٣٠\۴\٢٠١٠
یەکگرتووى ئیسلامى گەورەتر مەکەن!

بەشدار عهلی
ئەگەر مامەڵەى پارتى و یەکێتى نەبوایە،خەڵکى کوردستان هەرگیز ئاشنایەتى
لەگەڵ ئەو حیزبە ئیسلامیانە نەدەبوو،ئەگەر برسیەتى و نەبونى و شەڕ و
کوشتار و ناعەداڵەتى پارتى و یەکێتى نەبوایە،ئیستا ئیسلامیەکانیش
نەدەبونە ئەو هێزە کە هەرەشە لەهەموو تازەگەرییەک بکەن.ئەوە دەسەڵاتى
سیاسى بوو لەبەر بەرژەوەندى و راگرتنى هاوسهنگیی
سیاسى هاوکارى و پشتتگیرییان کردن و چاویان لە تیرۆر و کارە
تێکدەرەییەکانیان نوقاند و فەرشى سوریان بۆ راخستن و لە هەموو
ئیمکانیاتێک بەهرەمەندیان کردن،هەر هەفتەى رابردوو بەهۆى فشارى حیزبە
ئیسلامیەکان گۆڤارى (خەڵک)یان داخست.
قسەکردنێکى زۆرى میدیاى پارتى ئەم رۆژانە زوومەکانیان روو لە یەکگرتووى
ئیسلامیە،بەڵام بە قازانجیان تەواو دەبێت و فرسەت وەردەگرن بۆکوتانەوەى
هەموو بەها ئەخلاقى و مرۆڤایەتیەکانى کۆمەڵگا کە لەگەڵ بیرکردنەوەى
ئەوان ناکۆکە.
پێویستى بە فەلسەفە و مێژوو و لێکۆڵینەوە و بەدواداچون نیە تا لە
راستیەکان تێبگەین،کاتێک کە دەسەڵاتیان رەها بوو،سەدان مرۆڤیان تەنها
لەسەر ووتنى ووشەى ماف و ئازادى و یەکسانى، سەریان لەلاشە جیاکردەنەوە
و مەحکومیان کردن بە مەرگ،نوسەران و رۆشنبیران نەیانتوانى لەبەر فتواى
ئیسلامیەکان بۆچونەکان لەسەر قێزەوەنترین دیاردە دەرببڕن،تێزابیان کرد
بە قاچى و ئەو کچانەى جلى مەدەنیان پۆشى و خەڵکیان لەدژیان هاندا،تا
ئیستاش کادیران و لایەنگرانیان لە مینبەرى مزگەوتەکاندا هەرەشە دەکەن و
خوێنى ئەو خەڵکانە حەڵاک دەکەن کە وەکو ئەوان بیرناکەنەوە،خراپى
گوزەرانى خەڵکیان بە فرسەت زانى و پێدانى چەند کیلۆیەک ئارد و برنج و
پێدانى چەند پۆلێکى وەرگیراو لە وڵاتانى ئیسلامى و کەنداویان کردە
مەرجى لە چادر هەڵکێشانى کچان و مناڵان و راکێشانیان بۆ نێو
حوجرەکانیان و شۆرینەوەى مێشکیان بە خورافیات،مزگەوتەکانیان کردە شوێنى
سرینەوە و پلان دانان بۆ ئەو دەنگ و رەنگانەى لە خۆیان
جیاوازن،بەرگریان لە بۆگەندەرترین سیستەمى پەروەردە و فێرکردن کرد بۆ
بەرهەم هێنانى نەوەیەکى یەخسیر و گوێرایەڵ و بێ بیرکردنەوە،لە هەوڵدان
بۆ هێشتنەوەى یاساو دەستورێک کە بە ئاشکرا شەرعیەت دەدا بە پلەدوویى و
ژێردەستەى ئافرەتان،..هەموو ئەمانەش بە ئیجازە و لەژێر چاودێرە
دەسەڵاتى سیاسى و پارتى و یەکێتى ئەنجامدران.
وێرانى وەزعیەتەکە لێرەوەیە،حیزبێکى ئیسلامى وەکو یەکگرتوو کە هەموو
بەرنامە و پرۆگرامەکانیان لە ئەلفەوە تاکو یائى ناکۆکە لەگەڵ
سەرەتاترین ماف و ئازادییەکانى تاک و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکى
بەختەوەر بۆ بەشەرەکان، هەمیشەکار لەسەر دورست کردنى جیاوازى و مانەوى
هەژارى و برسیەتى و تیرۆر و تۆقاندن و تەقاندنەوە و مل پەڕاندن و
ناکۆکى سەرگەردانى خەڵک دەدەن،کەچى ئیستا و وەکو فریادڕەس خۆیان
دەناسێنن و باسى مافى و ئازادى دەکەن !!!
دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان و فەراهەمبونى ژیانێکى نۆرماڵ بۆ
تاکەکان،کۆتایهێنان بە بێکارى و نەبونى و شەڕ و ئاژاوە و ناشەفافى و
دابەشکردنى سەروەت و سامان بە یەکسانى،رزگاربوون لە سەرگەردانى و
پێکهێنانى دەوڵەتێکى مەدەنى بۆ خەڵکى کوردستان،دەتوانێ زۆرێک لەهێزى
نەخوازراو لە گۆرەپانى کوردستان کاڵ بکاتەوە،هەر ئەمەش رێگاى کارساز
نەک هێرش و پەلاماردانى ناڕەوا و دورستکردنى ژینگەى ترس و
تۆقاندن.چونکە ئەم وەزعیەتە بە قازانجى ئەوان تەواو دەبێت.
ماڵپهڕی بهشدار
عهلی
|