په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ یوسف عیزەدین.


سازدانى: سۆران عەزیز

 

- به‌شی دووه‌م و کۆتایی -


سۆران عەزیز: بوونى ئەدەبی مولتەزیم و داواکارى هەندێک بۆ پێویستى بوونى رەخنەی مولتەزیم، لەسەردەمى ئەمڕۆماندا چۆن لێک دەدەنەوە؟


یوسف عیزەدین: سەرەتا ئەگەر ئەدەبێک ناوى مولتەزیمى لێبنرێت، دەبێت پرسیارى ئەو بکەین ئیلتیزامى بەچییەوە هەیە و بۆ ئیلتیزامى کردووە؟!

 

کاتێکیش باس دێتە سەر رەخنە وەک ئەوەى لاى ئێمە هەیە، حیکمەتێکى "تاوى"یم بیر دەکەوێتەوە کەدەڵێت:

( ئەوەى قسە دەکات نازانێت، ئەوەى دەشزانێت قسە ناکات).

ئەزموونێک کەلەقووڵایى کارێکى جیدیدا هەیەو تواناى تێپەڕکردنى زەمەنى هەیەو دواجار خوێنەر سەرسام دەکات، بۆخۆى لەدەرەوەى بەسەنتەربوونى شتەکان خووڵقاوەو مەبەستیشى نییە ببێتەوە بەسەنتەر، بەسەنتەرکردنیشى لەلایەن هەر کەسێکەوە هەوڵدانە بۆ کوشتنى رۆحى زیندووى ئەزموونەکە. هەندێک لەسۆفى و عارفەکان ئەزموونەکەیان دەیانگەیەنێتە بێدەنگى و هیچ نەگوتن، نەک لەبەر ئەوەى پێشتر هەموو شتێک گوتراوە بەڵکو لەبەر ئەوەى ئەو شتەى ئەوان پێى گەیشتوون لەچوارچێوەى کڵێشە هەبووەکاندا ناگوترێت. ئەمە جگە لەوەى لەوەى هەندێکیان بەتەواوى لەوە دڵنیان هیچ حیکمەتێک شیاوى گەیاندن نییە لەڕێى وشەوە، وشە هەمووشتێک نییە و هێندەى کەرستەى سەرەکى نووسین و گەیاندنە هێندەش گرفتێکى زۆر گەورەیە، نەزانینى ناوى بوونەوەرێک زۆر گرنگترە لەزانینى ناوى چونکە لەڕاستیدا ئێمەین ئەو ناوەمان بۆ داناوەو بۆخۆى لەدەرەوەى ناوبردن و ناوهێنانى ئێمەدا هەیە. دەکرێت باوەڕ بەوە بهێنین کەهەردوو وشەى "ئادەم و حەوا" گوزارشت لەنێر و مێیەکى مرۆڤ دەکەن هەر لەبەرایى بوونى مرۆڤەوە، دەکرێت بەنێرینەیەکى نیاندرتاڵ بڵێین ئادەم و بەمێینەکەشى بڵێین حەوا، دیارە ناکرێت، باشە ئەگەر ئادەم و حەوا لەوان کۆنتربن بۆ ناکرێت، بەپێى تێڕوانینى ئایدیالیستى قەول نییە سەرجەم مرۆڤایەتى لەوانەوە هاتبێت؟! دەبینیت ناوهێنان و دانانى وشەیەکى دیاریکراو چەند بەئیشکالەو لەچ قووڵاییەکدا هەڵدەسووڕێت کەکەمجار پێوەندى بەخودى شتەکەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەى نەمان و مانى یان بەکارهێنان و بەکارنەهێنانى وشەیەک زۆرجار هیچ لەمەسەلەکان ناگۆڕێت، بەکارنەهێنانى وشەى کۆیلە و کۆیلایەتى لەمڕۆدا ئاخۆ دەتوانێت واقیعى بوونى کۆیلەو خاوەن کۆیلەکان بسڕێتەوە؟ لەکاتێکدا لەژێر ناو و بوونێکى گۆڕدراودا، ژمارەى هەرە زۆرى مرۆڤ لەمڕۆدا چین، بێجگە لەکۆیلەى کار و سەرمایە و هەموو ئەوەى کەبۆ چەوساندنەوەى مرۆڤ ئامادەیە چى ترن؟! "فۆکنەر"دەڵێت:

(شەرمەزارییە مرۆڤ لەم دنیایەدا ئەوەندە کار بکات، لەهەمووشى خەماویتر ئەوەیە کەسەرەڕاى هەشت سەعات کارکردنى رۆژانەى، ناتوانێت هەشت سەعات نان بخوات، هەشت سەعات بخواتەوە، هەشت سەعات خۆشەویستى بکات، تەنها شتێک کەدەبێت لەڕۆژێکدا هەشت سەعات بیکات کارکردنە، هەر ئەمەشە مرۆڤى کردۆتە کڵۆڵێکى بەدبەخت).

لەم دنیایەدا بیرۆکەو وشەکان زۆر دوورن لەماهییەتى شتەکان، ئێمە لەمڕۆدا لەنێو سیناریۆى دنیادا دەژین نەک خودى دنیا خۆى، ئێمە لەنێو گەمەى بیرۆکە و وشەکاندا دەژین .

ئەمە جگە لەوەى هیچ بنەمایەکى ئەسڵى حەقیقەت بوونى نییە تا بۆى بگەڕێینەوە، مەرکەزیەتى ئەقڵ و فەلسەفە و دەسەڵات و هەموو چەمکەکانى تر ترسناکن، کەبەبآ دەربازبوون لێیان هیچمان پآ ناکرێت، مەرکەز ئەو شوێنەیە کەخودى تێدا تێکدەشکێنرێت. لۆگۆس و ئەقلڕ وەک دەخرێتە روو یەکەمین و دوایەمین گەرانتى حەقیقەتن، بەڵام لەڕاستیدا وانییەو دەبێت پاش هەڵوەشاندنەوەیان راڤەیان بکەین، دەبێت بتوانین کار بۆ دۆزینەوەى سیستمى شاراوەى پشت شتەکان بکەین. رۆمان نووسێکى وەک "ئیبراهیم ئەلکەونى" دەڵێت:

( ئێمە ئەو شتانە دەبینین کەنابێت ببینرێت و ئەو شتانەش نابینین کەدەبێت ببینرێت).

ئەوەى کەکایەى ئەدەبى پێویستیەتى لابردنى لەمپەرەکانە نەک زیادکردنى لەمپەرەکان، سەربارى ئەو هەموو رێگرییەى کەبۆخۆى هەیە. جا بەڕاستى قسەکردن لەسەر ئەدەبیات و رەخنەى مولتەزیم و شتى لەو چەشنانە کارى خەڵکانێکە ئاگایان لەوە نییە لەدنیادا چى دەگوزەرێت و هەموو هەوڵێکیان بۆ سەقامگیرکردنى سەنتەرە کەدواتر دەبێتە ئەو دەسەڵاتە کوشندەیەى کەلەکۆمەڵگە تۆتالیتارییەکاندا نموونەیان زۆرن، ئەمە ئەقڵییەتێکە دەیەوێت لەپاڵ دەسەڵاتدا حوکم بکات، لەکاتێکدا دەسەڵات وەک "هۆبز" دەڵێت:

( دەسەڵات یان دەوڵەت ئەو دڕندەیەیە کەکۆنتڕۆڵى هەمووان دەکات بەپێى یاسایەکى تاقانە ئەویش بڕى ئەو ترساندنەیە کەدەیخووڵقێنێت).

ئیدى ئەوەى لەدەرەوەى دەسەڵاتیشدایە مەحکومە. بەڕاى "ئیبن خەلدون"یش قبووڵکردنى مەحکومەکان بۆ دەسەڵاتێک، لەگەڵ بەسەرچوونى رۆژگاردا شێوازێکى شەرعى بەخۆوە دەگرێت و دواتر یاسا و داب و نەریتەکان تۆکمەى دەکەن. بۆیە جەخت کردنە سەر هەر جۆرە ئیلتیزام و کاروکردەوەیەکى لەو چەشنە پەیوەستە بەنووسەرى سەرزارەکى نووس و کەم توانا و مەعاش خۆرى ئەو جۆرە سیستمانە و هەر ئەوانیشن جێبەجێى دەکەن، ئەدەبى مولتەزیمى سەردەمى رژێم ئەو ئەدەبە بوو کەتەبا بوو لەگەڵ تەسەووراتى بەعس بۆ دنیا و کەمێکیش نین ئەو نووسەرە کوردانەى کەنەک هەر بەعسی بوون و ئیلتیزامیان هەبووە لەڕووى ئەدەبیاتەوە، بەڵکو وتارە سیاسییەکانیشیان کەبۆ سەرۆکى رژێم و پێداهەڵدانى بەعس نووسیوویانە گەواهیدەرێکى ترەو سەیریش نییە لەمڕۆدا لەپێشى پێشەوە بن و داواى ئەدەبى مولتەزیم و رەخنەى مولتەزیم و سانسۆرى مولتەزیم و لەناوبردنى هەر دەنگێکى جیدى و نەیار بەسیستمى ئێستایان بکەن دیارە هەمووشى بەشێوەیەکى مولتەزیمانە، کەبۆ ئەوان هیچ شتێک فەرق ناکات گرنگ ئەوەیە لەپێشەوە بن، هەروەک چۆن لەهەردوو زەمەنى دەسەڵاتى پێشوو و ئەوەى ئێستاش هەر لەپێشەوە بوون و بژێوى خۆیانیان بەزیادەوە پآ دابین کراوەو مەسەلەکەش لاى ئەوان هەر ئەوەندەیە. هەردەمیش ئەقڵیەتى غەیبیى و دەسەڵات پێویستى بەوانەیەو بەبآ ئەوانە کارى مەیسەر نابێت، بەڵام جارێکى تر دەبێت جەخت بکەمە سەر ئەوەى ئەدەبى جیدى ئەوە نییە لەکایەکەدا دەگوزەرآ و کەبۆخۆى سازاندنى بازاڕە، وەک "لۆتار" ئاماژەى پێدەدات لەدەست کۆمەڵێک شوانى هونەر و ئەدەبیاتدایە و ئەو دەمەش ئەدەب و هونەر رۆڵى گەوادێک دەبینن بۆ رازیکردنى زەوقى کڕیارەکانیان و وەک واقیعێکیش هەر شتێک بەکەڵکى ئەو ئەقڵیەتە بێت دەچێتە پێشەوە.

ئەگەر کارکردن لەزماندا لەڕوویەکەوە گەمە بێت ئەوە وەک"لۆمان" جەخت دەکاتە سەرى زۆر رێگە هەیە بۆ رێگەگرتن لەگەمەکردنى کەسێک و هەر بەڕاى ئەویش ئەمە شێوازێکى تیرۆریستانەیە، بۆ بێدەنگ کردن جا چ بەلەناوبردنى یان بەهەڕەشە لێکردنى. تەسک کردنەوەى بازنەکان و باڵاکردنى کایە ئەدەبى و هونەرى و کایەکانى تر و دانانى دەسەڵاتێک کەشەرعییەتى بڵاوکردنەوەو بڵاونەکردنەوەو شتەکانى دیکەى لەئەستۆدا بێت و دەسەڵات پاڵپشتى بێت ئەوەش سەرەتاى جەهلێکى بێوێنەو توندوتیژییەکى مۆڕاڵى و مەعریفییە بۆ لەناوبردن و دەمکوتکردنى هەر شتێک کەببێتە مایەى پرسیار.

سۆران عەزیز: لەپانتایى رۆشنبیرى کوردیدا زەمینەى دروستبوونى رەخنەى هاوچەرخ لەئارادایە ئەگەر وەڵامەکە ئەرێیە یان نەخێرە لەبەرچى و هۆکارەکانى کامانەن؟

یوسف عیزەدین: هەرچەندە رەنگە لەجێى وشەى رەخنە راڤەو شیکارى و خوێندنەوەو هەندآ زاراوەى لەو چەشنە گونجاوتر بێت، چونکە کاتێک گوێت لە وشەى رەخنە دەبێت بەتایبەت وەک ئەوەى لەکوردیدا بەکار دێت، یەکسەر بڕیارێکى پێشوەختى کەسێکت بیر دەکەوێتەوە بەرانبەر بەدەقێک یان کارێکى هونەرى یان هەر شێکى تر، وشەى رەخنە لەوشەى "نقد"ى عەرەبییەوە نزیکە لەڕووى رووکارە شەڕانیى و هێرش کارییەکەیەوە، بەڵام ئەم وشەیە لەزمانەکانى دیکەدا وانییە لەتورکیدا زیاتر وشەى"یورووم"ى بۆ بەکاردێت بەواتاى هەڵسەنگاندن، وشەى"ئێلشترى"یش لەجێى"کریتیک"ى ئینگلیزى بەکاردەبرێت و ئەوەى لاى خۆشمان مایەى سەرنجە تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکەو چەمکەکانى ترە، بەمەش خوێنەر سەرى لێ دەشوێت و نازانێت ئەوەى دەیخوێنێتەوە چییە، بۆ نموونە کاتێک لەرۆژنامەیەکدا دەنووسرێت لەژمارەى داهاتوودا بابەتێکى رەخنەیى لەسەر فڵانە بابەت بخوێنەرەوە تۆ خۆت بۆ"رەخنە-کریتیک" ئامادە دەکەیت و کەچى کاتێک دەزانیت هەر هەمووى رستەى وەسفى و پێداهەڵدانە، یان هەڵسەنگاندنە یان خوێندنەوەیە یان هەر شتێکە رەخنە نییە، زۆربەى رەخنەکانى ئێمەش یەک شێوازیان هەیەو کەمیان هەیە ئەو شێوازە تێپەڕبکەن و بێئاگابوونى رەخنەگریش کارێکى باش نییە، بۆ نمونە ئێستاشى لەگەڵدا بێت لەڕێى تێزێکى فرۆیدەوە هێندە دەقى ئەدەبى بەکوردى نووسراو شیکارى کراون لەڕووى باشییانەوە، واى لە زۆر نووسەرانى سەتحیى نووسى تریش کرد کەبەو شێوەیە بنووسن، لەکاتێکدا تەسەوورى فرۆید سەبارەت بەو خێلانەى کەپاڵنەرێکى سێکسى دەبێتە مایەى هەستانیان بەکوشتنى باوک و تادوایى حیکایەتەکە، گریمانێکەو زۆر نووسەر و بیرمەند باسیان لەپێچەوانەى ئەمە کردووە، "مەتاع سەفەدى" پێى وایە دەسەڵاتى قەبەلیى بەرایى نە لەرۆژئاواداو نەلاى عەرەبیش پەیوەست نییە بەمەرکەزییەتى دەسەڵاتى باوکەوەو رۆڵى ئەو کەسە نابینێت کەزەوتى چێژبینینى سێکسى قەبیلە دەکات یان دابەشکردن و پێدان و پێنەدانى خۆراکیانى بەدەستە، باشترین نموونەش کە ئاماژەى پێدەدات ئەو خێڵە بەدەویانەن کەتائێستاکە ماون و هیچ کێشەیەکى سێکس و خۆراکیان نییە، لەرووى مۆنۆپۆڵکردنییەوە لەلایەن باوکەوە یان کەسێکى ترەوە، ئەوەى ئەوان کێشەیان لەگەڵى هەیە هۆزەکانى دەرەوەى خۆیانە لەکاتێکدا ئەگەر هێرش بەرنە سەریان. خوێندنەوەى نووسەرانێکى بێسەلیقە بۆ ئەم حیکایەتەى کە زۆر بەربڵاو لەدەقە بەناو رەخنەییە بەکوردى نووسراوەکاندا ئاماژەى پێدەدرا، لەرۆژگارێکدا تەوژمێکى لەو چەشنە نووسینە دروست بوو و بووە مۆدێل، تا کەسێکى داماو کەلەو کاتەدا بەناو چیرۆکى دەنووسى و لەژیانیدا هیچ کێشەو تەسەوورو خوێندنەوەو زانینێکى سەبارەت بەدەسەڵاتى باوک نەبوو، وا تێگەیشبوو مەبەست لەوەیە لەسەر باوکى خۆى بنووسێت، گەرچى باوکى کابرایەکى کڵۆڵ و داماویش بوو بەڵام کەوتە نووسین لەسەر باوکیى و بەوەندەشەوە نەوەستا دەستى دایە باسکردنى رابواردنى دایک و باوکى و وەسفکردنى شێوەى ئەندامى نێرینەى باوکى و زۆر شتى ترى لەو جۆرە.

سۆران عەزیز: دەقى رەخنەیى و خوێندنەوەو تێگەیشتن و دواندن و هێماو ئاماژەکانى نێو دەقە ئەدەبیەکەیە، کەچى لاى ئێمە رەخنە ئەوەندە دەپەرژێتە سەر کەسایەتى نووسەر ئەوەندە گرنگى نادات بەکەسایەتى دەق، ئەم دوو ئاراستەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

یوسف عیزەدین: مەوداى خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەیەکى فرە مەودا، لاى "پارت" بەواتاى فراوانکردنى ئەو مەودایە دێت کەدەکرێت کار بۆ خوێندنەوەى دەق بکرێت. هەموو ئەوەى کەدەشکرێت پەیوەست نییە بەنووسەرەوەو کارێک نییە لەبەر خاترى ئەو بکرێت و مەبەست ئیبرازکردن و سەپاندنى بێت. کاتێک ئێمە لەخوێندنەوەى زۆر دەقدا سەرسام دەبین، بۆ ئەوە سەرسام نابین بۆ ئەوە سەرسام نابین ئەوداڵى ناسینى نووسەرەکەى بین و بیدۆزینەوەو ببینە هاوڕێى و دەست خۆشى لێبکەین، ئەمە ئەگەر نووسەرەکە لەژیاندا مابێت و دوورە دەست نەبێت، نووسەریش کارى بەوە نییە بزانێت چەند خوێنەر ئیشەکەیان پآ باشە یان خراپە و ئەگەر پێچەوانەى ئەمەش بوو کەواتە ناتەواویەک هەیە، هەمیشە ئەوانەى نووسەرى جیدى بوون لەدەست خوێنەر و ئەو کەسانە هەڵهاتوون کەموعجیبى ئیشەکانیان بوون، نەک لەبەر ئەوەى خوێنەر بەهیچ نازانن یان خۆیان زۆر پآ گرنگە بەڵکو لەبەر ئەوەى تازە ئەوان دەقە نووسراوەکەیان فڕێداوەتە دەرەوەى خۆیان و لەدەرەوەى ئەوان هەیەو ئیعجابى خوێنەرانیش بەدەقەکەیە نەک بەخودى نووسەرەکەى. "فۆکنەر" دەڵێت:

( ئەگەر من نەبوومایە ئەوە یەکێکى تر ئەوانەى منى دەنووسى، هەر وەک چۆن کەسانێکى تر نووسینەکانى هەمەنگواى و دۆستەیڤسکى و ئەوانەى تریشیان دەنووسى...نووسەر هیچ گرنگییەکى نییە، گرنگ لەوەدایە کەدایدەهێنێت، مادەم هیچ شتێَکى نوێش نییە بگوترێت، "شکسپیر و بەلزاک و هۆمیرۆس" لەسەر هەمان شتیان نووسیووە، ئەگەر ئەوان هەزران ساڵ بژیانایە ئەوە دەزگاى بڵاوکردنەوەکان پێویستیان بەهیچ نووسەرێکى تر نەدەبوو بۆیان بنووسێت).

ئەوە راستییەکە دەبێت بیزانین، کەقسە هاتە سەر دەقێکى جیدى کەسایەتى نووسەر و شوناسنامەو چۆنیەتى ژیانى و هەموو وردەکارییە کەسێتییەکانى تر حیسابى بۆ ناکرێت، خۆ نووسەر نەچۆتە بەردەم فەرمانگەى رەگەز و شوناس، یان لەمەخفەرى پۆلیسدا دەستبەسەر نییە تا تەحقیقى لێبکرێت، دەقێکى نووسیوەو کەسێک یان کەسانێک هاتوون و لەسەریان نووسیوە، هەر فۆکنەر ئاماژە بەوە دەدات کە بۆى هەیە ئەدەبى باش لەلایەن دز و قاچاخچى و مەیتەریشەوە بنووسرێت، کەواتە نووسەر لەم کردەیەدا تەنها بکەرى کارەکەیە بەڵام ئەوەى لێى دەکەوێتەوەو بۆى هەیە بەفڵانە شێوە راڤە بکرێت یان نەکرێت، جۆرێک خوێندنەوەى بۆ بکرێت، لەکاتێکدا یەکێکى تر بەجۆرێکى تر بیخوێنێتەوە، ئەمە کێشەى نووسەرێک نییە جیدیانە شتێکى نووسیبێت، ئەوە ئێمەى خوێنەرین ئەم چەشنە تیڕوانینە، یان ئەو چەشنە تیڕوانینەمان هەیە و پێوەندى بەخۆمانەوە هەیە. زۆرێک لەرەخنە نووسانى ئێمە دەورى واعیز و ئامۆژگاریکار و مامۆستا و رێنیشاندەر و ئەم جۆرە شتانە دەبینن، یان لەباشترین حاڵەتدا دەق و نووسەرەکەى دەبەنە کەشکەڵانى فەلەک و دواتریش هیچ بەدەستەوە. زۆرجار بێتوانایى نووسەرانمان دەبرێتەوە بۆ بارودۆخى ئابوورى و شتى لەو جۆرەو ئەگەر یەکێک باش بنووسێت، یەکسەر ئاماژە بەباشى بارودۆخى ئابوورى دەکرێت و شتى لەو بابەتە. باشە "ئۆرهان پامووک"ێک کەسەربارى دەوڵەمەندیەکەى گەورەترین دەزگاى بۆ چاپ و وەرگێڕانى کارەکانى خۆى هەیەو وەک پێشتریش لەشوێنى تردا ئاماژەم پێداوە، خۆى گوتەنى بەپارەى خۆم کتێبەکانم وەردەگێڕمە سەر سى چل زمانى زیندووى جیهانى و ریکلام بۆ خۆم دەکەم، ئاخۆ زۆر باش دەنووسێت بەبەراورد لەگەڵ زۆر نووسەرى بەتواناى دەست کورتى تورکیا، یان زۆر لەوان خراپتر دەنووسێت؟!. هەر "فۆکنەریش" سەبارەت بەمە دەڵێت:

( نووسەر هیچ پێویستى بەئازادیى ئابووریى نییە، ئەوەى کەپێویستیەتى قەڵەم و کاغەزە، نەمبیستووە نووسەرێک شتێکى باشى لەڕێى پارە پێدانیوە نووسیبێت. نووسەرى جیدى لەپێناو پارەدا نانووسێت ئەو سەرقاڵى نووسینە، ئەگەر نووسەرێکى پلە یەک نییە، هیچ پێویست ناکات خۆى بەوە هەڵخەڵەتێنێت کەکاتى نییە یان بارى ئابوورى خراپە...هیچ شتێکیش نووسەرى چاک تێک ناشکێنێت بێجگە لەمردن، نووسەرە باشەکان کاتى ئەوەیان نییە بیر لەسەرکەوتن یان دەسکەوتى ماددیى بکەنەوە...ئەگەر نووسەر بۆخۆى لەپێش نەبێت، هیچ هێزێک نییە بتوانێت زۆر هاریکارى بکات).

سۆران عەزیز: بۆچى زۆربەى جار تێگەیشتنى خوێنەرانى ئێمە بۆ رەخنە ئەوەیە کەپاشکۆى دەقە یان رەخنە هەمیشە دواى بوونى دەقى ئەدەبى دێن، ئایا تێکستى رەخنەیى نابێتە مایەى هاتنە ئاراى دەقى داهێنەرانەتر؟

یوسف عیزەدین: ئەگەر مەبەست لەرەخنە سەبارەت بەدەقێکى ئەدەبى بێت پێموانییە تێکستى رەخنەیى ببێتە مایەى هاتنە ئاراى دەقى باش، ئەگەر لەکاتێکیشدا هەڵسەنگاندنەکە سەبارەت بەدەقێکى دیاریکراو زۆر جیدیش بێت، چونکە ئەو مەعریفەیەى کەدەیبەخشێت، بۆ ناساندن و کەشفکردنى دۆزینەوەى شفرەى کۆدەکانى و هەموو ئەو شتانەى کەدواجار بۆى هەیە خوێندنەوەیەکى دیکە یان چەند خوێندنەوەیەکى دیکە، ئەو تەسەوورەى پێشووتر تێکبشێنن و بەم چەشنە هیچ کاتێک دەرکەى خوێندنەوەى دەقى زیندوو پێوە نادرێت.

پێشتر راوبۆچوونێکى "ئارسەر میللەر"م سەبارەت بە"ئۆدیب"خستەروو، بەڵام من وەک خۆم واتێى ناڕوانم، لەگەڵ ئەوەى لەگەڵ بۆچوونى فرۆید و زۆر کەسانى تریشدا نیم، خۆى ئەمە کەدەبێت سەبارەت بەدەق هەبێت، ئەویش جیاوازیی تێڕوانینە تەنانەت لەخوێنەرێکیشەوە بۆ خوێنەرێکى تر. یەکێک لەگرفتەکانى خوێنەرى ئێمەش تاڕادەیەکى زۆر تەبابوونە، بەوپێیەى کەپێشتر لەکەناڵەکانى میدیا-وە و لەڕێى راوبۆچوونى ئەم و ئەو تەلقین دراوە، تۆ تەسەوور بکە هێشتاکە دەقى نووسەرەکە بڵاو نەبۆتەوەو لەژێر چاپدایە و لێرەو لەوآ چەند نووسەرێکى نزیک لەنووسەر یان لەو شوێن و دەزگایەى تێدا چاپ دەکرێت بینیوویانەو پێشوەخت لەنووسینەکانیاندا ئاماژە بە عەزەمەتى دەقەکە دەدەن و دەیکەنە هەڵایەک ئەو سەرى دیار نەبێت و باوەڕت بێت ئینسان لەرزى لێدێت و وادەزانێت بەتەواویى نەک کۆتایى نووسینى دەقێکى لەو چەشنەیە بەڵکو بەتەواویى کۆتایى دنیایەو ئیدى نابێت کەس یەک لەفزى پێچەوانە لەزارى بێتەدەر، باشە خۆ هەر ئەوەندەش بۆ دەقێکى ئایینى دەکرێت کەمەسەلەکە لەوێدا باوەڕێکى کوێرانەیەو هەر توخمى ئەو نووسەرانە بەهەزار شێوە لەسەر ئەوانە دەنووسن کەدەقى ئایینى تەقدیس دەکەن و شتى لەو جۆرە، باشە ئەوەى ئەوان دەیکەن تەقدیس کردن نییە، ئەم گەلە کۆمەکییە بۆ ترساندنى هەر کەسێک کەدواتر قسەیەکى دەبێت، پێش ئەوەى دەق بینرابێت و خوێنرابێتەوە کارێکى باش نییەو زیانیشى بۆ کەس نییە بێجگە لەخۆیان و نووسەرەکە، چونکە دەکرێت نووسەرەکە دەقەکانى پێشووى زۆر باش بن و بەڵام ئەو دەقەى باش نەبێت، ئەمە زۆر ئاساییە نووسەر کۆنتەراتى لەگەڵ کەس نەکردووە کەهەر دەبێت هەموو بەرهەمەکانى موعجیزەویى بن، مارکیز پاش وەرگرتنى خەلاتى نۆبلڕ کام دەقێکى باشى نووسى ؟! وەک گوتم ئەمە زۆر ئاساییەو نابێت تاسەر وەک لاى خۆمان هەیە داوا لەنووسەر بکرێت کەوەک مەکینە نووسین بەرهەمبهێنێت، وە ئەگەر نەینووسى بگوترێت تەواو، ئەمە بەشێکە لەفەرهەنگى فیوداڵى و ئەقڵیەتى کشتکارى، تا ئەوەى کار دەکات گوڕو تینى تێدا بێت، ئەوە ئیش دەکات و عەیبى نییە کەکاریشى پێنەکرا ئەو پەککەوتەیە، لەنووسیندا ئەم هاوکێشەیە نییە، ئەمە لەهونەریشدا وایە بۆ نموونە لەدنیادا کاتێک گۆرانیبێژێک پیر بووە، کەس بێحورمەتى واى بەرانبەر ناکات بیهێنێت و گۆرانى پآ بڵێت، بەڵام لاى ئێمە تا دوا نەفەس دەبێت گۆرانى بڵێت. لەسیاسەتیشدا بەهەمان شێوە کەسى سیاسى ئەوەیە تا دوا هەناسە سەنگەر چۆڵ ناکات و لەرێگە لانادات و بۆ نەگبەتیش سەنگەر لەمڕۆدا بۆتە ئەو جۆرە کورسیانەى کەهەڵدەسووڕێت و پاش مردنیشى لەسەر ئەو کورسییە یان لەهەر شوێنێکى تر، بەشەهیدى سەنگەرى خەبات لەقەڵەم دەدرێت و کآ بۆى هەیە بڵێت، بەڵام هەژدە ساڵ بەبێکارى لەسەر کورسى پشت مێز و کورسییەکانى تر پاڵى لێداوەتەوە. کاتێک بە"ئەدۆنیس"یان گوت کەپیر بوویت چى دەکەیت، گوتى پێش ئەوەى خرف بم دەچمەوە گوندەکەى خۆم و پێوەندى بەدنیاوە دەپچڕێنم، بەڵام لاى ئێمە حیساب بۆ ئەوە ناکرێت، ئەمە هاوکێشەیەکى سرووشتییەو فڵانە نووسەر لەتەمەنێکدا خرف بووەو وەک خۆى هەستى پێناکات، خۆ چوار دەورەکەى هەستى پێدەکەن. بەڵام سەیر لەوەدایە داواى نووسینى لێدەکرێت و ئیدى شتى وادەنووسرێت و دواتر بڵاو دەکرێتەوە بەراستى جێگەى نیگەرانى و بەزەییە، وەک برادەرێک بە"ئیمەیل"ئاگادارى کردبووم، کەناڵێکى تەلەڤزیۆن یەکێک لەو میێینە نووسەرە بەتەمەن و خڵەفاوانەى هێناوەتە سەر تەلەڤزیۆن و ئەویش هاتەران و پاتەران پێیدا هاتووەو ئیدى کار لەدەرپآ داکەندنى گەنجان و کارى سێکسى بەکۆمەڵ و دنیایەک شتى لەو جۆرەدا نەماوە، گوتنى هەموو ئەمانە ئاساییە، بەڵام بەهۆشمەندییەوە نەک بۆ یەکێک ئەگەر وەک وڵاتان بووینایە، پزیشکە دەروونییەکان نەیاندەهێشت هیچ گفتوگۆیەکى لەو چەشنە ئەنجام بدات، دیارە هەندێک رۆژنامەش ئەم خڵەفان و قسەى هەلەق و بەلەقانەیان بەهەل زانیوە بۆ راکێشانى خوێنەر بەتایبەتى لەسەدا نەوەدى قسەکانى جوێنن، بۆیە لێرەو لەوآ بابەتى بۆ بڵاو دەکرێتەوەو لەهەر بابەتێکیشیدا چەند جارێک دەڵآ من مارکسیم و چەند جارێکى تریش من لەفڵانە وڵاتم خوێندوومەو جار نا جارێکیش من سەگم و مەیمون نیم و ئیدى چەندین شێوەى هەڵبزڕکاندنى قسەى لەو چەشنانە. بەڕاستى وەک لایەنێکى ئینسانى دەبێت رێز لەو جۆرە کەسانە بگیرێت و بەئەقڵیەتى نێو بازاڕ ئیستیغلالى خڵەفانى ئەو جۆرە کەسانە نەکرێت و تەنانەت ئەگەر لەژیانیشیاندا شتێکى باشیان نەبووبێت بەم جۆرە تەهریج کردنەى کەخۆیان لێى بێئاگان، بەو راددەیە نەکرێنە لێبووک و گاڵتەجار و وەک لایەنێکى ئینسانى رێزیان لێ بگیرێت، باشترین رێزیش ئەوەیە نەکرێنە مەسخەرەى سەر تەلەڤزیۆن و رۆژنامەکان، ئاساییە ئەگەر حاڵەتێکى نائاسایى هەبێت بۆ خۆى لەسەر شەقامەکان بگەڕێت و جوێن بدات یان هەر شتێکى تر، بەڵام تۆمارکردنى ئەو حاڵەتانەو گرنگیپێدانى کارێکى باش نییە، چونکە پاش خڵەفانى هەر کەسێک لەهەموو روویەکەوە رەوا نییە بەو شێوەیە بەکاربهێنرێن، ئەم وەک بەکارهێنانى شێتێکە لەلایەن تیرۆریستەکانەوە لەکردەیەکى خۆکوژیدا، چونکە بوونى ئامانجێک لەپشت بەکارهێنانى کەسێکى کەمفام بۆ مەرامێکى تایبەت زادەى ئەقڵیەتێکى باش نییە.

سۆران عەزیز: پێوەندى نێوان بەرهەمهێنەر و دەق و رەخنەگر و خوێنەر پێوەندییەکى نیمچە پچڕاوە، جارى وا هەیە دەق هەیە کەچى رەخنە نییە یان بەپێچەوانەوە، دەق و رەخنە هەیە بەڵام خوێنەر لەبەرانبەریدا سست و کزە ئایا پێوەندى نێوان دەق و رەخنە و خوێنەر لەئەدەبیاتى کوردیدا چ ئیشکالیەتێکى هەیە؟

یوسف عیزەدین: ئەدەبیاتێک کە سەتحیى نەبێت و قوولڕ بێت، خوێنەرى تایبەتى خۆى هەیە، کردەى بلاوکردنەوەى دەقى ئەدەبى بۆ ئەوە نییە زۆرترین ژمارە خەڵک بیخوێنیتەوە، ئەمە پرۆسەى کتێب چاپکردن و بڵاوکردنەوەیە ئەوە دەخوازێت، زۆر خوێندنەوەو کەم خوێندنەوەش هیچ پێوەندییەکى بەباش و خراپى نووسینەوە نییە، تەنانەت دەتوانین بڵێین لەدنیادا ئەوەى کەخوێنەرى زۆرە دەقە خراپەکانە، هەروەک چۆن نووسەرە خراپەکانیشن هەمیشە پێویستیان بەریکلام بۆ کردن و ناساندن هەیە، من کاتێک دەخوێنمەوە هیچ گرنگییەک بەوە نادەم نووسەرەکەى ناسراوە یان نەناسراوە لەئاستێکى بەرفراواندا، پرۆسەى خوێندنەوە پێوەندى بەچێژ بینینى خۆمەوە هەیە، سەربارى ناو و شوهرەتى"سەلیم بەرەکات" نۆڤێلاى"موتى مبتدئون"م بەزۆر خوێندەوە نەبادا لەشوێنێکیدا شتێک هەبێت، کەچى مایە پووچ بووم و هیچ چێژم لێ نەبینى، لەگەڵ ئەوەى دەقى جوانى هەیەو ئەمەشم پآ ئاسایى بوو. دەبێت ئاماژە بەئەقڵیەتێکى باو بدەین لەدنیاى ئەدەبیاتى کوردیدا، ئەویش ئەوەیە هێشتاکە تەجاوزى بەجەماوەرى کردنى ئەدەبیاتى نەکردووە، هاوشێوەى ئەدەبیاتى سۆڤییەتى و دەوڵەتە تۆتالیتارەکان، یان نازى و فاشییەکان، کەدواجار پۆپیولەربوونى نووسەر بەقازانجى دەسەڵات دەشکایەوە، لەگەڵ ئەوەى خەڵات پێدانە جیهانییەکانیش بەنۆبڵ-یشەوە، چەشنێکن لەو کارکردنە، دواجار نووسەر دەبێتە کەسێک لەئان و ساتێکدا راوبۆچوونێکى کاریگەر لەپێناو سیستم و دەسەڵاتێکى جیهانیدا دەردەبڕێت و ئەمەش بۆ مەرامێکى سیاسى تایبەت بەکار دێت. ئەگینا "مارکیز"چ پێوەندییەکى بەبەردانى کۆمەڵآ رەهینەى ئەمریکییەوە هەیە، کەلەسەردەمێکدا لەلوبنان-دا دەستبەسەر بوون، تابکەوێتە نێوانەوەو هەوڵى بەردانیان بکات، بۆرخیس-ێک کەئەمەى پێنەدەکراو نەیدەکرد سەربارى ئەو توانایەى کە"مارکیز" لەئاستیدا بستەباڵایە، بەڵام خەڵاتى نۆبلڕ-ى پێنەدرا. "سێرڤانتیس" بەمەبەستى بڵاوبوونەوەى "دۆن کیخۆتە" تا دەسەڵاتى دۆقەکانى ئەو دەم بهێڵن بڵاوبێتەوە لەسەرەتاى رۆمانەکەیدا پێشەکییەکى دوور و درێژى نووسیوەو پێشکەشى دۆقێکى کردووەو دەپاڕێتەوە تا کەس نەبێتە رێگرو ئەوەى کەدڵیشى پڕکردم، ئەو چەند دێڕەى "سێرڤانتیس"ە کەدەڵێت گەورەم"دۆن کیخۆتە" لەبەر ماجەراکانى کاتى ئەوەى نییە بێت و بەسەر دەست و پێى بەڕێزتاندا بکەوێت، بەڵام بەندە لەجێى ئەو بەسەر دەست و پێى ئێوەدا دەکەوێت. ئاخر ئەمە ئازارى کاممان نادات نووسەرێک ئامادە نییە کەسایەتى رۆمانەکەى بەسەر دەست و پێى کەسدا بکەوێت، بەڵام ئامادەیە لەپێناو ناساندنى ئەودا بەسەر دەست و پێیاندا بکەوێت، پەنا بردنى "سێرڤانتیس" بۆ ئەو دۆق-ە دەرئەنجامى ئەو دژایەتییە گەورەیە بووە کەلەسەردەمى خۆیدا تا رادەیەکى زۆر ترسناک رووبەڕووى بۆتەوە. ئەمە ئەو نووسەرە بەتوانایەیە کەپاش چەند سەد ساڵێک لەبڵاوبوونەوەى"دۆن کیخۆتە" زانرا چ توانایەکى هەبووە، کام لەو نووسەرە بەتوانایانەى دنیا لەرۆژگارى خۆیاندا ناسراون. نووسەر بەنمایش کردن و بەدراما کردنى ژیانى خۆى لەئاستێکى جەماوەریدا نابێتە نووسەرێکى باش، رەنگە بناسرێت و لەرۆژگارى خۆیدا باس باسى ئەو بێت، بەڵام وەک پێشتریش گوتم دەقى زیندوو ئەوەیە پاش نووسەر دەخوێنرێتەوە. ئیدى تەبسیتکردنى دنیاى نووسین، بۆ نمایشێکى درامى کەنووسەرێک لەئان و ساتێکدا لەبەردەم خەڵکێکدا دەینووێنێت بۆ راکێشانى هەست و سۆزیان، تەنها کارێکە بۆ بازاڕ گەرمکردنى خۆى، ئەگینا قووڵترین دەربڕین ئەگەر پێویست بکات لەکۆڕێکدا یان شوێنێکدا لەزارى نووسەرەکەوە بخرێتەڕوو پێویستى بەتەمسیلکردن نییە، ئێمە بەچاو ناڕوانینە ئازارە جەرگبڕەکانى "نالى" بەڵکو ئەوە قووڵبوونى بابەتەکانیەتى وامان لێدەکات دەیان جار حەسرەتى بۆ بخۆین، ئەگەر نووسەرێک دەیەوێت بگرى با لەژوورێکى داخراودا بگرى، ئەمە جگە لەوەى هۆکارى گریانەکەى چییە، ئەگەر کێشەیەکە بابۆى چارەسەر بکرێت، یان ئەگەر حاڵەتێکى دەروونییەو چارەى ئاسان نییە دەکرێت، ئەوانەى گریانەکەى کاریان تآ دەکات پارەى بۆ کۆبکەنەوەو بیبەنە لاى باشترین پزیشکى دەروونى، بەڵام تەعمیم کردنى شتێکى لەو چەشنە گرفتە، بەتایبەت لەو وڵاتانەى لاسایى کردنەوە لەبەرزترین ئاستیدایە، هێندە نابات هەر کەسێک دوو دێڕ بخوێنێتەوە دەست دەکات بەگریان و ئیدى بینەر و خوێنەرى سادەو ساکاریش ئەوەیە فریوو دەدرێت، لەئان وساتێکى لەو چەشنەدا دەیان پرسیار قابیل بەگوتنن، بەڵام رازى بوون بەهەر شتێک و وەرگرتنى وەک ئەوەى کەهەیە کێشەیەکە مەوداکانى ئەدەب و هونەر و مەعریفە و بوارەکانى تریش تێپەڕدەکات. ئەمە جگە لەوەى مەحاڵە ئەزموونێکى قووڵ نووسەرەکەى بخاتە گریان، دۆستۆیڤسکى کەنووسیوویەتى خۆى نەگریاوە ئەوەى بەرهەمەکانى ئەوى خوێندۆتەوە گریاوە، یان کاتێک "چارڵس دیکنز" لەکاتى نووسینى دەقەکانیدا گریاوە بۆ خۆى بەتەنیا گریاوە، خاوەن ئەزموونێکى میتا-سۆفیزمى وەک -حەللاج- کەللەپاچەکراوەو هەر خەنیوەتەوەو گاڵتەى لێهاتووە، هەموو ئەوانەى دژ بەویش نووسیوویانە و لەو ساتەدا شایەت بوون نکووڵییان لەخۆڕاگرى ئەو زاتە نەکردووە. دواجاریش پێویستە بۆ فامکردنى ئەوەى پێدەگوترێت رەخنە یان هەڵسەنگاندن، یان هەر شتێکى ترى ناو دەنێین، ئاماژە بەم تێڕوانینەى "فۆکنەر"بدەم:

(نووسەر کاتى ئەوەى نییە تا گوێ لە رەخنەگران بگرێت، ئەوەى کەدەیەوێت ببێتە نووسەر دەقە رەخنەییەکان دەخوێنێتەوە، بەڵام ئەوەى کەدەنووسێت کاتى خوێندنەوەیانى نییە، رەخنەگریش دەیەوێت هەولڕ بدات بڵآ من لێرەم، کردەکەى راستەوخۆ مەبەستى لەنووسەر نییە، نووسەر لەو جۆرەیە کەلەسەروو رەخنەگرەوەیە، چونکە نووسەر شتێک دەنووسێت رەخنەگر دەبزوێنێت، بەڵام رەخنەگر شتێک دەنووسێت هەمووان دەبزووێنێت بێجگە لە نووسەر...من سەرقاڵى نووسینم، ئەگەر شتێکم پآ خۆش بێت ئەوە پێویستم بەقسەکردن نییە لەبارەیەوە، ئەگەر پێشم ناخۆش بێت ئەوە قسەکردن نەبەرەو پێشى دەبات و نەبەرەو دوا، مادەم باشترین شت بۆ بەرەو پێش بردنى کارکردنى زیاترە، من ئەدیب نیم تەنها نووسەرم و چێژیش لەقسەکردن نابینم سەبارەت بەبابەتەکانم).

سۆران عەزیز: ئایا نەبوونى رەخنەى بەراوردکارى نەبۆتە هۆکارى ئەوەى هەندآ لەنووسەران دەست واڵا بن لەوەرگرتن و گواستنەوەى بڕگەو وێنەى تێڕوانینى نووسەرانى تر بەبآ ئاماژەدان؟

یوسف عیزەدین: هێشتاکە خوێندنەوە بەمەبەستى بەراوردکارى بۆ ئەدەبیاتى پێشووى بە کوردى نووسراو نەکراوە، جا چ جاى ئەوەى کەدواتر نووسراوە ئەم نیوە بەیتە شیعرییەى حافیز وەک نموونەیەک:

( من حەقم وەکو مەنێورى حەللاج ).

ئەگەر شتێک بەشیعرە کلاسیکییەکاندا بچینەوە نموونەى ئەم بەیتە و زۆر بەیتى ترى لەو جۆرەى شاعیرانى تورک و فارس و عەرەب دەبینینەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە ئاساییە لەسەر یەک بابەت بنووسرێت و تەنانەت کاریگەریشى هەبێت، بەڵام لێرەدا دەبێت قووڵبوونەوەو ئەزموونى نووسەر هەبێت، لەکاتێکدا نووسەرێک هیچ ئەزموونى بابەتى نووسینەکەى خۆى نەکردووەو بێجگە لەهەندآ زانیارى سەرزارەکى هیچى ئەوتۆ لەبارەى بابەتى نووسینەکەیەوە نازانێت و دێت و ئەزموونى نووسینى کەسێکى تر دەکاتە هى خۆى، بەبۆچوونى من ئەمە کارێکى جوان و راست نییە و پێش هەموو شتێک زیانى بۆ خودى نووسەرەکە هەیە، بەتایبەت ئەگەر لەو جۆرە نووسەرانە بێت کەبەجدییەتەوە ئاماژەى بۆ دەکرێت، ئەگینا ئەگەر سەنگێکى ئەوتۆى لەدنیاى نووسیندا نەبێت، بێجگە لەسەتحیى نووسین و جارجارەش لەملاو ئەولا وەرگرتن زیاتر کارێکى لەوە زیاترى پآ ناکرێت. بەڵام کاتێک شاعیر و سۆفییەکى وەک "مەولانا رومى" لەسەر "حەللاج" دەنووسێت، سەربارى سوود وەرگرتنى لەهەموو نووسینەکانى پێش خۆى لەمەڕ ئەو زاتە بەڵام لەدنیابینى خۆیەوە وەک بابەتێک لەسەرى دەنووسێت و بۆنى خەسڵەتى شیعریى و دنیابینى ئەوى لێدێت، هەربۆ نموونە "رومى" لەداستانە شیعرییەکەیدا دەڵێت:

( نا.. ئەوە ئەو بوو لەپۆشاکى بەشەردا هاواریکرد "من حەقم"
ئەوەى لەسێدارە درا مەنێور نەبوو
ئەگەر گەوجەکانیش پێیان وابێت مەنێور بوو).


لێرەدا بەدەر لەهێنانە ناوەى داستانى حەللاج و سوود وەرگرتن لەوەى پێشتر لەسەرى گوتراوەو نووسراوە، بەڵام تێڕوانینێکى جیاواز و لەقووڵایى ئەزموونى حەللاجەوە هەڵێنجراو هەیە، بەواتاى فامکردنى ئەزموونەکەى و خستنە سەرى ئیزافاتێک، بێجگە لەکارکردنە ئێستەتیکییەکەى و زۆر شتى ترى. "نیکڵسۆن" یەکێکە لەوانەى کەپێى وایە خوداوەند دەچێتە بەرگى پەیامبەران و ئەولییاکانەوە، ئەوەى کە"رۆمى"یش زۆر پێش ئەو بۆى چووە ئەوەیەو لەوە زیاتریش شوبهاندنیەتى بەمەسیح، تائێستاش لەنێو بەسۆفییە بەکتاشییەکان و موریدەکانى مەولانا ئەو قەناعەتە زۆر زاڵە. کەواتە ئێمە لێرەدا کەوتینە قسەکردن و راڤەکارى سەبارەت بەدەق و کارکردنەکانى پشت دەق و تێڕوانین و بۆچونەکان و ئەگەر لەسەرى بڕۆین وا بەو ئاسانییە خۆمان لەزۆر لایەنى دیکەى نادەین، ئەمەیە دەقى قووڵ و زیندوو کەلەقووڵایى ئەزموونێکەوە هەڵقووڵاوە، بەڵام ئەمە ئەگەر کەسێکى تر وەریبگرێت و بەدەستکارییەکەوە یان وەک خۆى بەکاری بهێنێتەوە، ئەگەر نەشزانرێت لەکوێوە هێناویەتى بەڵام سەرجەم نووسینەکانى دیکەى ئەو کەسە یان دنیابینى و تێڕوانینەکانى، بۆچوونەکانى، توانا و سەلیقەى، زۆر شتى دیکە دەبنە گەواهیدەرى ئەوەى کەئەو دەڕۆستى نووسینێکى لەو چەشنە نایەت. مەبەستى ئێمە لەوەدا نییە شتێک کەلەسەرى نووسرا ئیدى کەسى تر بۆى نییە لەسەرى بنووسێت، بەڵکو ئەگەر دەینووسێت چۆنى دەنووسێت. بۆرخیس دەڵێت:

( ولیەم مۆریس پێى وابوو هەموو ئەو چیرۆکە سەرەکییانەى کەدەکرێت مرۆڤ خەیاڵى لێبکاتەوە لەرۆژگارێکدا کەسێک گێڕاویەتیەوە، هونەرى نووسینى چیرۆکیش پەیوەستە بەتێڕامان و بەگێرانەوەیەکى دیکە... بەڵام من هێندەى ئەو جەخت ناکامە سەر ئەوەى کەوایە، بەڵام نووسینى چیرۆک لاى من دۆزینەوەیە زیاتر لەوەى داهێنان بێت).

بۆیە کاتێک رۆمانى"عەتر" دەخوێنینەوە، سەربارى هەموو ئەوەى پێشتر لەبارەى بۆنەوە نووسراوە هەست دەکەین نووسەرى رۆمانەکە لەسەر تەوەرەیەکى تایبەت کارى کردووەو دنیابینییەکى خۆى هەیە و توانیویەتى لەهەموو ئەوەى کەهەیە شتێکى تایبەت بەخۆى دروست بکات، کاتێکیش ئەمە بۆ نموونە لەرۆمانێکى بەکوردى نووسراودا دەبینمەوە، دەڕوانمە چەشنى کارکردنى نووسەرەکەى و چۆنیەتى مامەڵەکردنى لەگەڵى و ئیزافات و دنیابینى تایبەتى خۆى، ئەگینا ئەگەر دەقاو دەق یان شتێک بەدەستکارییەوە مامەڵەى لەگەڵدا کردبێت و جارێکى تر ئەوەى کەخۆمان دەیزانین بۆى وەرگێڕابێتین، ئەوە خوێنەر خۆى حاڵى دەبێت. یەکێک لەو بابەتانەى کەزۆر پێش رۆمانى "عەتر" نووسراوە یادەوەرییە رۆمانێکى تورکییە، باس لەعەتر دەکات و لەعەترەکانى نەنکییەوە دەست پێدەکات و بەشێوەیەکى زۆر سەرنج راکێش عەتر و شار و مێژووى عەتر و ئێستاى عەتر پێکەوە گرێ دەدات، گرنگترین شتیش کەئاماژەى پێدەدات ئەوەیە کەبوونى عەتر لاى نەنکى تەنها لەپێناو بوونى عەتردا بووە نەک بەکارهێنانى، یان بەکارهێنانى بەشێوەیەک کەپاش پەنجا ساڵ هێشتاکە هەمان شووشە عەترەکانى پێشووى ماوەو بەحاڵ لێى کەمبۆتەوە، کەواتە عەتر لاى نەنکى شتێکى هێندە بەنرخە کەدەبێت لەنێو شووشەکەیدا بمێنێتەوەو بەهەدەر دانى گوناهە، ئاخۆ ناکرێت لەژیانى زۆربەشماندا لێکچوونێک لەگەڵ ئەمەدا هەبێت، رەنگە داپیرەکانى ئێمە عاشقى موروو بووبێتن، من داپیرەم بەچەشنێکى سەیر مورووەکانى ریز دەکرد و سەیرى دەکردن حیکایەتیانى دەگێڕانەوە، باسى سیحرى مورووەکانى دەکرد، جۆرە موروویەکى هەبوو بۆ بێئەقڵ کردنى پیاو بوو، هەیبوو بۆ رزق بوو، هەیبوو بۆ زیادبوونى شیرى ئافرەتى خاوەن ساوا بوو، نازانم چى تر بگێڕمەوە، هیچ کێشەیەک نەبوو لەم دنیایەدا بەمورووەکانى ئەو چارەسەر نەکرێت، دیارە هەموو ئەمانە بەتەسەوورى ئەو. سەبارەت بەبۆن دەکرێت هەریەکەمان ساتەوەختى زۆر سەیرى لەگەڵ بۆندا هەبێت، ئەو بۆنە خۆشانەى هەرگیز لەبیر ناچنەوە یان ئەو بۆنە ناخۆشانەى کەبیرلێکردنەوەیان زۆر سامناکە، کەمنداڵ بووم لەهاوینێکى گەرمدا باوکم مردو کاتێک لەبەر هەتاوى مزگەوت ماوەیەکى زۆرى پێچوو، تا مردوو شۆر تەشریفى هێنا، بەڕادەیەک بۆنێکى ناخۆشى لێوە دەهات، کەهەرگیز تەسەوورم نەکردبوو، مرۆڤ پاش مردنى بۆنى گەنینى گۆشتى هێندە شتێکى ناخۆش و سامناک بێت، پاش شتنیشى چەندین شووشە گوڵاوو بۆنى بەسەردا کراو تێکەڵ بەبۆنى جەستەکەى بوو، بۆنێکى ناخۆشترى لێپەیدابوو، کەتائێستاش کاتێک لەڕێى یادەوەرییەکانەوە ئەو دوو بۆنەم بیر دەکەوێتەوە، هەست دەکەم بۆگەن کردنى پاش مەرگى مرۆڤ، لەچوونە دۆزەخ ترسناکترەو زۆر شتى تریش کەلێرەدا دەرفەت نییە باسى لێوە بکەم، کەواتە هەموومان سەبارەت بەو شتانەى کەدەگوترێت و دەنووسرێت، بەشێوەیەکى جیاواز لەئان و ساتێکدا کەم تازۆر ئەزموونمان کردووە، ئیدى رەنگە کەسێک بین و تواناى نووسینمان نەبێت، یان توانایەکى دیاریکراومان هەبێت و بەپێى ئەوە بینووسینەوە، یان سەلیقە و توانایەکى سەیرمان هەبێت و بابەتێکى زانراو و هاوبەش لەنێوان هەمووماندا، لاى ئێمە ببێتە شتێکى سەرسامکەر و خۆشمان باوەڕ نەکەین چۆن واى لێهات. شێوازى نووسینى نووسەریش لەمەدا رۆلڕ دەبینێت. "دۆرۆسى بارکەر" سەبارەت بەکردەى نووسینى خۆى دەڵێت:


( هیچ بیرۆکەیەکى وێنەیم نییە، بەڵکو گوێم لەشتەکانە).

 

"فۆکنەر"یش دەڵێت:


( گوێ لەوە رادەگرم دەنگەکان چیم پێدەڵێن، کاتێکیش هەموو ئەوەى کەدەنگەکان پێم دەڵێن دەینووسمەوە ئەوە هەموو شتێک تەواوە، هەرچەندە هەموو کاتێکیش ئەوەى کەدەنگەکان پێم دەڵێن بەدڵم نییە، بەڵام هیچ هەوڵێکى گۆڕانى نادەم).

سۆران عەزیز: ئێمە کەلەبەردەم تێکستێکى ئەدەبى یان تابلۆیەک یان پارچە موزیکێک رادەوەستین دەڵێین شتێکى جوانە، ئایا مەبەستمان لەجوانى چییە، ئایا سەرچاوەى جوانى ئەو شتانە لەچیدایە کەپێیان دەڵێن جوان یان ئایا جوانى بەهایەکى سەربەخۆى یان هەمیشە وابەستەى کۆمەڵێک بەهاى دەرەکى دەرەوەى جوانى خۆى هەیە؟

یوسف عیزەدین: "تییرى دى دۆڤ " پێى وایە پرسى ئێستەتیکى نوآ ئەوەنییە چى جوانە؟ بەڵکو ئەوەیە بەچى دەگوترێت ئەدەب و هونەر؟. ئەمە لەگەڵ ئەوەى جوانى نیسبییە و پێودانگێکى پێشوەخت و حازر بەدەست نییە بۆ ناساندنى و ئەگەر هەشبێت تەقلیدى و لەکار کەوتووە، بەڕاى منیش نابێت هیچ پێودانگێک هەبێت، ئەگینا ئەگەر بەکەسێکى ئاسایى بڵێیت رۆمانى"عەتر" جوانە، بیر لەوە دەکاتەوە کە رەنگە مەبەستت ئەوە بێت کەکوشتنى مێینەو تواندنەوەو دروستکردنى عەتر لێیان شتێکى جوان بێت. بەڵام ئەمە وەک کردەیەکى واقیعى کارێکى زۆر دڕندانەو تابڵێى تاوانێکى گەورەیە، بەڵام خۆشویستنى کاراکتەرى رۆمانێکى بکوژ و دڕندە لەلایەن خوێنەرانێکەوەو هەست کردن بەتراژیدیا و موعاناتەکەى لەوەوەیە سەربارى ئەوەى کەدەرئەنجامى خەیاڵى نوسەرێکە، بەڵام ئەو هیچ موخەییەر نییە لەوەى کەدەیکات، ئەمە قەدەرێتى و ناتوانێت بێجگە لەوە شتێکى تر بێت. ئەمە تراژیدیایە پێشوەخت زانراوە، ئەو کەسە ئەمەیە و نابێتە شتێکى تر، بەبآ گەیشتنە ئەو چارەنووسەشى تراژیدیاکە ناتەواو دەبوو، هەروەک چۆن بەسەرهاتى ئیبراهیم لەگەڵ کوڕەکەى هەرچەندە رەگەزى تراژیدیاى تێدایە، بەڵام لەدوا ساتدا کاتێک خوداوەند فریاى دەکەوێت و لەجێى کوڕەکەى ئاژەڵێکى بۆ دەنێرێت تا بیکاتە قوربانى، ئەوە لەو ساتەوە شیرازەى تراژیدیاکە تێک دەچێت و تراژیدیاکەى تر دەست پێدەکات کەبەڕاى من تراژیدیاى قوربانییەکەیە کەئێستاشى لەگەڵدا بێت هێشتاکە ئەو تراژیدیایە هەر بەردەوامە. جوانى لەخودى ئەزموونەکەدایە، بۆ نموونە کاتێک دەگوترێت دنیاى سۆفیگەرى دنیایەکى جوانە، یان سۆفى کەسێکى جوانە، لەکاتێکدا زۆربەى سۆفییەکان تا مردنیش ئەو خەرقەیەى کەلەبەریان کردووە دایان نەکەندووە و کەسانێکى چڵکن و کوڵکن بوون لەڕووخساردا، بەڵام سەفەرکردنى رۆحیانەى ئەوان بەرەو مەمجهول و قەناعەت کردن بەدنیایەک لەوەهم، تا خودى واقیعى ئەم دنیایە بکەنەوە بەوەهم. ژێروو ژوور کردنى دنیا و دەرچوون لێى، خۆ خستنە پەراوێزەوە بۆ بەپەراوێزکردنى واقیعى دنیا و چێکردنى دنیاى خەیاڵ، دنیایەک لەسەروو ئەقڵەوە و لەدەرەوەى لۆژیک و یاسا و دەسەڵاتەکان، تالۆژیک و یاسا و دەسەڵاتى خۆیان بەرقەرار بکەن و ئەمەو زانینى ئێمە بۆ ئەو راستییەى کەسۆفیزم یەکێکە لەداهێنانە سەیرەکانى خەیاڵ، بەچەشنێک کەبەئاستەم ئەقڵ دەتوانێت بەگیرى بهێنێت، نەفى بکات، شەتەکى بدات، بەدرۆى بخاتەوەو زۆر وردەکارى دیکەش، ئەوەیە ئێمە پێى موعجیبین و دەڵێین جوانە، پێموایە روون و ئاشکرایە لێرەدا مەبەستمان لەجوانى چییە. جوانى یەکێکە لەو چەمکانەى قسە زۆر هەڵدەگرێت و زۆر نووسەر و بیرمەند راڤەیان کردووە، "ئەلبرێشت ڤیللمەر" پێى وایە"هابرماس" چارەى جیابوونەوەى رۆشنگەرى و جیابوونەوەى لەژیان لەوەدا دەبینێتەوە کەدەبێت ئەزموونى ئێستەتیکى و تێروانینە جوانیمان بگۆڕین، بەشێوەیەک کەبەپێى گوزارشتەکانى یاساکانى زەوق بەڕێوە نەچێت...بەڵکو تێهەڵکێشى گرفتەکانى بوون بکرێت و ببێتە بەشێک لەگەمەى زمانێک، کەزمانى گەمەى رەخنەى ئێستەتیکى نییە.

سۆران عەزیز: وەک خوێنەران پێیان وایە زۆربەى زۆرى رۆماننووسە کوردەکان مامەڵە لەگەڵ پاڵەوانى ئەفسانەیى و سوپەرماندا دەکەن؟! پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بۆ نەتوانراوە نموونەى پاڵەوانى وەک زیندەوەران و سروشت تێکەڵى رۆمانى کوردى بکرێت؟! ئایا نەبوونى کارەکتەرى سروشتى و زیندەوەران لەرۆمانى کوردیدا هۆکارى چییە؟

یوسف عیزەدین: دیارە ئەگەر ئاژەڵان وەک بەشێکى زیندەوەران وەربگرین، بۆ خۆیان گەورەترین کێشەیان هەیە لەگەڵ مرۆڤ ، هەرچەندە لەئەدەبیاتى جیهانیدا نموونەى کارەکتەرى ئاژەڵان هەیە، بەڵام کەمجار مەبەست لەخستنە رووى کێشەى ئاژەڵان بووە، رۆمانەکەى جۆرج ئۆرویل کاتێک ئاژەڵان دەکاتە پاڵەوان، لەپشت ئەوەوە مەبەستێکى ترى هەیە. کەم نووسەر هەن وەک"ئەلێکسەندەر کۆبرین" لەپێناو بینینى چۆنیەتى خەوتنى ئەسپ، شەوانێکى دوور و درێژ لەژوورەکەى خۆیدا شەونخوونى کردبێت تاببینێت ئەسپ چۆن دەخەوێت. لەحیکایەتەکانى"هەزار و یەک شەو"ەدا لەحیکایەتێکیدا ئاماژەیەکى جوانى تێدایە سەبارەت بەئاژەڵان، کاتێک زۆرێک لەئاژەڵان شپرزەن بەباس و خواسى ئەو دڕندەیەى کەپێى دەگوترێت ئینسان و هێشتاکە نەیانبینیوە و بەچکە شێرێکیش باوەڕ ناکات بوونەوەرێک هەبێت لەو بەهێزتر تا مرۆڤێکى کڵۆڵ و داماو دێتە لای و پێی دەڵێت منیش لەئینسان هەڵهاتووم و ئیدى پاش ئەوەى باوەڕى پێدەکات بەفێڵێک دەستگیرى دەکات. ئەگەر وەک گریمانێک بیر لەوەبکەینەوە لەساتەوەختێکدا ئاژەڵان بکەونە قسەکردن، دەبێت چی لەبارەى دڕندایەتى مرۆڤ بگێڕنەوە. هەر ئەو خەیاڵەى کەگوایە لەو دنیا ئاژەڵان وەک ئێمە دەدوێن و حیکایەتى تراژیدیى خۆیان دەگێڕنەوەو داواى سزادانمان دەکەن بەرانبەر هەر تاوانێک دەرحەق بەوان کردبێتمان، ئەمە جگە لەهەست کردنى مرۆڤ بەو تاوانەى بەرانبەر بە ئاژەڵان ئەنجامى داوە شتێکى تر نییە، ئەو هەستەى کەلاى بودیستەکان بەشێوەیەک قوولڕ دەبێتەوە کەگۆشتى ئاژەڵان لەخۆیان حەرام دەکەن و نایانکوژن. لەبابەتێکمدا بەناوى( هەمیشە جەللاد و هەردەم قوربانى) ئاماژەم بەهەندێک لایەنى ئەو کێشەو تراژیدیایەى ئاژەڵان داوەو لێرەدا نامەوێت بچمەوە سەرى. تێڕوانینى بکوژانەى مرۆڤ دەرحەق بەبوونەوەرانێک کەناتوانن بدوێن، کێشەیەکى مۆڕاڵى هێجگار قووڵەو شتێکى سەرپێى نییە. کێمان هەیە بێجگە لەبینینى بەقوربانى کردنى ئاژەڵان و سەبڕین و خوارنى گۆشتیان، ئاگادارى چەندین جۆرى ئەشکەنجەدانى ئاژەڵان نەبووبێت، هەرگیز ئەو ساتەم لەیاد ناچێتەوە ئەو دەمەى منداڵبووم، بەچکە پشیلەیەکم هەبوو، زۆر هۆگرى بوو بووم، بەڵام رۆژێک کەچووبووە دەرەوە منداڵانى گەڕەک گرتبوویان و تا فریاى کەوتم سووتاندبوویان، ئێستاش ناتوانم دیمەنى ئەو ساتەوەختە لەبەر چاوى خۆم بسڕمەوە، شیشێکیان لەزاریەوە بۆ کوونى کۆمى رایکردبوو، بەچەشنى گۆشت برژاندن لەمابەینى دوو بەرددا دایان نابوو، لەژێریشیدا ئاگریان کردبۆوە، هێشتاکە هەموو بۆن کڕوزێک جەستەى سووتاوى ئەوم بیردەخاتەوە. ئێمە سەر بەوڵاتى بڕینى کلکى پشیلە و تۆپاندنى سەگ و لێدان و ئەشکەنجەدانى ئاژەڵانین، تەنانەت بۆ ئەتککردنیش لەنێو کورددا کلکى ئاژەڵان و شتى لەو چەشنە دەکرێت، کردەى سێکسیش لەگەڵ ئاژەڵانیش مەسەلەیەکى ترەو لەهەموو شتێک زیاتر پێویستى بەهەڵوێستە و قسەلەسەر کردنە، لەدەرەوەى ئێمەشدا لەنێوەندى ئەو وڵاتانەى کەلەڕووى پیشەسازییەوە پێشکەوتوون، سەدان فیلمى "پۆرنۆ" ى ئاژەڵان لەپاڵ فیلمى پۆرنۆى منداڵان و مێینە و نێرینەى مرۆڤدا دەردەکرێت. لەمڕۆدا "پۆرنۆگرافیا" سێکتۆرێکى زۆر بەرفراوانى دنیاى داگیرکردووەو بۆتە ئەلگۆیەکى سەرجەم هونەرە وێنەییەکان و سینەما و جارێکى تریش لەو سەرچاوەیەوە هاتۆتەوە نێو بەشێکى بەرفراوانى ئەوەى بەناوى ئەدەبیات و هونەرەوە پێشکەش دەکرێت و پانتاییەکى بەرفراوانى خەڵکى لەدەورى خۆى خڕکردۆتەوە. "لیۆتار" زۆر بەوردى باس لەوە دەکات کەتا داهێنانى وێنەگرتنى فۆتۆگرافیش هێندە ململانێیەکە توند نەبوو، چونکە جۆرە کارکردنێک بوو لەدەرەوە بەڵام سینەما کارکردنێکە لەناوەو بەمەش بەتەواوى نەخشەى ئەدەبیات و هونەرى گۆڕى و هەر بۆخۆشى دەڵێت هاتنە ناوەوەى میکانیک و پیشەسازى کارەسات نەدەبوو ئەگەر پێمان وانەبووایە هونەر لەجەوهەریدا پیشەیەکى باڵایەو پشت بەبلیمەتى تاکەکەسى دەبەستێت.