلە بۆ
کەمکردنەوەى هەژارى و نەدارى،ژن کوژى و فرە ژنى،فراوانکردنى
چوارچێوەکانى ئازادى،سەربەخۆیى و کۆتایهێنان بە سەرگەردانى و بێ
چارەنووسى،گۆڕینى سیستەمەکانى نێو کۆمەڵگا،هێنانەکایەى یاساو دەستورێک
کە هەموان بێ جیاوازى هەست بە ئارامى و شکۆمەندى بکەن...!!!جا بۆیە
یەکگرتووى ئیسلامى بێجگە لەوەى خۆى بەشێکى سەرەکیە لەم دزى و گەندەڵى و
رۆتیناتەى ئیستا روودەدات،لەگەڵ ئەوەشدا لە هێنانى زۆرێک لە دیاردە
قێزەوەنەکان بۆ ئیفلیج کردنى کۆمەڵکاى کوردستان،دەست پێشخەر و
داهێنەریش بووە!
وێرانى وەزعیەتەکە لێرەوەیە،حیزبێکى ئیسلامى وەکو یەکگرتوو کە هەموو
بەرنامە و پرۆگرامەکانیان لە ئەلفەوە تاکو یائى ناکۆکە لەگەڵ
سەرەتاترین ماف و ئازادییەکانى تاک و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکى
بەختەوەر بۆ بەشەرەکان، هەمیشەکار لەسەر دورست کردنى جیاوازى و مانەوى
هەژارى و برسیەتى و تیرۆر و تۆقاندن و تەقاندنەوە و مل پەڕاندن و
ناکۆکى سەرگەردانى خەڵک دەدەن،کەچى ئیستا بیانەوێت خۆیان بکەنە نوێنەرى
خەڵکى نارازى و وەکو فریادڕەس خۆیان بناسێنن،کەچى لە راستیدا وێرانکەرن
و خەڵکى کوردستانیش ئەمە باش دەزانن،هەر لەبەر ئەمەشە سەربارى نارازى
بوون و بێزارى خەڵک لە پارتى و یەکێتى،بەڵام بەلاى یەکگرتووشەوە ناچێ.
پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، حیزبێکى نقوم بوو لە
دواکەوتووى و بنیات نراو بە خورافیات بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەدیل و
رزگارکەرى خەڵکێکى مەدەنى و شارستانى وەکو خەڵکى کوردستان،بۆیە ئەو
خەیاڵانەى برایانى یەکگرتوو خاوە و بە هیچ شێوەیەک نابنە جێگا ئومێدى
خەڵک و مانگى هەنگوینى ئیسلامیەکان دەمێکە لە کوردستان ئاوا بووە،
هەرچەند پارتى و یەکێتیش گەندەڵتر و بێ سیستەمتر بن.
بێجگە لەمەش بەدرێژایى ئەو چەند ساڵەى رابردوو، دەرد و بەڵا و کێشە و
گرفتەکانى یەکگرتوو بۆسەر ژنان و لاوان و گونجان و مناڵانى کوردستان
کەمتر نەبووە لە کێشە و دەرد و بەڵاکانى پارتى و یەکێتى ،بەبرواى من
ئەگەر لەو لۆژیکە ووردبینەوە کە یەکگرتوو کارى پێ کردووە زۆر ترسناکتر
و کاریگەرتر بووە،بەدەیان ئینسانى ئازادیخواز تەنها لەسەر ووتنى ووشەى
ماف و ئازادى و یەکسانى، سەریان لەلاشە جیاکردەوە و مەحکومیان کرد بە
مەرگ،نوسەران و رۆشنبیران نەیانتوانى لەبەر فتواى ئیسلامیەکان
بۆچونەکان لەسەر قێزەوەنترین دیاردە دەرببڕن،تێزابیان کرد بە قاچى و
ئەو کچانەى جلى مەدەنیان پۆشى و خەڵکیان لەدژیان هاندا،تا ئیستاش
کادیران و لایەنگرانیان لە مینبەرى مزگەوتەکاندا هەرەشە دەکەن و خوێنى
ئەو خەڵکانە حەڵاک دەکەن کە وەکو ئەوان بیرناکەنەوە،خراپى گوزەرانى
خەڵکیان بە فرسەت زانى و پێدانى چەند کیلۆیەک خۆراک و پێدانى چەند
پۆلێکى وەرگیراو لە وڵاتانى ئیسلامى و کەنداویان کردە مەرجى لە چادر
هەڵکێشانى کچان و مناڵان و راکێشانیان بۆ نێو حوجرەکانیان و شۆرینەوەى
مێشکیان بە خورافیات،مزگەوتوکانیان کردە شوێنى سرینەوە و پلان دانان بۆ
ئەو دەنگ و رەنگانەى لە خۆیان جیاوازن،بەرگریان لە بۆگەندەرترین
سیستەمى پەروەردە و فێرکردن کرد بۆ بەرهەم هێنانى نەوەیەکى یەخسیر و
گوێرایەڵ و بێ بیرکردنەوە،لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەى یاساو دەستورێک کە
بە ئاشکرا شەرعیەت دەدا بە پلەدوویى و ژێردەستەى ئافرەتان،لە پێناوى
بەدەست هێنانى سەرمایەى زیاتر دەستیان بۆ پیسترین هێز درێژ کرد.... .
جا حیزبێک ئەوە بەرنامە و پرۆگرام و کار و کردەوەى بێت،چۆن دەتوانى خۆى
لەو دزى راووڕوت و گەندەڵى و رۆتیناتە جیا بکاتەوە؟!جا گورگێک لە
بۆسەدا بێت بۆ پەلاماردان،چۆن خەڵک بڕوایان پێ دەکەن. بۆیە پێویستە
چیتر تەمسیل نەکەن ،چونکە ئیستا خەڵکى کوردستان هێندە هۆشیار و
چاوکراوەن لاپەرەى سپى دەخوێننەوە و معدنى ئەسڵى یەکگرتووش دەمێکە
ئاشکرا بووە.
Bashdar_net@yahoo.com
|