په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١١

زاگرۆس:

ئەگەر ستایلێکی جودا پێشکەش نەکەم کەوابێ پێویست ناکا کارێک دووبارە بکەمەوە کە ‌ھەبێ.

شاخەوان ئەکرەم


شانۆکارێک ھەمیشە بە دیمەنەکانی ویستویەتی بۆ هۆله‌ندییه‌کان و ئەوروپییه‌کان ئه‌وه‌ ده‌ربخا کە گەنجانی کوردی کوردستان ھەمیشە خاوەن بەھرە ‌و توانای خۆیانن. پراوپر بە کاری شانۆ توانیویەتی هه‌ق بداتە ئەو رۆڵانه‌ی کە پێی دەسپێردرێن.. بۆیە زاگرۆس لە ناخیدا ھەمیشە ھەستی بە بەھرەیەکیتر کردوە ئەویش گۆرانی گوتنه‌، ئەو کچە گەنجە کە لە ھۆله‌ندا دەژی و خاوەن چەند بەھرەیەکی ھونەرییە بە باشمان زانی توانا و چالاکییه‌کانی بخه‌ینه‌ڕوو، زاگرۆس خاوەن دەنگ و ستایلیکی جودایه‌ ‌و دەیەوێ بە ھەستە ‌ناسکەکەی ئاوێته‌ی ئاواز و گۆرانیمان بکا.. ئێستاش چاوەرێی بەرھەمەکەین، بە شادمانییه‌وه‌ وەڵامی ئەم پرسیارانەی دایەوە:


بۆ لە شانۆوە بۆ گۆرانی گوتن؟

زاگرۆس: پێش ئەوەی دەست بە کاری شانۆ بکەم من بە نیازی گۆرانی گوتن بووم و بە بەردەوامی بەشداریی چەندین فیستیڤاڵ و چالاکییه‌ ھونەرییەکانم کردووە بە گۆرانی گوتن.


ده‌ته‌وێ بە گۆرانی گوتن چی دەربخەی ؟ ھەست دەکەی بە گۆرانی گوتن خۆت بدۆزیتەوە و خەڵکیش لە خۆت رازی بکەی؟
زاگرۆس: بە گۆرانی گوتن ده‌مه‌وێ تواناکانم دەربخەم لە بواری ھونەردا، زۆر بە ئاسانیی لە گۆرانی گوتن دا خۆم ده‌دۆزمەوە چونکە ھەم ھەست بە بەختەوەریی ده‌کەم و ھەم خزمەتی ھونەری نەتەوەکەم ده‌کەم.


تۆش وەک ھەندێک لە گۆرانیبێژەکان ده‌ته‌وێ بە جلی سه‌رنجراکێش و ورژێنه‌ر جەماوەر بۆ خۆت دروست بکەی؟

زاگرۆس: نەخێر.. چونکە جەماوەری ھونەردۆست بە جلوبه‌رگ دروست ناکرێ، من لەگەڵ ستایلی گۆرانییه‌کانم جلوبەرگ ده‌پۆشم.


ئێستا دەیان گۆرانیبێژی کج ھەن کە ‌گۆرانی دەڵین زۆربەشیان دەنگیان لە یەک دەچێ و یەک ستایلیان ھەیە، ئایا تۆش بە ھەمان ستایلی ئەوان کاردەکەی؟
زاگرۆس: :من ستایلی خۆمم ھەیە و ئەگەر بەرھەمێکی نوێ و توانایەکی جودا پێشکەش نەکەم کەواتە پێویست ناکا کارێک دووبار بکەمەوە کە لە ‌کاتێکدا ئەو کارە ھەبێ، من دەنگم جیاوازە ‌و لە ‌داهاتووشدا به‌ هیوام توانای دەنگم پتر دەربخه‌م لە ‌بەرھەمەکانمدا.


کێ ھاوکاریی بەرھەمهێنانت دەکا لە روویی مادیی و مەعنەویه‌وە؟

زاگرۆس: باوکم ھاوکاریی زۆرم دەکا وەک بەرێوەبەری کارەکانم و بۆ ھەموو شوێنێک لەگەلم دایە، لە رووی مادییشه‌وە ھەموو خه‌رجییه‌کان لە‌سەر ئەرکی خۆمە بە بێ ھاوکاریی ھیج لایەن و سپانسۆرێک.


چ ھونەرمەندیک پتر کاریگەریی ھەیە لەسەرت؟

زاگرۆس: سەرجەم ھونەرمەندە نەمر و گەورەکانی کورد کاریگەرییان ھەیە بەسەرمەوە ، ھەمیشەش سوود لە ‌ھونەری فۆلکلۆر وەردەگرم .


ئەو گۆرانییەی بە نیازی بەرھەمی بهێنی بۆ کیت گوتوە ؟
زاگرۆس: ناوەکەی جارێ ئاشکرا ناکەم، گۆرانیەکەم لە ھۆنراوەی باوکمە و باس لە روخساری کوڕێک دەکا کە چۆن جوانی ئەو کوڕە سەرنجی منی بۆ خۆی راکێشاوە.


هۆله‌ندا
Shaxawan@live.nl

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک