گفتوگۆیهک
لهگهڵ یوسف عیزەدین.
سازدانى: سۆران عەزیز
- بهشی یهکهم
-
سۆران عەزیز: لەکاتى نووسینى رۆمانى
مێژوویدا ئایا رۆماننووس دەورى مێژوونووس دەبینێت؟ یان ئازادە لەوەى
رووداوەکان بەشێوەى نوآ بگێڕێتەوە؟
یوسف عیزەدین: مێژوو یان مێژووگەرایى و
بەمێژووکردن و لەناومێژوودا بوون و چەمکەکانى ترى ئەو زاراوەیە،
لێوانلێوە لەئیشکالییەتى فامکردن و راڤەو شیکارى جیاوازو ناکرێت
بەسانایى لەئاست یەکێکیاندا رابوەستین، چونکە دەبێت بپرسین مێژوو چییە؟
مێژوو بۆ چى؟ ئەمە جگە لەوەى دەبێت لەوە بپرسین مێژووى کآ؟ مێژوو شتێکى
بەڵگەنەویست و سەلمێنراو و سەقامگیر نییە، بەڵکو ناجێگیرو بێلەنگەرو
ناسەقامگیرە. مێژووى نووسراو یان مێژووى نەنووسراو، مێژوو وەک تێکست
یان مێژووى دەرەوەى تێکست و ئەمانەو زۆر شتى تر دەبنە پرسیار.
مێژووگەرایى لاى"تۆرین" گۆڕینى چالاکییە بۆ شێوازێکى کۆمەڵایەتى
کەهەڵسوڕان و کردارى تێدا دەبێتە کۆمەڵێک رێچکەو ئاراستە و ئەوەى ئەمەش
دیاریدەکات ئەو شێوازەیە کەکۆمەڵگە لەمیانییەوە کردار بەسەرخۆیدا
دەسەپێنێت و مێژووگەرایش لەکۆمەڵیکەوە بۆ کۆمەڵێکى تر دەگۆڕێت و هەر
کۆمەڵێکیش شێوازێکى جیاوازى کردەى ئەکشنى مێژووگەرانەى هەیە و
هەرچەندەش کۆمەڵ لەئاست پیشەسازیشدا لاواز بێت، ئەوەندە مێژوو
گەرابوونى لاواز و سەرزارەکى دەبێتەوە و بەسیمبۆلکردن بەسەر
ئەقڵانیەتدا زالڕ دەبێت و لەهەمووشى گرنگتر بەڕاى"تۆرین" ناکرێت
لەمێژوو بگەین ئەگەر تەنها لەڕوانگەى بەشداربووانیى و گۆشەنیگاى هێزو
دەسەڵات و دەوڵەتەکانەوە تێى بڕوانین.
مێژوو پێکهاتەیەکى یەکانگیرو سەربەخۆ نییە، لەچەندین جومگەو بڕگەو
کایەو بوارى جیاجیا پێکهاتووە، بەدەر لەبوون یان نەبوونى سەربەخۆیى
بوونى، بەشێوەیەکى سەرەکى ئەوە ئێمەین واى دەبینین لەکاتێکدا ئەوانى تر
بەشێوەیەکى ترى دەیبینن و بەمشێوەیە مێژوو دەبێتە ئەو شت و شتانەى
بەدەر لەزاراوەکان لەنێو بوونى تاک و کۆمەڵەکاندا ئیدامە بەبوونى خۆى
دەدات و زۆرجار هیچى ئەوتۆى لەگەڵ حیکایەت فەرق نییە، نەک وەک رەگەزێکى
حیکایەت ئامێزانە بەڵکو زۆر جار هەر بەتەواوى حیکایەتە و ئەمەش
ئیشکالێکى گەورەیە، لەڕوویەکى ترەوە مێژوو قسەکردنە لەباس و خواسى
کەسێکى تر کەلەئان و ساتێکدا بڕگەو بەشێکى رووداوێک یان هەبوویەکى
بینیوە، گێڕانەوەى ئەو بینینەش ئەوەیە کەدواتر چ لەڕێى ئاخافتنەوە بێت
وەک تێکستێکى نەنووسراو یان لەڕێى نووسینەوە بکرێتە نووسراو مامەڵەى
لەگەڵ دەکرێت، ئەوەى مێژووى سیحرو شەعوەزەو فێڵ و تەڵەکەکانى حەللاج و
تەنانەت ئەوانەش کە کەرامات و نوورانییەت و سۆفیگەرێتى ئەو پیاوەمان بۆ
دەگێڕنەوە پاشتر دەبێتە نووسراو و ئێستا لەبەردەستى ئێمەدایە، بەڵام
بەبەراورد لەگەڵ شیعرەکانى حەللاج و کتێبێکى بەناوى"تاسین ئەلئەزەل
وەلئیلتیباس"و ئەو بیروڕایانەى لەو کتێبەدا خستوویەتیە روو زۆر
جیاوازن. هەر بۆ نموونە نووسینەوەى مێژووى ماوەیەکى نزیکى کورد
لەکتێبەکانى قۆناغەکانى ئێستاى خوێندندا بەبەراورد لەگەڵ ئەوەى
زۆربەمان ئاگادارین کەلەڕاستیدا چۆن بووە و زۆر جیاوازبووە لەوەى کەلەو
کتێبانەدا باسى لێوەکراوە.
ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە مێژووى نەگوتراو و نەزانراوى شتەکانە،
نووسینەکانى "فۆکۆ" لەوبارەیەوە بابەتى گرنگن وەک نووسینى
لەبارەى"مێژووى سێکس"و"مێژووى شێتى"ەوە. سەبارەت بەشێتى پێى وایە تەنها
پەنهانەکانى شێتى و بوونى لەکەنارى مرۆڤایەتیدا، یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ
مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکآ و نیگەرانى دەرحەق بەمەرگ و هەر بۆیەش شێت
لەئەدەب و هونەردا بەچەشنى کەسێکى زاناتر لەکەسێکى ئاقلڕ وێنا دەکرێت.
وێناکردنى مێژوو بەبآ هەڵوێستەکردن لەسەر مێژووى شێتێتى و دەیان مێژووى
تر کارێکى شیاو نییە. لەکاتێکدا رۆژئاوا لەپاش رێنیسانسەوە کار بۆ
جیاکردنەوەى شێتەکان دەکات لەکۆمەڵگە، بەڵام لەرۆژهەڵاتدا شێتەکان
لەنێو شەقامەکاندا بەرەڵاکراون و بوونیان ئاساییە ئەگەر مەترسیداریش
بن. بوونى دیکاتۆرێکى شێتى وەک "نیرۆن" لەمێژوودا مایەى هەڵوێستەکردنە،
سەربارى هەموو شتەسەیرو سەمەرەکانى، کار گەیشتە ئەوەى پێشنیاز بکات
لەجێى شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکانیدا خۆى و سوپایەکى گەورە لەسۆزانیى و
گۆرانیبێژ بچنە بەردەم سوپاى دوژمن و گۆرانییان بۆ بڵێن، هەر ئەمەش
بووە هۆکارى کوشتنى. گۆڕانى تێڕوانین بۆ شێتى بەپێى قۆناغەکان گۆڕانى
بەسەرداهاتووە، لەسەردەمێکدا"دى ساد" بەکەسێکى ئاقڵ حیساب نەکراوە،
بەڵام لەمڕۆدا وانییە.
سەبارەت بە"مێژووى سێکس"یش "فۆکۆ" بەوردەکارییەکى زۆرو خوێندنەوەیەکى
وردەوە خۆى لەقەرەى نەگوتراوەکانى ئەو دنیا پەنهانە دەدات. بۆ نموونە
لەهەڵسەنگاندنى گریکییەکاندا ئاماژە بەوە دەکات کەخواردن لایان کەوتۆتە
پێش سێکسەوەو سێکسکردنیش لەگەڵ کوڕى گەنجدا کەوتۆتە پێش سێکسکردن لەگەڵ
مێینەو حیسابنەکردن بۆ هیچ بەهایەکى ئەخلاقیى وەک ئەوەى دواتر ئەفلاتون
تیۆریزەى دەکات و لەسەردەمى مەسیحییەتیشدا دەگاتە ترۆپک. لەئەوروپا
گۆڕانى تێڕوانین بۆ سێکس لەچاخى هەڤدەیەمەوە دەست پێدەکات و لاى"دى
ساد" خۆراک دەبێتە مەجازێک بۆ شەهوەت و سێکس دەخرێتە پێش خواردنەوە.
ئاشکرایە قسەکردن لەسەر مێژووى شتەکان زۆر بەرفراوانەو بێشوومار
نموونەمان لەبەر دەستدایە، بۆ نموونە مێژووى حەجکردن و بەتایبەتیش
ئەوەى زۆر سەرنجم رادەکێشێت حەجکردنى بودیستەکانە، بەچەند مانگێک و
بەسکەخشکآ بەنێو قوڕو لیتەو بەفردا بەسەر ئەو چیایەدا هەڵدەزنێن
کەگوایە سەردەمانێک بودا لەئەشکەوتێکیدا نیشتەجآ بووە، ئەو حاجییانە
لەپێناو بینینى شوێنیکدا یان ئەزمونکردنى هەستێکدا هەلاکەت و
شەکەتییەکى بێوێنە دەچێژن و ئەشکەنجەیەکى توندى جەستەى خۆیان دەدەن و
سەربارى ئەوەش بەڕوویەکى گەشەوە رێگە دەبڕن.
قسەکردن لەسەر بەکاربردنى مێژوو وەک رەگەزێک لەرۆماندا، جیاوازە
لەنووسینى رۆمانێکى مێژوویى یان کارکردن لەرۆمانێکدا بەتەسەوورێکى
مێژوویى، یان بەکارهێنانى ئەتمۆسفێرێکى مێژوویى بەمەبەستێک
لەرۆمانێکدا، چەندین شتى تریش کەدەکرێت کارى لەسەر بکرێت. هەموو
ئەمانەش پەیوەستە بەخودى نووسەرو ئەزموونییەوە، کاتێک نووسەرێکى
تەقلیدى مامەڵە لەگەڵ بابەتگەلەکانى مێژوودا دەکات، هەر چییەک بکات
شتێکى باش نانووسێت و تێڕوانین و بۆچوونە باو و سواوەکان تێپەڕناکات.
ئەمە جگە لەوەى مێژوو کەرستەیەکى لەکارکەوتووەو هەمیشە شتێکە
لەڕابردوودایە جا روویدابێت یان رووینەدابێت، لەڕاستییەوە نزیک بێت یان
لەڕاستییەوە دوور بێت. کێشەکە لەوەدا نییە واقیعێکى مێژوویى دیاریکراو
چیبووە، چۆن بووە، بۆ بووە، سەربارى ئەوەى کەوەڵامێکى راستت چنگ
ناکەوێت، کارى ئێمە خوێندنەوەى ئەوەیە کەڕوویداوە یان رووینەداوە. وەک
پێشتریش ئاماژەم بە"نەورۆز"داوە، ئەگەر هێنرابێتە نێو مێژووى کوردەوەو
بەرگێکى ئەفسانەیشى بەبەرداکرابێت، بەڵام هەر خودى ئەو ئەفسانەیەى
کەلەبارەیەوە دەگێڕدرێتەوە ئەگەر لەڕوانگەیەکى تەفکیکییەوە تێى
بڕوانین، بوونى مێژوویى و واقیعیبوونى رووداوەکە هەڵدەوەشێنێتەوەو بآ
هیچ پێچ و پەنایەک دەگەیتە ئەوەى ئەو رۆژە هیچ پێوەندییەکى بەکوردەوە
نییەو بوونى وەک بۆنەیەکى نەتەوەیى کارەساتەو زیانى زیاترە لەسوودى و
رەنگە بەئاستەمیش ئەقڵیەتى ناسیۆنالیستى کورد گەر لەداهاتووشدا بێت
بتوانآ دەستبەردارى ببآ. بەڵام کاتێک ناسیۆنالیستە فاشییەکانى ئیتالیا
و نازییەکانى ئەڵمانیا حیکایەتە ئەفسانەییەکانیان زیندوو دەکردەوە بۆ
باڵاکردن و خستنەگەڕى فیکرى ناسیۆنالیستى خۆیان لەچڵەپۆپەى فاشیزم و
نازیزمدا، بەڕاستى شتێکى سەربەخۆیان دەدۆزییەوە کەتایبەتمەندێتى خۆیانى
پێوە دیار بێت و هى کەسى تر نەبێت. ئەگەر کورد بەدرێژایى مێژوو
پاڵەوانێکى واقیعى یان ئەفسانەیى هەبووبێت ئەوە بێگومان "کاوە"نییەو
کەسێک یان کەسانێکى تربوون و هەر زوو لەیادەوەرییەکانیدا سڕدراونەتەوە،
هەروەک چۆن زۆرترین ژمارەى کورد دەستبەردارى ئایینى پێشووترى خۆیان
بوون و تائێستاش لایان نەبۆتە گرفت و پرسیارێکیان نییە. لێرەدا دەبێت
ئاماژە بەگرفتێکى دیکەى کورد بدەین، ئەویش گوێزانەوەى زانراوەکانى
پێشووترى لەڕێى ئاخافتن و گێڕانەوە بووە نەک نووسین، ئەمە لەکاتێکدا
کۆنترین شارستاییەتى مرۆڤ وردترین شتى رۆژانەى لەسەر قووڕ نووسیوە، یان
لەسەر بەرد هەڵیکەندووە. هێشتاکە چەندین بەڵگە نامەى سەردەمى "داریوس"
ماون، جگە لەو پسووڵانەى کەخەڵکى خۆراکیان پآ وەرگرتووەو تێیدا
نووسراوە دەبێت بەحیساب و بەکیتاب چى وەربگرێت.
"فۆکۆ" باس لە"هیپۆمنێناتا" دەکات وەک رووداوێکى مێژوویى گرنگى مێژووى
نووسین لەسەردەمى کۆنى گریکەکاندا، "هیپۆمنێناتا" وەک دەفتەرى حیسابات
و دەفتەرى تۆمارکردن ناسراوە لەگریکداو هەر کەسێکى خوێنەوار هەیبووەو
لەئەنجامى تێدا تۆمارکردنى زۆربەى ئەو شتانەى کەخوێنراونەتەوە یان
گوێبیستى بوون یان بیریان لێکردۆتەوە سەرئەنجام وەک دەفتەرێکى بیرەوەرى
لێ هاتووەو بۆتە سەرەتایەک بۆ نووسینى لەوەو دواترى وتارى میتۆدى.
"فۆکۆ" دەڵێت چەند"هیپۆمنێناتا" شەخسى بووبێت، نابێت وەک دەفتەرى
بیروەرى گەرموگوڕى رۆژانە تێیبڕوانین، یان وەک بەسەرهاتى ئەزموونە
رۆحییەکان. چونکە مەبەست لەنووسین تێیدا کەشفکردنى نهێنى و
نەگوتراوەکان نەبووە، بەڵکو کۆکردنەوەى هەر شتێکە کەخوێندرابێتەوە یان
گوێبیستى بووبێتن، بەمەبەستى پێوەندى کردن لەگەڵ خودو خۆ دروستکردن
بووە.
سۆران عەزیز: ئاستى رۆمانى کوردى چۆن
دەبینن،ئایا رۆمانى کوردى توانیویەتى کەڵک لەڕەوتە تازەکانى ئەدەبى
جیهانى وەربگرێت و بۆ بەرژەوەندى ئەدەبى کوردى بەکاری بهێنێت، ئایا
رۆماننووسى کورد تاچەند توانیویەتى فرەدەنگى بەکاربهێنێت بەبآ ئەوەى
تەکنیکى ئەو ژانرە بشێوێنێت؟
یوسف عیزەدین: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەمانەى مرۆڤ لەنێو
ئەشکەوتەکاندا ژیاوەو لەسەر دیوارەکانى وێنەى کێشاوە، یان لەسەر تاتە
بەردى نزیک ئەشکەوتەکان هەمان کارى کردووە، دەبینین هەوڵێکى زۆرى داوە
بۆ وەجووڵە خستنى وێنەکان، یان پیشاندانى وێنەکان لەکاتى جووڵەداو
بەشێوەیەک کەناکرێت پێى سەرسامنەبیت، چونکە بەتەوایى ئەو تەکنیکەیان
بەکارهێناوە کەدواتر و بووە شێوازى فیلمى کارتۆن و فیلم دروستکردن
ئەویش بەدووبارەکردنەوەى وێنەکان لەدۆخى جیاجیاى جووڵاندا، کاتێک
لەتاریکیدا گڕى مەشخەڵێک لەبەردەم ئەو جۆرە وێنانەدا دەجووڵێندرێت،
لەبەرچاودا دەکەونە جووڵەو ئەو مرۆڤانەى کەڕەنگە لەو کاتەدا هێشتاکە
بەزمان و ئاخافتن ئاشنا نەبووبێتن لەکەشێکى بەکۆمەڵدا سەیرى ئەو
وێنانەیان کردووە، دیارە لەپشت وێنەکردنیانەوە مەودایەکى زۆر قووڵتر
هەیە لەوەى لەتێڕوانینێکى سەرپێیدا بینەر تەسەوورى دەکات. لەو دەمەشەوە
کەمرۆڤ توانیوویەتى قسەبکات و بدوێت، پانتاییەکى بەرفراوانى ژیانى بۆ
گێڕانەوە تەرخانکردووەو لەنێو گێڕانەوەکاندا هەوڵى وێناکردن و
بەرجەستەکردنى دیمەن و رووداو و کەسایەتییەکانى داوە، بەشێوەیەک کەوەک
وێنەکان ئەوانیش لەجووڵەدا بن و لەمەشدا تواناى ئیماو ئیحاى جەستەى
بەکارهێناوە، مرۆڤ نەیویستووە راوەستان بکاتە سەنتەرى ئەوەى
کەدەریدەبڕێت، هەردەم جووڵەى خستۆتە شوێن وەستان و سکون. دەتوانین کۆدە
گرنگەکانى ئەدەبیات و هونەرى ئێستا لەو سەردەمەوە ببینینەوە، رۆچوونە
نێو پەنهان و نهێنییەکانى سەردەمانێکى بەرایى و سەردەمەکانى دواتریش
دەمانگەیەنێتە ئەوەى کەهەست بەکۆنى ئەوە بکەین کەئەمڕۆ لەدنیاى
ئەدەبیات و هونەر و تەنانەت کایەکانى تریشدا دەگوزەرێت. لەو
سەردەمانەدا جیاواز لەئێستا ئەگەر تاکە کەسێکیش بەکارێکى هونەرى
هەڵسابێت، لەمیانى گروپەکەیەوەو بەناوى ئەوانەوەو بۆ ئەوان وێنە دەکات،
سەما دەکات، گۆرانى دەچڕێت و بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە و ئەوەى کەلەدواى
خۆى جێى دەهێڵێت هى هەمووانەو بەشێوەیەک لەشێوەکان هەمووان تێیدا
بەشدارن. جێهێشتنى ناوێک لەودەمانەدا جێى باس نەبووە، تەنانەت نەبوونى
ناوى کەسى بەرهەمهێن"نووسەر" لەحیکایەتەکانى"هەزارو یەک شەو"ەشدا
دەبینرێتەوە، ئەمە بۆخۆى پێش باسکردنى هەر ژانرێکى ئەدەبى لەئێستادا
یەکێکە لەخاڵە گرنگەکان و قسەو باس زۆر هەڵدەگرێت، چونکە
بەموڵکایەتیکردنى کارێکى ئەدەبى یان هونەرى و ناساندنەوەى بەهۆى
ناوێکەوە و بگرە لەوە زیاتریش بەمیللى کردنى یان پێدانى خەسڵەتێکى
نەتەوەیى و هەرجۆرە خەسڵەتێکى تر، زۆر دوورە لەمەغزا کەینوونییەکەى
هونەر و ئەدەب و بەمەش ئەو پانتاییە بۆتە شوێنجێگەى کێبڕکێى ناوەکان،
شەڕى ناوەکان، دوژمنایەتى ناوەکان، تەبایى ناوەکان و دەیان شتى تر.
مرۆڤى نێو ئەشکەوتەکان زۆر لەئێمە بەتواناتر بووە چ لەڕووى کەشفکردن و
خستنەڕووى بەرهەمەکانى و چ جێهێشتنى بآ هیچ کێشەیەک و خەم خواردنێک،
چونکە خەمى ئەوەندە بووە کەوێنە زەینییەکانى و تەسەوورەکانى بخاتەڕوو.
کاتێک نووسەر یان نووسەرانى"هەزار و یەک شەو"ە، بەرهەمێکى وا ناوازە
بێناوى خۆیان جێدەهێڵن، دەزانن پاش نووسینى خوێنەر خاوەنێتى و
تێکستەکان لەوان دەترازێن و ئەوانیش وەک هەر خوێنەرێک ئەگەر بیانەوێت
دەیخوێننەوە. ئەم حیکایەتانە ئەقڵیەتى باوى نوسینى ئەدەبیاتى
لەرۆژئاوادا لەبنەڕەتەوە گۆڕى و بووە سەرەتایەکى راستەقینە بۆ رۆمان و
نۆڤێلا و کورتەچیرۆکى رۆژئاوایى و دواتریش لەوانەوە تەکنیکەکانى ئەو
ژانرانە لەڕێى خوێندنەوەى دەقەکانیانەوە گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵات.
پاش هەر خوێندنەوەیەکمان بۆ ئەو حیکایەتانە هەست دەکەین بەرانبەر شتێکى
نوآ راوەستاوین کەپێشتر درکمان پێنەکردووە، دەکرێت چەندین خوێندنەوەى
بۆ بکرێت، زۆر جیاواز لەمەعریفەیەک کەلەپشت ئەو دەقانەوە کارى کردووە.
بۆ نموونە بەخۆڕا باس لەکەسێک ناکات خۆى کردۆتە"هارون ئەلرەشید"، یان
ئەو دیمەنەى کە"هارون ئەلرەشید" دەچێتە ماڵى شاعیرى ناسراوى عەرەب"ئەبى
نەواس"و ئەو بەسەرخۆشى و لەساتەوەختى رابواردندا دەبینێت لەگەڵ چەند
کوڕێکى گەنجدا کە"ئەبى نەواس"قاچى لەقاچیان ئاڵاندووەو خەریکى
ماچکردنیانە، دیارە لەخۆڕا بەنێو چەندین حیکایەتى ئەفسوونئامێزدا
نامانبات، چونکە کاتێک دەمانباتە سەر دیمەنێکى لەو جۆرەى پیاوە ناسراو
و سوڵتان و زەنگینەکان و سەرساممان دەکات، لەڕاستیدا زۆر لەوە قووڵتر
کەتەسەوورى دەکەین پرسیارمان لادروست دەکات و دەمانخاتە گومانەوە ئاخۆ
وابوو یان وانەبوو، بەڵام خوێنەرى وشیار ئەو پەنهان و شاراوانەى بۆ
دەدۆزرێتەوە کەمەبەستە لەکارەکەدا.
قسەکردن لەسەر هەر ژانرێکى ئەدەبى کارێکى ئاسان نییە چونکە
بەدووبارەکردنەوەى هەموو ئەوەى کەکراوەو گوتراوە ناگەینە هیچ، ئەمە جگە
لەوەى تاچەند ناوهێنانی بوارێکى ئەدەبى یان هونەرى بەناوێکى دیاریکراو
پڕاوپڕى ئەوەیە لەکایەى ئەو بوارەدا دەگوزەرآ، دیارە خودى ناونان
یەکێکە لەئیشکالەکان. کاتێک "میلان کۆندێرا" رۆمانى "دۆن کیخۆتە"
بەیەکەمین رۆمانى هاوچەرخ ناو دەبات، من وەک خۆم قسەم لەسەر ئەوە نییە
یەکەمین رۆمانە یان باشترینە، بەڵام قسەم لەسەر وشەى هاوچەرخ هەیە،
چونکە بەدیاریکردنى زەمەنێکى دەستنیشان کراو رۆمانەکە لەنێو زەمەنێکدا
دەهێڵدرێتەوە، هەروەک چۆن هەبوون دەیانوویست سیفەتى مۆدێرنیزم یان پۆست
مۆدێرنیزم بدەنە پاڵ رۆمانەکانى"سامۆیل بیکیت" بەڵام دواجار سەردەمى
مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم کۆتاییان هات و کەچى هێشتاکە رۆمانەکانى
"بیکیت" بەهەمان شەوقەوە خوێنەران دەیخوێننەوە. "ئۆرهان پامووک" کاتێک
لەچاوپێکەوتنێکیدا پێیان گوت تۆ نووسەرێکى پۆست مۆدێرنیزمى زۆر نیگەران
بوو و نکووڵى لەوە کرد سەر بەهیچ رێباز و قوتابخانەیەکى ئەدەبى بێت،
دیارە ئەم پۆلێن کردنە کارى رەخنەگر و ئەوانەیە کەدەق هەڵدەسەنگێنن
بەڵام لەهەمان کاتیشدا جێگەى پرسیارە.
سەبارەت بەوەش کەدەگوترێت"رۆمانى کوردى"، هەڵوێستە کردنى دەوێت، چونکە
بە"دۆن کیخۆتە" ناگوترێت رۆمانى ئیسپانى هەرچەندە بەئیسپانیش نووسراوە.
نووسین سەر بەڕەگەزێکى مرۆڤ نییە، سەر بەزمانێکى تایبەتیش نییە، "سەلیم
بەرەکات" بەعەرەبى دەنووسێت بەڵام بەڕەگەز کوردە، لەکاتێکدا ئەدەبى
کوردى ئەدەبیاتى ئەوى وەک ئەدەبێکى کوردى قبوولڕ نییە، بەڵام ئەى ئەگەر
نووسەرێکى بەڕەگەز غەیرە کورد هەموو بابەتى نووسینەکانى بۆ کورد تەرخان
بکات، ئاخۆ نووسینەکانى دەچێتە نێو ئەدەبیاتى کوردییەوەو لەپاڵ
ئەدەبیاتى کوردیدا حیسابى بۆ دەکرێت؟!. یان کەسێک بەڕەگەز سەر بەهەر
نەتەوەیەک بێت و هەر لەمنداڵییەوە لەنێو کورددا گەورە بووبێت و بەکوردى
بنووسێت و رەگەزنامەى کوردى پێدرابێت، ئەوە نووسینەکانى دەچێتە نێو
ریزبەندى ئەدەبیاتى کوردییەوە یان نا؟!. ئەگەر وەک گریمانێک بچێت یان
نەچێت ئەوە"نووسینى کوردى" وەک هەبوویەک و چەمکێک بەوشێوەیەى
بەکاردەبرێت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تۆ بڵێى واباشتر و راستتر نەبێت، بۆ
نموونە لەجێى رۆمانى کوردى بگوترێت رۆمانى بەکوردى نووسراو یان
پێچەوانەکەى راستترو باشترەو ئەمانەو چەندین پرسیارى لەو جۆرە لەمڕۆدا
دەکرێت هەبێت؟!. ژانرێکى وەک رۆمان، کەهەر لە"رۆبنسۆن کرۆزۆ" و"دۆن
کیخۆتە"و زۆرێک لەڕۆمانەکانى تریش، مرۆڤ و ململانێیەکانى تەوەرەى
سەرەکى هەڵسوڕانى رووداوەکانى بووە، ئەگینا "سێرڤانتیس"ێک بەدرێژایى
ژیانى زەلالەتى بووە بەدەست دەسەڵاتى ئیسپانییەوەو لەزیندانێکەوە بۆ
زیندانێکى تر رەوانەکراوەو بەم تۆمەت و ئەو تۆمەت راودوونراوە، بەچى
ئەوەى کەنووسیوویەتى دەبێتە موڵکى ئەدەبیاتى گەلى ئیسپانى. باشە زۆرێک
لەو نووسەرە کوردانەى رەگەز نامەى وڵاتانى تریان هەیە ئەگەر بەرهەمێک
بەزمانى کوردى بنووسن کوردییە، یان ئەگەر بەزمانێکى تر بینووسن کوردى
نییە، بەهەرحاڵ دەبێت ساغکردنەوەى ئەمە بۆ خوێنەر جێبهێڵین. لەکاتێکدا
دەبێت ئاماژەش بەوە بدەین کاتێک"نیچە" شێوازى
ئاوازدانانى"لیتمۆتیڤى""ڤاگنەر"ى پەیوەست کرد بەئۆرگانیزەى میراتى
جەرمەنییەوە، "ڤاگنەر" بەمە زۆر نیگەران بوو چونکە ئەو مەبەستى بوو
بگاتە کەینوونەى کولتوورى مرۆڤ، هەرچەندە بەدەرنەبوو لەئەزموونى
جەرمەنى بەڵام وەک پردێک بۆ پەڕینەوە بۆ نێو کولتوورى مرۆڤایەتى.
هەر ژانرێکى ئەدەبى بەشێوەیەک لەشێوەکان دەبێتە بەشێک لەکولتوورى
سەردەمەکەى خۆى، بەڵام نابێت لەگەڵ میرات تێکەڵى بکەین، کەلەباوانەوە
بۆ وەچەکانى دەمێنێتەوە. کەفۆلکلۆر و ئەفسانەو داب و نەریت و میسۆلۆژیا
و ئایین و هونەرى میللى و زۆر شتى تریش دەگرێتەوەو هەر میللەتەى میراتى
خۆى هەیە، ئیدى ئاستى جیاوازییەکانى هەرچەندێک بن!؟.
کاتێک زۆرێک لەنووسەرە مەغریبى و جەزائیرییەکان بەفەڕەنسى رۆمان
دەنووسن و باس لەهەرچییەک بکەن، عەرەب بەوەرگێڕانى لەنێو ئەدەبیاتى
عەرەبیدا جێى دەکاتەوەو وەک ئەدەبێکى عەرەبى دەیناسێنێت و بەو حوکمەى
بەفەڕەنسیش نووسراوە جێبوونەوەى لەنێو ئەدەبیاتى بەفەڕەنسى نووسراودا
کارێکى قورس نییە، بەڵام ئاخۆ لەڕاستیدا سەر بەکامیانە، بێگومان سەر
بەهیچ کامێکیان نییە، دواجار گوزارشت لەئەزموونى نووسەرێک دەکات و
ئەگەر زمانێکى یەکگرتووى گەردوونى هەبووایە ئەوە نووسەر بەو زمانە
دەینووسى و لەمەشدا هیچ نەنگییەک نییە.
پاش مردنى رۆماننوس"مەمەد ئوزوون" زۆرێک لەخوێنەرى شێوەزارى سۆرانى
ناوى نووسەرێکى وەک ئەوى بیست و ئەو بابەتانەى بەرچاو کەوت کەلەسەرى
نووسراو، رەنگە خوێنەرانى ئەم دەڤەرە خۆشحاڵیش بووبێتن کەکورد
رۆماننوسێکى لەو چەشنەى هەیە وەک ئەوەى کەباسکرا. بەڵام بێئاگایى
خوێنەرانى ئەو شێوەزارەى ئێمە پێى دەنووسین لەوەى کەئەو نووسەرە دڵپاک
و بەستەزمانە بەدرێژایى تەمەنى نووسینى نەیتوانیوە یەک دێڕى گرنگ بڵێت
و باشترین نووسەرى ئەدەبیاتێکى سەرزارەکییە، هەر وەک"جگەر خوێن" کەجگە
لەبەکارهێنانەوەى زاراوە سوواوەکانى خاک و نیشتمان و هاوشێوەکانى و
سەرپێى بوونى ئەوەى کەدەیڵێت تەنها یەک دێڕى جیدى نییە، خستنەڕووى
راستییەکى وا هیچ نەنگییەکى تێدا نییەو لەئاست خستنەپاڵى چەندین
زاراوەى ناسیۆنالیستى بۆ ئەو زاتەو پێداهەڵدانى لەلایەن ئەقڵیەتى
ناسیۆنالیستییەوە هیچ گرفتێک نییەو چۆن وەسف دەکرێت و بەرز دەکرێتەوە
بەدوور لەدنیاى ئەدەب ئاساییە؟!. بەڵام هێنانە ناوەوەى ناوێکى واو
هاوچەشنەکانى بۆ نێو دنیاى ئەدەبیات و قبووڵکردنیان وەک کەسانێکى جیدى
لەبوارى نووسینى ئەدەبیاتدا کارەساتێکى گەورەیە، ئەو و هاوچەشنەکانى
نە"ئەحمەدى خانى"ن و نە"نالى"یش تا ئەوەى کەنووسیوویانە پێویستى
بەهەڵوێستەکردن بێت.
لەهەمان کاتدا ئاگادارنەبوونى خوێنەرانى کوردستانى باکوور لەئەدەبیاتى
شێوەزارى سۆرانى چ وەک ئەوەى تەنها بەلاتینى دەخوێننەوەو چ وەک ئەوەى
زۆربەى نووسینەکانیان بەتوورکییە، ئیدى ئەم دابڕانە بەتێکەڵ کردنى
کرمانجى ژوورو کرمانجى خواروو لەهەواڵەکانى کەناڵەکانى راگەیاندندا،
یان بەو تێکەلڕ و پێکەڵییەى لەکتێبەکانى کوردى قۆناغەکانى خوێندنى ئەم
دەڤەرەدا کراوە چارەسەر ناکرێت، ئەمە ئیرادەو پرۆژەیەکى زۆر لەوە
بەهێزترى دەوێت کەهەیە. هەربۆیە ئەگەر شیاویش بێت بگوترێت ئەدەبیاتى
کوردى، ناچارین بڵێین ئەدەبیاتى کام شێوەزاریان. ئەمە کێشەیەک نییە
تەنها تایبەت بێت بەکورد، تورک یەکێکە لەو نەتەوانەى ئەگەر نەڵێین
ئاستەمە، ئەوە مەگەر زۆر بەزەحمەت ئازەرى و قیرغیزى و کازاخستانى و
تورکمان و تورکى ئێستاى تورکیا لەکاتى ئاخافتندا لەیەکتر حاڵى بین،
بەڵام ئیرادەى سیاسى تورکیا هەر لەسەردەمى ئەتاتورکەوە شێوەزارێکى
تورکى زۆر ناڕەسەن و جیاواز لەڕیتمى تورکى بەسەر هەموو پانتاییەکانى
ترى بەڕەگەز تورکەکاندا سەپاندووەو پاش رووخانى بلۆکى سۆڤییەتیش
بەناردنى مامۆستا و دەیان پرۆژەى تایبەت بەفێرکردنى زمان، ئەو
شێوەزارەى خۆى سەپاندووە کەتێکەڵەیەکە لەسەدان وشەى فەڕەنسى و ئیتالى و
ئینگلیزى و عەرەبى و کوردى و فارسى و چەرکەسى و لازیى و گریکى و زۆر
زمانى تریش، توانیویەتى هەموو ئەو شێوەزارانەى کەئەوانى تر پێى دەدوێن
لەئاست نووسیندا لایان بکاتە نەنگى و هەمووانیش ئەمەیان قبووڵەو لەڕووى
زمانێکى یەکگرتووى نووسین و زمانەوە تەبان. بەڵام ئاخۆ ئەمە لەنێو
کورددا بەو ساناییە دەکرێت و دەچێتەسەر، مەبەستم لەسەپاندنى شێوەزارێکى
دیاریکراوە بەسەر ئەوى تردا، تالەم دەردەسەرییە رزگارمان بێت، ئەگەر
کورد یەک نەتەوەو یەک میللەت بێت وەک باس دەکرێت، گرنگى چییە هەمووان
لەسەر کام شێوەزار رێک دەکەون لەنووسیندا، ئاسایی نییە زمانێکى نووسینى
هاوبەشمان هەبێت، لەکاتێکدا هەموومان ئەوە باش دەزانین دروستکردنى
زمانێکى یەکگرتوو و تێکەڵ گرامەرى دوو شێوەزارە سەرەکییەکە قبووڵى
ناکات، عەرەب شێوەزارى چەند جیاواز بێت بێجگە لەبوونى زمانى یەکگرتوو،
لەگرامەریشدا جیاوازیى نییە، بۆ نموونە جیاکردنەوەى مێینەو نێرینە،
بەڵام ئەمە نەک هەر لەنێوان شێوەزارى کرمانجى باشوور و باکوردا هەیە
بەڵکو لەنێو خودى شێوەزارى سۆرانیشدا هەیە، هەر بۆنموونە خۆشناوەکان
مێینەو نێرینە لەبانگرتن و قسەکردنیاندا جیادەکەنەوە، هەر بەبیستنى
ئەوەى کەدەیڵێن بەبآ هیچ ناوهێنانێک وەک زمانى عەرەبى و ئینگلیزى
دەزانیت مەبەستیان نێرە یان مێیە. شێوەزارى هەورامانیش وەک شێوەزارێکى
گرنگى ترى زمانى کوردى و سەربارى نووسرانى کۆنترین نووسراوى کوردى بەو
شێوەزارەو بەکارنەهێنانى لەمڕۆدا و حیساب بۆ نەکردنیان جێگەى پرسیارە،
چونکە کێشەکە بەتەنها لەنێوان ئەو دوو شێوەزارەدا نییە، ئەى هۆرامانى و
لووڕ و زازاو....
جا ئێمە کاتێک بەم شێوەزارە دەنووسین دەبێت بیر لەوەش بکەینەوە، چۆن
وەریبگێڕینە سەر شێوەزارەکانى ترى کوردىو چۆن ئەوەى ئەوانیش بگۆڕینە
سەر شێوەزارەکەى خۆمان، ئەگەر کەمێک بیر لەمە بکەینەوە هەست دەکەین
لەمڕۆدا بەرانبەر کێشەیەکى زۆر گەورە راوەستاوین.
جا لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە کەدواجار ئەگەر رێنووسى کوردى هەموو
پارچەکانى کوردستان لەرۆژگارێکدا بکرێنە لاتینى یان عەرەبى چى روودەدات
لەڕووى سڕینەوەو نەمانى هەموو ئەو دەقانەى کەتائێستا بەیەکێک
لەرێنووسەکان نووسراوە، لەکاتى قبووڵکردنى ئەویتریاندا. "میهراد.ئیزەدى"
پێى وایە کاتێک رێنووسى کوردى سەرجەم دەکرێتە لاتینى ئەوە هەموو ئەو
ئەدەبیاتەى بەڕێنووسى عەرەبى نووسراوە لەنێودا نامێنێت مەگەر تاک و
تەرا هەندێکى رێنووسەکەى بگۆڕدرێت، ئەو دەمیش ئەو ئەدەبیاتەى
کەرێنووسەکەى گۆڕدراوە دەبێت لەسفرەوە دەست پێبکات، نموونەش بۆ ئەمە
ئەو رێنووس گۆڕینەى ئەتاتورک بوو کەتوانى گەورەترین دابڕان لەنێوان
هەموو ئەوەى کەپێشتر نووسرابوو، هەموو ئەوەى کەدواتریش نووسرا دروست
بکات، ئەگەر تاک و تەرا هەندێک لەڕێنووسى ئەو دەقانەى سەردەمى
عوسمانییەکان گۆڕدرابێت، لەچاو هەموو ئەو ڕێژە زۆرە نووسراوەى کەهەیە و
ئەمەش هیچ کاریگەرییەکى نییە لەگەیاندنى ئەوەى کەهەیەو بۆ هەتاهەتایە
زۆربەى ئەوەى کەهەبوو کرایە نەزانراو.
سۆران عەزیز: گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووى
چیرۆکى کوردى یان ئەدەبى کوردى وەک هەبوویەک هەبووەو بەدیدى
بیبلۆگرافیانە و بەردەوام هەوڵى سەلماندنى خۆیداوە، بەڵام ئەوە جێى
پرسیارە ئەوەیە لەگەڵ ئەوەى بەردەوام ئەوەندەى هەوڵى سەلماندنى خۆیداوە،
ئەوەندە هەوڵى ئەوەى نەداوە پرسیارى جیدى بێَنێتە ئاراوە، بۆ نموونە
نەیتوانیوە پرسیار لەخەسڵەت و گرفتەکانى ئەو کاتى مرۆڤى کورد بێنێتە
ئاراوە، ئایا نەبوونى پرسیار لەئەدەبیاتى کوریدا هۆکارەکەى چییە؟
یوسف عیزەدین: کاتێک زۆربەى کەسانى نێو
پانتاییەکى جوگرافى وەک زانراو بڕواننە شتەکان و هەست بەبوونى
نەزانراوەکان نەکەن و هەمیشە لەهەوڵى سڕینەوەى هەر دەنگێکى جودا
بەخۆیان بن، تا درز نەکەوێتە نێو پانتایى بێدەنگییان، ئەوە دەبێت
چاوەڕێى بەرهەمهێنانى چ پرسیارێک لەپانتاییەکى لەو چەشنە بکرێت؟
قایل بوون بەوەڵامە حازر بەدەستە سڕکەرەکانى هۆش و هزر، یەکێکە
لەسیماکانى کۆمەڵى کوردى و هاوچەشنەکانى. بەشێوەیەکى گشتى ئەقڵییەتى
تەقلیدى لەو جۆرە پانتاییانەدا هیچ دڵەڕاوکآ و نیگەرانییەکى بەرانبەر
نەزانراوەکان نییەو بەزانراوە کرچ و کاڵەکان قایلە، لەمەشدا سیستمى
توندو تیژى رۆڵێکى کاریگەرى هەبووەو هەیە، ترس لەتوندو تیژى تاڕادەیەکى
زۆر رآ لەموغامەرەکانى ئەقڵ دەگرێت بۆ پەى بردن بەنەزانراوەکان. بنەماى
بەمیللەت بوون یان بەنەتەوەبوونى هەر کۆمەڵە خەڵکێک لەهەڵوەشاندنەوەى
سیستمى قەبیلەگەرى و عەشرەتگەرییەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەم سیستمە
لەکۆمەڵى کوردیدا تادێت بەهێزتر دەبێت و هیچ سیماو دەرکەوتەیەکى
لاوازبوونى لەمڕۆدا جێگەى قسەو باس نییەو تاکە پەرتەوازەو بآ
ئینتیماکانی دەرەوەى ئەو خولگانەش تادێت زیاتر تێک دەشکێندرێن و مەسخ
دەکرێن، یان دەخرێنە پەراوێزەوەو حیسابیان بۆ ناکرێت. دەبینین
لەکۆمەڵگەى کوردیدا خەسڵەتەکانى فیوداڵیى وەک خۆى ماونەتەوەو هەموو
ئەوەى لەئێستادا لەدنیاداو لەنێو کوردستاندا دەگوزەرآ هیچى لەمەسەلەکە
نەگۆڕیوەو لاقەى پێوەندییەکانى پێشووترى نەکردووەو بگرە بەهێزتریشى
کردووە. واقیعى کوردى گیرۆدەى باڵادەستى هێزە غەیبییەکانە کەبۆخۆیان
لەدەرەوەى پرسیارکردن و لەڕێى تەقدیسکردنەوە ئیدامە بەخۆیان دەدەن،
بەمەش قسەکردن لەئەقڵانییەت لەئێستادا لەخەیاڵ نزیک دەبێتەوە. واقیعى
کوردیش بەمە لەدەرەوەى ساتەوەختى مێژوو ماوەتەوەو هەموو ئەو پانتاییەى
ئەو بەدنیاوە دەبەستێتەوە دیاردەو رووداوەکانە کەهێندەى پێى رەوا
دەبینرێت رۆڵى تێدا دەبینێت و بەبآ ئەوەى بەخۆ بزانێت یان نەزانێت
لەرووکەشى مێژوودا دەیەوێت شوێنێکى پێبدرێت و بڵێن هەیە. تەقدیسکردنیش
بەشێوەیەکى رەها یەکێکە لەگرفتە سەرەکییەکانى سیستمى کۆمەڵى کوردى و
بەدرێژایى مێژوو رێگر بووە لەئاست پرسیارکردن و بەرهەمهێنانێکى فیکرى
ئەقڵانیى. هەر بوونى هەر پرسیارێکى ناغەیبیى و ئەقڵانیش مەترسیدارە بۆ
جۆرە سیستمێکى لەو چەشنە، بۆیە هەمیشە لەهەوڵى سڕینەوەو بچووککردنەوەو
لەناوبردنى هەر پرسێک بووە کەشەرعیەتى بوونى بخاتە ژێر پرسیارەوە، هەر
ئەم ئەقڵیەتەشە لەمڕۆدا کۆمەڵى کوردى بەشێوەیەکى زۆر بەرفراوان کردۆتە
کۆمەڵى ئاهەنگ و یادو بۆنەو مەراسیم و فیستفاڵ و پێداهەڵدان و وتار
خوێندنەوەو چەپڵەلێدان و لافیتە هەڵواسین و شایى و هەڵپەڕکآ. هەموو
ئەمانە تواناى تەسکین کردن و سڕکردنیان بەهێزەو ئاستەمە لەنێو
فەوزایەکى لەو چەشنەدا لەسەر ئاستێکى بەرفراواندا پرسیار دروست بێت.
ئەگەر شۆرش هاوتاى رێنیسانس بێت ئەوە کورد هەوڵدان و تێکۆشانى دژ
بەدەسەڵاتە دژەکوردەکان بۆ بەدەستهێنانى لانى کەمى مافەکانى ناو ناوە
شۆرش، دیارە ئەمەش هەڵەیەکى گەورەیە. جێنەبوونەوەى ئەقڵانییەت
لەپانتایى کۆمەڵى کوردیدا جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەلڕ میللەتانى
دراوسێیدا نییە، کێشمانکێش و تێزە ئەقڵانییەکانى "ئیبن روشد" لەزەمینەى
واقیعى عەرەبیدا شین نەبوو، بەڵکو رووبەڕووى گەورەترین دژایەتیش بۆوە،
بەڵام واقیعى ئەوروپایى تێزو بۆچوونەکانى"ئیبن روشد"ى قۆزتەوەو کردییە
سەرەتاى رێنیسانس و گۆڕانى دنیابینیان و یەقینیان بەتواناکانى ئەقلڕ.
جیانەکردنەوەى میرات و کولتوورى کوردیش لەواقیعى کوردیدا وەک پێشتریش
ئاماژەم پێدا گرفتێکى ترە، کاتێک میرات بەوە دەگوترێت کەلەباوانەوە
دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانى و زیاتر لەدوو توێى تەقدیس کردندا مامەڵەى
لەگەلڕ دەکرێت. بەڵام کولتوور ئەوەیە کەبەچەشنى میرات ناگوێزرێتەوە،
چونکە ئەوەندە هەیە کەتۆ لەپێناو پەى بردن بەخۆت بیرى لێدەکەیتەوە.
کولتوور ژیانەوەى هاوبەشێتى تۆو ئەوانى ترە لەمیانى دیالۆگەوە،
بەمەبەستى پرسیارو تەئویلکردن، بۆ گەیشتنە هۆشمەندییەکى دەستەجەمعى
ئەقڵانى. کولتوور ئینتیمایەکى کەینوونەییە لەکاتێکدا لەبەردەم مێژووى
خۆت راوەستاویت و تێى رادەمێنیت. "هایدگەر" لەڕێى بۆچوونەکانى "هوسرل"ەوە
خۆیداوە لەتاوتوێکردنى گرفتى بوون و کەینوونە، "هوسرل" کولتوور و
بابەتى لەیەکتر جوداکردەوە، بەو واتایەى کەبابەت شتێک نییە کەپێشتر
هەبێت تا ئەقلڕ درکى پێبکات، ئەوە دیالۆگە دەیخووڵقێنێت.
کاتێک باس لەمیراتى کوردى دەکەین، ناکرێت چاوپۆشى لەگرتنەخۆى
پرسیارنەکردن و تەقدیسکردنى بکەین، چونکە هەردەم ئاستەنگێکى زۆر گەورە
بووە لەئاست خستنەڕووى پرۆژەیەکى فیکرى و مەعریفى، وەک گریمانێک تۆ
ئەگەر تەنها بەرانبەر شتێکى دیاریکراویش بۆت نەبێت پرسیار بکەیت و
لێیخووردبیتەوەو وەک بەڵگەنەویست تێى بڕوانیت، ئەوە پرسیارکردنت
لەشتەکانى تریش ناتگەیەنێتە هیچ.
کاتێک "جەمیل سائیب"ى چیرۆکنووس، چیرۆکى"لەخەوما" دەنووسێت، دەبینین
تووشى چ کێشەیەک دەبێت، خۆ ئەگەر دەست پیاوانى "شێخ" بکەوتایەو
هەڵنەهاتەیە، ئەوە بێگومان دەکوژرا. ئەقڵیەتێک پێى وابووە ئەو چیرۆکە
قودسیەتى "شێخ" دەخاتە ژێر پرسیارەوەو ئەمەش قابیلى قبووڵ نییە لاى ئەو
جۆرە ئەقڵییەتانە. کەواتە پێش وەخت تۆ دەسەڵاتێکى غەیبیت هەیە کەناکرێت
پرسیارى لەبارەوە بکرێت، ناکرێت پێچەوانەى تێڕوانینى باو هیچى لەسەر
بنووسیت، هەر هاوچەشنى ئەم جۆرە ئەقڵییەتەشە کەپێشتر دژ بە"جیۆردانۆ
برۆنۆ و کۆپەرنیکۆس" و چەندین بیرمەند و زاناو نووسەر و هونەرمەند چى
نەکردووە؟!. بەڵام دواجار رۆژئاوا لەهێنانە ناوەوەى ئەقڵانییەتدا
سەرکەوتوو بوو، گەرچى لەئێستادا لەوێشدا هەست بەو پاشەکشێیە دەکرێت،
ئەگینا کارکردن بۆ زیندووکردنەوەى مەزهەب و تەریقەت و گروپى جیاجیاى
ئایینى و خورافى کەئەگەر دەسەڵات پشتگیرى نەکات نەیدەتوانى بگاتە ئەوەى
کەپێى گەیشتووە لەسڕینەوەى ئەقڵییەتى کەسانێکى زۆر، هەروەک
گروپى"داودییەکان" کەمنداڵان فێرە ئەوە دەکەن کەباوەڕ بەوەبهێنن قیامەت
نزیک بۆتەوەو نیشانەى قیامەتیش هێرشى لەشکرى بابلە بۆ سەریان، ئەو
منداڵانەى ئەوان لەکڵێساکانیاندا تەلقینیان دەدەن بەوپەڕى باوەڕەوە
چاوەڕێى هێرشى سوپاى بابلن، هێنانەوەى غەیبانییەت و وەهمى ئایینى
پرۆژەیەکى زۆر گرنگى ئێستاى سیستمى دەسەڵاتى دنیایە، ئیدى ئەمە
لەئەفگانیستان و وڵاتە دواکەوتووەکان بێت یان لەئەمریکاو وڵاتە
پێشکەوتووەکانى تر. بەڵام ئەگەر قسە لەسەر پرسیار لەئەدەبى کوردیدا
بکەین سەربارى دەگمەنبوونى، بەڵام کآ هەیە بڵێت"نالى" پرسیارى نەبووە،
یان "مەحوى" لەدیدگەى خۆیەوە رەخنەى نەبووە، یان کوژرانى"عەبدولخالیق
مەعروف"و"رەئوف زوهدى"و نووسەرانى دیکە پێوەندى بەورووژاندنى پرسیارەوە
نەبووە؟!.
لەم پانتاییەى ئێمەدا نەک هەر رێ لەپرسیاریش دەگیرێت، بەڵکو گێڕانەوەى
هەر بەسەرهات و رووداو و راستییەک کەلەگەڵ ئەو سیستمە غەیبیەدا
نەگونجێت یاساغە. بۆ نموونە چواردە ساڵێک لەمەوپێش مامۆستایەکى
بەتەمەنى ناسراو لەدنیاى نووسیندا بەخەم و حەسرەتێکى زۆرەوە باسى ئەوەى
بۆ کردم کەلە یادکردنەوەیەکى "شێخ مەحمود"دا ویستویەتى یادەوەرییەکى
خۆى لەگەڵ ئەو زاتە لەکۆڕەکەدا بگێڕیتەوە، بەڵام پێش وەخت زانیویانە
بەتەمایە چى بگێڕیتەوە بۆیە دەمکوتیان کردووەو نەیانهێشتووە بیگێڕێتەوە،
یادەوەرییەکەشى هەر ئەوەندە بووە کەلەسەردەمێکدا کە"شێخ" دەسەڵات و
هەیبەتى جارانى نەماوە ئەم چۆتە سەردانى بۆ ئەو شوێنەى کەلەو کاتەدا
تێیدا ژیاوەو وەزعییەتێکى ناشایستەى بینیوە، هەر لەو چەقۆکێش و
شەلاتییانەى کەلەو دەمەدا بەدەورییەوە بوون و تاگوێ پێنەدانى
خزمەکارەکەى بۆ داواکارییەکانى، کاتێک "شێخ" پێشوازییەکى گەرمى
لەمامۆستا کردووەو بۆ پیشاندانى رێزو نەزاکەتى خۆى و دوورکەوتنەوە
لەوانەى کەلەو کاتەدا بەدەورییەوە بوون بردوویەتیە ژوورەکەى خۆى و
لەوێش ئەم چاوى بەو چەرپا کۆنە کەوتووە کەسپرنگەکانى هەمووى دەرهاتوون
و زۆریش نیگەران بووە کە"شێخ" چەند جارێک داواى چاى بۆ میوانەکەى
کردووەو کەچى کەس گوێى پێنەداوە. دیارە ئەمە یادەوەرییەکى زۆر ئاساییەو
گێڕانەوەى سوودێکى زۆرى لەلێخووردبوونەوەو لێکۆڵینەوەى لایەنە
شاراوەکانى ئەو زاتەدا هەیەو هیچ شتێکى سەیرو نامۆشى تێدا نییە. کاتێک
کتێبى مێژووى وڵاتان، دەخوێنینەوە چەندین شتى سەیرو سەمەرەى ئەو
زاتانەت دەخاتە پێش چاو بەلادانە سێکسى و خیانەت و چەوتى و
ناشرینییەکانیشیانەوە، کارێکى لەو چەشنە لەسادەترین شێوەى خستنەڕوویدا
تا قووڵترین و ئاڵۆزترین شێوەى لەمڕۆیەکدا کەباس لەباڵادەستى ئەقڵ
دەکرێت کارێکى زۆر ئاساییەو بەپێچەوانەشەوە پەردەپۆشکردنى نائاساییە.
بەڵام لەواقیعى کوردیدا کەدەمێک ساڵە کەسایەتى کوردى تێدا مەسخ کراوەو
بەردەوام کار بۆ بەکۆیلەکردنى کراوە دەبێت چاوەڕێى زۆر لەوە خراپتریش
بین.
سۆران عەزیز: ئایا چیرۆک کایەیەکى
سەربەخۆیە لەبەردەم دنیادا یاخود هەڵگرى کۆمەڵێک پەیامە لەدەرەوەى
چیرۆک خۆى؟
یوسف عیزەدین: ئەگەر پێش ئەوەى باس
لەچیرۆک بکەین وەک ژانرێکى ئەدەبى، شتێک رۆبچینە نێو دنیاى حیکایەت
کارێکى خراپ ناکەین، چونکە حیکایەت چ وەک ئەوەى تائێستاش لەدەرەوەى
تێکستى نووسراو هەڵدەسووڕێت و بوونى هەیە، چ وەک ئەوەى جارێکى تر
لەمڕۆدا لەڕێى بەحیکایەتکردنى شتەکانەوەو لەڕێى ئاخافتنەوە دەچێتە نێو
تێکستى نووسراوەوە، ئەگەر یەکێک لەسیماو خەسڵەتە سەرەکییەکانى حیکایەت
گێڕانەوە بووبێت، ئەوە لەئێستادا لەهەموو سەردەمەکان بەبەرنامەترو
زیاتر گێڕانەوە برەوى پێدەدرێت و بەئامانجێکى زۆر جیاواز لەئامانجى
حیکایەت خۆى، کەرەنگە گەورەترین ئامانجى سەرسامکردن و چێژ بەخشین
بووبێت، ئەمەش بەمەبەستى راکێشانى گوێگرو دواتر گەیاندنى مەغزا بووبێت.
بەڵام لەمڕۆدا دوور لەبوونە راستەقینەکەى حیکایەت خۆى، بۆتە کەرستەى
سیستمێکى بەرفراوان و ترسناکى کۆنتڕۆڵکردنى کۆمەڵگە، لەڕێى بەحیکایەت
کردنى سەرزارەکى شتە گرنگەکانەوە کەدەبێت بەزمانێکى لۆژیکى و
زانستییانە قسەى لەبارەوە بکرێت، بەڵام هەروەک چۆن دەقە ئایینییەکان "کریتیک"ترین
مەسەلەى رۆحى و مادى لەڕێى بەحیکایەت کردنییەوە لەبوونى خودى خۆى
دادەماڵن و رەهەندێکى غەیبیى پێدەبەخشن و بەمەش باشترو ئاسانتر گوێگران
و خوێنەران کۆنتڕۆلڕ دەکەن.
دیارە لەبوارى فەلسەفەو فیکرو مەعریفەشدا بەکاربردنى حیکایەت
دەبینینەوە، لەخۆڕا "ڤالیرى" بەفەلسەفەى "دیکارت" ناڵێت:"حیکایەتى ئەقڵ"،
یان پێشى دەگوترێت، رۆمانى بنیاتنان یان فێربوون. بۆرژوازییەت یەکێکە
لەو سیستمانەى زۆر بەباشى سوودى لەبەحیکایەت وەرگرتنى شتەکان وەرگرتووە.
مەشروعییەتى بوون و دەسەڵاتى خۆى، لەڕێى گێڕانەوەى حیکایەتەوە
لەخەڵکەوە وەردەگرێت، ئەمەش بەگێڕانەوەى حیکایەتى نەتەوەو ئازادى و
دیموکراسییەت و چەمکەکانى تریش، بەهێنانە ناوەوەى چەمکى میللەت و
بەمیللى بوون، تا گێڕەڕەوە بکاتە "میتا-خود"، بەواتاى گێڕانەوە
لەدەرەوەى خودو دەروونى دەسەڵاتى بۆرژوازییەتەوە. ئەمەش پێچەوانەى ئەو
گێڕانەوە تەقلیدییانەى پێشووترە کەلەخودەوە دەستى پێدەکردو تەوەرەى
سەرەکى پاڵەوان بوو، بەڵام پاڵەوان لەشێوە گێڕانەوەى "میتا-خود"دا خەڵک
و میللەت و گەل و ئەو چین و توێژانەیە کەزەرمەندن لەبوونى دەسەڵاتێکى
لەو چەشنە و ئامانجى ئەم جۆرە حیکایەتانەش جێگرتنەوەو کۆنتڕۆڵکردنى
هەموو شتێکە بەئەقڵیشەوە، مارکسیزم-یش بەدەر نییە لەو جۆرە تێڕوانینە
پرۆلیتاریا جێى خەڵک و گەل دەگرێتەوە، حزب جێى زانکۆو قۆناغەکانى
خوێندن دەگرێتەوەو بەم جۆرەو هەر سەرپێچى و باوەڕ نەبوونێکیش
بەحیکایەتى ئەو چەشنە دەسەڵاتانە دەرئەنجامەکەى سەرکوتکردن و داپڵۆسینە.
لێرەدا وتارێکى "هایدگەر" هەیە کەپێویستە وەک نموونەیەک ئاماژەى
پێبدەین، لەدرێژەى وتارەکەیدا پاش وەسفکردنى گەلى ئەڵمانى بەگەلێکى
مێژوویى و رۆحیى، دەچێتە سەر ئەوەى کەئەرکى مێژوویى میللەتى ئەڵمانى
ئەوەیە کەدەبێت کاربکات، بجەنگێت، مەعریفە بەدەست بهێنێت و گرنگترین
دێڕیشى ئەوەیە کەدەڵێت:
"گەل ئەوەنییە مرۆڤایەتى رزگار دەکات بەڵکو
ئەوەیە کەبۆخۆى دنیاى رۆحیى راستەقینە دەستەبەردەکات".
دیارە ئەم راوبۆچوونە حیکایەت ئامێزانەى "هایدگەر" بەڕادەیەک ئاشکرایە
کەرەنگە پێویست بەڕوون کردنەوە نەکات.
زاناکانیش بەبێ گێڕانەوەى حیکایەت و بەحیکایەتکردنى بابەتە
زانستیەکانیان کار بۆ گەیاندنى دۆزینەوەیەک یان داهێنانەکانیان ناکەن
بەزمانێکى زانستى، هەروەک "لیۆتار" باسى لێوە دەکات زاناکان کاتێک
لەکەناڵەکانى تەلەڤزیۆنەوە دەردەکەون یان لەکەناڵەکانى دیکەى میدیا-دا
چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت لەڕێى گەمەى بەحیکایەتکردنەوە دەیانەوێت
ئەوەى کەکردوویانە وەک داستانێک پیشانى بدەن.
قسەکردن لەسەر چیرۆکیش وەک هەڵینجراوێکى حیکایەت، یان بوونى حیکایەت
وەک نووسینێکى بەرایى لەپشت چیرۆکەوەو ئەمانەو زۆر شتى تریش جێى
قسەوباسن. ئەمە جگە لەجیاوازى ژانرەکانى چیرۆک لەمابەینى چیرۆکى درێژو
کورتە چیرۆک و چیرۆکى زۆر کورتدا، لەڕووى تەکنیکەوە، بەڵام هەموو ئەوەى
پێش وەخت لەبارەیانەوە زانراوە، ئەلف وبێى نووسینیانە، ئەگینا ئەگەر
وەک کردەیەک سەیرى بکەین ئەوە مەسەلەیەکى ترەوەو گرنگى بوونى لەوەدا
نییە چى لەمیانى تەکنیکەکانییەوە دەتوانرێت بنووسرێت، بەڵکو گرنگ
ئەوەیە چۆنى پیێ دەنووسرێت. "لۆرنس" و"جۆیس"و"مانسفیلد" لەو نووسەرانەن
وەک شیعر مامەڵەیان لەگەڵ نووسینى چیرۆکدا کردووە"مەبەستم لەکورتە
چیرۆکە"و لەبرى کاریگەرى گرێچن و زۆرێک لەتەکنیکەکانى دیکەى، گرنگییان
بەسیمبۆل و دیالۆگى دەربڕین داوەو زۆر جیاواز لەشێوە کارکردنى"ئیدگەر
ئەلن پۆ" کەناوێکى دیارى ئەم ژانرەیە کاریان کردووە. ئیدى بەم شێوەیە
دەیان شێوە کارکردنى جیاواز لەیەکتر دەبینینەوەو ئەوە خوێنەرە ئەمیانى
لەویان پآ باشترەو هەر خۆشى دەتوانێت بزانێت بۆ فڵانە چیرۆکى بەلاوە
سەرنج راکێشترە لەیەکێکى تر، کە رەنگە نەزانێت و نەتوانآ دەستنیشانى
بکات چونکە دواجار قووڵاییەک لەنێو مرۆڤدا هەیە، کەبەئاگا یان بێئاگا
کار دەکاتە سەر ئیختیارەکانى و رەنگە ئەمەش یەکێک بێت لەهۆکارە
گرنگەکان کەکار دەکاتە سەر ناکۆک بوونى خوێنەران لەچێژ وەرگرتن و حەزى
جیاجیان لەخوێندنەوەى دەقێک و نەخوێندنەوەى دەقێکى تر. بۆنموونە من وەک
خۆم شەیداى خوێندنەوەى"هێرمان هیسە و بۆرخیس"و زۆرێکى ترم لەو
نووسەرانەى کەزۆرجار نەک خوێنەرى ئاسایى بەڵکو نووسەرى باشیش هەن
حەزیان بەخوێندنەوەیان نییە، ئەمە مەسەلەى جیاوازى چێژ بینینمانە پێش
هەر شتێکى ترو دواتریش وردەکارییەکانى تر رۆلڕ دەبینن. ئەگەر ئەم
حەزکردن و حەزنەکردنە نەبووایە، ئەوە لەئێستاى ئەدەبیاتى کوردیدا
لەچەند ناوێک زیاتر دەقى هیچ نووسەرێکى جیدى تر نەدەخوێندرایەوە، چونکە
بەپێى ریکلام بۆ کردن و پێداهەڵدان و لەسەر نووسینى بەردەوامى کەسانێک
لەسەر چەند نووسەرێکى دیاریکراو و نەک هەر پشت گوێخستنى ئەوانى تر
بەڵکو سڕینەوەو لێدانیشیان بەسەدان شێوازى بەحیکایەتکردنى تواناو
قودرەتى خەلاقانەى ئەو نووسەرانەى کەمەبەستیانە و بێتواناکردنى ئەوانەى
مەبەستیشیان نییە، بەڵام دیارە نەک هەر لاى ئێمە بەڵکو لەدنیاشدا ئەو
جۆرە"پۆپویلەر"کردنە ئەگەر کاریگەریشى هەبێت لەڕووى کێشکردنى خوێنەرو
گەرمکردنى بازاڕى کڕینى کتێبەکانیان لەئاست خوێنەرێکى بەرفراواندا، زۆر
ناخایەنێت و هەر هێندە نابات هێندەى خێرایى ناوبانگ دەرکردنى خۆیان و
نووسینەکانیان دەچنە پەراوێزى خوێندنەوەوە. لەکاتێکدا ئەو نووسەرە
جیدیانەى لەپەراوێزدا دەهێڵرێنەوەو بەبەرنامە کار بۆ لێدانیان دەکرێت
بۆ خاترى ئیبراز پێکردن و تەقدیسکردنى نووسەرێکى تر، دواجار خوێنەر
دەیاندۆزێتەوە، لەهەموو ئەم گەمەیەشدا شتێکى زۆر گرنگ هەیە ئەویش
ئەوەیە کەگەشتى دەق بەنێو خوێنەرانیدا بەشێوەیەکى بەرچاو، لەپاش مەرگى
ماتاریالیى نووسەرەوە دەست پێدەکات و زۆربەى ئەوانەى لەرۆژگارى
بوونیاندا لەژیاندا پانتاییەکى گەورەى قسەو باسەکانیان داگیرکردووە،
پاش مەرگیان لەبیر چوونەتەوە یان ئەو گرنگییەى پێشتریان پێنەدراوە.
هەروەک پەراوێزکردنى "هیراکلیتس وئەبیکور و تالیس"و زۆر بیرمەندى ترى
گریکى بەرانبەر ئیبرازکردنى"ئەفلاتون"و"ئەرستۆ"و هاوچەشنەکانیان
بەدرێژایى مێژوو نەبووە مایەى پووکانەوەیان بەڵکو لەمڕۆدا بەتەوایى
لەکایە فیکرى و فەلسەفییەکاندا تەرحەکانیان حزوریان هەیە.
سۆران عەزیز: ئایا چیرۆکى کوردى تواناى
بەرهەمهێنان و گەڕان بەدوایى مانایدا هەیە، یاخود وەک کامێرایەک
دەیەوێت وێنەى واقیعمان بۆ بگرێت؟
یوسف عیزەدین: "کۆلیردج" باس لەوە دەکات
کەئەدیبى باش ئەو کەسەیە کەگوآ بۆ ئەو شتانە هەڵدەخات کەخەڵکى گرنگى
پێنادەن و بەمەبەست دەبێت هەموو ئەو پێودانگانە لەخۆیدا لەکار بخات
کەتەبایە لەگەڵ خەڵک لەتیڕوانینى بۆ شتەکان.
ئەمە سەرەتایترین شتە کەبەدەر لەویستى نووسەرێکى ئەدەبیات دەبێت
لەخۆیدا هەبێت، مەبەستم لەوەیە ئەمە جۆرێک نییە لەنمایش یان شتێک بێت
بەتەواوى پەیوەست بێت بەخوێندنەوەى ئەکادیمیانەو تەنانەت ئەزموونیشەوە.
لەگەڵ ئەوەى کەشتێکى غەیبى نییە بەڵام لێ حاڵیبوونیشى ئاسان نییە، هەر
بۆیە لەنێو سەدان شاعیرى سەردەمى "نالى"دا ئێمە لەئاست "نالى"دا سەرسام
دەبین و ئەوانەى تر پشت گوآ دەخەین، لەگەڵ ئەوەى ئەوانیش رەنگە جار جار
شتێکى باشیان گوتبێت، یان کاریان لەئاستێکى باشى ئیستێتیکیدا کردبێت،
بەڵام هەر دەڵێى هەودایەکى ناسک و نهێنى تۆ بە شیعرەکانى "نالى"ەوە
دەبەستێتەوە، سەربارى سادەبوونى ئەو شیعرانەى کەزۆر سەرنجمان رادەکێشن،
هەروەک چۆن لەنێو هەموو شیعرى عەرەبیدا لەئاست بەیتە شیعرییە
ساکارەکانى"حەللاج"دا هیچ خوێنەرێکى جیدى شیعر نییە، هەڵوێستەى
لەئاستدا نەکات و بەبەردەوام حەز بەخوێندنەوەى نەکات، سەیر نییە لەپشت
ئەو ساکارییەوە هێندە دنیایەکى قووڵ هەبێت کەپێویست بکات سەدان لاپەڕەى
لەسەر بنووسیت و رۆژگارێکى دوور و درێژ بیرى لێبکەیتەوە، سەیریش
لەوەدایە ئالۆزترین شیعر لەڕووى زمانەوە قابیل بەوەرگێڕانە بەڵام بەیتە
شیعرییەکانى "حەللاج" سەربارى ساکاریان بەئاسانى خۆیان نادەن بەدەستەوە
نەک هەر لەڕووى وەرگێڕانیان بۆ زمانێکى تر بەڵکو لەڕووى وەرگێڕانى
زەینییەوە بۆ فامکردنى شیعرەکانى، وەک نمونەیەک دەکرێت بڕوانینە ئەم
بەیتە:
( فاین ذاتک عنى حیث کنت ارى
فقد تبین ذاتى حیث لا این )
گرنگترین شتێک لەم بەیتەدا نەبوونى یەقینە وەک دەرئەنجامێکى ئەزموونى
میتا سۆفییانەى "حەللاج" و بەتەواوى هەڵقووڵاوێکى رۆحییە. بەڵام کاتێک
دەڕوانیتە بەیتێکى "مەحوى" دەبینیت هەوڵى دەرخستنى یەقین دەدات، وەک :
( غەیرى وەحدەت لەوجودا نییە، کەسرەت وەهمە
سادە تەکرارى یەکە، مەنشەئى ئەوهامى عەدەد )
زۆربەى ئەدەبیاتى بەکوردى نووسراو بەچیرۆکیشەوە، بەشێوەیەکى سەرەکى
بەنێوى خستنەڕووى فۆرم و ناوەڕۆکەوە خۆى نمایشکردووەو هەروەک ئەوەى پەى
بەکارێکى زۆر گرنگ و سەرەکى دەق دابێت، ئەمە لەڕەخنەى بەکوردى
نووسراویشدا دەبینرێتەوەو تەقلیدى بوونیشى لەمەوە دەست پێدەکات. کامەیە
فۆرم و ناوەڕۆکى ئەو بەیتەى "حەللاج" کەئاماژەمان پێدا، ئاخۆ دەکرێت
بەو ئاسانییە بەپێودانگە تەقلیدییەکان مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت،
لەکاتێکدا زۆر دەمێک سالڕ لەمەوپێشیش نووسراوە، بێگومان ئەگەر
مامەڵەیەکى واى لەگەڵدا بکرێت، هەوڵدانێک دەبێت بۆ کوشتنى رۆحى شیعرەکە
و کیمیاى پێکهێنانى کەلێوانلێوە لەئەتمۆسفێرێکى گوماناوى و ئێستەتیکێکى
ئەندێشەیى. ئەدەبێک دەتوانێت کاریگەر بێت کەلەیەکەم ساتەوە سەرساممان
بکات و بۆ خۆى نەخشەیەکى دیکەمان بداتآ تا بەنێو مەجهولەکانیدا بگەڕێین
و دواتر لەقووڵایى ئەزموونەکەى بگەین، ئاخۆ ئەو دەم دەگەینە پەى بردن
بەمانا یان ماناکان، یان دەگەینە میتا مانا و بگرە بێمانایش. ئێمە
کەدەڵێین مانا مەبەستمان لەمانا چییە، کام مانایە بەگشتى ئەدەبیاتى
بەکوردى نووسراو بۆى گەڕاوە، یان ئەگەر بەکامێرایەک وێنەى واقیعى بۆ
گرتبین، وێنەى کام واقیعى بۆگرتووین و واقیع چییە!؟. ئەگەر بەتایبەتیش
باس لەچیرۆک بکەین، چەند چیرۆک هەیە بەخوێندنەوەى ویڵى مانایەکى
نەزانراومان بکات، ئەوداڵى دۆزینەوەى نهێنییەکمان بکات، یان رەها بوون
بخاتە ژێر پرسیارەوەو خۆى بدات لەئەگەر و گریمانکردنەکان و بەتەواوى
لەگەڵ خۆى بمانبات و ئاشناى شتە نامەئلوف و نەزانراوەکانمان بکات. چەند
کورتەچیرۆک و نۆڤێلا و رۆمانى بەکوردى نووسراو هەن، کیمیاى پێکهاتەکانى
لەو جۆرە ماددانە بن کەسەراسیمەمان دەکەن، چەند تێکستمان هەن سەرپێى
نەبن و هێندەى"سد هارتاى" ،"هێرمان هیسە"و "مورفى"، "بیکیت"و
چیرۆکەکانى "بۆرخیس"و زۆرێکى دیکەى لەو چەشنە رووبەڕووى رامانمان
بکەنەوەو لەساتەوەختێکدا گومان لەبوونى خۆمان بکەین.
سۆران عەزیز: ئایا چیرۆک نووسى کورد بۆچى
چیرۆکى نووسیوە، ئایا بۆ داهێنان لەئاستى مانادا بووە یان لەتەکنیکدا
کۆتایى هاتووە؟
یوسف عیزەدین: "مارسیل پرۆست" لەڕێى
گێڕانەوەوە وەک رەگەزێکى بەکارهاتوو لەنووسینى چیرۆک و رۆماندا، توانى
کۆڵەکەکانى کلاسیکى رۆمان بڕووخێنێت و کارەکتەر لەکەسایەتییەکەوە
بگۆڕێت بۆ هۆشمەندییەکى ناوەکییانە دەرحەق بەزەمەن. ئەمە وەک نموونەیەک
بۆ نەبوونى هیچ بەڵگەنەویستێکى پێشووتر بۆ نووسین، دیارە لەکاتێکدا
کەنووسەر تواناى نووسینى دەقێکى زیندووى هەبێت، کەواتە پێش وەخت نابێت
هیچ کامێک لەشێواز و قوتابخانە و رێچکەو رێبازەکان دیاری بکرێت و
نووسەر خۆى پابەندى پێودانگ و یاسایەکى دیاریکراو بکات. هەن
دەڵێن"بۆرخیس" نووسەرێکى میتافیزیکییە لەڕێى فانتازیاوە بەشوێن
لۆژیکێکى تایبەت بەخۆیدا دەگەڕێت. ئەم بۆچوونە هیچ پێوەندییەکى
بەخوێندنەوەى ئێمەوەوە نییە کاتێک تێکستەکانى ئەو نووسەرە دەخوێنینەوە،
هەڵکەوتنى نووسەرانى جدى و بەتواناش کارێکى دەگمەنە و هەموو ئەوەى
لەدنیادا دەگوزەرآ بەناوى ئەدەبیاتەوە، سەربارى بوونى خوێنەر و
خوێندنەوەیان و چوونە ناوەوەى ناویان بۆ نێو لێکۆڵینەوەو کتێبە
تایبەتەکانى مێژووى ئەدەبیات. بەڵام ئەمە هەمووى کردەیەکى مردووى
ناساندن و خستنەڕووى ئەوانە، وەک ناساندنى هەر شتێکى تر. گرنگ ئەوەیە
منى خوێنەر چى سەرنجم رادەکێشێت و تامەزرۆى خوێندنەوەیم دەکات.
بۆ نموونە کاتێک دەقە بابلییەکانم دەخوێندەوە قەسیدەیەکى تایبەت
بەغەزەلکردن لەگەڵ "خوێ" سەرنجى راکێشام، خوێ لەو قەسیدەیەدا ئەو خوێیە
نییە ئێمە زۆر بەمەئلوفى تێى دەڕوانین، لەو قەسیدە بابلییەدا خوێ
خۆراکى خوداوەند "ئینلیل"ەو وەک شتێکى پیرۆز دوعاى بۆ دەکرێت، تا
ئاواتەکانیان بۆ بهێنێتە دى و شتێکیشە لەپاکترین شوێندا خووڵقاوە.
کاتێک رۆدەچینە نێو زۆربەى ئەو تراژیدیانەى کەپێشتر نووسراون زۆر
بەباشى هەست بەو نامەئلوفیەتەى دەکەین، نەک لەبەر ئەوەى ئەو شتانەى
کەباسیان لێوەکراوە لەئێستادا نامەئلوفن، بەڵکو شێوازى کارکردنى
نووسەران زۆر لەئێستا جدیتر بووەو پێناچێت گوتارێک بووبێت بۆ
هۆشمەندییەکى ئاست نزم و باڵابوونیشى تا ئەو ئاستە جێگەى پرسیارە.
"ئارسەر میللەر" دەڵێت:( ئەگەر ئۆدیب زیاتر هۆشمەند بووایە لەئاست ئەو
هێزانەى لۆمەى دەکەن سەبارەت بەوەى لەگەڵ دایکى خۆى جووت بووە، ئەوە
دەیگوت هیچ تاوانێکم نییە چونکە نەمزانیوە. بەڵام ئەو پاش روودانى
گوناهەکەى پێدەزانێت و هیچ چارەیەکیشى نییە بێجگە لەکوێرکردنى چاوى خۆى.
بەڵام تراژیدیا لەمەدا چییە؟ بۆ نابێت ئەمە شتێکى پێکەنیناوى بێت؟ چۆن
دەبێت رێز لەپیاوێک بگرین کەسەربارى بێدەسەڵاتبوونى لەئاست ئەوەدا
کەڕوویداوە بەڵام دواتر ئەو کارەش ئەنجام دەدات. بەڕاى من وەڵامەکە
ئەوە نییە ئێمە رێز لەو پیاوە دەگرین، بەڵکو ئێمە رێز لەو یاسایە
دەگرین کە لەبێئاگاییەوە پێشێلى کردووە، چونکە ئەو یاسایە بەڕاى ئێمە
ئەوەیە کە ماهییەتمان وەک مرۆڤ دیارى دەکات).
حەقیقەت لەکردەى نووسیندا سەربارى ئەوەى رەها نییە لەهەمان کاتیشدا ئەو
حەقیقەتە نییە کەدەمانباتەوە بۆ سەر حەقیقەتێکى تر، حەقیقەت لەچیرۆکدا
تەوزیف و کەشفە بۆ هەموو ئەو ئاسۆو ئەگەرانەى کەدەکرا وابووایە،
لەکاتێکدا وانییە؟! نووسین یەقین نییە بەدنیا و زانراوەکان بەڵکو
گومانە لەوەى کەهەیە.
درێژهی ههیه
|