١١\٨\٢٠٢٢
یەگرتووی ئیسلامی
و کۆمەڵی دادپەروەری
داوای گەڕاندنەوەی
لەسێدارەدان دەکەن لە کوردستان.

عەلی مەحمود محەمەد
کاتێک لە رێکەوتی ١٩-٨-٢٠٠٣ تیرۆریستان بارەگای نەتەوە
یەکگرتوووەکانیان لە میوانخانەی قەنات لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق
تەقاندەوە, لە ئەنجامدا ٢٢ کەس کوژرا, ١٥ەی بیانی بوو, لە ناویان ٣
کەسیان ئێرانی و ئوردنی و میسری بوون, لە ناو کوژراوەکان نێردەی نەتەوە
یەکگرتووەکان سیرجیۆ دی میلۆ هەبوو, کاتێک لە رێکەوتی ٣-٧-٢٠٠٧ ویسترا
بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر تاوانباری تاوانەکە ئەوراز عەبدولعەزیز
مەحمود سەعید ناسراو بە باسم کوردی جێبەجێ بکرێت, کە ناوبراو هاوکاری
ئەبو مەسعەب زەرقاوی کردبوو لە نەخشە دانان بۆ ئەو تاوانە, نەتەوە
یەکگرتووەکان وەک پرنسیبێک کە دژ بە لەسێدارەدان بوو, لە گەڵ
جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نەبوو , داوای گۆڕینی سزاکەی کرد.
نابێت تاوانباران لە سزا رزگاریان ببێت, بەڵام سزادان بە سەندنەوەی
ژیان ناکرێت, ئێمە لە گەڵ دادپەروەرین نەک تۆڵەکردنەوە, لەسێدارەدان
سزای مەرگە بە بڕیاری دادوەر وەک توندترین سزا. لە کوردستان سزای لە
سێدارەدان هەیە, بەڵام جێبەجێکردنی ١٥ساڵە راگیراوە لە روی کردارەییەوە,
کە پێویستە وەک سزاش نەمێنێ, راگرتنەکەی هەنگاوێکی باشە, وەلێ پێویستە
هەڵوەشێتەوە, نزیک ٤١٠ کەس لە کوردستان سزای لەسێدارەدانیان لە سەرە,
بەشێکیان لەوانەن سەر بە ڕەوتی ئیسلامین و بە یاسای تیرۆر سزادراون.
لە جیهان ١٠٩ ولات سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندۆتەوە, تەنها لە ٥٥ وڵات
جێبەجێ دەکرێت, رایگشتی جیهانی لە گەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری ئەم
سزایەن, رۆژ بە رۆژ بەرەی نەیاری سزای لەسێدارەدان لە جیهان لە
گەشەکردندایە.
دوای ئەوەی بکوژی دکتۆر هوشیار ئیسماعیل کە سزادراوی تیرۆرەو بە
لەسێدارەدان حوکم دراوە, لە چاکسازی گەوران خەلات کرا لە لایەن وەزیری
کارو کاروباری کۆمەلایەتییەوە بە ئامادە بوونی چەند کادیرێکی یەکگرتووی
ئیسلامی, دۆزی لەسێدارەدان جارێکی دیکە بووەوە جێگای مشتومڕی دوو پارتی
ئیسلامی سیاسی لە کوردستان, لە کاردانەوە بەرامبەر بەو روداوە هەردوو
پارتەکە لە دوو بەیاننامەدا بە فەرمی داوای کاراکردنەوەی سزای لە
سێدارەدانیان کردەوە لە کوردستان.
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا
لە رێکەوتی ٣/٨/٢٠٢٢ بە پیت داوای جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دەکات
لە کوردستان کە دەڵێت: " بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە
سێدارەدان بۆ بکوژان، خەڵات دەکرێن. بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە، ئیدانەی
ئەو کارە نایاسایی و سەرپێچیە دەکەین. ئەوەی کراوە لەم کەیسەدا،
لەجیاتی بکوژ لەسێدارە بدەن! خەڵاتی دەکەن و لە ڕاگەیاندن شانازی پێوە
دەکەن، ئەوە مایەی استفزاز و سوکایەتی کردنە بە بنەماڵە و زانا و
قوتابی و هاوکارانی شەهید دکتۆر هۆشیار. بەداخەوە چەندان جار
دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بکوژانی
دکتۆر هۆشیار بەڵام نەک جێبەجێیان نەکرد بەڵکو خەڵاتیان کرد.
بۆیە داوا دەکەین داواکاری گشتی ئەو بێڕێزیە بە بڕیارەکانی دادگا قبوڵ
نەکەن و دەسەڵاتداران چیتر سوکایەتی بە مافی ستەملێکراو و بڕیارەکانی
دادگا نەکەن" .
هاوکات فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان لە رێکەوتی ٤ی
٨ی ٢٠٢٢ بەیاننامەیەکدا دەڵێن" داواکارین سەرۆکایەتی هەرێم و
دامەزراوەی پەیوەندیدار سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو تاوانبارەدا
جێبەجێ بکەن کە بکەری تاوانێکی چەپەڵەو مامۆستایەکی بەڕێزو خزمەتکاری
گەل و وڵاتی لە شاری هەولێر تیرۆر کرد، هەر ئەمەش لەگەڵ ڕووحی شەریعەت
و بنەمای عەدالەتدا گونجاوە.".
ئەم داواکاریانەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری داواکاری
جێبەجێکردنی سزای سەر ٤١٠ راگیراوی سزای لەسێدارەدانە لە کوردستان,
سەندنەوەی ژیانە لە ٤١٠ مرۆڤ, سەپاندنەوەی رەشترین سزایە, کە رۆژ بە
رۆژ لە جیهان ژمارەی ئەو ولاتانەی جێبەجێی دەکەن لە کەمبونەوەدایە.
بەم داواکارییەی یەکگرتوو و کۆمەڵ هەنگاوێک بزوتنەوەی مافی مرۆڤ و
خەبات بۆ نەهێشتنی سزای لەسێدارەدانیان بردە دواوە, لە بیریان چووە لە
وڵاتی دراوسێمان لە ئێران تەنها مانگی رابردوو ٣٣ کەس لەسێدارەدران,
تیایاندا مرۆڤ گەلێک هەن چۆلەگەیەکیشیان ئازار نەداوە.
داواکاری گەڕانەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە کوردستان دژ بە
مافەکانی مرۆڤە و داواکاری سەندنەوەی ژیانە لە مرۆڤ, بەم داواارییە
هەردوو پارتی ناوبراو دەچنە لیستی رەشی پاراستنی مافی مرۆڤەوە.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|