یونسیف: سکپڕبوون لە وڵاتە هەژارەکاندا مەترسى زۆرى هەیە لەسەر ژیانى دایکان.
ئا: کەژاڵ عەلا
ڕێکخراوى یونسێف لە ڕاپۆرتی ساڵانەى خۆیدا کە تایبەتە بە دایکان و منداڵانى ساوا، لە جۆهانسبۆرگى پایتەختى ئەفریقایى باشوور بڵاویکردەوە و دەڵێت: ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو ژنانەى لە وڵاتە هەژارنشینەکاندا نیشتەجێن و ئەو ژنانەى لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا نیشتەجێن، جیاوازیەکى ئێجگار گەورە دەبینین. چونکە ئەوژنانەى کە لەوڵاتە هەژارەکاندان، بەڕێژەى (300) جار زیاتر لەو ژنانەى لە وڵاتانى دەوڵەمەندا دەژین، مەترسى ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە بەمردن لەکاتى منداڵبوندا. یونسیف لەم ڕاپۆرتەیدا ئاماژەى بەوەشداوە و دەڵێت: ئەم جیاوازییە زۆرەى لەم ڕووەوە بەدی دەکرێ، تاوەکو ئێستا لەجیهاندا لەهیچ جۆرە پێوانەیەکى مردندا بەم زەقیە بەدینەکراوە.
هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باسلەوەش دەکات ڕێژەى مردنى ژنان لەکاتى منداڵبووندا لە وڵاتى نێجیریا لەهەر حەوت کەس یەکێکیان ژیانیان لە مەترسیدایە ئەمەش ژمارەیەکى ئێجگار زۆرە، لەکاتێکدا لە وڵاتى" ئایسلەند" لە (47600 ) ژن یەک کەسیان بەم هۆیەوە ژیان لەدەست دەدەن. سەرەڕایى ئەمانەش ئەم ڕاپۆرتە وتى: ڕۆژانە تێکرا لەکاتى سکپڕی یا منداڵبووندا (1500 ) ژن لە سەراسەرى جیهاندا دەمرن، کەنزیکەى نیوملێونیان لەتەمەنی منداڵیدان و لە 90% شیان کەوتونەتە کیشوەرى ئاسیاو ئەفەریقاوە. لە 22% ژن تەنها لەوڵاتى هندستاندان. لەنێوان ئەم ژمارە زۆرەدا چواریەکى ئەم ژنانەنە بەهۆى خوێنبەربوونەوە، 15% بەهۆى هەوکردننەوە و 13% بەهۆى منداڵ لەبارچوونەوە و 12% بەهۆى بەرزبوونەوەى پەستانی خوێن لەکاتى دووگیانیدا و 8% یشیان بەهۆى گیروگرفتى جۆراو جۆرى کاتى منداڵبووندا گیان لەدەست دەدەن.
هەروەها ئەم ڕاپۆرتە ئەوەشى ڕوونکردەوە کە مەرگى دایک کاریگەرییەکى زۆرى هەیە بۆ مەترسى زیاتر لەسەر مردنى منداڵە ساواکانیان، بەتایبەتى لە"25" ڕۆژى سەرەتاى تەمەنیاندا، چونکە ئەو ساوایانە لەو تەمەنەدا چاوەڕوانى مەترسى مردنیان زیاتر لێدەکرێت. هەروەها ئەو منداڵانەى کە دایکیان لە دواى تێپەڕوونى شەش هەفتە لەپاش منداڵبوون، دەمرن زیاتر ئەگەرى مردنى لێدەکرێت تا ئەو منداڵانەى دایکیان بەزیندویى دەمێنێتەوە، زۆربەى ئەم منداڵانە ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێت تا تەمەنى دووساڵى بژین. بۆنمونە لەوڵاتى ئەفغانستاندا 75% ئەو منداڵانەى کە دایکیان لە کاتى منداڵبووندا دەمرن، ئەو پەڕى تا یەک ساڵ دەژین. جگەلەوەش ئەو ژنانەى کە چاودێرى تەندروستییان بۆ ئەنجام دەدرێت لەکاتى سکپرى و منداڵبووندا 80% یان مەترسى مردنیان لەسەر کەم دەبێتەوە.
|