په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٠\٢٠١٠

یەک لە سەدی چرکە.


ئا: شنە پێنجوێنی 

 

فیلمی( یەک لە سەدی چرکە)

(ONE HUNDREDTH OF A SECOND)
نووسین و دەرهێنانی سوزان جاکوبسۆن

(SUSAN JACOBSON)


 

 

 

 

دوای ئەوەی لە خوارووی ئەفریکاو ئوسترالیا ژیانی بەسەر دەبرد و هەر ئەم پەروەردەیە ش کاری کردە سەر جاکوبسون کە دەست بکات بە گێڕانەوەی ئازاری نەتەوەکەی بە نووسینی ئەم کورتە فیلمە و دەرهێنانی . لە دوای ١٣ سال کاری هونەری لەدروست کردنی کاری سینەما لە لەندەن نیشتەجێبوو، لە چەند بەشی هونەری جیاواز وەکوو بەرهەم هێنان، وێنەگرتن وموزیکی فیلمی سینەمایی کاری کردوە.


سوزان بەماوەیەکی کەم سەرکەوتنی بەدەست هێنا لەکارە هونەریەکانیدا پێش ئەوەی هەنگاو بنێت بۆ کاری دەرهێنانی کورتە فیلمی سینەمایی .
بەرهەمی ئالێکس بودن (ALEX EMMA
لەنواندی کچە بەتوانای ئینگلیز ( ALEX EMMA)کە رۆڵی کیتی هەیە و (HEATHER CAMERON)ە کامیرۆن کە رۆڵێ برادەرەکەی هەیە.
ئالێکس ئیما کە رۆڵی ئافرەتە فۆتۆگرافەکە دەبینێ ، ئەکتەری شانۆ وتەلەفیزێۆن و سینەمای ئینگلیزە.


یەکەمین جار لە فیستڤاڵی سینەمایی ئیدنبرە پێشکەش کرا. لە رێکەوتی ٢٢-٨-٢٠٠٦ .
بۆ یەکەمین جار لە لەندەن رێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ لە هۆڵی مایفر کروزن پێشکەش کرا.
ئەم بەرهەمە بەشداری ٣٠ سی فیستفالی کورتە فیلمی کردوەو خەلاتی بەدەست هێناوە .
لە لایەن بەشی سینەمای سەربە دەستەی بەریتانی هەلبژێردرا بۆ پاڵپشتی جیهانی.


ئەمە چوارهەمین کورتە فیلمی سینەمایی سوزان جاکوبسون و ئالێکسبودنە کە کۆمپانیایەکی سەربەخۆن بنکەیان لە( لەندەن و بەرلین) هەیە.

کورتە فیلمی یەک لە سەدی چرکە ، لە ٥ پێنج خولەک و ٢٠ بیست چرکە پێک هاتووە.


ئەم فیلمە باسی ئافرەتێکی فۆتۆگراف دەکات کە لەمیانەی گرتنی وێنەیەکی پر ئازار بۆ جیهانی دەرەوە و لەئاکامدا دەبێتە هۆی نەمانی کارەکەی و گۆرانی هەموو ژیانی، هەر بۆیە دەکەوێتە ژێر فشاری پرسیارەوە لە خۆی ؟


گەر مرۆڤێک پێویستی بوو لە مردن رزگاری بکەم ؟ ئایا رزگاری دەکەم یان کارەکەی خۆم ئەنجام دەدەم وەک فۆتۆگرافێک بە گرتنی وێنەیەک لە بەرەکانی جەنگەوە تا ئازاری شەرو کوشتن و ئەو دیمەنە نەبینراوە جەرگ بڕانە بۆ جیهانی دەرەوە بگوێزمەوە ؟

خۆتێوەردان یان یارمەتی ؟ ئەمە ئەو پرسیارە قوڵەیە کە سۆزانی دەرهێنەر بۆ ئەم مەبەستە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێت .


هەروەها ئەم فیلمە بەبیرهێنانەویەکە بۆ هەموو ئەو ترس ودلەراوکێیەی لەمیانەی کاری میدیاوە مرۆڤەکان رۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە.


لەم کورتە فیلمە، لەیەکێک لەبەرەکانی شەڕدا کیتی چاوی دەچێتە سەر منداڵێک کە رادەکات ئەمیش بە گرتنی هەموو دیمەناکان دوای دەکەوێت تا وای لێدێت بە هەڵە بەردەستی دوژمنەکەی دەکەوێت، ئەمە سەرسوورهێنەرە بۆ فۆتۆگرافێک لە بەرەکانی جەنگدا، بەم شێوەیە دەست بە گرتنی وێنە بکات لەکاتێکدا چاوی منداڵەکە دەجێتە سەر چاوی کیتی وسەیری دەکات بە چاو پێێ دەلێت یارمەتیم بدە، بەڵام کیتی بۆ ئەوەی وێنەیەکی جیاواز پێشانی دەرەوە بدات بەردەوام دەبێت لە گرتنی ئەو دیمەنانە تا منداڵەکە دەکوژرێ.


هەرچەندە دەکرێ خوێندنەوەی زۆر هەبێت بۆ شیکردنەوەی ئەو ساتانەی پێش مردنی کچەکە کە دوژمنەکەی داوای لێدەکات کە جانتاکەی فرێبدات بەڵام ئەم منداڵە سوورە لەسەر بەرنەدانی جانتاکەی کە ئەمە بۆ من دەکرێ خۆشەویسترین یاری ئەو مندالە بێت، دەشێت یادگاری دایکی بێت، جێێ سەرنجە بیگەرێنیتەوە بۆ خۆشەویستی نیشتمان، یان پەیوەست بوون وخوشەویستی بۆ ئەو شتەی خۆت و یان ئازایی وگوێ نەدان بەمردن لە پێناوی مافەکان و راستیەکاندا وچەندین شی کردنەوە و مەبەست و باس لە خۆ دەگرێت.

یان دەتوانین بلێێن هەموو پێشەنگییەک قوربانی دەوێت چوون گەر ئەو منداڵە نەمردایە ئەم پرسیارو تێڕامانەی لای مرۆڤەکان دروست نەدەکرد. یان گەر ئەو فۆتۆگرافە ئازایە نەبایە وهەرچەندە لە ئاکامدا ژیانی گۆڕدرا و قوربانی دا، بەڵام جیهانی بەم وێنە تراژیدیایە ئاشنا کردو تا بگەڕێی بە دوی مانای خۆشەویستی و ژیاندا یان گەران بێ بەدوی جوانیدا .


بیرۆکەی ئەم فیلمە لە یانەی ( بانغ بانغ) ە کە رۆمانێکە لەسەر جەنگ،باس لەو چوار رۆژنامەوان و فۆتۆگرافە چاونەترس وئازایانە دەکات لە بەرەکانی جەنگ لە خوارووی ئەفریقادا کە چٶن ژیانی خۆیانیان خستۆتە ژێر مەترسیەوە بۆ گرتنی ئەو وێنانەی کە مرۆڤایەتی دەهێنێتە هاوارو گواستنەوەیان بۆ جیهانی دەرەوە، ئەو چوار رۆژنامەوان و فۆتۆگرافە لەگەڵ تیمی یاریدەدەریان خاوەنی چەندین وێنەی سەر سووڕهێنەرن .
 


ئەمە یەکێکە لەو وێنانەی ئەم چوار فۆتۆگرافە کە هەموو مرۆڤایەتی راچڵەکاند و تووشی بێدەنگی کرد.


ئەم فیلمە هەوڵی ئەوە دەدات کە مرۆڤەکان بە جۆرێکی تر بیر بکەنەوە و تێروانینی جیاواز دروست ببێت تا لە بەها مرۆییەکان تێبگەین.هەروەها گرنگی لەوەدا دەبیننەوە شەڕلە هەموو شوێنێک زۆر بووەو رۆژانە لە میدیاکانەوە بە باس و وێنە دێتە پێش چاوی هەموو مرۆڤێک تا وای لێهاتوە زۆر ئاسایی بووە هاوارو ئازارەکان رەنگدانەوەی لەسەر دەروونی مرۆڤاکان نەهێشتووە یان دەتوانین بڵێین هەستی مرۆڤایەتی کوشتوە.

دەکرێ ئەو پرسیارە بکرێ ، ئامێرێکی سینەمایی کە چاوی کامێرایە دەتوانێ بێبەزیترین وێنە تۆمار بکات بەڵام ئایا چاوی مرۆڤێک و ناخی مرۆڤێکێ وەک (کیتی ) هەمان بینین وکاردانەوەی لەسەر دەروونی دەبێت ؟


چوون ئەو بێدەنگی و ئازارە سەمفۆنیای مەرگی ئەو منداڵەی دەژەنی تا وای لێهات لە تاو ئازاری ویژدان خۆی نەگرت و کارتێکردنی موزیک و سەیرکردنی ئەو دیمەنە و گەڕاننەوە بۆ فلاش باگ بۆ ناو گەرمەی شەڕەکە و تێگەیشتن لەو مانا قوڵەی کە لە چاوی منداڵەکەدا بوو کە داوای یارمەتی دەکرد بەڵام کیتی بۆ ئەوەی وێنەیەکی سارد و بێگیان بگرێت بۆ سەرکەوتنی کارەکەی لە بیری چوو کە منداڵێک لە مەترسی مەرگدایە دەیتوانی گەر بە کۆتایی خۆی وکارەکەی بوایە بەرهەلستی لەو منداڵە بکردایە تا لەمردن رزگاری بکردایە .


وەکو بینیمان ئەو وێنەیە لە فیستڤاڵی فۆتۆگرافدا خەڵاتی کامێرای زێرینی پێبەخشرا، کیتی تووشی بێدەنگی وئازارو ململانێی دەروونی بوو تا وای لێهات هۆڵەکەی بەجێهێشت و خەڵاتەکە بۆ ئەو هیچ مانایەکی نەما .


ئەمە ناوەرۆکی ئەم کورتە فیلمەیە کە دەرگایەکی بەرووی سەدان پرسیارو بیرکردنەوە کردۆتەوە بۆ کیتی وهەزارانی ترو لە کۆتایدا دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی کە مرۆڤ ناتوانێ بەرهەڵستکاری لە فشاری دەروونی بگرێ و لە گەڵی بەردەوام بێ .

ئەمەیە ئەرکی سەر شان و پەیامی هونەر کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کۆمەڵێ پرسیارو مانای قوڵ بوڕوژێنیت و جارێکی تر ناخی مرۆڤایەتی بهەژێییت بۆ بیرکردنەوە لە ژیان و ئاشتی و خۆشەویستی و پێجەوانەکەشی شەرو کوشتن کە چەندە ئاکارێکی خراپی هەیە لەسەر دەروونی مرۆڤەکان .

فیلمی یەک لە سەدی چرکە مەبەست لەو چرکەیەی کامێرایە کە لە کەمترین کاتدا دەتوانێ دڵتەزێنترین دیمەن تۆمار بکات ، یان بە پێچەوانەوە.

_________________________________
سەرچاوەکان:
١- فیلمی یەک لە سەدی چرکە.
٢- کۆمەڵێک سەرچاوە لە ویکپیدیا و گووگڵ.
٣- خوێندنەوەی بابەت و سەرچاوە لەسەر کورتە فیلم.

 

ماڵپه‌ڕی شنه‌ پێنجوێنی