١٦\١٢\٢٠٢٤
یەکپارچەیی ساختە.

ئەرسەلان مەحمود
سەد ساڵێکی ڕەش و خوێناوی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕی، کەچی
هێشتا لە ژێر سێبەری چەمکی ساختەی "یەکپارچەیی خاک" ئەو یەکپارچەییەی
کە بەبێ خواستی گەلانی ناوچەکە لە پارچە پارچەکردنی خاکی ئەوانی ترەوە
دیزاینکراوە، دەناڵێنێت.
ئەم درۆ مێژووییە گەورەیە، کە زادەی عەقڵیەتی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاواییە،
وەک شمشێرێکی ژەهراوی بەسەر جەستەی نەتەوە بندەستەکاندا هەڵدەسووڕێت و
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەرگبڕتر بووەتە ئامرازی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی
گەلانی ناوچەکە، گرفتە قووڵەکەی لەوەدایە کە دوای لەناوچوونی بە نموونە
ڕژێمەکانی بەعس، هێشتا میراتە ژەهراوییەکەی لە لایەن دەسەڵاتە جێگرەوە
نوێیەکانییەوە، کە خۆیان بە دیموکراتخواز دەزانن و بگۆی دژە ستەمکاری
دەکەن، هێشتا تووندتر لە ڕژێمە ڕووخاوەکان بەردەوامە لە ژەهرڕشتن.
ڕێککەوتننامەی شووم و نەگریسی سایکس-پیکۆی ١٩١٦، کە بە دەستی خوێناویی
بەریتانیا و فەڕەنسا نەخشەکێش کرا، سنووری وەهمی و دەستکردی وای
دروستکرد کە نەک هەر پەیوەندی بە واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتووری
ناوچەکەوە نییە، بەڵکو بووە بە سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و کارەساتەکانی
ئەم سەدەیە. نەتەوەی کوردی بەسەر چوار دەوڵەتی دڕندەدا دابەشکرا، شیعە
و سوننەی بە شێوەیەکی دژبەرانەی تووند خستە ژێر دەسەڵاتی یەکتر و خێڵە
عەرەبەکانی بە هێڵی وەهمی لە یەکتر دابڕین.
دیکتاتۆرە خوێنمژەکانی ناوچەکە و شیرەخۆرەکانیان کە تا هەنووکە بە
شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەم دۆخەیان قۆستەوە و هێشتا لە ژێر دروشمی
بریقەداری "یەکپارچەیی خاک"دا، سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی و ئاینی
پەیڕەو دەکەن، جیهانی بەناو مۆدێرنە و پێشکەوتوو کە خۆی بە پارێزەری
مافەکانی مرۆڤ و گەلان دەزانێت، بە بیانووی پاراستنی ئارامی و
سەقامگیری، درێژە بە پشتیوانی لەم سیستەمە دژە مرۆییە دەدات و دەبێتە
هاوبەشی تاوانەکانیان.
لە سایەی ئەم سیستەمە چەوتەدا، عەقڵیەتی دواکەوتووی مەزهەبی و قەومی
بەردەوام خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە کە لەبری چارەسەر تا دێ زیاتر ناکۆکییە
ناوخۆییەکان قووڵتر دەکاتەوە. ئەمەش وایکردووە پرۆسەی گەشەسەندنی
کۆمەڵایەتی و ئابووری بەتەواوی پەکیبکەوێت و دەسەڵاتی ناوەندی، سەرەڕای
گۆڕینی دەمامکەکان، بەهێزتر بێت.
تەنها ڕێگەی دەربازبوون لەم دۆزەخە مێژووییە، دانپێدانانی بێ مەرجە بە
مافی چارەی خۆنووسینی گەلان یان هێنانە ئاراوەی سیستەمی فیدڕاڵی
لامەرکەزی ڕاستەقینە. پێویستە چەمکی کۆڵۆنیالیستی "یەکپارچەیی خاک"
بگۆڕدرێت بۆ یەکپارچەییەکی نیشتمانی کە لەسەر بنەمای هاوبەشی ئازادانە
و یەکسانی تەواو لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا دامەزرابێت.
یەکپارچەیی ڕاستەقینە تەنها لە سایەی دادپەروەری و ڕێزگرتنی تەواو لە
ئیرادەی گەلاندا دێتەدی، نەک بە زمانی گوللـە و تۆپ و تانک و فاشیزمی
مەزهەبی و قەومی.
گۆڕینی بنەڕەتی سیستەمی سیاسی لە ناوچەکەدا و دامەزراندنی سیستەمێکی
دیموکراتی ڕاستەقینە کە مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات، تاکە
ڕێگەی ڕزگاربوونە لەم قەیرانە قووڵە مێژووییە کە بەردەوام قوربانی نوێ
دەخوازێت.
دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی دوور و نزیک ئەگەر درۆ ناکەن و بە دوای
چارەسەری بنەڕەتی و سەقامگیری ناوچەکەدا دەگەڕێن، پێویستە تێبگەن لەوەی
وەک ئیدوارد سەعید دەڵێت: "کۆڵۆنیالیزم تەنها داگیرکاریی خاک نییە،
بەڵکو داگیرکردنی مێشک و عەقڵییەتی گەلانیشە." ئەم ڕاستییە تاڵە کە
بەڕوونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینرێ و چەمکی درۆزنەی یەکپارچەیی
خاکی کردوەتە زنجیرێکی نادیار بۆ کۆتکردنی ئازادی و مافە سروشتییەکانی
گەلان دەبێ بپسێندرێت.
فەیلەسوفی فەڕەنسی ژان پۆڵ سارتەریش لە کتێبی "کۆڵۆنیالیزم:
سیستەمێک"دا دەنووسێت: "دەسەڵاتە کۆڵۆنیالیستییەکان دەمامکی دیموکراسی
لە دەم دەکەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان سیستەمی چەوساندنەوە
بەرهەمدەهێننەوە." ئەمڕۆ، دوای سەد ساڵ لە دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، ئەم وتانە لەسەر زمانی ئەردۆغان و سودانی و ئەوانی تری
ناوچەکە و دوور بە داخەوە زیندووترن لە هەر کاتێک، ئەم جوێنەوە و
بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم لە فۆڕمی تردا، هەم نەنگی و هەم گاڵتەجاڕی
هێنەرن بۆ سەر خودی خۆیان.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|