په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

یەکى ئایار
ئەو رۆژەى کرێکاران لە دژى چەوسانەوەدا بە دەنگى بەرز گووتیان نا.


ئا: محەمەدى مشیر


هەوڵەکانى بەرایى سەبارەت بە پێکهێنانى یەکەمین رێکخراوى سەندیکاڵى لە بەریتانیادا ساڵى 1831 بوو کاتێک ((کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ پاراستنى کرێکاران)) دامەزرا.دواتر لە ساڵى 1834 دا لە سەردەستى رۆبیرت ئۆین (سەندیکاى یەکخراو و مەزنى نیشتمانى) دامەزرا، لەوکاتەوە بیرۆکەى پێکهێنانى سەندیکاکان لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندى کرێکاران وردە وردە لە ئەوروپادا برەوى زیاترى دەبوو بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە سەرکوتدەکرا، لە فەرەنسادا تاکو ساڵى 1884 رێکخستنى سەندیکاڵى یاساغبوو، بەڵام لە ئیتالیادا مانگرتن لەکاردا تا ساڵى 1889 قەدەغەکرابوو، لە ئەڵمانیاشدا رێگە تەنها بەو کرێکارانە درابوو بچنە ریزى رێکخستنەکانى سەندیکاڵى کە لەبوارى پیشەسازیدا کاریان دەکرد بۆ ئەمەش کۆمەڵێ مەرجیان دانابوو، لە ئەمریکادا وێڕاى ئەوەى کە رێگە درابوو بە سەندیکاکان کاربکەن بەڵام تا کۆتایى سەدەى نۆزدەهەم یاساى ئەمریکا مامەڵەى لە گەڵ سەندیکاکان نەدەکرد.


لە کۆنگرەى ژنێف، ساڵى 1866 ئینتەرناسیونالیزمى یەکەم داواى لە کرێکاران کرد لە پێناو دەستەبەرکردنى 8 کاتژمێر کار لە رۆژێکدا تێبکۆشن (( 8 سەعات بۆکار، 8 بۆ پشوو و خەوتن، 8 بۆ رۆشنبیرى و فێربوون))، ئەم داوایە لە هەشتاکانى سەدەى نۆزدەدا دەنگۆیەکى بەرفراوانى لە نێو کرێکارانى ئەمریکا پەیداکرد ، لە ساڵى 1884 رێکخراوى (سوارانى کارى ئەمریکایى) داوایکرد لە یەکەمین شەممەى مانگى ئایارى ساڵى 1886 ڕا 8سەعات کار لە رۆژێکدا پڕاکتیزەبکرێ، ئەوەبوو لەو رۆژەدا مانگرتن و خۆپیشاندانەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە پیشەسازییەکاندا سەریانهەڵدا و بوونە مایەى توڕەیى دەسەڵات، شارى شیکاگۆ لە هەموو ناوچەکانى دیکە پتر مانگرتن و خۆپیشاندانى کرێکارى گەوەى بە خۆوە بینى کە داواکاربوون رۆژى کار 8 کاتژمێر بێت، دەرەنجامى سەرکەوتنى مانگرتنەکان کرێکارنى شیکاگۆ داوایان کرد مانگرتنەکان بۆ هەردوو رۆژى 3 و 4 /5/1886 بەردەوام بێت و داوایان کرد کۆبوونەوەیەکى ئاشتیانە لە (هاى مارکێت) ئەنجامبدرێ بەڵام دەسەڵاتدارانى ئەمریکا بەو بیانوویەى کە کرێکاران پێشتر تەقەیان لە پۆلیس کردووە تەقەیان لە کرێکاران کرد، ئەوەبوو پتر لە 200 کرێکار گیانیان لەدەستدا و پۆلیسیش کۆمەڵێک سەرکردەى سەندیکاڵى دەستگیرکرد کە سزاى لە سێداردانى بۆ هەندێکیان بڕیەوە و ئەوانى دیشى بە 3 تا 15 ساڵ زیندان حوکمکرد.


ئەو سەندیکاڵستانەى لە سێدارەدران بریتی بوون لە:(( ئەلبێرت بارسون، ئۆگست سبایس، سمۆڵ فیڵدن، مایکل شواب، جۆرج ئەنجڵ، ئەدۆڵف فیشر، لویس لینج و ئۆسکارنیب)) کە لە 11/11/1887 دا سزاى لەسێدارەدرانیان دەرهەق جێبەجێکرا، ئۆگست سبایس بەر لە سێدارەدانى گووتە ناودارەکەى بە رووى جەلادەکاندا راگەیاند کە گووتى:"رۆژێ دادێ بێدەنگى ناو گۆڕەکانمان لە دەنگەکانمان بەرزتربێتەوە".


بەکردەش رووداوەکانى ئایارى 1886 ساڵانى دواتر بوونە ئەو نەعرەتە بەرزەى داوا لە کرێکارانى جیهان بکات تا لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانیان و دەستەبەرکردنى دەسکەوتى زێتر بۆ دابینکردنى ژیانێکى کەرامەتدارى مرۆڤانە یەکگرن.دوابەدواى کوشتارگەکەى یەکى ئایارى 1886 ئینتەرناسیونالیزمى دووەم کە ساڵى 1889 سازکرا داوایکرد کە یەکى ئایار بە رۆژى جیهانى کرێکاران ناوزەدبکرێ و هێمایەک بێت بۆ جوڵەوتێکۆشانیان لە پێناو وەدیهێنانى هەرچى زیاترى مافافەکانیان لە کارکردن و پشوو و رۆشنبیرى و فێربوون دا، هەربۆ ئەو مەبەستەش یەکى ئایارى ساڵى 1890 ى بە دەستپێکى یادکردنەوەى ئەو بۆنەیە تەرخانکرد،ئیدى هەر لەو رۆژەوە تاکو ئەمڕۆکە یەکى ئایار - جگە لە ئەمریکا کە یەکەمین دووشەممەى مانگى ئەیلولى هەرساڵێکى بۆ جەژنى کرێکاران تەرخانکردووە - لە سەرجەم ناوچەو وڵاتەکانى جیهاندا سومبولێکە بۆ یەکڕیزى و هاودەنگى کرێکاران و زەحمەتکێشانى جیهان، رۆژێکە تێیدا یادى سەرکەوتنەکانیان دەکەنەوە کە بەهەوڵى بەردەوامیان توانیان بیکەنە جەژنێکى فەرمى کە پێشوەخت قوربانی مەزنیان بۆ داوە.