٧\١٢\٢٠١٣
یەشار
کەمال و گەمیەکەی نووح.

خدر عەبدوڵا
یەشار
کەمال ئەدیبێک و رۆماننووسێکی
کوردستانی باکوورە، لە خێزانێکی خاوەن زەوی
و دەوڵەمەند لەیەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری گۆمی وان لە ساڵی ١٩٢٣ ز
لە گوندی حەمیدیە
لە دایک بووە، بەھۆی کێشەی زەوی وزارەوە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکیان
بەبەر چاوی خۆیەوە کوشت، ئەم رووداوە کارێکی زۆری تێدەکات و
خێزانەکەشیان بەم ھۆیەوە تووشی ھەژاری و نەداری دەبێت وکۆچ بۆ یەکێک لە
گوندەکانی ناوچەی چوکوراوا دەکەن ، ھەر لە چوکوراوا دەچێتە قوتابخانە و
فێری خوێندنەوەو نووسین دەبێ، لە
تەمەنی ١٠ ساڵیدا زۆربەی زۆری شعرە مللیەکان و شاعیرە
ناودارەکانی ئەو سەردەمەی نەک ھەر خوێندۆتەوە بەڵکو زۆربەیانی ئەزبەر
کردبوون، زۆربەی کاتەکانی خەڵکی گوندو ناوچەکانی دەوررو بەری خۆی بە
پیر و
لاویانەوە لە دەوری کۆ بوونەتەوەو بە تامەزرۆوە گوێیان لە یەشارکەمالی
خاوەن بەھرە و
فۆلکلۆر پەروەر دەگرت.
لە دوا قۆناغەکانی ئامادەیی دا لەبەر نەبوونی و ھەژاری خێزانەکەیان واز
لە خوێندن دێنێ و دەست دەداتە کار و کاسبی
لە کیشاوەرزیەکانی چاندنی پەمۆو برنج. لەسەرەتای چلەکانی
سەدەی رابووردو دا چووەتە شاری ئەستەمبول ، لەوێش گەلەک
کاری سەختی کردووە وەک کرێکاری بیناسازی و شاگردی و کاری عەریزە
نووسی کردووە ،ھەر لەوکاتەشدا بیروباوەری چەپی ھەڵگرتووەو خۆی لە دوا
لاپەرەی رۆمانی ئەودیوی چیا دەڵێ
(لە تەمەنی ١٧-١٨ ساڵیدا بووم بیرو باوەرم
بەلای جیھانبینی سۆشیالیستی داچوو ،بۆیە من باوەرم تەنھا بە دوو ھێز
ھەیە، ھێزی سروشت و ھێزی مرۆڤ ، ئەوانەی
دژایەتی ئەم بیرو باوەرانەشم بکەن ،بە ھونەرەکەم بە ئەدەبەکەم بە بیرو
باوەرەکەم، بە گژیاندا ئەچمەوە....).
دیارە ئەم دوو ھێزەش ھەردەم لە کێشەدابوونە بەرامبەر بە یەکتری،
ھێزی سرشت وەک با.. دەریا.. چیاکان.. دارستانە چڕەکان.. رێگا
دووروھەورازەکان.. ئاژەڵەکێوی و دڕندەکان،کەمرۆڤیان تووشی دەردەسەری و
ماندوبوون ونەھامەتی کردووە،بەرامبەر ئەم ھێزەش ئیرادەی مرۆڤ بە ھەوڵ
کۆششی بێ وچان ،بۆ بەختەوەری ژیان ،ئۆتۆمۆبیل وشەمەندەفەروفرۆکەو کەشتی
گەورە گەورەی دروست کردووە تا.. رێگا دوروسەختەکانی چیا بەرزەکان ،بەرین
و قووڵی دەریاو زەریاکان ،نھێنی بۆشایی ئاسمانە بەرزەکان ،ئاشکراو لێک
نزیک بکاتەوەو بەسەریاندا زاڵ بێت. یەشارکەمال لە رۆمانی گەمیەکەی
حەزرەتی نووحدا باسی رێگا سەختەکانی سەدەی
بیستەمی ئەم دەڤەرەدەکات و دەڵێ
(بە قەد
پاڵەکاندا ھەڵدەگژێین.. خۆڵ لەم ناوەدا نابینی.. بەردی رەقوتەقە، تاوێر
و قایەجار نەبێ خۆڵ نابینی، ئەم
بەردو تاوێرانە لە جێگاکانی خۆیانەوە یاری دەکەن ، دەجولێنەوە،بەردو
تاوێرەکان ،ھیچی ھی ئەم شوێنانەی ئێستایان نین..
لەجێگای ترەوە بۆ ئێرە خل بوونەتەوە.. بەردەکان،
تاوێرەکان، ھەر
یەکەو رەنگێکی ھەیە، سوورو سەوزەکەش ھەر رەش دەروانن،
شیوودۆڵەکان تژی تاوێرو بەردن، ھەر زوو بۆت
دەردەکەوێ سەرکەوتن بەسەر ئەم چیایەدا چ کارێکی ئەستەم و دژوارە..
بەردو تاوێری ئەم چیایە لەبەردوتاوێری چیایەکی ترناچێ.. بەخێرگوایە
ئێرە کەپێیدادەرۆین، ئەوەندە تووش
نییە، کەچی ئەوانەی لەپێشەوە رێ دەکەن،
یەکبینە ھاوار دەکەن، ''بەرد..بەرد''
ئەمە وریاکردنەوەیەکە، ئەوانەی لە خوارترن، لەدواوە ئەو بەردانە بە
ئاگادێنن کە لەناکاوێکدا خل دەبنەوە ، نەکو بەسەرو ملیاندا بکەوێت..
ھاواریان لی ھەڵدەستێ [بەرد..بەرد] .جا ئەوانیش خۆیان لەو بەردانە
دەپارێزن ،بەردێکیش کە خل دەبێتەوە ، تا دەروا
لەگەڵ خۆیدا بەردی دیکە خل دەکاتەوە.).
یەشار کەمال لەکۆتایی چلەکاندا بووەتە
ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیاو لەساڵی ١٩٥٠ بەھۆی پروپاگەندە بۆ ئەو
حزبەو بیرو باوەرەکەی گەلێک جار گیراوەو رەوانەی بەندیخانەیان کردووە.
لەساڵی ١٩٥٦ رۆمانی حەمەدۆکی نووسیوەو ئەم شاکارەی بۆ ٢٠ زمانی بێگانە
وەرگێردراوەو ھەربەھۆی ئەم شاکارەشەوە بوو ناوبانگی لەناوخۆی تورکیاو
دەرەوەش دەرکرد . لەسالی ١٩٧٣وە ھەڵبژێردراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ
لە ئەدەب ،لەوساوە گەلێک جار لەو ١٠ کەسە ھەڵبژێردراوانە دەبێ کە
ھەڵدەبژێردرێن بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە ،بەڵام لەبەر نەبوونی شەنێی خۆی
یان دەست تێوەردانی حکومەتی تورکیا لەم مەسەلەیە چونکە کوردە،
یان خۆی کێشەی ھەیە لەگەڵ دەستەو ستافی بریاردەری ئەم خەڵاتە،
یان خۆی دەڵێ (من بۆ ئەوە نانووسم تا خەڵات
بکرێم چونکە مرۆڤ وەک ئەسپی کێ بڕکێ نیە تا کێ زیاترو با شتر بنووسی
ئەو بیباتەوەو خەڵات وەرگری، من ھیچ باوەرم بەم
کێبڕکێیە نییە.) ئەمە ئەو وتانە بوو
لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی زێریندا بوو لەساڵی ١٩٧٩ بە
ھۆی رۆمانی گیای نەمرانەوە بوو، کە
بە باشترین رۆمانی ئەو ساڵەی تورکیا دەست نیشان کرابوو.
یەشار کەمال ھەر ئەوەندە بە
تورکی نووسیویەتی تا زۆرترین خەڵک رۆمانەکانی
بخوێنێتەوە،وەھەروەھا نووسین ئەوسا بەکوردی لە تورکیا قەدەغەبوو،
ئەگینا ئەگەر تۆ رۆمانەکانی حەمەدۆک یان ئەودیوی چیا یان چیای ئاگری
داغ بخوێنیتەوە دەبینی ناوی گوندەکان و مرۆڤەکان و روبارەکان و چیاکان
و جۆری بیرکردنەوەو ھەڵسووکەوتی پاڵەوانەکانی ناو رۆمانەکانی ھەر
ھەمووی کوردانەن ،چونکە ناوەرۆکی رۆمانەکان باسی چەوساندنەوەی گەلی
کورد لە تورکیا بەگشتی و چەوساندنەوەیان لەژێردەستی ئاغاو دەرەبەگە
کوردەکانی داردەستی حکومەتی کەمالیستەکان بووە. یەشارکەمال لە رۆمانی
گەمیەکەی نووحدا لە زمانی پیرەمێردێکەوە دەڵێ (گوندی
ئاخور ،نەفرەتی لێ کراوە، سەد ساڵ لەمەوپێش رێک سەد سال،
لیرە ئاغایەک ھەبوو، جا کچی ئاغا بێ و عاشقی شوانە وێڵەیەک بێ،
مەڕ و پەزی ئاگری
بە کەین و بەینی یەم عاشقە دەزانن و گەواھی ئەو عاشقە دەدەن.. ئاغا پێی
زانی فرمانی دا پێستی شوانە بکەنن، پیاوان و دەست و پێی ئاغا، وەدوای
شوانە دەکەون، شوانە ھیج پەنای نامینێ ،چیای ئاگری نەبێ ، ئاگری داڵدەی
دەدا ،دەیشارێتەوەو دەیحەوێنێتەوە، کچە وادەزانێ شوانەیان کوشتووە،
دین دەبی، دەکەوێتە شاخان، پاش ماوەیەک شوانە ئاگری عەشق ئۆقرەی
لەبەردەبرێ، ئارەزووی دیدەنی یاری دەکەوێتە
سەر، ''دوای د یتنی با بمکوژن''
وادەڵێ و شەوێک دەگەرێتەوە.. چ ببینێ، دێ لەشوێنی خۆی نەماوە ،کچە ش
ھەر لەو کاتەدا دێت و لەوێ یەکتر دەبینن، ئەم جارەیان پێکەوە روولە
ئاگری دەکەن، ئەمە رق و تورەیی ئاگریە نەفرەتی لە ئاخورکرد،
کە گابەردێکی خۆی خل دەکاتەوەو بەسەر دێ ی ئاخوریدا دەکێشێ،
چونکێ جەوریان لە شوانە کرد، قەد خوا نەکا
ئاگری تووڕە ببێ، نەفرەت لە شوێنێ نەکات
پەککوو...نابینی ئەو دێ یە چۆن نغرۆ بووەو گیای خواسایی لێ ناروێت ..).
کاتێک قەومەکەی حەزرەتی نووحیش پڕدەبێ لە
خراپەکاری و گەندەڵی و ستەم ،کاتێک ھەر یەکێک درۆ دەکات و رووی
رەش دەبێت ، کاتێک مرۆڤەکان لە خوای بەھێزو بەدیھێنەری زەوی و ئاسمان
ناپارێنەوەو نێژو نزا ناکەن ، خوا بەر لەوەی غەزەب بیگرێ و تۆفان و
لافاو ھەڵسێنێ ،حەزرەتی نووح دەنێرێ ، بۆئەوەی ئەومرۆڤانەی کە چاکەیان
کردووە رزگاریان بکات، فرمان بەحەزرەتی نووح دەدات ،کە گەمیەک دروست
بکات ، حەزرەتی نووحیش گەمیەکی دروست کرد ، درێژیەکەی ١٢٠ باڵ و
بەرزیەکەشی ١٢٠ باڵ بوو، کەدابەشی کرد بۆ شەش نھۆم و ھەر نھۆمێکییش لە
نۆ ژوور پێک ھاتبوو . رووکاری دەرەوەشی بەقەتران و رووکاری ناوەوەشی بە
قیر چەور کرد ، جا خۆی و خێزانەکەی و لەگەڵ چەند کەسێکی کەم نەبێت کە
چاکەکار بوون ، بروایان بە حەزرەتی نووح ھێنابوو ، لەگەڵ چەند دەنکە
تۆی لەھەر درەختێک ھێنا کە چەکەرەی لەسەر زەوی کردبێت و لە ھەر ئاژەلێک
و پەلەوەرێک نێرو مێیەکی ھێنا کەمرۆڤ سوودی لێ وەردەگرت،لەگەڵ ھەندێک
خواردنی پێویست تا بەشی چەند رۆژێکیان بکات حەزرەتی نووح چاوەرێی
لافاوەکەی کرد ، کە پێی وترابوو بەبارانێکی بەرێژنە دەست پێ دەکات ،ئەو
رۆژەھات و ھەرچی دەریا ، زەریا، زێ و رووبارەکان ھەیە ھەڵسان و بوون بە
تۆفان ، ئەو ئاوە بە ھێزو توڕە بوونێکی زۆرەوە،تا گەیشتە بەرزترین
لوتکەی چیاکان و زەوی وون بوو، دوای حەوت رۆژوشەوان حەزرەتی نووح
گەمیەکەی لی دەخوڕی ، ھیچ شوێنەواری زەوی دیار نەبوو ،ھەرئاووشەپۆلەکانی
بوون حەزرەتی نووح قەلەرەشێکی نارد ، تا ھەواڵێکی ووشکانی بۆ بێنێتەوە
، قەلەرەشەکە ھیچ شوێنێکی نەدۆزیەوە تا لێ ی بنیشێتەوە ، بەڵام بۆ خۆی
دەستی کرد بەخواردنی ئەو لاشانەی کەسەرئاوەکە کەوتبوون ، بیری
لەوەنەکدەوە بگەریتەوە ناو گەمیەکە .ئەم جارە حەزرەتی نووح چۆلەکەیەکی
نارد ، چۆلەکەکە بەردەوام بوو لەفڕین ، بەڵام ئەویش ھیچ درەختێک و
بەرزایەکی نەدیت تالەسەری بنیشێتەوە، چۆلەکەکە ناچار ئێوارە
بگەرێتەوەناو گەمیەکە ، دوای حەوت رۆژو شەوانی تر ئەم جارە حەزرەتی
نووح کۆترێکی سپی نارد ، ئەویش ھەرفری ھەرفری بۆئەوەی شوێنێک ببینێتەوە،
بۆ ئەوەی بنیشێتەوە ،بەڵام ھیچ زەویەکی ووشکی بەرچاو نەکەوت،ھەرکە بیری
لە گەرانەوە کردەوە ،چەند درەختێکی سەوزی بەر چاو کەوت و لەسەریان
نیشتەوەو بەدەنووکیشی پەلکە گەڵایەکی سەوزی لە لقی درەختێکی زەتوون
کردەوەو ھەڵی گرت وبردیەوە ناو گەمیەکە. جا
خەڵکی ناو گەمیەکە گەشانەوەو رزگاریان بوو.
یەشار کەمال لە رۆمانی گەمیەکەی نووح دەڵێ
(گەمیەکەی حەزرەتی نووح وای لێ ھاتووە
لاقرتێ و گەمەی پێ بکەین .. کە ئاوەکە کشاوەتەوە .. کۆترێکم دێتە
بەرچاو ..سپی سپی..چلەزەیتونێکی بەدەنووکەوەیە ،ھە واڵ و مزگێنی
زەویەکی ووشک رادەگەیەنێ.. ئارامی و ئاشتی..)
زۆربەی پەرتووکە ئاینەکان دەست نیشانی ئەو
شوێنە دەکەن کەگەمیەکەی حەزرەتی نووحی لێ گیرساوەتەوە ئەویش
چیای جوودە، لە
باکووری کوردستانە، ئەمە تا چەند چیرۆک
ئامێزە یان ئەفسانەیە، یان چیرۆکی ئاینیە،
یان چیرۆکی مللی بن بەدیوێک ،بەدیوەکەی تری کە یەشار کەمال مە
بەستیەتی ، گەڕان لەچیای ئاگری یان رۆژ ھەڵاتی تورکیا ،کە کوردستانی
خۆمانە ، بەدوای فریاد رەسێکی ئەم سەردەمەدا دەگەرێت ، تا
لەچەوساندنەوەی خەڵکی کورد لەمافە نەتەوە ی یەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی
نەتەوەی تورک وکەمالیستەکان ،لەلایەکی تر چەوساندنەوەی چینایەتی وزەوت
کردنی مافی جوتیاران لە لایەن ئاغاو درەبەگە کوردەکانی داردەستی
حوکومەتی تورکیادان رزگاریان بکات ،بۆیە رۆژنامە نووسە ئەڵمانیەکان و
فەرەنسیەکان ئەوانیش ھەر بەم دیوەو بەم مەبەستە دەھاتن و بەدوای
حەمەدۆک یان گەشتیەکەی نووح دادەگەران ،دەیان زانی ئەسلی مەسەلەکە
بەدواداگەرانی فریاد رەسەکەیە و ئەو ھێزەی لەپشت فریاد رەسەکەیە ،
کەھێزی خەڵکی رەش ورووتی گوند نشینەکانە چونکە ئەو باوەری بەھێزی خەڵکە
، کاتێک دەبینین حەمەدۆک لەبەرگی یەکەمدا بۆخۆی بەتەنھا وەک فریاد
رەسێک دژی ھەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوەیەک دەوەستێت و خۆی کارەگرنگەکان
و پێویستیەکان ئەنجام دەدات ، بەڵام لەبەشی دووەمی رۆمانی حەمەدۆک دا ،حەمەدۆک
وون دەبێ و خەڵکەکەش جاوی کراونەتەوەو ئەم ترس و تۆقینەی جارانیان
نەماوە بەرامبەر ئاغاکان ، خەڵکەکەخۆیان دێنە مەیدان ، یەشار کەمال ئەم
وون بوونەی بەئانقەست کردووە، تا خاوەن ماف کەخڵکەکەیە خۆیان بێنە
مەیدان.
رۆمانەکانی یەشارکەمال ھێندە ئینسانی و مرۆڤ دۆستن ،ھێندە پاراوو سادەن
لە دەربریندا ، وەرگێر دراونەتە سەر زیتر لە ٤٠ زمانی بێگانە .. ئێوە
بڵێن گەر ئەدەب وھونەرەکەی یەشار کەمال ھێندە بەرز نەبێت چۆن
وەردەگێردرێتە سەر ئەو ھەموو زمانەی دونیا ،تەنانەت ھەندێک لەرۆژنامە
نووسەکانی ئەڵمانیا دوای خوێندنەوەی رۆمانی حەمەدۆک دەھاتنە رۆژھەڵاتی
تورکیا ،کە باکووری کوردستانە جێگای باوک و باپیری یەشار کەمالە ،
بەدوای حەمەدۆک و دۆردووەشێت دا دەگەران یان ئەوەتا فەرەنسی یە کان
لەرۆمانی گەمیەکەی نووحدا بەدوای پاشماوەی گەمیکە دادەگەرێن.. چ
رۆژنامە نووسە ئەڵمانی یەکان چ رۆژنامە نووسەفەرەنسیەکان ،دەڵێن ئەم
رۆمان وچیرۆکانەی یەشارکەمال واقعیەو رووداوەکان زۆر زیندون ،ئەمە ش
لەو رەسەنایەتیەی ئەدەبی ریالیزمی رەخنەگرانە سەرچاوە دەگرێ کە
یەشارکەمال تا سەر ئێسقان باوەری پێ ی ھەیە ،ئەدیبێکی خاوەن ھەڵوێستە و
ھەڵوێستەکانی و چیرۆکی ژیانی خودی خۆی ھیچی لە بەرھەمە ئەدەبیەکانی
کەمتر نی یە ،یەشار کەمال لە ساڵی ١٩٧٣ دا بەشداری لەدامەزراندنی
نقابەی نووسەرانی تورکیای کردو ساڵی ١٩٧٤ بوو بە سەرۆکی ئەم نیقابەیە،
تائێستا خاوەن ١٩ خەڵاتی جیھانی و ناوخۆی
تورکیایە... ھەڵوێست و
خەڵاتەکانی یەشار کەمال بابەتێکی نووسینی ترە
بە هیوام لە دەرفەتێکدا بڵاوی بکەەوە.
_______________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١- ژیان و رۆمانەکانی یەشار
کەمال زۆر زیاتر لەوە ھەڵدەگرن کە بە
چڕتر و پوختەتر بنووسرێ،
ئەم چەند دێرە ھیچ نییە تەنھا دڵۆپێک
لە دەریای ژیان و بەرھەمەکانی یەشار کەمال نەبێ.
٢- دەستخۆشیی لە نووسەر
و وەرگێری بە توانا بەرێز ئەحمەد محمد اسماعیل دەکەم بۆ
وەرگێرانی رۆمانی گەمیەکەی نووح و چەند رۆمان و کورتە چیرۆکی تری یەشار
کەمال ، بە راستی بەزمانێکی زۆر ناسک و پاراو
و بە سەلیقە وەریگێراون .. بە ئومێدم
خەرمانی بە بەرەکەت بێ
و نموونەی زۆر بن.
٣- یەشار کەمال رۆمانی کاریتە یا ئەودیوی چیا،
بەرگی دووەم، زەوی ئاسن و ئاسمان مس.
٤- یەشار کەمال گەمیەکەی نووح.
٥- سلێمان مەزھەر چیرۆکی ئاینەکان،
وەرگێرانی لوقمان حاجی قادر.
khdir_abdulaya@yahoo.com
|