. z77 ، z78
نەوزاد بەندى چاکەتێکى کۆنە ئەکڕم نازانم لە چ ووڵاتێکەوە هاتووە ڕەنگى خۆڵەمێشى قۆپچەى فۆسفۆڕى دەست ئەکەم بە گیرفانێکیا دوو بلیت ئەدۆزمەوە
(z77
،
z78) ئەڵێم ئاى ..ئەبێ چاکەتى چ عاشقێ بووبێ دوو بلیتى میترۆى بۆ خۆى و دڵًخوازەکەى کڕیبێ پێکەوە سەفەرێکى هێمن بە ژێر زەمینا بکەن یان بلیتى پاپۆڕێکى سپى سپى وەک کلوى بەفر پێکەوە بە دەریاى ناوەڕاستا لەناو ئاپۆڕەى نەورەس و پرژەى ئاو و هەڵمەتى شەپۆلەکانا .... ئەڵێم ئاى .. ئەبێ چاکەتى چ هونەرمەندێ بووبێ دوو بلیتى سینەماى کڕیبێ یەکێکیان بۆ خۆى یەکێکیان بۆ ئەو کات ڕۆیشتووە و ئەو نەهاتووە ئەمیش بەبێ دەنگى ڕۆیشتوە بۆ مەیخانە یان دوو بلیتى شانۆى کڕیبێ تەلەفۆنیان بۆ کردبێ ، دایکت لە بوژانەوەى دڵ خەوێنراوە مناڵەکەت کەوتە ژیر تایەى .... براکەت .... ئەمیش بە پڕتاو ڕائەکات دوور لە شانۆ .. ئەڵێم ئاى ..ئەبێ چاکەتى چ وەرزشەوانێ بووبێ دوو بلیتى یاریەکى چارەنووسسازى کڕیبێ لیگاى ئیسپانى ..کالشیۆى ئیتاڵى .. ئەو ڕۆژە تەقینەوەیەک ، ئەم و بلیتەکانى لێک دابڕیبێ دوو جێگاى بەتاڵ لە یاریگایەکى سیخناخ بەجێ مابێ ئەڵێم ئاى .. ئەبێ چاکەتى چ ئاوارەیەک بوو بێ لەبەر ئەوەى گاڵتەى پێ نەکەن دوو بلیتى کڕیبێ تاکو هیچ کەس لە تەنیشتیا دانەنیشێ تاکو پاڵکەوێت و خۆى لە پۆلیسى کۆنترۆڵ بشارێتەوە .. دوو بلیتى خۆڵەمێشى لە کاغەزێکى تەنک کە بە دوو دڵۆپ فرمێسک ئەتلیسێنەوە کە بە دوو نمەى باران ئەخوسێنەوە ئەڵێم ئاى .. ئەبێ چاکەتى چ قاچاخچیەک بووبێ کۆمەڵێ بلیتى کڕیبێ بۆ ئەوەى کۆمەڵێ کەسى بێ هیوا بەرەو کەنارەکانى هیوا بپەڕێنێتەوە پێ دەچێ دوانیان خنکابن ژمارە 77 و ژمارە 78 بۆ نمونە لەو بەندەرە پڕ لە قەوزەیە خلیسکابن ڕیزێ شەپۆلى برسى قوتى دابن .. ئەڵێم ئاى .. ئەبێ چاکەتى چ شێتێ بووبێ وەک هەوڵێ بۆ ناو ئاپۆڕەى خەڵک دوو بلیتى بڕیبێ چاکەتى چ پیرەمێردێکى بێکەس بووبێ بە یادى جاران دوو بلیتى کڕیبێ لە چاوەڕوانى گەڕانەوەى خۆشەویستەکەیدا کە بیست ساڵە لەو خاکەدا خەوتووە لە وێستگەیەکى شێدارا کرێکارەکانى شارەوانى لاشەکەیان بە خاک سپاردبێ و چاکەتە خۆڵەمێشیەکەیشیان بۆ کەنیسە ناردبێ ئەڵێم ئاى .. ئەبێ چاکەتى چ شاعیرێکى تەنیا بووبێ کە بۆ یادگارى بلیتى یەکەم ژووانى پاراستبێ ئەبێ چەند شیعرى بۆ نوسیبێ چەند شەو تا بەیانى لە پیتەکان و ژمارەکانى ڕامابێ ئەڵێم ئاى ..ئەبێ چاکەتى چ قارەمانێ بووبێ لە وێستگەى شەمەندەفەر لە چاوەڕوانى هاوڕێیەکیدا مەرگ پەیدا بووبێ و بۆ نزیکترین ئارامگا لەگەڵ خۆیدا بردبێتى ... بە نیەتى دوو کوپ قاوەى کافیتریایەکى هێمن لەسەر سوچى کۆڵانێکا کوشتبێتى .. شەمەنەفەرەکان ئەڕۆن و .. دوو جێگا چۆڵ .. میترۆکان پاپۆڕەکان .. شانۆکان.. یاریگاکان.. فلیمى سینەماکان نیشان ئەدرێن و دوو جێگا چۆڵ .. ئاى .. چەند قورسە پڕکردنەوەى هەندێ بۆشایى نا نا .. من ئەو چاکەتە لەبەر ناکەم زۆر قورسە پڕ کردنەوەى هەندێ بۆشایى لە سیلەى ڕێیەک یان لەسەر کورسى باخێکى گشتى بەجێى دێڵم من ناتوانم ئەو هەموو چیرۆکە بخوێنمەوە یان ناتوانم ئەو هەموو دڵە شکاوە ئاشت کەمەوە نا نا .. من ئەو چاکەتە لەبەر ناکەم لە وێستگەى ئامانەکان بە جێى دێڵم دەیدەمە یەکەم سواڵکەر کە پێم دەڵێ / کاکە پرسیارێ .... نا نا من ئەو چاکەتە لەبەر ناکەم ناتوانم ئەو هەموو برینە بخەمە سەر شانم لە مزگەوتێکا بەجێى دێڵم یان بە کێلى گۆڕستانێکەوە هەڵى ئەواسم ئەیدەمە دەستى ڕەشەبایەک یان لەسەر کورسى کافیتریایەک ... ............................................... .............................. ............ زۆر قورسە پڕکردنەوەى هەندێ بۆشایى.
|