یەکگرتوو - وەهمی
گۆڕان ... بوون بە حزبی بنەماڵە.
سەلام
کۆنگرەی پێنجی یەکگرتوو کۆتایی هات لەگەڵیدا هیوای گۆڕان بوو بە وەهم .
وەک کۆنگرەی هەموو حزبەکانی تری کوردستان تاکە کەس ، بنەماڵە ،
ناوچەگەری مۆرگی سەرەکی و رۆحی کەش و هەوای گۆنگرەکە بوون . هەر وەکو
هەموو حزبەکانی تری کوردستان ئەمجارەش یەکگرتوو بە چەپڵە ڕێزان
سەرۆکیان هەلبژاردەوە بە ناوی( ئەمینداری یەکگرتوو) هەمان کەس و هەمان
فکر و بۆچوون بۆ هەمان ماوەو لەوانەیە بۆ هەتاهەتایش بێت تا مەرگی
سەرکردە.
شێوازی بەرێوە بردن و خۆ کاندید کردن و ڕادەربڕین لەم کۆنگرەیەدا
سەلماندی کە جیاوازی نێوان یەکگرتوو حزبەکانی تر زۆر کەمە و سەرکردەی
حزبە کوردیەکان بیرو بۆچونیان سەبارەت بە ڕەخنەو گۆرانکاری و لاچوون
لەسەر کورسی دەسەڵات وەک یەکە و هەموویان هاوشێوەی یەک مامەڵە دەکەن .
بە تەبیعەتی حاڵ لەم جۆرە حزب و کۆنگرانەشدا کەسی نەزان و گێل و
ماستاوچی براوەترن لە نۆێ خواز و جیاواز و رەخنەگر بۆ باشکردنی
سیستەمەکە. دەرچوونەوەی چەند کەسانێک بە بەردەوامی و وەرگرتنەوەی
دەسەڵات بەهەرشێوەیەک بێت شایەتی حاڵە کە کەسانێک لە ناو یەکگرتوودا
وەک بنەماڵە ڕەفتار دەکەن وەهەروەها ماندوو بوون و کاری دەعوە و حزبیش
بە مۆڵک و ماندوو بوونی خۆیان دەزانن.
ئەسڵ وابوو کە یەکگرتوو شێوازی پێشکەوتوو بەدیلی برایەتی لا بێت بەڵام
بە داخەوە بە هەمان شێوازی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی تر کار دەکات
ئەوەتا کە ژمارەی مەسئولەکانی سەرکردایەتی زیاد دەکات چونکە هیچ کام لە
تاکەکان واز لە پۆستەکەی خۆی ناهێنێت . تەنانەت بەناوی لێسەندنەوەی
بەشێک لە دەسەڵات لە سەرۆکی یەکگرتوو ( ئەمیندار ) کۆمەلێک ئەنجومەنی
شورا و لیژنەی باڵای بێدەسەڵات و سەر بە سەروە دروستکراوە بۆ ئیفلیج
کردنی هەوڵی کەسانی نۆێگەر. کە ئەم جۆرە ئەنجومەن و نۆێنەر و گرووپانە
زۆر ڕون و ئاشکرا دیارە کە بۆ لاواز کردنی فکرە جیاوازەکانەو بۆ بە
دەسەڵات کردنی ئەمیندارە. چونکە حیلەیەکی شەرعیە بۆ هێشتنەوەی کورسی
دەسەڵات و هێنانە ناوەوەی کۆمەڵێک لە گروپەکانی بنەماڵە. ئەمجۆرە
گۆرانی سەکردایەتی و ئەنجومەنی شوارایانە زۆر دووبارەیە بۆ تاکی کورد
چونکە لە هەموو کۆنگرە و پلینیۆم و دابەشکردنی دەسڵاتێکی حزبە
کوردستانیەکاندا ڕووی داوە.
بە داخەوە لە هەموو شوێنێکی کوردستاندا کەسانی بێ شارەزایی و بێ پسپۆڕی
وبێ بڕوانامە ... شۆێنی کەسانی دڵسۆز بە میللەت و ئاین و شارەزاو
هەڵگری بڕوانامەیان گرتۆتەوە . یەکگرتووش هاوشانی حزبەکانی تر بەم
کۆنگرەیەیەدا سەلماندی کە پەیداکردنی ( واستە و پشت و خزم ... بوون بە
نەسەب ولا و ئەشومابیللا ) زۆرگرنگ ترە لە دکتۆاراو ماستەر و شارەزایی.
گەر ئێمەی تاکی کورد کەمێک بەوورد تر بڕوانینە ئاستی سیاسی و ڕادەربڕین
لە ناو حزبەکانماندا بۆمان دەر دەکەوێت کە لە ئەپەڕی ئیسلامیەوە بۆ
ئەوپەڕی چەپ هەر سیستەمە عەشایریە حەیاتەکەیە و سەرۆکی خێڵ و قەبیلە
هەتا دەمرێت هەرخۆی ڕیش سپی و دەمڕاست و زاناو ڕاستگۆیە ، هەموو کەسانی
تریش ڕەعییەن و نەفام تەنانەت تێکدەریشن . بەم کۆنگرە لێکچووانەو بە
دوبارەبوونەوەی لەناو هەموو حزبەکاندا دەردەکەوێت کە دیکتاتۆریەت و
خۆپەرستی و خۆشەویستی دەسڵات جەستەی ئەم سەرکردە و ئەمیندارانەی دا
رزاندووە .
کۆنگرەی ئەمجارەی یەکگرتووش وەک هەموو کۆنگرەی حزبەکانی تر خۆڵ
لەچاوکردی خەڵکی کوردستان وناوچەکە بوو جۆرێک بوو لە تەمسیلی سواو و
دوبارە (دەرچوون بە کۆی دەنگ) ، بەڕاستی ئەم حزب و لایەنانە ئەوەیان لە
بیرکردووە کە کەسە سادەکان و ئەوانەی خوارەوەن ئەوانیان کردووە
بەسەرکردە و ئەمیندار . ( کۆی دەنگ دەنگی تاکەکانە ... بەگۆرانی
تاکەکانیش ئێوەی سەرکردەی مڵۆزم هەرگیز بەچەپڵە رێزان هەلنابژێرێن و بێ
هاوتا نابن ) کۆنگرەی یەکگرتووش وەک ئەوانی تر چووە خانەی ڕزیووی
ڕاسەبەسەرداپاندن و دیکتاتۆریەتەوە ... بۆ ناو زبڵدانەکە.
سلێمانی
|