٢٧\١\٢٠١٨
یەک کورتە چیڕۆک و
دوو پارچە هۆنراوە.

فەرھاد ئەحمەد
پاشەکەوتکردن.
لاوکۆ و بەڵێن تازە بووبوونە ھاوڕێ، ڕۆژانە پێکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە.
لاوکۆ ھەندێ جار بەشێکی ڕۆژانەکەی لە دەغیلەیەکدا پاشەکەوت دەکرد،
بەڵام بەڵێن ھەموو پارەکەی خەرجدەکرد و بە گاڵتەکردنەوە بە لاوکۆی دەوت:
"پارە پاشەکەوتکردن سوودی چییە؟؟؟!" ڕۆژێک بەڵێن بە میوانی چوو بۆماڵی
لاوکۆ. سەرەتا کە چووە ژوورەوە پاسکیلێکی لە حەوشەکەدا بینی، وتی:
لاوکۆ ئەو پاسکیلە ھی تۆیە؟؟ لاوکۆ وتی: بەڵێ تازە کڕیومە. ئینجا چوونە
ژوورەوە. لاوکۆ وتی :ھاوڕێی ئازیزم دانیشە، ئێستا یاری ئەتاری دەکەین.
پاشان بەدەم یاریکردنەوە لاوکۆ شارەزایی دەدا بە بەڵێن دەربارەی ئامێری
ئەتاری و یاری جۆراوجۆری تری منداڵان. بەڵێن زۆر شادمان و دڵخۆشبوو.
ڕوویکردە لاوکۆ و وتی: ئەم شتە جوانانەی تۆ گرانن باوکت چۆن بۆی کڕیویت؟؟؟
لاوکۆ وتی: بەڵێن گیان من بە پێی پێویست نەبێت ڕۆژانەکەم خەرج ناکەم،
بەڵکو زۆرجار پاشەکەوتی دەکەم ھەتا زۆر دەبێت، پاشان دایە و بابەش
ھەندێ پارەیترم لە پاداشتیدا بۆ دەخەنەسەر، ئیتر جارێک جلوبەرگ و جارێک
یاریی و ھەندێ جاریش کەلوپەلی قوتابخانەی پێدەکڕم، بەمەش ئەرکی سەرشانی
دایە و بابە کەمێک سووک دەکەم. بەڵێن وتی: "ئەی ئافەرین لاوکۆ، بە
ڕاستی ئێستا تێگەیشتم پارە پاشەکەوتکردن سوودی زۆرە" مەرج بێت منیش
لەمەودوا ناوبەناو ڕۆژانەکەم پاشەکەوت بکەم ھەتا بتوانم وەک تۆ شتی
سوودبەخش بکڕم.
گۆڤار..
زۆر جـوانـە ئـەم گـۆڤـارە
بـۆ مـنــداڵـی وشــیـارە
بەرگی جوان و رەنگاوڕەنگ
بابەتی خۆش و قەشەنگ
مـانـگی جـارێک چاوەڕێین
دڵـشـادین کە پـێیدەگەین
ھـاوڕێـیـەکـی دڵـگـیـرە
مـنـداڵ پـێـی رۆشـنـبیرە
پـەنـد و واتـای ژیـانـە
گــۆڤــاری مـنـداڵانــە.
دیاریی
گۆڤار.
ئـای چەندە بەختەوەرم!!
وەک ماندووی بەرسێبەرم
وا ئـێـستـاکـە لـەم شارە
مـنداڵ ھـاوڕێی گـۆڤارە
بـە تـاسـەوە مـانـگانـە
بـۆ گــۆڤـار چـاوەڕوانــە
چونکە زۆر باش دەزانـین
مـافە خاوەن گۆڤار بـین
بڕگەی رازاوەی قەشەنگ
لەگەڵ وێنەی رەنگاوڕەنگ
ھـەمـوو دیـاریی گـۆڤـارن
لـە دڵدا شـیریـن دیــارن
بە خوێندنەوەیان ھەردەم
رۆشـنـبـیـر و ئـاســوودەم.
farhad.ahmadbarznji@yahoo.com
|