٩\٢\٢٠١٧
یوسف
بۆ
براکانت خستە بیر و
وتت
گورگ خواردنی؟

نەژاد عەزیز
سورمێ
با ،
دوور لە ئومێد
پەپکەی خواردبوو ..
لە دەنگی خرینگە زیاتر نەدەبیسترا ..
بە قووڵایی بیر ،
بە بەر سێبەری بێدادیدا
دەدرەوشایەوە ..
لە ژێر چ سرووتێکی ھەڵوەدادا بووی ؟
لە تافی چ شادییەکی بە لەنجە ؟
بیرت لەوە کردەوە ،
براکانت بخەیتە بیر یوسف !
* * *
یوسف !
تۆ لە ھەموویان جوانتر بووی ..
لە ھەموویان خۆشەویستر ..
خۆر و مانگ و ئەستێرەی ئاسمانان
بۆ باڵات دەنووشتانەوە ..
ئیرەییت بە چییان برد ؟
یوسف
براکانت بۆ خستە بیر و
وتت گورگ خواردنی ؟ !
* * *
ئێمە کۆمەڵێک مردوو بووین ،
ماندوو
لە زەماوەندی ستەم گەڕابووینەوە
پاڵمان بە دیوارێکی ڕووخاو دا بوو ،
تۆمان دی لە بێدەنگیی سپێدەیەکی ئارایشتکراودا
کراسە بەخوێن کراوەکانیانت بە دەستەوە بوو
لە دوور ڕا ،
بە چەند ئاڵایەکی تەسلیمبوون دەچوون
بە ڕیتمی ھاواریان پێدەکەنی ..
یوسف
براکانت بۆ خستە بیر و
وتت گورگ خواردنی ؟ !
* * *
نەخشەی تەمەنت ھەمووی
بە قوربانی ،
تاخچەیەکی پەمۆیی
کۆشکی عەزیزی میسرێ کرد ..
ئەشکەوتێکی چۆل بوو ،
تەنیا دەنگی خۆتت لێ دەبیست ..
بە تەنیا خۆت تیا دەدی ..
( زولەیخا ) ئەو تریفە بە خەرمانە نەبوو یوسف !
مەوداکان ،
لە ساتێکی ھێدمەگرتوودا ببینێ ..
بۆ براکانت خستە بیرەوە و
وتت گورگ خواردنی ؟ !
* * *
زامی بەفر
تارمایی شکۆفە
کوانووی سارد ..
لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا
تاوتوێی ھاوارە دوایی نەھاتووەکانی
بن بیریان دەکرد ..
با ،
نھێنی بۆ دیوان لێ دەدزین ..
ئاڵۆز بوو ،
لەخۆنووسانێکی ئاڵۆز
ژوانی ناوەختی
یوسف و بیر ..
* * *
ھەتاوی کوژاوە ،
نم نم
بەسەر جەستەی برایاندا
دەڕژایە خوار ..
( زولەیخا ) خەونێکە
لە ئەندێشەی مناڵانەمدا .. )
وەھای گوت یوسف .
* * *
کۆمەڵی مردووان ،
ھێشتا بە پاڵ دیوارەوەن ..
جەستەی کەڵەکە بووی براکان
لە ( بیر ) ی بێ ھاوار ... بێ بانگ ..
شێتایەتی سرووشت ..
خەوی ئەبەدی ..
یوسف لە کۆشک ،
درەختێکە بە تاریکی تەرز داوێ.
کانوونی یەکەمی
٢٠١٦
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|