٢١\١٢\٢٠١١
یەکگرتوو یان
فێگرتوو؟

هیوا رهش
لە منداڵدانى گەندەڵیى دەسەڵاتدارێتى بیست
ساڵەى خۆماڵیى کوردیدا و دواى کوردکوژییەکى بێهاوتا لە پێناو
دەسبەسەردا گرتنى میراتیى خەڵک و بێبەشکردنى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان لە
ژیانێکى ئارام و ئاسودە ، بێهودەییى و هیچگەرایى بووە مڵۆزمى خۆسەپێن
بەسەر ئاواتە وەدینەهاتووەکانمان و توێژێکى فراوانى لاوانمان و زۆرێک
لە خانەوادەکان ڕووگیرى قاتوقڕى و گرانى و ناسەقامگیریى بونەوە و بۆ
دەربازبون لێى خۆیان دەدایە بەر ڕەشەباى قەدەرى قرشەکانى دەریاى ئیجە و
مینڕێژیى سنورەکان و سوکایەتى جەندرمە و پاسدارانەوە ، زۆرێکیش بێکارى
و بێنانى پاڵى پێوەنان پەناوەبەر هەندێک دیاردەى نامۆ و نەشیاو ببەن و
بەو سۆنگەیەوە دوچارى سزاى مەرگ و زیندانى و پەڕاگەندەیى ببنەوە ،
دەسەڵاتدارێتى کوردى دواى ساڵەهایەک لە نەهامەتى و کوشتار ، زەمینەیەکى
لەبارى ڕەخساند بۆ لەدایکبونى گروپگەلێکى توندڕەوى سەلەفیى ئیسلامیى ،
چونکە تەواوى ماف و ئازادییەکانى خەڵک و بنەما دیموکراسییەکانیان
خستبووە ئۆغرى ویستى تەسکى حیزبایەتییەوە و تەنانەت لە پێناوى سەپاندنى
دەسەڵاتى دیکتاتۆریانەى حیزبدا خاک و خەڵک و سامانى وڵات و حکومەت و
پەرلەمانیشیان لەت کرد و تەواوى حیزبەکانیشیان بە نەتەوەیى و عیلمانى
(چەپ و دیموکرات) ەوە بەسەر بەرەدژەکانى خۆیاندا بەشاندەوە و لق و
پۆیان بڕین و تەرەفگیر و بێهەڵوێستیان کردن و لە هەموو بەها نەتەوەیى و
نیشتمانییەکان دایانماڵین و کردیانن بە پاشکۆیەکى یەخسیرى ویست و
گوتارى ئاگرینى شەڕخوازییان ، دەسەڵاتى حیزبگەرایى ناشەرعیى ڕۆڵى
تروکێنەر (مفقس)ى بینى لە هەڵهێنانى گەراى هەناردەکراو و بەخێوکردنیان
، هەندێک لەو گەرایانە کوڵەوەیبابیان لێدەرچوو ، جوندولئیسلام و
ئەنسارولئیسلام و تێکەڵەیەک لە تیرۆریستانیان لێ وەبەرهات و دواى
ساتەوەختى سڕى و متبوون کاژیان فڕێدا و کەوتنە قۆناغى فیشکاندن بۆ
خەساندنى خواستە ڕەواکانى گەلەکەمان و لەباربردنى خەونى چەند ساڵەمان
بۆ خستنە خزمەتى داگیرکارانى کوردستان ، تەنانەت مەترسییەکان گەییشتنە
ڕادەیەک بە دەیان وەچەى بنلادن و زەرقاوى لە هەرێمەکەماندا چوکەرەیان
کرد بە ئاراستەى بنیاتنانى ئەمارەتى خوێن و ئەنفال تیرۆر و تۆقاندنیان
کردە میوانى ناوەختى ماڵەکانمان ، هەر لەو کەشە بۆگەناوییەى
حیزبسالارییەدا کە جگە لە قوڕبەسەریى شتێکیتر لە هەگبەیدا نەبوو ، بارى
سەختى بژێوى ، گرانى ، بێکارى ، بێهیوایى و بێهودەیى کەڵەکە ببون ، بۆ
بەرگرتن لە تاڵاو نۆشین ئەوەى ملى غوربەتى گرتەبەر ڕۆییشت و بەرەو مەرگ
و ژیانى کولەمەرگى ملى نا ، ئەوانى دى بونە خۆراکى ئارەزووى شەڕانگێزیى
قەلوداڵە سیاسییەکانى حیزبە باڵادەستەکان و شاگرد و دەسوپێوەندە
گەندەخۆرەکانیان ، ئەمانە دوچارى نامۆیى (اغتراب) هاتن لە نێو خەڵک و
خاکى خۆیاندا ، کە گەلێک لە نامۆیى لە نێو خەڵک و خاکى بێگانەدا
ئەستەمتر بوو ، غەمۆکى و نامۆیى لاوانى وڵاتیان پڕکێش کردبوو ، غەمى
جگەرگۆشەکان غەمى خاکى خستە تورەکەى بیرچوونەوە ، ماڵفرۆشیى و
ڕەنجفرۆشیى و ... بەرامبەر پارەیەکى کەم بۆ
مەیسەر کردنى نانى چەند ژەمێک دادى کەسى نەدەدا ، بۆیە تاوانى گەورەى
کۆمەڵایەتیش پاشبەندیى ئەو دۆخە نەخوازراو و بێزراوەى دەسەڵاتدارانى
کوردستان بوون ، کۆمەڵگا لە تەواوى هێزە سیاسییەکان نائومێد ببوون ،
چونکە هەمویان سەرقاڵى کەسابەتى حیزبى و دزینى بژێوى خەڵک و
بەتاڵانبردنى داهاتى نیشتمان بوون ، لەو دۆخە پڕکێشمەکێشى چارەنوس
نادیارەدا (یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان) لە بەرگى فریادڕەسێکدا بە
ڕژدى دەرکەوت.
لەگەڵ سەرهەڵدانى یەکگرتوودا وەکو هێزێکى ئیسلامیى میانڕەوى
پڕدەسودیاریى بە پەیامێکى مەدەنیانەوە ، سەرەتاى لێژبونى گڵۆڵەى حیزبە
( چەپ و عیلمانى ) یە پاشکۆکانى دەسەڵات دەستى پێکرد و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ
سوک و بچوک دەبونەوە و متمانەیان دەدۆڕاند ، هاوکێشەى سیاسیى بە ویستى
ئاشگێڕان باراشى لە ئاشێ نەدەکرد ، لە بەرامبەردا پێگەى یەکگرتوو لە بە
هاناوەچوونى مەرجدارى لێقەوماوان تا دەهات فراوانتر دەبۆوە ، لەپاڵ
ئەمەشدا پێڕەویى سیاسەتى عەقڵانیى جودا لە باڵە ئیسلامییە سەلەفییەکانى
پێش خۆى بووە جێگەى ڕامانى دەوروبەرەکەى و بەو هۆیەوە تا هێدیهێدى
پەرەیان دەستاند ، لە هەمان کاتدا زۆرجاران هاوشان هەڵوێستێکى
نەتەوەییانەیان پیادە دەکرد و بانگى ئیخوانچێتییان لە ساتەوەختى
وەرچەرخانى پێویستدا وەلا دەنا و دەتوانم بڵێم لە هەندێک کاتدا بە
تایبەتى لە پەرلەمانى بەغادا هەڵوێستى چاوەڕواننەکراوى بەهادارتریان لە
تەواوى هێزە خۆبەنیشتمان و نەتەوەپەروەرزانەکانیتر بە مکوڕییەوە
نواندووە و هەر فشارێکیشیان لەسەر کرابێ لەو هەڵوێستە مەردانانەى خۆیان
ژیوان نەبونەتەوە و بە هەموو هەڵە و کەموکوڕییەکانەوە پشتیان لە لیستى
کورد لە ناو پەرلەمانى عێراقدا نەکردووە و بە دوو پێوەرى جیا مامەڵەیان
لەگەڵ بارودۆخى هەرێم و بەغادا کردووە و پێکیانەوە نەبەستۆتەوە ، بە
سیاسەتى ساغڵەمى دوور لە چەکدارى و زەبروزەنگ لەگەڵ کۆمەکى ماڵى و
دارایى زۆروزەوەندیان کاریان بۆ ئەوە دەکرد بکەونە کێبڕکێى وەدەسهێنانى
جڵەوى دەسەڵات و لە سەرانسەرى کوردستاندا بوونە هێزێکى کاراى سیاسیى
مەیدانى و لە هاوکێشەى سیاسیشدا ژمارەیەکى بەهێزیان لە پرۆسەکانى
دەنگداندا بەدوور لە پێشێلکارى ، ساختەکاری و ویژدانکڕین بۆ خۆیان
مسۆگەر کرد ، گومانى سەرچاوەى دارایى و داهات و خەزنەیان لەولاوە
بوەستێ ! بەڵام سیاسەتى لۆژیکیانەى خۆشیان یارمەتیدەریان بوو لە تەشەنە
سەندنیاندا و پەندیان لە سیاسەتى تیرۆریزمانەى گروپە توندڕۆ
ئیسلامییەکانى دیکە وەرگرت کە لە ئاکامى سیاسەتى تۆقاندن پاشەکشەى
بەرچاویان لە خۆیانەوە پێچا و زیانى گەورەیان بەرکەوت ، هەرچەندە
سەرەڕۆییەکانى سەدام حوسێن و هاتنى سوپاى نێودەوڵەتیى و ئامریکا بۆ
ناوچەکە ڕۆڵى بنچینەیى گێڕا لە ڕیشەکێش کردنیان ، دەنا بەو ساناییە
لەناو نەدەچوون و تەماعى ئەمیر و خەلیفەکان لە دەڤەرى هەورامانەوە چاوى
بڕیبووە دوبارە ( غزو ) کردنەوەى سەراپاى کوردستان و گێڕانەوەى حوکمى
شیر و تیر .
دواى گۆڕانکارییەکان و سەرکەوتنى باڵە ئیسلامییەکانى تونس و میسر و
مەغریب و چاوەڕوانیى سەرکەوتنى زیاترى شوێنانى تر دەبوو یەکگرتوویان
هان بدایە شێنەییتر بەرەو سنوقەکانى دەنگدان ئامادەکارى بکات ، نەک
کۆپیکردنى (بەهار) ى عەرەبى و هەوڵى باڵادەستیى ئەردۆگانى بەرماوەى
ئیمپراتۆریەتى پیاوە نەخۆشەکە لە کۆنترۆڵ کردنى بەهارەکان بایى و
بوغرایانى نەکردبا ، بێپەلە و بە کاوەخۆ لەسەر هەمان ڕیتم و هەناسەى
کارى ساڵانى ڕابردووى بەردەوام بوایە و هەڵپەى نەکردبا ، موسڵمانان
دەڵێن : (شەیتان پەلەى کرد چاوى خۆى کوێر کرد - العجلە من الشیتان) ،
نەک لەسەر وشەى - جێندەر - فرەگەرمتر بێنە دەنگ و لە قەڵەمڕەویى سوپاى
هاوبیرانى ئیسلامیى ئێران و تورکیایان بۆ ناو قوڵایى خاکى کوردستان
هەڵوێستى نوزاوى دەرببڕن یان قڕوقەپ متەقیان لێوە نەیات ، ناڕازێتییان
لە وەدەنگهاتنى دانانى قایمقامێکى هاواریى ، دروشمە بریقەدارەکانى
یەکسانى و مافى مرۆڤ و ئازادى و پێکەوەییانى نەخستایەتە ژێر پرسیارەوە
! هەروەکو چۆن لە ڕوداوەکانى ئەم دواییەى دەڤەرى بادینان بە کوڵ
فرمێسکى بارەگا سوتانیان ڕشت بەڵام ئامادە نەبوون بۆ داکۆکى لە ماف و
ئازادییەکانى خەڵکى نائیسلام و پەلاماردانى سەرچاوەى بژێوى و موڵک و
ماڵیان لە لایەن هەندێک لاوى سەرەڕۆى ئیسلامیى تینوو بە خنکاندنى
ئازادى بێنە گۆ ! تەنانەت سەرکردایەتى یەکگرتو تاڵەمویەکى
بەرسمێڵیشیانى پێنەبزوا ، بۆیە شتى گەورە هەبوون کاریان لەسەر بکردایە
بۆ گەییشتن بە پەیامى شاراوەیان نەک بۆ شتە لاوەکییەکان شوناسى خۆیان
لە تاریکییەوە بخەنە بەر ڕوناکى .
یەکئامانجیى و یەکستراتیژیى ، کرۆکى بەرنامەى قورئانیى ئاییندەى تەواوى
گروپە ئیسلامییە میانڕۆ و توندڕۆکانە ، بەڵام لە تاکتیکدا جیاوازییان
تێدا دەبینرێت ، میانڕۆکان - یەکگرتوو - بە نمونە ، کە دیارترین گروپى
ئیسلامیى کوردستانە تا ئێستا دانى بەخۆدا گرتبوو بۆ کارکردن لە پەنادا
لە پێناوى هێنانە کایەى دەوڵەتى خەلافەتى سەدان ساڵ بەسەرچووى
ئیسلامیدا ، تاکتیکى کارنامەکەى چیتر بڕى نەکرد و نەیتوانى ئۆقرە بگرێ
تا نزیک دەبنەوە لە بەندەرى ئامانجەکانیان ، ئیسلامییەکان بەر لەوەى
مەساجى فکرى خۆیان بکەن و دەمارى گرژیان خاو بکەنەوە ، فێ گرتیانى و
گڕیان لە بنکەکانى مەساج بەردا ، هەر لەم میانەیەشدا - شەلم کوێرم ،
کەس نابوێرم - ڕاگەیاندن و کادیرە حیزبى و حکومییەکانیشیان بەلەسە بوون
و بە ڕاست و چەپدا بەربونە وێزەى چاک و خراپ ، سپى و ڕەشى دەوروبەریان
بە ئومێدى داکردنى لێزمەى (بەهار)ى کۆنەپەرستانەى هاوگروپەکانیان لە
وڵاتانى عەرەبى و کۆپى کردنى لە کوردستاندا ، چش لەوەى دواڕۆژى
گەلەکەمان لە کوێ لەنگەر دەگرێ؟!
مارکس دەڵێَ : (مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە) ، بێگومان بەدەر لە ئاین و
ڕەگەز و نەتەوە و بێجیاوازى ، لێ ئیسلامییەکان بێبۆنە پەلامارى دەدەن ،
ئەمەش نامۆ نیە چونکە پێچەوانەى بیروبۆچونى ئەوانە و ئەوان بڕوایان بە
ملپەڕاندنى مرۆڤ و هەتک کردنى جەستە و بە کۆیلەکردنیەتى ، مارکس بڕواى
بە یەکسانیى تەواوى ئینسانەکانە بە ڕەش و سپى و نێر و مێوە ، لێ
ئیسلامییەکان کۆیلەیى و کەنیزەکیى لە هەمبانەیاندایە ، مارکس ژیانى خۆى
تەرخان کرد بۆ داڕشتنى فەلسەفەى ئابوریى سۆشیالیزم و دادپەروەریى
کۆمەڵایەتى بۆ کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى ، لێ مێژووى ئیسلام بە تەرزى دوڕگەى
عەرەبى ، باج و خەراج بەسەر هەموو ئەوانەدا دەسەپێنێ کە لەگەڵیاندا وێک
نایەتەوە ، ئەگەر مارکسییەکان لە ئاستى متمانەى جەماوەردا نەبن ، ئەوسا
دەبێت لە ئامادەباشیى جیهادى ئیسلامییەکاندا بین تا ببینە میوانێکى پەڕ
و باڵ کراوى دیوەخانى غەنیمەتەکانیان .
پێم وایە دەکرێت هەنوکە برادەرانى یەکگرتووى ئیسلامیى لە هەموو
ساتەوەختەکاندا - لا اکراە فی الدین -ەوە دەست پێبکەن نەبنە باڵۆن بە
ئاسمانى شۆفینیزمى ئیسلامى عەرەبى و ملکەچى وتەى پڕ لە واتاى مرۆڤایەتى
لینین ببن و بڕوا بهێنن کە دەبێت (بەر لەوەى یەخەى یەکتر دادڕین لە
پێناوى بەهەشتێکدا کە کەسمان نەماندیوە ، دەست لە نێو دەستى یەکتر
بکەین لە پێناوى بنیاتنانى بەهەشتێک لێرەدا)، تۆ بڵێى ئەم وتەیە
لەنگییەکى تێدا بێت و باشتر نەبێت لە ئیعلانى جیهاد دژى یەکتر ؟ دەبا
هەموو (کفاح و جهاد) بکەین دژ بە کەمینەى کەمى سەرمایەدارە دزەکان بۆ
فەراهەم کردنى خۆشگوزەرانیى بۆ زۆرینەى خەڵکى بەشمەینەتى گەلەکەمان ،
لە دواییدا کام ئایدیۆلۆژیا لە خزمەتى زیاترى کۆمەڵگادا بوو ئەویان
بکەین بە بەرنامە و ڕێبازمان ، ئەگەر نیاز و مەبەستمان پاکە بۆ
گێڕانەوەى بەهارى دزراومان بۆ ناوماڵى نیشتمان ، دەبا ئیتر بەس بێت درۆ
کردن لەگەڵ خود و خیانەت لە مرۆڤایەتیى.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|